هیوا عه‌ساف
وشه‌ی (نمه‌ك) له زمانی فارسی و له‌زمانی كوردیدا به‌كاردێت. له زمانی فارسی‌دا واتای (خوێ) ده‌دات. له زمانی كوردیدا به شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاو به‌كارنایه‌ت. له كۆندا لای شاعیران به واتایه‌كی نزیك له واتا فارسییه‌كه‌ی به‌كارهاتووه، به‌ڵام به‌گشتی له ناو قسه‌كه‌ری ئاسایی‌دا واتایه‌كی جیاوازی هه‌یه.
لای شاعیران به واتای (خوێ، سوێری، تام و بۆ، وه‌فا) به‌كارهاتووه، بۆ نموونه (سالم) ده‌ڵێت:
دوور له تۆ دوورم له‌خۆ، نه‌زدیكه مه‌رگم شه‌و و ڕۆژ
میحنه‌تی دووری هه‌میسان ڕیتیه ناو چاوم نمه‌ك
لێره (ڕیتیه ناو چاوم نمه‌ك) واته (خوێی ڕێشته ناو چاوم)، له‌مه‌شدا مه‌به‌ست ئه‌وه‌یه (میحنه‌تی دوورییه‌كه‌ی كوێری كردووه). هه‌روه‌ها لای شاعیرانی كلاسیك وشه‌كه له شێوه‌ی جیاوازی وه‌ك (نمه‌ك ڕیتنه برین، نمه‌ك ڕێز، نمه‌كین..) به‌كارهاتووه، كه به واتای (خوێ له برین كردن/ ئازاردان، خوێ ڕێژ، خوێیاوی/ سوێر) دێن.
به‌م پێیه لای شاعیران واتای وشه‌كه له واتای بنه‌ڕه‌تیی دوورنه‌كه‌وتووه‌ته‌وه، یان ده‌كرێت بڵێین ئه‌گه‌ر وشه‌كه له زمانی فارسی وه‌رگیرابێت، سه‌ره‌تا هه‌ر به واتای خۆی به‌كارهاتووه.
له ئاخاوتنی خه‌ڵكدا ئه‌وه‌ی هه‌یه له پێكهاته‌ی چه‌ند ئیدیه‌می وه‌ك (نان و نمه‌ك، نمه‌ك به‌حه‌رام، نمه‌ك سوێر)، هه‌روه‌ها وشه‌ی وه‌ك (نیوه نمه‌ك)دا هه‌یه. زۆر جار له ته‌مسیلی و درامای كوردیدا بۆ به‌رجه‌سته‌كردنی ئه‌و ئیدیه‌مانه له پێكهاته‌ی ئه‌و په‌ندانه‌ی گه‌وره‌یی و پیرۆزیی (نمه‌ك) ده‌رده‌خه‌ن وا وێناكراوه، كه نمه‌ك له پێكهاته‌ی ئه‌و ئيدیه‌مانه‌دا به هه‌مان شێوه‌ی زمانی فارسی واتای (خوێ) ده‌دات و دیمه‌نی خوێ و خواردنی خوێ پیشاندراوه, به‌ڵام ئاخۆ له زمانی كوردیدا پێكهاته و واتا و په‌یامی په‌ند و ئیدیه‌مه‌كان هیچ بیرۆكه‌یه‌كی وابه‌سته به (خوێ) ده‌گه‌یه‌نن؟
له ئاخاوتنی ڕۆژانه‌ی خه‌ڵك و له سه‌رچاوه‌ی تایبه‌ت به په‌ند و ئیدیه‌می كوردی، بۆ نموونه فه‌رهه‌نگی (كوردواته‌نی)ی (ع.ع.شه‌ونم)دا، وشه‌كه له چه‌ند په‌ند و ئیدیه‌مێكدا هاتووه، وه‌ك (نمه‌كی سوێره، نان و نمه‌كی له‌به‌رچاوه، نمه‌كی له‌به‌رچاوه …). ئێستا ئه‌گه‌ر وشه‌ی (نمه‌ك) له‌و ده‌ربڕینانه بكه‌ین به (خوێ) و بڵێین (خوێی سوێره*، نان و خوێی له‌به‌رچاوه*، خوێی له‌به‌رچاوه*) هه‌مان واتامان ده‌ستناكه‌وێت، سه‌رباری ئه‌وه ناوێزه‌ییش دێته‌ئاراوه. ئه‌گه‌ر نمه‌ك واتای خوێ بدات گوتنی (نمه‌كی سوێره) ده‌بێته (هه‌ڵئاوسانی واتایی) و پێویست نییه، چونكه خوێ هه‌ر سوێره و پێویستی به‌و وه‌سفه نییه، وه‌ك چۆن پێوست نییه بڵێین (به‌فری سارد، ئاگری گه‌رم، ماستی سپی…هتد).
له وشه‌ی (نیوه نمه‌ك، نیمه نمه‌ك)دا ده‌رده‌كه‌وێت وشه‌كه له زمانی كوردیدا واتای (نان) ده‌دات، چونكه نیوه نمه‌ك هه‌ویرێكی پانكراوه‌ی بچووكتره له نان و نیوه‌برژ ده‌كرێت، بۆیه (نیوه نمه‌ك) واتای (نیوه نان) ده‌دات. (نان)یش وشه‌یه‌كی فره‌واتایه، واتای (خواردن) و (بژێوی)یش ده‌دات، وه‌ك له پێكهاته‌ی (نان په‌یداكردن، نان بڕین)دا دیاره. ئێستا با بێیه‌نه‌وه سه‌ر باسی ئیدمه‌كان، له‌و ده‌ربڕینانه‌ی سه‌ره‌وه ئه‌گه‌ر وشه‌ی (نان) یان (خواردن) دابنێین و بڵێین (نانی سوێره، نان و خواردنی له‌به‌رچاوه، نانی له‌به‌رچاوه) هیچ كێشه‌یه‌كی واتایی و لادانێك نایه‌ته‌ئاراوه.
له زمانی عه‌ره‌بیدا ئیدیه‌می (ملح وزاد) به‌كاردێت و پیرۆزییه‌كی تێدایه، به‌ڵام وه‌ك ده‌بینین له زمانی كوردیدا خوێ هیچ پیرۆزییه‌كی نییه و به‌كارهێنانی له‌و جۆره‌ی نییه، ئه‌و په‌ند و ئیدیامانه‌ش، كه وشه‌ی (نمه‌ك)یان تێدایه، هیچ بیرۆكه‌یه‌ك له‌باره‌ی خوێوه ناده‌ن و به كۆتی په‌یوه‌ندیی ئاسۆیی نێوان وشه‌كان ڕێ به هاتنی ئه‌و واتایه نادرێت.
نان له كۆمه‌ڵگای كوردیدا له پێویستییه هه‌ره سه‌ره‌كییه‌كانه، بۆیه واتایه‌كی ئه‌رێنیی هه‌یه، به‌ڵام خوێ نه به‌و ڕاده‌یه گرنگه و نه ئه‌و واتا ئه‌رێنییه‌ی هه‌یه. له كوردیدا ده‌گوترێت (نانت له خوانه خزمت- له ده‌ورانه، نانت نه‌بێ له ته‌شتێ خۆ- ته‌مات نه‌بێ به برایێ خۆ، نانی مه‌رد له سكی نامه‌رددا نامێنێ، نانی هه‌ر كه‌ست خوارد- سفره‌كه‌ی مه‌دڕه، نانێ بخۆ نانێ بكه خێر..)، هه‌روه‌ها ده‌ربڕین و ئیدیه‌می وه‌ك (نان و نیعمه‌ت، نانی به ناوچه‌وانه‌وه‌یه، نانی به ناوچه‌وانه‌وه نییه …) گرنگی و پیرۆزیی نان و ناندان ده‌رده‌خه‌ن، بۆیه له كورده‌واریدا زۆرجا سوێند به نان ده‌خورێت و ده‌گوترێت (به‌م نانه، به‌م زاده…). هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌یه ئه‌وه‌ی وه‌فای به‌رامبه‌ر نانی كه‌سێك نه‌بێت و حورمه‌تی نانخواردن له‌گه‌ڵ كه‌سێك و لە ماڵی كەسێك نه‌گرێت و ناپاكی بكات، پێی ده‌گوترێت (نمه‌ك به‌حه‌رام، نمه‌كی له‌به‌رچاونییه، نمه‌كی ئه‌تگرێ…)، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه ده‌گوترێت (نمه‌كی له‌به‌رچاوه). ئه‌وه‌ی له ده‌ستاو و خواردنی ماڵێكی خواردبێ پێی ده‌گوترێت (نمه‌كی كردووه، نمه‌كی ماڵی كردووه …). به‌م پێیه له زمانی كوردیدا، جیاواز له زمانی فارسی، له ئاخاوتنی خه‌ڵكی ئاسایی‌دا (نمه‌ك) چه‌مك و واتای (نان، خواردن، ده‌ستاو) ده‌دات.



