سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

پەتیکردنی زمان بەتوندی

یەکێک لە دیاردە هەر بەرچاوەکانی زمانی کوردی لە ڕابردوو، بیستەکانی سەدەی بیستەم و ئێستاشدا، لابردنی هەموو وشەیەکی بێگانەیە لە زمانەکە، بە تایبەت عەرەبییەکان، هاوکات دانانی وشەیەکی کوردییە لە جێگەی. ئەم ڕەوتە لە زمان پێی دەگوترێ “پەتیکردنی زمان” (linguistic purism). هەموو زمانێک لە مێژووی گەشەکردنیدا بە قۆناغێکی پەتیکردندا تێپەڕیوە. پەتیکردنی زمان لەگەڵ بەستاندارکردنی زمان دێتە ئاراوە، کاتێک زارێک دەکرێ بە زمان، هەوڵ دەدرێ ئەم زمانە زاراوەسازی بۆ بکرێ، وشەی نوێ دروست بکات و لە هەمان کاتدا وشە بێگانەکانیش لە زمانەکە لاببرێن و وشەی خۆماڵی لە جێگەی دابنرێن.

پەتیکردن دوو جۆری هەیە، یەکێکیان، وشەی بێگانەی نوێ ناخوازێت، بۆ هەر وشەیەکی بێگانە، وشەیەک لە زمانەکەی بۆ دروست دەکرێت، ئەوەی دووەم، وشە کۆنە بێگانەکانیش کە خۆماڵیبوون لە زمانەکە لا دەبات و وشەیەکی ڕەسەنی زمانەکەی لە جێگە دادەنرێت. لەم باسەدا ئێمە مەبەستمان پەتیکردنی دووەمە کە لە زمانی کوردیدا بەتوندی وشە عەرەبییە خۆماڵیبووەکان لابراون و کوردییان لە جێگە دانراوە.

لە بیستەکانی سەدەی بیستەم و دوای سەرهەڵدانی هۆشیاریی نەتەوەیی و گەشەپێدانی زمانی کوردی بۆ خوێندن و نووسین، هاوکات لە نێو ڕۆشنبیرانی کورد دا ڕەوتێکی پەتیکردنی زمان لە وشە بێگانەکان هاتە نێو زمانی کوردییەوە. لە سەرەتا لە ڕۆژنامەی پێشکەوتن لە ١٩٢٠، مەیجەر سۆن داوا لە نووسەرانی کورد دەکات بە کوردییەکی پەتی بنووسن. پێشبڕکێیەک ڕادەگەیەنێت و خەڵاتێک دادەنێت بۆ ئەوانەی بە کوردییەکی ڕوون و دیار دەنووسن کە وشەی فارسی و تورکی و عەرەبی کەمتر تێدا بێت. دوای ئەمە لە ڕۆژنامەی ژیان ئەم پەتیکردنە زیاتر پەرەی پێ درا. ئەم ڕەوتە پەتیسازییە پێی وابوو زمانی کوردی زمانێکی ڕێکوپێک و تەواوە پێویستی بە وشەی زمانی دیکە نییە. بۆ ئەم مەبەستە لە ڕۆژنامەی “ژیان” ژمارەی ٩ ی کانونی یەکەمی ١٩٢٦ “کۆمەڵەی بژاری زمانی کوردی” دامەزرا. ئەم کۆمەڵە ئامانجی دۆزینەوەی وشەی کوردی بوو بۆ وشە خوازراوەکان (عەرەبی، تورکی، فارسی،..) کە لە پێشدا بۆ ناو زمانەکە هاتوون. ئەم کۆمەڵەیە لە سەرەتا بۆ لابردنی هەموو وشە خوازراوەکان زۆر چالاک نەبوو، بەڵام ساڵانی دواتر، وەک ئەمیری حەسەنپوور باسی دەکات، ئەم پەتیکردنە بێپچڕانەوە لە چاپەمەنی و پەخشی ڕادیۆ بەردەوام بوو.

ئەم ڕوانگەیە بۆ زمان، پاشخانێکی ئایدیۆلۆجی نەتەوەیی هەیە و پێی وایە زمان بە تێکەڵبوونی بە وشەی بێگانە، ڕەسەنایەتی خۆی لە دەست دەدات و بەرەو فەوتان دەچێت، بۆیە دەبێ لە وشەی بێگانە پاک بکرێتەوە، هەروەها کەمتر وشە بخوازێ و زیاتر لە زمانەکە خۆی وشە دروست بکرێ. ئەم پەتیکردنە، تەنانەت ئەو وشانەش پاکسازی دەکات کە لە زمانەکە زیاتر لە هەزار ساڵە جێگیر بوون و خۆماڵی بوون. پێی وایە دەبێ واز لە هەموو وشە خوازراوە بێگانەکان بهێنرێ و بگەڕێنەوە بۆ وشە ڕەسەنەکان و وشە کۆنەکانی زمانەکە زیندوو بکرێنەوە، بۆیە هەندێک جار وشەی کۆنی پەهلەوی و ئاڤێسایی زیندوو دەکەنەوە و دەیخەنە ناو نووسین.

لە لایەکی دیکەوە، لە باشووری کوردستان کە وشەی عەرەبی لەبەر هۆکاری نەژادی و بەرگری لەبەرانبەر تەعریب ڕەت دەکاتەوە، کەچی جاروبار وشە لە فارسی دەخوازێ، چونکە پێی وایە کورد و فارس لە ڕووی نەژادەوە هاوڕیشەن، فارس بە نەژاد ئاریایییە، ئاسایییە وشەی لێ وەرگرێت. بەڵام بۆ کوردێک لە ڕۆژهەڵات، ئەم پرۆسەیە پێچەوانە دەبێتەوە، بەرهەڵستی لە بەرانبەر وشە فارسییەکان دەکات و جاروبار وشە لە عەرەبی دەخوازێت و فارسی ڕەت دەکاتەوە، بۆ نموونە لەجیاتی فشار کە فارسییە، زەختی عەرەبی بەکار دێنێ. بەڵام لای کوردێکی باشوور، فشار ئاساییە بەکاری بێنێ و زەخت ڕەت دەکاتەوە. ئەم پەتیسازییە، کاردانەوەیە بەرانبەر داگیرکاریی دەسەڵاتێک لە ژێر سایەیدا دەچەوسێتەوە.

وەک ئاشکرایە هۆکارەکانی ئەم پەتیکردنە، هۆکاری بانزمانییە (extralinguistic)،  ناسیۆنالیزمێکی نەژادییە و پێی وایە کورد بە ڕەچەڵەک و زمان پاشماوەی نەژادی ئاریایییە، بۆیە زمانەکەشی پێویستە هەموو وشەکانی ئاریایی پەتی بێت و دوور کەوێتەوە لە وشەی بە نەژاد سامی و عەرەبی. کورد بەم تێڕوانینە ناسیۆنالیستییە بۆ زمان، لە بیستەکانی سەدەی بیستەم دەست بە بە پەتیکردنی زمان دەکات، لە سەرەتادا پرۆسەکە بە شێنەیی بەڕێوە دەچوو، دواتر لە چلەکان زۆر بەچڕی دەستیان بە لابردنی وشە عەرەبییەکانی ناو زمانەکە کرد. لە توێژینەوەیەکی دکتۆرا لە لایەن جەمال جەلال عەبدوڵلا لەبارەی پەتیکردنی زمانی کوردی، بە داتای زمان نیشان دەدات، لە نێوان ساڵانی١٩٢٤ تا ١٩٣٩، وشە خوازراوەکان (بەتایبەت عەرەبییەکان) لە زمانی کوردی دا بە ڕێژەی ٤٦.٤٪ بووە، دواتر پەتیکردن بە توندی دەست پێ دەکات، ئەم ڕێژەیە زۆر کەم دەبێتەوە، لە ١٩٥٨ دەبێت بە ٩.٥٪ ، هەر بەردەوام دەبێت هەتا لە ١٩٧٣ تەنیا ٤.٤٪ وشەی خوازراو لە زمانەکە دەمێنێتەوە. بەپێی ئەم داتا زمانییە، بەڕوونی دیارە کە ئەم ڕەوتە لە پەتیکردنی زمان لە وشەی بێگانە، زۆر توند بووە؛ ڕەنگە هیچ زمانێک بە ڕادەی کوردی بەم شێوەیە پەتی نەکرابێت.

هەندێک لەم وشانە کە لابراون بۆ زیاتر لە هەزار ساڵە لە زمانەکە جێگەی خۆیان گرتبوو، واتە خۆماڵی کرابوون، بەڵام هەر لەبەر ئەوەی بە ئەسڵ عەرەبییە، ڕیشەکێش کران و لە جێگەیان چەند وشەیەکی کوردی دانران. هەندێک لەم وشە عەرەبییانە ئەمانەن:

“دین، وەحی، دوعا، زیارەت، مەزهەب، عیبادەت، عەقیدە، شەریعەت، شەرع، قەدەر، حەرەم، مەلائیکەت، قەناعەت، سەجدە، مینبەر، خوتبە، جومعە، میحراب، قیبلە، قەبر، قیامەت، دەعوە، ئەهل، موعجیزە، عەقڵ، مەنتیق، حەقیقەت، ئەسڵ، ڕەمز، شکایەت، شاهێد، قەڵەم، کاغەز، کتێب، دەفتەر، دەرس، خزمەت، ئەخلاق، ئەدەب، خەت، لەهجە، شیعر، قەسیدە، غەزەل، مەجاز، تەفسیر، تاریخ، میلادی، هیجری، فکر، مەعنا، مەعنەوی، ماددی، سەعات، جەزیرە، بەحر، خیانەت، قبوڵ، حەرف، کەلیمە، مەکتەب، مەدرەسە، عیلم، حیساب، قانوون، نەفس، نەفەس، فەقیر، عەبد، ئیستراحەت، کامڵ، تەئکید، ئیشارەت، عەمەلی، ئیجباری، … تاد”.

بۆ هەر یەکێک لەم وشانە، چەند وشەیەکی کوردییان بۆ دانراوە کە نە ئەو مانایە بە چاکی دەبەخشێ و نە ئەو هێزە دەربڕینەی هەیە کە عەرەبییەکە هەیەتی. بۆ نموونە، وشەی عەقڵ بە کوردی “ئاوەز”ی بۆ دانراوە؛ وەحی لە کوردی “سروش” یان “نیگا”ی بۆ دانراوە؛ زیارەت، “سەردان”ی بۆ دانراوە، حیساب “هەژمار”ی بۆ دانراوە… ئەم وشە کوردییانە لای گوێگرێکی کورد دیارە کامەیان زیاتر مانابەخشە و لە ڕووی دەربڕینەوە بە‌هێزتر و کاریگەرترە.

بۆ نموونە وشەی “حیساب” کە وشەیەکی عەرەبییە و هەر لە کۆنەوە لە زمانی کوردی دا خۆماڵی بووە و بۆ چەندین چەمک و مانای جیاواز بەکار دێت، بەڵام هەر لەبەر ئەوەی بە ئەسڵ عەرەبییە ڕەزای قورسە، دەبێ لا بچێ. ئەم وشەیە لە زمانەکە ئەوەندە بەچاکی کاری خۆی دەکات کە ڕەنگە هیچ وشەیەکی دیکەی کوردی نەتوانێ جێگەی بگرێتەوە. حیساب لە کۆنتێکستدا چەندین مانای جیاوازی هەیە: ١) حیساب بۆ ژماردن و کۆکردنەوەی ژمارە بەکار دێت: حیسابی بکە، حیسابەکە بوو بە چەند؛ ٢) حیساب وەک بابەتێکی دەرسی جەبر؛ ٣) حیساب وەک حیسابی بانک؛ ٤) حیساب وەک قیمەت بۆ دانان بۆ شتێک یان بابەتێک، وەک دەڵێ: هیچ حیسابی بۆ ناکات، واتە هیچ نرخ و بەهایەکی بۆ دانانێت؛ ٥) حیساب، هەندێک جار بۆ “وای دانابوو، وای بۆ چوو بوو” بەکار دێت، وەک دەڵێ: بەو حیسابە چووم بۆ لای کە بیبینم، کەچی لەوێ نەبوو. ٦) حیساب، بە مانای بنەما و بنەڕەتی شتێک، وەک دەڵێ بەو حیسابە بێت. دواتر هەر لە حیساب موحاسەبە هەیە واتە لێپێچینەوە و بەدواداچوون، ئەویش لە زمانەکە جێگەی خۆی گرتووە، وەک دەڵێ: کەس موحاسەبە ناکرێ. بە لابردنی حیساب لە زمانەکە، ئەم هەموو مانایە تێک دەچێت و دەشێوێت، دەربڕینی زمانەکەش لاواز و بێهێز دەبێت. کاتێک نووسەرێک هەر بۆ ئەوەی خۆی لە وشەی حیسابی عەرەبی ڕزگار بکات، لەجیاتی بڵێ: “هیچ حیسابی بۆ ناکات..” بە کوردیی پەتی دەنووسێ: هیچ هەژماری بۆ ناکات! پەتیکردنی توند ئەم ڕستە پێکەنیناوییەی بۆ ناو زمانەکە هێناوە.

هەندێک وشەی دینی هەیە مانایەکی دینی و پیرۆزی هەڵگرتووە، کاتێک وشەکە دەکەی بە کوردی ئەو مانا دینییەی کە هەڵیگرتووە لە دەستی دەدات، وەک “زیارەت” کە لە زمانەکە تایبەتە بە سەردانکردنی شوێنێکی پیرۆز، وەک دەڵێ: زیارەتی حەجی کرد، کاتێک “زیارەت” لە جێی “سەردانی” دادەنرێت، ئەم وشەیە ئەو مانا کلتوری و پیرۆزییەی کە هەیەتی لە دەستی دەدات. یان وشەی “حەرەم” کە مەبەست شوێنێکی پیرۆزە کە هەموو کەسێک بۆی نییە بێتە ناوەوە، وەک حەرەمی مەککە، حەرەمی زانکۆ. کاتێک لە جێگەی حەرەم، وشەی “گۆڕەپان” دادەنرێت، ئەو مانا کلتوری و پیرۆزییەی کە هەیەتی لە دەستی دەدات. یان وشەی حەڵال و حەرام و مەکروهـ، ئەمانەش چەند وشەیەکی بارگاوین بە کلتوری دینی، کاتێک لە جێگەی ئەمانە چەند وشەیەکی کوردی دادەنرێ وشەکە ئەو پیرۆزی و مانا کلتورییەی هەڵیگرتووە نایمێنێت. بۆ نموونە هەندێک جار لەجیاتی مەکرو‌‌هـ، قێزەون بەکار دێت، نە ئەو مانە ڕاستەقینە دینییە دەدات نە وشەکەش ئەو دەربڕینە تەواوە دەدات کە لە ئەسڵی وشەکەدا هەیە. بۆ “قیامەت” هەندێک جار وشەی ڕستاخێز، یان پەسلان بەکار دێت، ئەوەی یەکەمیان فارسییە و ئەوەی دووەم پێی دەچێ کوردی بێت، هەردوو وشە لە ڕووی مانا و هێزی دەربڕین ناتوانن جێگەی قیامەت بگرنەوە، چونکە ئەم وشەیە لە چوارچێوەی دینییەکە تەواو مانای خۆی دەدات، ئەگەر هەر وشەیەکی دیکەی لە جێگە دابنرێت، ئەو هێز و کاریگەرییەی نابێت، لە دەربڕینیش لاواز دەردەکەوێت. زۆربەی زاراوە دینییەکان هەڵگری هەمان مانای کلتوری و پیرۆزیی دینین.

وشەی “فەقیر” لە کوردی دا ڕۆژانە بەکار دێت و چەندین مانای جیاوازی هەیە وەک ١) کەسێکی هەژار، واتە پارە و سامانی نییە و نەدارە؛ ٢) کەسێکی دەخالەت لە کاری کەس ناکات و زەڕی بۆ کەس نییە، وەک دەڵێ: فلانە کەس پیاوێکی فەقیرە واتە زیانی بۆ کەس نییە و پیاوێکی باشە؛ ٣) کەسی سواڵکەر کە داوای پارە دەکات ئەویش پێی دەڵێن فەقیر. ئەم هەموو مانایە لەم وشەیە هەیە، بەڵام هەر لەبەر ئەوەی بە ڕیشە عەرەبییە، دەبێ لە زمان لابچێت و لەگەڵیشی ئەم هەموو مانەیە لا دەچێت، بۆ مانای یەکەم هەژار بەکار دێت، بەڵام بۆ مانای دووەم هیچ وشەیەکی گونجاوی وەک ئەو نییە جێگەی بگرێتەوە، بۆ مانای سێیەم وشەی سواڵکەر یان دەرۆزەکەر بەکار دێت. واتە بە لابردنی فەقیر لە زمانەکە دەربڕینی ماناکان و چەمکەکان بەرتەسک دەبنەوە.

وشەی “عەقیدە و ئیمان” وەک دوو زاراوە و چەمکی دینی، لە کوردی دا بۆ هەردووکیان وشەی “باوەڕ” بە کاردێت. ئەمە لە کاتێکدایە ئەم دوو چەمکە هەردووکیان وەک یەک مانای باوەڕ نادات، ئیمان، باوەڕهێنان بە خوا و پێغەمبەر و قورئان و مەلائیکەت دەگرێتەوە، بەڵام عەقیدە کۆی باوەڕ و ڕێوڕەسمە دینییەکان و هەموو بنەماکانی ئیسلام و شەریعەت دەگرێتەوە، بۆیە کاتێک بۆ هەردووکیان باوەڕ بەکار دێت، مانا و تێگەشتن و مەبەستی چەمکەکان بەرتەسک دەبنەوە، زمانەکەش هێزی دەربڕینی کەم دەبێتەوە، دەبێ زیاتر ڕوونکردنەوە بدەی کە بۆ باوەڕ مەبەستت هەردووکیانە.

بۆ “مەنتیق”، وشەی ژیربێژی و هەندێک جار لۆجیکی یۆنانی بۆ بەکار دێنن؛ بۆ “ئەخلاق”، وشەی ئاکار و ڕەوشت و هەندێک جاریش مۆرالی لاتینی و ئینگلیزی بەکار دێنن. ئەم جۆرە پەتیکردنە توندە بۆ ڕزگاربوون لە وشە عەرەبییەکان پەنا بۆ وشەی لاتینی و یۆنانییش دەبا، چونکە پێی وایە ئەوان بە نەژاد هیندۆ–ئەوروپین و لە یەک خێزانی زمانین لەگەڵ کورد، باشترە وشەیان لێ بخوازێ تا لە عەرەبی بخوازێ کە بە نەژاد سامییە و نامۆیە بە زمانی کوردی.
نموونەیەکی دیکەی خۆڕزگارکردن لە وشەی عەرەبی لە وشەی “قەساب” و “قەسابخانە”دایە کە تەلەفزیۆنی ڕووداو بۆ ئەم وشە عەرەبییە وشەیەکی ناقۆڵای وەک “سەربڕخانە”ی داهێناوە، ئەمە گوایە وشەیەکی کوردی دۆزیوەتەوە و نایەوێ چیدی قەساب و قەسابخانەی بە ئەسڵ عەرەبی بەکار بێنێ. لەم زاراوە نوێیە ڕەچاوی بنەماکانی زاراوەسازیی کوردی نەکراوە. “سەربڕ” بکەرە و ئەو کەسەیە کە سەر دەبڕێ، کە پاشگری “خانە”ی دەچێتە سەر واتە شوێنی ئەو کەسانەی کە سەر دەبڕن نەک شوێنی سەربڕینی حەیوان! پەتیکردنی توند هەر بۆ ئەوەی وشە عەرەبییەکان لە زمان پاکسازی بکات، پەنا بۆ وشەی سەیر و ناقۆڵا دەبات. وشەیەکی هەزار ساڵەش کە لە زمانەکەدا خۆماڵی بووە و چەسپاوە ڕیشەکێشی دەکات و یەکێکی دیکەی لە جێگە دادەنێ کە هیچ مانایەکی نییە، بەڵام کاتێک دەڵێی: قەساب و قەسابخانە، یەکسەر مانای خۆی بەجوانی دەگەیەنێ.

 

نموونەی زمانی نەتەوەکانی دیکە

هیچ گومان لەوەدا نییە کە هەر زمانێک بۆ ماوەیەکی درێژ لەژێر کاریگەریی زمانێکی دی بێت، بە شێوەیەکی سروشتی و ڕەمەکی، کۆمەڵێک وشە لە زمانەکە قەرز دەکات و پێویستییەکانی پڕ دەکاتەوە. عەرەبی، زمانی دینیی گەلانی موسڵمانە، هەروەها بە درێژایی مێژوو لە مەدرەسە دینییەکانیش زمانی خوێندن بووە، بۆیە هەموو گەلانی موسڵمان ژمارەیەکی زۆر وشەی عەرەبییان لە زمانەکانیاندا هەیە. 

ئەگەر زمانی مەلاوی لە ئاسیا بە نموونە وەرگرین کە کاریگەریی زمانی عەرەبی لە ڕێی دینەوە لەسەر بووە. زمانی مەلاوی (لە مالیزیا و ئەندەنوسیا) یەکێکە لەو زمانە ئاسیاییانە کە بە ڕێژەیەکی زۆر وشەی عەرەبی تێدایە. لە توێژینەوەیەک لەبارەی ئەو وشە عەرەبییانەی کە لە زمانی “مەلاوی”دان، ئاماژە بە قامووسێکی بەناوبانگی مەلاوی کراوە کە ناوی “دیوان”ـە؛ لەم قامووسەدا ١٧٩١ وشەی بە ئەسڵ عەرەبی هەیە، لەم وشانە ١٠٠٥ وشە لە زمانەکەدا جێگیر بوون و بە شێوەیەکی ڕێکوپێک بەکار دێن، بەتایبەت وشە دینییە عەرەبییەکان لە زمانەکە وەک خۆی ماونەتەوە.

وەک دیارە هاتنی ئەم وشانە بۆ ناو زمانەکە لەبەر هاوسێیی جوگرافیی میللەتی مەلاوی و عەرەب نییە، بەڵکوو دەگەڕێتەوە بۆ دوای چوونی ئیسلام بۆ مالیزیا و ئەندەنوسیا کە لە ماوەی سێ سەدەی ڕابردوودا زۆربەی دانیشتووانی مالیزیا و ئەندەنوسیا (بە گرووپی ئیتنیکی و نەتەوەیی جیاواز) بەچڕی موسڵمان بوون. لەگەڵ وەرگرتنی دینەکە، زمانی عەرەبییش کاریگەریی لەسەر زمانەکانیان بەجێ هێشتووە. هەروەها ئەلفوبێی عەرەبیشیان وەرگرتووە کە بە “خەتی جاوی” ناسراوە و لەگەڵ سیستەمی دەنگسازیی زمانەکانیان هەمواریان کردووە. لانەبردنی ئەم وشە عەرەبییانە لە زمانی مەلاوی، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ئایدیۆلۆجییە زمانییە کە لە پلانی زمانی “مەلاوی”دا هەیە، ناسیۆنالیزمی مەلاوی هیچ کێشەی لەگەڵ نەژادی عەرەب نییە و هاتنی ئیسلامیش بە قۆناغێکی گرنگ لە مێژووی نەتەوەی مەلاوی دەزانن و ناشیانەوێ بگەڕێنەوە بۆ پێش ئیسلام، شانازی بە پێش ئیسلام ناکەن کە سەر بە دینی هیندۆسی و بودایی بوون. ئەمە بێجگە لەوەی، هەر لە سەرەتاوە تا ئێستا، باوەڕیان بە زمانێکی پەتیی مەلاوی نەبووە، وەرگرتنی وشەی بێگانەش لە زمانی جیاواز بە ئاسایی دانراوە، وشەیەکی زۆریان لە زمانی ئینگلیزی و زمانانی دیش وەرگرتووە.

ئەگەر زمانی عەرەبی بۆ جیهانی ئیسلام زمانی دین بووە، زمانی لاتینییش بۆ زمانەکانی ئەوروپای مەسیحی هەمان ڕۆڵی هەبووە، زمانی دین و ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی بووە. بۆیە هەر یەک لە زمانە ئەوروپییەکان کۆمەڵێک وشە و زاراوەی لاتینی لە خۆگرتووە و هەتا ئێستاش لە زمانەکان ماونەتەوە. بۆ نموونە ئینگلیزی وشەی لە زمانی جیاواز خواستووە، بەپێی ئامارێکی زمانەوانی، لە توێژینەوەیەک کە لە لایەن دەیڤید کریستاڵ ئەنجام دراوە، ئاماژە بە ئامارێک دەدات کە ئینگلیزی لە ٣٥٠ زمانی جیاواز وشەی خواستووە. ئەگەر نموونەی چەند زمانێک وەرگرین کە ئینگلیزی وشەی لێ خواستووە، وەک دۆرکین دەیخاتە ڕوو: لە لاتینی زیاتر لە ١٣ هەزار وشە، فەرەنسی زیاتر لە ٦ هەزار وشە، یۆنانی زیاتر لە ٣ هەزار وشە، ئەڵمانی ١٣٠٠ وشە، ئیتاڵی زیاتر لە ٧٠٠ وشە، ئیسپانی ٧٠٠ وشە، هۆڵەندی ٣٥٠ وشە، زمانە سکەندیناڤییە کۆنەکان زیاتر لە ٣٠٠ وشە، ڕووسی نزیک بە ١٠٠ وشە، عەرەبی نزیک ١٦٠ وشە… تاد. بە هەمان شێوە لە زمانانی دیکەی وەک فارسی و عیبری و ئوردو و یەدیشی و چینی و مەلاوی و هیندی و سەواحیلی و بنگالی و پونجابی و تامیلی وشەی وەرگرتووە. هیچ زمانەوانێکی ئینگلیز پێی وانەبووە، بوونی ئەم هەموو وشە بێگانانە لە ئینگلیزیدا مەترسییە بۆ سەر زمانەکە، نەک هەر بە مەترسی نازانن بەڵکوو ئەمانە بە دەوڵەمەندبوونی زمانەکە دەبینن. ئینگلیز هەر لە بنەڕەتەوە باوەڕیان بە زمانێکی ئینگلیزیی پەتی نەبووە، لەم باوەڕەشیان بۆ زمان سەرکەوتوو بوون، ئینگلیزی ئەمڕۆ لە هەر بوارێکی زانست و مەعریفە بۆ هیچ وشە و زاراوە و چەمکێک دەستەوسان نییە، ئەگەر نەیبێت یەکسەر لە هەر زمانێک بێت وشە دەخوازێت، بەبێ ئەوەی ڕەچاوی ڕەگەز و نەژادی زمانەکە بکات. 

زمانی فارسی وەک زمانێکی ئێرانی و بە دین موسڵمان، یەکێکە لەو زمانانە کە وشەیەکی یەکجار زۆری عەرەبی لە خۆگرتووە،  زیاتر لە ٥٠٪ ی وشەکانی لە عەرەبی خواستووە. لە سەرەتای دەرکەوتنی ناسیونالیزمی فارسی، چەند هەوڵێک هەبوو بۆ پاکسازیی وشە عەرەبییەکان، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو، ئەمە هەرچەندە ناسیۆنالیزمی فارسی (ئێرانی) ناسیونالیزمێکی نەژادییە و پێی وایە لە نەژادێكی پاکی ئاریایی هاتووە و زۆر شانازی بە پێش ئیسلامەوە دەکات. بەگوێرەی توێژینەوەیەکی زیائیبراهیمی کە لەبارەی سەرهەڵدانی ناسیۆنالیزمی ئێرانی ئەنجامی داوە، ئاماژە بە پاشخانی هزری ئەو ناسیۆنالیزمە دەدات کە پێی وابووە، هاتنی ئیسلام، ئێرانی وێران کردووە و شارستانیەتی زێڕینی ئێرانی لە ناوبردووە و دینێکی عەرەبی و زمانی عەرەبی بەزۆر بە سەر ئێران دا سەپاندووە. سەرەڕای ئەم ڕوانگە ناسیونالیستییە بۆ نەژادی ئاریایی و دژایەتی عەرەب، بەڵام وشەی عەرەبییە خۆماڵیبووەکان لە زمانەکە ماونەتەوە و پاکسازی نەکراون. هەر لە سەرەتاوە زمانەوانەکانیان لەوە بەئاگا بوون کە پەتیکردنی توند، زمان وێران دەکات و هیچ سوودێکی نییە. ئەزموونی فارس بۆ هێشتنەوەی وشە عەرەبییەکان، ئەزموونێکی سەرکەوتووە، هیچ کێشەیەکی بۆ زمانەکە دروست نەکردووە و فارسی بەردەوام لە پێشکەوتن و گەشانەوەدایە.

بەپێچەوانەی فارس، تورک، بە هۆکاری ناسیۆنالیزمی توندڕەوانەی تورکی، بە ئامانجی دابڕان لە ڕابردووی میراتی عوسمانی و ئیسلام، هەر لە دوای دامەزراندنی دەوڵەتی تورکیای نوێ لە ١٩٢٦، لە سەرەتادا ئەلفوبێ لە عەرەبییەوە دەگۆڕن بۆ لاتینی، ئەوجا بەتوندی دەست بە پاکسازیی وشە عەرەبی و فارسییەکان دەکەن. ئەم پرۆسەیە، بۆ چەند دەیەیەک بەردەوام دەبێت، لە دوای پەنجاکان، ئەم پەتیکردنە توندە ڕادەگرن، چونکە لەوە هۆشیار دەبنەوە کە ئەمە زەرەر بە زمانەکە دەگەیەنێ، بۆیە دوای ئەوە، کۆمەڵێک وشەی عەرەبی، بە تایبەت دینییەکان، کە لە پێشدا لابرابوون، دەیگەڕێننەوە بۆ ناو زمانەکە.

بێگومان هەموو زمانێک پێویستی بە دروستکردنی زاراوەی نوێ هەیە، بەڵام هیچ زمانێک هەوڵ نادات هەرچی وشەی کۆن و خۆماڵی و جێگیربووی ناو زمانەکەی هەیە بە بیانوی ئەوەی ئەم وشانە لە بنەچەدا وشەی بێگانەن هەموویان ڕیشەکێش بکات.

ئەم پەتیکردنە توندە لە زمانی کوردی دا، بە پلەی یەکەم دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی سیاسەت و پلانی زمان بە شێوەیەکی زانستی، هەروەها نەبوونی زمانەوانی شارەزا بە پێشکەوتن و گەشەکردنی زمان؛ هەر لە سەرەتاوە بەشێوەیەکی هەڕەمەکی وشەی عەرەبییان لە زمان هەڵکێشاوە، لەوە بەئاگا نەبوون کە ئەم ڕەوتە لە پەتیکردن، زەرەر بە زمانەکە دەگەیەنێ، زمان لاواز و هەژار دەکات. لەوەش ئاگادار نەبوون ئەگەر وشەی نوێش بۆ زمانەکە دروست بکرێ، بەڵام پێویست ناکات هەموو وشەیەکی بێگانە پاکسازی بکرێ، بەتایبەت ئەو وشانەی کە لەمێژ ساڵە لە زمانەکە جێگیر بوون و خۆماڵی کراون و پێوستی زمانەکەیان پڕ کردووەتەوە، بە لابردنیان زمانەکە هەژار دەبێت. هەوڵەکانی پەتیکردن هەر لە سەرەتاوە، هەوڵی تاکەکەسی بوون، هەوڵێکی پلان بۆ داڕێژراوی زمان نەبووە کە لە لایەن زمانەوانی پسپۆر بڕیاری لەسەر درابێت.

ئەزموونی هەموو زمانە پێشکەوتوو و باڵادەستەکان ئەم ڕاستییە نیشان دەدەن، کە پەتیکردنی توند هیچ ڕۆڵێکی لە پێشکەوتن و پاراستنی زماندا نییە؛ ئەم جۆرە تێڕوانینە، زیاتر وەهمێکی ناسیۆنالیستییە کە پێی وایە بەم ڕێگەیە زمان دەپارێزرێ و دەیگێڕێتەوە بۆ ئەسڵی خۆی، بەڵام لە ڕاستیدا زمان بە پەتیکردنی توند ناپارێزرێت، بەڵکوو بە بەکارهێنان و پشتگیریکردنی لە لایەن دەسەڵات و چەسپاندنی لە سیستەمی پەروەردەی وڵات دەپارێزرێ و گەشە دەکات. ئەوەی مایەی سەرنجدانە ئەم ڕەوتە لە زمانی کوردی هەتا ئێستاش هەر بەردەوامە، هەر لەبەر هەمان هۆکار کە هەمان ئایدیۆلۆجیا بۆ زمان و هەمان بێپلانی زمان لە ژینگە زمانییەکەدا هەیە، هەروەها لە ڕووی سیاسییەوەش کورد هێشتا لەگەڵ دەوڵەتێکی عەرەبی کێشەی نەتەوەیی هەیە و پێی وایە عەرەبی بە زمان و وشە و ئەلفوبێ و پیت، هەڕەشە و تەعریبە، بۆیە نایەوێ هیچ وشەیەکی عەرەبییشی لێ بخوازێت و وشە بە ئەسڵ عەرەبییەکانیش لە زمان لا دەبات.

ڕێگەچارە بۆ ئەم کێشە زمانییە ئەوەیە کە ئەکادیمیای کوردی ئەم ڕەوتە توندە لە پەتیکردنی زمان سنووردار بکات، بە هۆشیارییەوە مامەڵە لەگەڵ گەشەپێدانی زمان بکات. چیدی بە بیانوی ئایدیۆلۆجیای توندڕەوانەی نەتەوەیی زمانەکە هەژار نەکرێت، بایەخ بە وشە بێگانە خۆماڵیبووەکان بدرێتەوە. لەکاتی زاراوەسازی، لە وشە عەرەبییە خۆماڵییەکان وشەی نوێی لێ دروست بکرێ، وشە دینییە عەرەبییەکان وەک خۆی لە پرۆگرامی پەروەردە بەکار بێتەوە؛ ئەم وشە عەرەبییانە چیدی بە هەڕەشە دانەنرێن و وەک وشەی پێویست بۆ زمانەکە سەیر بکرێن. دەکرێ لەپاڵ وشە عەرەبییەکان، وشە نوێیەکانیش بەکار بێن، بۆ نموونە دەکرێ پێنووس و قەڵەم، پەڕاو و دەفتەر، فەرمی و ڕەسمی، وتاری هەینی و خوتبە، قانوون و یاسا، دوعا و نزا، دەرس و وانە، میلادی و زایینی، تاریخ و مێژوو .. تاد پێکەوە بەکار بێن.

ئەگەر زمانی کوردی بە ڕێژەی لە ١٠٪ یان ١٥٪ وشەی عەرەبیی خۆماڵی تێدا بێت، ئەمە دەوڵەمەندییە بۆ زمانەکە و کۆمەڵێک کەلێنی زاراوەسازییش پڕ دەکاتەوە، و توانای دەربڕین لە زمانەکەش بەهێزتر دەبێت.

پەتیکردنی پیتەکانی زمانی کوردی

ئایدیۆلۆجیای زمانیی هەندێک ناسیۆنالسیتی کورد بە تەنیا دژی وشەی عەرەبی نییە، بەڵکوو هەندێک پیتی ئەلفوبێی کوردییش دەکاتە ئامانج. هەر لەبەر ئەوەی هەردوو پیتی”ع” و “ح” لە کوردی دا لەو وشانەدا هەیە کە بە ئەسڵ وشەی عەرەبین، لە لایەن هەندێک نووسەری پەتیخواز هەوڵ دەدرێ ئەم دوو پیتەش لە زمانەکە نەمێنێ. ئەمە لە کاتێکدا دەکەن کە بە هەزاران وشە لە زمانەکە هەیە ئەم دوو دەنگەی تێدایە، ئەگەر ئەم دوو فۆنێمە پیتی بۆ نووسین نەبێ، کەموکووڕییەکی گەورە دەکەوێتە ناو نووسین و بێژەکردنی وشەکان بە ڕاست و دروستی. بۆ نموونە سەعات دەبێت بە سەئات و حەوشە: هەوشە، حەز: هەز، حەرام: هەرام، محەمەد: مهەمەد،.. تاد.  ئەم پەتیکردنە هەندێک جار پیتی “غ” ش دەگرێتەوە، کە گوایە ئەم پیتە کوردی نییە، لابردنی ئەم پیتەش لە زمانەکە بێژەکردنی کۆمەڵێک وشە و ناو دەشێوێنێ، بۆ نموونە بەغدا دەبێت بەخدا، غاردان بە خاردان، مەغدید بە مەخدید، غانم بە خانم، ..تاد.

ئەم کێشەیە لەو کاتەوە بۆ زمانی کوردی هات کە ئەلفوبێی لاتینیی جەلادەت بەدرخان بۆ زمانی کوردی بەکار هات، چونکە لە لاتینی دا ئەم سێ فۆنێمە پیتی بۆ دانەنراوە، بۆیە ئەوانە هەوڵ دەدەن لە کوردیی ناوەندییش بە هەمان شێوە بەکار نەیەت. کاتێک دەقێکی کوردیی باکوور بە لاتینی دەخوێنییەوە زمانێکی سەیری کوردی لێ دەرچووە: حەسەن بووە بە هەسەن، عەلی بووە بە ئەلی، حەڵاڵ بووە بە هەلال، … ئەمە لەکاتێکدا کوردێکی باکوور ئەم وشانە بەم شێوەیە بێژە ناکات. ئەوە ئایدیۆلۆجیای زمانە بێژەکردنی ئەم وشانە دەشێوێنێ و زمانەکەش ناشیرین دەکات. هیچ هێزێک نییە بتوانێ ئەم دەنگانە لە زمان لا ببات، ئەمە قانوونێکی سروشتی و خۆڕسکی زمانە کە ئەم دەنگانەی تێدایە و لە توانای هیچ دەزگایەک و هیچ کەسێکیش نییە بە ئەلفوبێ و ڕێنووس دەستکاریی زمان بکات و سیستەمی دەنگسازی بگۆڕێت. هەروەها لە توانای هیج دەزگایەکی زمانەوانیش نییە پێکهێنەرەکانی زمان وەک ڕێزمان، فۆنۆلۆجی، مۆرفۆلۆجی بگۆڕێ، چونکە ئەمانە لە سروشتی زمانەکەیە و لە ماوەی هەزاران ساڵ لەلایەن ئەو کۆمەڵگەیەوە ئەم سیستەمە زمانییە بەرهەم هاتووە. بەهەمان شێوەش لەلایەن ئەم کۆمەڵگەیەوە بە ڕەمەکی و لەسەرخۆ گۆڕانی بەسەردا دێت؛ ڕەنگە بە سەدان ساڵ بخایەنێت هەتا دەنگێک لە زمان دەگۆڕی یان دەنگێک کاڵ دەبێتەوە.

ئەم ڕەوتە ئایدیۆلۆجییە نەتەوەییە توندە لە زمان، بۆ پەتیکردنی وشەکانی و پیتەکانی، هەرگیز خزمەت بە زمان ناکات، بەڵکوو زمان هەژار و لاواز دەکات و سیستەمی دەنگسازییشی تێک دەدات.



سەرچاوەکان

سۆن، مەیجەر (١٩٢٠) ڕۆژنامەی پێشکەوتن، ژمارە ٢٧، سلێمانی، چاپخانەی حکومەت.

Abdulla, Jamal J. (1980). Some Aspects of Language Purism among Kurdish Speakers. PhD dissertation, (unpublished), England: University of York.

Crystal, David (2003). English as a Global Language. Cambridge: Cambridge University Press.

Durkin, Philip (2014). Borrowed Words: A History of Loanwords in           English. Oxford: Oxford University Press.

Hasanpoor, Jafar (1999). A Study of European, Persian and Arabic Loans           in Standard Sorani (Reports on Asian and African Studies; 1), Uppsala: Uppsala University.

Hassanpour, Amir (1992). Nationalism and Language in Kurdistan,1918-1985, San Francisco: Mellen Research University Press.

Johnson, Aaron (2004). The Road to Turkish Language Reform and the Rise of Turkish      Nationalism. Unpublished master thesis. Montreal: McGill University. 

Reza Zia Ebrahimi (2016). The Emergence of Iranian Nationalism: Race and the Politics of Dislocation. New York: Columbia University Press.

Zaidan, Noor Azlina & others (2015). Absorption of Arabic words in Malay language. OIDA International Journal of Sustainable Development

 

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2023 SEKO