لە هەڵبژاردنی ٣١ ی ئادار کە بۆ شارەوانییەکانی تورکیا و باکووری کوردستان ئەنجامدرا، کاندیدی دەم (DEM) پارتی بۆ سەرۆکی گەورەشارەوانی وان توانی نزیکەی ٢٥٠ هەزار دەنگ بەدەست بهێنێت، واتە ٥٥.٥٪ دەنگەکان لەو شارە. لەو هەڵبژاردنە عەبدوڵا زێدان بۆ سەرۆکی شارەوانی وان سەرکەوت. هاوکات، ئەمە یەکەمین جارە کە پارتێکی کوردی سەرجەم شارەوانی قەزاکانی سەر بە پارێزگای وان بباتەوە، ئەوانیش شارەوانیەکانی “ئێرچیش”، “چاتەک”، “ئەلجەواز“، “گێڤاش”ن.
شاری وان لە نێو ئەو ٣٠ گەورەشارانەی تورکیایە کە شارەوانیەکەی وەک گەورەشارەوانی هەژمار کراوە. پێوەر بۆ گەورە شارەوانی ئەوەیە کە ژمارەی دانیشتوانی پارێزگاکە بگاتە سەرووی ٧٥٠ هەزار کەس. بە پێی ئاماری ساڵی ٢٠١٠، شاری وان ژمارەی دانیشتوانەکەی لە ملیۆنێک تێدەپەڕێت.
شاری وان بە هۆی هەڵکەوتەی جوگرافی، کە هاوسنوورە لەگەڵ ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بواری ئابووری و گەشتیاری گرنگی خۆی هەیە، دەریاچەی وان بە گەورەترین دەریاچەی چوار پارچەی کوردستان دادەنرێت و ساڵانە بە سەدان هەزار گەشتیار ڕووی تێدەکەن. لە وان کەنیسەکی کۆن هەیە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ بەر لە ئێستا. قەڵای بەناوبانگی وان شوێنێکی دیکەی مێژوویە لە شاری وان. ساڵانە چەندین فیستیڤاڵ لەم شارە دا ئەنجام دەدرێن. پشیلەی وان کە لەسەر ئاستی جیهان بەوە ناسراون هەر چاوێکیان لە ڕەنگێکە هانی میوانانی بیانی دەدەن بەشداری ڤیستیڤاڵەکانی وان بکەن.
سەرکەوتنی دەم پارتی لە شارەکانی باکوور، بە تایبەت لە وان، بۆ ئەکەپەی ئەردۆگان زۆر قورس بوو، بۆیە دەسەڵات مەبەستی بوو بە بڕیاری دادگا یەکەم قەیوم دوای هەڵبژاردنی ٣١ ئاداری ٢٠٢٤ تاقی بکاتەوە. ئەویش بە هەڵدانەوەی پەڕاوەکانی دادگا لە دژی عەبدوڵا زێدان. دەسەڵات وای بڵاوکردەوە کە بە پێی بڕیاری دادگا ئەو مافی خۆکاندیدکردنی نەبووە، گوایە قەدەغەی سیاسی لەسەر ماوە. بۆیە حکومەتی تورکیا بڵاوی کردەوە کە کاندیدی ئەکەپە بۆ شارەوانی وان سەردەکەوێت.
ئەو بڕیارەی حکومەتی تورکیا دژ بە عەبدوڵا زێدان لەسەر ئاستی شەقام کاردانەوەی توندی لێکەوتەوە. ئەوەبوو لایەنگرانی دەم پارتی بۆ خاوەنداریەتیکردن لە دەنگی دەنگدەرانیان ڕژانە سەر شەقام و بە دروشمی “ئیرادە ئیرادە” تونیان چۆک بە حکومەتی تورکیا دا بدەن و لە بڕیاری سەپاندنی قەیوم پاشەکشە بکات.
بەرخۆدانی ئەم جارەی شارەکەی فەقێ تەیران، وان، لەگەڵ خەڵکە دڵسۆز و خۆڕاگرەکەی وان، هەروەها پشتیوانی شارەکانی دیکەی باکووری کوردستان لێیان، توانیان شکست بە هەوڵی سەپاندنی یەکەم قەیووم بهێنن.