کەسوکاری ئەنفالکراوان هەتا ئێستاش بەگشتی لە بارێکی دەروونی خراپدان، سەدان گرێی دەروونیان بۆ پەیدا بووە و کۆمەڵگە و دەزگا حکومییەکان باکیان پێی نییە. “دەنگ و ڕەنگ و بۆن” یەکێکن لەو توخمانەی یادەوەری تاڵ و شیرین لای کەسی قوربانی بەجێدێلن. ڕەنگی بوخچەکەی مریەم و فریا و ڕەشپۆشیان، پشتێنی گوڵگوڵی ئەو پیاوانەی لە گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا دۆزرانەوە، ئاه و گریانی منداڵانی گەرمیان لە ملەسورەوە بۆ قۆرەتوو، هۆرەی ئەو پیرەمێردەی لە کاتی گواستنەوەیاندا هێشتا لە گوێی خەڵکی گوندی کەلاری کۆندا دەزرنگێتەوە. هەموو ئەمانە کەرەستەی فیلم و شاکاری ئەدەبین و کەس نییە بیانگێڕێتەوە. ڕەنگە تەنها چیرۆکی ئەو دایکەی ٣٦ ساڵە خەیار ناکڕێت و نایخوات، لە بەرئەوەی منداڵەکەی لە دوبز لە سەرەمەرگدا داوای خەیاری کردووە و دواتر دیوێتی تاکێک نەعلی سەوزی بە تامی خەیار خستووەتە دەمییەوە، یان ئەو دایکەی ٣٦ ساڵە ئاوی سارد بە گەروویدا نەچووەتە خوارەوە لە بەرئەوەی منداڵەکەی لە نوگرەسەلمان لە تینووا خنکا و لە سەرەمەرگدا داوای سەهۆڵی کردووە؛ هەموو ئەمانە بەسن بۆ هەڵوەستەیەکی مرۆڤانە بەرانبەریان. ئەمانە و دەیان و سەدان نموونەی تر، مەلا ڕەحیمی سەرقەڵا هەتا لەژیاندا مابوو، نەک تەماتەی نەخوارد بەڵکوو هیچ خوادنێک بەگەرویدا نەچووە خوارەوە کە ڕەنگی سوور بووبێت، چونکە بیستبووی منداڵێک لە سەرەمەرگدا داوای تەماتەی کردووە و دەستیان نەکەوتووە.
جگە لەو توخمانە یەکێک لە دۆخە مەترسیدارەکانی دوای ئەنفال، کە بارێکی دەروونی ناجێگیری بۆ کەسوکاری بێسەروشوێنکراوەکان خوڵقاندبوو. ئەوەش چاوەڕوانی بوو، کورد دەڵێت: “بێ چاوی لە چاوەڕوانی ناخۆشترە” هەرچەندە ئاماژەکانی مردن و نەمانیان زەق بە بەرچاوانەوە بوو. بەڵام بەعسییەکان بە پلان زوو زوو پڕوپاگەندەیان بڵاودەکردەوە کە گوایە ئەنفالکراوەکان ماون. لەم بارەیەوە میدل ئیست وۆچ نووسیوێتی: “باس و خواسی تیمەكانی گولەبارانكردن زۆر باش دەزانرا و بەردەوام دووپات دەبووەوە، بەڵام لە كۆمەڵگە (مەبەستی کۆمەڵگە زۆرەملێکانە) پیس و چەپەڵەكانی نیشتەجێی ئەو كوردانە هێشتا هەر واتەواتی ئەوەیان تێدا بوو کە گوایە ئەنفالکراوەكان ماون و لە بیابان لە زیندانی نهێنیدا وەك بارمتە گلدراونەتەوە بۆ دانووستانی دواڕۆژ لە نێوان ڕژێم و پێشمەرگەدا، یان براون بۆ وڵاتانی تری وەك سوودان، یەمەن یان ئوردن، لەوێ كراون بە كۆیلە و كاریان پێ دەكەن.”
ئەم پڕوپاگەندانەی دەوڵەتی عێراقی بێ مەبەست نەبوو، بەڵکوو سیاسەتێک بوو، بۆ نائارامی و تێکشکاندنی ئەوانەی وا لە ئەنفال ڕزگاریان ببوو. ئەمەش زەمینەی بۆ هەندێک کەسی هەلپەرستیش خۆش کردبوو، کە ڕەنگە بەعسیش نەبووبن. بەڵام لەبەر بەرژەوەندی تایبەتی و دەستکەوتێکی زۆر کەمدا زوو ئاو بکەنەوە ناو ئاشی بەعس و ڕەفتاری بەعسییانە بنوێنن و ئەو خەڵکە ماندووە بوروژێنن. بۆ نموونە، هەندێک لە سایەق جێب-ەکانی ناو کۆمەڵگەی زۆرەملێی صمود/ڕزگاری، زوو ئەم پڕوپاگەندەیان بڵاودەکردەوە و دەیانگوت: “ئەنفالەکان هاتنەوە”، ئیتر بە جارێک ئەو کۆمەڵگەیە دەوروژا و جێب-ەکانیش دەکەوتنە فڕکان فڕکانی گواستنەوەی خەڵک بۆ مەرکەزی ناحیەکە و لەوێش خەڵک بەر جنێو و سوکایەتی بەعسییەکان دەکەوتن و بە دڵشکاوی و هەناسەساردی و نائومێدییەوە دەگەڕانەوە. ئەمە زۆر جار گاڵتەجاڕێکی ڕەفتار بەعسیی هەر بۆ ڕابواردن و گاڵتەپێکردن بەو خەڵکە یان سایەق جێب-ێک لەبەر خاتری بڕە پارەیەک زەمینەی ئەم سووکایەتی پێکردنەی دەسازاند.
زوو بڵاویان دەکردەوە “ئەنفالەکان هاتنەوە”، ماوەی شەش مانگێک دوای تەواوبوونی پڕۆسە سەربازییەکانی ئەنفال، هەندێک لە پیرەمێرد و پیرەژنی ئه‌نفالكراو لە نوگرەسەلمانەوە بەهیلاکەتی ده‌گه‌ڕانه‌وه. ئیدی دەنگۆی “ئه‌نفاله‌كان هاتنه‌وه” وەک ئاگر لە پووش بەردەی بەخێرایی بە کۆمەڵگەکەدا بڵاو دەبووەوە و هێندەی تر ئاگری چاوەڕوانییەکەی بۆ سووتاندنی ئەو خەڵکە بەتین تر دەکردوو زیاتر خەڵکی خستبووە بارێکی دەرونییەوە. ئەگەرچی ئەو چاوەڕوانییە بە ئازار بوو، بەڵام هەڵگری تۆوی ئومێدێکیش بوو، تەنانەت بۆ ئەو کەسانەش کە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ زانیبوویان ئەنفالکراوەکان نەماون.
یەکێک لەوانە عوزێری دەربازبووی کۆمەڵکوژییەکەی بیابانی ڕومادی بوو، جارێک بە میوانی هاتبوو بۆ ماڵمان لە ناو دەنگوباسی چاوەڕوانی و پڕوپاگەندەی بەعسییەکان و یاریکردن بەهەستیان؛ پێی گوتم من کە بە چاوی خۆم کۆمەڵکوژییەکەم دیبوو بۆ خۆم بە برینداری ڕزگارم ببوو و خۆم شاردبووە و نەمدەتوانی خۆم دەربخەم، دەمگوت بەڵکو هەواڵەکە ڕاست بێت و هەموویان نەکوژرابن یان خەڵکێک هەبێت وەک من ڕزگاری بووبێت، کەچی هەر خۆشم بە خۆمم دەگوت کوڕە باڵێ کەس هەیە لەدەستی ئەو بەعسییانە ڕزگاری بێت بتوانێ خۆی ئاشکرا بکات.
کاتێکیش حاجی فەرەجی گوندی تۆپخانەش میوانم بوو، ئەویش لە گۆڕێکی بەکۆمەڵی بیابانی ڕومادی ڕزگاری ببوو، بۆ پشتڕاستکردنەوەی قسەکانی عوزێر گوتی: بەخوا ڕۆژێکی ڕەش بوو، کێ دەیوێرا قسەبکات، بڕوا بفەرموو من بە ماڵ و منداڵەکەی خۆمیشم نەگوتبوو، لە فرۆکەخانەی تورکیا بە ژنەکەمم گوت شتێکی ئاوام لێ بەسەرهاتووە، ئەویش بۆیە گوتم چونکە هەر دەی پرسی بۆچی ئێمە دەبەن بۆ ئەمریکا.
ڕەشید-یش شوانێكی خەڵکی گوندی چرچەقەڵای بنار شاخی زەردەیە، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ “میدل ئیست وۆچ” دا دەڵێت: ئەفسەرێکی دڵنەرمی مەسیحی نهێنی کوشتنی ئەنفالکراوەکانی بۆ ئاشکرا کردم، بەڵام هەرگیز نەیتوانیوە بەو خەڵکە بڵێت بەو پڕوپاگەندانە بڕوا مەکەن و کەسیان نەماون. لەبارەی ڕەشید-ەوە میدل ئیست وۆچ نووسیوێتی: “ڕەشید توانی لە دەست ئەنفال ڕزگاری بێت لەبەرئەوەی بە شوێن ئاژەڵ و ماڵاتەكەیەوە بوو، بەسەر جادەی سەرەكیدا لە نێو هێزەكانەوە دەرچوو. بەڵام دایكی و خوشكێكی دە ساڵانەی و برایەكی شەش ساڵانەی و دوو پووری لەدەست دا. دواجار خۆشی كێش كرایە ڕیزی هەمان ئەو سوپایەی كەوا خێزان و كەسوكارەکەی گرتبوو. ئەفسەرێكی مەسیحیی بەزەیی دڵی بە ڕەشید سووتا بوو، بە ئاشكرا پێی گوتبوو كە چیتر بیر لە كەسوكاری نەكاتەوە. هەموو خەڵكی ئەنفال بە بلدۆزەر كراونەتە ژێر خاكەوە.”
هەر ئەو کاتە سووکایەتیکردن و بڵاوکردنەوەی هەواڵی ناڕاست، هەستی منداڵێکی ئەو ئۆردوگایە دەجووڵێنێت. ئێستاش پیاوێکی کامڵ وخوێندەوارە و لە زانکۆی گەرمیان پڕۆفیسۆری یاریدەدەرە، ڕووداوەکان لە یادەوەریەکانیدا وەک ئازارێک ماوەتەوە، ئەو پیاوە “یاسین ئاشوور”ە. ئەو هێشتا خوێندکاری زانکۆ بوو، لە ژمارە ٦ی گۆڤاری ئەنفالستان-دا لە وتارێکی بە ناونیشانی “وردە بەعسییەکان و جێب-ه‌كانی هه‌شتا و هه‌شت” نووسیوێتی:
“هه‌ر كه ئه‌و هه‌واڵه بڵاو ده‌بووه‌وه دەیان گوت ‘ئەنفالەکان هاتنەوە’ ئه‌و ئۆردوگایه وه‌ك شێخێك حاڵبیگرێ ده‌له‌رزی و ده‌هه‌ژا، وه‌ك سوپایه‌ك چۆن شكست بخوات و سه‌ری لێ تیكچێت ئه‌و خه‌ڵكه ئاوا به‌ناو یه‌كدا ده‌هاتن و ده‌چوون. هه‌مووان بەرەو مه‌ركه‌زی پۆلیسه‌كه هڕیان ده‌كرد. به‌خته‌وه‌ر ئەو كه‌سە بوو، خزمێكی لەناو ئازاد بووەکاندا ببینێتەوە. چه‌ند كه‌سێكی كه‌م شاد ده‌بوون و دونیایه‌كیش به دڵشكاوی و چاوه‌ڕوانییه‌كی درێژتره‌وه ده‌گه‌ڕانه‌وه. ئه‌و سه‌رده‌مه سه‌رده‌می شین و گریانی به‌كۆمه‌ڵ بوو، گه‌ڕه‌ك نه‌بوو، ماڵ نه‌بوو گریانی تێدا نه‌بێت. پێناچێت هیچ شتێك بتوانێت ئاوه‌ها گریانی به‌كۆمه‌ڵ دروست بكات. ئه‌نفال گریانی ده‌ستەجه‌معی ئه‌و خه‌ڵكه بوو. به‌م شێوه‌یە هه‌رجاره و شه‌ش حه‌وتێک لە ئه‌نفالکراوەکان ده‌هاتنه‌وه. ئەمەش هەر ماوه‌یه‌ك بوو. به‌ڵام ئیتر هەواڵی هاتنه‌وه‌ی ئه‌نفال نه‌ما و بچووكترین هه‌واڵێكیش گه‌رچی سه‌د لە سه‌د درۆش بوایه و بگه‌یشتایه‌ته ئه‌و خه‌ڵكه به هه‌ڵه‌داوان ده‌گه‌یشتنه لای مه‌ركه‌زه‌كه. ئه‌م حاڵه‌ته پڕ نائومێدیه له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵێك سایق جێب-ه‌کانەوه دەقۆزرایه‌وه. ئه‌و كاته‌ی ئیشیان ڕووی له كزی ده‌كرد به درۆ هه‌واڵی هاتنه‌وه‌ی ئه‌نفاله‌كانیان بڵاوده‌كرده‌وه. ئاوه‌ها ئیشی خۆیان مسۆگه‌ر ده‌كرد. له‌گه‌ڵ بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و هه‌واڵه جیب بەر‌ده‌ست نەده‌كه‌وت. مرۆڤ ئاوه‌هایه به ده‌گمه‌ن ده‌توانێت به‌رژه‌وه‌ندی تایبه‌تی خۆی بخاته لاوه ئه‌گه‌رچی به‌دیهێنانی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كه‌ی له‌سه‌ر حیسابی خه‌ڵكی تر بێت. ئه‌و كاته ئه‌و سایق جێب-انه یاریان به‌هه‌ست و شعوری ئه‌و خه‌ڵكه ده‌كرد. باشیش ده‌یانزانی بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌واڵی هاتنه‌وه‌ی ئه‌نفاله‌كان بازاڕیان گه‌رم ده‌كات، ئه‌و خه‌ڵكه‌ش چاری نه‌بوو ته‌نها باوه‌ڕكردن نه‌بێت، كه ئاوبردیتی ده‌ست بۆ پۆشی سه‌ر ئاویش ده‌به‌یت، ناچار بوون به‌ده‌م ئه‌و هه‌واڵانەوە بچن.”
نووسراوێکی دەوڵەتی عێراقی، ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە کە بەعسییەکانیش لە پشت ئەم سیناریۆی چاوەڕوانی و گاڵتەجاڕییەوە بوون، لەم بارەیەوە بەڵگەیەکی دەقی هەیە کە لە ٢٥ی ئەیلولی ١٩٩٠ دەرچووەوە داوا دەکات کە کەسوکاری ئەنفالکراوان و ئەو خەڵکە لە چاوەڕوانیدا بهێڵنەوە. لە نووسراوەکەدا هاتووە:
بەڕێز بەڕێوەبەر
سڵاو و ڕێز
لە ٢٥/٩/١٩٩٠ بەڕێوەبەری بەڕێز فەرمانی ئەم ڕێنماییەی دا :
لە بری دەستەواژەی “لە پڕۆسەکانی ئەنفالی قارەمانانەدا گیراون و هەتا ئێستا دەستبەسەرن” دەستەواژەی “هیچ زانیارییەکمان دەربارەی چارەنووسیان لا نییە” بەکار بێنن.
بۆ ئەوەی بتوانین بە وردی مامەڵە لەگەڵ ئەم حاڵەتانەدا بکەین.
لە کۆنگرەی مانگانەدا پێشنیارکراوە.
ن/ امن ضابط الامن من. ن. ر.
١٨/١٠/١٩٩٠
لەم بارەیەوە، قسەکانی یاسین ئاشوور-یش ئەم نووسراوە و بۆچوونەکانی سەرەوەمان بۆ پشتڕاست دەکاتەوە، کاتێک نووسیوێتی: هه‌ندێك جار نه‌ك ئه‌و سایق جێب-انه به‌ڵكو بەعسییەکان/حیزبییه‌كان خۆیان ئه‌و كاره‌یان ده‌كرد. زۆرجار بۆئه‌وه‌ی به‌رده‌م مه‌ركه‌زه‌كه قه‌ره‌باڵغ بێت و ئه‌وانیش له‌زه‌ت لە ده‌سه‌ڵاتی خۆیان وه‌ربگرن ئاوه‌هایان ده‌كرد. شانازیكردن به‌و ده‌سه‌ڵاته نه‌خۆشه‌ی كه ته‌واوی ویژادانیانی كوشتبوو. خڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و حه‌شامه‌ته بەحه‌سره‌ته‌ی، كه هه‌موو گیانی ئه‌كرده گوێ بۆیان “به‌ڵكو خوایه هه‌واڵێكیان پێ بێت” به‌ڵام، نا، به‌و سەروسیما به‌عسییانه‌وه دەهاتنە پێشه‌وه و به ڕه‌فتاری بەعسییانەی خۆیان به جوێندان و قسه‌ی سوک ئه‌و خه‌ڵكه‌یان ئه‌وه‌نده‌ی دیکە بێ ئومێد ده‌كرد.
كاره‌ساتی گه‌وره‌ی كۆمه‌ڵگەی زۆرەملێ بە تەنها ئەوە نییە، كه ده‌سه‌ڵات و دەوڵەتدار دڵڕەق و ستەمکار بن، بەڵکو لەوە گەورەتر ئەوەیە تاک و کۆمەڵگەی دوای-جەنگ و جینۆساید لە مرۆڤبوون بخەن و خاوه‌ن بڕێكی زۆری هه‌ستكردن بە بەرپرسیارێتی نەبن و ئازار و ژان لەگەڵ قوربانیان و کەسوکاری شەهیدەکان بەش نەکەن و دەستیان نەگرن هەستنەوە سەر پێ.
وەنەبێت هەر لە سەردەمی بەعسییەکاندا، بگرە لەدوای ڕاپەڕین و لەسەردەمی دەسەڵاتداری کوردی-شدا نموونەی ئەم سایەق جێب-انە زۆر بوون بە بێ هەستی و بێ مۆڕاڵی لەگەڵ کەسوکاری قوربانیاندا جووڵاونەتەوە. یەکێک لە برای یەکێک لەو ژنانەی ناوی لە بەڵگەنامەیەکی موخابەراتی کەرکووک-دا هاتووە کە دەڵێت ژنانی کورد بە نادییەکانی شەوانەی میسر فرۆشراون، بەچاوی پڕ لە فرمێسکەوە بۆی گێڕامەوە و گوتی: ئازاری خۆمان بەخۆمانەوەیە و لە ملی هەموواندا نییە، خەڵک لە بچووکترین ناکۆکی بیروڕاماندا لەکاتی دەمەقاڵییەکدا پێی گوتووم “عارەب لە میسر سواری خوشکەکەت دەبێ و تۆش دیفاع لە عەرەب دەکەی؟” ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی نەتوانێت یاسایەک بۆ سزادانی ئەم جۆرە کەسانە دابنێ، ئەمڕۆش نەبێت دیكتاتۆر‌ی سبەینێیە.
تێبینی
قەزای کەلار و گوندەکانی، دوای ئەنفالیش کۆمەڵگای صمود (ڕزگاری ئێستا) گواستنەوەیان جۆرە ئۆتۆمبیلێکی (جێبی) ڕووسی بوو، لە شێوەی ئۆتۆمبیلی (وازی) سەربازی بوو. مەگەر بەدەگمەن دەنا سەیارەی تری تێدا نەبوو، ئامرازی گواستنەوەیان هەر ئەوانە بوون. بەجۆرێک ئەو جۆرە جێب-انە بوونەتە شوناسی کەلار.
سەرچاوەکان
- میدل ئیست وۆچ، پەلاماری ئەنفال بۆ سەر کورد، چاپی دووەم ٢٠٠٤، خانەی وەرگێڕان، وەرگێرانی: محەمەد حمەساڵح توفیق.
- یاسین ئاشوور، وردە بەعسیەکان و جێبەکانی هەشتا و هەشت، گۆڤاری ئەنفالستان، ژمارە ٦، لاپەرە ٤٨، ٢٠٠٩.
- گۆڤاری ئەنفالستان، ژمارە ١١-١٢، لاپەرە ٣١.
- دیدار لەگەڵ عەزیز محەمەد وەهاب، ناسراو بە عوزێر شەی. ٧/٨ ی ئابی ٢٠٢٢، سلێمانی کاتژمێر ٩ی شەو.
