ئەمە ئێجگار ناهەقییە کاتێک وڵاتێک کە لەلایەن نەتەوەیەکی باڵادەستەوە حوکمڕانی دەکات، لەناو سنوورەکانیدا هەوڵی سەرکوتکردنی نەتەوە بەرچاوەکانی دیکە دەدات و بە کەمینە (قەوم، ئەقەلیەت) ناودێریان دەکات. ئەوان بەم کارە، بەهای یەکسانی و بەرانبەری لەم نەتەوانە دەستێننەوە و لە مافە بنەڕەتییەکانیان بێبەشیان دەکەن، بەمەش هەوڵ دەدەن لەو وڵاتە تاکدەسەڵاتیی خۆیان بسەپێنن.
نموونەیەکی ڕوون تورکیایە کە هەر بەتەواوی حاشا لە بوونی کورد دەکات. خۆیان بە خاوەن شارستانیەت هەژمار دەکەن، کەچی ئامادە نین دان بە بوونی نەتەوەیەکی گەورەی وەک کورد دا بنێن.
ئەوان تەنانەت ئامادە نین دان بە بوونی کورد دا بنێن و لەسەر ئەو بنەمایە بە کورد دەڵێن “تورکی شاخاوی”، واتە ئەو تورکانەی هێشتا فێری زمانی پێشکەوتووی تورکی نەبوون و هێشتا بە تورکیی شاخاوی دەدوێن. بەو کارەش هەر لەئارادابوونی کورد حاشا لێ دەکەن.
نموونەیەکی دیکە “ئێران”ـە، کە نەتەوە گەورە و گرنگەکانی وەک کورد، عەرەب، بەلووچ و ئازەری لە مافەکانیان بێبەش دەکرێن و وەک کەمینە و قەوم هەڵسوکەوتیان لەگەڵ دەکرێت.
وشەی “کەمینە”، “قەوم” و “ئەقەلیەت” بۆ تێکدانی کاریگەریی سیاسی و کۆمەڵایەتیی نەتەوەکانی دیکە و بێدەنگکردنی دەنگیان لە کاروباری وڵاتدا بەکار دێت.
لە زمانی عەرەبیدا وشەی قەوم بۆ نەتەوە بەکار چووە، بەڵام لە زمان و فەرهەنگیی فارسیی ئەم سەردەمەدا وشەی “قەوم” بە هیچ شێوەیەک واتای نەتەوە نادات، بەڵکوو بە خەڵکانی دیکەی ناو ئێران کە جگە لە “فارس”ن دەگوترێت قەوم. قەومیش لەو زمان و فەرهەنگەدا نرخێکی بەرانبەری لەگەڵ نەتەوە نییە. ئەوان وەک کەمینەیەک هەژمار دەکرێن کە دەبێت پابەند بن بە زمان و فەرهەنگی فارسی، بێ ئەوەی بۆیان هەبێت بتوانن لە زمانی خۆیان کەڵک وەربگرن.
نەتەوەی دەسەڵاتدار بە کەمکردنەوەی گرنگی و میراتی کلتوری و مافی سیاسیی نەتەوکانی دیکە، بە شێوەیەکی سیستەماتیکی، هەوڵ دەدات ڕەوایی و هەژموونی خۆی بەسەر هەموو نەتەوەکانی دیکەدا بسەپێنێت.
لە کۆمەڵگەیەکی دادپەروەردا، دەبێت هەموو نەتەوەکان، بەبێ گوێدانە قەبارە و دەسەڵات، هەمان ماف و دانپێدانانیان هەبێت. پۆلێنکردنی نەتەوەکان وەک کەمینە بۆ بەهێزکردنی کۆنترۆڵی یەک نەتەوە نەک هەر ناڕەوا بەڵکوو پێشێلکردنی بنەماکانی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤە.
پێویستە هەوڵ بدرێت بۆ دنیایەک کە هەموو نەتەوەکانی ناو وڵاتێک بە ڕێزەوە هەڵسوکەوتیان لەگەڵدا بکرێت و دەرفەتی ئەوەیان پێ بدرێت بەبێ ترس لە چەوساندنەوە یان نکۆڵیکردن لە کێیەتیی سیاسی و زمانەوانی و کلتورییان، ئازادانە خۆیان دەر ببڕن.
تەنها بە پێشخستنی یەکسانی و گشتگیری دەتوانین ئاشتییەکی ڕاستەقینە و بەردەوام بنیات بنێین کە هەموو تاک و نەتەوەیەک بتوانێت گەشە بستێنێت و بە مەرجی یەکسان بەشداری کۆمەڵگە بێت.
ئەگەر بەردەوام ئەو مافە پێشێل بکرێت، دەبێت چاوەڕێ بن کە ئەو نەتەوانە لەو وڵاتە جیا بنەوە و لەگەڵ باقیی نەتەوەکەی خۆیان یەک بگرنەوە و پێکەوە وڵاتێکی سەربەخۆ پێک بهێنن.
ئەگەر تۆ “جیابوونەوەخوازی” (تجزیەطلبی) وەک تاوانێک هەژمار دەکەیت، بۆ ئەو نەتەوە ژێردەستانە، جیابوونەوەیە لە چەوسێنەر و ملهوڕ و یەکگرتنەوەیە لەگەڵ هاوزمان و هاونیشتیمانییەکانی خۆیان.
ئەوەی لای تۆ تاوانە، لای ئەوان شانازییە.
کەوا بێت وشەی “قەوم” و “کەمینە” شیاوی هیچ نەتەوەیەک نییە.
لە زۆرێک لە وڵاتانی جیهان، نەتەوە و گەلە جیاوازەکان لە کاتی خەباتکردنیان بۆ دانپێدانان و دادپەروەری، تووشی ململانێی هاوشێوە دەبن. لە تبتەوە تا باشووری ئەفریقا و لە کەنەدا تا ئوسترالیا مێژوو نیشانی داوین کە چەوساندنەوەی کەمینەکان دەبێتە هۆی نادادپەروەریی کۆمەڵایەتی و ململانێ کە چارەسەرکردنی ئەستەمە. بۆیە لە هەمووی گرنگترە کە کۆمەڵگەی جیهانی بەردەوام بێت لە کارکردن بۆ بەرەوپێشبردنی یەکسانی و ڕێزگرتن لە هەموو گەلان، بەبێ گوێدانە قەبارە و کاریگەرییەکانیان. بەم کارە دەتوانین جیهانێکی دادپەروەرتر و ئارامتر دروست بکەین کە هەموو تاک و نەتەوەیەک تێیدا گەشە بکات.