سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

هێشتا یادی هەڵەبجەو ئەنفال نەکراوەتەوە!

ئەفسوس ئەمڕۆ لەیادی هەڵەبجەدا لەبری ئەوەی دەستکەوت و شانازییەکانمان بژمێرین، هاتووین بەدوای جوانییەکان ودەستەکەوتەکانیشدا دەگەڕێین هەتا توڕیان بدەینە خانەی شەرمەزارییەکانمانەوەو توڕیان بدەینە ناو کۆی ئەو دەستکەوتانەشەوە کە لە پێش ڕاپەڕین هەمان بوون و لەدوای ڕاپەڕین دۆڕاندومانن. کورت و کوردی دەردمان زۆرە و حەکیم کەم لەم دەرمانی و بێحەکیمەشدا نازانم لەکوێوە دەست پێبکەم، با جارێ لە دەردە گوشندەکەوە زارهەڵهێنمەوە، دەردی گرگنی.

بەدرێژایی ئەمڕۆ (١٦ی ئازار) یادی کیمیابارانی هەڵەبجە، سەرباری سەرقاڵییەکی کوشندەش، لەگەڵ خۆم لە گفتوگۆدا بووم، خۆم و کەسی تر نا، دەبێت چ بڵێم و چ نەڵێم لەم یادەدا، بەداخەوە نەمتوانی شتێک بنووسم شایان بە تراژیدیای هەڵەبجە و گیانی قوربانییەکانی و ئەو شکستە شەرمهێنەرەی کورد بێت کە لەدوای تراژیدیاکە پێیگەیشتین! بەبیری کێدا دەهات لە دوای ئەنفال وکیمیابارانکردنمان، لەدوای دەسەڵاتی بەعس، دەسەڵاتداری کورد هێندە بێ باک و بێ هەیبەت و بێ توانا بێت بەرانبەر بەو هەموو خوێنەی لەبەر کورد ڕۆیشت؟ بەتایبەتیش خوێنی ئەوهەموو منداڵ و خەڵکە بێچەکەی هیچ دەسەڵاتێکیان نەبوو لەشەڕ و ئاشتی نێوان شەڕەکەرەکاندا، بێباک بەرانبەر تاوانبارانی هەڵەبجە و ئەنفال!

هەمیشە لە‌ خۆم دە‌پرسم چۆن “شۆرشگێڕەکان” لەڕوویان هات هەڵەبجە بکەنە مەیدانی شەڕی ناوخۆ؟ ئینجا هەر خۆم وەڵامی خۆم دەدەمەوە: بۆ نا، دڵرەقی و توندڕەفتاری ئەوان گەیشتە ئاستێک لەبێویژدانی دەستیان چووە‌ خوێن و قوتی خەڵکیش .

تۆ واز لە سیاسییەکان بێنە و تەماشایەکی ڕووماڵی میدیاکان و ئەو یادکردنەوە گاڵتەجاڕیانە بکە! میدیاکار و سەماکار بەسەر برینی هەڵەبجەوە خوێ دەکەن بەبریندا، سەما هونەرێکی باڵایە و لەتوانایدایە گوزارشت لەتراژیدیا بکات، کێشەکە هونەرەکە نییە، بەڵکو بێ هونەرییە، ئەو کیژانەی سەماکارنین و هونەری سەمایان پێسپێردراوە، ئەو میدیاکارانەی لوتیان لە ئاسمانە و خۆیان لێبووەتە فیرعەونی فەزای ڕاگەیاندن و هێشتا نازانن چەمکەکانی “هەڵە” و “تاوان” یاخود “ڕزگاربوون” و “ئازادبوون” لێک جیابکەنەوە، کەچی دەستەواژەی قەبە لەزاریان دێتەدەرێ! ئینجا گوێ لە سیاسییەکان بگرە مرۆڤ نازانێت لەبەرانبەریان بگری یان پێبکەنێ!

لەم یادەشدا دیسان جەخت دەکەمەوە، هێشتا یادی هەڵەبجە و ئەنفال نەکراوەتەوە! بەڵام هیوام هەیە کە ڕۆژێک بێت جوان و بەهادار و شایان بە کورد و قوربانییەکان یادیان بکرێتەوە. ئەو ڕۆژەی کورد بەئاگایە و خەریکی خودنەفرەتی نییە، بەڵکو خەریکی بەرهەمهێنانی مانایە لە شکست وسەرکەوتندا و خۆی بنیات ناوەتەوە، دەنا حیزبی پاسیف و ڕێکخراوی پاسیف و زۆربڵێی بێ قسە یادی ئەنفال و هەڵەبجەیان پێناکرێتەوە.

کاتێک مرۆڤ باوەڕی لەدەستدا ئەخلاق و مۆڕاڵی دەکەوێتە مەترسییەوە، کاتێک متمانەی دەمرێ و ئەخلاق لەدەست دەدات، با کەسوکاری شەهید و ئەنفالکراوانیش بێت، ئەگەر نەشبێتە دڕندە، دەبێتە هیچ و پوچترین و قێزەونترین بوونەوەر، پاسیف و ڕووخێنەر، نەڕێز لە خۆی دەگرێت و نە لە شەهید و ئەنفالکراوەکەی. شەڕی ئەو جۆرە کەسانە لە ڕووکاردا وادەردەکەوێت لەگەڵ دەسەڵاتداری کوردە، بەڵام بەپێچەوانە شەڕی ئەوە دەکات کە خۆی نەبووەتە دەسەڵاتدار و پشکێکی لە گەندەڵی و ستەمکاریدا نییە. ئەو کەسانە ڕێک و ڕوون شەڕیان لەگەڵ بەهای ئینسانە. خۆ ڕەنگە زۆر بن لەوانە کە بە پاسەوانییەک یان بە بڕێک پارە زۆر مەمنون و ڕازین، دەنا شەڕی ڕاستەقینە لەگەڵ دەسەڵاتداری کورد، شەڕە لەگەڵ بەعسیزم. هەر هیچ نەبێت دام و دەزگاکانیان پڕن لە کۆنەبەعسی. ئیدی خێرە لەدژی ئەوان پەلاماری هەموو جوانییەکی کورد بدەیت و دوعای خێر بۆ سەدام بکەیت؟ لەکاتێکدا مرۆڤی هوشیار و بوێر ڕێگە بەخۆی نادات لە ڕقی دەسەڵاتدارانی ئێستا سەدام جوان نیشانبدات، بەڵکو دەسەڵاتداران دەتوانێت بیانخاتە هەمان خانەی سەدام و سەرئەنجام هەمان قەفەزی تاوانکاری بەعسیەکانەوە.

لۆژیکی ئەنفال لە عێراق و کوردستان، هێشتا پابەندییەکی زۆری بە لۆژیک و بیرکرنەوەو ڕەفتاری بەعسەوە هەیە، مرۆڤ پەراوێزە و حیزب و سەرۆک سەنتەرن. ڕاستە بەعس وەک دەسەڵات لەسەر شانۆی عێراق نەماوە، بەڵام کورد گوتەنی لە کەوڵیتر و فۆرمیتر دا ئامادەیە تەنانەت لەناو خانەوادەی قوربانییەکانیشدا، هەر تەنها بەسوک تەماشاکردنی مرۆڤی ئەنفالکراو ئەخلاقێکی بەعسیانەیە، بەعسییەکان کەسوکاری ئەنفالیان وەک پەراوێزخراوێک فرێدابووە تەنیشت مەرگەوە. ئایا لە جەوهەردا نەک لە ڕووخساردا هیچ گۆڕاوە ؟ بیرکردنەوە و مامەڵەی حیزبە سیاسییە کوردییەکان هەمان بە سوک تەماشاکردن نییە؟.

ئایا عێراقی دوای بەعس عێراقی هەمووانە؟ یان هی بنەماڵە دەستڕۆیشتووەکانە؟ ئایا دەسەڵاتدارانی عێراق و کوردستان بە کورد و عەرەبەوە بە سوننەو شیعەوە لەبەرانبەر تاوانی ئەنفال و هەڵەبجەدا هەست بە خەجاڵەتی و شەرم دەکەن؟ عەرەبەکان بەزمان و ئاماژەی جیاواز جەخت لە پیرۆزی عەرەب و جەخت لە عەرەبیبوونی عێراق ناکەنەوە؟ ئەمە هەمان لۆژیکی بەسوک تەماشاکردن و هەمان لۆژیکی ئەنفالە لە فۆرمی جیاوازدا.

لە هەمووان مەترسیدارتر دەسەڵاتداری کوردە، کە سوکتر لە هەر شتێک تەماشای ژیان و مەرگی مرۆڤی کورد دەکات. ئەمەش دەرگای بۆ هەندێک کردووەتەوە هەتا لەکاردانەوەدا دوعای خێر بۆ سەدام بکات! کار گەیشتە ئەوەی ئەمڕۆ لە یادی هەڵەبجە دا لەداخی دەسەڵاتداری کورد دەنگی ناشاز بڵندبووەوە و گەردنی سەدام ئازاد دەکات. ئەمە با کەسوکاری قوربانیش بێت شایانی گوێ لێگرتن نییە بەڵکو شایانی ڕیسواکردنە، چونکە بەرلەوەی سوکایەتی بەو هەموو خوێنە بکات شەقێک لە بەهای ئینسانی خۆی هەڵدەدات. ئینجا لە ڕۆحی قوربانییەکانی هەڵەبجە.

ڕاستە ئەمانە ئەگەر لەخۆرئاوابوایەن و دوعایان بۆ هیتلەر بکردایە، بەسەریانەوە نەدەچوو، لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەکراو لە دادگا سزادەدران، چونکە لەوێ یاسا هەر بۆسزادان نییە، بەڵکو بۆ خزمەتگوزاریشە. لێرە وەک قانون نییە میدیاش وێرانە، دەنا بە چ لۆژیکێک قسەی ئاوا شایانی سەرشاشەی تیڤی و ناومیدیایە. لەزاری کێ؟ لەزاری کەسی یەکەمی قوربانیانەوە!

دەی وا دەسەڵاتداران و دادگاکان و میدیاکان باکیان بەم نەخۆشکەوتنەی قوربانی و بەم “ڕیسواییە” نەبوو، ئەی چەند چالاکی ڕێکخراوی مەدەنی و چەند کەسوکاری شەهیدەکان و چەند بریندار و چەند ئازادیخواز سەریان ماڵیاندا کردوو چوون بەهانایەوە بۆ دڵنەوایی هەتا باری لاری ڕاست بکەنەوە؟ کێ چوو گفتۆگۆی لەگەڵدا بکات و بەوپەڕی ڕێزەوە، دەرگای پزیشکێکی دەروونی نیشاندا هەتا کەسایەتی بنیاتبنێتەوە و نەهێڵێت لەوە وێرانتر بێت؟

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO