ئەوەی لەلایەن برا عەرەبەکانمانەوە دەگوزەرێت دەرهەق بە برا کوردەکانیان تازە نییە و لەوەتەی ئەم دوو گەلە بەریەککەوتنیان پێکەوە هەیە وا بووە. لەلایەک عەرەبەکان خۆیان بە خاوەنی هەموو شت دەزانن و بۆ خۆیان بەڕەوایی دەبینن بڕیار لەسەر موستەحیڵەکانیش بدەن. گەلی کوردیش بە مافی خۆی دەزانێت ئەوەی هەیبووە پارێزگاری لێ بکات و لەو پێناوەشدا دەریایەک خوێنی بەخشیوەتە کوردستان و بستێک زەوی نەماوە لەو کوردستانە داگیرکراوە بە خوێن سوری نەکردبێت. ئەوەی جێگای تێڕامانە زۆرینەی عەرەب وەک یەک بیردەکەنەوە سەبارەت بە دۆزی کورد، بۆ نموونە، ئەنجوومەنی سەرکردایەتی شۆڕش (مەجلیس قیادەت سەورە) کە تا سەر ئێسقان دژی ئەم فەرمانڕەوایانەی ئێستا عێراقی نوێ بوون و ئەمانەش بەهەمان شێوە دژی ئەوان بوون، کەچی ئەو بڕیارانەی ئەو کات دژی کورد دەریان کردووە بە تایبەت ناوچە داگیرکراوەکان لە کەرکووک و نەینەوا و دیالە و سەلاحەدین، کە ئێستا بەناوچەی جێناکۆک دەناسرێت، کەچی ئێستا ئەو بڕیارانە بوونەتە ڕێژەی نەگۆڕ و وەک و خۆی بگرە خراپتر مامەڵەیان پێوە دەکەن دژی کورد و جووتیاران و دانیشتوانی ناوچە کوردستانییە داگیرکراوەکان. ئەمەش ئەوەمان پێدەڵێت کە عەرەب، شیعە بێت یان سوننە، ڕەش بێت یان سپی، چەپ بێت یان ڕاست، مادی بێت یان میسالی، هەمان پەروەردەن و گۆڕانکاری زۆر سەختە لە تێگەیشتنیان ڕووبدات.
گوێ لەم چیرۆکە بگرن. لە ٢٠٠٣ وە ڕژێمی بەعسی سەدام سەرەونگون کراوە، کەچی بڕیار و ڕاسپاردەکانی بەعس دەربارەی کورد و کوردستان تا ئێستا دەستکاری نەکراون و ساری مەفعولن، واتە وەک خۆی ئیشیان پێدەکرێت. تا ئێستا پرۆسەی تەعریب بەردەوامی هەیە، ئەمە لەکاتێکدایە کە ئەندازیاری تەعریب بەعس و ڕژێمەکەی سەدام بوو، دوژمنی سەرسەختی ئەم نوخبە سیاسییەی کە ئێستا حاکم بە دەستن لە عێراق. تا ئێستا داگیرکردنی زەوی و زاری کورد و سوتاندنی بەروبوومی جووتیاران بەردەوامە لەلایەن هەمان عەرەبە هاوردەکان کە ڕژێمی پێشووتر ئەوانی هێنابووە سەر خاکی جووتیارە کوردەکان، کەچی ئەم ڕژێمەی ئێستا، شیعەکان، بەرگرییان لێدەکەن، تا ئێستا بەهەمان عەقڵیەتی سەردەمی بەعسی سوننەوە هەڵدەکوتنە سەر جووتیاران و هەوڵ دەدەن زەویەکانیان داگیر بکەن، هەوڵ دەدەن لەسەر ماڵ و حاڵیان دەریان بکەن و برەو بە بیری شوڤێنی عەرەب بدەن، کەواتە عەرەبەکان چونکە لە ڕووی پەروەردەوە هەمان پەروەردەن بۆیە هەر عەرەبە هیچ لە بابەتەکە نەگۆڕاوە
هەر کێ لە دەسەڵات بێت وەک عەرەبە شۆڤینییەکان بیردەکاتەوە دژی گەلانی ژێر دەستیان. بۆیە دەکرێت بگوترێت بیری بەعسیش لە دەمارەکانی عروبەوە سەرچاوەی گرتبوو، کە دەرهەق بە کورد هیچ نەما نەیکەن. تەنانەت لە عێراقی بەناو فیدڕاڵیش ئەم جۆرە سیستەمە بەڕێوە دەبرێت، ئەوە بیرتەسکی هەمان عروبەیەو لەوە زیاتر زەحمەتە لەم عێراقە هەڵبکڕێندرێت.



