سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

نەخۆشییەکانی زمان

چەمکی “نەخۆشی زمانی” لە بواری زمانەوانیدا بەرامبەر بەو گرفت و لەمپەرانە بەکارهاتووە کە ڕێگرن لەوەی مرۆڤ نەتوانێت دەربڕینە زمانییەکان بە شێوەیەکی ئاسایی و بێ گرفت دەرببڕێت. واتە، ناتوانێت وەکوو مرۆڤێکی ئاسایی بیر و بۆچوونەکانی دەرببڕێت. هۆکارەکانی ئەم گرفتە بەشێکیان بریتین لە: گرفتە دەمارییەکان، کە ڕاستەوخۆ گرفت بۆ پرۆسەی قسەکردن دروست دەکات، هەروەها هەریەک لە کارلێکە کۆمەڵایەتییەکان و تێکچوونی باری دەروونی… هتد.

دەشێت ئەو گرفتانەش بکرێن بە دوو کۆمەڵی جیاواز، کۆمەڵەیەکیان بریتییە لە گرفتە بایەلۆجی و بۆماوەیییەکان، کە هەندێک جار لەگەڵ لەدایکبوونی مرۆڤ سەر هەڵدەدات، بەڵام دەستنیشانکردنی ئەو گرفتە لە سەرەتاکانی قۆناغی منداڵیدا بۆ دایک و باوک و پزیشکی پسپۆڕ ئەستەم دەبێت. لێرەدا دایک و باوک پێویستیان بە کاتە بۆ ئەوەی بزانن منداڵەکەیان گرفتی زمانیان هەیە یان نا؟ واتە ئەندامەکانی تایبەت بە ئاخاوتن دوای ئەوەی گەشەیان کرد و دروستبوون درک بەو گرفتە زمانییە دەکرێت. هۆشیاری و ڕۆشنبیری دایک و باوک زۆر گرنگە کە لە کاتی درککردن بە هەر کێشەیەکی زمانی پەنا ببات بۆ پزیشکی پسپۆڕ و ئاگادارکردنەوەی لە گرفت و پێشهاتەکان. پزیشکی پسپۆڕ دوای دڵنیابوونەوە لە بوونی گرفت و دواکەوتنی زمانی دەست دەکات بە ڕێنماییدان بە دایک و باوک، کە پێویستە بە وردی چاودێری دەربڕینەکانی زمانی منداڵەکەیان بکەن و ڕاستەوخۆ لە ژێر چاودێری پسپۆڕی پزیشکێکی زمانیدا بێت. دوا ئەوەی کە گومانی تەواو دروست بوو و زانرا کێشەیەک لە گەشەی زمانی منداڵەکەدا هەیە، پزیشکی پسپۆڕ لە ڕووی بایەلۆجییەوە پشکنینی تایبەت دەکات بەمەبەستی دەستنیشانکردنی گرفت و جۆری نەخۆشییە زمانییەکەی.

کۆمەڵی دووەم بریتییە لە گرفتە ناسروشتییەکان، واتە ئەو گرفتانەی، کە لەگەڵ گەورەبوونی تەمەن بە تێپەڕبوونی ڕۆژگار و بە هۆکاری جیاواز سەر هەڵدەدەن، وەکوو نەخۆشییە دەروونییەکان و گرفتە کۆمەڵایەتییەکان. کەواتە دەتوانین بڵێین نەخۆشییەکانی زمان یان گوتن بریتین لە تێکچوونی سیستەمی ئاخاوتنی مرۆڤ، جا بە هۆکارێکی بایەلۆجی بێت یان کارتێکردنی دەرەکی کۆمەڵایەتی و دەروونییەوە بێت. لە خوارەوە بەشێک لەو نەخۆشییە بایەلۆجیانە دەخەینە ڕوو، بەتایبەت نەخۆشییە دەمارییەکان، چونکە بە هۆکارێکی سەرەکی دادەنرێت، واتە هەر کەم و کووڕییەک لە دەمارەکاندا ڕوو بدات ڕاستەوخۆ کاریگەری دروست دەکات لەسەر کردەی قسەکردن، وەکوو:

یەکەم، ئەفازییە (Aphasia)، کە بریتییە لە یەکێک لەو نەخۆشییە دەماریانەی لە ئەنجامی زیانگەیاندن بە مێشکەوە ڕاستەوخۆ کاریگەری دروست دەکات لەسەر توانای تێگەیشتن و داڕشتنی زمان بەگشتی. زۆر جاریش بەهۆی جەڵتەی مێشک یان هەندێک جار مێشک زەبرێکی بەهێزی بەر دەکەوێت و بەو هۆیەوە کەسەکە تووشی دۆخێکی نالەبار دەبێت، بە جۆرێک بە سەختی قسە دەکات و دەنووسێت، تەنانەت هەندێک جار بەتەواوی توانای قسەکردن لە دەست دەدات.

دووەم، دیسلێکسیا (Dyslexia)، ئەم جۆرەیان زیاتر کار دەکاتە سەر شێوازی خوێندنەوەی کەسی تووشبوو بەم نەخۆشییە، کە ئەمەش کاریگەری دەبێت لەسەر بەدەستهێنان و کردەی تێگەیشتنی زمان.

سێیەم، ئەپراکسیا (Apraxia)، ئەم جۆرە نەخۆشییە کاریگەری لەسەر پلاندانان و جێبەجێکردنی ئەو جووڵانە دروست دەکات کە پێویست و گرنگن بۆ قسەکردن، واتە بۆ کەسی تووشبوو دەبن بە کێشە و گرفت بۆ کردەی قسەکردن.

چوارەم، گەشەی شێواوی زمان (developmental Language disorders)، لەم جۆرەیاندا زیاتر منداڵان تووشی تێکچوونی زمان دەبن، کە کاریگەری دروست دەکات لەسەر توانستی بەدەستهێنانی زمانیی بە ڕێژەیەکی ئاسایی، کە کاریگەری لەسەر گەشەپێدانی وشەسازی و بەکارهێنانی ڕێزمان و بەگشتی لە تێگەیشتنی زمانی دروست دەکات.

ئەمانەی سەرەوە بەشێکی کەمی ئەو نەخۆشیانە بوون، کە کەسی تووشبوو لە هەر بارودۆخ و تەمەنێکدا بێت ڕاستەوخۆ تووشی کێشە و گرفت دەبێت لە کاتی دەربڕینی وشە و دەستەواژە زمانییەکان. لەگەڵ ئەمانەشدا چەندین هۆکاری دەروونی و کارلێکی کۆمەڵایەتیمان هەیە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ کاریگەرییان دەبێت لەسەر کردەی ئاخاوتن، بەڵام بەشێک لەو هۆکارە دەروونی و کۆمەڵایەتییانە ڕێژە و کاریگەرییەکەی بەپێی کۆمەڵگا و کلتورەکان جیاوازە، واتە بریتی نییە لە هۆکاری بۆماوەیی، لەوانە:

شەرمنی: گرفتێک یاخود گرێیەکی دەروونییە، زۆر جار لە قۆناغی منداڵیدا ڕەگ و ڕیشەی دادەکوتێت، ئەمەش بەپێی کۆمەڵگا و کلتوری وڵاتەکان ڕێژەکەی دەگۆڕێت و جیاوازە. بۆ نموونە، لە کۆمەڵگای کوردی زۆر جار منداڵ بەهۆکاری جۆراوجۆر لەلایەن خێزان و کۆمەڵگاوە دەشکێنرێتەوە و قسەی نەشیاوی پێ دەگوترێت، بەڕادەیەک هیچ گوێ بە لایەنی دەروونی نادرێت تا ئەو ڕادەیەی کە گەورەش بوو دەبێتە خاوەن دەروونێکی ڕووخاو و شەرمن. زۆر جار منداڵەکە ناتوانێت متمانە بە خۆی بکات، بۆ ئەوەی وشە و دەربڕینەکانی بە شێوەیەکی تەندروست دەرببڕێت، بەڵام لە کۆمەڵگا پێشکەوتووەکان دۆخەکە پێچەوانەیە، بەڵگەشمان بۆ ئەمە بریتییە لەو هەموو دڵەڕاوکێیەی کە فێرخوازەکان لە هۆڵەکانی خوێندن لە کاتی پێشکەشکردنی ڕاپۆرت و سیمینارەکان تووشی دەبن، کە دڵەڕاوکێ و گرفتی زمان لەخۆیان نیشان دەدەن. زۆرینەیان تووشی هەناسە تەنگی دەبن و ڕەنگ و ڕوخساریان دەگۆڕێت، بە جۆرێک بە زمان شتێک دەڵێن و جووڵە و جەستەیان شتێکی تر دەڵێت، واتە زمان و جووڵەکانیان هاوتەریب نین بەهۆی ئەو دۆخەی تێیدان.

توندوتیژی: بە هەر جۆر و لەژێر هەر پاساوێک بێت ناکرێت ڕێگا بە توندوتیژیی بدرێت چونکە ڕاستەوخۆ کاریگەریی دروست دەکات لەسەر زمانی منداڵ. بۆ نموونە، لە ٢٠١٧ دا، قوتابییەکی خۆم لە پۆلی دەیەمی ئامادەیی، کێشەی دەربڕینی وشە و دەستەواژەکانی زمانی هەبوو، بە جۆرێک هیچ ئامادە نەبوو بەشداری وانەکان بکات. دواتر هاوڕێیەکی نزیکی پەیوەندی پێوە کردم، گوتی ئەمە لە دەرەوەی قوتابخانە کێشەی نییە و تەنانەت گۆرانیشمان بۆ دەڵێت بە بەردەوامی. ڕۆژێکیان بە تەنیا گفتوگۆم لەگەڵ کرد و باوکی هاتە قوتابخانە ڕوونی کردەوە کە بەڵێ ئەوە لە ژێر لێدان و هەڕەشەی زڕدایکی گەورە بووە و دایکی خۆی نەبینیوە، تەنانەت گۆشەگیر و بێدەنگیشە.

لە کۆتاییدا، چەمکی “نەخۆشی زمان”  کۆمەڵێک دیاردە لە خۆ دەگرێت، لە تێکچوونی دەمارەیی تایبەتەوە، کە کاریگەرییان لەسەر پرۆسێسی زمان هەیە تا پرسە کۆمەڵایەتییە فراوانەکان کە پەیوەندییان بە بەکارهێنانی زمان، پەرەسەندن و پاراستنەوە هەیە، تێگەیشتن و چارەسەرکردنی ئەم ئاڵنگارییە پێویستی بە ڕێبازی نێوان زانستەکان هەیە، کە تێڕوانینەکان لە زمانەوانی، زانستی دەمار، کۆمەڵناسی و توێژینەوە کلتورییەکان وەربگرن. بە داننان بە ئاڵۆزی تێکچوونەکانی پەیوەست بە زمان و داینامیکی کۆمەڵایەتی.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • بوخچە
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2023 SEKO