سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

مەحکەمەی فیدڕاڵی و کوشتنی هەستی سەربەخۆییخوازی

سیستەمە فیدڕاڵییەکان لەڕووی جۆری یەکە پێکهێنەرەکانیان بە گشتی دوو جۆرن، فیدڕاڵییەتی ئیداری (جوگرافی) لەگەڵ فیدڕاڵییەتی نەتەوەیی. جۆری یەکەمیان لە ڕووی بەڕێوە بردنەوە سەرکەوتووترە و سازانی ئاسانترە، بەهۆی ئەوەی کێشەی فرەیی نەتەوەیی و زمان و ئاینییان نییە، زیاتر هۆکاری جوگرافی وایکردووە یەکە پێکهێنەرەکان تایبەتمەندی ناوچەیی خۆیان وەربگرن بەدرێژایی مێژوو ئامادە نەبن دەستبەرداری سەربەخۆیی خۆیان بن بەتەواوی، وەک ئەڵمانیا و وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. بەڵام  جۆری دووەم, وەکوو عێراق، کەنەدا، ئیسپانیا، هتد، هەمیشە سیخناخە بە ململانێ نەتەوەییەکان، بەتایبەتی ئەگەر ناهاوسەنگی سیاسی هەبێت لە نێوان نەتەوەی زۆرینە (کە بەگشتی زاڵ و باڵادەست دەبێت) لەگەڵ نەتەوەی کەمینە (کە بەگشتی پەراوێز و ژێردەست دەبێت).

نەتەوەی زاڵ (ئینگلیز لە کەنەدا، ئیسپانی لە ئیسپانیا، عەرەب لە عێراق) کە هەژموونی کردووە بەسەر حکومەتی فیدڕاڵی هەمیشە لە هەوڵی ئەوەدایە کە هەموو ڕێگا و هەنگاوەکانی سەربەخۆیی لە نەتەوەی ژێردەست بگرێت، چ لەڕێگای تواندنەوەی کلتور و زمان و ناسنامەی نەتەوەی ژێر دەست لەنێو کلتور و زمان و ناسنامەی زاڵی نەتەوەی باڵادەست، ئەمەشیان زیاتر لە ڕێگای لاوازکردنی دۆخی ئابوورییان تاوەکوو بیر لە ئازادی و سەربەخۆیی زیاتر و ڕزگاری و جیابوونەوە نەکەنەوە.

لەبەرامبەردا نەتەوەی ژێردەست هەرچەندە هەمیشە هەوڵی پاراستنی تایبەتمەندییە نەتەوەییەکانی خۆی دەدات و دەیەوێت خەونی سەربەخۆییش زیندوو ڕابگرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا جۆرێک لە ڕاهاتنیان هەیە لەگەڵ ئەو دەوڵەتەی کە تیایدان چونکە تام و چێژی سەربەخۆییان نەکردووە. هەر کە چاویان هەڵهێناوە لە چوارچێوەی ئەو دەوڵەتە خۆسەپێنەکەدا بوونە و هەڵگری ناسنامەی دەوڵەت و نەتەوەی زاڵن. ئەم جۆرە ڕاهاتنە زۆرجار وا دەکات حکومەتی فیدڕاڵی لە ڕێگەی هەندێک هەوڵ و بڕیار و سیاسەتەوە بتوانێت دڵبەندی و ئینتیما و وەلائی نەتەوەی ژێردەستە بە دەستبهێنێت و وایان لێبکات مانەوەیان لە چوارچێوەی ئەم دەوڵەتە فیدڕاڵییە پێ باشتر بێت لە سەربەخۆیی و ئازادی و ڕزگاریی.

گرنگترین ستراتیجیەتیش کە دەیگرنەبەر ئەوەیە کە باوەڕێکی وا بۆ خەڵکی ئەو نەتەوە ژێردەستانە دروست بکەن کە دۆخ و گوزەران و باری دارایییان لە مانەوە لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی باشترە لە جیابوونەوە و سەربەخۆی. لە ڕێگەی سیاسات و گوتار و پڕوپاگەندە ئەو هەستە دروست دەکەن کە حکومەتی هەرێمیی نەتەوە بچووکەکان توانای بەڕێوەبردنی ئێوەیان نییە و بە جیابوونەوە ژیانتان سەخت و وێران دەبێت. بەگشتی توانای ئابووری هەرێمەکان کاریگەریی زۆری هەیە لەسەر متمانە و پشتگیری هاووڵاتییان بۆ سەربەخۆیی و جیابوونەوە یان مانەوە لەگەڵ دەوڵەتی فیدڕاڵی.

بۆ ئەمەش دەتوانین دوو نموونەی ڕاستەقینە بهێنینیەوە لە دوو دەوڵەتی فیدڕاڵی. لە یەکەمیان نەتەوەی ژێردەست جیابوونەوە و سەربەخۆیی خۆی ڕەتدەکاتەوە بەهۆی  باڵادەستی ئابووری نەتەوەی سەردەست بەسەریدا، وەک ئەوەی لە “هەرێمی کیوبک” لە کەنەدا دیمان. لە دووەمیان بە پێچەوانەوە، نەتەوەی ژێر دەست دەنگ بە جیابوونەوە دەدات بەهۆی بەرزی توانای ئابووری و متمانە بە خۆبەڕێوەبەری خۆیان، وەک ئەوەی لە “هەرێمی کەتەلۆنیا” لە ئیسپانیا دەبینرێت.

هەرێمی کیوبک لە کەنەدا کە دانیشتوانەکەی  فەڕەنسین، ململانێیەکی مێژووی قوڵیان هەیە لەگەڵ دەوڵەتی کەنەدا، کە کەنەدییە-ئینگلیزەکان باڵادەستن تیایدا. هەرچەندە کیوبکە-فەڕەنسییەکان هەستی نەتەوایەتی و نیشتیمانپەروەرییان زۆر بەهێزە و هەمیشە وێڵی سەربەخۆیین بەڵام تا ئێستا لە دوو ڕاپرسیدا کە بۆ سەربەخۆیی ئەنجامیانداوە زۆرینەی خەڵک دەنگیان بە نەخێر، بە مانەوە، داوە. واتە لەگەڵ مانەوەدا بوونە لەگەڵ کەنەدا و سەربەخۆییان ڕەتکردۆتەوە، ڕاپرسی یەکەم لە ١٨٨٠ ئەنجامدرا، دووەمیش لە ١٩٩٥.

هۆکاری هەرە سەرەکییەکەی ئەم ڕەتکردنەوەش ئابووری بوو، لانیکەم لە ڕاپرسی دووەمدا. کەنەدییە-ئینگلیزەکان کە حکومەتی فیدڕاڵییان لەژێر دەستە، هەژموونی تەواویان بەسەر ئابووری هەرێمی کیوبک دا هەیە. زیاتر لە ٩٠% کۆمپانیا زەبەلاحەکانی کیوبک و پیاوانی گەورەی کار و سەرمایەدار و وەبەرهێنەرەکان لە کەنەدییە-ئینگلیزەکانن. خەڵکی کیوبک زیاتر چینی کرێکار پێکدەهێنن لە کارگەکانی کەنەدییە-ئینگلیزەکان کار دەکەن. لە ئەگەری جیابوونەوە هەموو ئەو کۆمپانیا زەبەلاح و سەرمایەدارە گەورانە دەکشانەوە، بەمەش زیانێکی گەورە بە ئابووری کیوبک و دۆخی دارایی خەڵک دەگەیشت. ئەمەش کاریگەریی زۆر خراپی دەبوو لەسەر کەرتی بانکی و هەناردەکردن و بەهای دراو و قەرزی گشتی، هاوکات، بێ بەشبوونی کیوبک لە چەندین خزمەتگوزاری گشتی و یارمەتییە داراییەکانی حکومەتی فیدڕاڵی کەنەدیی. بە گشتی کیوبک لە ڕووی ئابوورییەوە وابەستەی حکومەت و ئابووری هەرێمە فیدڕاڵییەکانی دیکەی کەنەدا بوو. دۆخی ئابووری کیوبک، وەک گوتمان لەسەروبەندی ڕاپرسی دووەمدا، خراپ بوو، بە جیابوونەوە خراپتریش دەبوو، بۆیە سەرەڕای هەستی گەرمی نەتەوەیی و نیشتیمانیی کیوبێکەکان زۆرینە دەنگی بە جیابوونەوە و سەربەخۆیی نەدا. ئەم دۆخە ئابوورییە وابەستەییەش خۆکرد نەبوو بەڵکو بەرئەنجامی سیاسەتەکانی حکومەتی فیدڕاڵی و کەنەدییە-ئینگلیزە باڵادەستەکان بوو کە دەیان ساڵ بوو لە ڕێی سیاسەتگەلی پووکاندنەوەی ئابووری کیوبک هێنابوویانە کایەوە، بە مەبەستی ئەوەی کیوبکە-فەڕەنسییەکان بخەنە دۆخێک کە بوێری ئەوەیان نەبێت سەربەخۆیی هەڵبژێرن و جیاببنەوە.

بە پێچەوانەی هەرێمی کیوبک، هەرێمی کەتەلۆنیا لە ئیسپانیا لە ڕووی ئابوورییەوە بەهێزترین هەرێمی ئیسپانیایە. کەتەلۆنییەکان بەهەمان شێوەی کیوبکە-فەڕەنسییەکان هەستی نەتەوەیی و نیشتیمانپەروەرییان بەهێزە و سەربەخۆخوازن. ئەوان بە پێچەوانەی کیوبکە-فەڕەنسییەکان لە ٢٠١٧ دا کاتێک ڕاپرسیان کرد بۆ سەربەخۆیی و جیابوونەوە لە ئیسپانیا لە ٩٠% خەڵک دەنگیان بە بەڵی دا بۆ سەربەخۆیی و ڕزگاربوون لە ئیسپانیا. هۆکار و پاڵنەری سەرەکیش هەر ئابووری بوو. هەرێمی کەتەلۆنیا دەوڵەمەندترین دەڤەری ئیسپانیایە. کەتەلۆنیا بە تەنیا نزیکەی لە ٢٠% کۆبەرهەمی ناوەخۆیی ئیسپانیا پێکدەهێنێت. لە ٢٥% ی کەلوپەلی ئیسپانیا بە بەندەرە ئاوییەکانی کەتەلۆنیا تێدەپەڕێت. لە هەمووی کاریگەرتر ئەوەیە کە ڕێژەی پارەی گەڕاوە لە باجی هاووڵاتییانی کەتەلۆنی بۆ حکومەتی فیدڕاڵی ئیسپانیا ساڵانە ٢٠ ملیار یۆڕۆیە، ئەمەش بڕێکی ئێجگار گەورەیە. لەبەرامبەریشدا خزمەتگوزاری و بەرنامەکانی یارمەتی دارایی حکومەتی فیدڕاڵی بەو جۆرە نین کە پێشکەشیان دەکات. بۆیە کەتەلۆنییەکان، بوون و سیاسەتەکانی حکومەتی ئیسپانیایان بە بارگرانی دەزانی لەسەر خۆیان و بژێوی ژیانیان. ئەوان گەیشتبوونە ئەو باوەڕەی ئەگەر سەربەخۆ بن ئەوا ژیان و گوزەرانیان زۆر باشتر و خۆشتر دەبێت. لەم سۆنگەیەوەش هەستی سەربەخۆیی و متمانەیان بە خۆبەڕێوەبەری زۆر زیاتر بوو، لەبەرئەوە “بەڵێ”یان کرد بۆ سەربەخۆیی.

لەژێر تیشکی ئەو دوو نموونەیە، دەگەینە ئەو ئەنجامەی کە نەتەوە ژێردەستەکانی نێو حکومەتی فیدڕاڵی هەرچەندە توانای ئابووریان بەهێز بێت لەچاو دەوڵەتی فیدڕاڵی ئەوەندە هەوڵی جیابوونەوە و سەربەخۆیی دەدەن. بە پێچەوانەوەش، ئەگەر هەژار بن و توانای ئابووریان خراپ بێت بەبەراورد بە حکومەتی فیدڕاڵی ئەوا هەوڵی مانەوە و ملکەچی دەدەن لەناو دەوڵەتە فیدڕاڵەکە. ڕەنگە دەوڵەتە فیدڕاڵەکە هەر خۆی ڕێگە بە جیابوونەوەی نەتەوە ژێر دەستەکە بدات چونکە وەک بارگرانییەک دەیان بینێت لەسەر خۆی، وەک دەرکردنی سەنگاپور لەلایەن دەوڵەتی مالیزیا لە ١٩٦٥.

لێرەدا لەوە تێدەگەین کە ئەو هەوڵ و بڕیار و سیاسەتانەی کە حکومەتی فیدڕاڵی عێراق، بەتایبەتی ئەوانەی لەڕێگای دادگای فیدڕاڵییەوە دەدرێن، لە دژی هەرێمی کوردستان پەیڕەوی لێدەکات چ مەبەست و بەرنامەکی لە پشتە. مەبەست و ئامانجی عێراق لەم سیاسەتانە، لەوانە: ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەفت سەربەخۆیانە؛ ڕێگریکردن لە ڕاکێشانی بۆڕی غاز بۆ دەرەوەی وڵات؛ بڕینی مووچە و بوودجە؛ دەستبەسەرداگرتنی کۆی داهاتی ناوخۆیی هەرێم؛ و تۆمەتبارکردنی حکومەتی هەرێم بە پابەندنەبوون بە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی بوودجە و بە هۆکاردانانی ڕەوانە نەکردنی مووچەی خەڵک، هتد، ئەمانە و چەندین بڕیار و سیاسەتی دیکە هەمووی لەپێناو لاوازکردنی توانا و دەسەڵاتی ئابووری و دارایی هەرێمی کوردستان و لە قالبدانیەتی، تاوەکوو هەرێم هیچ هێز و وزەی نەمێنێت و تواناکانی بپووکێتەوە. بەمەش ئابووری هەرێم بەتەواوی وابەستەی ئابووری بەغدا بکات و خەڵکیش لەڕووی دارایی و داهاتەوە تەواو وابەستە و گرێدراوی مەرکەز بن. بەڵام هۆکاری سەرەکی پشت ئەم بڕیار و سیاسەتانە کوشتنی سەربەخۆیی سیاسییە، ئەویش بە بەستانەوە و گرێدان و ملکەچکردنی بۆ دەوڵەتی عێراقی.

بە کوشتنی ئیرادەی سیاسی و ئابووری، سەرەنجام ئەو باوەڕە لای خەڵکی هەرێمی کوردستان دروست دەبێت کە دەسەڵاتی کوردی مایەی قات و قڕی و نەهامەتییە بۆ خەڵکەکەی؛ توانای خۆبەڕێوەبەری نییە؛ لەوانەش ترسناکتر دروستکردنی ئەو گوتار و هەستەیە کە ژیان و گوزەرانی خەڵک کاتێک باش دەبێت کە سەر بە بەغدا و ملکەچی عێراق بن. ئەمەش دواجار کاریگەریی زۆر نەرێنی دروست دەکات لەسەر تێگەیشتن و زهنیەت و هەستی هاونیشتیمانیانی هەرێم لەمەڕ سەربەخۆیی و ڕزگاریی و ئازادی و سەروەریی و خۆبەڕێوەبەریی ڕێک وەکوو کیوبکە-فەڕەنسییەکان لە کەنەدا. هاوکات مەبەست لە هەوڵەکانی دەوڵەتی عێراق تێکشکاندنی دەروونی تاکی کوردستانییە، ئەویش بە کوشتنی متمانەکردن بەخۆ و تۆخترکردنی هەستی خودنەفرەتی و خۆبەکەمزانین وەک جێگرەوەی پشت بەخۆبەستن و سەربەخۆیی کە لە ساڵانی دوای دامەزراندنی هەرێمی کوردستان لە ١٩٩٢ وەوە دروست ببوو تا ٢٠١٧.

ئەگەر تەماشا بکەین، دەبینین کە حکومەتی فیدڕاڵی عێراق تاڕادەیەکی بەرچاو سەرکەوتوو بووە لەم سیاسەتە و لە دروستکردنی ئەم هەست و زهنیەت و باوەڕە لەلای خەڵکی هەرێمی کوردستان. ئەمەش لە توێژینەوەیەکی مەیدانی پشتڕاست کراوەتەوە کە لە ٢٠٢٣ دا ئەنجام دراوە، کە تیایدا زیاتر لە ٥٠٪ ی خەڵکی هەرێم داوای هەڵوەشانەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان و گەڕانەوەی دەسەڵاتی بەغدا دەکەن. هەروەها بەو بڕیارانەی دادگای فیدڕاڵیش کە لە دژی هەرێم دەرچوو، کە ژمارەیەک خەڵکی هەرێمی دڵخۆش کردبوو. ئەمەش دەرخەری ئەو ڕاستییەیە کە هۆکاری ئابووری کاریگەری زۆری هەیە لەسەر ئیرادە و زهنیەت و هەستی سەربەخۆیی نەتەوە ژێر دەستەکانی نێو دەوڵەتە فیدڕاڵییەکان.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO