كازم جەباری
ڕەوڕەوەی شارستانی و مێژوویی هەر گەل و نەتەوەیەك ئەوە دەخوازێت، بایەخ بە كەلوپەل و كەرەستە و پاشماوەوە و یادەوەرییەكانی خۆی بدات، لە دونیادا هیچ گەلێك نییە خاوەن شوناس و شانازی مێژوویی و نیشتیمانی و نەتەوەیی و سەرمایەی ڕەمزی خۆی نەبێت، جا چ لە سەر ئاستی گشتی فەرهەنگ و شارستاینەتییەكەی بێت یاخود لەسەر ئاستی كارەكتەریی و كاریزمایی… هتد.
ڕەنگە مرۆڤ بەپێی گۆڕانكاری لە قۆناغەكانی پێشكەوتنی ڕەوتی دیرۆكی و ژیاری مرۆڤایەتی و لەوكاتەوەی كە دركی بە گرنگی ئەرشیفكردن و پاراستنی یادەوەریەكانی كردبێتەوە مۆزەخانەی كردبێت بە دیاری و سیمبوڵ بۆ نمایشكردنی بەها شارستانی و شكۆ مرۆییەكەی، ئەمەش دیاری و یادگارییەكی نایابە. هەتا ئەو كاتە هێزی مانەوەی هەیە كە مرۆڤ بایەخی پێبدات و پارێزگاری لێبكات، ئەمەش بیانوویەكی باشە لەلایەك بۆ پارێزگاری كردن لە مانەوەی ڕابردووی خۆی، لەلایەكی تر بۆ پێشاندانی تواناو لێهاتوویەكانی لەمەڕ ئاڵانگارییەكانی ژیان. ئەمە ئەو هەستەمان پێدەبەخشێت كە مۆزەخانە بەتەنها شوێنێك نییە بۆ نمایشكردن، واتا بە تەنها سیفەتێكی “شوێن”ی نییە، بەڵكو بەشێكە لە قوتابخانەی مرۆڤایەتی و سیفەتی “كات”یشی هەیە و ڕابردوو ئێستامان پێكەوە گرێدەدات، بە تەنها ماددە (كەرەستە) نییە و جەستەیەكی مردوو و خانەیەكی بێدەنگ لەخۆ بگرێت. نها هەڵگری مانای قوڵی مەعریفییە. هەمیشە بەسەردانیكردنی شتی نوێی لێوە فێردەبین، باشتر لە ڕابردووی خۆمان تێدەگەین دەتوانین لەوێوە كۆدەكانی ژیانی ڕابردووی خۆمان بدۆزینەوە. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ئەمڕۆكە مۆزەخانەكان بوونەتە ناوەندێكی تەرفیهی و گەشتوگوزاری بۆ ئەو ڕێبوار و گەشتیارانەی كە وەك سەرخانێكی گەشتیاری لە مۆزەخانە دەڕوانن و بەشێك لە وێستگەی گەشتەكانیانی بۆ تەرخان دەكەن. ڕەنگە ئەمەش بۆ وڵاتی خانەخوێ خراپ نەبێت بە دیوە ئابووری و پیشەسازی و بازاڕسازیە گەشتیاریەكەیدا.
چەمكی مۆزەخانە
مۆزەخانە لە زمانی عەرەبیدا بە مەتحەف (متحف)، لە زمانی ئینگلیزیدا بە (museum) ناوبراوە، هەرچی ڕیشەی وشە ئینگلیزیەكەیە لە وشەیەکی گریكی (mousein) یاخود “مۆزە”وە وەرگیراوە كە وشەكە لە شارستانیەتی یۆنانی كۆندا بەواتای “گردێكی ئاینی” كۆن دێت لە یۆنان كە تایبەت بووە بە پەرستگای خوداوەندی هونەر و پیشەكان. بەدی لە ئێستادا مۆزەخانە دیاردەیەکی مرۆیی و کلتووری و فەرهەنگییە، سیمبوڵێکی یادگاری کردە، یادەوەری و کەلوپەلە مێژوویی و نەتەوەیی و فۆلکلۆرییەکانی ڕابردوی نەتەوەکانی تێدا دەپارێزرێت. هەندێک کات مۆزەخانە دەبێتە نمایشی تۆمارێکی هاوبەشی دیرۆكی پیشاندراوی گەلانی جیهان، تێیدا بەرهەمی شارستانی و کلتووری تێکڕای گەلانی جیهانی تێدا دەپارێزرێت. واتا وابەستە نابێت بە مێژوو و کلتووری و شارستانیەتی شوێنگە و جوگرافیایەکی دیاریکراو، وەک ئەوەی لە مۆزەخانەکانی لۆڤەر لە پاریس، مۆزەخانەی نیشتیمانی لە بەریتانیا دەبینرێت. هەندێک لە وڵاتانیش مۆزەخانەکانیان تایبەتمەندن بە وێنەنمای کلتوور و شارستانیەتی نەتەوە و سنووری جوگرافیاکردی وڵاتانی خۆیان. واتا لێرەدا مۆزەخانە دەبێتە پارێزەر و پەناگە و ژوانی فەرهەنگی ڕابردوی گەلانی وڵاتێکی دیاریکراو.
پۆلێنبەندی مۆزەخانەكان لەسەر ئاستی میراتی شارستانیەتی مرۆڤایەتی
بەم پێیە دەتوانین مۆزەخانە لەسەر ئاستی میراتی مێژوویی و فەرهەنگی و شارستانی مرۆڤایەتی لەمەڕ ئاستی جیهان دابەشبکەین بۆ:
مۆزەخانە جیهانییەکان: لێرەدا ئەم مۆزەخانانە میراتێکی مێژوویی شارستانیەتی تێکڕای گەلانی جیهانە تایبەتە بە پاراستنی ئەو کەرەستە و تابلۆ و کەل و پەلە بەجێماوانەی کە موڵکی مرۆڤایەتین و لەو مۆزەخانەدا پارێزراون. نموونە بۆ ئەم تایپە لە مۆزەخانە: مۆزەخانەی لۆڤەرە لە پاریس.
مۆزەخانە نیشتیمانییەکان: ئەم مۆزەخانانە بەرهەمی مێژوویی و شارستانی گەلانی جوگرافیا و وڵاتێکی تایبەتی تێدا دەپارێزرێت، زۆربەی وڵاتانی جیهان خاوەنداری هاوشێوەی لەم جۆرە مۆزەخانانەیان هەیە، بەتایبەت ئەو وڵاتانەی کە خاوەن ژیارێکی و کۆنی مێژوویین. ڕەوڕەوەی شارستانیەت لێیانەوە سەری هەڵداوە یان شارستانیەت پێیاندا تێپەڕیووە. ئەم وڵاتانە بەهۆی دێرینی شوێنگە ژیاری و مێژووەکەیانەوە خاوەن سەرمایەیەکی ڕەمزی و پاشماوەی ڕەسەنی کۆنی مێژوویین و کە خۆی لە بەرهەمی چاخەکانی پێش مێژوو و چاخە مێژوویەکان و چاخەكانی دواتردا دەبینێتەوە. نیشتیمانی ئەم وڵاتانە پڕە لە داستان و کەرەستە و سامانی ماددی و مەعنەوی، هەروەک شارستانیەت لە سادەترین پێناسەیدا بریتیە لە کۆی پاشماوە و کەرەستە ماددیەکانی وەک ئەشکەوت و پەناگە و كوخ و هەڵکۆڵرا و هۆکار و پێداویستیە ژیانیەکانی وەک قاپ و قاچاخ و نەخش و نیگار و کەرەستەی جەنگی و هۆکاری خۆپارێزی و کەرەستە مەعنەوییەکانی وەکو بیروباوەڕ و هونەر و ئەدەب (شیعر، چیرۆک، داستان، ئەفسانە) و بیرو ئەندێشەو، کە میرات و موڵکی مرۆڤایەتین.
هەرچی نموونەی مۆزەخانەی نیشتیمانییە، ئەوا ئەم جۆرە مۆزەخانە لە زۆر وڵاتانی خاوەن شارستانی وەک میسۆپۆتامیا (عێراقی ئێستا) و شارستانیەتی دۆڵی نیل (میسری ئێستا) دا گرنگی پێدەدرێت وەک مۆزەخانەی نیشتیمانیی لە بەغدا و مۆزەخانەی نیشتیمانیی لە میسر. ئەوەش ڕاستە كە مەرج نییە مۆزەخانە نیشتیمانییەكان تەنها تایبەت بێت بەو وڵاتانەی كە مێژوویەكی كۆنیان هەیە بەڵكو مۆزەخانە ناوەندێكە بۆ ئەو كەرەستانەی كە سەرمایەیەكی ڕەمزی و بەهایەكی نیشتیمانیان هەیە لە لای وڵاتان.
مۆزەخانە لۆكاڵییەكان (کەسییەکان): ئەم مۆزەخانانە، ڕەنگە لەلایەن کەسێک یان دەزگایەکەوە بەڕێوەببرێت، تایبەتن بە پاراستنی کەرەستە و بەرهەم و یادەوەریەکانی کەسێک یان گرووپێکی دیاریکراو، بەگشتی تواناکانی ئەم جۆرە مۆزەخانانە سنووردارە لەڕووی دەوڵەمەندی کەرەستە و فراوانی شوێن و تەکنیکەکانی پاراستنی یادەوەرییەکان، دەکرێت کەمتر ڕەگێکی قووڵی دیرۆکی و ژیارییان هەبێت خاوەن مێژوویەکی نزیک بن. ئەمەش ئەو مۆزەخانانە دەگرنەوە کە لێرەو لەوێ بایەخیان پێ دەدرێت، دەگونجێت زۆر هۆکاری مێژوویی و کۆمەڵایەتیی و ڕۆشبیریی و نیشتیمانیی و کاریزمابوون لەپشت سەرهەڵانیانەوە هەبێت. ئەم مۆزەخانانە بۆ ڕێزگرتنە لە هەوڵ و تێكۆشان و خەباتی ئەو کەسانەی کە وەک سیمبوڵێکی نیشتیمانیی و نەتەوەیی تەماشا دەکرێن لە مێژووی گەلاندا. لە کوردستان دا ئەم جۆرە مۆزەخانانە زۆر برەوی پێدەدرێت، بۆ نموونە مۆزەخانەی “شێخ مەحمودی نەمر”، یادگای “مەلا مستەفای بارزانی”، مۆزەخانەی “کریم ئاغای هەمەوەند”.
جۆرەکانی مۆزەخانە
لە ئێستادا وەزیفەی مۆزەخانەکان جیاوازە و لەڕووی بابەتی و جۆراوجۆرییەوە، بەچەندین شێوە دەرکەوتوون و خراونەتە خزمەت مرۆڤایەتییەوە دەکرێت بەلەبەرچاوگرتنی تایبەتمەندیبوون جۆرەکانی مۆزەخانەکان دابەش دەکەین بۆ:
مۆزەخانە مێژووییەکان: ئەم جۆرە هەر مۆزەخانە گشتی و نیشتیمانییەکان دەگرێتەوە کە دەکرێت کەرەستە مێژوویی و شارستانیەکانی کۆی مرۆڤایەتی یاخود جوگرافیا و وڵاتێکی دیاریکراوی تێدا پارێزرا بێت.
مۆزەخانە فۆلکلۆرییەکان: ئەم جۆرە مۆزەخانانە عەنتیکەخانەشیان پێدەوترێت، کە بەزۆری کەرەستە لۆکاڵی و فۆلکلۆرییەکانی ناوچەیەکی تێدا نمایش دەکرێت بە مەبەستی بینین یان قازانج و ئاڵوگۆڕ و بازرگانی و کڕین و فرۆشتن، ئەو کەرەستانەی لێرەدا دەست دەکەوێت کەمتر بەهای مێژووییان هەیە بەڵکو زیاتر بەهایەکی فۆلکلۆرییان هەیە، بۆیە ڕێگە پێدراوە کڕین و فرۆشتنیان پێوە بکرێت. وەک عەنتیکەخانەی هەولێر لە سەرقەڵای هەولێر. لە ئێستادا ئارەزووی كردنەوەی ئەم جۆرە مۆزەخانە بچووكانە لە پەرەسەندندایە، بەجۆرێك لە زۆر گەڕەك و شار خەڵكانێك هەن بایەخ بەكردنەوەیان دەدەن.
مۆزەخانە تراجیدییەکان (مۆنۆمێنت): لایەنی مێژوویی و شارستانی مرۆڤایەتی پڕە لە دەستکەوت و بەهای بەرزی مرۆڤایەتی هەر لە پێشکەوتنە بەرچاوەکانی جۆر و شێوازی ژیان لە ڕووی کوالێتی و چۆنایەتی و چەندایەتییەوە، ئەم پێشکەوتنە بەپێی پێداویستی و قۆناغەکانی ژیان چاخ لەدوای چاخ گەشەی بەخۆوە بینیوە بە ئێستاشەوە. بەدی ئەوەی مایەی نەنگییە مێژووی مرۆڤایەتی لەپاڵ دەسکەوتە زۆروزەوەندە شارستانیەتییەکانیدا سیخناخە بە هەستی شەڕەنگێزی، بەربەریەت، کوشتن و جینۆسایدکردن. ئەوەی مایەی داخە ئەمە بەشێکە لە ڕووە دزێوەکەی شارستانیەتەکان، هەروەک عەلی عیزەت بیگۆفیچ دەڵێت: “ناکرێت هەرگیز، شارستانیەت ڕەت بکەینەوە، بەڵکو تەنها شتێک کە بە ئێمە دەکرێت ئەوەیە ئەو ئەفسانانە تێک بشکێنین کە دەوری شارستانیەتەکەمانی داوە”.
ئەمە وای کرد مرۆڤایەتی بۆ پاراستنی یادەوەری و قوربانییەکانی بیر لە مۆنۆمێنت یاخود مۆزەخانەی تراجیدی بکاتەوە، بۆیە مۆنۆمێنتەکان بوون بە دەزگایەکی کلتووری لە کۆنەستی مرۆڤەکاندا بۆ ئەرشیفکردن و پاراستنی مێژووی ڕووداوەکان و کەرەستە و یادەوەری و ڕووفاتی قوربانییەکان هەتا لەلایەک مێژوو لەیادیان نەکات و لەلایەکی تر بۆ ئەوەی جینۆساید و ڕووداوە تراژیدییەکان دووبارە نەبنەوە و دیسانەوە بەرۆكی مرۆڤایەتی نەگرنەوە.
بۆیە لەچوارچێوەی گەشتوگوزاریدا و لە فەرهەنگی گەشتیاریدا، مۆزەخانەی تراجیدییەكان بوونەتە هۆی سەرهەڵدانی چەند دەستەواژەیەکی وەک گەشتوگوزاری ڕەش یان گەشتوگوزاری تاریک، یاخود گەشتوگوزاری خەم و پەژارە، ساڵانە ژمارەیەكی زۆر گەشتیار ئارەزووی ئەم مۆزەخانانە دەكەن و گەشتی بۆ دەكەن.
ئەوەی جێی سەرنجە لە مۆزەخانەی تراجیدییەکاندا مەرج نییە شوێنەواری قوربانییەکان جێدەست و بکەری مرۆیی بێت وەک شەڕ و کۆشتن و قڕکردن، بەڵکو هەندێکجار ڕووداو و كارەساتەكان سروشتین، وەک ڕووداوەکانی لافا و گڕکانەکان و سۆنامی و نەخۆشی و پەتا بان مرۆییەکان.
ئەم مۆزەخانانە دەکرێت سنووربەند بن لە بینایەکدا یاخود لەچوارچێوەی شار و ناوچەیەکدا پارێزگاریان لێ بکرێت. نموونە بۆ ئەم مۆنەمێنت و مۆزەخانە تراجیدیایانە زۆرە وەک مۆنەمێنتی هۆڵۆکۆستی جووەکان، شانۆی ڕۆمانی، شاری پۆمپێی لە ئیتالیا… هتد. گەلی کوردیش لە مێژووی دوور و نزیکدا بەزۆر شێوە ڕووبەڕووی جینۆساید و قڕکردن بوەتەوە، گرنگترینیان کیمیابارانی هەڵەبجە و ئەنفالە. بۆیە خاوەن زۆر تابلۆی یادەوەری و مۆزەخانەی تراجیدی وەک مۆزەخانەی تراجیدی و مۆنەمێنتی هەڵەبجە و مۆنەمێنتی ئەنفال لە چەمچەماڵ و ئەمنەسورەکە لە سلێمانی و مۆنەمێنتی بارزانییەکان لە بارزان و چەندین دیواربەند و تابلۆی یادەوەری تر.
دەکرێت ئەوە بڵێین ئەو کەسانەی حەزی سەردانی ئەم مۆزەخانانەیان هەیە کەسانی تایبەتمەندن، وەکوو گەشتیاران، نووسەر و توێژەران، هونەرمەندان، مێژوونووسان، قوتابیان و خوێندکاران، شوێنەوارناسان، ئەو کەسانەی ئارەزووی بینینی تراجیدیاکان دەکەن… هتد. وەلێ ئەوەی لێرەدا مایەی تێڕامانە گەشتوگوزاری ڕەش، بۆ خۆشگوزەرانی نییە، بەڵكو گەشتیاران تەنها بۆ حەزی بینینی شوێنی قوربانییەكان و زانینی پلەی کاریگەری ڕووداوەکان و هەروەها بۆ پەند لێوەرگرتن سەردانیان دەکەن.
مۆزەخانە وەرزشییەکان: ئەمانە ئەو مۆزەخانانەن کە تایبەتن بە پاراستنی شانازی و دەسکەوت و کەلوپەلە وەرزشییەکانی هەڵبژاردەی وڵاتان و یانەکان و ئەستێرە و کەسایەتییە وەرزشییەکان، بە هەموو جۆرە جیاوازەکانی وەرزشەوە. بۆ نموونە، مۆزەخانەی وەرزشی هەڵبژاردەی تۆپی پێی بەرازیل، مۆزەخانەی یانەکانی ڕیاڵ مەدرید و بەرشلۆنە، مۆزەخانەی ئەستێرە مێژووییەکانی تۆپی پێی وەک پێلێ و دیگۆ ئەرماندۆ ماڕادۆنە… هتد.
مۆزەخانە ڕۆشنبیری و هونەرییەکان: ئەمانە ئەو ناوەندە ڕۆشنبیری و هونەرییانە دەگرنەوە کە دەکرێت ببن بە سەرچاوەی هۆشیاری و بەخشینی چێژ بە مرۆڤ، جا پاراستنی کەلوپەل و ئارامگەی ڕۆشنبیران و نووسەران بێت، یاخود شاری سینەمایی و هونەری و وەک “شاری سینەمایی هۆلیۆد، مۆزەخانەی هونەری میترۆپۆلیتان لە نیۆیۆرك، مۆزەخانەی شاکارەکانی هونەرمەندانی وەک لیۆناردۆ داڤینچی و مۆزارت… هتد. واتا لەم مۆزەخانانەدا ئەو پاشماوە و کەرەستانە نمایش دەکرێت، کە بەهایەكی بەرزی ڕۆشنبیری و هونەرییان هەیە، گەشتیاران و ڕێبواران خەون بەوەوە دەبینن سەردانیان بکەن.
ویستی نۆستالجیا و گەڕانەوە بۆ مۆزەخانە
هەروەک لەم ساڵانەی دوایدا، بەهۆی دەوڵەمەندی میراتە شارستانی و کلتوورییەکانی وڵاتانەوە مۆزەخانەش لە زۆر ئاستدا گەشەکردنی زۆری بەخۆوە بینیوە، لەکاتێکدا یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی سەردەمی نوێ، گۆڕانکارییە خێراکان و پێشکەوتنە بەردەوامەکانە لە ڕەوتی شێوازی ژیان و حەزکردن و ڕەوایەتیدان بە تایبەتمەندی بوون. مرۆڤی سەردەمی نوێ ئەگەرچی لەزۆر ڕووی خۆشگوزەرانییەوە دەسکەوتی باشی بەدەستهێناوە بەدی لەگەڵ ئەوەشدا ویستی نۆستالجیا و گەڕانەوە بۆ ڕابردووی هەیە. بە سروشت مرۆڤ فزوڵییە و عەوداڵ و کەڵکەڵەی پرسیارکردنی لە ئەندێشەدایە و حەزدەکات بزانێت لە ڕابردوودا چی ڕوویداوە؟ مرۆڤ لە چ گۆشە و کەنارێکدا ئۆقرەی گرتووە، بەکوێدا گوزەری کردووە؟ ئەی ئێستا لە کوێدایە؟ ئەی داهاتووی چۆن دەبێت؟ واتا مرۆڤی سەردەمی نوێ، ئەگەرچی لە ئێستادا دەژێت جەستەی مەوجودە بەڵام هەمیشە بیری لەلای ڕابردووە و خەیاڵی لای داهاتووە. ئەمە وای کردووە شارستانییەت و کلتوور (فەرهەنگ) و فۆلکلۆری ڕابردووی مرۆڤایەتی و وڵاتەکەی لەلا شیرین بێت. هەست بە گرنگی مۆزەخانە بكات، لەوێستگەی گەشتەكانیدا كات تەرخان بكات بۆ سەردانیكردن و بینینی مۆزەخانەكان.
پرسی شارستانییەت و بەهای گەشتیاری مۆزەخانەکان
مۆزەخانەکان لەمڕۆدا بوونەتە جێ سەرنجی بەشێکی زۆر لە ڕێبواران و گەشتیارانی خانەخوێ و بیانی. بەهۆی ئاسانی هۆیەکانی گەشتکردن و تاڕادەیەک بەرزی ئاستی داهاتی تاکەکەس و بوونی پشوو، قۆستنەوەی کاتەکانی دەستبەتاڵی و فەراهەمبوونی ئازادی گەڕان و باشبوونی بارودۆخی ئاسایش و پەرەپێدانی ژێرخان و سەرخانە گەشتیاریەکان، ئەمە دۆخێکی تەواوکاری گەشتیاری دروست کردووە و بووەتە بازاڕێکی گەشتیاری بۆ کێشکردن و سەرنجڕاکێشانی ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیاران. ئەوەی لێرەدا گرنگە، ڕێبوار کاتێک ڕوودەکاتە هەر وڵاتێک، جا بۆ هەر مەبەستێک بێت، مەحاڵە سەرێک لە شوناسی میراتی شارستانی وڵاتی خانەخوێ نەدات ئیتر مۆزەخانەکان بێت یان هەڵکۆڵراو و پێگە و شوێنەوارە مێژووییەکان یان جێدەستی بەرهەمە فۆلکلۆری و کارە دەستییەکان بێت.
لە ئێستادا و لە فەرهەنگە گەشتوگوزارییەکاندا و بە زمانی گەشتیاری، مۆزەخانەکان و دەزگا کلتووری و فۆلکلۆری و ڕۆشنبیرییەکان بە بەشێک لە توانستە سەرخانییەکانی گەشتوگوزار دادەنرێن. بۆ زۆر وڵات بە سەرچاوەیەکی داهاتی بەردەوام و ڕەخساندنی دەرفەتی کار و هاتنە ناوەوەی دراوی قورسی بیانی دادنرێن و بەشێک لە پەیکەربەندی ئابووری وڵاتانی پێكهێناوە، ئابووریەک کە کۆکە لەگەڵ سروشت و ژینگەدا، سەرچاوەیەکی سامانی نیشتیمانی نوێ و گرنگە و دەرفەتی کار دەڕەخسێنێت. دەكرێت بڵێین پیشەسازی گەشتوگوزاری تەنها کەرتێکە کە بە پەرەپێدانی توانا گەشتیارییەکان سەرجەم کەرتەکانی تری وەك پیشەسازی بازرگانی و گواستنەوە پێشکەوتن و بووژانەوە بەخۆیانەوە دەبینن، بەبێ ئەوەی هیچ جێکەوتێکی سلبی لەسەریان بەجێبهێڵێت.
سەرچاوەکانان
1. ویل دیورانت، مێژووی شارستانیەت، خۆرهەڵات لانكەی شارستانیەت، وەرگێڕانی: عەبدوڵڵای ڕەسولی، چاپخانەی چوارچرا، چاپی یەكەم، سلێمانی، 2010.
2. كلاریس سۆیشەر، ڕۆژهەڵاتی نزیكی كەونارا، وەرگێڕانی: عەبدولرەحیم مەعریفەتی، چاپخانەی وەزارەتی ڕۆشنبیری، هەولێر، بێ ساڵی چاپ.
3. نادر ڕۆستی، گرنگی جۆرەكانی گەشتوگوزار بۆ ئابوریەكی بەهێز، چاپخانەی تاران، چاپی یەكەم، تاران، 2022.
4. شیروان ڕشید عمر، بنەما جوگرافییەكانی پەرەپێدانی گەشتوگوزار لە پارێزگای سلێمانی، تێزی دكتۆرا (بڵاونەكراوە)، كۆلێجی زانستە مرۆڤایەتییەكانی، زانكۆی سلێمانی، 2011.
5. كازم ئەحمەد سەدرەدین، پەرەپێدانی توانستە جوگرافییەكانی گەشتوگوزار لە قەزای چەمچەماڵ، نامەی ماستەر (بڵاونەكراوە)، كۆلێجی زانستە مرۆڤایەتییەكان، زانكۆی سلێمانی، 2023.
6. ئیسرا بورهان، مۆزەخانە، سایتی زانیاری، ڕێكەوتی 11/12/2022، بڵاوكراوەتەوە. لینكی سایتەكە:



