ئەم بابەتە لە ٢٦ ی ئۆکتۆبەری ٢٠٠٨ نووسراوە، بەڵام هەر وەک ڕەشنووسێک لەبەردەستم بوو و لە ئەرشیفەکەمدا ماوەتەوە. دیارە سەرقاڵیی ڕۆژگار دەرفەتی ئەوەی نەداوم کە بچمەوە سەری و تەواوی بکەم. خۆشبەختانە ئەم ساڵ لە یادی هەڵەبجە دا بە ئەرشیفەکەمدا چوومەوە و ئەم بابەتە و هەندێکی دیکەی تەواونەکراوم دیتنەوە. بۆیە بە باشم زانی دەستێکی پێدابێنمەوە و وشەچنی بکەم و هەڵە و پەڵەکان پاک بکەمەوە و خاڵە ناڕوونەکان زیاتر ڕوون بکەمەوە، هەتا بەرچاو ڕونتر لەم دۆسێیە بدوێم و تاڕادەیەک بە زانیاری و ئارگۆمێنتی بەهێزترەوە بەتاوانەکانی بەعسیەکان دژ بە کورد و مامەڵەی کوردییەوە گرێبدەمەوە. بەهیوام توانیبێتم بەرچاوڕوونییەک لە نێوان هەردووک تاوانی هۆڵۆکۆست و تاوانی جێنۆسایدی کورد بدەم بەدەستەوە.
كۆمه‌ڵكوژی جووەکانی ئەوروپا لەلایەن ڕژێمی نازی ئه‌ڵمانی بە بڕیار و چاودێری هیتلەر، لە هەلومەرجێکی تەواو جیاوازدا بوو، لەناو تەپ و تۆزی جەنگی جیهانیدا نزیکەی ٦ ملیۆن مرۆڤ کوژران کە زۆرینەی قوربانییەکان جوو بوون.
سەرباری ئەو تراجیدیا مرۆییەی لێیکەوتەوە، دواجار ده‌ستكه‌وتی مه‌عنه‌ویشی بۆ جووەکان هەبوو، بەلای کەمەوە جووەکان هەر بە شوناسی مەزڵومیەتی خۆیان قایل نەبوون و دانەسکنان، هەتا هاوکێشەکەیان پێچەوانە کردەوە و هێزی شوناسیان گۆڕی بەشوناسی هێز. واتا مەزڵومیەتیان کرد بە ڕابوردوو و داهێنان و بەرگری و لەسەرپێ وەستانیان کردە هێزی مانەوە و ئیرادە. بۆیە، دەبینین کە جگە لە دەوڵەتێکی بەهێز و خاوەن چەندین خەڵاتی داهێنانن لە هەموو کایەکانی (سیاسەت و زانست و هونەر)، هه‌مووی ده ساڵ به‌سه‌ر تراجیدیا و تاوانه‌كه‌یاندا تێنه‌په‌ڕی بوو کە دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی ئیسرائیلی به‌دواداهات. ئه‌مه‌ش گەورەترین دەستکەوت و باشترین قه‌ره‌بووی مادی و مەعنەوی بوو بۆ جووەکان، کە نه‌یانهێشت وه‌كو كورد، خوێنی قوربانیانی جینۆسایدەکانیان (فەیلییەکان، بارزانیەکان، هەڵەبجە و ئەنفال) به‌فیڕۆ بڕوات، بەڵکو لەدوای هۆڵۆکۆست مرۆڤی جوو، بەدوای بەهاو شکۆی مرۆیی خۆیەوە بوو.
له‌و تاوانه‌دا كه نزیكه‌ی ٦ ملیۆن مرۆڤی جوو بوونه قوربانی و بەکۆمەڵكوژران و لە کورەکاندا سووتێنران و لە حەمامەکانی ئاوشفیتز دا بە گاز خنکێندران. ئەگەرچی نەیارانی جوو، بەتایبەتی ئێرانییەکان و عەرەبەکان و هێزە ئیسلامیەکان، هەمیشە تێدەکۆشن گومان لەسەر ڕووداوی هۆڵۆکۆست دروست بکەن بەڵام نەیانتوانیوە سەرکەوتووبن و ڕای گشتی جیهانی بخەنە گومان و دوودڵییەوە. ڕۆژی سێشەممە،٢٠ ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣، بەشار ئەسەدی سەرۆکی سووریا لە گرتە ڤیدیۆیەکدا دەڵێت: “هیچ بەڵگەیەک نییە لەسەر ئەوەی کە ٦ ملیۆن جوو لە هۆڵۆکۆستدا کوژرابن.” کەناڵی ڕووداو ئەم وتانەی بەشاری لەژێر مانشێتی: هۆڵۆکۆست درۆیەکی گەورەبوو بۆ ئەوەی ئیسرائیلی پێدروست بکەن، بڵاوکردووەتەوە، بەڵام ئەسەد ناتوانێت نکۆڵی لەو ڕاستییە بکات کە خەڵک لە ئۆردوگاکان کۆکراونەتەوە. بە قسەی ئەسەد هۆڵۆکۆست نە چیرۆکێکی ڕاستە و نە پرسێکی مرۆیشە، بەڵکو پرسێکی سیاسییە. کەچی دان بەوەدا دەنێت کە ئازاردان و ئەشکەنجە و کوشتن دژی جووەکان هەبووە بەڵام هەر بەرامبەر بە جووەکان نەبوو، بەڵکو بەرانبەر هەموو کەسێکی ئەوروپا بووە.
خاتوو ئێڵن جێرمان، نێردەی تایبەت بۆ مەسەلەی هۆڵۆکۆست لە بیرۆی کاروباری ئەوروپا و ئاسیا گوتی “پێدەچێت مایەی بڕواپێکردن نەبێت کە پتر لە ٧٥ ساڵ دوای کۆتاییهاتنی جەنگی دووەمی جیهان و هۆلۆکۆست، خەڵک هێشتا نکۆڵی لە ڕاستییەکانی جینۆسایدەکە دەکەن و دەیان شێوێنن، ئێمە ژمارەیەکی زۆر لە بەڵگە و گەواهی چڕ و زیند و و شایەت حاڵانمان هەیە، لەوانەی کەمپەکانی دەستبەسەرکردن ئازادبوون، کەچی هێشتا نکۆڵیکردن لە هۆڵۆکۆست و شێواندنی بەردەوامن. قسەکانی ئەسەد ڕاستییەکیان تێدایە بەڵام زۆرینەی کوژراوان جوو بوون و لەسەرانسەری ئەوروپاوە ڕەوانەی کامپەکانی قڕکردن کرابوون، سێ چارەکیان ئەو جووە هۆڵەندییانە بوون کە لەلایەن نازییەکانەوە کوژراون، ئەمەش زۆرترین ژمارەی جووەکانە لە سەرجەم وڵاتانی دیکەی ئەوروپادا. مۆزەخانەی ئەمستردام کە لە مانگی ئازاری ئەمساڵدا لە هۆڵەندا کرایەوە، چیرۆکی نزیکەی ١٠٢ هەزار جوو دەگێڕێتەوە، کە لە هۆڵەنداوە ڕەوانە کراون و لە کامپەکانی دەستبەسەرکردندا لەلایەن نازییەکانەوە کوژراون.
وه‌لێ ئه‌و تاوانه‌ی دژ به مرۆڤایه‌تی و به‌تایبه‌تی دژ به جووەكان كرا، وێڕای جه‌به‌روت و دكتاتۆریه‌تی هیتله‌ریش كه‌چی خوێنیان به‌فیڕۆ نه‌چوو، به‌ڵكو دواڕۆژێكی ڕوون و بەهاداری لێكه‌وته‌وه بۆ جووەکان. ئه‌مه‌ش له‌به رئه‌و هۆیه زۆر ساده‌یه‌ی كه جووەكان وه‌كو کوردەکان سازشیان لەسەر قوربانییەکانیان و خوێنی شەهیدەکانیان نەکردو خوێنسارد و خه‌مسارد و لاموبالات نه‌بوون. به‌ڵكو هوشیار و بوێرانە نە‌یانهێشت ئه‌م تاوانه هه‌روا به ئاسانی تێپه‌ڕێت. ده‌سته‌وسان نه‌بوون و ئامێزیشیان بۆ تاوانبارانی هۆڵۆكۆست نه‌گرته‌وه، به‌ڵكو نه‌فره‌تی ڕاسته‌قینه‌یان لێ‌كردن، نه‌فره‌تێك كه هه‌تا ئه‌مڕۆ وێرای داوای لێبوردنی ده‌وڵه‌تی ئه‌ڵمانیاش، هێشتا به‌ته‌وێڵی نازیزمه‌وه‌یه و ڕه‌فتاری نازییزمی كرده شه‌رمێكی گه‌وره، هەر ئەوەشە وادەکات، کە تاوانبارانی هۆڵۆكۆست، وه‌كو تاوانبارانی ئه‌نفال، به پێشچاوی قوربانیاندا نه‌سوڕێنه‌وه. نازیزم هه‌تا ئه‌مرۆ کرا بە شه‌رمێكی گه‌وره. جووه‌كان سەرباری ئەوەش کە ئێستا هەوڵی کەم بایەخکردن و نکۆڵی کردن لە ڕووداوی هۆڵۆکۆست لەهەڵکشاندایە، هێشتا سوورن له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی تاوانبارانی هۆڵۆكۆست بده‌نه دادگا، ته‌نانه‌ت ئه‌دۆڵف ئایشمان ماوه‌ی سێ ساڵ خۆی له وایزنتاڵ شارده‌وه و سێ جار شوێن و پێناسه‌ی خۆی گۆڕی، كه‌چی دواجار نه‌یتوانی له ده‌ستی ئه‌و جووه چاو نه‌ترسه، وایزنتاڵ، ڕزگاری بێت.
ئه‌وان هه‌وڵیاندا دۆسێی تاوانی هۆڵۆكۆست بكه‌نه پرسێكی جیهانی، هاوسۆزی بۆ خۆیان بەدەست بهێنن بۆ هێنانه‌دی ئه‌و ئامانجه پشتیان به‌خۆیان به‌ست. له‌سه‌ره‌تاوه ڕاگه‌یاندنی خۆیان و دواتریش ڕاگه‌یاندن و هونەر و سینەما و ڕای گشتی جیهانیان بۆ خسته‌گه‌ڕ. به پێچه‌وانه‌ی كورده‌وه خۆیان به بچووك نه‌زانی و په‌نجه‌ی یه‌كتریان نه‌شكاند، قه‌واره‌ی تاوانه‌كه و دۆزی جوویان به‌هه‌موو دونیادا بڵاوكردەوە و ماندوو نەبوون.
هه‌رچه‌نده ئه‌و سه‌روه‌خته‌ی ئه‌وان جیاواز بوو له‌سه‌روه‌ختی ئێمه، به‌لای كه‌مه‌وه چه‌مكه‌كانی مافی مرۆڤ و دیموكراسی وه‌كو ئێستا هه‌ر قسه‌ی سه‌ركاغه‌ز و فشه‌ی ڕۆشنبیران و سیاسه‌تمه‌دارانی گه‌نده‌ڵ نه‌بوو، به‌ڵكو جیهان له‌به‌رده‌م سه‌ره‌تای وه‌رچه‌رخانێكی جوانتردا بوو. جووەكان له‌وەدا به‌ختیان هه‌بوو كه جه‌نگی سارد له گۆڕێ نه‌بوو، ئه‌مریكا وه‌كو ئه‌مڕۆ كه‌ڵه‌گای مه‌یدانه‌كه نه‌بوو، بەڵام بێکاریگەر نەبوو، لەبەرئەوەی لەنێوان جەنگی یەکەمی جیهانی و دووەمدا ئەمریکا یارمەتی نازییەکانی ئەڵمانیایان دا‌و ڕێگەیان بە ئەدۆلف هیتلەر، دیکتاتۆر و ڕێبەری نازییەکانی ئەڵمانیا دا کە لە ١٩٣٣ دا دەسەڵات بگرێتە دەست. بۆ قەرەبووی ئەوە هاوکاری جووەکانیان کرد دەوڵەت دروست بکەن. جگە لەو هۆکارانەش ڕۆشنبیرانیان وه‌كو ئێمه له‌به‌رانبه‌ر یه‌كتر دڵڕەق و دڵپیس و ناكۆك نه‌بوون. ئه‌ڵمانیاش وه‌كو عێراق نه‌بوو، ئه‌وان ئه‌ڵمانیای نازی تاوانی ده‌رهه‌ق كردبوون، وه‌كو به‌عس میراتگری حزبیان نه‌بوو، ئه‌ڵمانه‌كانیش لە دوای ڕووخانی هیتله‌ر و حیزبی نازیه‌وه خه‌ونیان به‌هاتنه‌وه‌ی ئه‌و سیستمه‌وه نه‌بینی و مرۆڤی ئه‌ڵمانی وه‌كو ئه‌مڕۆی عێراقییه‌كان بێهیواو بێمتمانه نه‌بوون. ئه‌وان به‌ڕاستی كه‌وتنه ڕیشه‌كێشكردنی ئه‌خلاقیاتی نازیزم. ئه‌و سه‌روه‌خته ئه‌ڵمانیا و ته‌نانه‌ت ئه‌وروپاش كه‌وتبوونه ژێر فشاری ڕای گشتیی جیهانییه‌وه و ناچاربوون له‌به‌رده‌م ئه‌و تەوژمە مرۆییە‌دا داوای لێبوردن له جووەكان بكه‌ن و خەجاڵەتی بکێشن. ئەوان داوای لێبوردنیان پێ نەنگی نەبوو، بۆیە داوای لێبوردنیان کرد و قه‌ره‌بووشیان کردنەوە، كه هه‌تا ئه‌مڕۆ ئه‌ڵمانیا باجی هه‌ڵه و تاوانه‌كانی هیتله‌ر و نازییه‌كان ده‌دا و قه‌ره‌بووی تاوانی هۆڵۆكۆست ده‌كاته‌وه.
به كورتی، ئه‌ڵمانه‌كان داوای لێبوردنیان به‌عه‌یبه نه‌زانی، به‌پێچه‌وانه‌وه كلتوری لێبورده‌یی ئه‌وان هه‌ر بۆ جووەكان سودمه‌ند نه‌بوو، به‌ڵكو بۆ ئاینده‌ی ئه‌ڵمانیاش خێری دایه‌وه. وه‌لێ جووەكانیش شه‌رمن نه‌بوون، له‌و توخمه نه‌بوون كورد گوته‌نی: “گایه‌كیان لێبدزرێ و به گوڵمه گۆشتێك فریو بخۆن و خه‌نی بن”. نه‌خێر ته‌نها به‌قه‌ره‌بووی قوربانییه‌كان نه‌وه‌ستان و ئێستاش نه‌وه‌ستاون، به‌ڵكو توانیان هۆڵۆكۆست بكه‌ن به شوناسی مەزڵومیەت و شوناسی هێزیش بدەنەوە بە جوو. مێژووی قوربانیدانی خۆیان بەهەند بگرن و سوودی مه‌عنه‌وی لێوه‌رگرن. ئەگەرچی هەندێک یاسای بیرۆکراتیش پشتیوانی بەزیندومانەوەی هۆڵۆکۆست دەکەن، بۆ نموونە، هەر کەسێک گۆمان بخاتە سەر ڕاستیی ڕووداوی هۆڵۆکۆست بە یاسا سزا دەدەریت. ئەمەش بوار بۆ ئازادی بیروڕا ناهێڵێتەوە هەتا کەسانێک بتوانن ئازادانە دەربارەی نازیزم و ڕووداوی هۆڵۆکۆست بیروڕای خۆیان دەرببرن.
لەم بارەیەوە پیتەر سینگەر دەڵێت: جۆن ستیوارت میل، لە بەرگریکردنە کلاسیکییەکەیدا لە ئازادیی ڕادەربڕین لە کتێبی “دەربارەی ئازادی” دا دەنووسێت ئەگەر دیدگایەک بە تەواوی و بە بەردەوامی و بەبێ ترس گفتوگۆی لەبارەوە نەکرێت، لەبری ئەوەی ببێت بە ڕاستییەکی زیندوو، دەبێت بە بڕوایەکی مردوو. بوونی هۆڵۆکۆست دەبێت بە ڕاستییەکی زیندوو بمێنێتەوە، ئەوانەشی لە گەورەیی و دڕندەیی نازییەکان بەگومانن، پێویستە بە بەڵگەوە ڕووبەڕوویان ببینەوە”.
ڕوودوای هۆلۆکۆست ئەنجامی بیری فاشیانەی نازی بوو، کە “بەدوا چارەسەر” ناودەبرا، پێشیان دەگوت “کێشەی جوو”، کە هەوڵێکی سیستیماتیکی بوو بۆ لەناوبردنی جووەکانی ئەوروپا. هەمان ئەو لۆجیکەی بەعسیەکان لە ئەنفال دا پێڕەویان دەکرد، دەستنیشان کردنی عەلی حەسەن مەجید بۆچارەسەرکردنی کێشەی باوکور! وەک ئەوەی بڵێیت دەوڵەت بیری فاشیانەی بەعس کێشە نەبووبن بۆ کورد و بۆ خۆی دەوڵەتی عێراقیش.
ماوەتەوە بڵێین، نکۆڵیکردن لە تاوان و ڕووداوەکانی هۆڵۆکۆست و ئەنفال، هێندەی پەرچەکردارە هێندە پەیوەندی بە لێکدانەوەی ئازادانەوە نییە لەسەر بنەمایەکی عەقڵانی. جەنگی غەوزە و توندڕەفتاری دەوڵەتی ئیسرائیل لەگەڵ دانیشتوانی غەززە بە بیانوی جەنگ لەگەڵ حەماس و هەڵسوکەوت و مامەڵەی ستەمکارانەی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ خەڵکی کوردستان، بوونە پاساوی کاردانەوەی تۆڵەسەندنەوە لەدژی ئەو دەسەڵاتانەی کورد و جوو. ئەم ناڕەزایەتیانە لە دژی دەوڵەتی ئیسرائیل وەنەبێت تەنها لەلایەن وڵاتە عەرەبی و ئیسلامییەکانەوە بێت، نا، تەنانەت لەلایەن جووەکان و دۆستەکانیشیانەوەیە. بۆ نموونە، لە ١٠ ی ئازاری ٢٠٢٤، مۆزەخانەی هۆڵۆکۆستی نیشتیمانی هۆڵەندا، لە مەراسیمێکدا کرایەوە، کە پاشای هۆڵەندا و سەرۆکی ئیسڕائیل، ئیسحاق هێرزۆگ، ئامادەی بوون، کەچی ئامادەبوونی هێرزۆگ بووە هۆی کەوتنەوەی ناڕەزایەتی و خۆپیشاندان دژی هێرشەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر فەڵەستینییەکان لە غەززە. ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی دەوڵەتی ئیسرائیل بەهۆی کوشتنی خەڵکی مەدەنی فەڵەستینەوە لە غەززە سوکایەتییە بە قوربانییەکانی هۆڵۆکۆست هەروەک خەڵکی کوردستانیش کە لە بەرانبەر قەیرانی مووچە و بژێوی پشتیوانی لە بڕیاری دادگای فیدراڵی عێراق دەکەن، بەو پاساوەیە کە دەسەڵاتدارانی هەرێم ڕێز لە خەڵکی کوردستان و خوێنی ئەو هەموو شەهید و ئەنفالکراوە ناگرن. ئەمەش زەمینەی ئەوەی خۆشکردووە، کە خەڵک هێز و توانای خۆیان لە دژایەتی دەسەڵاتداراندا خەرج بکەن نەک لە کارکردن بۆ بونیاتنانی کۆمەڵگەیەکی ئازاد و شکۆمەند، کە تەواو جیاواز بێت لەو ژیان و گوزەرانەی لە سەردەمی بەعس و دەوڵەتی عێراق دا هەیانبووە.
سەرچاوەکان
- ڕووداو دیجیتاڵ،٢١-١٢-٢٠٢٣، بەشدار موزەفەر، بڕوانە: https://www.rudaw.net/sorani/middleeast/201220234
- دەنگی ئەمریکا،١٠-٠٣-٢٠٢٤، هۆڵەندا مۆزەخانەی هۆڵۆکۆست دەکاتەوە.
- ماڵپەڕی ئازاد بوون، پیتەر سینگەر، ئازادیی ڕادەربڕین، محەمەد و هۆڵۆکۆست، وەرگێڕانی دڵشاد حامید دەروێش، ٠٤-٠٩-٢٠٢٣.
- دەنگی ئەمریکا، یادی تاوانی هۆڵۆکۆست، ٢٩-٠١-٢٠٢٣.


