بەشی پێنجەم
دەبێت هەر لە هەنووکەوە ئاماژە بەو ڕوانین و گوتارە بدەم کە لە چەندین وڵاتی نێو بازنەی “شنگن”دا دووبارە دەبۆوە لە ناواخنی سێمینار و کۆڕەکانمدا. خودی نموونەکەشم پەیوەست بوو بە دوو نووسەری ناسراو و پێشڕەو دەنێو دنیای ئەدەبدا، دیارە من دەتوانم نموونەی سەدان بیرمەند و نووسەر و هونەرمەند و فەیلەسوف و پسپۆڕ بێنمەوە دەنێو کایەکانی زانستە مرۆیی و زانستە سروشتییەکان کە هیچ وەختێک ئامادە نەبوون سڵ بکەنەوە لە ڕەخنە و پرسیار و گومان، نەک لە بەرامبەر نیشتیمان، بەڵکو کۆی میراتی فکری و کۆی چەمک و ئایدیا و بەهاکانی پێش خۆیان، یان زەمەنی خۆیان، سەرسەختانە ڕوانین و ڕەخنەی خۆیان درکاندووە و گومان و پرسیار و ناڕەزایی خۆیان خستۆتە ڕوو، بە تایبەتیش بەها و کردە و ئەزموونە پەیوەندیدارەکان بە سیاسەت و ئایین و سیستمی پەروەردە و خێزان و کۆی کایەکانی پەیوەست بە ژیان و زیندەگی مەردمگەل.
ڕەخنەگران لەگەڵ سەرهەڵدان و گەشەی فکر و ئەدەبیات و فەلسەفەی “یۆنان”ی تاوەکوو ئێستا گومانیان لە هەر هەموو دیاردە و چالاکی مرۆیی و خودی مێژوو و مەزهەبگەرایی و دەستەڵاتداران هەبووە و هەیە؛ بە تایبەتی فەزای گشتی لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی. تێگەیشتنەکانیان گەیشتۆتە سەر ئەوەی کە گومان لە خودی نیشتیمان و ناسیونالیزم و کۆمۆنیزم و مارکسیزم و هەموو “ئیزمەکان”ی دیکە بکەن، بە تایبەتی ئەو نیشتیمانەی کە بووەتە موڵکی چەند زاتێک و ماڵباتێک؛ یان نیشتیمانێک کە بۆتە موڵکی میرەکانی جەنگ و جەنگ و جەنگ. ئەو ڕەخنەگرانە نیشتیمانپەروەرییەک ڕەتدەکەنەوە کە هی ئەو کەسانەیە بەناوی ئایدیۆلۆجیای سەرزەمینی و دنیایی و ئاسمانی خۆیان دەکەن بە خاوەنی خەڵک و خاک و نیشتیمان، هەر کەسێک ڕۆحی ڕەخنەکاری و پرسیار و گومانی هەبێت؛ دەکەوێتە دەرەوەی قەڵا سەختگیرەکان و ئەو سەرزەمینەی کە کراوە بە زیندان کەچی بە نرخی بەهەشت پێمانی دەفرۆشنەوە!
ئەوە فەیلەسوف و بیرمەند و ئەکادیمست و ئەدیب و قەڵەم بەدەست و زاناکانی نێو هەردوو کایە و کێڵگەی زانستە مرۆیی و زانستە سروشتییەکان بوون کە توانیان دەنێو پانتاییەکی بەرفراوانی جوگرافیای نێو هەر حەوت کێشوەرەکە وایان کرد نەوە دوای نەوە بەخۆیاندا بچنەوە و بکەونە چاکسازی و پاکسازی، لە سەرکردەکانەوە بۆ بنکردەکان. ئەوە کاریگەریی ڕەخنەکانی ئەوان بوو کە لە هەندێک وڵاتی ئەم دنیایە هەناسەیەکی دیموکراسی هەیە و مافەکانی مرۆڤ تا ڕادەیەک پارێزراوە. ئەوە تەنیا من نیم، بەڵكو هەموو خەڵکی فەرهەنگدار و عەوامیش دەزانێت کە دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ بەرهەمی ڕەخنە بوون، بە دێژایی مێژوو، نەک بەخشیش و منەتی دەستەڵاتداران. لە ڕاستیدا کەم و زۆری خۆشگوزەرانی و گەیشتن بە ئارامی و سەربەستی و یەکسانی و دادپەروەری هەر زادەی ڕەخنە بووە. دەنێو ئەو جوگرافیایەی کە تیایدا ڕەخنەگرتن و پرسیار و گومان بڤە و قەدەغە و حەرام و ناجۆرە و دڵی دەستەڵاتداران تەنگ و نیگەران دەکات، ئەوسا خێر و خۆشگوزەرانی و مافی مرۆڤ و بەهاکان و ئایدیاکان دەبن بە مەحاڵ، لەسەر کاغەز چی بۆ مرۆڤ بە کەڵکە و ژیانێکی شکۆمەندانەی پێدەبەخشێت، نموونەی “دەستوور”؛ هەر هەمووی یاداشت کراوە و تۆمارن، بەڵام لە باری کردەیی و پراکتیکی ڕاست و دروست نین و مەرەکەبی سەر کاغەزن، بە تایبەتی لە “ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست”.
لە هەنووکەدا دەنێو ئەو وڵاتانەی کە مافی سەگ و پشیلە و تووتی و مشک و ماریش هەیە، نەک تەنها بنیادەم، بە سەدان بیرمەند و ڕەوشتمەند و عەقڵزەدە و دەمهەراش بەردوام گومان و پرسیاری سەرەخۆرەیان هەیە، تەنانەت گومان لەو دنیایەش دەکەن کە سەربەستی و یەکسانی و مافی مرۆڤ تاڕادەیەک تێیدا بەرقەرارە. ڕەخنەگرانی ئەودیو زەریاکان، تاوەکوو ئێستاش تەواوی میراتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووری و فکری و فەرهەنگی ڕۆژئاوا دەخەنە ژێر پرسیار و ڕەخنەی لێدەگرن. هەر ئەوەندەمان بەسە کە فەیلەسوفان و بیرمەندانی “قوتابخانەی فرانکفۆرت” بە نموونە بێنینەوە کە چۆن کۆی شارستانییەتی “ڕۆژئاوا”یان شەن و کەو کرد و لە دادگایی کۆی میراتی فکری و کۆمەڵایەتی و ئابووری و کۆمەڵایەتی نەوەستان و ئێستاکەش بیرمەندانی سەر بە نەوەی تازە هەڵگری هەمان هەوڵ و کۆششن و ناسرەون و چاودێری کۆی کایە و چالاکییەکان دەکەن و سیاستەبازەکانی خۆیان هەراسان دەکەن و ئەوانی پێگەدار و بڕیاربەدەست مەمنوون و شوکرانەبژێرن!
کەچی بە پانتایی “ڕەشهەڵاتی ناوەڕاست” و بە هەرێمەکەی ئێمەشەوە کەمترین چاکسازی و گۆڕانکاری و گومانکردن لە سیاسەت و مەزهەب و خانە پەروەردەییەکانی وەک ماڵ و خێزان و سیستەمی پەروەردە بوونی نییە. تاکە هەوڵێک لە بواری چاکسازیدا کە زەق و دیارە کە پتر پەیوەستە بە پێداچوونەوە لە کۆی میراتی باوک و باپیران، بە تایبەتی لە بواری چاکسازیی ئایینی و ژیانی کۆمەڵایەتی، ئەو هەوڵ و کۆششەی ئەمیر “محمد سەلمان”ی سعودییەی عەرەبییە. دەنێو جیهانی عەرەبی و ئیسلامی دوو بەرەی جیاواز هەن کە هەندێکیان هاوسۆزی ئەم هەنگاوەی ئەو زاتەن، هاوکات بەرەیەکی دیکە بە بەدکار و تێکدەری میراتی ئیسلامی ناوزەدی دەکەن، بگرە وەک “غەرەبزەدە و پیاوی رۆژئاوا” چاوی لێدەکەن. داهاتوو دەیسەلمێنێت کە بە چ ئاکامێک دەگات!
هەر نووسەر و قەڵەم بەدەست و هونەرمەند و وەرزشەوان و پیشەگەر و کەمئەندام و مامۆستا و کۆی ئەو زاتانەی دەنێو کایە و مەیدانی جیاواز سەرقاڵی کار و کاسبین لەسەر ئاستی فەرهەنگیی لە هەوڵ و کۆششدان، گەر لە تاو ژیانێکی تاڵ و تەنگژەبار هاوار بکەن و ناڵەیان لێ هەستابێت، گەر بکەونە بەرواردکاری ئێرە و وڵاتانی خۆشگوزەران، یەکسەر هەوادارانی حیزب و دەستەڵاتداری، تۆمەتی غەرەبزەدەیی و “تابووری پێنجەم”ی دەخەنە پاڵ. هەڵبەتە لەمڕۆکەدا تەکنۆلۆجیا و پردی پەیوەندی دیجیتاڵی خێرا و جۆراوجۆر، کارێکی وایکردووە کە خەڵکی گوندنشینی کۆی جوگرافیای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەر لە ڕێگەی تەلەفۆنە زیرەکەکەی خۆیەوە دەزانێت هەنووکە چی لە هەر حەوت کێشوەرەکە دەگوزەرێت. مرۆڤ تاکە گیاندارێکە کە شێت و شەیدای بەراوردکارییە، ئەمەیان خەسڵەتێکی بنایدەمییە، ناکرێت خەڵکی بگەڕێنەوە ڕۆژگاری “حەچە هەرە” و ڕادیۆی ترانزستەر و پەیتوون و پەستقەمەرە و گاجووت و ناعوور و دەوارنشینی… گەڕانەوە مەحاڵە!
هەر خودی جیاکردنەوەی “دین” لە “دەوڵەت” بۆ خۆی دنیایەکی تازەی هێنایە پێشێ کە لەمڕۆکەدا وەک دیوە مەزهەبگەراکەی جەنگ و شەڕ و خوێنخۆری نێوان “کاتۆلیک” و “پرۆتستانت” گوزەشت و دووبارە نابێتەوە. جیاکردنەوەی ماڵی “دین” لە “دەوڵەت” گەڕانەوە و وردبینی بیرمەندانی ئەودیو زەریاکان بوو کە ڕامان و وەستان بوو لەسەر ڕستە و حیکمەتێکی زۆر کورت و پوختی “عیسای مەسیح”، کە ئەو کات باجگران و دەستەڵاتدارانی ئیسرائیل لە جیاتی قەبوڵکردنی ڕەخنەگرتن لە فەرمانڕەوا و پیاوانی ئایینی مفتخۆر، وایکرد لە “ڕۆما”وە قەیسەر هاواری لێ هەڵبستێ و فەرمانی دەرکرد بۆ “بیلاتس” کە سەردار و پاریزگاری ئیسرائیل بوو، پەیاماکەی قەیسەر لەوەدا چڕ بۆوە کە مەرجە “عیسای مەسیح” سزا بدرێت، بەبێ عەینی شەڕیان پێ فرۆشت کە ئەم باج و خەراجی نەداوە. “مەسیح” دەیزانی کە ئەوەیان کینەبازی دەستەڵاتدارانی دینی و دنیایی نێو تۆڕی داخ لە دڵی “ئیسرائیل”ـە . بۆیە لە وەڵامی تۆمەتباکردنەکەی فەرمووی “نەخێر، من چاک دەزانم کە ئەوەی هی قەیسەرە، داومەتەوە قەیسەر، ئەو بەشەی کە هی خودایە، داومەتەوە بە خودا.” خودی ئەم وتەزا پەندئامێزە و وەڵامە لەلایەن فەیلەسوف و بیرمەندە عەقڵزەدەکانی “ڕۆژئاوا” کاری لەسەر کراوە. ئیدی بە هەق لەوساوە تا هەنووکە ئەگەر کەمێک ئارامی هەبێت لە نێو ماڵی مەزهەبگەرا و ئایین و فکری پاک و پیس و دنیای دوون هەر هەموویان قەرزاری “عیسای مەسیح”ن بۆ ئەو گوفتار و گوتەیەی کە درکاندی.
گەلۆ، من چەندین ئایەت و فەرموودەم خوێندۆتەوە و لە گەنجیمەوە ئەزبەرم کردوون، کە پتر لەو حیکمەتەی “مەسیح” بوار دەدات کە دنیایەکی دیکەی ئاشتییەوانی دەنێو “ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست”دا ساز ببێت و هەمان ئەزموونەکەی “مەسیح” دووبارە لێروکانە و هەنووکە پەیڕەو بکرێت، بەڵام بۆ تاوەکو ئێستا ئەمە لە دنیای عەرەبی و ئیسلامی نەبۆتە پڕۆژە و کردار؟ وەڵامەکەی بۆ ئێوە بەجێدێڵم، بە تایبەتی ئەوانەی خۆیان بە خەمخۆری نیشتیمان و ژیانی سیاسی و ئایینی و ئیمانەکەی خۆیان دەزانن.
ئاخر مەرجە ئەو پەندە لەبەر چاو بگرین کە ئەوە خودی چاکسازی و چاکسازی ئایینی و مەزهەبگەرایی بوو کە وایکرد کە دراما و تراجیدیای چەندین سەدەی تاریکپەرستی و و مەرگدۆستی و نیکرۆفیلیا و ستەم و چەوساندنەوەی پیاوان بۆ ژنان کە مسیۆجنستیک و فۆبیادار و کینەباز دەرهەق بە ژنان بگۆڕیت و بنەبڕ بێت. خودی پیاوانی مەزهەبگەرا و سەر بە کڵێسای جیاواز، ڕق و کینە و فۆبیای شێتگیری بە ناوی پاکسازی و ڕۆحانییەت، کەوتنە سەر هەڵمەتی کوشتن و قڕکردنی ژنان و کچان، کە وەها چڕ و کوشندە بووە کە هەڵمەتی “دادگای پشکنین” دامەزرا کە تیایدا بە هەزاران ژنیان سووتاند و قەنارەیان بۆ هەڵواسرا، خاڵ و ماک و پەڵەیەک لەسەر جەستەی ژنانیان بدۆزیبایەتەوە، دەبوو بە بەڵگە کە ئەوەیان جێ ماچی شەیتانە، یان خانمانی قژ سوور دەکران بە دۆست و شەریکی شەیتان، کە خودی ئەو هەڵمەتەیان ناونا “ڕاوکردنی جادووگەران” کە بوو بە قەسابخانە بۆ ژنان و کچان!
ماویەتی



