سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

ئەرکی هەرێم و حیزبەکانی ڕۆژهەڵات؛ لە نێوان سۆزی نەتەوەیی و یاسا و دۆخی سیاسیدا

سلێمان مستەفا حەسەن

 دۆزی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، وەکوو پرسێکی نەتەوەیی و ڕەوا، درێژکراوەی دۆزە گەورەکەی کوردە، وەکوو نەتەوەیەکی بێدەوڵەت و دابەشکراو و داگیرکراو، پرسێکی مێژوویی و سیاسی و یاسایی ئاڵۆزە. چارەسەرکردنی ئەم پرسە تەنیا بە هەستی نەتەوەیی، یان بە هێز و خەباتی چەکداری ناکرێت. لە سەدەی ڕابردوودا، کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە شێوەی جۆراوجۆر بۆ بەدەستهێنانی ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکانی تێکۆشاوە و بەرخودانی کردووە، بەڵام حکوومەتە یەک لەدوای یەکەکانی ئێران، تاوەکوو ئێستا نەیانتوانیوە چارەسەرێکی سیاسی و یاسایی و دامەزراوەیی بۆ پرسی کورد پێشکەش بکەن. لە مێژووی نوێی ناوچەکەدا، دابەشکردنی کوردستان لەنێوان چوار دەوڵەت و سیاسەتەکانی نکۆڵیکردن لە ناسنامە و مافەکانی کورد، بووەتە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەردەوامیی پرسی کورد و نائارامیی ناوچەکە.

لە هەمان کاتدا، دەوڵەتانی ناوچەکە لە کاتە جیاوازەکاندا سوودیان لە دۆخ و جووڵانەوەکانی کورد وەرگرتووە و پرسی کوردیان وەکوو بەشێک لە هاوکێشەی هێزی ناوچەیی بەکارهێناوە. ئەمەش وای کردووە سەرەڕای ڕەوایەتیی دۆزەکە و پرسی کورد ببێتە پرسێکی هەستیار و بەشێک لە هاوکێشەی سیاسی و ستراتیجییەکانی ناوچەکە. هەرچەندە دۆزی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان خاڵی هاوبەشی هەیە، بەڵام بارودۆخی یاسایی و سیاسی و جوگرافی و جیۆپۆلەتیکی هەر بەشێک جیاوازە، بۆیە نابێت بۆ هەموو بەشەکان یەک شێوازی خەبات و یەک سیاسەت دابنرێت. لە باشووری کوردستان، بەتایبەتی دوای ٢٠٠٣ و پەسەندکردنی فیدراڵیزم لە دەستووری ٢٠٠٥ی عێراقدا، کورد لە باشوور کۆمەڵێک مافی سیاسی و دەستووری مسۆگەر کرد.

لە باکووری کوردستانیش ئەزموونی گفتوگۆ و هەوڵە جۆراوجۆرەکان بۆ چارەسەری سیاسی نیشانیان داوە، کە پرسی کورد تەنیا بە ڕێگەی سەربازی چارەسەر نابێت، بەڵکو داننان بە بوون و مافی کورد و ڕێگەی دانوستاندن ڕێگە ڕاستەکەیە. لە ڕۆژئاواش ئەزموونی خۆبەڕێوەبردن و بەشداری لە شەڕی دژی داعش سەرنجی جیهانی ڕاکێشا، بەڵام هەمان ئەزموون نیشانی داوە، کە سەرکەوتنی سەربازی بە تەنیا ناتوانێت ئاشتی و چارەسەری سیاسیی درێژخایەن مسۆگەر بکات. بابەتی ئەم وتارە ڕۆژهەڵاتی کوردستانە. مێژووی تێکۆشان و بەرخودانی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە مێژووی چاڵدێرانەوە تاوەکوو سەردەمی نوێ، پڕە لە هەوڵ بۆ ماف و ئازادی و خۆبەڕێوەبەری. لە سەردەمی میرنشینەکانەوە بۆ تێکۆشانی سمکۆی شکاک و کۆماری کوردستانەوە، تاوەکوو ڕاپەڕینی ساڵانی ١٩٧٨ و ١٩٧٩ و خەباتی بەردەوامی حیزبە سیاسییەکان.

بەڵام پرسی سەرەکیی ئەمڕۆ تەنیا ئەوە نییە، کە خەبات بەردەوام بێت، پرسیارە جەوهەرییەکە ئەوەیە: خەبات بە چ شێوازێک و چۆن بەردەوام بێت، بۆ ئەوەی بە کەمترین زیان مافەکان بەدەست بهێنرێن و ئامرازەکانی خەبات لەگەڵ بارودۆخ و تواناکانی سەردەم بگونجێندرێن؟ لێرەدا، پەیوەندیی نێوان ڕۆژهەڵاتی کوردستان و باشووری کوردستان گرنگییەکی تایبەتی هەیە. مێژوو نیشانی داوە، کە ئێران و عێراق لە کاتە جیاوازەکاندا، کوردەکانی بەشەکانی دیکەی کوردستانیان بۆ بەرژەوەندییە ستراتیجییەکانی خۆیان بەکارهێناوە. دوای ٢٠٠٣ش هاوکێشەی هێزی ناوچەکە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتیی بەخۆوە بینیوە و پەیوەندیی نێوان ئێران و عێراق بووەتە بەشێکی گرنگ لە هاوکێشەی نوێی ناوچەکە. لەو بارودۆخەدا، پرسیارێکی جەوهەری دێتە پێشەوە، کە پێویستە هەر کوردێکی دڵسۆز بە هۆشیاریی سیاسی و ئاکاری نەتەوەییەوە وەڵامی بداتەوە؛ ئایا هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی دەستووری عێراقدا، تاوەکوو چەند دەتوانێت لە ماف و ئاساییشی هاونەتەوەکانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پشتگیری بکات، بەبێ ئەوەی دەستوور و یاساکانی عێراق یان بەرژەوەندییەکانی هەرێم بخاتە مەترسییەوە و لە هەمان کاتدا خۆی بەدوور بگرێت لە تێوەگلان لە کاروباری ناوخۆی ئێران؟

پرسیارێکی دیکەی گرنگ ئەوەیە؛ ئایا پرسی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە باشووری کوردستان بە کۆی پرسی کورد لە ڕۆژهەڵات دادەنرێت؟ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارانە بەتەنیا بە سۆز و هەستی نەتەوەیی کارێکی نەگونجاوە، هەروەها نابێت تەنیا بە بیرکردنەوەیەکی یاسایی و بەبێ گوێدان بە مافە نەتەوەییەکان، مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت. پێویستی بە خوێندنەوەیەکی سیاسی و یاسایی و مێژوویی هەیە. هەرێمی کوردستان دەبێت لەنێوان سۆزی هاونەتەوەیی و پابەندبوون بە یاسا، هاوسەنگییەکی ژیرانە بدۆزێتەوە. لە هەمان کاتدا، حیزبەکانی ڕۆژهەڵات دەبێت بزانن، کە بوونیان لە هەرێمی کوردستان بە مانای دروستبوونی مافی سیاسیی بێسنوور نییە. پەیوەندیی ئەوان لەگەڵ هەرێم دەبێت لەسەر بنەمای یاسا و ڕێزگرتن لە دەستووری عێراق و یاساکانی هەرێم و بەرژەوەندیی خەڵکی هەرێم و دۆخی سیاسیی ناوچەکە بێت. ئەوان دەبێت خاکی هەرێم نەکەنە مەیدانی شەڕی چەکداری لەگەڵ ئێران، ستراتیجیی خەباتیان لەگەڵ گۆڕانی بارودۆخی ناوچەکە بگونجێنن و داواکارییەکانیان لە سنووری توانای سیاسی و یاسایی هەرێمدا بگونجێنن. ئەمەش پرسیارێکی دیکەی گرنگمان بۆ دروست دەکات؛ ئایا خەباتی چەکداری هێشتا کاریگەرترین ئامرازە، یان پێویستە شێوازی خەبات بگۆڕدرێت؟

وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە پێویستی بە هەڵسەنگاندنێکی ستراتیجی هەیە. دەبێت بزانین ئایا بەردەوامبوون بە هەمان شێوازی خەبات دەتوانێت مافە سیاسی و نەتەوەییەکان بەدەست بهێنێت، یان بە پێچەوانەوە، فشار لەسەر خەڵکی مەدەنی زیاد دەکات و دەرفەت بۆ بەکارهێنانی پرسی کورد لە لایەن دەوڵەتانی ناوچەکەوە دروست دەکات. ئەزموونی ناوچەکە نیشانی داوە، کە خەباتی چەکداری تاکە بژاردە نییە و هێزی چەکداریش بەتەنیا ناتوانێت چارەسەر بێت. هەروەها سۆز و هاوسۆزیی نەتەوەیی، ئەگەر لە چوارچێوەیەکی یاسایی و ستراتیجییەکی ڕوون و هەڵسەنگاندنی ڕاستەقینەی بارودۆخەکەدا نەخرێتە کار، دەتوانێت لەبری چارەسەرکردن، کێشە و ئاڵۆزیی زیاتر دروست بکات. ئەزموونی ڕێکخراوە چەکدارەکانی فەلەستین لە ئوردن و لوبنان و سووریاش نیشانی داوە، کە تێکەڵبوونی هێزی چەکدار لە ناوخۆی دەوڵەتێکی دیکەدا دەتوانێت دەرئەنجامی قورس بۆ خەڵکی مەدەنی و خودی دۆزەکە دروست بکات. لەبەرئەمە، پێویستە کورد لە هەر چوار بەشی کوردستان بە دیدێکی هاوبەش و هەماهەنگیی زیاتر بیر بکاتەوە، بەڵام ئەمە بە مانای سیاسەتی یەکسان نییە. هاوبەشیی نەتەوەیی نابێت ببێتە هۆی پشتگوێخستنی جیاوازییە یاسایی و سیاسی و جوگرافییەکانی هەر بەشێک. پێویستە لە گەمەی بەکارهێنانی کورد وەکوو کارتێکی سیاسی دەربچین و پرسی کورد لە “کارت”ەوە بگۆڕین بۆ “پڕۆژەی سیاسی”، پڕۆژەیەک، کە ماف و یاسا و ئاشتی و دیموکراسی و بەرژەوەندیی خەڵک بکاتە بنەمای بڕیار و کردار. ئەمەش پێویستی بە گۆڕینی ئامرازەکان و شێوازی خەبات هەیە. هێزی نەرم و خەباتی جەماوەری و ڕاگەیاندن و تەکنۆلۆجیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و گفتوگۆ و دیپلۆماسی دەتوانن ببنە بەشێک لە ستراتیجییەکی نوێ. لە هەمان کاتدا، نابێت تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکرێنە ئامرازێک بۆ ڕق و ناکۆکی و دووبەرەکی لەنێوان باشوور و ڕۆژهەڵات، بە پێچەوانەوە، پێویستە بۆ نزیککردنەوە و هۆشیاری و گفتوگۆ و دروستکردنی تێگەیشتنی هاوبەش بەکار بهێنرێن. لە چوارچێوەی ئەم تێڕوانینەدا، ئەرکی هەرێمی کوردستان و حیزبەکانی ڕۆژهەڵات دەبێت بە ڕوونی جیا بکرێتەوە.

هەرێمی کوردستان دەبێت جیاوازی بکات لەنێوان پشتگیریی سیاسی و مرۆیی و مافی کوردانی ڕۆژهەڵات و تێوەگلان لە کاروباری ناوخۆیی و سیاسی و سەربازیی ئێران. پاراستنی خاکی هەرێم و ئاساییشی هاووڵاتییانی دەبێت سنووری نەگۆڕی سیاسەتی هەرێم بێت. حکوومەتی هەرێم، بە هاوکاریی پەرلەمان و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان، پێویستە چوارچێوەیەکی یاسایی و ڕوون بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ حیزبەکانی ڕۆژهەڵات دابنێت و چالاکیی سیاسی و مەدەنی و مرۆیی لە چالاکیی چەکداری جیا بکاتەوە. سەبارەت بە پەیوەندی لەگەڵ بەغدا، دەبێت هەرێم لە چوارچێوەی دەستووری عێراق و گفتوگۆی دامەزراوەیی کار بکات، بەتایبەتی لە بابەتەکانی پەیوەندیی دەرەوە و ئاسایشی نیشتمانی. لەگەڵ تارانیش، دەبێت لە ڕێگەی گفتوگۆ و پەیوەندیی دامەزراوەییەوە، ڕاستی نەگۆڕی چارەسەری پرسی کورد لە ڕێگەی دانوستاندن دووپات بکاتەوە و ببێتە پردی پەیوەندی لە نێوان کورد. کورد لە باشوور ئەرکیەتی پاراستنی ئاسایشی هەرێم و مافە بنەڕەتییەکانی بکاتە بنەمای هەڵوێستی. لە هەمان کاتدا، هەرێم پێویستە لە ڕێگەی ڕاگەیاندن و کۆڕە گشتییەکانەوە سنووری توانای خۆی و هۆکاری بڕیارەکانی بە ڕاستگۆیی ڕوون بکاتەوە بۆ ڕای گشتیی کوردستان، تاوەکوو هەموو کوردێک بزانێت کام جۆری پشتگیرییە دەکرێت، پشتگیری لە کێ دەکرێت، کام داواکاری لە توانای هەرێمدایە، کامیان پێویستی بە ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا، یان لایەنەکانی دیکە هەیە.

لە بەرانبەر ئەوەشدا، حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پێویستە پەیوەندیی خۆیان لەگەڵ هەرێم لەسەر بنەمای ڕاستگۆیی و یاسا و گفتوگۆ و بەرژەوەندیی هاوبەش و واقیعی سیاسی داسەپاو لە توانادا دابنێن، لە هەڵوێست و داواکارییەکانیاندا سنووری توانای هەرێم لەبەرچاو بگرن و نەهێڵن خاکی هەرێم ببێتە مەیدانی کێشە و شەڕی دەوڵەتێکی دیکە. لە کۆتاییدا، هاونەتەوەیی بەرپرسیارێتییە، بەڵام بەرپرسیارێتی بەبێ هەڵسەنگاندنی یاسا و ڕاستییەکان، واقیعی سیاسی و توانا و هێزی بەردەست، دەتوانێت ببێتە هۆی زیان بۆ هەمووان. هەرێمی کوردستان نابێت بەهۆی هاونەتەوەییەوە سنووری یاسایی و بەرژەوەندیی خۆی پشتگوێ بخات، هەروەها نابێت بە پاساوی پابەندبوون بە یاسا و سنوورە سیاسییەکان، خۆی لە پرسی ماف و چارەنووسی کوردانی ڕۆژهەڵات بەتەواوی دوور بخاتەوە. ئەو هاوسەنگییەی لەنێوان سۆزی نەتەوەیی و یاسا و دۆخی سیاسی دروست دەکرێت، دەتوانێت بنەمای سیاسەتێکی پێگەدار بێت، سیاسەتێک کە کورد لە کارتێک لە گەمەی دەوڵەتانەوە بگۆڕێت بۆ خاوەنی پڕۆژەیەکی سیاسی، بۆ ماف و ئاشتی و چارەسەری ڕەوا. دەبێت بە وردی سەرنج بدەینە ئاکام و لێکەوتە و دەرکەوتەکانی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، دەرکەوتنی سیاسەتی نوێی ترامپیزم و کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق و ئەم دۆخە نوێیە، دۆخێکە پێویستە کورد بە ئاگایی مامەڵەی لەگەڵ بکات.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO