ڕێناس حەسەن
ئەمڕۆ ١٤ ی ئاب حەڤدە ساڵ تێ دەپەرێ بەسەر گەورەترین تەقینەوەی خۆکوژی لە عێراق و یادی قوربانیانی ئێزیدی لە ناحیەی گرعزێر دەکرێتەوە. لە ١٤ ی ئابی ٢٠٠٧ لە چەند کردەیەکی خۆکوژیدا چوار بارهەڵگری بۆمبڕێژکراو لە شارۆچکەی باعجی عەرەبی سوننەنشینەوە ڕوودەکەنە ناوەندی کۆمەڵگەی گر عزێر و سیبا شێخ خدری ئێزیدینشین و چوار تەقینەوەی خۆکوژی جیا ئەنجام دەدەن و نزیکەی ٤٠٠ ئێزیدی دەبنە قوربانی. لە مێژووی عێراق دا ئەم کردەوە خۆکوژییە بە گەورەترین تەقینەوە هەژماردەکرێت کە زۆرترین قوربانی و برینداری لێ کەوتەوە. تا ئێستا ئامارێکی وردی زیانەکان لە بەردەستدا نییە، بەڵام ژمارەی قوربانیانی ئەم تەقینەوەیە بە نزیکەی ٤٠٠ قوربانی و زیاتر لە ١٠٠٠ بریندار دەخەمڵێنرێ، جگە لە ڕووخان و کاولبوونی سەدان ماڵ و موڵک و دوکانی هاوڵاتیانی ئێزیدی.
ئەوەی جێگەی سەرسوڕمان و پرسیارە، ئەم کردەوە خۆکوژییە بەو ڕێژە زۆرەی زیان و قوربانییەوە، نە ئەو کات و نە ئێستاش سەرنجی لایەنە دەسەڵاتدارەکانی عێراق و کوردستانی ڕانەکێشا. تەنانەت میدیای ناوخۆ و دەرەکیش هیچ گرنگییەکی ئەوتۆی پێ نەدا. لەو کاتەدا ئەم کارەساتە کوشندەترین تەقینەوەی خۆکوژی لە عێراق و دووەم کوشندەترین تەقینەوەی خۆکوژی بوو لە جیهاندا لە دوای هێرشەکەی قاعیدە لە ١١ ی سێپتێمبەری ٢٠٠١ بۆ سەر ئەمریکا. لە کاتێکدا تەقینەوەکەی ١١ ی سێپتێمبەر هاوکێشەی سیاسی جیهانی گۆڕی، تەقینەوەکەی ١٤ ی ئابی گر عزێر و سیبا شێخ خدر، وەک لاشەی بەشێک لە قوربانییەکان کە هیچ پارچەیان نەدۆزراوەیەوە، لە مێژوو و کۆیادی خەڵکیدا وون بووە. ئەوانەی یادی قوربانیانی ئەم کارەساتە دەکەنەوە لە کەسوکاری قوربانییەکان و جڤاکی ئێزیدییان تێ ناپەڕێ.
ئەم کردەوە خۆکوژییەی دژ بە هاووڵاتییانی ئێزیدی لە گەرمەی ململانێی خێڵەکی و مەزهەبی نێوان ساڵانی ٢٠٠٤ بۆ ٢٠٠٩ و هەروەها جموجۆڵی هێرش و خۆکۆژی چەکدارانی گرووپە ئیسلامییە توندڕەوەکانی سەر بە قاعیدە لە عێراق ڕوویدا. ڕووداوەکانی ئەو ساڵانەی دژ بە ئێزیدیەکان، بە تایبەت لە شنگال و موسڵ زەنگێکی مەترسیداربوون و پشتگوێخستنیان لەلایەن دەسەڵاتەوە بووە ڕێخۆشکەر و بنچینەی جینۆسایدی هاووڵاتییانی ئێزیدی بە دەستی گرووپی تیرۆرستی داعش لە بەرەبەیانی ٣ ئابی ٢٠١٤ دا.
لە دەستووری نوێی عێراق (٢٠٠٥) دا، شنگال کە دەکەوێتە پارێزگای نەینەوا، دەبێت بە بەشێک لە “ناوچە جێناکۆکەکان” لە نێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان. قەزایەکی وەک شنگال دەبێتە ناوچەی ململانێی دەسەڵات و خەڵکەکەی قوربانی یەکەمی ئەم ململانێیانەن. دانیشتوانی قەزای شنگال پێک دێت لە ئێزیدی و عەرەبی سوننە و شیعە و ژمارەیەکی کەمی مەسیحی. قەزاکە لە چەندین ناحیە و گوند پێک دێت، کە زۆربەی دانیشتوانەکەی پەیڕەوانی ئایینی ئێزیدین و بە کرمانجی دەدوێن. لە دوای ٢٠٠٥ ەوە ، حکومەتی هەرێمی کوردستان کاری کارگێڕی و بەڕێوەبردنی ناوچەکە دەگرێتە دەست تا ٢٠١٤ و داگیرکاری داعش. وەک ناوچە جێناکۆکەکانی دی، شنگال وەک پەراوێزخراوترین ناوچە دەمێنێتەوە لە نێوان هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان لە ڕووی خزمەتگوزاری گشتی و بژێوی ژیان و ئاسایش و سەقامگیری. لەگەڵ دروستبوونی شەڕی خێڵەکی و مەزهەبی لە عێراق و زیادبوونی چالاکی تیرۆرستی گرووپە توندڕەوەکانی وەک قاعیدە لە دوای ٢٠٠٤ ەوە، دانیشتوانی شنگال و دەوروبەری وەک ناوچەیەکی فرە دینی و فرە نەتەوەیی پەراوێزخراو، دەبێتە یەکێک لەو ناوچانەی کە کاریگەریەکانی ئەم ململانێیەی بە زەقی تیادا دەردەکەوێ. لە ناو ئەمانەشدا، بە دیاریکراوی جڤاکی ئێزیدی وەک گرووپێکی نا-موسڵمان بەمەبەستەوە بە ئامانج دەگیرێن. دانیشتوانی ئێزیدی دەبنە قوربانی تەقینەوەی خۆکوژی و هێرشی ناوبەناوی قاعیدە و خەمساردی حکومەت و دەسەڵات لە پاراستنیان.
لە ڕاپۆرتی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ مافی کەمینەکان، لە ٢٠٠٤ دا و تەنیا لە سێ مانگدا، ٢٥ حاڵەتی کوشتن و ٥٠ حاڵەتی توندوتیژی بەرامبەر ئێزیدیان تۆمارکراوە. لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ گۆڤاری شیکاگۆ، حازم عەڤداڵ، ڕزگاربویەکی جینۆسایدی ٢٠١٤ و دەرچووی زانکۆی شیکاگۆ دەڵێت: “لەو ساڵانەدا، ئەستەم بوو بزانی کێ نەیارتە. هێرشیان دەکرد و تێکەڵ بە کۆمەڵگا دەبوونەوە. ژیان بۆ ئێمە لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٣ – ٢٠١٤ بە تەواوەتی وەستا. ژیان ببوە ترسێکی بەردوام.”
لە ڕووی بژێویەوە، زۆربەی هاوڵاتیانی ئێزیدی شنگال پێش هاتنی تیرۆرستانی داعش لە ٢٠١٤ دا، بە کاری ئاژەڵداری و کشتوکاڵییەوە سەرقاڵ بوون. بەهۆی کەمی هەلی کار و سەختی بژێوی ژیان، پیاوان و تەنانەت منداڵەکانیشیان بۆ کار ڕوویان دەکردە سەنتەری شارەکانی کوردستان و شارەکانی دی عێراق. فەلاح حەسەن کە خەڵکی شنگال-ە زۆر جار بۆ کار لەگەڵ چەندین هاوڕێی دی هاتونەتە هەولێر. کاتێک بە سۆرانی دەدوێ وا دەزانی خەڵکی هەولێرە، سۆرانییەکی هێندە باش فێربووە و دەڵێت: “بۆ ماوەیەکی زۆر لە هەولێر کاری بیناسازیم کردووە، چەندین ساڵ لەوێ بووم و بەهۆی ئەو کارانەوە فێری سۆرانی بووم”.
لە گەرمەی شەڕی خێڵەکی و گرووپە توندڕەوە ئیسلامییەکان، ئەو هاوڵاتییە ئێزیدییانەی بەهۆی کارەوە یان خوێندنەوە هاتوچۆی نێوان شنگال و شارەکانی دی عێراق-یان دەکرد، ببونە ئامانجی ئەم گرووپە توندڕەوانە. لە ٢٠٠٧ دا چەکدارانی گرووپە توندڕەوە سوننەکان هێرش دەکەنە سەر پاسێک کە ٢٣ کرێکاری ئێزیدی هەڵگرتبوو کە لە کارگەیەکی موسڵ کاریان دەکرد و سەرجەم سەرنشینانی پاسەکەیان کۆمەڵکوژ کرد. جگە لەمە چەندین هاوڵاتی دی ئێزیدی لە ناو موسڵ و دەوروبەری لێرە و لەوێ دەکوژران.
ئەم ڕووداوانە ترس و دڵەڕاوکێی زۆر دروست دەکەن، بە سەدان خوێندکاری زانکۆ و پەیمانگاکانی موسڵ دەستبەرداری خوێندن دەبن و هەندێکیشیان ڕوودەکەنە زانکۆکانی کوردستان. بەڵام، هێشتا مەرگ بەرۆکی ئێزیدیان بەرنادات و ئەمجارە بە چوار ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری بۆمبڕێژکراو هێرش دەکرێتە سەرئێزیدیانی هەردوو کۆمەڵگەی گر عزێر و سیبا شێخ خدر. هەرچوار بارهەڵگرەکە ١٤ ی ئاب لە هەمان کاتدا و لە کاتژمێر ٧:٢٠ ی ئێوارە دەتەقێنرێنەوە و بە سەدان زیانی گیانی و مادی لێ دەکەوێتەوە. میری ئەو کاتەی ئێزیدیان، میر تەحسین بەگ، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی گاردیان، دەڵێت کردەوە خۆکوژییەکەی ١٤ ی ئاب جێی سەرسوڕمان نەبوو، لە کاتێکدا هاووڵاتییانی ئێزیدی بە ئامانج دەگیرێن لەلایەن گرووپە توندڕەوەکانی ناوچەکەوە و لەلایەن دانیشتوانە عەرەبەکانی گوندەکانی سەر سنوری سووریا، ڕێگری دەکرێت لە گەیشتنی کەرەستەی خۆراکی و سوتەمەنی بۆ شنگال.
پێش داگیرکاریی داعش، بە سەدان خوێندکاری ئێزیدی بۆ درێژەدان بە خوێندن ڕوویان دەکردە زانکۆ و پەیمانگاکانی موسڵ بەو پێیەی نزیکترین شارە لە شنگال-ەوە. بەهەمان شێوە ئەم خوێندکارانە دەبوونە ئامانجی چەکدارانی گرووپە توندڕەوەکان. لە زانکۆی موسڵ دا لە ٢٠١٣ دا نامیلکە و پەیام بڵاودەکرێتەوە بۆ خوێندکارانی ئێزیدی و هەڕەشەیان لێ دەکرێ کە نەیەن بۆ زانکۆ دەنا دووچاری مردنی خۆیان دەبنەوە. لە ئاکامی ئەم هەڕەشە و ترساندنە، بە هەزاران خوێندکاری ئێزیدی دەستبەرداری خوێندن دەبن. ئەم جۆرە ڕووداوانە بەردەوامییان دەبێت و سەرەتای هێرشەکانە بۆ سەر شنگال کە لە مانگی ئابی ٢٠١٤ دا و لەلایەن گرووپی تیرۆرستی داعش بە شێوەیەکی سیستماتیکی و کوشندە ئەنجام دەدرێ. دەیان هەزار ئێزیدی دەکوژرێ و کۆی دانیشتوانی ئێزیدی لە شنگال و ناوچەکانی دی کە زیاترە لە ٤٠٠ هەزار هاووڵاتی ئاوارە دەبن، زیاتر لە پێنج هەزار ژن و منداڵی ئێزیدی دەڕفێندرێت کە تا ئێستاش چارەنووسی زیاتر لە ٢٧٠٠ ژن و منداڵ نادیارە. بە پێی ئاماری حکومەتی هەرێم، لە دوای ٢٠١٤ وە زیاتر لە ١٢٠ هەزار ئێزیدی بۆ وڵاتانی ئەوروپا کۆچیان کردووە، کە ئەم ڕێژەیەش ١٥٪ ی دانیشتوانی ئێزیدییە لە تەواوی باشووری کوردستان.
ئەم مێژووە و ڕووداوەکانی هەفتەی ڕابردوو ئەو ڕاستییە دەردەخەن کە جڤاکی ئێزیدی پارێزراو نین لە بەرامبەر گرووپ و لایەنە توندڕەوەکاندا. هیچ کام لە دەسەڵاتی عێراق و کوردستان نەیانتوانییوە پاراستنی پێکهاتەی ڕەسەنی ئێزیدی لەو هەلومەرجەی لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا ڕەخساوە بەو جۆرەی پێویست دەکات بگرنە ئەستۆ. بە جۆرێک کە بیری توندڕەوی و گوتار و ڕەفتار دژی جڤاکی ئێزیدی بەردەوامی هەیە و لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا بە زەقی لە ناو کۆمەڵگەی کوردستان-یشدا ڕەنگدانەوەی هەیە. بە پێی ئاماری سەکۆی شنگال بۆ دایالۆگی کراوە، تەنیا لە ٩ ڕۆژی ڕابردوودا زیاتر لە ١ ملیۆن هەڕەشە و گوتاری ڕق و کینە ئاڕاستەی جڤاکی ئێزیدی کراوە. زۆربەی ئەم گوتارانە لە لایەن خەڵکی کوردستانەوە ئاڕاستە کراوەن و لە نێویاندا، مەلا و کادری حیزبە ئیسلامییەکان و کەسانی ناوەندە ئەکادیمیەکان و هونەرمەند هەن. هەموو ئەم کارەسات و ماڵوێرانیانەی پێش جینۆسایدی ٢٠١٤ بەسەر جڤاکی ئێزیدیاندا هات نەبوونە پێشهات و زەنگی ئاگادارکردنەوە تا بەر بە هێرشی داعش و جینۆسایدی ئێزیدیدا بگیرێت. تەنانەت ئەم کارەساتەنە نەبونەتە وانەیەک بۆ درککردن بەو ڕاستییەی قبوڵنەکردنی ئێزیدییان وەک پێکهاتەیەکی ڕەسەنی کۆمەڵگەی کوردستان و هاندانی بیر و ڕەفتاری ڕق و کینە بەرامبەر پەیڕەوانی ئاینی ئێزیدی، ئاکامەکەی ماڵوێرانی و زەمینەسازییە بۆ سڵ نەکردنەوە لە دووبارەبوونەوە و ئەنجامدانی کرداری جینۆساید.



