بەشی سێیەم
خودی ئەم زاراوەیە لە زمانی “یۆنان”ییەوە داخزاوە کە زۆربەی کاتیش سەرچاوەکەی لاتینییە. کلێپتۆکراسی وەک ئیدیۆم و زاراوە ئاماژەیە بە گەندەڵییەکی سەرومڕ و سیستەماتیکی لەلایەن خودی دەستەڵاتدار و سەرانی دەوڵەتدارییەوە دەست پێدەکات کە بە درێژایی مێژوو بەدسوودمەندی لەو هێز و پێگە و دەستەڵاتدارییە وەرگیراوە، کە تیایدا دزی و فەرهوود دەبێت بە نەریت و باو و نۆرماڵ. دیارە زۆرینەی وڵاتانی سەر نەخشەی جوگرافیا جیاوازەکان، چ بە کەم و چ زۆرینە بووبێت، لەوەتای بوون بە گەندەڵی و تا بینا قاقایان تێوەی گلاون؛ کە ساڵانە وەرزاو و وەرز لیستی گەندەڵکاری لەسەر ئاستی “گێتی” بڵاو دەکرێتەوە، کە چەند وڵاتێکی بە ژمارە کەم پاکزاد و ئابڕوودارانە لێی دەردەچن، نموونەی “فینلەند”، دەنێو وڵاتانی “رۆژهەڵاتی ناوەڕاست” ڕسوایی و کارەساتبارییە، ئەوانەی ئەم تاڵانکارییە بەڕێدەخەن و سوودی لێ دەبینن، بە کۆگیری سیاسەتباز و دەستەڵاتدار و فەرمانڕەوا و خاوەن بڕیارن کە لە سەرانی حیزبی و ترۆپکی دەستەڵاتخوازی و لەسەر عەرشەکە دانیشتوون؛ هەر هەموو ئامادەسازییەک بۆ ئەم جۆرە گەندەڵکارییە فەراهەم دەکەن کە تابوورێک دامودەزگا و دەست و پێوەندی تەڕدەستیان هەیە بۆ سەرخستنی ئەم گەندەڵییە. هەڵبەتە ئەم دزی و فزی و قاچاندنەوەیە لە ماڵ و پوول و پارە و گەنجینەی گشتی دەردەچێت، بە واتە سەرانی دەوڵەتداری لێی بەرپرسیارن، مەرجیش ئەوەیە کە بۆ هەر هەمووان بێت لە پادشا و سەرکردە و بنکردە و ژمارەیەکی زۆرتر لە دەست و پێی ئەم دامودەزگایانەی دەوڵەتداری، بە برابەشی پیادەی دەکەن!
ساڵانە سەرژمێری و ئامار کۆ دەکرێتەوە سەبارەت بە خودی دیاردەی کلیپتۆکراسی، کە بە کوردی دەکاتە “دزـسالاری”، ئەفسووس، کەم وڵات هەیە دەنێو هەر حەوت کێشوەرەکە پەرێزی پاک و بێگەرد بێت و لە گەندەڵییەوە نەگلا بێت. هەنووکە دەنێو “ڕەشهەڵاتی ناوەڕاست”دا، عێراق وەک تێوەگلاوێک بۆ هەمیشە دەنێو ئەم ماراسۆنی فەرهوودەدا پێشەنگە بە دیوە نەرێنییەکەی، کە ئێمەش، هەرێمی کوردستانیش، دەگرێتەوە بە دڵنیاییەوە. ئەم دۆخە نامرۆیی و بێ مۆڕاڵی و بێ ڕەوشتمەندییە بەرکەماڵە و لەبرەودایە بە دیوە نەرێنییەکەی، لەوەدا خۆی دەبینێتەوە کە دامودەزگاکانی دەوڵەتداری؛ دەرفەت و بوار دەدەن لەسەر ئاستێکی بڵند و پێگەداردا کە ڕابەر و سەرانی گەندەڵکاری دەستەڵاتی سیاسی خۆیان دەخەنە گەڕ بۆ دزین و قۆرخکردنی ئەو سامان و خێر و بێرەی کە لەناو وڵاتدا هەیە. هەڵبەتە پتر و زیاتر لە بەرژەوەندی دەستەبژێرێک لە فەرمانڕەوا و سیاسەتبازە سەرمایەدارەکان کۆتایی دێت. دیارە ئەوانی دەستەڵاتخواز بەشی شێری لێدەخۆن، بەڵام بۆ ئەوەی دەمکوتی ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی بکەن، لە سەر ئاستی چینەکانی خوارتر، بە تایبەتی چینی ناوەڕاست و فەرمانبەرانی دەوڵەت، هەندێک لەوانیش بێبەش ناکەن. دەستەڵاتخوازەکان لێدەگڕێن کە دەنێو ئەو قاچاندنەوە و فڕکانفڕکان و دزی و فزی و فەرهوودەیەدا بەشی “ڕێوی” بەر ئەوانی دەستوپێوەند بکەوێت، ئەگەر بە بەرتیل و خاوە وەرگرتنیش بێت، کە دواجار دەبێت بە نەریت و دیفاکتۆ.
دانپێدانانی سەرانی دەستەڵات بە گەندەڵی، بەڵام؟
ئەوەی بۆ من سەیر و سەمەرەیە ئەوەیە کە جارێكیان شالیار و سەرۆکوەزیرانێک ڕایانگەیاند کە ئیدی “گەندەڵی” بۆتە نەریت و دیاردە. خودی ئەم دانپێدانانە خراپ نییە، بەڵام لەو کات و ساتەی ئەم دانپێدانان و ئێعترافە ڕاگەیاندرا؛ پتر لە بیست ساڵی دوای ڕاپەڕین بوو، بەڵام دوای ٣٣ ساڵی ڕەبەق، هێشتا دەنگوباسی دیاردە و نەریتی گەندەڵکاری نەوەستاوە، بەڵێ دەیان جار لەسەر زاری دەستەڵاتداران درکاندوویانە و دانیان پێداناوە کە باشووری کوردستان لە گەندەڵی و مشەخۆری و بەرخۆرییەوە گلاوە. جارجاریش بە شەرمەوە زار هەڵدێنن کە هەقە ئیدی سەرگەرمی چاکسازی و پاکسازی بن، وەلی تەنها قسەیە، بەڵام لە ڕاپەڕینەوە تاوەکوو ئێستا چی کراوە بۆ پاکسازی و چاکسازی، ئەمە پرسیارە گرنگەکەیە؟
خۆ دەبوو دەنێو ئەو سەدان لە ڕۆژنامەنووس و ستوونووس و خاوەن چەندین قەڵەم و دەمهەراش هەبوونایە کە بپرسن؛ ئایا جەنابی شالیار و خودان تەخت و تاراج، ئاخۆ کێ بەرپرسیارە لەو نەریتی گەندەڵی و کلێپتۆکراسییەدا کە ئێوە تیایدا لە ترۆپکی دەستەڵات و بڕیاربەدەست و فەرمانڕەوای بوون؟
دیارە لەنێو دۆخێکی وادا تابوور و ئۆردوێک لە خەڵکی دەدۆزنەوە بۆ پارە سپیکردنەوە و پەردەپۆشکردنی سەدان پڕۆژەی بازرگانی و بزنسی جۆراوجۆر کە هی مەڵتی ملیۆنێرەکانە. بە دوای ئەو کەسانەشدا دەگەڕێن کە ئامادەن بە ناوی خۆیانەوە پڕۆژەکان تۆمار بکەن بەو مەرجەی کە بڕێک لەو سامان و داراییە بەر ئەو شانتەکێن و گوێکەڕیلانە بکەوێت؛ کە لەژێر سایە و سێبەری دەستەڵاتداران دێزە بە دەرخۆنەی سەرمایە و بنمایە دەکەن. پارە خواردن بە ناوی کردنەوەی دەیان پڕۆژەی بچووک و گەورەی سەرمایەگوزاری و بازرگانی فاڵسۆ و ساختەکاریی کە تیایاندا حوشتر بە نێو کونی دەرزیدا تێدەپەڕێنن، بووە بە کردەی ڕۆژانە، بێ ئەوەی کەس هێدمەگرتی بێت و دڵەخورپێ لێیبدات، یان هیچ نەبێت دەنگ هەڵبرێت و بڵێت: بۆ کێ و لەبەرچی وا خۆتان و خاک و خەڵکی هەرزانفرۆش دەکەن؟
گەر وا نەبێت ماقووڵە هەندێک ناو و کەس کتوپڕ هەڵدەتۆقن. لەوانە، هەندێکیان خاوەنی ئیش و کارێکە کە مەحاڵە وا زوو ببێت بە ملیۆنێر، لە چەرچییەوە بیگرە بۆ قاچاغچی و گۆرانیبێژ، هەندێکیشیان کچۆڵە و خانمی خەندەلێون، یان ناکەس و گومناو، کە بەر لەوە پیشەیەکی هەبووە کە بە قووتی لایەمووت ژیاوە!
دێوجامەی شەرعییەتی شۆرشگێڕی
گرفتەکە لەوەدایە ئەوانەی بوون بە مەڵتیملیاردێر و لۆرد و باڕۆن گوایە زۆرینەیان بابایەکی چەپگەرا و ناسیۆنالیست و کوردپەروەر بوون، هاوکات، بانگەشەی سێکولاربوون و خاکپەرستی و خەڵکپەرستی دەکەن، یان وای دەنوێنن کە دیموکراتیک و تێکنۆکراتن. بە هەر بارێکدا بێت، ئەوەی ئەم دەستەڵاتدارانە دەیکەن هەر دەچێتەوە خانەی ” کلێپتۆکراس” کە دەکا بەدسوودمەندی لەو هێز و دەستەڵاتەی کە هەیانە بۆ خۆ دەوڵەمەندکردن بوون بە لۆرد، ئەوانەش کەسانێکن کە لەسەر ئاستی کۆمەڵایەتی و ئابووری و ڕامیاری خۆیان بڕیاردەرن، کە هیچ کەس و دەزگا و دەستەڵاتێکیش ناتوانێت دادگاییان بکات!
لەوانەش سەیر و سەمەرەتر، ئەوەیە کە هەر هەمووشیان بە ناوی شەرعییەتی شۆرشگێڕیی، بوون بە سەردار و داربەدەست،. کلێپتۆکراسی وا دەکات هەیکەل و پەیکەر و ناوەڕۆکێکی دیکە وەربگرێت کە بە جۆرێک دەوڵەمەند دەبن کە پشتاوپشت و نەوە دوای نەوە ئەو میراتە زۆرەی کەڵەکەیان کردووە، پتر و پتری بێتە سەر، بەڕادەیەک ئیدی دەبن بە کۆمپرادۆر، کە توانای کڕینی زیمەت و ویژدان و لایەنگیری مەردمگەلیان بۆ ئاسان دەبێت، بەڵام بەو مەرجەی کە لایەنگیری دەستەڵاتدارانی ناو تیم و گرووپ و باڵی حیزبێک بن کە دوا جار بازنەیەکی تۆکمە و دامەزراوی “ئۆلیگارشی” تیایدا سەردەستەیە و گونی گوندار دەردێنێت. ئیدی لە دەرەوەی هەر یاسا و ڕێسا و عورفێکی مرۆیی؛ تا بێت ئەم تیم و باندە دەسەڵاتدارانە هەوڵدەدەن بەشێکی زۆری ئەو هێزە داراییە بشارنەوە!
ماویەتی



