سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

ڕەوتی مۆسیقای کوردی لە ١٥ ساڵی ڕابردوودا

دڵزار عابدی

بۆ هەمووان ئاشکرایە مۆسیقا تەنیا ئامرازێکە کە لە ئێستادا هەموو نەتەوەی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان، لە کەنداو تا ئەناتۆلی و تۆروس، لە دەوری یەکتر کۆ دەکاتەوە. تەنانەت زمان و شیعر و سیاسەتیش ئەو توانایەی لە سازکردنی پێکبەستەیی و یەکگرتوویی نەتەوەیی لە ئاستی خەڵک و کۆمەڵگادا نییە. لە چاو ون نابێت کە پاش سەد ساڵ دابەشکران و داگیرکاری ئێمە هێشتا نەمانتوانیوە لە ژێر هیچ گوتار و ئایدیۆلۆجی و سیستەم و قەبارەیەکی سیاسی کۆ ببینەوە و یەکدەنگ ببین. لە کاتێکدا کە بکەرییەکی (agency) یەکگرتووی نەتەوەیی بنیات نەنراوە، تاکە تەڵی یەکگرتوویی بە دەستی کوردەوە مابێت مۆسیقاکەیەتی. بۆیە، مۆسیقا لەم دۆخەدا ئیتر تەنیا هونەری جوان نییە بەڵکوو بەشێکە لە شوناسی نەتەوەیی و تاقە ئامرازی یەکگرتوویی نەتەوەیی، لە کاتێکدا ئامرازەکانی دیکەمان لێ زەوت کراون یان لێ ون بوون.

بەڵام لەم دۆخەی ئێستادا ئەم تاکە کونجی هیوایە چۆن و بە چ شێوازێک پلانی بۆ دادەنرێت و ڕەوتی گەشە و پاشەکشەی لە چ دۆخێک دایە؟

بەردەنگی ئەم دەقە هۆگرانی مۆسیقای کوردستان، دەستەبژێری کوردستانی و هونەرمەندانن. ئەگەرنا ڕوون و ئاشکرایە وەزارەتی ڕۆشنبیری هەرێمی کوردستان و سیاسەتوانانی کلتوری کورد نە ستراتیجی کلتوری ئاواز و مۆسیقا دەکەن و نە لە پلان و بەرنامەیاندایە لە گرینگایەتی ئەم ئامرازە جەوهەرییە تێبگەن. بە گشتی وەزارەتی ڕۆشنبیری و دەزگا کلتورییەکان و میدیاکانی باشووری نیشتیمان خەریکی ڕاگرتنی سیما و ڕووکەشن، و لە کاری جددی و قووڵ و ستراتیجی خۆ دەبوێرن. ڕوونە کە نووکی ڕوانگەی ئەوان ڕووی لە دەرەوەی کوردستانە و دەیانەوێت بە داگیرکەران و بیانییەکان نیشان بدەن تا چ ڕادەیەک مەیدان و ئاگۆرای هونەری کوردستان بۆ ئەوان واڵا دەکەن و تا چ ئاستێک خولیا و هۆگری کلتوری بێگانە و نەیار و ئەویدی کوردن و ئەوین و خۆشەویستی بۆ هونەر و مۆسیقایان ڕۆدەچێننە نێو کلتوری کوردستانەوە. هەر بۆیە دەبێت یاسینێک بەسەر وەها سیستەمێکی کلتوریدا بخوێنرێت.

لە ئەنجامی هەبوونی وەها سیاسەتێکی کلتوریدا، میدیا کوردییەکان لە بەلاڕێبردنی عەقڵی تەندروستی کۆمەڵگە ڕۆڵێکی بەرچاویان گرتووەتە ئەستۆ و چەواشەکاری هونەریان پەرەپێداوە. بەهۆی بانگەشە و پڕوپاگەندەیەک کە بۆ تاقمێکی دیاریکراو لە هونەرمەندان کراوە و دەکرێت، بە گشتی خەڵکی کوردستان لەسەر ئەو باوەڕەن لە ئێستادا ژمارەی بەرهەمهێنانی بەرهەمی مۆسیقایی زۆرترە لە دەیەکانی ڕابردوو. بەڵام بە پێچەوانە بانگەشە و پڕوپاگەندە بۆ بەرهەمەکان زیادی کردووە نەک ژمارەی بەرهەمەکان. هەرچەند کە ئەمە تەنیا زیانی میدیا کوردییەکان بۆ سەر مۆسیقای کوردی نییە و زیانەکانی میدیای کوردی بۆ مۆسیقای کوردی خۆی پێویستی بە شیکاری دیکەیە.

 

لەم ئامارەدا کە لە وێنەکەدا دەیبینن، ئەم دایەگرامە ڕەوتی بەرهەمهێنانی میوزیک لە ٢٠١٠ نیشان دەدا و ئەو ساڵە ٢٠١٠ بە بناغە وەرگیراوە. ئەگەرچی ٢٠١٠ بە نیسبەت پێداویستی کۆمەڵگەی ٥٠ ملیۆن کەسی کوردستان، ئەم ئاستە لە بەرهەمهێنانی هونەری شامی شەریف نەبوو بەڵام بۆ ئەم شیکارییە ئەم قۆناخە بە بنەما دەگیرێت.

بەگشتی بەرهەمهێنانی میوزیک لە ١٠ ساڵی ڕابردوو بە شێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە. لەم ڕەوتەدا کە لە وێنەکەدا دەیبینن ژمارەی میوزیک لە ٢٠٢٠ بە نیسبەت بە ٢٠١٠، ٨٨% دابەزیوە. لە ٢٠١٠ دا ٥٠ ئەلبووم و لە ٢٠١٢ دا ٤٤ ئەلبووم بەرهەم هاتووە بەڵام لە ٢٠٢٠ دا تەنیا ٦ ئەلبووم بەرهەم هاتووە. هەرچەند ئەم دایەگرامە تەنیا ڕەوتی بەرهەمهێنانی ئەلبووم نیشان نادات و ئاماژەیە بە تەواوی بەرهەمەکان.

ڕەنگە وەها ئارگیومێنتی بکرێت کە باوی ئەلبوومی نەماوە و ناتوانرێت بە بنەما بگیرێت، بەڵام لە حەقیقەتدا ئەو بۆچوونە هەڵەیە و هێشتا لە هەموو دنیا بەرهەمهێنانی ئەلبووم درێژەی هەیە و هێشتا پێوەری سەرەکییە لە پێوانی بەرهەمهێنانی مۆسیقای وڵاتێک. کاتێک بەرهەمهێنانی ئەلبوومی دادەبەزێت، چالاکی ڕاستەقینەی کلتوری لە بواری هونەرییەوە دادەبەزێت و قەیران ساز دەبێت. هەروەها کێشەی کۆپیکردنی ئەلبووم و نەکڕینی لە لایەن خەڵکەوە و چارەسەر نەکردنی یاساکانی مافی خاوەندارێتی (کۆپی ڕایت)، نیشاندەری دۆخی قەیراناوی میوزیکی کوردییە.

بێجگە لە دابەزین یان باشتر بڵێین ڕسیانی بەرهمهێنانی میوزیکی کوردی، دەیان گۆرانیبێژ و ژەنیار بە شێوازی ڕاناگەیندراو دەستیان لە کار کێشاوەتەوە و دەیان ستۆدیۆ داخراون و میدیاکانیش پێ و شوێنیان ناگرن و پشت گوێیان دەخەن.

بەسیستەمنەکردنی میوزیکی کوردی، بەپیشەیینەکردن، بەیاسایینەکردنی کۆپی ڕایت، نەبوونی سیستەمی بانکی یەکانگیر، نەبوونی ستراتیجی درێژخایەن، هەڵەکانی میدیاکان و وەزارەتی ڕۆشنبیری، فەرهەنگسازینەکردن بۆ چۆنیەتی پاڵپشتی دروست لە بەرهەمی هونەری، مشەخۆرکردنی تاقمێک لە هونەرمەندان، بەمافیاکردنی سیستەمی میدیایی و ئابووری مۆسیقا، دەستتێوەردانی سیاسییەکان بە مەبەستی سیاسی لە مۆسیقادا، نەبوونی بڵاوکەرەوە، نەبوونی سیستەمی پەروەردەی سیستەماتیک، تەوژمی ئیسلامی سیاسی، هێرشی کلتوری داگیرکەران و چەندین هۆکاری دیکە خەریکە مۆسیقای کوردی بەرەو هەڵدێری نەمان دەبات.

لە ئێستادا ئەرکی پارێزگاریکردن لە مۆسیقای کوردی کەوتووەتە ئەستۆی سێ بەرە: یەکەم خەڵکی ئاسایی، دووەم، دەستەبژێری کۆمەڵگە، سێیەم، هونەرمەندان.

یەکەم، ڕۆڵی خەڵک لە ئێستادا ئەوەیە؛ کە بزانن ئەو میراتەی بە هەزاران ساڵ بۆمان ماوەتەوە و شانازی پێ دەکەین، مەترسی توانەوە و لەناوچوونی لەسەرە. لەبەر ئەوە پێویستە لە هونەرمەندانی بەرهەمهێن پشتیوانی بکرێت. بە هەر جۆرێک کە لە توانایاندایە خاوەنداریەتی لە مۆسیقای کوردی بکرێت. بزانن کە مۆسیقای کوردی تەنیا موڵکی هونەرمەندان نییە بەڵکوو بەشێکە لە ناسنامەی گشتی هەموو کوردان. دەبێت خەڵکی کوردستان پەرۆشی دۆخی قەیراناوی مۆسیقای کوردی بن و لە بەرامبەر مەترسییەکان و هەڕەشەکانی خەم سارد نەبن. خەڵک دەتوانێت ببێتە چیایەکی خۆڕاگر بۆ خەباتی هونەری هونەرمەندان. هونەرمەندی ڕاستەقینە ئیتر لەم دۆخەدا نەک هەر هونەرمەند بەڵکوو خەباتکارە.

دووەم: دەستەبژێر دەتوانن گوشارێک زۆرتر بخەنە سەر میدیاکان و سیاسییەکان بەڵکوو ڕەوتی چەوتیان ڕاست بکەنەوە یان ئەوەی نەهێڵن زۆرتر لەمە مۆسیقای کوردی بەرەو ئاقاری نەمان ببەن. هەروەها هەڕەشە و مەترسییەکانی سەر مۆسیقای کوردی بخەنە بەر باس و شیکاری و لێکۆڵینەوە. قەڵەمیان وەگەڕبخەن و لەسەر مۆسیقای کوردی بنووسن. دەستەبژێری کورد دەتوانن بۆ هونەرمەندان ڕێنوێن و پاڵپشتێکی ئەمەکناس بن و ڕێگەی تاریکیان بۆ ڕووناک بکەنەوە.

مۆسیقای کوردی ئەگەرچی لەبابەت خەزێنەی فۆلکلۆرەوە دەوڵەمەندە بەڵام لە باری لایەنی هزریی، فەلسەفی، ستراتیجی و هەموو جۆرە لێکۆڵینەوە و نووسراوەیەکەوە هەژارترین مۆسیقایە. مۆسیقای کوردی بۆ ئەوەی بتوانێت لەم قۆناخە دەرباز بێت تەنیا پێویستی بە گۆرانی نییە بەڵکوو پێویستی بە سەدان کتێب و گۆڤار و لێکۆڵینەوە و سیمینار و کۆنفرانسە. ئەگەرچی بە درێژایی مێژوو هونەرمەندان هاوتەریب و هاوکات لەگەڵ فەیلەسوفەکان و بیرمەندان پێشەنگی کۆمەڵگەی خۆیان بوون بەڵام ئێستا لە کوردستان هەر لەبەر نەبوونی سەرچاوە و لایەنی هزریی لە مۆسیقای کوردی دا بووەتە هۆی ئەوەی هونەرمەندانی کورد لە باری خوێندنەوە و ڕووناکبیرییەوە لە ئاستی پێویستدا نەبن. هەر بەم هۆکارە ئەم هەوڵانە تەنیا بە هونەرمەندان ناکرێت، بەڵکوو ئەرکی زۆرتری دەکەوێتە سەر دەستەبژێری کۆمەڵگەی کوردستان.

سێیەم: ئێستا لە هەمیشە زیاتر پێویستی بە بەردەوامبوونی هونەرمەندان هەیە. ئەم تۆزە ڕووناکییە بە هیچ نرخێک نابێت بکوژێتەوە و هەر وەک سەردەمی زیرەک و ماملێ و و تاهیر تۆفیق و شاکیرۆ و سەدان هونەرمەندی مەزنی نەتەوەکەمان بێ چاوەڕوانی، بێ پسانەوە دەبێت کار بکرێت. لێرەدا ه ئیتر هونەر تەنیا هونەر نییە بەڵکوو جۆرێکە لە تێکۆشان و خەبات.

هونەرمەندان نەک هەر لە بەرامبەر بە ژیانی تاکەکەسی و خێزانی خۆیان بەڵکوو بەرامبەر بە گشت کۆمەڵگە و میراتی پێشینیان و کوردستان بەرپرسن. بۆ ئێمە هونەرمەندانی کوردستان وەک نەتەوەی بێدەوڵەت هیچ ڕێگایەکی دیکە بوونی نییە، جگە لەوە کە بەرپرسانە تێ بکۆشێین. بۆ تێکۆشانێکی بەرپرسانە پێویستە خۆمان لە هەموو بارێکەوە یەکلا بکەینەوە و بزانین هیچ کەسمان لە پشت نییە جگە لە خۆمان و خەڵکە ئەمەکناسەکەمان.

وەک هونەرمەند لە کاتێکدا لەم دۆخە بێدەوڵەتییە هیچ پاڵپشتێک بۆ هونەرەکەمان شک نابەین، پێویستە تەنانەت گەشەی زانستی و هزریی و دیسکۆرسیڤی خۆمانیش هەر خۆمان بگرینە ئەستۆ و ئاستی زانستیی و هزریی و گوتاریی، هەروەها، هۆشیاریی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی خۆمان بگەیەنینە ئاستێکی بەرز لە خۆبژیوی هونەری تاکوو لە نەبوونی پشتیواندا، خۆمان و هونەرەکەمان نەپووکێینەوە. بۆ ئەم مەبەستە پێویستە خوێندنەوە و بەرهەمهێنانی تازەی هونەری بکرێتە خاڵێکی جەوهەری لە ژیانی هونەرمەندی کورد. بێدەنگ نەبوون و نەوەستان گرنگترین ئەرک و بەرپرسیارەتی ئێمە هونەرمەندانە.

 

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO