ئەگەر لە قورئاندا “ئیمان” و “چاکەکاری” دوو دووانەی لێکدانەبڕاو بن، ئەوا ئیمان و ئومێدیش دیسانەوە واتا بەیەکتر دەدەن و بەیەکداچوون. بەجۆرێک ئیمانی بێئومێد زۆر واتای نییە. چونکە ئەگەر ڕیشەی ئیمان لە ئەمنەوە، واتا ئاسایش و تەناهییەوە هاتبێت، ڕوونە هەست بە ئارامی و نائومێدی دژ بەیەکن و لەگەڵ یەکدا کۆ نابنەوە. بۆیە، ئەگەر بابەتەکە زۆر بگوشین دەڵێین: دیدی قورئانی نەک هەر جێگەی باوەڕداری نائومێدی تێدا نابێتەوە، بەڵکو ئەم دیدە بوون و نەبوونی ئومێد دەکات بە پێوەری ڕێنمایی وەرگرتن یاخود مانەوە لە دۆخی گومڕاییدا.
بۆ ئەمە بەسە ئاماژە بە ئایەتی پەنجا و شەشی سوورەتی ئەلحەجەر بکەین کە دەفەرمووێت “جگە لە گومڕاکان هیچ کەس لە سۆز و میهرەبانی خودا نائومێد نابێت”. وشەی قنووتیش، کە لە ئایەتەکدا هاتووە، لە فەرهەنگی زمانی عەرەبیدا ئەوپەڕی نائومێدی یاخود نائومێدبوون دوای چاوەڕوانیی شتێک و نەهاتنە دی ئەو شتە دەگەیەنێت، کە ئاماژەیە بە کۆتایی سەبر و ئارامگری و گەیشتن بە ساتەوەختی داوەریکردن و حوکم دان بە سەر دۆخ و پرس و بابەت و کەسەکاندا. هەڵبەت ئەوە ڕاستە کە مەبەست لەم قنووتە لە هەندێ شوێنی قورئان دا نائومێدبوونە لە سۆز و میهرەبانی خودا بەرامبەر مرۆڤ خۆی وەک ئەوەی بگاتە ئەو قەناعەتەی خودا لێی خۆش نابێت و چاوپۆشی لێناکات و تازە چارەنووسی یەکجاری دیاری کراوە و بواری گەڕانەوە و خۆبیناکردنەوەی لەبەردەمدا نەماوە! بەڵام، ئەمە تەنها ڕوویەکی نائومێدیمان بۆ دەردەبڕێت، ڕووێکی تری نائومێدبوون نەمانی تەماداربوونە بە هاتنە دی هەندێ چاوەڕوانی و خواستی مرۆڤ لە ژیان و دنیادا لە سۆنگەی نامۆیی، نائاساییبوون و ناباوبوون یاخود هەر هۆکار و ڕێکارێکی ترەوە ئەم ئایەتەش دەربارەی ئیبراهیم پێغەمبەر درودی خوای لەسەر بێت هاتووەتە خوارەوە و لەسەر زاری ئەویشەوە دەربڕدراوە، کاتێك میوانە فریشتەکانی لە تەمەنی هەڵکشان و پیرۆیدا موژدەی منداڵێکی زانا و پێگەیشتووی پێ دەدەن، ئەویش پرسیاری پیربوونی خۆی و نائاساییبوونی موژدەکە دەورووژێنێت، ئەوانیش وەڵامی دەدەنەوە کە: فریشتەن و لەلایەن خوداوە بۆ لای ئەو نێرداون و هەروا بە هەوانتە موژدەی پێ نادەن. لەبەر ئەوە، پێویستە متمانەی هەبێت و لە نائومێدی بە هۆی جەبرەکانی جەستە و بایۆلۆجیا بێتە دەرەوە. ئایەتەکە بە جۆرێکی وا قووڵ و یەکلاکەرەوە، نائومێدی ڕەتدەکاتەوە، هیچ جۆرە پەیوەندییەکی بە دڵ و دەروون و بیرکردنەوە و جیهانبینی مرۆڤی باوەڕدارەوە ناهێڵێت و دەیکات بە درەختێکی بەرتاڵ و ژاراوی ئەودیو کێڵگە و قەڵەمڕەوی سەوزەڵانی سەرزەمینی ئیمان و مامەڵەکردن لەگەڵ خوایەکدا، کە ڕەحمانە، واتە هەر خودی خۆی ڕەحمەتە.
هەر لەم دیدەشەوەیە تەبەری و هەندێ ڕاڤەکاری تری قورئان، پرسەکە دەبەنە بازنەی سەرلێتێکچوون و چوون و لێونبوونی ڕاستی. واتە ئەو مرۆڤەی لە سۆنگەی زۆری ئازارەکان، داخرانی ئاسۆکان، درێژبوونەوەی مەینەتییەکان، درەنگ کەوتنی هاتنەدی ئاواتەکان، بەرامبەر خودا دووچاری نائومێدی دەبێت، تووشی شڵەژانی فیکری و دەروونی بووە، ڕێبازی دروستی بریکردنەوەی لێتێکچووە، تەنانەت دووچاری جۆرێك لە پەشۆکاوی لە بواری ناسینی “خودا”شدا بووە. بۆیە پێویستی بە بەخۆیدا بچوونەوەو دووبارە پێناسەکردنەوەی ئیمان و سروشتی پەیوەندی نێوان ئەو و ئومێد و بەندە و پەروەرگارو تێڕامان لەڕێسا خوداییەکانی ژیان و گەردوون و مێژوو هەیە. چونکە نائومێدی، واتە لەوەی لە دەرەوەی ئەوەی هەست و عەقڵ و خەیاڵی سنووردار و مەحکووم بە کات و شوێن و حەز و چاوەڕووانەکانی پەیپێدەبات، یاسا و ڕێسا و هێز و سۆزێک هەبێت، بە قازانجی گۆڕانکاری و چاکە و خێری مرۆڤ و کۆمەڵگا وەگەڕ بکەوێت و دەستێوەردان بکات، بەگشتیی لەم خاڵانەی خوارەوە تێپەڕ ناکات: ئەوەی لە ئارادایە ویستی خودای لە سەرەو ئەو سەپاندوویەتی! ئەمەش لە دیدی ئیمانی و کەلامیەوە چەندین کێشەی هەیە لەوانەش:
یەکەم، بە چی و چۆنا بزانین خودا دۆخێکی دیاریکراوی بە سەرماندا داسەپاندووە؟ چونکە هیچ کەناڵێکی پەیوەندیکردنمان بەخوداوە لەبەردەستدا نییە بۆ زانینی مەرام و ویستی خودا لە بارودۆخێکی دیاریکراودا. ئەوەی هەیە و لەبەردەستماندایە دەقە، هەرچی دەربارەی دەق و بەڵگەپێهێنانەوەشی بۆ ڕاڤەکردنی واقیعیش لەئارادایە و دەگوترێت، لە لێکدانەوە و بەرئەنجامگیری و تێکە و لێکە و تێگەیشتی سنوورداری مرۆڤ دەرناچێت هیچ پیرۆزی و ڕەهایی و ڕەوایەتییەکی ئاسمانی نییە. خۆ ئەگەر دەگوترێت هیچ شتێک لە دەرەوەی ویستی خوداوە ڕوونادات، هیچ لە مەسەلەکە ناگۆڕێت، چونکە لەگەڵ ڕەهابوونی زانیاری و دەسەڵات و ویستی خودا، بە گوێرەی کۆمەڵێ سوننەن و ڕێسا و یاسا و پێوەرێک کە خۆی ڕازی بووە پێیان، ئەم بوونەوەرە بەڕێوە دەبات، واتە گەردوون و ژیان قانوونمەندە، لێرەشەوە ویستی خودا لە ڕووداوەکاندا لە میانەی ئەو بەشەی تری هەمان ویست کە ڕێسامەندییە، ڕەنگدەداتەوە، موعجیزە و پرسێکی هەڕەمەکی و نائامانجدار و ڕاڤەنەکراو نییە.
دووەم، خستنەپاڵی دۆخی بۆلای خودا کە لەگەڵ دادپەروەری و چاکە و حەقیقەت ناسازگەرە، لانی کەم لە ڕوانگەی توانا عەقڵی و ئەخلاقییەکانی ئێمەوە، لەگەڵ ئەلفوبێی یەکتاپەرستیدا ناگونجێت، چونکە خودا ستەم و ناعەدالەتی لە هەموو بەرگەکاندا ڕەتدەکاتەوە.
سێیەم، ئەم دیدە جۆرێ لە جەبریەت و ڕەتکردنەوەی ئیرادەی خودا پێدراو بە مرۆڤ و لێپرسراوبوونی بەرامبەر ڕەفتار و بژاردەکانی لەخۆ دەگرێت کە دیسانەوە لەگەڵ مەبەستی خودا لە خوڵقاندنی مرۆڤ ناتەبایە و پێچەوانەی جەوهەری دوا پەیامی خودایە کە کێشەی مرۆڤ بە بوونی خواست و ئازادی دانانێت، بەڵکو لە ئەگەری خراپبەکارهێناندا دەیبینێتەوە.
چوارەم، دروستکردنی تەمی نائومێدی بەسەر دڵ و دەروونی مرۆڤدا، یەکسانە بە تێکدانی هاوکێشەی بیرکردنەوەی باوەڕدار لە نێوان “ترس” و “تەما یاخو ڕەجا”دا. سڕینەوەی تەما بەسۆزی خودا و زاڵکردنی ترسە لە دواڕۆژ و تووڕەیی و تۆڵەسەندنەوەی لە کۆمەڵگە و مرۆڤەکان لەم دنیایەدا. ئەوەش سەردەکێشێ بۆ بیرکردنەوە بە جۆرێکی ناڕاست و باوەڕهێنان بەوەی، ئەوەی چاوەڕوانی ئێمە دەکات، قەدەرە تاڵ و ناخۆشەکانە نەک دەر و لێکردنەوەکان و هاتنە پێشەوەی دەرفەتەکان!
لێرەوە، ئیمان و هۆشیاری ئیمانی و ئاگاداربوون لە ڕێسا خوایی و گەردوونی و مێژووییەکان، لێمان دەخوازن، لە هیچ هەلومەرجێکدا. هەرچەندە تاڵ و سەخت و نائومێدکەر بێت، ئومێد بە سۆز و میهرەبانی خودا و گۆڕانکاری و دەروونلێکرانەوە و هاتنە پێشەوەی دەرفەتی پشوودان و هەڵسانەوە لەدەستنەدەین، ئازایانە بەرەو ڕووی قەدەری خۆمان بووەستینەوە.
لەسایەی ئەوەی لەپێشەوە ئاماژەمان پێکرد پێمان وایە و بانگەواز لە ناوەندە دینی و ئیسلامییەکەی کوردستان دەکەین، تایبەتمەندی و پێشەنگیی خۆیان لەم ڕووەوە لەیاد نەکەن و باوەڕدارانە مامەڵە لەگەڵ ڕووداو و گۆڕانکاری و ڕەگەزەکانی نائومێدی ئێستای هەرێم بکەن. بە هەڵە و فۆرمێك لە گومڕایی فیکری و لێڵی دیدی ئیسلامیان بزانن، لەژێر فشاری کارێکی سیاسی ناسیاسی و شکستی فۆرمێکی حوکمڕانی و هەلومەرجێکی ساختەو و جەنگی دەروونی دەرەکی و گەڕەلاوژەی سیاسی، ئاسایی ببنەوە و وەک هەر کەس و هێزێکی تر لە کۆمەڵگەدا نائومێدی و ڕەشبینی دەربارەی ئاییندەی کۆمەڵگە زۆرینە موسوڵمانەکەیان پەخش و بڵاو بکەنەوە، یاخود خوانەخواستە، لەگەڵ خۆ بە دەستەوەداندا بن بۆ قەدەر و چارەنووسێکی نادیار. نابێت و ناکرێت ئەوان پێوەری هەندێ لە بەرامبەرەکان قبوڵ بکەن کە وڵات و خاکی خۆیان وەک وێرانە و بێ ئاییندە ببینن و نیشان بدەن و خۆیان بۆ ئاستی بیرکردنەوەی ژیانی ڕۆژانە بە تەنها بچووک بکەنەوە و ئەمانەتی چارەنووسی میللەتێکی ڕەسەن و زۆرینە موسوڵمان و ستەملێکراو لەئەستۆنەگرن. چونکە ئەوە پێش هەر شتێک هەر وەک باسمان کرد، ئاماژەیە بە گومڕاییەکی فیکری، پێچەوانەی ئەو نوور و ڕووناکی و هیوا و وزە و دووربینی و داوەرییە ئەخلاقی و گەردوونییە هاوسەنگی و گەشبینی و بڕوابەخۆبوون و ئومێدەیە، ئیمان و جیهانبینیی یەکتاپەرستانەی ڕەسەن و هاوسەنگ و دەروونساز، بە مرۆڤ و گرووپەکانی دەبەخشێت. باوەڕدار لە کۆمەڵگەکەیدا، کە لەم سەردەمەدا، مەیدانی سەرەتا و کۆتایی ڕەنگدانەوەی بیرکردنەوە و بیر و باوەڕ و بەهاکانیەتی، نەك هەرنابێت، دروشمی پووچگەرانەی ڕووخان و ئاشبەتاڵ و دەستبەردان لە مافە ڕەواکان بەرزبکاتەوە، نائومێدبوون لە هەندێ هێز و سیاسەت و فۆرمی حوکومڕانی نەگۆڕێت بۆ نائومێدی لە کورد و گەلی کوردستان وەك نەتەوە، یان خوانەخواستە لە ساتەوەختێکی بێهیوایی کوشندەدا بگاتە پاساوهێنانەوە بۆ ڕەفتاری ستەمکار و جەلادەکانی دوێنێ و ئەوەی بەرامبەر نەتەوەکەی کردوویانە، یاخود خۆی بەرامبەر هیوا و چارەنووس و ئاواتی میللەتەکەی و دەستکەوتەکانی، بە لێپڕسراو نەزانێت. بەڵکو دەبێت ببێتە سەرچاوەی ئومێد و نەڕووخان و باوەڕبوون بە دەستگرتن بە مافێکی پیرۆز و ستراتیژی خۆبەدەستەوەنەدان و هەڵسانەوە چونکە تەنها ئەو درووشمە بەس نییە کە دەڵێت؛ مادام من دەستم لە ڕووخانی ئەوەدا نییە کە هەیە و بەدەستهاتووە، دەبێت زاریشمی تێدا نەبێت، وابزانێت هەر ئەوەندەی بەشداری ڕووخان نییە لێپرسراویش نییە لەکاتێکدا خودی نائومێدی و کارنەکردن بۆ نەڕووخان و بێباکی بەرامبەر چارەنووسی گەلی خۆت، دەتکات بە هاوبەشی تاوانی ئەوانەی بوون و دەبنە هۆکاری لاوازبوون و ڕووخان و دەرگاکردنەوە بۆ میراتگری جەللادەکانی دوێنێ بە سیماو بەرگ و دروشمی نوێوە.