بەشی دوازدەم
سەبارەت بە نۆستاڵجیا و سۆزیاری و گەڕانەوە بۆ ڕابردوو کە پڕە لە تاسە و حەز و خۆشنوودی، هەندێک جاریش سیخناخ بە خەم و پەژارە و دەروونبیماری، هاوکات چەشنێک لە هەڵچوون و داچوون و جۆش و خرۆشێکی تێکەڵ لە خەم و خۆشی، دەتوانم بڵێم، کە پەیوەستە بە خۆشەویستی و وابەستەبوون بە “نیشتیمان” کە مەبەستم “کوردستان”ـە، بە خەڵک و خاکەکەیەوە!
بۆ من تاوەکوو هەنووکەشی لەگەڵ دابێت، تاکە جێگایەکی دڵگیر و خۆشەویست کە سەرمەستم بکات شارۆچکەی “ڕواندز”ە کە پتر دەیشوبهێنم بە منداڵدان و ڕەحمی دایکم، یان هێلانەی یەکەمم، کە هەمیشە بۆی دەگەڕێمەوە. هۆکار ئەوەیە کە ساڵانی قۆناغی خوێندنی سەرەتایی و منداڵیم دەنێو ئەم شارەدێیە بەسەر بردووە. هاوکات فامکردنەوە و ئاشنابوونم بە “ئەلف و بێ”ی کوردی لە قوتابخانەی “پاشای گەورە” بووە، بە واتا زمانی دایک کە زێدە شیرینە، من پتر لە نیو سەدەیە لە نێو ئەم زەریا بێسنوورەی ئەم زمانەدا سەرمەستانە و دڵگەرمانە مەلەی تێدا دەکەم کە سەرەتا وەک حەوزێکی شین بووە لەبەر چاوم. زیندەگی من دەنێو ئەو سروشتە هەرە جوانەی ڕواندز بووە، بگرە سەرسامی و عیشقم بۆ خودی سروشتی ڕەنگین بە گشتی دەگەڕێنەوە بۆ ئەفسوونی ئەو دەڤەرە، کە بە جۆرێک قووڵ و ڕەگاژۆ بووە کە لە ناو ڕۆحی مندا جێگیر بووە؛ کە هەمووتان دەزانن چاپ و نەخشی کۆی یادوەری و بیرەوەری منداڵی قووڵتر ڕۆچووە بەنێو مێشکدا کە ڕەنگدانەوەی دەنێو کۆی چیرۆک و ڕۆمانەکانم هەبووە، هاوکات کانگا و سەرچاوەی سرووش و ئیلهامی من بووە و تۆکمەتر دەنێو گیان و ئەندێشەمەندی مندا چەسپیوە، کە لەگەڵ تێپەڕینی ڕۆژگاردا قووڵتر ڕەگاژۆ دەبێت و ڕەگ دادەکوتێ.
دیارە ئەم دۆخی نۆستاڵژیایە بۆ هێلانەی یەکەمین، بە تایبەتی لە قۆناغی منداڵی، هەست و نەستی هەزاران نووسەر و هونەرمەند و داهێنەران بووە کە ناژمێردرێت. جوانترین کتێب کە بە قووڵی باسی ئەم هەست و نەستە و نۆستاڵجیایەی کردووە، هی”گاستۆن باشلار” (١٨٨٤-١٩٦٢) بووە.
نۆستاڵجیاکەی من بە جۆرێک کوشندەیە کە دەخوازم ڕێوڕەسمی دوا ماڵئاواییم لەم دنیایەدا، خواستێکی خودگەرایە و پەیامێکی جگەرسۆزانە و ڕاستەقینەی منە؛ کە بمسووتێنن و خۆڵەمێشەکەم بخەنە ناو گۆزەیەکی هاکەزایی دروستکراو، ئیدی بەدەم ئاهەنگی مۆسیقاوە بە کۆگیریی ئەو کەسانەی سۆزێکیان بۆ من هەبووە وەک ئینسان و نووسەر، چ مێینە چ نێرینە، ئەوا گۆزە پڕ لە خۆڵەمێشەکە هەڵبگرن و بە دەم گۆرانی و مۆسیقاوە هەڵمدەنە ناو “خەرەندی ڕواندزێ”. بەو نیازەی کە خۆڵەمێشکەم تێکەڵ بەو ڕووبارە بێت کە لە باوەشی خەرەندەکەی مندایە، ئەوسا دڵنیا بن کە ڕۆحی من شاد دەکەن. ئەوەیان خواست و خەونی منە بە هەزار زمان و تاسە و دڵگەرمییەوە دەریدەبڕم!
بۆ هەر کوێ بچین ڕابردووی خۆمان ڕاوەدوومان دەنێت بە کۆڵەپشتی و توێشەبەرەی سەر کۆڵ و ڕۆح و گیانمان. من دانپێدانانێکی ڕۆمانووسی ئینگلیزی “دی. ئێچ. لۆرانس”م لە یاد ناچێت کە بۆ هەمیشە لە گەشتێکی بەردەوامدا بوو بەنێو وڵاتانی ئەوروپادا، بێ ئۆقرە و نەسرەوت بوو، گەڕیدە و سەرگەردان، لە کۆتایی تەمەنیدا گوتی “من وامدەزانی شتێک، دۆخێک یان کەسانێک ڕاوم دەنێن و ناچارم ڕابکەم و دانەسەکنێم بۆ هەمیشە، بەڵام لە دوای ئەو گەشتە دوور و درێژەی خۆم؛ لەوە تێگەیشتم کە لە ناو خۆمدا پاڵنەرێکی پەنهان و بەهێز هەبووە کە نەمزانیوە چییە و ئێستاش نایزانم؛ کە بەردەوام ڕاوی دەنام و بێئۆقرەی دەکردم، کەواتە ئەوە من بووم کە خودی خۆم ڕاو دەنا! بەڵام وەک باوە و دەگوترێت بۆ هەمیشە گیا و گۆڵی ئەودیو پەرژین و تەیمانەکە سەوزترە لەو گیاووگۆڵەی کە وا لەبەر پێیەکانماندایە!
بەڵام ناکرێت ئەو بەشە فەرامۆش بکەین کە خودی نۆستاڵجیا و ئەو حەنینە وایکردووە کە ژمارەیەکی کەم بن یان زۆر لە پەنابەرانی هەر حەوت کیشوەرەکە، دوای ساڵانێکی زۆر بێت یان کەم، ئیدی وەک پەناهەندە ماخۆلانیان پێدەکەوێت و کەڵکەڵەی ئەوە دەیانگرێت کە کۆچی پێچەوانە ببێت بە خولیا و خەونێکی خۆش کە فانتازیای دەکەنەوە، کە هۆکارەکانی زۆرە و ئێوەش دەیزانن. بۆ هەمیشە وا مەزەندە دەکرێت کە مادامەکێ خەونەکانمان و کۆی بیرەوەری ڕووداوەکان و ماجەراکانی نێو زیندەگیمان، پەیوەست بووبن بە جوگرافیایەکی دیکە، خۆشی بووبێت یان ناخۆشی، بە تایبەتی قۆناغی منداڵی و هەرزەیی هاندەرێکە و دنەدەرە کە بۆ هەمیشە خەون بە گەڕانەوە ببینین بۆ ئەو هەوار و دەڤەرەی کە تیایدا لە دایک بووین و گەورە بووین. ژمارە هەرە زۆرینەکەی پەنابەرەکان کە خەون دەبینن، کۆی ماجەراکانی خەونەکان و کات و شوێنەکان و فەزای گشتی سەر بەو جوگرافیایە کە تیایدا لە دایک بووە!
کەواتە ئێمە هێشتا بە کۆنکریتی نیشتەجێی ئەو جوگرافیایە نین کە بۆی چووبووین. ئەمەش بەو مانایە دێت کە لە “ناخود-ئاگاهی” ئێمە وا جێگیر بووە کە لانەی یەکەممان بەجێنەهێشتووە، بە سەدان پرد و ڕایەڵ و تەونی جاڵجاڵۆکە ئاسا بەو مەڵبەندەوە پەیوەست و کەمەندگیرین کە منداڵی و لاوییەتی خۆمان لەوێندەرێ بەسەر بردووە.
بەداخەوە لەوەشدا کوردگەلی هەندەران و تاراوگە نائومێدن کە لە دوورەوە دەبینن کوردستان لەسەر لەپ و دەستی عیفریتێک وەستاوە کە جێگای بەقا و متمانە نییە؛ بگرە ئەو خەونانە دەبەنە ژێر گڵ، یان لەناو ئەو گۆڕستانە ڕەنگین و ڕازاوەی گۆڕستانێکی هەندەران دەنێژرێن، کە من لە زۆر کەسم بیستووە لە ئەوروپای “شنگن” کە دەخوازن تەرمەکەیان نەیەتەوە کوردستان و هەر لەوێندەرێ بنێژرێن، چش لەوەی کە گۆڕغەریب دەبن؛ هەندێکیان گەنج و هەم دەستەپیاو و هاوکات پیرێژن و پیرەمێردیشی تێدەکەوێت، کەچی نووسەر و هونەرمەند و کۆنە سیاسەتمەدار حەز دەکەن لە کوردستان بنێژرێن!
من وای دەبینم بۆ خۆم لەگەڵ هۆگریم بۆ هەندێک جێگا و جوگرافیای جیاواز لە کوردستان و هەم جوگرافیای دیکەش سەرساممان دەکەن، بە تایبەتی ئەوروپا، کەچی هەستی نامۆیی و غوربەت زۆر بە قووڵی لە مندا ڕەگاژۆیە و بۆنی غەریبی من هۆکارەکەی غوربەتێکە لە بەرامبەر ئەوانی دیکە کە نەکرا گیانی بە گیانی خەڵکانێک بناسم کە ئەو غوربەتە لە مندا بکوژن. یەکەمین غوربەت لە تەمەنی مێردمنداڵی بەرامبەر باوکم چەکەرەی کرد، کە ئەوەش بۆ خۆی مێژوویەکی نالەبار و ئاڵۆز بوو، کە دەنێو هەموو گوتار و ئەدەبیات و نووسینەکانی مندا ڕەنگی داوەتەوە و بەردەوامیشە.
فەیلەسوف و شانۆنووس و ڕەخنەگری ئەدەبی فەرەنسایی “ژان پۆل سارتەر” (١٩٠٥-١٩٨٠) گوتەنی: “بۆ هەمیشە ئەوانی دیکە بوون دۆزەخی منن”. مەبەست لە ئەوانی دیکە، ئەو خەڵکانە بوون کە لە هەمان جوگرافیادا پێکەوە دەژیان و هاوبەشی هەمان مێژوو بوون، بەڵام دانی پێدا دەنێم کە نامۆیی و غوربەت منی بە جێنەهێشتووە، تەمەن دەڕوا و کوشندەتر و قووڵتر وەک خەنجەرێک سەر دڵی من دەبڕێت؛ بەڵام بە سەدانم بینی لە خەڵکی ئاشنا و ڕۆشنا؛ کە وایان کرد بۆ هەمیشە لە مرۆڤ و مەردمگەل نائومێد نەبم، گەرچی کەمینە بوون، نەک زۆرینە، بگرە لەگەڵ تێپەڕینی ڕۆژگاردا هەست دەکەم دوا جار لەنێو دنیای مندا جوانی و خۆشەویستی و شکۆمەندی و دۆستایەتی گیانی بە گیانی بردییەوە، کە وای کرد خەم لە بەدکار و خراپەکار و شەڕانگێزەکان نەخۆم، یان هەر بە هەق و ڕاستی کەس لە خۆیەوە شەڕانگێز و بەدکار نابێت، دوا جار ئەوە ژینگە و خوێنی خۆمانە کە ڕۆڵی ئۆرگانیگی دەبێت سەبارەت بە پاکی و پیسی و ناشیرینی و جوانی!
تەواو
پەراوێز:
دێوجامە: پارچە قوماشێکە یان پارچە پەڕۆیەکی ڕەنگاوڕەنگە کە ڕاوچی لە کاتی ڕاوە “کەو”دا هەڵیدەواسێت بەو قەفەزەی کە کەوێکی دیکەی تێدایە و دیلە کە بەردەوام بەدەم ناڵەی زیندانی ئاسا دەنێو ئەو قەفەسەدا چریکەی هەوا دەلەرزێنێت و گوێچکەی مەردمگەل دەسمێت.. قاق بە قاق.. قاق بە قاق.. قاق بە قاق. ڕاوچییەکان دڵیان بە داووبەند و فێڵ و ڕامکردن و ڕاوکردنە خۆشە؛ کە وا دەکەوێتەوە کەوەکانی دیکەی ئازاد بە ئاسمانەوە وەک فڕندە خەمخۆر دەبن بۆ کەوی ناو قەفەزەکە؛ بەوە دەزانن کە کەوێکی دیکەی دیلکراوی ناو قەفەزێک گرفتارە و دیل و بەند کراوە، کە ڕاوچییەک پێشتر ڕاوی کردووە، بەڵام لە کۆتاییدا بەوە دەشکێتەوە کە کۆی کەوەکان نزیک و نزیکتر دەبنەوە لە قەفەزەکە بە نیازی ڕزگارکردنی هاوتوخم و هاورەگەزی خۆیان. ئیدی ڕاوچییەکان لە بۆسەدان و بە ساچمەزەن و چەکی جیاواز نیشانە لە کەوە ئازادەکان دەگرن و دەنێو خوێنی خۆیان دەیانگەوزێنن. دەکرێت ژمارەیەکیان بریندار بن، کە ئاسانە بۆ ڕاوچییەکان ئەو کەوانەش بگرن کە پێکراون، ئەوسا شاد و شوکرانەبژێرن بەوەی خوانێکی چەور و جیاواز لە گۆشتی کەوەکان ساز و ئامادە بکەن، کەچی کەوی دیلکراویش لە چریکە و ناڵە ناوەستێت!
چیرۆکی “کەوە”کەی ناو قەفەز پەندێکە کە پێمان دەڵێت ناکرێت تاوەکو چەندین سەدەی دیکە “نیشتیمان” و “ناسیۆنالیزم” و کیمیابارانی هەڵەبجە و ئەنفال و کۆچ و ڕەوکردن و نەخشە و پیلانی سوپەر پاوەر و وڵاتانی زلهێزی دنیای بێمۆڕاڵی بێت بە مەرجی زیندانیکردنمان بە بیانووی “پەیمانی لۆزان” و خیانەتی شای ئێران و هەڵوەشاندنەوەی “پەیمانی جەزائیر” کە ئاکامەکەی پەشیمانبوونەوە بوو لە ١١ ی ئادار و حوکمی زاتی بە موبارەکەی وڵاتی جەزائیر و شایلۆغانی سەدام حوسەین، سەرباری ڕەزامەندی “هێنری کێسینجەر”، ناکرێت هەر هەمووی بکرێت بە “دێوجامە” بۆ ڕاوکردن و کوشتنی هەزاران؟
عەمبارەپۆ: دوو وشەی لێکدراوە، یەکەمیان وشەی “عەمبار”ە کە بە واتا گەنجینە و مەخزەن بۆ کۆکردنەوەی جۆرەها کەلوپەل و کەرەستەی جیاواز بۆ پاراستن لەوەی بێ کەڵک نەبن. دووەمیان وشەی “پۆ”یە کە پاشگری وشەی “عەمبارەپۆ”یە کە سەرچاوەکەی وشەی “پواو”ە کە دەکات داڕزان و هەلاهەلا و خەساربوونی هەر شتگەڵ و کەرەستەی جیاوازە، کە ئەگەر بۆ ماویەکی درێژخایەن لە گەنجینە و ستۆر مایەوە.