شاهین کەریمی
لەم ساڵانەی دواییدا مەیلێک هەیە بۆ ئەوەی بەناوی نوێگەری، مۆدێرنیزم و سەردەمیبوون، گۆڕانکاری لە جلوبەرگی کوردی-دا پێک بێنن و هەر کەسێک بە مەیل و فانتازی خۆی شتێک دروست دەکات و جۆرێک لەبەر دەکات کە لە هەموو شتێک دەچێت جگە لە جلی کوردی.
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی نەتەوەی کورد ئەوەیە کە تا ڕادەیەکی باش ڕەسەنایەتی و هێما کلتووری و نەریتییەکانی خۆی، بۆ وێنە جلوبەرگ، پاراستووە و لە ڕووی ڕواڵەت و جلوبەرگەوە خۆی لە نەتەوەکانی تر جیا دەکاتەوە.
پاراستنی جلوبەرگ و هێما نەریتییە-نەتەوەییەکان، یەکێکە لە خاڵە بەهێزەکانی هەر نەتەوەیەک، وەک ژاپۆنییەکان، کە بەخۆشییەوە کوردیش بەهەمان شێوەیە. بەڵام لە دراوسێیەتی ئێمەدا، نەتەوەی فارس زۆر زوو لە ژێر حوکمی بەزۆر مۆدێرنکردنی ڕەزا شا توانەوە و جلوبەرگی خۆیان فڕێدا.
ئێستا مەیلی گۆڕینی جلوبەرگی کوردی، بەتایبەت جلی ژنانە و لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، زیاد بووە و هەندێ کەسیش بەجلی سەیروسەمەرەوە لە جەژنەکاندا دەردەکەون. بەتێگەیشتنی من ئەمە جۆرێکە لە ئاسیمیلەکردن، هێرشی نەرم و شەڕی کلتووری کە لەلایەن فارس-ەوە دەبرێتە پێشەوە و هەوڵێکە بۆ سڕینەوە و لاوازکردنی ڕەسەنایەتی کورد.
بەڵگە و بیانووی ئەم کەسانە ئەوەیە کە جلوبەرگیش وەک هەر شتێک پێویستی بە گۆڕان و نوێبوونەوە هەیە و دەبێت لەگەڵ سەردەم بگونجێت.
ئەم بیانووە هیچ بنەمایەکی نییە و هیچ لۆجیکێکی تێدا نییە. گۆڕان و نوێبوونەوە لە شتە کلتووری و مێژووییەکاندا ناکرێت. بۆ وێنە، لە وڵاتانی ڕۆژاوایی بە هیچ جۆر ڕێگە نادرێت کە ئەندازیاری و ڕووی دەرەوەی بیناکان بگۆڕدرێن، چونکە مۆدێلی ئەندازیارییەکان وەک کەلەپوورێکی نەتەوەیی و ئاسەواریی چاوی لێدەکرێت و پارەیەکی بێنسوور خەرج دەکرێت بۆ پاراستنی ئەو هێما کەلەپوورییانە.
ئەگەر گۆڕان و نوێبوونەوە بکرێت، دەشێ لە فکر، هەڵسوکەوت، ماف، پەروەردە و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی بێت، دەکرێت لە سەر شێوەی ژیان و بەکارهێنانی تەکنۆلۆجی و بردنە سەرەوەی چلۆنایەتی ژیان بێت، نەک تێکدان، ڕووخان، گەندەڵکردن و شێواندنی هێما کلتووری و نەتەوەییەکان.
وڵاتی ژاپۆن، لەگەڵ ئەوەی وڵاتێکی پێشکەوتوو، خاوەن بەرزترین ئاستی تەکنۆلۆجی، ئاسایش و تەمەنی زۆری هاووڵاتییانە، بەڵام لەگەڵ ئەوە جلوبەرگ و کەرەسەی خواردن و هێما نەریتی و کلتوورییەکانی خۆی پاراستووە.
مدەبێت ئەم مژارە زیاتر باس بکرێت و لایەنەکانی بناسێندرێت. واتە هۆشیارییەکی کۆمەڵایەتی لەسەر بایەخ و پێگەی هێما کلتووری و کەلەپوورییەکان دروست بکرێت و ڕێگە نەدەرێت کە هەر خاوەن پڕۆژەیەکی فەرهەنگی دەوڵەتی حاکم لە سەر خاکی کوردستان، جلوبەرگ و نەریت و هێما بۆ ئێمە دیاری بکات و کەلەپوور و کلتووری ئێمە بشێوێنێت.
ئێستا کار زۆر لەسەر جلوبەرگی خانمان دەکرێت و ئەوان ئامانجی ئەم پڕۆژەیەن. بۆیە پێویستە خانمانی کورد، شوێن ئەم پەتایە و ئەم مۆدە نەکەون و جلوبەرگی جوان و تاقانەی کوردەواریمان بپارێزن. بەهەمان شێوە پێویستە پیاوان، سۆز و داکۆکی خۆیان بۆ جلی جوانی ژنانەی کوردی دەرببڕن و ڕێگە نەدەن کە هاوسەر و خوشک و کەسوکاریان شوێن ئەو پەتایە بکەون.
توێژی کۆتایی کە دەبێت لە سەر ئەم شتە قسە بکات، هونەرمەند، ئەستێرەکان، مامۆستا و نووسەرە کە ئەرک و بەرپرسایەتییان هەیە.
هۆکار و هاندەری ئەم گۆڕانکارییانە لە کوێوە دێن؟
هەر دیاردەیەک وەک مۆد و گۆڕانکاری لە جلوبەرگ و شێوەژیاندا، دەکرێت فاکتەرگەلی جۆراوجۆری لە پشتەوە بێت. بەشێک لەم هۆکارانە خۆڕسک و سروشتین و لەگەڵ گۆڕان و پێشکەوتنی ژیان دێن، بەڵام هەندێک لە دەستکارییەکانیش دەشێ ئامانجی فەرهەنگی، بەرژەوەندی مادی، هەژاری کلتووری و نەبوونی دەزگایەکی فکریی-کۆمەڵایەتیی-ئیداریی بۆ پاراستنی کەلەپوو و میراتە فەرهەنگییەکان بێت.
بەشی بەرچاوی ئەو گۆڕانەی لە جلوبەرگی کوردی و بە ئامانجکردنی جلی ژنانە هەیە، لە بەشی دووەمی هۆکارەکاندا خۆی دەبینێتەوە و هۆکارگەلی ئامانجمدار و بەرژەوەندیخوازانەی لە پشتە. هەندێک لە هۆکارەکان دەکرێت ئەمانە بن:
پڕۆژەی فەرهەنگی دەوڵەتی فارس
فارسەکان هەمیشە لە چاو کلتوور، موزیک، هەڵپەڕکێ، جلوبەرگ و میراتە چاندییەکانی کورد دا خۆیان بە کەم زانیوە، یان هەوڵیان داوە گاڵتە و سووکایەتی بە جلی کوردی بکەن (وەک ئەوەی لە تەلەفزوێنی فارسان چەند ساڵ لەوە پێش کرا و جلی کوردی-یان بە جلی شوان ناساند)، یان دزی و هەڕاجکردن و تاڵانکردن لە سامانە کلتوورییەکان وەک موزیک و جەژن و چیرۆک و ئەفسانەکان بکەن.
لە ئاستێکی باڵاتردا، دەوڵەت و نەتەوەی فارس، هەمیشە بە بوغز و مەترسییەوە چاو لە جیاوازییەکانی نەتەوەکانی تر دەکات و ئەمانە بە مەترسییەک بۆ پەرەسەندنی هەستی شوناسخوازی و سەربەخۆییخوازی دەزانێت. بۆیە لە سیستەمی پەروەردە، لە ڕاگەیاندنی گشتی، لە پەرەپێدان و گشتاندنی زمانی فارسی و لاوازکردنی زمانەکانی تر و دەیان میکانیزم و پڕۆژەی تر، سیاسەتی درێژماوەی خۆی بۆ یەکسانکردن و یەکشێوەکردنی خەڵکانی تر و توانەوەیان لە فەرهەنگی فارس-یدا، بەڕێوە دەبات.
یەکێک لە جیاوازییەکان و تایبەتمەندییەکانی نەتەوەی کورد، جلوبەرگ و ڕواڵەت و پۆشاکییەتی. ئەگەرچی شکۆمەندکردن، سەپاندن و گشتیکردنی جلی مۆد و مانتۆ سیاسەتی فەرمی و نافەرمی حکومەتی ئێران-ە، بەڵام هیچ کام لەمانە نەیتوانیوە مەیل و خۆشەویستی و شانازی کورد بۆ جلوبەرگی کاڵ بکاتەوە و کوردەکان لە جەژن و زەماوەند و نەوڕۆژ و بۆنەکاندا، بەجلی کوردییەوە دەردەکەون.
بەزۆر لەبەرداکەندن و قەدەغەکردنی جلی کوردی نامومکینە و کاردانەوەی توندی بەرانبەر دەبێت. بۆیە سیاسەتمەدارانی پڕۆژە فەرهەنگیی-سیاسییەکانی دەوڵەتی فارس، دەبێت بیر لە شتێک بکەنەوە، کە هاوکات هەم خۆش و جوان بێت (بۆ نموونە، دەرکەوتن و سەرنجڕاکێشبوون و سێکسیبوون) و هەم کاردانەوەی توند و کۆمەڵایەتی دروست نەکات.
بۆیە لەبەر تیشکی ئەم پڕۆژەیەدا، باشترین میکانیزم، شێواندن و گەندەڵکردنی جلوبەرگی کوردی-یە، کە هەم دووبەرەکی و دابەشبوون لە ناو خودی کورد-دا دروست دەکات و هەم جلی کوردی لە جیاتی ئەوەی یەک شێوەی دیار و ناسراوی هەبێت، دەبێت بە هەزاران جۆر و مۆد و فۆڕم. هەر خەیاتێک و هەر دیزاینەرێک مۆدی خۆی دێنێت و ڕێکلامی بۆ دەکات و ئەوەی نامێنێتەوە، ڕەسەنایەتی و تایبەتمەندی جلی کوردییە.
بۆیە، بەشێک لەم گۆڕانە پڕۆژەیەکی ئامانجداری شاراوەی هەستپێنەکراوە کە بەئارامی و بەخشکە دێتە پێشەوە و خۆی جێ دەخات. خانەیەکە لە پڕۆژەی گەورەی ئاسیمیلەکردنی کورد و کاڵکردنەوە و سڕینەوەی جیاوازییەکان و تایبەتمەندییەکانی ئەوی تر (نافارس) لە ڕێگەی بەشی نەرم و توخمە فەرهەنگییەکانەوە.
بەرژەوەندی مادی و ئابووری
بەپێی لۆجیکی بازاڕ، هەر کەس هەوڵ دەدات بازرگانییەک بۆ خۆی دروست بکات، ڕیکلامی بۆ بکات، نوێگەری و ململانێ بکات و داهات و کڕیاری زۆرتر بێت. ئەمە سروشت و مافی هەر کەسێکە و کێشەی نییە.
بەڵام ئەم داهات و ململانێ و بازرگانییە بە چ نرخێک و تێچوو و دەرچووی ئەم شتە چییە؟ لە ڕاستیدا، ئەگەر من بمەوێت دەوڵەمەند بم، دەبێت لە خۆم و توانست و ژیانی خۆم مایە دابنێم تاوەکوو خۆم پێ بگەیەنم و خەڵک بمناسێت و داهاتم هەبێت، نەک لە سامانە کلتووری و کەلەپوورییەکان.
بەڵام بازرگانانی مۆد لە جلی کوردی-دا، مایە و خەرجەکانیان جل و کلتوور و میراتی فەرهەنگی کوردی-یە. واتە بۆ دەوڵەمەندبوون و داهات، لە شتێک خەرج دەکەن کە هی ئەوان نییە. ئەو شتەی هەیە، لێرەدا جلی کوردی و هێما فەرهەنگییەکانی کوردە، هی هیچ کەس و بازرگانێک نییە، بەڵکوو مڵک و سامانی هەزاران ساڵەی کوردە و هیچ کەس مافی ئەوەی نییە بیشێوێنێت، بیگەنێنێت و بیکاتە دەستمایەی خۆی. بەهەمان شێوە کە ژاپۆنییەکان، چینییەکان، سوورپێستەکان و سامەکان جلوبەرگ و هێما کلتورییەکانی خۆیان دەپارێزن.
بەکورتی، قازانج و داهات و پارە و دەوڵەمەندبوون، هاندەرێکە بۆ خەڵک بۆ ئەوەی لە سامانی نەتەوەیی و کلتوور و جلوبەرگ خەرج بکات. ئەم خەسارە لەو شوێنەوە دێت کە هۆشیاری و تێگەیشتن و گرینگی ئەو شتە باس نەکراوە و نەبۆتە مژارێکی جیدی لە میدیا و ڕۆشنبیری و هونەر و بەشی نەرمی کۆمەڵگەدا. بۆیە زۆر بە ئاسانی هەر کەس مقەستێک و چەند تۆپ قوماشی هەبێت، مقەست و چەقۆ لە میراتە کلتوورییەکانی کورد دەنێت و وێرانی دەکات.
دەرکەوتن، سەرنجڕاکێشبوون و دابینی گرێی دەروونی تاکی
هەر مرۆڤێک حەز دەکات سەرکەوتوو بێت، جێگەی سەرنج و پێداهەڵگوتنی خەڵک بێت و شانازی بەخۆیەوە بکات. بەشێکی زۆر لە پێشکەوتن و داهێنانەکانی مرۆڤ، لەم هەستەوە سەرچاوە دەگرێت. هەر هونەرمەندێک و وەرزشوانێک، یان سیاسی و مامۆستایەک چاوی لە زار و کاردانەوەی خەڵکە بەرانبەر بە کار و بەرهەمەکانی خۆی.
ئەمە زات و ماکی مرۆڤە. جوانی و جلوبەرگ و سەرنجنڕاکێشبوونیش، خۆی لەم بوارەدا دەبینێتەوە. بەڵام بەشێک لە مرۆڤەکان توانستی پێشکەوتن و سەرنجڕاکێشبوونیان لە بواری زانست، هونەر، وەرزش و کار و سیاسەتدا نییە. بۆیە پەنا دەبەنە بەر ڕێگەیەکی ئاسان و خێرا. واتە لەشولار و خۆدەرخستن و سێکسیبوون.
جلی کوردی بەپێی پێویستی ژیانی کوردەکان خۆی داڕشتووە. واتە لەو شوێنەوەی کوردەکان لە شوێنی شاخاوی و سارد و کوێستانیدا ژیاون، کەمتر دەرفەت هەبووە بۆ ئەوەی جلی کراوە و کورت لەبەر بکەن. بۆیە جلوبەرگی کوردی بەشێوەی درێژە و زۆربەی لەش دادەپۆشێت. تەنانەت بۆ پاراستنی سەر لە گەرما و سەرمادا، کورد کڵاو و جامانەی بەکار هێناوە، هەم بۆ پیاوان و هەم بۆ ژنان لە شێوەی شەدەدا.
جلوبەرگی کوردی ئەگەرچی جوانە، بەڵام ئەو دەرفەتە بۆ ئەو کەسانە ناڕەخسێنێت کە دەیانەوێت لە ڕێگەی خێرا و ئاسان و بەبێ هونەر و خۆماندووکردن، ببنە جێگەی سەرنج و ماشەڵای خەڵک. بۆیە ڕێگە و چارە لەوەدا دەبیننەوە کە گۆڕانکاری لە جلی کوردی-دا بکەن و بە کورتکردنەوە و دەرخستنی لاق و ڕان، ئەو هەستەی خۆیان دابین بکەن و ببنە جێگەی سەرنج و چاوی پیاوان. ئەمانە دەبنە کڕیار و مشتەری دیزاینەرەکان و داوا دەکەن کە جلەکانیان کورت بێت تاوەکوو دەر بکەون.
ئەم خەسارەش لە هەژاری فەرهەنگی و ئاگادارنەبوون لە میراتە فەرهەنگەییەکانەوە دێت. واتە لە ناو خێزان، لە کۆمەڵگە و پەروەردە و میدیادا باس لە گرینگی و جوانی و پاراستنی جلی کوردی ناکرێت. بۆیە زۆر بە ئاسانی کچێکی تازە پێگەیشتوو یان ژنێک ، پەنا دەباتە بەر ئەو ئاکارە و بەجلی کورت، هەوڵ دەدات ببێتە ناوەند و جێگەی سەرنجی پیاوان.
بزربوونی هۆشیاری کۆمەڵایەتی و مژاری فەرهەنگی
بەگشتی کورد نرخ و بایەخی سامانەکانی خۆی نازانێت. ئێستا وڵاتانی تر، زۆر بەتوندی و بەچڕی خەریکی تۆمارکردن و تاپۆکردنی هەر شتێکی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتین بەناوی خۆیانەوە. بۆ وێنە دەوڵەتی تورک لەم بوارەدا زۆر چالاکە و بەشێکی زۆر لە کەسایەتی و شوێنەوارە مێژووییەکانی بەناوی خۆیەوە تۆمار کردووە. هەر چەند حەفتە لەوە پێش بوو کە تۆمارکردن و پاراستنی مافی بەرهەمهێنانی کەبابی تورکی تەنیا بۆ تورکەکان لە ئەوروپا، بووە قەیرانێکی دیپلۆماسی و ئابووری لە نێوان یەکیەتی ئەوروپا و تورکیا دا و تەنانەت پرسەکە چووە دادگا.
بەداخەوە، بەهەزاران هۆکار وەک نەبوونی دەوڵەت و هۆشیاری نەتەوەیی، کورد لەم بوارەدا سفرە و لە ڕیزی دواوەی هۆشیارییەکە دایە و هیچ هەوڵێکی نەداوە کە سامانە کلتوورییەکانی خۆی تۆمار بکات و بیاننرخێنێت و هەوڵی پاراستن و شکۆمەندکردن و بەرزکردنەوەیان بدات. ئێمە ڕێز و بایەخی جلوبەرگی خۆمان زۆر کەم دەزانین و تەنانەت ئەگەر بمانەوێت سووکایەتی بە کەسێک بکەین، دەڵێین شەرواڵ لە پێ. بەشێکی زۆر لە کەسایەتییە بێئەقڵ و کۆمێدییەکانی فیلمە کوردییەکان جلی کوردییان لەبەردایە، لەبەرابەردا کاراکتەری زانا و خوێندەوار و بەمشوور قات و بۆینباخیان لەبەرە.
ئەم باسە، بەشێکی گرینگە لە سایکۆڵۆجی و عەقڵییەتی کوردی. واتە هەژاری فەرهەنگی و پەروەردەی خواروخێچ و ناهۆشیاری نەتەوەیی، بەستێنێک دروست دەکات کە کەلەپوور و سامان و میراتی چەند هەزار ساڵەی ئێمە و دایکانوباوکانی ئێمە، نزم و سووک و بێبایەخ پێناسە دەکرێت.
بۆیە لە وەها ژینجیهانێکدا، گۆڕانکاری و گەندەڵکردنی جلوبەرگی نەتەوەیی کوردی، کەس داناچڵەکێنێت و تەنانەت ڕەنگە ئەو سووتەمەنییە (سەرنج و پێداهەڵگوتن) فەراهەم بکات کە کەسانی خاڵی سێیەم پێویستیانە.