سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

پڕۆژەی بچووک و نیشتیمانسازی و ڕزگاریی

پڕۆژەی بچووک تاکی بەهێز دروست دەکات، تاکی بەهێزیش حکومەت و کۆمەڵگای بەهێز بەرهەمدێنێت. هاوکات، پڕۆژەی بچووک داهێنان و گۆڕانکاری لە کار و بەرهەم و خزمەتگوزارییەکان خێراتر دەکات و توانای تاکە کەسی دەگەیەنێتە لوتکە و ئاستی بەرهەمهێنان لە هەر کاتژمێرێکدا دەباتە سەرەوە. لەڕێگەی پڕۆژەی بچووکەوە: پڕۆسەکانی دەوڵەتسازی و نیشتیمانسازی وەگەڕدەکەون؛ ژێرخانی ئابووری دەبوژێتەوە؛ ئازادی و سەربەخۆیی تاک بەرفراوانتر دەبێت؛ هاووڵاتییان دەبنە خاوەنی کاری سەربەخۆ و داهاتی تاکە کەسی و سەربەخۆیی سیاسی زامن دەکەن؛ داهێنان و نوێخوازی گەشە دەکات؛ خۆشەویستی خاک و نیشتیمان زیاد دەکات، بەمەش ئاسایشی نیشتیمان بەهێز دەبێت؛ تاک و کۆمەڵگا پێش دەکەوێت؛ سەربەخۆ و ئازاد دەبیت؛ خاوەندارییەتی خۆت دەکەیت و ڕزگارت دەبێت لە پشتبەستن بە حکومەت و کەرتی گشتی؛ بناغە بۆ دوا ڕۆژی خۆت دادەنێیت؛ کێبڕکێی دراوسێکانت دەکەیت؛ دەگەڕێینەوە بۆ ڕەسەنایەتی خۆمان و پێویستیمان بە بەغدا و تاران و ئەنقەرە نابمێنێت.

داخۆ ئەمانە تەنیا دروشمی قەبەن یان هەنگاو و بەرنامەن بۆ دواڕۆژی تاک و کۆی کوردستانیی، لە خوارەوە زیاترت بۆ ڕوون دەبێتەوە. تەماشا کەن، لەو پەڕی وڵاتانی پێشکەوتوەوە بۆ ئەو پەڕی وڵاتانی دواکەوتوو، هیچ وڵاتێک زەوی و شاخ و داروبەردو و ئاسەوارەکانی دەستکاری ناکات. هۆڵەندا لەو پەڕی پێشکەوتنە و گەورەترین بازرگانی لە ئێستایدا گوڵە، کەنەدا گەورترین بازرگانی دارە، سەیری میسرییەکان بکەن هیچ کات مێژووی خۆیان دەستکاری ناکەن گەورەترین سەرچاوەی داهاتیان مێژوو و ئاسەوارەکانیانە، سەیری سعودیە بکە، هیچ کاتێک زەوی بە پیتی خورما ناکاتە باڵەخانە و کۆشک و تەلبەندی ناکات بۆ کەسێک، یان کەسانێک، چونکە یەکەم وڵاتە لە بەرهەم هێنانی خورما.

کۆریای باشوور لەناو جەرگەی پایتەختەکەی هەرچی شوێنەواری مێژووییە وەک خۆی هێشتووەتەوە و کردونی بە شوێنی گەشتیاریی، کە ساڵانە هەزاران گەشتیار سەردانی دەکەن. هەرچی وڵاتی دنیا هەیە لەوەیتر ناچێت، وڵاتان کار لەسەر ئەو شتانە دەکەن کە پێی دەناسرێنەوە و مێژوویەکیان لەگەڵدا هەیە. بەدەیان نموونەمان هەیە لە دنیا هەر باوەڕییان بەو جۆرە پێشکەوتنە هەر نییە، بۆ نموونە ئامیشەکان بە جلوبەرگو ستایلی ٦٠٠ ساڵ پێش ئێستا دەژین نە ئۆتۆمبێل نە باڵەخانەی نوێ و نە کارەبا و نە ئینتەرنێت بە کار ناهێنن لەناو جەرگەی ئەمریکای پێشکەوتووشن، زۆریش خۆشحاڵ دەژیین. هۆزەکانی ئەمازۆن، پێتان وانەبێت ئەو هۆزانە ئاگاداری دنیا نیین، ئەوانە پێیان وایە ژیان لە دەرەوەی ئەوان هەر پێشکەوتن نییە! کاتێک تۆ ژینگە و دار و بەردو و ئاو و گیانلەبەرەکان لەناودەبەیت ئەوە پێشکەوتن نییە. پێشکەوتن و کۆمپانیا گەورەکان کاولکاری و دڵگرانیان هێنا بۆ مرۆڤ و ژینگە.

ئەوە تەنیا دەسەڵاتدارانی کوردستان و بەشێک لە بزنسوانەکانیانن کە دەیانەوێت کوردستان بکەنە دوبەی و سەنگاپورە و مالیزیا و ماکاو و نیویۆرک. لەوەش سەیروسەمەرەتر ئەوەیە کە دەسەڵاتدارانی هەرێم نایانەوێت کوردستان ببیتە کوردستان! چۆن؟ کاتێک تۆ دێیت ئەو کوردستانە کە لانکەی مرۆڤایەتییە دەتەوێت بیکەیتە دوبەی کە دوێنێی دروستبووە، ئەوە چەندی بە چەند؟ تۆ دێیت دەستکاری مێژوو و بناغە و ڕەسەنایەتی ئەو خاکە دەکەیت بەبێئاگایی، تەنیا بۆ بەرژەوەندی خۆت و چەند کەسانێکی دەوروبەرت، ئەمە چ گۆڕانکاریی و پێشکەوتنێکە. هیچ وڵاتێک لە کوردستان ناچێت، کە ترۆپکی شاخ و دۆڵەکانی بۆ بەرپرسان و زەوییە بەپیتەکانی بۆ بنکردەکانی تەلبەند کراوە. بێگوێدان بە گرنگی و بایەخی ئەم زەوییانە بۆ کشتوکاڵ، ئاسەوار یان گەشتیاریی. لەم وڵاتە بە دەیان بیری نەوت لێدراوە کە بوونەتە مایەی کاول بوون ژینگە و بێکەڵک بوونی زەوییەکان!

گەورەترین داگیرکاریی لە مێژووی کورد لە سۆمەرەوە تا ئێستا لە هەرێمی کوردستان کراوە، هیچ دەسەڵاتێک هێندەی ئەو سی ساڵە زەوی کشتوکاڵی و ڕەسەنایەتی و شوێنی گشتی و ئاسەوار و شوێنە گەشتیارییەکانی تێکنەداوە کاول نەکردیە. بۆیە ئەم پڕۆژەیە ئامادەکراوە کە بتوانین کوردستان بە کوردستان بچووێنین، نەک بە شوێنێکی تر، لە ڕێگەی پڕۆژەی بچووکەوە کوردستان ڕزگار بکەین لە داگیرکاری و گۆڕانی جوگرافی و دیمۆگرافی و وێرانبوونی مێژووەکەی سڕینەوەی ڕەسەنایەتی. وا بکەین لەڕێگەی ئەم پڕۆژەیە کوردستان بگەڕێتەوە سەر شوناسی خۆی، هاوتەریبیش بێت لەگەڵ پێشکەوتنەکانی دنیا بەڵام بە ڕەچاوی ئەو بنەما نەگۆڕانەی کە پارێزگاری لە زەوی کشتوکاڵی و ئاسەوارەکان و شوێنە گەشتیارییەکان بکات.

گومانی تێدا نییە ئێستا ڕۆژئاوا و ئەمریکا بەدەست کۆمپانیا زەبەلاحەکان دەناڵێنن، تازە لەدەستیان دەرچووە، کۆمپانیا گەورەکانی نەوت و کانزا و بواری ساختمان خۆشحالیان بۆ مرۆڤ و ژینگە نەهێنا. ساڵانێک بوو لە ئەمریکا و کەنەدا و ئوسترالیا بەدەیان هێکتار زەوی دەسوتێندران بەبیانوی جیاجیا بۆ سوود وەگرتنی چەند سەرمایەدارێک، لەگەڵ سوتاندنیان بەدەیان و هەزاران گیانلەبەر لەناو دەبران و بێ ماڵ و حاڵیان دەکران، بە هەزاران دانیشتوانە ڕەسەنەکان دەرکران و ڕاگوێزران بۆ شارەکان، بەدەیان سەرچاوەی ئاو و وشک کران. تازە خەریکە ئەم وڵاتانە بەخۆیاندا دەچنەوە و لە نەهامەتییەکانی پڕۆژە و کۆمپانیا گەورەکان تێدەگەن.

ژینگە ڕۆژ بەرۆژ بەهۆی کۆمپانیا گەورەکان بەرەو پیس بوون و خراپبوون دەڕوات، بەجۆرێک لە کۆنتڕۆڵی دەرچووە. ساڵانە بە دەیان ملیۆن دۆلار تەرخان دەکرێت لەلایەن حکومەت و ڕێکخراوەکان بۆ ڕێگریکردن لە تێکدانی زیاتری ژینگە. ئێستا لەو وڵاتانە بیر لەوە دەکەنەوە چۆن کۆنترۆڵی ئەو کارانە بکەن کە لە دەستیان دەرچووە و کارەساتیان بۆ ژینگە و مرۆڤایەتی ناوەتەوە!

خاڵێکی تر لە کارەساتەکانی پڕۆژەی گەورە ئەوە بوو کە کۆیلایەتیان لە فۆرمێکی نوێدا خستەڕوو لە ڕۆژئاوا کە ئێستاش هەر بەردەوامە. کۆمپانیاکان مرۆڤی لە یەکچوویان دەوێت و دەیانەوێت کرێکارەکان لەیەکبچن، ئەوەش کوشتنی توانای تاکە کەسی و داهێنانە بە شێوەیەکی تر مرۆڤ لە بیرکردنەوە و سەلیقە و ویست و کارکردن بەگشتی لەگەڵ ئەوانی دیکە جیاوازە، ئەگەر ئەو کەسایەتییە جیاوازە ڕۆڵی خۆی لە ناو کۆمەڵگا ببینێت، بە هۆکاری ئەو جیاوازییانە ئیدی کۆمەڵگا بە شێوەیەکی زۆر خێرا بەرەو پێش دەچێت و داهێنانی تێدا دەکرێت چونکە زۆرترین بیرۆکەی جیاواز دەخرێتەڕوو کە دواجار بەقازانجی بەکاربەر و کڕیارەکان دەشكێتەوە.

کۆمەڵگای کوردی و پڕۆژەی بچووک

دەسەڵاتدارانی هەرێم خەریکە ئەو خاکە پیرۆز و بەپیتەی کوردستان لەناودەبەن بە بیانووی پێشکەوتن و بیناسازی و باڵەخانە بۆ کۆمپانیا نەوتییەکان. ئەوەی ئێستا هەرێم دەیکات لە ڕۆژئاوا خەریکی پێچەوانەکەین چونکە تازە تێدەگەن ئەوە پێشکەوتن نەبوو، ئەوە ماڵوێرانی بوو بۆ مرۆڤ و ژینگە. دەسەڵاتدارانی هەرێم لە کوردستان تازە دەیانەوێت بەو جێ پێیە ترسناکە دابچن.

پڕۆژە گەورە و نوێیەکان بوون کە کوردستانیان دابەشکردوو پارچە پارچەییان کرد، چاوچنۆکی بەریتانیا و فەرەنسا بوو کوردستانی بەش بەش کرد، بەهۆی نەوت و سەرچاوە کانزاییەکان، پێشتریش بەریتانیا و فەرەنسا ئەو مێژووە داگیرکرانەیان هەبووە لە دروستکردنی ئەمریکا و کەنەدا و ئوسترالیا، هەزاران خەڵکی ڕەسەنیان لەناوبرد و ژینگەیان کاولکرد و بە هەزاران گاو و ئەسپ و گیانلەبەری کێویان لەناوبرد. تازە لە دوو هەزارەکاندا داوای لێبوردن لە خەڵکە ڕەسەنەکان دەکەن. کورد یەکێکە لە هەرە زیانلێکەوتووەکانی پڕۆژە گەورەکانی جیهان.

لە ئێستادا ئێمە لە کوردستان وەک هەرێمێکی بچووک لە ناوچەکە، لەگەڵ بوونی دەیان کێشەی هەرێمایەتی و ناوخۆییی، دەستمان بە چاولێکەری ئەوانی پێش خۆمان کرد، بەمەبەستی پێشکەوتن و هاوتاکردنی شارەکانمان بە دوبەی و سەنگاپوور و نیویۆرک، کەچی بێئاگابووین لەوەی چ کارەساتێک دروست دەکەین بە کۆپی کردنی ئەوانی دیکە. بەرپرسەکانی کوردستان هاتن کۆمەڵێک باڵەخانەیان بەرزکردەوە و تەلبەندی زەویی کشتوکاڵیان کرد و شاخ و چیا و شوێنە بەرزەکانیان داگیرکرد. ئەو نموونە لە کەم شوێنی دنیا باوی ماوە کە موڵکی گشتی بکرێنە شوێنی مانەوەی سەرۆک حیزب و بەرپرسان. لەوانەش کارەساتبارتر هاتن هەرچی پڕۆژەی بچووک و میللی هەبوون کردیان بە پڕۆژەی گەورە و خەڵکەکەیان کرد بە کرێکاری یەک کەس، یەک حکومەت.

دەبوو کوردستان بە هیچ شێوەیەک دەست بۆ ئەو کارانە نەبات کە ڕەسەنایەتی کوردستانیانی نیشان دەدا و دەپاراست، بێجگە لەوە دەستیان بۆ ژێرخان و هەموو کەل و پەلێکی تر برد و فرۆشتیانە دراوسێکان، کارگەی فەرشیان کرد بە کارگەی پێپسی، کارگەی جگەرە کرایە مۆڵ، شوێنە کشتوکاڵییەکان کرانە باڵەخانە و موڵ و مەزرەعە و شوێنی پشوودانی بەرپرس و سەرمایەدارەکان.

هەرچی جووتیار و مەڕدار هەبوو هەموویان کردە پێشمەرگە و پاسەوان، خەڵکی گوەندەکانیان کردە پۆلیس و ئاسایش، تا وایلێهات گوندەکان بەبێ خزمەتگوزاری مانەوە، بە جۆرێک بە دەیان گوند بێئاو کران و سەرچاوەی ئاویان وشککردن. بە هۆکاری ئەوە سەدان بەرپرس لەناو مەزرەعە و شوێنی پشوودانی خۆی بۆ یەک نەفەر بیری تایبەتی ئاوییان لێدا و مەلەوانگە و دەریاچەی تایبەتیان دروست کرد.

یەک ساڵ تورکیا و ئێران ئاو بگرنەوە ئێمە ئاو نابێت بیخۆین، یەک ساڵ ئێران و تورکیا سنوورەکان داخەن خۆراک و پێداویستی نامێنێت بیخۆین. بە جۆرێک ژینگەیان تێکداوە هەرچی سەرچاوەی ئاو و کانیاو شوێنی گەشتیاری هەبوو داگیرکران بۆ بەرپرسە نابەرپرسەکان. بیری نەوتی تاکە کەسی بێ ڕەچاوی ژینگە و زەوییە کشتوکاڵییەکان هەڵکەندران و تەلبەندکران. ئێستا بەهۆی ئەو کردارانەوە شارەکانی کوردستان لە شارە هەرە پیس و ئاڵوودەکانی جیهانن. سەرچاوەی ئاونەما و کێشەی بێ ئاوی هەیە لەلایەک، لەلایەکی دیکە کێشەی لافاو و ڕێگا و بان هەیە. دوای سی ساڵ لە حوکمڕانی هێشتان نەتواندراوە بە شێوەیەکی جوان پێویست شارەکانی کوردستان بەیەکەوە ببەسترێنەوە.

تەنیا بیریان لە داگیرکردنی زەوی بیری نەوت و باڵەخانەکان کردەوە، گوندەکانیان پشتگوێ خست و لە ئاکامدا بوون بە چۆڵەوانی. لەجیاتی خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوەی گوندەکان لەناو شارەکاندا گوندی ئینگلیزی و ئیتاڵی و ئیسپانی و لوبنانی دروستکران، هەمووی لەپێناو بەرژەوەندە چەند کەس و لایەنێک.

هەرچی کرێکاری کاری دەستی و بەرهەمهێن بوو لە پڕۆژە بچووکەکانی گوندەکان هەموویان کران بە پاسەوان و فەرمانبەر. بۆیە، هەرچی خۆراک و بەرهەمی کشتوکاڵیی و ئاژەڵیی و شیرەمەنیی هەیە هیچی هی خۆمان نییە. ئێستا دەزانین چ کارەساتێکیان بەسەر خۆیان و میللەت و خاک و دەشت و چیاو سەرچاوە ئاوییەکان هێناوە، هیچ سوودی نەبوو بۆ کۆمەڵگا.

چۆن لەڕێگەی پڕۆژەی بچووکەوە داهێنان دەکەین و داهاتی تاکە کەسی زیاد دەکەیین و زەمینەی خزمەتگوزارییەکان فراوانتر دەکەین لەپێناو بەرژەوەندی گشتیدا. پڕۆژەی بچووک کۆڵەگە و بوخچەی پێشکەوتنی هەر میللەتێکە، تاکی بەهێز تاکی داهێنەر تاکی خاونپڕۆژە تاکی خۆبەخۆێوکەر و حکومەتی و بەهێز دروست دەکات. ئێستا کاتی ئەوەیە دووبارە دەست بۆ پڕۆژە بچووکەکان ببەینەوە دووبارە بنیاتی کۆمەڵایەتی و ئابووری وڵاتمان بدەین لەڕێگەی پڕۆژەی بچووکەوە. تاکە ڕێگا بۆ ڕزگاربوونمان گەڕانەوە بۆ ڕەسەنایەتی و بەرهەم و بەروبوومی ناوەخۆیە لەڕێگەی پڕۆژە بچووکەکان.

تاک و بەرپرسیاریەتی لە پڕۆژەی بچووک

تاکی کوردستانی لەمەودوا لە دەرەوەی حکومەت و حیزب دەبێت خۆی دەستپێشخەری بکات. تازە نە باڵەخانەکان دەڕووخێنرێن و نە مەزرەعە و شوێنە گەشتیارییەکان دەگەڕێنەوە بۆ هاووڵاتییان. تاک دەبێت خۆی بەرپرسیارانە بێت و دەست بۆ پڕۆژەی بچووک ببات، بێ گوێدانە ئەوەی کە هەم ڕێگری هەیە هەم پشتیوانی نییە.

زۆر جار حکومەتە خەمسارد و کاتییەکان کاولکارییان هێناوە بۆ کۆمەڵگاکانی خۆیان، بەتایبەت ئەو مۆدێلە خراپەی کە حیزب و حکومەت و بزنسوانەکان لە یەک گرووپ کۆبوونەتەوە، وەک ئەوەی لە کوردستان هەیە. بۆیە تۆ دەبێت لە سەرەتا دەست پێشخەری بکەیت بێ ئەوەی چاوەڕوانی ئەوە لە حکومەت و حیزب و و بزنسوانەکان بکەیت کە بگەڕێنەوە بۆ خزمەتی گەل. لە ئێستاوە دەبێت تاک خۆی هەست بە بەرپرسیارێتی بکات لەسەر ئەوەی توانا تاکە کەسییەکانی لە حکومەت و کەرتی گشتی بە هەدەر نەدا، ئێستا کاتی ئەوەیە هەر کەسێک توانا و بەهرەی خۆی لەو پڕۆژانە بخاتەگەڕ کە پێی وایە دەتوانێت کارێکی بەرهەمداری بۆ دابین بکات لە بوارێک کە نزیک بێت لە شارەزایی و پسپۆڕیی و ئەزموونەکانی.

کوردستان لانکەی یەکەم شارستانییەت و پڕۆژەی بچووکە

بە پێی زۆربەی سەرچاوە مێژووییەکان کشتوکاڵ لە کوردستان دەستی پێ کردووە. بۆیە یەکەم پڕۆژەی بچووک هەر لە کوردستان تۆمارکراوە! ناکرێت ئەو بناغە و ڕەسەنایەتییە فەرامۆش بکرێت چونکە ئەوەی تۆی کوردستانی جیا دەکاتەوە لەوانی دیکە ئەوە هەر خۆتی نەک چاولێکەری و کۆپیبوون و لەیەکچواندنی کوردستان بە شوێن و وڵاتانی دیکە.

پڕۆژەی بچووک پێش شارستانیەت و پێش دروست بوونی شار هەبوو، بەردەوام لە مانەوە دەبێت. پڕۆژەی بچووک بریتییە لە بیرۆکەی تاکە کەسی بۆ سوود گەیاندن بە کەسەکە، لەپێناو بەرژەوەندی گشتیدا. پڕۆژەی بچووک بەرهەمی بیرکردنەوە و دەستی کاری کەسێکە کە داهێنان یان گۆڕانکاری لە خزمەتگوزارییەک، کاڵایەک یان بەرهەمێکدا دەکات. پڕۆژەی بچووک بەگشتی تا پازدە کەس بەشدارن تێیدا، واتە دەستی کار بۆ ئەو ژمارەیەک خەڵکی دیکە بێجگە لە خاوەن بیرۆکە و پڕۆژەکە دابین دەکات. ، لە هەندێک وڵات پڕۆژەی بچووک تا پەنجا کرێکاری هەیە بەمەرجێک داهاتی مانگانەی ئەو پڕۆژەیە لە یەک ملیۆن دۆلار زیاتر نەبێت. یەکێک لە خەسڵەتەکانی پڕۆژەی بچووک داینامیکییە، واتە بەردەوام لە گۆڕاندایە بە هۆکاری داواکاری بەکاربەر و کڕیار و بەپێی شوێنی جوگرافی کلتوری.بەکورتی، پڕۆژەی بچووک کۆمەڵێک بنەمای هەیە، لەوانە: بیرۆکەی تاکە کەسیە و دەبێتە بیرۆکەی چەند کەسێک؛  کرێکار و فەرمانبەرەکانی لە یەک تا پازدە کرێکار زیاتر نییە؛  داهاتی مانگانەی لە یەک ملیۆن دۆلار تێناپەرێت؛ داینامیکییە، واتە بەردەم لە گۆڕانکار دایە؛ هەروەها نوێکاری تێدایە و داهێنەرانەیە.

پڕۆژەی بچووک و داهێنان

پڕۆژەی بچووک و تاکە کەسی هۆکارێکی سەرەکییە بۆ داهێنان، چونکە کەسێک بیردەکاتەوە کە هەموو تواناکانی خۆی لەو شتە بەکاربهێنێت کە خۆشی دەوێت یان خەونی پێوە دەبینیت و خۆی تێدا دەبینێتەوە. لە کەرتی گشتی ئەو توانایانەیان بە ستاندەرد و کۆنکریت کردووە، بۆیە تۆ ناتوانیت لە کەرتی گشتیدا داهێنان بکەیت چونکە سیستەمەکە لە قاڵب دراوە و ڕێڕەوێکی دیاریکراو دادەنێت کە داهێنان قەبووڵ ناکات. بەڵام لە پڕۆژەی بچووکدا داهێنان سنووری نییە، کات سنووری نییە، کارکردن سنووری نییە، گۆڕانکاری سنووری نییە، تۆ لەسەر ئەو بنەمایە دەتوانیت داهێنان بکەیت لە هەموو بوارەکان، کۆمەڵایەتی، تەکنۆلۆجی، میکانیکی، دارتاشی، سەرتاشی، کشتوکاڵیی و مەڕداری و شیرەمەنییەکان و بەروبوومە سەوزەکان و میوەکان. گرنگی پڕۆژەی بچووک لەوەدایە کە تۆ سوودی ڕاستەخۆ بە خۆت دەگەیەنیت و خەڵکیش بەگشتی سوود لە توانا و بەشدارییەکانی تۆدا دەبینن.

پڕۆژەی بچووک و خود-سەربەخۆیی

یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی پڕۆژەی بچووک ئەوەیە کە تاک ئازاد دەبێت و زەحمەت دەبێت لە قاڵب بدرێت، بە ئاسانی ناکرێتە کۆیلە، ناکرێتە مرۆڤی پلە دووەم و سێیەم. مرۆڤ خۆی دەبێت ئازاد بێت، خۆی بڕیار لە دواڕۆژی خۆی بدات، کە لە کوێ کاردەکات لەگەڵ کێ کاردەکات، کێ دەکاتە هاوبەشی خۆی، ئەوکاتە ئازادتر دەبێت چ ئایدیۆلۆجیایەک هەڵدەبژێرێت، چ ڕێبازێک دەگرێتەبەر، چ جۆرە ژیانێک دەژی، لە کوێ دەژی، بەڵام لە کەرتی گشتی مرۆڤ ناتوانێت ئارەزوومەنەدانە کار بکەیت و خۆت چارەنوسی خۆت دیاری بکەیت.

پڕۆژەی بچووک هەستی نیشتیمانیی و نەتەوەیی

تۆ کاتێک پڕۆژەیەکت لە شوێنێک دەبێت خۆت پارێزگاری لە پڕۆژەکەی خۆت دەکەیت، خۆت دەبیتە بەرگریکار لە پڕۆژەکەت، خۆت دەبیتە پێشمەرگە بۆ پڕۆژەکەی خۆت. کەواتە ئەوانەی پڕۆژەی بچووکیان هەیە هیچ پێویست ناکات باسی هەستی نیشتیمانییان لەگەڵ بکەین، خۆیان دەبنە پێشڕەوی خۆشویستنی نیشتیمان، خۆیان ژینگە دەپارێزن، خۆیان خۆشویستنیان بۆ بەکاربەرەکانیان و کڕیارەکانیان دروست دەکەن. پڕۆژەی بچووک دەچێتە ئەو پەڕی نیشتیماندۆستی نەتەوەدۆستی، چونکە خاوەنکاری لە پڕۆژەی بچووک پێی وایە ئەو خاک و نیشتیمانە بەشێکە لە لەشی خۆی دەبێت لەگەڵ پڕۆژەکەی بیپارێزێت.

پڕۆژەی بچووک و هەلی کار

کاتێک کەسێک دەست بۆ پڕۆژەی بچووک دەبات هەلی کار بۆ خۆی و کەسانی دیکە فەراهەم دەکات. کەواتە تۆ بەشدار دەبیت لە کەمکردنەوەی ڕێژەی بێکاری لە کۆمەڵگاکەتدا. هەر کەسێک بەگوێرەی قەبارەی پڕۆژەکەی دەرفەتی کار زیادەکات، بەتایبەت دەرفەتی کاری ناوخۆیی چونکە پڕۆژەی بچووک پێویستیی بە توانای ناوخۆیی هەیە نەک دەرەکی. بۆیە لە پڕۆژەی بچووک توانای کرێکار و فەرمانبەری ناوخۆیی زیاتر دەبێت لە هێنانی کرێکار و دەستی کاری دەرەکی. ئەوەش وادەکات ڕێژەی هێنانی کرێکاری بیانی ئێجگار کەم بکرێتەوە لە پڕۆژە بچووکەکاندا.

پڕۆژەی بچووک و هاوردەکردن

ئەگەری داهێنان لەڕێگەی پڕۆژەی بچووکی تاکە کەسییەوە بەهێز و زۆرە. کاتێک تاکەکان بیردەکەنەوە کەواتە عەقڵ و بیر لەو کۆمەڵگایە زیندوە و لە تەشەنەکردن و گەشەکردندایە، بە واتەیەکی دیکە، بە تێکڕایی خەڵک بیردەکاتەوە. بۆ نموونە، ئێستا یەک ملیۆن و نیو فەرمانبەری کەرتی گشتی هەیە کە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان دامەزراون، هیچ داهێنانێک ڕوونادات لەناو ئەو فەرمانبەرانە چونکە یەک ملیۆن و نیو لە خەڵک لە کوردستان کە هێزی کارن توانایان لە حکومەت خنکێندراییە، داهێنان لە کەرتی گشتی ناکرێت. بۆیە کێبڕکێکردنی تاکی کوردستانی لەگەڵ وڵاتان لەڕێگەی پڕۆژەی بچووکەوە دەبێت کە لەمیانیدا بتوانین بەرهەمی خۆماڵی دروست بکەن و کێبڕکی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بکەین. ئەوکاتە هاوردەکردنی کەلوپەل و خۆراک زۆر کەم دەبێتە کە ئێستا نزیک بە ٩٠%  کۆمەڵگە و وڵاتێکی بەکاربەرین نەک بەرهەمهێنەر و داهێنەر و دروستکەر.

پڕۆژەی بچووک و داهاتی تاکە کەس

پڕۆژەی بچووک داهاتی زۆر لە داهاتی تاکە کەس لە سەرەوەترە. لە کەرتی گشتی پەنجا ساڵی هێزی کار دیارە چەند بەرهەمی دەبێت و چەند داهاتی دەبێت، بەڵام لە پڕۆژەی بچووک مەوداکە زۆر بەرفراوانترە. لەوانەیە پڕۆژەیەکی بچووک ڕۆژانە داهاتی مانگێکی فەرمانبەرێکی حکومی دابین بکات، بۆیە پڕۆژەی بچووک هەم ئازادانەیە هەم داهاتی باشترە، هەم ئەگەرەکانی زیادبوونی لە داهاتوو زۆرترە.

پڕۆژەی بچووک فشار لەسەر دەسەڵاتە حکومەت

حکومەتی هەرێمی کوردستان کاتێک ناتوانێت مووچە دابین بکات نزیکەی ٧٠٪ خەڵکی کوردستان دووچاری قەیرانی دارایی و ئابووری دەبنەوە. ئەو ڕاستییە هەموومان بە چاوی خۆمان وا ئێستاکانێ لە هەرێم دەیبینین. هۆکاری سەرەکیش بۆ ئەمە ئەوەیە کە زۆربەی داهاتی تاکەکەسی لە هەرێم سەرچاوەکەی حکومەتە. ئەوەش هۆکارێکە بۆ هەرەس هێنانی هەر حکومەتێک و کۆمەڵگەیەک کە بەو شێوە ئەستورییە پشت بە کەرتی گشتی/حکومی ببەستێت، کە ئەگەرەکانی بەرزبوونەوەی ڕێژەی هەژارییش لەناو ئەو جۆرە کۆمەڵگەیە دێنێتەگۆڕێ. بەڵام کاتێک ئەندامانی کۆمەڵگە دێن و پڕۆژەی بچووک وەگەڕدەخن و سەردەخەن، ئیدی لانیکەم لە ئاکامی قەیرانی دارایی و ئابووری کاریگەرییەکانی لەسەر کۆمەڵگە کەمتر دەبێت. بۆ نموونە، لە هەولێر بازاڕی قەیسەری کە لە پڕۆژەی بچووک پێکهاتووە، بارودۆخە داراییەکان کاریگەرییان کەمترە لەسەر وەبەرهێنەرانی ناو ئەو بازاڕە. بەڵام بەپێچەوانەوە، ئەوانەی کارمەندی دەوڵەتن لە پڕۆژەی کەرتی گشتیدا کار دەکەن، ئەوا لەگەڵ قەیرانەکانی حکومەت ئەوان لە پەلوپۆ دەکەون.

پڕۆژەی بچووک و ڕزگاری نیشتمانی

دەسەڵاتدارانی هەرێم دەبوو هەر زوو کورد ببینن و ببینە ئەزموونی کوردی و کوردستانی، نەک هەوڵدات ببیتە ئەزموونی تورکی، فارسی، عەرەبی یان بیانی و ڕۆژئاوایی. لە هەرێم دەبوو باڵەخانەکانیشمان وەک میعمار و خانوسازی گوندەکان بوایە، ئەو کات ئێمە خۆمان دەبووین، شوناسی خۆمان بەرزڕادەگرت و دەمانپاراست، بەڵام کاتێک هەوڵدەدرێت وەک ئەوان بین، ئەوە خۆمان ون دەکەین، شوناسمان بزر دەبێت. ئێمە نین، هەشبین ونین، مادام ئێمە لە چاو کەسێکی دیکە دەکەینەوە، کەواتە ئێمە بوون و نەبوونمان وەک یەکە، ئێمە زیادین. ئێمە بە کوردستان و بنەچە و ڕەسەنایەتی دەتوانین هاوتای پێشکەوتووترینی ناوچەکە بین. ئێمە قوربانی دەستی پڕۆژە گەورە و دەرەکییەکانیین، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ سەر پڕۆژە ڕەسەنەکان، ئەو پڕۆژانەی هەڵقوڵاوی کوردستانن. ئێمە تەنها لەڕێگەی پڕۆژەی بچووکەوە نیشتیمان ڕزگار دەکەین لە دەست داگیرکاری، چونکە تاکی سەربەخۆ وڵاتی سەربەخۆ دروست دەکات.

پڕۆژەی بچووک و کەمکردنەوەی هەژاری

خسڵەتێکی چاکی پڕۆژەی بچووک ئەوەیە کە لە هەر کون و قوژبنێکی وڵات تاکەکان دەتوانن دەستی بۆ بەرن، کەم تا زۆریش سەرکەوتوو بن. بۆ نموونە، لە گوندەکان مەڕدارەکان شیرەمەنی بەرهەم دێنن؛ کەسێک کشتوکاڵ دەکات و سەوزە و میوە دەڕوێنێت. لە شارەکان، دارتاشەکان، ئاسنگەرەکان، کوتارفرۆشەکان دوکانی بچووک و گەورە دادەنێن و دەستبەکار دەبن. ئەوانە و دەیان جۆر کار و کردەی دیکە ئەگەر دەرفەت بدەنە خۆیان واز لە کەرتی گشتی بهێنن و دەست بدەنە پڕۆژەی بچووک، بێگومان ڕێژەی بێکاری و هەژاری زۆر کەم دەبێتەوە. بەڵام کاتێک مەڕدارێک یان جووتیارێک دەکرێتە پێشمەرگە، پۆلیس، یان ئاسایش، ئیدی ئەوە کوشتنی توانای ئەو کەسەیە لە بەرهەم هێنان لە شوێنی خۆی یان لە هەر شوێنێکی دیکە. ئێمە ئێستا دەزانین کە چەندە گرنگە بگەڕێینەوە سەر ڕەسەنایەتی خۆمان و دەست بە پڕۆژەی بچووک بکەین، ئەو کاتە ڕێژەی هەژاری بە ئاستی زۆر بەرچاو کەم دەبێتەوە، چونکە هەر کەسێک لەئاستی خۆی داهێنان دەکات و بەرهەمی دەبێت و پێشکەشی دەکات بەسوود وەرگرتن بۆ خۆی لەپێناو بەرژەوەندی گشتی.

لە ١٩٩١، کاتێک خەڵکی کوردستان کەمترین خۆراک و کەلوپەلیان لە دەرەوە هاوردە دەکرد، لەگەڵ گەمارۆی ئابووری لەلایەن عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان، تاکی کوردستانی دەستی کرد بە پڕۆژەی بچووک، هەرکەسێک لە ئاستی خۆیی داهێنانی کرد، ئەوکات بینیمان خەڵک لە حەوشەی ماڵەکەی، لە بەر دەرگای ماڵەکەی کشتوکاڵی دەکرد، لە تەنەکە و کەلوپەلی بەسەرچوو بەدەیان داهێنان کرا، بەشێکی زۆری خەڵک گەڕایەوە گوندەکان و دەستی بە بەخێوکردنی پەلەوەر و مەڕداری و شیرەمەنی و کشتوکاڵ کرد، تا گەیشتە دروستکردنی ئۆتۆمبێل و فڕۆکەش، ئەوە پێیدەڵێن پێداویستی داهێنان دروست دەکات.

ئێمە داهێنەرمان تێدایە، بەڵام زەمینەکە تێکدراوە و سەرچاوەی داهات لە شتی تر بەدەست دەکەوێت. ئێمە هەر لە سەرەتادا دەبوو خۆمان بین، مێژوومان لە دێرزەمانەوە بە پڕۆژەی بچووک دەستی پێکردووە، چۆن لە ناوچەی و کشتوکاڵ و مەڕداری پەلەوەر بەخێوکردن بڵاو بوویەوە بە دنیادا، دەبوو هەر لە دوای ڕاپەڕین دەستمان بە برەوەدان بەو ژێرخانە دابا. بۆیە هەرێمی کوردستان بەهۆی نەزانینی سیاسییەکان و حوکمڕانەکانی لە سی ساڵی ڕابردوودا کاولکارییان هێنا بۆ ڕەسەنایەتی و بناغەی کوردستان. ئیدی بەسە، دەبێت ئەو سیاسەتی کاولکارییە، سیاسەتی پشتبەستن بە ئەوانی دیکە و پشتکردن لە خۆ، سیاسەتی خۆکردن بە ئەوانی دیکە و سڕینەوەی شووناسی کوردی و کوردستانی، ڕابگیرێت. ڕاستە لەسەرتا قوربانیدانی دەوێت و سیاسییەکان و بزنسوانەکان و خاوەنکارەکانی پاڵ سیاسییەکان دەبێت ئەو قوربانی و باجە بدەن، بەڵام ناکرێت نەیدەن. ئێستا کاتی ڕاگرتنیانە تا هەموو کۆمەڵگا تێ بگات ئەوە پێشکەوتن نییە! ئەوە وێرانکارییە، خۆکوژییە، کە نەک پێشکەوتن بەڵکو ئەوپەڕی دواکەوتوویی بەرهەم دێنێت.

ئەم پڕۆژەیە لەسەر ئەم بنەمایە ئامادە کراوە، کە چۆن جارێکی دیکە بگەڕێینەوە سەر ڕەسەنایەتی کوردی و کوردستانی، واتە خۆمان بین. دەست بەو کارە بچووکانە بکەینەوە و داهێنان بکەین لە ڕەسەنایەتی خۆمان ئەوکات ئێمە خۆمان دەبین کۆپی هیچ وڵاتێک و دراوسێیەک نابین، کوردستان بە گەڕانەوە بۆ ڕەسەنایەتی لە پڕۆژەی بچووک کێبڕکێی تورکیا و ئێران و دەوڵەتە دراوسێکانی دەکات.

نموونە پڕۆژەی بچووک لە کوردستان

هەرێمی کوردستان گەورەترین دەرفەتی داهێنانی تێدایە لە ئێستادا، چونکە کەمترین داهێنانی تێدایە لەچاو وڵاتانی دراوسێ. لە زۆربەی وڵاتان ئەوەندە کێبڕکێکان بەهێزن زۆر بە ئاسانی تاک ناتوانیت پڕۆژەی بچووکی خۆی سەرکەوتوو بکات، بەڵام ئێمە لە کوردستان بە هۆکاری ئەوەی کەمترین دەست بردراوە لە سی ساڵی ڕابردوو بۆ پڕۆژەی بچووک ئێستا گەوەترین دەرفەتی تێدایە خەڵک بگەڕێتەوە سەر ئەسڵی خۆی بە داهێنان و نوێخوازییەوە. 

ئەرکەکانی حکومەت؟

یەکەم: دابینکردنی قەرز بۆ پڕۆژەی بچووک بە جەخت کردن لەسەر لاوان، کە بە یاسا ڕێکخراوە لە پەڕلەمانی کوردستان، تەنها پێویستی بە وەرگەڕخستن هەیە.

دووەم: قەرزی کشتوکاڵی بۆ جوتیاران و بەهاناوە هاتنیان لەکاتی نەهاتی و لافاو و کارەساتەکان.

سێیەم: گەیاندنی خزمەتگوزاری قوتابخانە و بنکەی تەندروستی و ئاو و ئاودێری و ڕێگاوبان و شوێنەکانی عیبادەت بۆ گوندەکان.

چوارەم: گەیاندن و پێدانی خزمەتگوزاری و پێداویستی کشتوکاڵی و ئامێرەکان بەخۆڕایی یان بە قەرزی درێژخایەن بە جووتیاران.

پێنجەم: دروستکردنی بەنداو و گۆم و گۆل و کارێز لە هەموو ناوچەکانی کوردستان بۆ دابینکردنی ئاوی سەرزەوی و ژێرزەوی.

شەشەم: ڕێگریکردن لە لێدانی بیر، مەگەر بۆ پڕۆژەی بچووک و بەرهەمهێن بێت، لەگەڵ داخستنی هەموو ئەو بیرانەی بە نایاسایی بە یاسایی لێدراوە بۆ بەرپرسەکان کە هیچ بەرهەمێکیان لێ ناکەوێتەوە.

هەفتەم: گرنگی دان بە کەرتی خۆبەخشی و دروستکردنی گرووپی خۆبەخشان.

هەشتەم: کۆنتڕۆڵکردن و کەمکردنەوەی بەرهەمی هاوردەکردن بەتایبەتی ئەوانەی کاریگەرییان لەسەر نرخی بەرهەمە ناوخۆییەکان هەیە.

نۆیەم: گرنگیدان بە بەشە پیشەییەکان لە ئامادەییەکان و پەیمانگاکان و کۆلێج و و زانکۆکان لە کوردستان، بەشێوازێک کە کادیری پیشەیی بە مانای وشە بەرهەم بێنن.

دەیەم: دەرفەت و مۆڵەت بدرێتە ئەو ڕێکخراوانەی زیاتر کار لەسەر پڕۆژەی بچووک دەکەن، هەروەها هاندان و کارئاسانی بۆ ئەو ڕێکخراو ئاژانسانەی نەتەوە یەکگرتوەکان تا لە کوردستان خول و پڕۆژە و هاوکاری پڕۆژەی بچووک ببەنە پێش.

نموونەی پڕۆژەی بچووک

لەوانەیە لە سەرتا پرسیار بکرێت؟ بڵێن هاوکاری نییە، ڕێگری هەیە، باج و سەرانە زۆرە، کەرتەکان قۆرخ کراون …هتد. بەڵام ئەگەر کەسێک بیەوێت سەرکەوتوو بیت دەبێت بێت لەناو ئەو کێشانە سەرکەوتوو بیت، ئەگەر کەسێک بیەوێت ببێتە خاوەنکار و پڕۆژەی بچووکی تایبەت بە خۆی، دەبێت بێیت لەناو ئەو بارودۆخە سەرکەوتوو بیت. ئەگەر سەرکەوتن ئاسان بێت لە پڕۆژەی بچووک هەموو کەسێک بێ ماندووبوون سەرکەوتوو دەبوو. هەموو کارێک ڕێگری و دەرفەتی هەیە، خاڵی  لاواز و بەهێزی هەیە، گرنگترین شتێک ئەوەیە کە تۆ دەست پێ بکەیت بەو بیرۆکەی کە لە خەیاڵتدا هەیە و خۆشت دەوێت و حەزی پێدەکەیت و خەونی پێوە دەبینیت. بێیت بیکەی بە پڕۆژەی ژیانت، چونکە پڕۆژەی بچووک وەک خۆشەویستی و عەشقە، چەندە خۆشت بوێ قوربانی بۆ بدەیت ئەوەندە ئاسانتر بەدەستی دەهێنیت و سەرکەوتوو دەبیت لێی. ئەمانە هەندێک نموونەی ئەو پڕۆژانەن:

یەکەم: گۆڕانکاری لە خواردن بکە و پێشکەش بە خەڵکی بکە، بۆ نموونە دۆڵمە خواردنێکی کوردییە تۆ بیگۆڕە، ڕەنگی بگۆڕە سووری بکە سەوزی بکە شینی و زەردی تامی بگۆڕە کەرەستەکانی بگۆڕە و پێشکەشی بە خەڵک بکە. خەڵک پارە بە جیاوازی دەدات!

دووەم: هیچ کەسێک نییە بوتڵی ئاو بە کار نەهێنێت، تۆ بڕۆ دەستکاری بکە، ڕەنگی بگۆڕە بوتڵێک ئاو دروست بکە بە تامی کەمێک هەنار، بەتامی هەنگوین، بەتامی سێو، بوتڵی ئاوی تایبەت بە منداڵان دروست بکە، کە وێنەی منداڵانی لەسەر بێت.

سێیەم: گۆڕانکاری لە فیتەری ئۆتۆمبێل بکە، بۆ نموونە ئۆتۆمبێلی گەڕۆکت هەبێت، هەموو کەلوپەلی چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلی تێدا بێت، با ببیتە فیتەری گەڕۆک.

چوارەم: بۆ بەساڵاچووان ئۆتۆمبێلێکی تایبەت دروست بکە، بۆ هاتووچۆیان، بۆ بازاڕکردنیان بۆ سەردانی کردنیان. ئەو ئۆتۆمبێلە هەموو کەرەستەیەکی ئاسانکاری تایبەت بە بەساڵاچووانی تێدا بێت.

پێنجەم: شوێنی حەوانەوەوە و یانەی بەساڵاچووان دروست بکە، بۆ گفتوگۆکردن و یەکتر بینینی بەساڵاچووان ئەوەش وا دەکات تۆ هەم خزمەت بە بەساڵاچووان بکەیت هەم سوودی گەورە ببینیت.

شەشەم: پڕۆژەی خاوێنکردنەوە و ڕێکخستنەوەی قەبرستانەکان، تا ئێستا کەس دەستی بۆ نەبردووە، دەکرێت تۆ یەکەم کەس بیت قەبرستانەکان پاک بکەیتەوە، ژینگەی قەبرستانەکان ڕێک بخەیتەوە، وەک کۆمپانیایەکی خۆت ئەو کارە بکەیت.

حەوتەم: نەخۆشخانەی تایبەت بە پشیلە و سەگ و پەلەوەرەکان بکەوە، ئەوەش دەکرێت لە سەرەتا لە شوێنێکی بچووک بێت، چونکە ئێستا زۆربەی ماڵەکان گیانلەبەر و پەلەوەری ماڵیی بەخێودەکەن.

هەشتەم: ماست و پەنیری کوردی بکە براند، دەکرێت تۆ یەکەم کەس بیت دەستکاری ماست و پەنیری کوردی بکەیت، ماست دروست بکە بە تامی شفتی و گندۆرە، ماست دروست بکە بە تامی هەنار، ماست دروست بکە بە تامی زەیتون.

نۆیەم: چاککردنەوەی مۆبایلی گەڕۆک، ئەو کارە بە یەک جانتا دەکرێت، ئەویش کۆمەڵێک کەلوپەلی چاککردنەوەی مۆبایلت پێبێت، گەڕۆک بێت بەتایبەت بۆ گوندەکان و خزمەتگوزاری پێشکەش بە ژن و بەساڵاچووانی ماڵەکان بکەیت کە دەرفەتی هاتنە دەرەوەیان کەمە.

ئەو نموونانەی سەرەوە تەنیا بۆ بەرچاو ڕوونییە، دەیان و سەدان کار هەیە کە تۆ بیری لێبکەیتەوە، هەر کاتێک بیرت لە کارێک کردەوە بینووسە و بیکە پڕۆژە. هەر کاتێک بیرۆکە نووسرایەوە خرایە سەر کاغەز، تۆ پەنجا لە سەدی پڕۆژەکەت جێ بەجێ کردووە، ئەوی دیکە بۆ دەرفەتەکان دەمێنێت. لە کۆتایی، لەبیرت نەچێت، کوردستان گەورەترین بازاڕ و شوێنە بۆ داهێنان و بەبازاڕکردن، چونکە کەمترین داهێنانی تێداکراوە.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO