بڕیاردان یەکێکە لە دینگەکانی دروست کردنی دەوڵەت. ناکرێت بەتەمای دەوڵەت بیت و نەتوانیت بڕیار بدەیت. ناشێت نیازی دروستکردنی دەوڵەتت هەبێت و نەوێری بڕیار بدەیت. کە باسی بڕیاردان دەکەم، مەبەستم بڕیاردانە لە بچووکترین شتەوە تا گەورەترین. دایمە، شتە بچووکەکان ڕێ خۆش دەکەن بۆ شتە گەورەکان. یەکێ لەو هەڵانەی سەرۆک و ڕابەرانی کوردستانی لە تەواوی مێژوودا کردوویانە، ئێستەیش دەیکەن، ئەوەیە خۆیان سەرقاڵی شتە گەورەکان کردووە و شتە بچووکەکانیان پەراوێز خستووە. شتە گەورەکانیشیان پێ دەستەبەر ناکرێت چونکە ڕێیان بۆ خۆش نەکردووە.
بڕیاردان پێویستی بە ویست (ئیرادە)، بوێری، سەربەخۆیی، قوربانیدان و پلاندانانە. لە پڕۆژەی دروست کردنی دەوڵەتدا، هەر بڕیارێک بێ ئەم چەند خاڵە بوو، سوودی نابێت و خێرا بەسەرتدا بە نەرێنی دەشکێتەوە. ئەزموون و نموونەی زۆر لەم جۆرە بڕیارانە هەن لە تەواوی مێژووی کورد دا.
پێنج پێویستیی بۆ بڕیاردان
ویست: ئەگەر نەتەوێت، پێویست ناکات هیچ خۆت شێلوو بکەیت و سەری خۆت و کەسیش بێشینی. بە کڕی واز بێنە و جێ چۆڵ بکە بۆ ئەوانەی ویستیان هەیە و دەیانەوێت دەوڵەت دروست بکەن. لەم ڕەوشەی کوردستان دا، ویست هەیە، بەڵام دڕکەیلی ناوخۆ لێ ناگەڕێن. ویست هەیە، بەڵام پەرتەوازەبوونی ماڵی کوردی لێ ناگەڕێت. ویست هەیە و سەدان بەڵامی دیکەش.
بوێری: سەربەخۆییی سەرکردە وای لێ دەکات بوێر بێت و بڕیار لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان دا دەر بکات. واتە سەرکردە نابێت لە ژێر کۆنتڕۆڵ و دەستی هیچ لایەن و وڵاتێکدا بێت. بوێر واتە حسێب بۆ بەرژەوەندی کەسی و دەسەڵاتی خۆی و هیچ کەس و لایەنێکی دیکە نەکات، تەنێ بەرژەوەندیی نیشتیمانەکەی بوێت.
قوربانیدان: ئەگەر بڕیارەکە لە بەرژەوەندی خەڵکدا بوو، گرنگ نییە لە دژی بەرژەوەندی سەرکردە یان هەر کەس و لایەنێکی دیکەدا بێت. قازی محمد گیانی خۆی کردە قوربانی هەتا خەڵک نێتە کوشتن. بێ و خۆی بە دەستەوە نەدابا، دەیان هەزار خەڵک دەهاتنە کوشتن.
پلاندان: بڕیار لەخۆڕا و لەگۆترە نابێت. دەبێت حسێبی هەموو شتێک بکرێت، تەنانەت حسێبی ئەوەش بکرێت، کە بڕیارەکەت دا، چۆنی جێبەجێ دەکەیت.
بڕیاردان ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە سەرکەوتن یان بنکەوتنی سەرکردە. ئەگەر بڕیار لە بەرژەوەندی خەڵکدا بوو، ئەوا هەردەم سەرکردە سەر دەکەوێت. هەر بڕیارێک لە دژی خەڵکدا بێت، سەرکردە بن دەکەوێت.
لەم ئانەدا (ساڵی ٢٠٢٤)، دەبێت سەرکردەکانی کوردستان ئەم بڕیارانەی خوارەوە بدەن بۆ بنیاتنانی دەوڵەتی کوردستان. هەر چەندی زوو ئەم بڕیارانەی خوارەوە بدرێن، هێشتا هەر درەنگە. تکایە، بەخۆ کەون. ئەم بڕیارانەی خوارەوە، تێکەڵەیەکن لە پرسی بچووک و گەورە، یەک لە یەکدی پێویستترن. کێ دەیدات لای من گرنگ نییە، هەر خەمخۆرێکی کورد بێت، دەبێت بەزووترین کات ئەم بڕیارانەی خوارەوە بدرێن.
- جیاکردنەوەی حیزب لە حکومەت. حیزبی کوردی بۆ خۆیان حکومەتن. ئەوە کارەساتە و دەوڵەت قەت ئەوها دروست ناکرێت. حیزب تەنیا لە کاتی هەڵمەتی هەڵبژاردندا بەدیار دەکەوێت، بەڵام لە کوردستان، حیزب لەناو هەموو جومگەکانی حکومەتە، حیزب لەناو هەموو کایەکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و کلتوری و ئابووری و بازرگانی و تەناهی و دیپلۆماسی سنگی داکوتاوە. حیزب لەناو مزگەفتە، لەناو قوتابخانەیە، لەناو چێشتخانەیە، لە کۆڕە ئەدەبییەکانە، لەناو مەتبەخی ماڵانیشە. دەبێت پێگەی حیزب تەسک بکرێتەوە و تەنیا ئیشی خۆی بکات، ئەویش هەڵمەتی هەڵبژاردن و پێگەیاندی کادیری کارامە و لێهاتووە بۆ شوێنی شیاوی خۆی. زۆر لەسەر ئەم بابەتە گوتراوە و نووسراوە، بۆیە زۆری لەسەر ناڕێسم.
- شاردنەوەی ژیانی نەوەی بەرپرسان. یەکێ لەو هۆیانەی خەڵک توڕە دەکات، لەو هۆیانەی ئینتیما کز بووە لای تاکی کوردستانی، ئەوەیە ژیانی کوڕ و کچەیلی بەرپرسان ئاشکرایە و هەموو خەڵک دەزانێت چی دەکەن و چی ناکەن و چییان هەیە و چۆن دەژین. سەرکردەکانی کوردستان دەبێت بەزووترین کات ئەو بڕیارە بدەن کە ژیانی تایبەتی نەوەکانیان بە هیچ شێوەیەک نێتە ناو ژیانی خەڵک و ناو کاروباری حیزبی و حکومی. ڕەنگە یەکێ بڵێ، ئەمە چ پێوەندی بە دروستکردنی دەوڵەتەوە هەیە؟ پێوەندییەکی زۆری پێوە هەیە. دەوڵەت بە پشتگیری نەتەوە دێتە دروست کردن، کاتێ ئەندامانی نەتەوە، هاونیشتیمانی، گوزەرانی خراپ بێت و منداڵە مەسئولیش لەبەر چاویان تەراتێن بە سەفتە دۆلار بکەن، بێ شک، گەل پشتگیریت ناکات لە هیچ شتێک. بۆ منداڵە مەسئولیش وا باشترە کە ژیانیان شاراوە بێت، سەلامەتترە. لە هیچ وڵاتێکی پێشکەوتوودا نەم بینیوە، ژیانی نەوەی بەرپرسان بەو شێوە ئاشکرا بێت. ئێ خۆ ئەوانیش لە ڕەفاهییەتدا دەژین، بەڵام ناهێڵن خەڵک پێی بزانێت. لێرە لە کوردستان دا، گەنج هەیە دیناری لە بەڕکیدا نییە، کوڕە مەسئولیش ئاخیر مۆدیل ئۆتۆمبیل لەبەر چاوی ئەودا داژوا. وەک ئەوەیە، من بەڕۆژی بم و زۆرم برسی بێت، تۆش بێی لەبەر چاوم، نان و کەبابێکی گەرم بخۆیت. ئاشکرایی ژیانی تایبەتی نەوەی بەرپرسان دەبێتە دروستبوونی دەیان کێشە لای خەڵک. یەک لەوانە هەست بە دادوەری کۆمەڵایەتی ناکات. لەوەش کارەساتتر ئەوەیە، نەوەی بەرپرسان، بێ ئەوەی هیچ پۆستێکی حیزبی و حکومیان هەبێت، دەستیان بە قەد وەزیرێک دەڕوات. ئەگەر دەتەوێت دەوڵەت دروست بکەیت، نابێت ئەوە بمێنێت.
- جێبەجێکردنی کلتوری ئیستیقالە: دەبێت سەرکردەکانی کوردستان بیکەنە کلتور، هەر بەرپرسێک کاری خۆی بە باشی ڕانەپەڕاند، دەبێت دەست بەجێ ئیستیقالە بدات، یان ئیستیقالەی پێ بدرێت لەژێر فشار. جاری وا هەیە، وەزیر هەڵەیەکی گەورە دەکات، زەقەی چاوی دێ و دێتە ناو چاوت و بەرگری لە خۆی دەکات، وەک ئەوەی هیچ ڕووی نەدابێت. دەبێت ئەوە ببێتە کلتور، نەک هەر بۆ وەزیر، تەنانەت بۆ فەرمانبەرێکیش. ئەگەر ئیستیقالەی نەدا، فەسڵی کە. مانەوەی کەسی نەشیاو لە شوێنی خۆی، دەبێتە هۆی دروستبوونی هەڵەی گەورەتر و زیانێکی زۆر بە دەوڵەت دەگات. وا باشترە داری خوار هەر زوو لە ڕەگەوە بێتە هەڵکێشان. دەزانن لێرە چ بوویتە کلتور؟ ئەوەی بەهۆی گەندەڵییەک یان کارێکی نەشیاو لا بدرێت، پلەکەی بەرزتر دەبێتەوە!
- جووتیار بکرێتە پاشا: ئێمە کۆمەڵگەیەکی کشتوکاڵین. دەبێت جووتیار بخەینە سەر سەرمان و ڕێزی بگرین و هەموو شتێکی بۆ دابین بکەین تا بەردەوام بێت لە کارەکەی خۆی. لە سێ دەیەی بووریدا، ڕێک پێچەوانەی ئەمەمان کرد. هەموو وڵاتێک دروشمی خۆی هەیە. دەبێت هیی کوردستان ئەوە بێت: جووتیار پاشایە. هەموومان دەبێ لە خزمەتی جووتیاردا بین.
- دوورخستنەوەی ئەوانەی کە تەعەدای سێکسی دەکەن لە هەموو پۆستێک: ئەوەی هەر پۆستێک وەردەگرێت، جا ئەو پۆستە هەرچی بێت، دەبێ کەسێکی دەستپاک و داوێنپاک بێت. هەر بەڕاستی ئەو دەستپیس و داوێنپیسانە کوردستانیان وێران کردووە. ئەگەر لە کاتی پۆستەکەشیدا، کەتنێکی سێکسی یان تەعەدایەکی سێکسی لە کەسێک کردووە، دەستبەجێ فەسڵ بکرێت. بەڕاستی دەوڵەت بەوانە دروست ناکرێت. بەوانە دەچێتە پاش. بەڵام بەداخەوە، لە کوردستان هەرچی داوێنپیس بێت جێی دەبێتەوە لە کایەی سیاسی، ڕۆشنبیری، کلتوری، هونەری، ئەدەبی، ئابووری، هتد. یەکەمی کوردئەکتەر، کە ئەکتەرێکی زۆر بە توانایە، ئەوێ ڕۆژێ پێم گۆت، “ئەرێ ئەو دەرهێنەرانە بۆ ڕۆڵت نادەنێ لەو فیلم و دراما و شانۆیانە؟” گوتی، “قەحپەیی ناکەم . . .”
- دەبێ هاوڵاتی نمرە یەک بێت: لەسەر کاغەز یاسا هەیە کە دەبێت هاووڵاتی بێتە دامەزراندن لە کۆمپانیاکان، دواتر بیانی. بەڵام پێچەوانەکەی ڕاستە. پۆست و مووچە و پلەی هاووڵاتی دەبێت لەوانەی بیانی بەرزتر بێت. لێرە ڕێک پێچەوانەکەی ڕاستە. کاتی خۆی لە سەنتەری زمانی زانکۆی سەڵاحەدین مامۆستا بووم. بیانی هەبوو، بڕوانامەکەی هیچ پێوەندی بە زمانەوە نەبوو، کەچی دوو قات یان سێ قاتی منی وەردەگرت، ئەوە بێجگە لە شوێنی حەوانەوە و خەرجی ڕۆژانە. بۆیە نابینە هیچ. پڕۆژە هەبووە، لەگەڵ بیانی، پێکەوە گرێبەستمان هەبووە، دوای تەواوبوونی پڕۆژەکە، پارەی ویان دایە، ئیی منیان لەختوخۆڕایی دوا خستییە. ڕەنگە بڵێن، ئێمە کەسی بە ئەزموون و شارەزامان نییە جارێ. نەخێر وا نییە، لە زۆربەی بوارەکاندا، گەنجی کارامە و لێهاتوو و شارەزامان هەس، بەڵام لەبەرئەوەی حیزبی نیین، وەلا نراون.
- دەبێت پاس بچێتە هەموو شوێنێکی کوردستان. سیستەمی گواستنەوە دینگەی گرنگی دەوڵەتدارییە. دەوڵەتدروستکەری خەمخۆر دەبێت جارێ هیچ نەکات، پاسی کوالیتی بەرز دابین بکات بۆ هەموو شار و شارۆکە و گوندەکان، خەت هەبێت بۆ هەموو لادێیەک. وەرە سەیری وڵاتێکی وەک هیندستان یان چین بکە، بزانە سیستەمی پاسیان چۆنە. ئێمە هێشتا سیستەمی پاسمان نییە، بیر لە ترام و شەمەندەفەر دەکەینەوە. ئەوانیش گرنگن، زۆریش، بەڵام هەنگاوی یەکەم دابینکردنی پاسە. ئەمەیش ڕێی گەرەکە. پێشتر باسی ڕێم کردووە. ڕێی بێ تاسە و کەلێن و قۆڵت. ئەرێ ئەو هەموو تاسە و قۆڵتە چییە لە ڕێیەیلی کوردستان؟ بەو حاڵەی دەتەوێت دەوڵەت دروست بکەی؟
- دەوڵەتدروستکەر پێش هەموو شتێک دەبێت بڕیار بدات کێشەی کارەبا و ئاو و پەروەردە و تەندروستی چارە بکات. لە وتارەیلی پێشوو باسی ئەوانەم کردووە. ئەمانە بە بڕیار چارە دەکرێن. بۆ نموونە، یەک بڕیاری لەم چەشنە پێویستە بۆ چارەکردنی کارەبا: یەکەم ڕۆژی نەورۆزی ئەمساڵ هەموو مۆلیدەکان هەڵدەگیرێنەوە و نابێت یەک مۆلیدە لە کوردستان هەبێت چونکە چی دیکە کارەبا نافرۆشین و کارەبای کوردستان دەبێتە بیست و چار سەعات. دەوڵەت بەم ئیرادە و بڕیارانە دێتە دروست کردن.
- ڕۆژانە دەیان ئۆتۆمبیل دەبینین دووکەڵێکی چڕی پیس هەوای کوردستان ژەهراوی دەکەن. ئەمە بڕیارێکی لەم شێوەی دەوێت: لە یەکی مانگی سێ، هەر ئۆتۆمبیلێکی وا لەسەر جادە هەبێت، ئۆتۆمبیلەکەی حیجز دەکرێت و شوفێرەکەش ماوەی مانگێک دەگیرێت و بڕی سێ ملیۆن دیناریش غەرامە دەکرێت. بەس بزانم ئیشی بەڕێوەبەرایەتیی هاتووچۆ چییە لە کوردستان؟ بەس ئازان لەوەی بەدزیەوە کامیرە لە شوێنێک دابنێن و خەڵکی پێوە بکەن. حەیفە چاوت لە دروست کردنی دەوڵەت بێت و سەر جادەکانت پڕ بێت لەو جۆرە ئۆتۆمبیلانە. لە پاڵ ئەمەشدا، ئەم بڕیارەش دەردەکەم: هەر ماتۆڕێک دەنگی لێوە بێت، حیجز دەکرێت و خاوەنەکەی ملیۆنێک دینار غەرامە دەکرێت. ئەوە ئیشی پۆلیسی هاتووچۆیە.
- هەندێ تاوان هەیە دەبێت وەک تاوانی تیرۆر بێتە حسێب کردن: هێنانی کاڵای بەسەرچوو، گەندەڵی (دزینی پارەی دەوڵەت، بەکاربردنی پۆست بۆ مەرامی شەخسی، شووشتنەوەی پارە، گەندەڵیی ئیداری و ئەخلاقی و هتد)، دەستدرێژی سێکسی، تووندوتیژی خێزانی، فەرمانبەری بن دیوار و پاوانکردنی بازاڕ.
- هەڵگرتنی زۆربەی سەیتەرەکانی ناو کوردستان. حەیفە چاوت لە دروستکردنی دەوڵەت بێت و بەینی هەولێر و سلێمانی پێنج سەیتەرەی لێ بێت (گۆمەسپان، دێگەڵە، کۆیە، دوکان و تاسلوجە). هەتا ئەم سەیتەرانە بمێنن، ئێمە شایەنی ئەوە نین دەوڵەتمان هەبێت. سنوورەکان قایم بکە، ئەو هەموو سەیتەرەت ناوێ لە ناوەخۆ. ئەوجە ئەو هەموو مەسرەفەت لۆ دەگەڕێتەوە.
- بۆ هێزی سەپاندنی یاسا (پێشمەرگە و ئاسایش و پۆلیس و هەمووان دەگرێتەوە)، ئەم بڕیارە دەردەکەم: نابێت لە شەهادەی شەش (پۆلی دوازدە) کەمتری هەبێت. ئاساییە نەخوێندەوار تەنیا بۆ بەرەی جەنگ وەرگریت، بەڵام دەبێت ڕاهێنانێکی باشی پێ بکەیت و پەروەردەی بکەیت لەسەر هەڵگرتن و بەکاربردنی چەک. هەموو کەس ئی ئەوەی نییە چەک هەڵگرێت.
- ئەم بڕیارەش دەردەکەم: هیچ کەس و بازرگانێک بۆی نییە مزگەفت دروست بکات. لەباتی مزگەفت، با قوتابخانەیەک دروست بکات. ئەرێ بەس نەبێت ئەو هەموو مزگەفتە؟ من خۆم نوێژکەرم و ئەهلی مزگەفتم، بەڵام زۆری ژمارەی مزگەفت لە تام چوویتە دەرێ. نیوەی ئەو مزگەفتانەی کە هەیە دەیانکەم بە کتێبخانە، نەک هەر کتێبی دینی، هەموو جۆرە کتێبێک. لە وتاری پێشوومدا باسی کتێبخانەم کردووە.
- زۆری ژمارەی ئۆتۆمبیل لە کوردستان بە هەموو پێوەرێک لە تام چوویتە دەرێ. دەبێت بڕیارێک لەسەرێ ڕا بێت کە کۆنتڕۆڵی هاوردەی ئۆتۆمبیل بکرێت. ڕەنگە ئەمە زیانی هەبێت بۆ بازرگانەکان، ئاساییە. بازرگان گرنگترە یان دروستکردنی دەوڵەت؟ دەبێت هەموو بازرگانی کوردستان ببنە قوربانی دروستکردنی دەوڵەت.
- ئەم بڕیارەش دەردەکەم: لە دوای نەورۆزی ئەمساڵ، هەموو فەرمانبەرێک دەبێت بە جلی کوردی دەوام بکات. واتە جلی فەرمیی فەرمانگەیلی میری میللییە. ئەوەی جێبەجێ نەکرد، فەسڵی کە. هەرچی دەمی دەکاتەوە، سەرسامە بەوەی عارەب بە عەگالەوە دەوام دەکەن لە وڵاتەیلی کەنداو. باشە ئەمە ئەو جلە جوانانەمان هەیە، بۆ دەبێت بەس لە بۆنەکان لەبەری بکەین؟
- ئەگەر دەتەوێت دەوڵەت دروست بکەیت، دەبێ پۆلیس نرخ و بەها و ڕێزی هەبێت. لە هەموو دنیا، پۆلیس ڕێزی هەیە و یاسا جێبەجێ دەکات و دەزگای تەناهی لە بنەوە یارمەتی پۆلیس دەدەن. لێرە ڕێک پێچەوانەیە، هەتا ئاسایش هەبێت، پۆلیس بە هیچ ناچێت. دەبێت دەزگای ئاسایش شاراوە بن و لە ژێرەوە هاوکاری پۆلیس بکەن. ئەمە بە بڕیار چارەسەر دەکرێت. ئەگەر هەموو وڵاتانی دنیا، دەزگای ئاسایشیان هەبێت، نەدەبا کوردستان بەو زەقییە هەیبا، چونکە گەلی کورد زۆری ئازار و مەینەتی چەشت لە دەستی دەزگا ئەمنییەکانی دەوڵەتی عێراقی. نابێت کەس ناونیشانی دەزگای ئاسایش بزانێت، دەبێت ئەوان بە نهێنی کار بکەن بۆ پاراستنی ڕەوشی تەناهیی کوردستان. بۆ تێگەیشتن لە بابەتەکە، نموونەیەک باس دەکەم: ئەمریکا ئێف بی ئای و سی ئای ئەی هەیە (هی دیکەیشی هەن بۆ نموونە دەزگەی دی ئی ئەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر). ئیشی ئێف بی ئای پاراستنی ڕەوشی تەناهیی ناوخۆی ئەمریکایە، ئیشی سی ئای ئەی پاراستنی بەرژەوەندی و ڕەوشی تەناهیی ئەمریکایە لە دەرەوەی وڵاتەکە. هۆردووکیان هێندە زەق و بەرچاو نین، بە کڕی ئیشی خۆیان دەکەن. دەکرێت لە کوردستان، سوود لەوە وەربگیرێت و شێوازێکی خۆماڵی دابڕێژرێت بۆ پاراستنی کوردستان و هاووڵاتیانی.
- هەرچی پێوەندی بە کلتور و ئەدەب و سینەما و زمانی کوردییەوە هەیە بدرێتە دەستی کەسانی شارەزا و پڕۆفێشناڵ. بڕیار بدرێت حیزب و سیاسەت تەداخولی ئەوانە نەکەن، بە هیچ شێوەیەک. حەیفە داوای دەوڵەت بکەیت و سینەما و ئەدەبت لە بن دەستی حیزبدا بن. ئەرێ ناپرسن بۆچی فیلمی هیندی سنووری وڵاتانی بڕی؟ ئەو فیلمانەی ئێوە گاڵتەیان پێ دەکەن. ئازادی لە سینەمای هیندی دا، ئاستی فیلمی هیندی و پێگەی بۆلیوودی بەرز کردەوە.
- بەرزکردنەوەی پێگەی هاووڵاتی کوردستانی لەسەر ئاستی دەرەوە. ئەمە بە زۆر شێواز دەکرێت، لێرەدا یەکیان باس دەکەم. دەوڵەتدروستکەر لەگەڵ وڵاتان دابنیشێت و یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن واژۆ بکەن کە هاووڵاتیانی کوردستان بە ئاسانی یان بێ ڤیزە گەشت بکەن. حەیف نییە ڤیزەی تورکیە بە ١٨٠ دۆلارە؟ دەبێت وەک ئێران ڤیزەی نەوێ و مەمنوونیش بن. ئەوە ئیشی خەمخۆرانی دەوڵەتە. هەتا پێگە و ڕێزی هاوڵاتیانت لەبەر چاو نەگری، مخابنە داوای دەوڵەت بکەی. ئەوڕوپا چییە ڤیزەی نەدات بە هاووڵاتیان؟ ڕەنگە بڵێن، ئەوەی ڤیزەی وەرگری، دەڕوات و نایەتەوە. با بڕوا، ئەوەی ژیانی ئێرە بەوێ دەگۆڕێتەوە، با بیکات. ئەوەی بە کوردستان ڕازی نییە، با بڕوات. دەتوانی بە وڵاتەیلی ئەوڕوپیش بڵێی، هەر هاووڵاتییەکی ئێرە داوای پەنابەرێتی کرد، ڕەتی بکەوە. بێ و هاووڵاتیی کوردستان ڤیزەی پێ بدرێت، ئازادانە گەشت بکات، بێت و بچێت، لەوێ نامێنێتەوە. ئەو گەنجەی لێرە داناکەسێت و خزمەتی وڵات ناکات، با بڕوات. کە گەیشتە ئەوێ، زوو بۆی ڕوون دەبێتەوە، چ هەڵەیەکی کردووە و بە هەردوو لەپان نۆکی دەخوات.