ئه‌حمه‌د ئه‌نوه‌ر
له قۆناخی حوكمی پاشایه‌تی، به‌تایبه‌تی دوای شه‌ڕی دووه‌می جیهانی، كه ئه‌و كاته حیزبی شیوعی حیزبێكی به‌هێزی عێراق بوو، پارتی دیموكراتی كورستانیش تاقه حیزبی كوردستان بوو، له ژێر ناوی خه‌باتی هاوبه‌ش دژی ڕژێمی پاشایه‌تی و داگیرکەری ئینگلیز جۆرێك له هه‌ماهه‌نگی و هاوپه‌یمانی له نێوان پارتی و باقی حیزبه عێراقییه‌كانی دیكه‌ی هەبوو. به ڕووخانی ڕژێمی پاشایه‌تی له ١٩٥٨ و هاتنه‌سه‌ركاری ئه‌فسه‌رانی ئازادیخواز به سه‌رۆكایه‌تی زه‌عیم عه‌بدولكه‌ریم قاسم له ده‌ستووردا كورد وه‌ك هاوبه‌شی عه‌ره‌ب له نیشتیمان/عێراق دانیپێدانرا. به‌ڵام له جێبه‌جێكردندا هه‌ر زوو زه‌عیم په‌شیمان بۆوه و هێزی دژی كورد به‌كارهێنا چونكه زاڵیی عه‌قڵییه‌تی نه‌ته‌وه‌ی داگیرکەر نه‌یویست نه‌ته‌وه‌ی داگیرکراو وه‌ك خۆی هاوبه‌ش و یەکسان په‌سند بكات. سه‌دام و ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن به‌كر بەهەمان شێوە له لاوازی به ڕێككه‌وتننامه‌ی ١١ ی ئازار ڕازی بوون. بەڵام کاتێک په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ یەکێتیی سۆڤیه‌ت و ڕۆژئاوا پته‌وكرد له ڕێككه‌وتنه‌كه په‌شیمان بوونه‌وه.
هەر چۆنێک بێت، خه‌بات دژی دیكتاتۆرییه‌تی سه‌دام و به‌عس جۆرێك له هه‌ماهه‌نگی و هاوپه‌یمانی له نێوان حیزبه‌كانی كوردستان و هێزه شیعیه‌كان هێنایه‌دی. كورد ده‌یویست له ڕێگه‌ی شیعه بڵێ هه‌ر كورد دژی سه‌دام و به‌عس نییه، ئه‌وه شیعه‌ش كه زۆرینه‌ی عێراق پێکدێنن، ئه‌وانیش ده‌چه‌وسێنرێنه‌وه و سته‌میان لێده‌كرێت. هاوکات، شیعه‌ش ده‌یویست كورد بۆ هه‌مان مه‌به‌ست بداته پاڵ خۆی به‌ڵام كاتێک له ٢٠٠٣ ئه‌مریكا حکومەتەکەی به‌عس بە سەرکردایەتی سەدام حوسێن دەڕووخێنێت، شیعەکان ده‌بنه میراتگری ده‌وڵه‌تی عێراق. ئه‌وانیش وه‌ك عه‌بدولكه‌ریم قاسم و عه‌بدولسه‌لام عارف و سه‌دام حوسێن ناخوازن كورد وه‌ك هاوبه‌ش له عێراقی نوێ په‌سند بكه‌ن. ئەمەش كڕۆك و ماهیه‌تی ڕاسته‌قینه‌ی عه‌قڵییه‌تی شۆڤێنیستی نه‌ته‌وه‌ی داگیرکەر/سه‌رده‌ست، عه‌ره‌به.
پۆڵ برێمه‌ر حاكمی مه‌ده‌نی عێراق له كتێبه‌كه‌ی “ساڵه‌كه‌م له عێراق” ده‌ڵێت له كاتی نووسینه‌وه‌ی ڕه‌شنووسی ده‌ستوور ئایه‌توڵا سیستانی، گه‌وره مه‌رجه‌عی شیعه‌كان، دژی ئه‌وه بوو مافی ڤیتۆ به ٣ پارێزگا بدرێت. واتە هه‌ر ئه‌و كاته بێئه‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم نه‌فتی هه‌نارده كردبێت، یان ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ئه‌نجام دابێت، شیعه‌كان دژی ئه‌وه بوون کە کورد مافی ڤیتۆی هەبێت ئه‌گه‌ر ده‌ستوور به‌گوێره‌ی خواستی ئه‌وان نه‌بێت.
بەهەر حاڵ، لە ٢٠٠٣ وە، هەر له‌سه‌ره‌تاوه كورد به گه‌رموگوڕی به‌شداری له سه‌رله‌نوێ بنیاتنانه‌وه‌ی “عێراقی نوێ” كرد، به‌ڵام له ٢٠٠٥ تا ٢٠١٤ نه مادده‌ی ١٤٠ جێبه‌جێكرا بۆ سڕینەوەی ئاسەواری تەعریب، نه ئه‌نجوومه‌نی فیدڕاڵی دامه‌زرێنرا و نه ڕێگه‌درا هه‌رێمی دیكه له عێراق پێكبهێنرێت! كه‌واته ده‌سه‌ڵاتدارانی شیعه وه‌ك سه‌رده‌می قاسم (١٩٥٨-١٩٦٣)؛ عارفەکان (١٩٦٣-١٩٦٨) و سه‌دام (١٩٦٨-٢٠٠٣) له كاتی لاوازی دانیان به هەندێک لە مافەکانی گه‌لی كوردستان ناوه، به‌ڵام كه به‌هێز ده‌بن په‌شیمان ده‌بنه‌وه!
شه‌ڕی داعش و به‌شداری چالاكانه‌ی پێشمه‌رگه و شەڕڤانان له باشوور و ڕۆژاڤای كوردستان، ڕه‌هه‌ندێكی جیهانی به پرسی گه‌لی كوردستان و دۆزه ڕه‌واكه‌ی به‌خشی. له ترسی ئه‌وه‌ی ئه‌و هاوسۆزیه بۆ كوردستان وه‌ربچه‌رخێت بۆ پاڵپشتی سیاسی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی دامەزراندنی ده‌وڵه‌تێكی کوردستانی لێ بێته ئاراوه، ئێران و توركیا به هاوكاری عێراق و سووریا له هه‌وڵی به‌رده‌وامدان كه دۆزی كوردستان له ڕه‌هه‌نده جیهانییه‌كه داببڕن و بیكه‌نه پرسێكی ناوخۆیی و كوردستانیان به كه‌مترین ماف و ده‌ستكه‌وت ڕازی بكه‌ن.
به‌شێك له سیاسیی و نووسەران لە بەرەی ئۆپۆزسیۆن لە هه‌رێمی کوردستان دا گوشاره‌كانی به‌غدا له دوای ٢٠١٧ ـەوە ده‌گێڕنه‌وه بۆ ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم و گوایه سه‌ركردایه‌تی كورد هه‌ڵه‌ی كردووه بۆیه وامان به‌سه‌رهاتووە! به‌ڵام ئه‌گه‌ر له وێنه گەورەکە وردبینه‌وه و به‌راوردێكی ڕۆژاڤای كوردستان و باشوور بكه‌ین، ئەوە دەبینین کە ڕۆژاڤای كوردستان نه نه‌فتیان هه‌ناردەی دەرەوە كردووه و نه ڕیفراندۆمیان بۆ سەربەخۆیی ئه‌نجامداوه؛ وشه‌ی كوردستان بۆ حكومه‌ته‌كه‌یان به‌كارناهێنن و وەک باكوور و ڕۆژهه‌ڵاتی سووریا ناوی دەبەن؛ داوای سەربەخۆیی ناكه‌ن؛ هێزی سه‌ربازییەکەیان ناو ناوه هێزه‌كانی سووریای دیموكرات؛ كورد و عه‌ره‌ب و ئاشوری له‌و هێزەدا به‌شدارن، لۆگۆی هێزه‌كه‌یان نه‌خشه‌ی یه‌كگرتووی وڵاتی سووریایه، كه‌چی سەرەڕای هەموو ئەمانە، توركیا بێ هیچ بیانوو و پاساوێكی لۆجیكی هێرشی دەکاتە سه‌ریان و عه‌فرین و سه‌رێ كانی و گرێ سپی داگیركرد و خه‌ریكی به تورككردن و به عه‌ره‌بكردنی ئه‌و ناوچانه‌ن! لەوەش زیاتر، هه‌ر یه‌ك له ڕووسیا و ئه‌مریكا هێزیان له ناوچه‌كه هه‌بوو و به به‌رچاوی ئه‌وان به هه‌زاران كه‌س ئاواره و ده‌ربه‌ده‌ر بوون کەچی ئەوانیش كاردانه‌وه‌یه‌كی وایان نه‌بوو كه ڕێ له توركیا بگرن! ده‌وڵه‌تی سووریاش، كه ئه‌و شارانه به خاكی خۆی ده‌زانێت، كه‌چی كاردانه‌وه‌یه‌كی جدی نه‌بوو له ئاست داگیركاریه‌كانی توركیا! له مێژووی ده‌وڵه‌تاندا نه‌بینراوه ده‌وڵه‌تێك هێرش بكاته سه‌ر ده‌وڵه‌تێكی دراوسێی و سێ شاری داگیر بكات و ئه‌ویش ته‌نها به‌یاننامه ده‌ربكات!
ئه‌دی چاره ( این المفر)؟
ڕاسته له بارودۆخی ئێستای جیهان و ناوچه‌كه باشووری كوردستان ناتوانێت سه‌ربه‌خۆیی بەدەست بێنێت و ده‌وڵه‌تی خۆی دروست بكات، به‌ڵام ئه‌وه نابێت وه‌ها لێكبدرێته‌وده بۆ ئه‌وه‌ی عێراق لێمان ڕازی بێت یان لێمان خۆش بێت! به پاساوی خراپی حكومڕانی كوردی ئیش بۆ لاوازكردن یان نه‌هێشتنی ئه‌زموونی حوكمڕانی خۆمان بكه‌ین لە هەرێم!
كوردستانیان له باشووری كوردستان قه‌واره‌یه‌كیان دروست كردووه، لەوەدا نه تاوانیان ئەنجامداوە نه خاكی کەسیان داگیركردووه تاوەكو بەو شێوەیە ڕه‌فتاریان لەگەڵدا بكرێت! کوردستانیان هه‌زاران ساڵه له‌سه‌ر ئه‌و خاكه ده‌ژین و ئه‌وه نیشتیمانی ئەوانە، هیچ كاتێك نیشتیمان و موڵكی حیزبێك و سه‌رۆكێك و عه‌شیره‌تێك نه‌بووه، جا ئه‌گه‌ر ئه‌وان دڵسۆز و وڵاتپارێز نه‌بوون ئەوە ناکرێت داوا بكرێت بگه‌ڕێینه‌وه ژێرده‌ستی حکومەتێک لە به‌غدا كه ناتوانێت ئاوی خواردنه‌وه بۆ هاونیشتیمانییانی دابین بكات! داخۆ ده‌توانێت چی بۆ كورد بكات؟
مه‌رجی یه‌كه‌م بۆ مانه‌وه و گه‌شه‌كردنی تاك و كۆمه‌ڵ و حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌وه‌یه: ده‌وڵه‌تی عێراق وه‌ك خۆی بناسین كه تا عه‌قڵییه‌تی شۆڤێنیستی و خۆبەزلزانی و کوردبەکەمزانی زاڵ بێت ئه‌وا ده‌وڵه‌تێكی داگیركاره و مافی هاونیشتیمانی یه‌كسان به ڕه‌وا نابینێت و ڕێگه نادات كورد له‌و ده‌وڵه‌ته هاوبه‌ش (شریك)ی ڕاسته‌قینه بێت.
مێژووی سه‌د ساڵی ڕابردوو و ئه‌و نموونانه‌ی باسمان كردن بێچه‌ندوچون ئه‌وه‌یان بۆ سه‌لماندین. چاره‌سه‌كردنی كێشه‌كان له هه‌ولێر ده‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی بمێنین پێویسته پشت به خۆمان ببه‌ستین له‌سه‌رجه‌م بواره‌كاندا و كه‌رسته و ئامرازه‌كانی مانه‌وه و پێشكه‌وتن ده‌سته‌به‌ر بكه‌ین. ئه‌وه ڕێگا ڕاسته‌كه‌یه، نه‌ك هه‌وڵبده‌ین به‌غدا ڕازی بكه‌ین تا لێمان خۆش بێت! هیچ حیزبێك و سه‌ركرده‌یه‌ك كه نیشتیمانه‌كه‌ی داگیركراو بێت ئه‌گه‌ر حیساب بۆ شكۆ و كه‌رامه‌تی خۆی بكات ئه‌و ڕێگه‌یه تاقی ناكاته‌وه.
								

