سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

شڕۆڤەیەکی نوێ بۆ ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستان

ئەگەر ئەمریکا و ئەوروپا پشتگیری ڕیفراندۆمی هەرێمی کوردستانیان بکردبا و دانیان بە ئەنجامەکەی بنابا، ئێستا تەمەنی دەوڵەتی “کۆماری دیموکراتی کوردستانی سەربەخۆ” لە حەفتەمین ساڵەی نزیک دەبۆوە. هۆکاری سەرەکی سەرنەکەوتنی پڕۆسەی ڕیفراندۆمەکەی ٢٥/٩/٢٠١٧ نەبوونی پاڵپشتی نێودەوڵەتی بوو. ڕاستە چەند هۆکارێکی تری لاوەکیش لە شکستی پڕۆسەکەدا ڕۆڵیان بینی، وەکو لاوازی ئابووری سەربەخۆ و نەبوونی کۆدەنگی سەرتاسەری نیشتیمانیی و کۆنتڕۆڵ نەکردنی تۆکمەی ناوچە کوردستانییەکان و فشاری ئیقلیمی، بەڵام لە ڕاستیدا ئەگەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕاستگۆییانە داکۆکیان لە پڕۆسەکە کردبا، کە ئەمە ئاستەنگی بنەڕەتی بوو، ئەوا بە دڵنیاییەوە هۆکارە لاوەکییەکان لە قۆناغەکانی دواتردا ڕۆڵیان نەدەما. لە گریمانەی سەرکەوتنی ڕیفراندۆم و جیابوونەوەی کوردستان لە کۆماری عێراقی عەرەبی و دانپێدانانی ئەمریکا و ئەوروپا بە شەرعیەتی کوردستانی سەربەخۆ، ئەوکات دەوڵەتی کوردستان دەیتوانی شوێنەواری هۆکارە لاوەکییەکان بسڕێتەوە و هەنگاو بنێت بۆ تۆکمەکردنی هەژموونی خۆی بەسەر ناوچە کوردستانییەکان و لەڕێگەی یاسا نێودەوڵەتییەکانیشەوە ڕێگە لە دەست تێوەردانە ئیقلیمییەکان بگرێت. بێگومان لەوەها بەرەنجامێکیشداهەموو ئەوانەی لەگەڵ پڕۆسەکە نەبوون، پاشگەز دەبوونەوە و بڕوای خۆیان دەگۆڕی.

سیاسەتی وڵاتانی خۆرئاوا سەبارەت بە مافی سەربەخۆیی کوردستان کتومت وەکو سەدەی ڕابردووە و هێشتا بۆ پشتگیری نەکردنی بەدەوڵەتبوونی کوردستان پاساو دەهێننەوە. تاوەکوو ئێستا ڕەچاوی بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەکەن، نازڕاگرتن و دڵنەوایی تورکیا و ئێرانیان بەلاوە گرنگە و هاوکێشەی هەرێمایەتی دەپارێزن و نایانەوێ نەخشە دەستکردەکانی کۆلۆنیالیزم دەستکاری بکەن. کاتێک داوای دواخستنی ڕیفراندۆمیان دەکرد بە پاساوی هەستیاری بارودۆخی ناوچەکە و شەڕی تیرۆریزم، ڕێک لەو بیانووانە دەچوو، کە لەدوای جەنگی جیهانیی یەکەم بۆ ساردکردنەوەی کورد لە خواستی سەربەخۆیی دەیانخستەڕوو. ئەمجۆرە سیاسەتە بەرژەوەندیخوازییەی وڵاتانی ڕۆژئاوا هۆکاری سەرەکی و ئاستەنگی بنەڕەتین لە بەدەوڵەتبوونی باشووری کوردستان. ئەگینا کوردان هەرگیز دەستبەرداری ئەم ئامانجە ستراتیجییە نابن.

لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا تەنها کورد هاوپەیمان و دۆستی ڕاستەقینەی ئەوروپا و ئەمریکایە، بەڵام ئەوان پشتگیری لە مافی سەربەخۆیی کوردستان ناکەن، ئەمەش سیاسەتێکی نامۆڕاڵیە.

ڕیفراندۆم میکانیزمێکی یاسایی و پڕەنسیپێکی دیموکراتییە لە یەکلاکردنەوەی چارەنووسی گەلان و ناکۆک نییە لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەکان و بنەماکانی مافی  نەتەوەکان. هاوکات پێچەوانەی جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ و هەردوو پاشکۆکەی نییە (مافە سیاسی، مەدەنی، کلتوری، ئابوورییەکان) لەگەڵ ناوەڕۆکەکانیاندا گونجاوە.

بۆ یەکلاکردنەوەی چارەنووسی نەتەوە و گەلان، چەندین ئەزموونی تاقیکراوە لە جیهاندا پیادەکراون. ڕیفراندۆم مافێکی سروشتی خەڵکی هەرێمی کوردستان بوو، کە لە سەدەی ڕابردووش بڕیار بوو بەپێی ماددەی ٦٤ ی پەیمانی سیڤەر لە کوردستانی باشوور ئەنجام بدرێت. لە ٢٠٠٥، هاوکاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، ڕاپرسیەکی نافەرمی و سەرتاسەری لە هەرێمی کوردستان ئەنجامدرا. ئەوکات ڕێژەی ٩٨٪ ی هاونیشتیمانیانی هەرێمی کوردستان دەنگیان بە سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە عێراق دا. بیرۆکەی ئەو گشتپرسییە لە شاری سلێمانی گەڵاڵە کراو دواتر لە هەردوو زۆنەکەی هەرێم ڕێککەوتنی لەسەرکرا. ئەوکاتیش ناوچە کوردستانییەکان نەگەڕێندرابوونەوە چوارچێوەی هەرێمی کوردستان، هێشتا ئیدارەی دوو زۆنەکەش تێکەڵ نەکرابوونەوە و دوو حکومەتی هەرێم لە ئارادا بوون، شتێکیش بەناوی ئابووری سەربەخۆ نەبیسترابوو. بەڵام ڕاستەوخۆ لە ئاستی شەقامی کوردستانیی و ناڕاستەوخۆش لە ئاستی نێوەندە سیاسی و حزبییەکانەوە پشتگیریەکی بێوێنە لە پڕۆسەکە کرا. ئەی بۆچی ئەوکات کەس نەیدەگوت جارێ زەمینە نەڕەخساوە و دۆخەکە لەبار نییە؟ تەنانەت میدیای جیهانییش ڕووماڵی پڕۆسەکەیان دەکرد و ئەمریکا و ئەوروپا هیچ بیانووێکیان بۆ دواخستنی ڕاپرسیەکە نیشان نەدا.

بیانوو دۆزینەوە بۆ دواخستنی ڕیفراندۆمەکەی ٢٠١٧ لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و هەندێک لایەنی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، هیچ بنەمایەکی لۆجیکی و واقیعی لەپشت نەبوو، چونکە ساتەوەختی هەردوو پڕۆسەی گشتپرسیە نافەرمییەکە و ڕیفراندۆمە فەرمییەکە وەکوو یەک بوون؛ تەنانەت شەڕی تیرۆریزمیش، کە بیانووێکی وڵاتانی هاوپەیمانی کوردستان بوو بۆ داواکردنی دواخستنی پڕۆسەی ڕیفراندۆم، مەترسییەکانی لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان تا ڕاددەی نەمانی زۆر لاواز ببوو.

سیاسەتی بەرژەوەندیخوازانەی وڵاتە دەستڕۆیشتووەکانی جیهان لەلایەک و ئاستەنگە ئیقلیمییەکان لەلایەکی تر، ڕەوشێکی نائاساییان لە شەقامی کوردستانی و نێوەندە حزبییەکان دروست کرد، سەرەنجام کۆدەنگی نیشتیمانی هەرەسی هێنا. ئەوانەی دەیانگووت کاتی نییە و نەخێر لە ئێستادا، خوێندنەوەیان بۆ پڕۆسەکە هاوتەریبی ئاراستەی سیاسەتی نێودەوڵەتی و ئیقلیمی هەڵدەچنی. ئەوانەشی سووربوون لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم؛ پێیان وابوو فشارەکان کاتیین و دواتر ئەنجامی دەنگدان؛ ڕیفراندۆمەکە دەکات بە ئەمری واقیع.

نامەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و بەڵێنەکانیان بۆ کورد لەبەرامبەر دواخستنی ڕیفراندۆم، ڕژدبوونی سەرجەم وڵاتانی ڕۆژئاوای سەبارەت بە دواخستنی پڕۆسەکە نیشان دەدا، چونکە دیار بوو ئەوروپا بەبێ ئۆکەی واشنتۆن پشتگیری لە پڕۆسەکە ناکات و تاکلایەنەش داننانێن بە سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان. ئەم هەڵوێستە نەرێنیەی ئەمریکا و ئەوروپا لەبەرامبەر خەونی کوردان، بووە لەمپەڕێکی گەورە. ئەوان هێندەی بەرژەوەندیەکانی “ئێران و تورکیا”یان ڕەچاوکرد، هێندە بایەخیان بە ئامانجی سیاسی کورد نەدا و مەبەستیان بوو پرسی سەربەخۆیی دوابخەن. ئەوکات دەبوا هەرێمی کوردستان یاریەکە بە قازانجی خۆی بشکێنێتەوە و کارتی ڕیفراندۆم بۆ کاتێکی تر بەدەست خۆی بهێڵێتەوە. ئەگەر لەبەرامبەر بەڵێنەکانی ئەمریکا و ئەوروپا، هەرێمی کوردستان بۆ کاتێکی دیاری نەکراو پڕۆسەکەی دوابخستبا، لێژنەی باڵای سەرپەرشتی کردنی ڕیفراندۆم لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەبەردەم ڕای گشتی کوردستانی دا بەڕاشکاوانە ڕوونی بکردباوە، کە دواخستنی پڕۆسەکە لەژێر فشار و داواکاری دۆست و هاوپەیمانەکانمانە و لەبەرامبەردا چەند بەڵێنێکیان پێداوین. ئەوکات هەرێمی کوردستان وەک براوەیەکی تۆکمە دەردەکەوت، چونکە دواخستنەکە لەبەرامبەر دەستکەوتی تر دەبوو، هاوکات فشارە عێراقی و ئیقلیمیەکان دەوەستان، ناوچە کوردستانییەکانیش هەر لەژێر دەسەڵات و هەژموونی هێزەکانی پێشمەرگە دەمانەوە، ئابڵوقەی ئابووری و کارتی فشاری مووچە لەلایەن بەغداوە پیادە نەدەکرا، پێگەی هەرێم لە ئاستی نێودەوڵەتی لاواز نەدەبوو، کارتی ڕیفراندۆمیش هەر بە بەهێزی دەمایەوە. ئەوکات دەنگۆیەک بڵاوببۆوە؛ گوایە ئێرانیش ژێربەژێری بەڵێنی بە کورد دابوو؛ تاکو حەمرین لەژێر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان بێت؛ گەر بێتو واز لە ڕیفراندۆم بهێنن. لێرەوە دەبینین کە فشارەکان بۆ سەر کورد بە مەبەستی دواخستن یان وازهێنان لە ڕیفراندۆم، پەیوەندیدار بوون بە بەرژەوەندی وڵاتە بەهێزەکان و وڵاتانی ناوچەکە. سیاسەتی ئیقلیمی هاوکێشەکەی قۆستەوە و دڵنیاببوون، کە هەرێمی کوردستان پاڵپشتی نێودەوڵەتی بەدەست نەهێناوە.

ڕیفراندۆم بە پێوەری یاسایی و بنەماکانی مافی چارەنووسی گەلان، پڕۆسەیەکی ئاسایی بوو، بەڵام گوتاری سیاسی کوردستانیی دابەشبوونێکی قووڵی بەخۆوە بینی و بە دوو ئاراستەی پێچەوانە و ناکۆک کەوتنە تەخوین و کەمبایەخکردنی دیدگا و دروشمەکانی یەکدی. ئەو ئاراستەیەی کەوتبووە ژێر کاریگەری سیاسەتی نێودەوڵەتی-ئیقلیمی و بە پاساوی لەبارنەبوونی بارودۆخ لەگەڵ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم نەبوون، بە هەموو شێوازێک هەوڵیان دەدا لە بایەخی پڕۆسەکە کەم بکەنەوە و بیبەستنەوە بە بەرژەوەندی حیزبی و ناویان نابوو “موزایەدەی کوردایەتی” و “دروشمی قەبەی بێ ناوەڕۆک”. لە ڕاستیدا ئەم خوێندنەوە نەرێنیە زۆر بێسوود بوو، چونکە ژمارەیەک حیزبی جیاواز لە هزری سیاسی و چەندین کاراکتەری سیاسی ناچوونیەک لە ئایدیا و بیری سیاسی لەنێو پڕۆسەی ڕیفراندۆمدا ڕۆڵیان دەبینی، کە بەرژەوەندی حیزبی ناتوانێ بەمجۆرە کۆیان بکاتەوە. لە لایەکی دیکەوە ئەو ئاراستەیەی مکوڕبوو لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، هەوڵی دەدا هەموو ئەو لایەن و کەسایەتییانە تەخوین بکات و تۆمەتی ناپاکیان بخاتە پاڵ، کە پێیان وابوو کاتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم نییە.

دیمەنی سیاسی ڕۆژانی پێش ڕیفراندۆم زۆر ئاڵۆز بوو؛ گوتاری سیاسی کوردستانیی پەرت و بڵاو دەردەکەوت؛ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چاوەڕێی بڕیاری دواخستنیان دەکرد؛ هاونیشتیمانیان بەسەر بەرەی بەڵێ و نەخێر و بایکۆتی ڕیفراندۆمەکە دابەش ببوون. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ڕێژەیەکی بەرز لە کۆی دەنگدەران (٩٥٪) بە بەڵی پشتگیری سەربەخۆیی کوردستانیان کرد. سەرباری هەموو ڕەخنە و سەرنج و تێبینییەکان ئەنجامی ڕیفراندۆمەکەی ٢٠١٧ و ئەنجامی ڕاپرسییەکەی ٢٠٠٥، یەک ڕاستی سەلماند، ئەویش خەمخۆری شەقامی کوردستانییە بۆ پرسی سەربەخۆیی کوردستان. ئەم هەڵوێستە کاریگەرەی هاونیشتیمانیانی کوردستان؛ فۆڕمێکی سیاسی و مەدەنییە لە پڕۆسەی نیشتیمانسازی؛ با ئەگەر پڕۆسەکەش بۆ مەبەستی نیشتیمانسازی پەیڕەو نەکرابێت. لە هەردوو پڕۆسەکەدا هۆشیاری سیاسی و نەتەوەیی خەڵک لە ئاستێکی بەرزدا نمایشی خۆی کرد، تاکی کوردستانیی درکی بە بایەخی بەدەوڵەتبوونی کوردستان دەکرد. وەنەبێ ئەم ڕژدبوونە لەژێر کاریگەریی گوتاری میدیایی حیزبەکاندا بەرجەستە بووبێت، نەخێر، بەڵکو خودی مرۆڤی کوردستانیی خوازیاری سەربەخۆیی کوردستان بوو، بە واتایەکی دیکە؛ تاکی کوردستانیی بە پڕۆسەی نیشتیمانسازی هەڵدەستا.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO