هاوژین مستەفا حوسین
کاتی ئەوە هاتووە جیهان دان بە گرنگیی ژنان لەسەرکردایەتیکردندا بنێت و پابەند بێت بە دانانی ژنی زیاتر لە پۆستە باڵاکانی دەسەڵاتدا.
هە وەک بینیمان و بیستمان لە ڕابردوو، ئێستا ژنان شانبەشانی پیاوان خاوەن پێگە و دەسەڵات بوونە، وەک سەرکردەیەک ڕۆڵی جیاجیایان گێڕاوە لە سەرانسەری جیهاندا.
لە مێژووی دوور و نزیکدا، هەر کاتێک ژن دەرفەتی گونجاوی بۆ هەڵکەوتبێت، توانیویەتی شان بە شانی پیاو ڕۆڵی سەرکردە و ڕێبەرێتی ببینێت، هەرچەندە لە کۆمەڵگەیەک تا یەکێکی دیکە بە شێوەیەکی ڕێژەیی جیاواز بووە. لەو بارەیەشەوە نموونەی زۆرمان هەن لە بواری سیاسی، دەوڵەتەداری، زانست و داهێنانەکان، لەپاڵ ئەو ڕۆڵە گرنگە پەروەردەش کە هەمیشە گێڕاویەتی و تیایدا پێشەنگ بووە.
لێرەدا پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە، ئایا ژن دەرفەتی یەکسانیی پێدراوە بۆ وەرگرتنی پۆستی باڵاو و بینینی ڕۆڵی خۆی لە دەسەڵاتی سیاسی و ئیداریدا لە کۆمەڵگەی کوردستان-یدا؟ بە مانایەکی دیکە، ئایا لە پلە و پۆستە بەرزەکاندا ڕەچاوی یەکسانی جێندەری کراوە؟
بێگومان بۆ وەڵام دانەوەی ئەم پرسیارە و چەندین پرسیاری هاوشێوە، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ مێژووی بزووتنەوەی ژنان، داخۆ تا چەند توانراوە ئەم یەکسانییە فەراهەم بکرێت. لەپاڵ ئەمەش ئێستا ژنان لە چاو ڕابردوو زیاتر هاتوونەتە دەرەوە و ڕۆڵی سەرکردایەتی دەگێرن و خاونی دەسەڵاتی جیاجیان.
ئەگەر هەرێمی کوردستان بە نموونە وەربگرین، ئەوا وەک گوتمان لە ڕابردوودا چەندان ژنی سەرکردەمان هەبوون کە خاوەنی دەسەڵاتبوونە، دەبینین ئێستاش زیاترن هەم لەبواری سەربازی هەم ئابووری. ئەی چی ئەگەر بەراوردی نێوان دەسەڵاتە سیاس وئابووری و کۆمەڵاتییەکان بکەین. دەکرێت بڵێین لە ڕووی سیاسیەوە باش چۆتە پێشەوە بەتایبەتی لە پەرلەمان ٣٠٪ ی تێپەڕ کردووە.
ئەو پێگەیەی ژنانی ئەمڕۆ هەیانە، ناتوانین بڵێین لە ڕێگای تواناکان چوونەتە دەسەڵاتەوە، یان ئەوەتا سەر بە دەسەڵاتێکی حیزبین یاخود بنەماڵەیەکی سیاسی، ئەمە خۆی لەخۆی دا دووبارە کێشە بۆ ژنان دروست دەکات.
ڕەنگە ئێستا بپرسیت چۆن؟ ئەگەر بێتو ئەم ژنانە نەتوانن بیسەلمێنن کە ژن توانای چالاکی سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتی و دەوڵەتداریان هەیە بێدوودڵی دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی توانا و هێزی ژنانی تر کە دەدرێت لە کەسایەتیان، هەزاران کێشەی گەورەیان بۆ دروست دەکات، هەروەها وەها دەبینرێن کە ژنان ناتوانن دەستەڵاتداری بکەن!
بۆ ئەم مەبەستەش پێویستە حکومەتەکان کار بۆ ئەوە بکەن ژنان لە بازنەی هاوکاری و بەزەیی بهێنە دەرەوە. ژنان وەک ژن هێز و تواناکانیان بەکاربهێنن لە بەشداری سیاسیدا، لەهەمان کاتدا ژینگەیەکی تەندروست بۆ ژنان دروست بکرێت کە بتوانن خۆیان بن و بچنە ناوەندی بڕیاردان و دەسەڵاتەوە. لە هەمووی گرینگتر ناکرێت ئەوە لەیاد بکەین، ئێمە خاوەنی کلتوورێکین کە هێشتا مۆرکێکی کۆنەپەرستی/کۆنەپارێزی بەسەرماندا زاڵە، نێرسالاری و زانست و ئاین بەکار دەهێنرێن بۆئەوەی ژنان بچەوسێنرێنەوە و نەگەن بە پلە و پۆستە بەرزەکان.
کێشەکە داخۆ لەکوێدایە؟ لە توانای پەروەردەیی و ئیداریی و سیاسیی ژنان، یاخود لە هۆشیاری سیاسیی دەنگدەرە، بەتایبەتی دەنگدەری ژن کە تا ئێستا ئامادە نییە پشتیوانی لە پاڵێوراوە ژنەکان بکات! لێرەدا کلتوور یەکێکە لەو توخمانەی کە ڕۆڵێکی باڵا دەبینێت و پێویستە بە جیددی لەسەری بوەستین. ئەقڵییەتی پیاوسالاری بە شێوەیەکی بەرفراوان زاڵە، ئەو ئەقڵییەتەش وایکردووە ژنان بۆ خۆیان قوربانی دەستی خودی ژنان بن. کاتێک دایکێک سنوور بۆ کچەکەی دادەنێت و ناهێڵێت وەکوو پێویست کچەکەی متمانەی بەخۆی هەبێت و هەوڵ بدات سنوورە نەریتییە دواکەوتوەکان بەجێ بێڵێت، ئەوە بۆی هەیە جۆرێک لە بێئینتیمایی بۆ ئەو کچە دروست بکات.
لەکۆتاییدا دەمەوێت بڵێم، ژنان وەک سەرکردە و بڕیاردەر لە هەموو ئاستەکاندا گرینگن بۆ پێشخستنی دادپەروەری و یەکسانی جێندەری و کۆمەڵگەیەکی سەقامگیر. ژنانی سەرکردەی ئەمڕۆ لەسەرانسەری جیهاندا ژیان باشتر دەکەن و ئیلهام بەخشن بۆ داهاتویەکی باشتر. بەڵام بەداخەوە هێشتان یەکسانی زۆر دوورە و پێشکەوتن لەسەر بەشداریکردنی ژنان لە بڕیاردان زۆر خاوە. زۆر کەس پێیان وایە پیاوان سەرکردەیەکی سروشتی و باشترن لە ژنان. بۆیە ئیتر پێویستە و کاتیەتی ڕێرەوەکان بگۆردرێن و دەستەڵات بە یەکسانی دابەش بکرێت. بەدەستەوە گرتنی دەستەڵاتیش لەلایەن ژنانەوە لەدواجار لە قازانجی کۆمەڵگاکانە، بەڵگەش بۆ ئەمە هەبوونی ئازادی و یەکسانی ڕەگەزی، کۆمەڵگاکان پێشکەوتووتر دەکات.



