سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

چین چۆن بیردەکاتەوە؟

دنیای ئێمە کەمێک دوور لە “چین”ـە! دووری جوگرافی نا، دووری لە ناسین و تێگەیشتن لە بیرکردنەوە و خەیاڵی سیاسی و جیۆسیاسی چین. ئەو وڵاتە لای ئێمە واناسراوە کە بەرهەمهێنەری کاڵای خراپ و لاواز و بێ ناوکە. دیارە ئەمە پەیوەندی بەوەوە هەیە کە کەم لەسەر ئەدەبیات، مەعریفە و مێژووی چین بە زمانی کوردی نووسراوە! چینناسی نەبووە بە مەیدانی کاری ئێمە، چینناسمان زۆر کەم و دەگمەنە. بەکورتی چین ئەمڕۆ هێزێکە دەیەوێت ببێت بە ناوەند و جەمسەر. ئەم ناوەندبوونە هانی دەدات گوتار، زمان، پڕۆژە و یەکەی جیۆستڕاتیجی تازە دابڕێژێت بۆ ئەوەی بگات بە زۆر شوێن و ناوچەی جیهان. بگات بە ئاسیای ناوەڕاست، خۆرهەڵاتی ناوەڕاست و سنوورەکانی دیکە. ئامێری بنەڕەتی ئەم گەیشتن و باڵابوونە “پڕۆژەی ئاوریشمە” بەتایبەتی گەیشتن بە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست! ئەم پڕۆژەیە زۆر دیاردە، ڕووداو و گۆڕانکاری لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت.

چین لە ناوەوە، چین لە دەرەوە

دەبێت سەرەتا بە دوو “چین” ئاشنابین. دوو ڕووخسار و ڕووکاری چین بخوێنینەوە. چین لەناوەوە پڕە لە نەتەوە، کلتور، ئاین و یەکەی جیاواز. ئەم جیاوازبوونە بووە بە خاڵی لاواز چونکە ناتوانێت ناسنامە و پێگە بەهەموویان ببەخشێت، بەها سیاسییەکان وەک خۆی بەسەر هەموویاندا دابەشبکاتەوە و جۆرێک لە دادپەروەری لەگەڵ خۆیدا بهێنێت وەک ئەو تێزەی کە “جۆن ڕاوڵز” وەک نیولێبڕاڵێک لە حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو نمایشی کرد بۆ پتەوکردنی پایەکانی دادپەروەری لەناوەوەی وڵات. دیارە ئەم دۆخە ناوەکییەی چین لە مامەڵە لەگەڵ موسڵمانە ئیگورەکان و تیبێتەکان و تایوان بە ڕوونی دەردەکەوێت. چین خاوەن بنەمای نەگۆڕی ستڕاتیجییە (ژمارەی دانیشتوان پلەی یەکەمە، ڕووبەری جوگرافی پلەی سێیەمە) بنەمای گۆڕاوی ستراتیجی (هێزی ئابووری پلەی دووەمە). چین لە دەرەوە شتێکی دیکەیە! بەشێوەیەکی دیکە بیر لە دنیا و سیستەم نیزامی سیاسی جیهانی دەکاتەوە. دەیەوێت دەستکاری نیزام (order) و چەند ڕێڕەوێکی جیۆپۆلەتیکی بکات. ئەم پرسە لە پڕۆژەی ئاوریشم دەگاتە لوتکە. ئەم پڕۆژەیە و بیرکردنەوەیە تۆڕێکی یەکجار فراوان و ئاڵۆزە، کۆنیشە. چین دەیەوێت زیندووی بکاتەوە بەشێوەی دیکە. دیارە ڕێگای ئاوریشم ڕەگوڕیشەیەکی مێژوویی هەیە. هەزاران ساڵ ناسنامەی چینییەکان بووە و لەڕێگەیەوە گەیشتووە بە جیهان، لەگەڵ چەندین کلتور، نەتەوە و زمانی دیکە لە پەیوەندیدا بووە.

لەسەدەکانی ناوەڕاستدا ڕێگەی ئاوریشم ڕایەڵەی پەیوەندی دەوڵەتی عەباسی و چین بووە! ئەم ڕایەڵەیە لەگەڵ چەندین یەکەی سیاسی دیکە کارابووە. چین ئەمڕۆ ڕێگەی ئاوریشم بە زیندووکەرەوە و بنەمای هێز دەبینێت. گەڕانەوە بۆ جیهان و کردنی ئەوانی دیکە بە بەشێک لەخۆی. هێزی نەرم بەکاردەهێنێت بۆ سەرنجڕاکێشانی ئەوانی دیکە.

چین و عێراق؛ ناوەند و پەراوێز

چەمکی “ناوەند و پەراوێز” لە ئەدەبیاتی مارکسیزیمەوە هاتۆتەدەرەوە. بەڵام پێناچێت چیتر چین بیەوێت وەها بناسرێت. ڕێگای ئاوریشم بە عێراق دا تێدەپەڕێت. چین پێویستی بە عێراق و عێراقییەکان دەبێت. ئەم پێویستبوونە پاڵنەری تایبەتی خۆی هەیە، لەوانە:

یەکەم: پێگەی جیۆسیاسی و جیۆپۆلەتیکی عێراق/هەرێمی کوردستان سەرنجی چین ڕادەکێشێت. عێراق وەک لکێنەر و ترانزێت دەبینرێت لەنێوان بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپا. ئەم دۆخە ڕێگەی ئاوریشم لەسەر زەوی/وشکایی خێراتر دەکات. خێرایی بەلای چینییەکانەوە بەهایەکی باڵایە لەبەرهەمهێنان. ڕاستییەکەی بنەمای مەعریفە و هێزە.

دووەم: عێراق کۆمەڵگەی دوای جەنگ و ململانێکانە. بەتەواوی تێکشکاوە! ئەم هەلومەرجە وایکردووە چین بەناوی نۆژەنکردنەوە و بنیاتنانەوە بەخێرایی تێکەڵ بە عێراق بێت. دواتریش بە دراوسێکان و بە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست. لەسەردانەکەی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق، چەندین ڕێککەوتننامە و یاداشتی لێکتێگەیشتن بەناوی ڕێکخستنەوەی ژێرخان و سەرخانی عێراق واژۆکراون. ڕێککەوتنامەکان ئاڵۆز و یەکجار فراوان بوون. بیر لەهەموو کایەکان کرابۆوە. بنیاتنانی کتێبخانە، کامێرای چاودێری بۆ لایەنی ئەمنی، تەنانەت تۆڕی پەیوەندی نەوەی پێنجەم (G5) و بواری دەریایی و وشکایی… هتد. دیارە ئەم شێوە پەیوەندییە لەناوەڕۆکدا لە پەیوەندی نێوان هێزی کۆلۆنیال و کۆلۆنیالکراو دەچێت. هێزێکی گەورە چۆن یەکەیەکی لاواز قوتبدات و گەمارۆی بدات.

سێیەم: چین و ئێران لەسەر ئەوە ڕێککەوتوون کە ٢٥ ساڵ هاوبەشی سیاسی و ئابووری و زۆر بواری دیکەی یەکدی بن. ئەم هاوبەشبوونە بۆتە هۆی ئەوەی چین لەڕێگای سەرباز و سوپاوە لە ئێران ئامادەبێت. بنکەی سەربازی خۆی هەبێت لەو وڵاتەدا بەتایبەت لە سنوور و کەنارە ئاوییەکان. دیارە ڕەهەندی زاڵ لەم جووڵەیە خنکاندن یان نزیکبوونەوەیە لە پانتایی ئەمەریکی لە ناوچەکەدا. عێراق دەرگای زیاتر بۆ چین دەکاتەوە. دەرگا بەمانای ئەوەی چین، ئێران و عێراق بە یەک یەکەی جیۆپۆلەتیکی دەبینێت و دەتوانێت بەئاسانی جووڵەکانی خۆی تێدا ڕێکبخات، ململانێکانی لەگەڵ ئەمەریکا و نەیارەکانیدا بەڕێوەببات.

ئەنجام

چین بەدوای پێگە و باڵاییدا دەگەڕێت. کەرەستەی جیاواز بەکاردەهێنێت. دەیەوێت لەڕێگای ئەم بۆشاییانەدا بگەڕێتەوە کە سیستەمی نیولیبرالیزم و ڕێکخستنی نوێی جیهانی لەگەڵ خۆیدا هێناویەتی. لە ٢٠١٣ ـەوە پڕۆژەی ڕێگەی ئاوریشمی ڕاگەیاندووە. ئەم پڕۆژەیە بیرلێکراوەیە. چین هەوڵدەدات زۆر کلتور و جوگرافیای سیاسی ببڕێت، بیکات بە بەشێک لەخۆی بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە ئەمەریکا هێزێکی خۆشەویست و قبوڵکراو نییە تێیدا، لەوانە عێراق و زۆر ناوچەی دیکە. چین ئەم پڕۆژەیە لە عێراق بەشێوەیەک دەخاتەکار ئەمەریکا و خەیاڵەکانی نینۆک بکات، بەڵام ئەم بیرکردنەوە پڕ مەترسی و سەرکێشییە. سەرەتا چین لەڕێگای “بەندەری فاو” و ئاو و دەریاوە دێتە ژوورەوە دواتر بۆ وشکایی و ناوچەکانی دیکەی عێراق. دیارە ئەمەریکا وابەئاسانی ڕێگەنادات عێراق ببێت بە پانتاییەکی چین-ئێرانی. ئەم دوو هێزە بۆ ئەمەریکا لەناو سیستەمی هەرێمی و نێودەوڵەتی دژە بە بەها و ناسنامە و جیۆپۆلەتیکی ئەمەریکین! جووڵە و خەونەکانیان ململانێ و  ڕووبەڕووبوونەوە و قەیرانی زۆر لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO