سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

مرۆڤی کورد و “ئێش و ژانی دووگیانیی”

حیسامەدین (هیوا) خاکپوور

ئەگەر بمانەوێت حاڵەتی ژێردەستەیی مرۆڤی کورد، بە تایبەت لەم یەک سەدەی ڕابردوودا، بە جەخت لەسەر ئەو حاڵەتە زەینییە لە نێوان ئەوەی کە کورد کوردێکی عێراقییە، کوردێکی عەجەمە یان کوردێکی تورکییە، بە شتێک بشوبهێنین دەتوانین بە حاڵەتی ئێش و ژانی ئافرەتانی دووگیانە وێنای بکەین. بەو جیاوازییەی کە ئافرەتەکە ئێش و ژانەکە بۆ شتێک لە گیان و ڕۆحی خۆیدا تەحەمول دەکات کە منداڵەکەیەتی و لە گیانی خۆیەتی و گەر منداڵەکەی بێتە دنیا لەو ژانە دەبێتەوە و بگرە چێژی دایکایەتی و بەرهەمی خوێن و جەستەی خۆی، واتە منداڵەکەی، ئێش و ژانی سەردەمی دووگیانیی لەبیر دەباتەوە.

بەڵام مرۆڤی کورد بە گشتی و زۆربەی ڕووناکبیران و خوێندەوارانی بە تایبەتی، ساڵانێکی دوور و درێژە دەرد و ئێشی دووگیانیی دەکێشن و خۆیان لەبەر هۆکاری ناهۆشیاریی بێت یان بەرژەوەندی بێت یان ترس و تەماح، هتد، لە دەرد و ئێشی دووگیانی بەتاڵ ناکەن. ئەو مرۆڤە سەرگەردانە سەرلێشێواوە نەدەزانێ کوردە نەدەزانێ عەجەمە، عەرەبە یان تورکە. ئەگەر ئەو کوردە سەرگەردانە دووگیان نییە بە مناڵێ کە لە جنسی گیان و ڕۆحی خۆیشی نییە، چۆنە بۆ نموونە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە 2024 دا کۆڕی میراتی مەعنەوی ئێرانیان، لە ژێرەوە ڕێزلێنان لە ناودارانی کورد بەڕێوە دەبات؟ دووگیانە و سکپڕە بە پاڕادۆکسی چارەسەرنەکراوی” ئێرانییەت و کوردییەت، عێراقییەت و کوردییەت، تورکییەت و کوردییەرت”، دووگیانە بە بوونەوەرێکی نامۆ، بە ئیجتماعی نەقیزەین، دووگیانە بە شتێک کە لە جنسی خۆیشی نییە، “هیلاکی ڕەنجێکە کە ڕەنجی خۆی نییە”. دەرد و ژان و چەرمەسەریەکانیشی وەک ئەو دایکە دووگیانە نییە کە دەرد و ژانی  خۆی بێت، دووگیابوونی ئەم بۆ سەرکەوتنی کەسانێکی دیکەیە، بۆ ئەوی دیکەی باڵادەستە.

ئەگەر بمانەوێت وردتر بڵێین نە ئەم دەیەوێت لەو دووگیانییە لێبێتەوە و نە ئەو باڵادەستەیش دەیەوێت نەزمەکەی لێبشێوێت و لە ئیمتیازی سەردەستی بکەوێت. هەرکاتێکیش ژێردەستەکە بەرخۆدانێکی لە هەمبەر نکوڵی ئەودا کردبێت یان ڕاپەڕینێکی لە خۆی نیشان دابێت، دوو ئامرازی سەرکووت یان سەرگەرمیی بۆ لە خشتەبردنی خستووەتە گەڕ تا ئەو ژێردەستە دووگیانە هەر ئاوس بێت بەو و خۆی یەکلایی نەکاتەوە و نەبێتەوە بە یەک گیانی سەربەخۆ.  

 دووگیانەبوونی ئەم هاوتایە لەگەڵ پاراستنی نەزمی پلەبەندیی و گەورەتری و باڵاتریی ئەوانی دیکەی سەردەستە. لێکەوتەی ئەو پارادۆکسە گەورە، دەرد و ئێشێکی لەبن نەهاتوو و ئاگاییەکی نەخۆشی داپڵۆساوی ناتەواوە کە دەروونی مرۆڤی کوردی دووفاقە و چەندفاقە کردووە. وەک شێرپەنجە ژیانی لێ تاڵ کردووە. کاتێک دەتوانێت لە ئێش و برووسکەی دووگیانی نەجاتی بێت کە بە هۆشیاریی “نەتەوە بۆ خۆ” خۆی یەکلایی بکاتەوە. واتە بە تەعبیری عیرفان مستەفا لە قۆناغی “نەتەوە لە خۆیدا” (nation in itself) بگاتە قۆناغی “نەتەوە بۆ خۆی (nation for itself). بەو مانایە کە هۆشیارییەکی قووڵ بە کوردبوونی خۆی، بە نەتەوەبوونی خۆی و بە ڕزگاریی خۆی پەیدا بکات، ئینجا بەو پێیەیش ئەخلاقێکی دەروەستی ڕزگاریخوازانەی بەو دۆخە هەبێت. زیاد لەو خۆهۆشیارییە، خواستی سەروەریی و هەروەها لەم باسەی ئێمەدا و لە سەردەمی ناسیۆنالیزمدا، زۆر بە ڕوونی خواستی دەوڵەتخوازی و گەیشتن بەو ئایدیا هیگڵییە دەتوانێت وەک مامایەک دەرد و ژانی دووگیانی لێ کەمەوە بکات. بە گوتەی ئەیووب کەریمی، هەر جۆرە سیاسەت و یۆتۆپیایەکی ڕزگاریبەخش بۆ نەتەوەی بندەست دەبێت لە چەمکی دەوڵەت گرێ بدرێت، بەبێ دەسەڵاتی دەوڵەت هیچ یۆتۆپیایەک واتای نییە.

کەوایە مادامێکە نەگاتە ئەو قۆناغە، ناتوانێت لە ئێش و برووسکی دووگیانیی ڕزگاری پەیدا بکات و دەبێت هەر بەو دەردەوە هەتاهەتایە بتلێتەوە. گەر وانەبێت هیچ کات لێنابێتەوە و تەنانەت بە ژانی دووگیانییەوە بگرە لەگەڵ منداڵەکەی سەقەت دەبێت و کۆچ دەکات.  ئێش و ژانێکیش لە ئێش و ژانی دژبەیەکیی “سەروەریی و کۆیلەیی”، “سەردەستی و ژێردەستی”، “ئاغایەتی و ڕەعیەتی” ڕۆحپرووکێنتر و پیستر نییە. لەم دۆخەدا کە یەکلایی نەکرێتەوە نە زانست بەرهەم دێت، نە ئەخلاق و نە هیچ شتێکی جوان و بەسوودی دیکە. دەروونی مرۆڤەکانیشی لێوانلێو دەبێت لە نەخۆشی و لە لەخۆنامۆیی و خووخدەی قیزەونی ڕەعیەتی و سیخۆری. بەشێکی زۆر لە ڕووناکبیرانی لە خەڵکی ئاسایی خرابتر، دەبنە کەرتی کۆمپرادۆر یان بە تەعبیری فرانتز فانۆن دەبنە “ڕووناکبیری ساختەیی” و لە نێو زەوی سیستەمە باڵادەستەکاندا کایە دەکەن یان لە هەلومەرجێکی مەترسیدارتریشدا دەبنە حەمالەتولحەتەبی ئاگری داگیرکاریی و دەستەچیلە بۆ ئەوانی دیکەی سەردەست مسۆگەر دەکەن.

بە کوردی و بە کورتی هەمووی ئەمانە بە گشتی و مرۆڤبوونی ئینسانی کورد بە تایبەتی، بەندە بەوەی کە کەی خۆی لە دەرد و ژانی دووگیانی و ژێردەستەیی  ڕزگار دەکات، واتە کەی دەگاتە قۆناغی “نەتەوە بۆ خۆی”. ئەگەریی ئەوە هەیە لە قۆناغی نەتەوە بۆ خۆیشدا، دەرد و ژان و چەرمەسەری دیکە سەر هەڵبدات کە ئەم باسە شتێکی دیکەیە و مەجالێکی دیکەی دەوێت، لێرەدا تەنیا جەختمان لەسەر دۆخی هەنووکەییە لە سەردەمی مۆدێرندا کە مرۆڤی بێدەسەڵات و بێدەوڵەتی وەک کورد، بە ئێش و دەرد و مەرگەژینی ژێردەستییەوە دەتلێتەوە.

بۆ ڕزگاریی لەو مەرگەژینییە، لەو “لە دەرەوەی بازنەی مرۆڤایەتی بوونە”، تەعبیری هانا ئارێنت بۆ وەسفی مرۆڤی بێدەوڵەت، دوو ئاست لە گۆڕانی ڕادیکاڵ پێویستە: هەر جۆرە گۆڕانکارییەکی مەزن و ڕادیکاڵ پێویستی بە گۆڕانی بنەڕەتی هەلومەرجی ماددی و زەینی یان بەرهەست و دەرهەستە. ڕەتکردنەوەیەکی مەزن و “نا”یەکی گەورە بە دۆخی زاڵی نەخوازراو ئەو دوو مەرجەی دەوێت. ئەو شتەی کە لە تێگەی ڕادیکاڵ و چەمکاندنی گۆڕانخوازی هێربێرت مارکووزە پێی دەگوترێت “ئیمتیناع و ڕەتکردنەوەی مەزن” (great refusal). ئەو خواستە، ملکەچنەبوون و هاواری “نا”یەکی گەورە و گرانە بە دۆخی زاڵ.

لە نموونەی کوردی-شدا جیا لە گۆڕانی بنەڕەتی جیهانی دەرەوە کە زۆری بەدەستی مرۆڤی کوردەوە نییە و هۆکارەکانی دەرەکی و ناوچەیی و نێودەوڵەتین و بگرە بە دەستی زلهێزەکانە، هەروەها پێداویستیی بەو گۆڕانکارییە زەینییەیشە کە لەسەروە بە “خۆهۆشیاریی نەتەوەیی” ناوزەدمان کرد. ئەو خۆهۆشیارییە کە زۆر بنەڕەتی و چارەنووسسازە، هاوتەریبە لەگەڵ هەندێک گۆڕانکاری دیکە کە بە کورتی دەتوانین ئاماژە بەم خاڵانە بکەین: گۆڕانێکی زەینی ئەخلاقی بنەڕەتی  کە “نا”یەکی گەورە و گران بە تەواوی سیستەمە سوڵتەکانی دەرەوە بڵێت. ئەمەیش پێویستی هەیە بە:

  • خۆهۆشیارییەکی بنەڕەتی ڕادیکاڵ و ڕووخاندنی سیستەمە فکرییە زاڵەکانە:
  • تووڕەیەکی ئەخلاقی (moral outrage) بۆ بەرهەڵستوێستان و سڕینەوەی خوو و عادەتی کۆیلایەتی و رەعیەتمەنشی؛
  • دابڕانی مەعریفەتی لە ئەوانی تری سەردەست؛
  • مەشقی دیموکراسی و لەخۆبردوویی لەگەڵ مرۆڤی کوردستانی بە بیرۆکە جیاوازەکانیانەوە؛
  • خۆسازییەکی قووڵ و سەرنەخەواندن بۆ دار و درۆ و دراوی ئەوانی دیکە؛
  • ملکەچ و دەستەمۆ نەبوون لە هەمبەر نەزمی سەرمایەداری دژەمرۆڤ؛
  • دەروونی کردنەوەی خواستی سەروەری سیاسی.

بەم شێوەیە ئەگەریی ئەوە هەیە لە ئێش و ژانی دووگیانی و نەزمی ژێردەستی ڕزگاری پەیدا بکات.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO