لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە زۆرێك لە توێژەران بەتایبەتی لە بواری دەروونناسیەوە ویستیان بزانن كە نازییە ئەڵمانەكان چۆن دەستیان چووەتە كۆمەڵكوژی جووەكان بەم شێوە دڕندانەیە. سەرەنجام بۆیان دەركەوت كە ڕق و كینە بەرامبەر بە جووەكان شتێك نەبووە كە نازییەكان و هیتلەر دایانهێنابێ، بەڵكوو ڕق و كینە بوغزاندنێکی سەدان ساڵەیە بووە لە كۆمەڵگەی ئەڵمانی دژی جووەكان. جووەكان لە ڕوانگەی كۆمەڵگەی ئەڵمانی پیسترین مرۆڤی سەرزەوی بوون؛ كافربوون؛ دژە دینی مەسیح بوون؛ پارەپەرستن بوون؛ قۆرغكاری بازاڕ بوون؛ هۆكاری نەهامەتی بوون؛ زۆر دید و ڕوانگەی خراپتریش. بەجۆرێك لە زهنیەتی كۆمەڵگەی ئەڵمان لە مرۆڤخرابوون (dehumanized)، وەكوو شتی پیس و خراپ و نامۆ و جێی گومان تەماشا دەكران. بۆیە، كاتێك نازییەكان دێنە سەر دەسەڵات بە سەركردایەتی هیتلەر و بڕیاری قڕكردنی جووەكان دەدن، ئەوا زۆر بەشێوەیەكی ئاسایی بەبێ ئەوەی هیچ هەست بە ئازاری ویژدان بكەن جووەكانیان دەچەوساندەوە و كۆمەڵكوژیان دەكردن. پاشانیش لە لێكۆڵینەوەكاندا كە پرسیار لە بكەران دەكرا لەبارەی ئازاری ویژدان، وەڵامیان ئەوەبوو کە هەستیان بە ئازاری ویژدان نەكردووە و زۆر لایان ئاسایی بووە، جووەكانیان بە شایستەی ئەو كۆمەڵكوژییە زانیوە.
ئەمەی سەرەوە ڕەگوڕیشەی هەموو كۆمەڵكوژییەكە. كاتێك سپیپێستە ڕۆژئاواییەكان كۆمەڵكوژی هیندییە سوورەكان و ئەفریقییەكان دەكەن و دەیان كەن بە كۆیلە، ئەمە لەو ڕوانگەیەوە دێت كە ئەمانە مرۆڤگەلێکی نزمن، کەمن، وەكوو ئەوان زیرەك و پاك و باڵا نین، لەبەرئەوە شایەنی ئەوە نین وەكوو ئەوانی باڵا بژین.
كاتێك دەوڵەتی ئیسڕائیل بێبەزەییانە فەلەستینییەكان كۆمەڵكوژ دەكات، ئەمە تەنها سیاسەتی سەرۆک وەزیران، بێنجەمین نەتەنیاهۆ و كابینەكەی نییە، بەڵكوو ئەمە لە ڕق و كینەی ئیسرائیلییەكان بەرامبەر موسڵمانە-فەلەستینییەكانەوە سەرچاوەی گرتووە.
كاتێكیش تورك و عەرەب و فارس، كورد كۆمەڵكوژ دەكەن و بەشایەنی هیچ مافێكی سیاسیی و نەتەوەیی و كلتووری نازانن و هەر كاتێكیش بۆیان بلوێ كورد بسڕنەوە، ئەمە لەو وێنایە ناشرین و قێزەونە سەرچاوەی گرتووە كە لای خەڵكی خۆیان بۆ كوردیان دروست كردووە و لەسەری پەروەردە کراون. بۆ نموونە، كاتێك تورك دەڵێن “كورد كێوین”، یان عەرەب و فارس دەڵێن “كورد نەوەی جنۆكەن”، یان ئەوەی کە هەموویان دەڵێن “هەر كیانێكی كوردی، ئیسرائیلێکی دوومە”، ئەمانە هەر قسەیەكی سادە نین، بەڵكوو وێناكردنی كوردە لە مێشكی تاكەكانیان كە بەجۆرێك لە مرۆڤبوونی بخەن و بێمافی بکەن، بەو مەبەستەی هەر كاتێك فەرمانی كۆمەڵكوژی و قڕكردنی کوردیان دا، ئەوا لای خەڵكەكەیان زۆر ئاسایی بێت و ڕەوایەتی پێبدرێت.
گەر سەیر بكەین تورك و عەرەب و فارس، كورد وەك موسڵمانیش قبوڵ ناکەن، هەموو ئەو نەتەوانە داوای دەوڵەت دەكەن بۆ فەلەستین چونكە موسڵمانن بەڵام بە ناوهێنانی دەوڵەتی كوردی شێت و هار دەبن. دەی مەگەر كوردیش موسڵمان نییە! لە ڕاستییدا پرسەکە ئەوەیە کە کورد هێندە نزم کراوەتەوە و ناشیرین کراوە کە کەسیان وەک برای موسڵمانیش قبوڵی ناكەن.
تورک و فارس و عەرەب، بە كۆمەڵكوژی فەلەستینییەكان هاواریان لێ هەڵدەستێ بەڵام بۆ ئەنفال و كۆمەڵكوژی كورد كەڕ و لاڵن و مێش میوانیان نییە. هۆكارەكەش هەر ئەوەیە كورد بەلایانەوە مرۆڤ نییە و شایستەی هیچ مافێک نییە. هەر بۆیە هیچ هەستێكیان بۆی نییە و هەست بە ئێش و ئازاری كورد ناكەن و بە شایستەی ماف و دەوڵەتی نازانن. سەرەڕای ئەوە، تاكی كورد هەمیشە هەست بە ئازاری ئەوانی دیکەی موسڵمان و ناموسڵمان دەكات و خۆی بە برای دینی ئەوان دادەنێ، لەكاتێكدا هاوسۆزیەكە تاك لایەنە. ئەوان هەمیشە ئەو هاوسۆزییەی کوردیان ڕەتكردیتەوە و بەردەوامن لە دژایەتی و حیساب بۆ نەكردن وەك برای دینیی.
ئەمانە بۆ ئێزیدییەكان دە ئەوەندە ڕاست و دروستترن. ئەوان هەموو كاتێك مەترسی كۆمەڵكوژیان لەسەرە نەك تەنها لەلایەن تورك و عەرەب و فارس، بگرە لەلای “كورد”ەكانیش. ئێزیدییەكان وێنایەكی زۆر ناشرینیان بۆ دروست کراوە لەنێو بەشێک لە كۆمەڵگەی كوردی موسڵمان بەتایبەتی دیندارەكان. ئەم گرووپە لە کورد، ئێزیدییەکان وەک كەسانی پیس، شەیتانپەرست، كافر و دوژمنە دین تەماشا دەکەن. بۆیە، كاتێك لەلایەن “داعش”ەوە كۆمەڵكوژكران و كارەساتیان بەسەردا هات، هاوسۆزییەكی زۆر نەبینرا، تەنانەت زۆرێك لە دڵەوە پێیان خۆش بوو، یان هیچ نەبێ وەک کردارێکی سادە وەریان گرت، وەك ئەوەی دەڵێت “بە دەستی من نەبوو بەڵام بە دڵی من بوو”.
ئێستاش كاتێك كەسایەتییەكی ئێزیدی بێڕێزییەك بە پیرۆزییەكی موسڵمانان دەکات، لەجیاتی هێرشكردنە سەر خودی كەسایەتییەكە و وەڵامدانەوە و سكاڵا لەسەر تۆماركردنی، بەشێکی زۆر لەو گرووپە بە دەرفەتیان زانی و هەرچی ڕق و كینە هەبوو بەرامبەر ئەو گرووپە ئایینییە كوردییە ڕشتیان. ئەوە لەکاتێکدایە کە ئەوان كاتێك بە دەستی داعشی موسڵمان ئەو كارەساتەیان بەسەردا هات هیچ هێرشیان نەكردە سەر پیرۆزییەكانی موسڵمانان و لەسەر موسڵمانانیشیان حیساب نەكردن، گەر هەش بووبێ وای کردبێت ئەوا تاك و تەرا بووە.
سەرەڕای ئەمە، هیچ كەسایەتییەکی دینداری موسڵمان نەچوو داوای لێبووردنیان لێ بكات. دەی ئەگەر داعش نوێنەرایەتی ئیسلام ناكات، لە كاتێكدا شەریعەتی جێبەجێ دەكرد و موسڵمانان لە زۆربەی ناوچەكانی جیهان ڕوویان تێدەكردن شەڕیان بۆ دەکردن، ئەی بۆچی دەبێ حەیدەر شەشۆ نوێنەرایەتی هەموو ئێزیدییەكان بكات.
بەڵێ ئەو لێشاوە جنێو و سوكایەتییە، ئەم هەموو ڕق و كینە هەڵڕشتنە، ئەم بەسووك و نزم ڕوانینە بەرامبەر بە ئێزیدییەكان، هەمووی ئاماژەی ئەوەیە كە بەڕاستی ئەوان مەترسی دووبارە جینۆسایدیان لەسەرە.



