سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

هەرێمی کوردستان بەرەو کوێ دەبەن؟

دوابەدوای بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی کە لە ٢١ ی ڕەشەمێ ٢٠٢٤ ڕاگەیەندران، هەرێمی کوردستان بەرەو کوێ هەنگاو دەنێت؟ ئایا حیزبەکانی کوردستان دەزانن هەرێمی کوردستان بەرەو کوێ دەبەن؟

دوای ٧٠ ساڵ لە هەژموونی عێراق بەسەر کوردستانی باشووەرەوە، دوای ڕاپەڕین و بڕیاری ٦٨٨ ی پارێزبەندی و ناوچەی دژە فڕینی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ١٩٩١، بەرەی کوردستانی توانی کۆنتڕۆڵی تەواوی ناوچەی سەروی خەتی ٣٦ و بەشێکی لە ناوچەکانی خواروی خەتەکە بکات و دەسەڵاتی حکومەتی هەرێم دابمەزرێنێت. بەڵام هەرزوو لە نەبوونی ڕوانگەیەکی نیشتیمانی بۆ بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان، هەرێمەکە کەوتنە ناو زەلکاوی شەڕی ناوخۆ و بۆ ساڵانێکی زۆر لەجیاتی قۆستنەوەی ئەو دەرفەتە زێڕینە بۆ خەڵكی باشووری کوردستان، پارتی و یەکێتیی هەزاران لاوی کوردیان کردە قوربانی شەڕێکی پڕوپوچ و بێهودە و پێشکەوتنی هەرێمیشیان نەک هەر ڕاگرت، بەڵکو بۆ دەیان ساڵ گەڕاندەوە دواوە.

دوای ڕووخانی دەوڵەتی عێراق لە ٢٠٠٣دا، خەڵك ئومێدێکیان خواست کە لەمەودوا ئەقڵی کوردی هەراش بووبێت و بەرەو کامڵبوون هەنگاوی نابێت، بەڵام دیسان جووتە-حیزب لەسەر دوو ئاست شکستیان هێنا. ئاستی یەکەم، نەیانتوانی لەدۆخی نوێی دوای وێران بوونی عێراق و نەمانی ڕژێمی بەعس، ئیدارەیەکی مۆدێرن بۆ هەرێم دروست بکەن و وەگەڕ بخەن و سەقامگیر بکەن و بیکەن بە نموونەیەکی باڵا لە ڕێکخستن و نیشتیمانسازی و دەستپاکی و بیناکردنی دامودەزگا و دامەزراوەکان لەسەر کۆمەڵێک بەها و نۆرمی مۆدێرن، لەوانە: پارێزگاریکردن لە مافەکانی مرۆڤ و سیستەمی دیموکراسی و یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی، هتد. ئەوەی کە زۆر گرنگ بوو کە دەبوایە هەر زوو بکرایە، مۆنۆپۆلکردنی سەرچاوەکانی داهات و یەکخستنی هێزی پێشمەرگە و دامەزراوە ئەمنییەکان لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە، بەمەبەستی هەنگاونانی هەرێمی کوردستان لە دەسەڵاتی حیزبەوە بەرەو حوکمڕانییەکی مۆدێرن، لەلایەک و لەلایەکی دیکەشەوە، حیزبەکان چیتر نەبنە کەڵەگا بەسەر چارەنووس و ئایندەی خەڵکی هەرێمی کوردستان و هەر کاتێک ویستیان پڕۆسەی سیاسیی هەرێم بوەستێنن. بەڵام لەجیاتی ئەوە هەر حیزبە و ناوچەیەکی بۆخۆی دابڕی و باشووری کوردستان لەڕووی کردەییەوە بوو بە سێ بەش، بەشی یەکەم لەژێر کۆنتڕۆڵی بەغدادا مایەوە بۆ ئەوەی چارەنووسی بکەوێتە دەست میلیشیا جلڕەشەکانەوە. بەشەکەی دیکەش دابەشکرا لەنێوان زەرد و سەوز دا.

لە گۆڕەپانی عێراقییشدا، لەجیاتی ئەوەی حکومەتی هەرێم ببێتە نوێنەر و دەمڕاستی خەڵکی کوردستان، حیزبەکان بۆ خۆیان چوونە بەغدا و ململانێی دوێنێی ناوخۆی هەرێمیان گواستەوە بۆ ئەوێ. لەجیاتی ئەوەی نوێنەرانی هەرێم لە بەغدا کار بۆ بەفیدرالیکردنی دامەزراوەکانی بەغدا بکەن بۆ ئەوەی قەوارەی هەرێم مسۆگەر و پارێزراو بێت، هەرێمیان لەسەر سینییەکی زێڕ فڕێدایەوە بەردەم بەغدا. ڕوانگەی ستراتیجی ئەم دەسەڵاتە، ئەم دوو حیزبە، هێندە کورتە، بۆخۆیان بوون بە هۆکارێک بۆ دامەزراندنەوەی عێراق. ئێستا لایەکی ئەو عێراقە بە حیزبە کوردستانییەکانەوە ماوەتەوە و بوون بە فاکتەرێک بۆ جوانکردنی دەستەڵات و شەرعییەتی ئەو سیستەمە سیاسییەی کە لە ژێرەوە و لەسەرەوە بەتەواوی کەوتۆتە ژێر کۆنتڕۆڵی کۆماری ئیسلامی.

دوای ئەو هەموو شکستانە، تاکە ڕێگەیەک کە مابێت، دەبێت حیزبەکان ڕەخنە لەخۆیان بگرن، داوای لێبووردن لە خەڵکی کوردستان بکەن، بەخۆیاندا بچنەوە و پەیماننامەیەکی کۆمەڵایەتی-سیاسیی لەگەڵ یەک ڕابگەیەنن کە حکومەتی هەرێم بەرەو دامەزراوەیی ببەن و حیزب بەتەواوەتی دەست لە دامەزراوەکان بکێشێتەوە. دەبێت کارێکی جیددی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان بکەن و دوای هەڵبژاردنەکانیش، شەرعییەت و ناوەندبوون بە دامەزراوەکانی هەرێم ببەخشن، بەوەی کە مۆنۆپۆلی داهاتەکان و هێزە ئەمنییەکان بکات و هەژموونی خۆی لە تەواوی هەرێمی کوردستان پێڕەو بکات. ئینجا، نوێنەرایەتی خەڵکی هەرێمیش لە بەغدا ببێتە کاری حکومەت، نەک حیزبەکان. ئەو هەنگاوە، دەبێتە ڕێگاچارەیەک بۆ دەرچوون لە قوڕگی شەیتان و ڕزگارکردنی خەڵك و خاکی هەرێم و مانەوەی خودی حیزبەکانیش، ئەگینا قەوارەی هەرێم کۆتایی پێ بێت، بێجگە لە جاشایەتی و سەرشۆڕی و بەرپرسیارییەتی مێژوویی هیچی دیکە بۆ حیزبەکان نامێنێتەوە.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO