بەشی دەیەم
لە ٢٠٠٩، گۆڕان وەک بزاڤێک خۆی نمایش دەکات لە ژێر ناوی کۆمپانیای وشە، کە دواتر بە هەمان میکانیزمی حیزبی هەیکەل و پەیکەری تۆکمە دەکات بەو مەرجەی کە تەنگ بە یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان هەڵبچنێت. سەرباری ململانێ دەگەڵ پارتی، گۆڕان لە ڕەحمی یەکێتیی دێتە دەر و ڕابەر و ئەندامانی دڵگەرمی ئەو بزوتنەوەیە لە تەک پارتی و یەکێتیی دەبن بە سێکوچکەیەک، کە ئیدی هەر یەکەیان بە پشتبەستن بە مێژووی خۆی، بە دەنگ و ئاواز و زمانی خۆی بانگەوازی دەکرد کە کوردستان دەگەێنن بە کەناری بەندەرێکی ئارام.
ئەوەی کە وایکرد دەنگ و ڕەنگی “گۆڕان” ئەو مژدە و بەڵێنە بکات بە خۆزگە و خەونێک بۆ جەماوەری نائومێد، سیاسەتی ناحەز و نالەبار و خۆخۆریی هەردوو حیزبە دەستەڵاتدارەکە بوو، کە ئەزموونێکی تاڵیان پیشانی خەڵکی خۆمان دابوو. ئەمەش وایکرد دەرفەت و خۆشنوودییەک بدات بە بزووتنەوەکە، گوایە فریادڕەسێک هاتۆتە مەیدانێ و وەک “عیسای مەسیح” پەرجوودارە و موعجیزەیەک دەنوێنێت. ئاخۆ ئەم بەڵێن و پەرجووە موعجیزەیەکی نواند یان ئەویشیان ئەزموونێکی تاڵتری خستە سەر ئەزموونە کەڵەکەبووەکان لەسەر ئاستی کەسایەتی دەستەبژێر و میللیگەرایی. گەرچی لایەنگرانی گۆڕان تا هەنووکەش بڕوایان وایە کە ئەو موعجیزەیە دێتە دی. لەکاتێکدا هەزارانیش هەن بە تراویلکە و سەرابی دەزانن؛ با بزانین ڕۆژگاری داهاتوو چی دەسەلمێنێت؟
وەڵامەکەی لای خوێنەرانە، بەڵام من دڵنیام هەر کەس و بەرەیەک هەق بە خۆی دەدات چۆن سەرگوزشتەکەی دەگێڕێتەوە، کە بەگشتی پتر سۆزداری دەبێت نەک عەقڵانی. هەر چۆنێک بێت، مژدەی ڕزگاری لەم قۆناغەدا پێچیدەیەک و وێستگەیەک بوو کە وایکرد ململانێ و ناکۆکی کوشندەتر و تەخوینکردنی یەکدی لە دوو کوچکەیی ببێت بە سێکوچکەیی، کە ئیدی ساڵ بە ساڵ گۆبەندەکەی ئاڵۆزتر و ترسناکتر دەکرد. گۆبەندێک کە سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی شەستەکان، کاتێک لەتەک “پارتی دیموکراتی کوردستان”، کە بە حیزبی دایک ناسرابوو، لە هیکڕا، ئەوانەی دواتر”یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان”یان دروست کرد، حاشا لەو منداڵدان و ڕەحمە دەکەن و پەرچەم و ناسنامەی تازە و نووی خۆی ڕادەگەێنێت. لەسەرەتادا، ئەو لەدایکبوونە ژمارەیەکی بێ شوماری دڵخۆش کرد، هاوکات، بە هەزارانیش وەک هەڵگەڕاوە و خیانەتکار چاوی لێدەکرد.
گەرچی یەکێتیی و پارتی خۆیان وەک سێکولار و ناسیۆنالیست دەناساند، بە ئیمتیازەوە، بەڵام ئەوە ساڵانێکە ژمارەیەکی زۆر لە سیاسەتناس و نووسەر و توێژەر و جەماوەریش پرسیار دەکەن کە بۆچی ئەم دوو حیزبە یەکدی ناگرنەوە و لە زەماوەندێكی کوردانەدا هاونیشتیمانیانی کوردستان شادومان بکەن و ببێت بە شایلۆغان، خواستی پرسیارەکەش پەیوەستە بەوەی کە لەسەر ئاستی ئایدیۆلۆجی ئەم دوو حیزبە جیاوازییەکی ئەوتۆیان نەبوو کە گوتار و دیسکۆرسی نەتەوەیی و ناسیۆنالستانەیان هەمان هەوا و هاوار و هەوار بوون!
بە هەر حاڵ، دۆخی نالەباری ئەو دوو حیزبە، چ لە شاخ و چ لە شار؛ بێ ناکۆکی و شەڕی سووکەڵە و قورس نەبووە، تا درامای داگیرکردنی کوێت لە لایەن سەدام حوسەین دەبێت بە هۆکارێک بۆ خوڵقاندنی “بەرەی کوردستانی”، بە تایبەتی دوای شکستی کارەساتباری عێراق لەسەر دەست و بەهێزی هاوپەیمانان، کە ئاسانکارییەکی بۆ خۆجیاکردنەوەی کوردستان لە عێراق و دروستبوونی قەوارەیەکی کرد بە دیفاکتۆ؛ کە هەر هەموومان کۆی هەقایەتە خۆش و ناخۆشەکەیمان لە یاد نەچووە. لە ناوەڕاستی نۆوەدەکاندا دەست و دیاری ئەو دوو حیزبە بۆ کوردستانی ئازاد براکوژی و ماڵوێرانی بوو.
خوێنباران و ناکۆکی و کوشتار گەیشتە ئەوەی کە لاشەی پێشمەرگەی شەهیدی هەر دوو بەرە بە بێنازی دەنێو کوشتارگاکان بەجێبمێنێت، ئیدی دوای ئەوە هیچ شکۆمەندییەک لەو نێوانەدا نەما و شەوەزەنگی ئێمە درێژەی کێشا و تروسکایەک بەدی نەدەکرا. دەمارگیریی گەیشتە ڕادەیەک کە هەڕەشە لە یەکدی بکەن بەوەی کە کامەیان ئەوی دیکە لە “قەندیل” یان لە “سەفین” یان لە هەولێر یان لە سلێمانی وەدەر دەنێت و دەری دەکات و ئاودیوی دۆزەخی دەکات!
لەناکاو ئەمریکا دەبێت بە موعجیزەخوڵقێن کە لە ماوەیەکی کورتدا پەرجووێک دەنوێنێت، کە ئیدی بە فەرمان و لەژێر فشاری “واشنتۆن” و هاوکات لەژێر فشاری خەڵکی کوردستانی خێرلە خۆ نەدیو و خاوەن قوربانی زۆر؛ پەیمانی ئاشتییەوانی نێوان “یەکێتیی و پارتی”، یانژی “پارتی و یەکێتیی”، مۆر دەکرێت (خوێنەری فامیدە دەزانێت بۆچی دوو جاران ناوی هەردوو حیزبەکە دووبارە دەکەمەوە). هەر بە ڕاست هەیکەل و پەیکەرێک هەیە بە ناوی ‘حیزب’ لە “ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست” بە بەروارد لە تەک حیزب دەنێو وڵاتانی دیکەی پێشکەوتوو و خاوەن مێژووێکی درێژخایەن لە کردەی سیاسەتبازی، بۆ نموونە ئەوروپا؟
ماویەتی