هیوا عەساف
به باوه‌ڕی فەیلەسوفی پراگماتیزم، جۆن دیوی، حه‌زی كۆنتڕۆڵكردنی ئه‌وانی تر، وه‌ك سێكس و غه‌ریزه‌كانی تر، یه‌كێكه له غه‌ریزه‌كانی مرۆڤ. مرۆڤ هه‌میشه ئاره‌زووی ئه‌وه ده‌كات، كه خۆی زاڵ‌بێت و ئه‌وانی تر بخاته ژێر ڕكێفی خۆیه‌وه و ده‌ست به سه‌ر ڕه‌فتار و بیركردنه‌وه‌یاندا بگرێت. ئه‌مه‌ش پێویستی به ئامراز و ڕێخۆشكردن هه‌یه. ئامراز و هۆكاری زاڵبوون، ده‌كرێت به هۆی هێز و زاڵبوونی سه‌ربازی و ئابووری و زانستی بێت، ده‌شكرێت به هۆی سه‌پاندنی هه‌ژموون و كۆنتڕۆڵكردنی بیره‌وه بێت. ئه‌مه‌ش پێویستی به گوتار و ته‌كنیكی دیاریكراو هه‌یه له گوتاردا.
لە جیهانی نوێ و لەم قۆناغەدا بۆ خۆسەپاندن بە ڕادەیەكی كەم پشت بە دەسەڵات و هێزی فیزیكی و سەربازی و زۆرەملێ دەبەسترێت، لەبەرامبەر ئەمەدا پشت بە ڕازیكردن و هێزی نەرم دەبەسترێت. واته پشت به سەپاندنی هه‌ژموون (hegemony) ده‌به‌سترێت، كه تیایدا چینی زاڵی كۆمه‌ڵ یان كۆمەڵگای هەژموونخواز لە ڕێگای سەپاندنی كلتوورەوە دەست بەسەر ڕەفتار و بیركردنەوەی چینی تر و كۆمەڵگای تردا دەگرێت. واتە بە ڕێگایەكی نەرم دەسەڵات لەو كۆمەڵگایانە وەردەگرێت و بە ژێردەستەبوونی خۆیان ڕازییان دەكات. ئەمەش ڕێگایەكی داگیركردنە، هه‌روه‌ها ڕێگایه‌كیشه بۆ به‌رگری له خۆكردن.
كلتوور شێوازی خەڵك یان گرووپێكی دیاریكراوە لە ژیان و تێڕوانینیانە بۆ ژیان. زانین و دابونەریت و هونەر و شێوازی ڕەفتاریان دەگرێتەوە، واتە ڕه‌فتار و بیركردنه‌وه و جیهانبینی و شارستانییه‌تی گه‌لان ده‌گرێته‌وه. یەكێك لە ڕەگەزەكانی كلتوور “زمان”ـە. زمان سیسته‌مێكی هێماییه، كه هێماكان هه‌ڵگری به‌های كلتوورین. له‌كاتی به‌كارهێنانی زمانیش تاكه‌كان گوزارشت له ناسنامه‌ی كه‌سیی خۆیان و كه‌توار (واقع) ی كلتووریی خۆیان ده‌كه‌ن. ئه‌گه‌رچی ناكرێت زمان هه‌ڵگری هه‌موو ورده‌كارییه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگا له ڕووی بیركردنه‌وه و دابونه‌ریت و ڕووداو و دیارده جۆربه‌جۆره‌كانی ناو كۆمه‌ڵ بێت، به‌ڵام ده‌توانێت به‌شێكی زۆری له‌گه‌ڵ خۆیدا هه‌ڵبگرێت و بیگه‌یه‌نێت. بەم پێیە سەپاندن و زاڵبوونی زمان، سەپاندن و زاڵبوونی كلتووری لێ دەكەوێتەوە.
لە پەیوەندیی و تێكەڵاوی نێوان نەتەوەکاند بەریەككەوتنی كلتوور و زمانەكان یەكێكە لە لێكەوتەكان. واتە ململانێی كلتووری و زمانی لە ئەنجامی تێكەڵبوونی نەتەوەکان دێتەئاراوە. لەو ململانێیەدا كلتووری زاڵ و بەزیو، زمانی زاڵ و بەزیو پەیدادەبێت. زمانی زاڵ ئەو زمانەیە خاوەن زمان لە ڕووی ئابووری، سەربازی، ڕۆشنبیری، زانستی، تەكنەلۆجییە بەسەر خاوەنی زمانی دووەم (زمانی بەزیو) دا زاڵن و لەوان بەهێزترن. لە ئەنجامدا زمانی بەزیو دەكەوێتە ژێر هەژموونی زمانی زاڵەوە و كەرەستەی لێ وەردەگرێت. دەكرێت كاریگەرییەكەش پەڕینەوەی دەنگ، وشە، ڕێزمان، شێوازی زمانی زاڵ بێت بۆ ناو زمانی بەزیو. لەم ڕووەوە ئەگەر سەیری پەیوەندیی نێوان زمانی كوردی و زمانانی بێگانەی وەكوو زمانی عەرەبی و ئینگلیزی بكەین، دەبینین جگە لە پەڕینەوەی كەرەستەی وەكو دەنگی (ع، ح، ق…) هەروەها هەزاران وشەی وەك (شیعر، ئەدەب، حكومەت، عەسكەر، سەیارە…) لە زمانی عەرەبی و (تیم، ستاف، ڕۆنگ ساید، گرووپ، چاكەت، تیرۆر…) لە زمانی ئینگلیزی، شێوازی ئەو زمانانەش پەڕیونەتەوە ناو زمانی كوردییەوە، وەك (ئەندازیار ئاسۆ، هەڵدەستێت بە كردنەوەی پێشانگایەك، حەمە ماركێت…هتد)، كە ئەگەر كوردانە قسەبكەین، دەبێت بڵێین (ئاسۆی ئەندازیار، پێشانگایەكی كردەوە، ماركێتی حەمە …).
لە ململانێی زمانی‌دا ڕێگایەكی تری زاڵبوون هەیە، كە لە ڕێگای یەكەم لەسەر نەتەوە مەترسیدارترە، لەم ڕێگایەدا برەو بە زمانی زاڵ دەدرێت و زمانی بەزیو لە نیشتیمانی خۆیدا پەراوێز دەخرێت. واتە ئەمەش یەكێكی ترە لە ڕێگا و شێوازەكانی زاڵبوون و داگیركردنی وڵاتان، كە بەهۆیەوە زمانی زاڵ وەكوو زمانی سەردەم و خەڵكی دەستەبژێر وێنادەكرێت، وەك ئەوەی به‌هۆی داگیركارییه‌وه سەدان ساڵە له ئه‌فریقیا زمانه‌كانی (فه‌ره‌نسی، ئینگلیزی، پورتوگالی، ئیسپانی) تا ڕاده‌یه‌ك له ناو ده‌سته‌بژێره‌كانی كۆمه‌ڵگای ئه‌فریقیا قسه‌یان پێ ده‌كرێت و پێیان ده‌نووسرێت. بۆیه نووسینی ئه‌ده‌بیات له ئه‌فریقیا به زمانی بێگانه له ئاستێكی به‌رزدایە. لە بەرامبەر ئەو زمانە زاڵانەدا زمانانی دایك لە وڵاتانی ئەفریقیا لە پەراوێز و پاشەكشەدا بوونە. ئەم لێكەوتەیەش ڕێككەوت و لەخۆڕا نییە، بەڵكو وڵاتانی داگیركەر و هەژموونخواز هەمیشە بە پلان لەگەڵ خۆیاندا گوتارێك دەهێنن و برەوی پێ دەدەن، كە لە سایەیدا برەو بە زمان و كلتوور و پایەی كۆمەڵایەتییان بدات و دەستیان بە هەموو كایەكان بگات و داگیری بكەن. لە بنەڕەتیشدا زۆربەی ململانێ و ناكۆكییەكان بەهۆی جیاوازیی نەژادی و جیاوازیی زمانەوەیە، بۆیە ڤۆڵتێر دەڵێت “هەمەجۆریی زمانەكان یەكێكە لە گەورەترین بەڵاكان”.
زمانی ئینگلیزی، كە یەكێكە لەو زمانانەی، لە سەر ئاستی جیهان بەكارهێنەری زۆری هەیە و ئێستا نزیكەی دوو ملیار كەس لە جیهاندا زمانی یەكەم یان دووەمیانە، بە هۆكاری داگیركاری و ویستی فراوانخوازیی سەدان ساڵی بەریتانیا لە جیهاندا ئەو پایەیەی وەرگرتووە. ئێستا هەژموونی زمانی ئینگلیزی لە جیهاندا واقعێكە پێشی لێ ناگیرێت. لە وڵاتانی پێشكەوتوودا لە پاڵ زمانی دایك منداڵ فێری زمانی ئینگلیزی دەكرێت، لە هەندێك وڵات‌دا زمانی ئینگلیزی جێگای زمانی دایكی گرتووەتەوە، وەك وڵاتی ئەندەنوسیا، خەریكە لە كوردستانیش جێگا بە زمانی كوردی لەق بكات و مەترسیی لەسەر زمانی دایك دروست بكات. مەترسییەكەش لەوەدایە كاتێك زمانی هەژموونخواز جێگای زمانی دایك دەگرێتەوە، كلتوورێكی نوێ جێگا بە كلتووری نەتەوەی بەزیو لەق دەكەیت، ئەمەش لە قۆناغی یەكەمدا بەریەككەوتنی دوو كلتووری جیاوازی لا منداڵ لێ دەكەوێتەوە، ئەو كلتوورەی لەگەڵ زمانەكەدا وەریگرتووە، لەگەڵ ئەو كلتوورەی لە كەتوار (واقع) دا هەیە. لە كۆتاییشدا سڕینەوەی نەتەوەی دووەمی لێ دەكەوێتەوە، بۆیە وڵاتانی پێشكەوتوو ناهێڵن نەوەكانیان زمانی دایكیان بیربچێتەوە و هیچ زمانێك جێگایان بگرێتەوە، لەسەر ئەو بنەمایە سەرەتا پێوستە منداڵ فێری زمانی دایك بێت، تاكوو لە ڕێگەیەوە فێری كلتووری نەتەوە بێت. زمانی دایك بەردی بناغەی پێگەیشتنی منداڵە و ڕێگەی بیركردنەوە دیاردەكات، بۆیە دەبینین مرۆڤ بە هەر زمانێك بدوێت سەرەتا بە زمانی دایك بیردەكاتەوە. ئەگەر پێش جێگربوونی زمانی دایك زیاتر لە سیستەمێك بخرێتە بیری منداڵەوە، تووشی ئاڵۆزی بیركردنەوە و ئاڵۆزیی زمانی و تێگەیشتن دەبێت. ئەمەش لاوازیی بیركردنەوە و لاوازیی تێگەیشتنی لێ دەكەوێتەوە.



