لە سەردەمی فەرمانڕەوایی بەعس کە توندترین دەسەڵات بوو دژ بە کورد و بەدرێژایی مێژووی دەوڵەتی ئێراقیش، زمانی کوردی زمانێکی پاراو و خاوێن و ڕوو لە گەشەسەندن بوو. ئەوکات چەند گۆڤار و ڕۆژنامەی کوردی دەردەچوون، باسی ئەوە ناکەم قەڵەمەکان بەعسی بوون یان نا، قسەکەم لەسەر زمانی کوردییە. گۆڤاری “كاروان” نموونەیەکی جوان بوو کە گرنگی بە زمان و ڕێزمانی کوردی دەدا و ئێستاش چەند ژمارەیەکی لە ئەرشیڤی خۆم پاراستووە، کە بە وردی بابەتگەلێک لەبارەی فۆنەتیک، زمان، ڕێزمان، بزوێن و نەبزوێن، هتد تێدایە.
زمانێکی خاوێن و لە گەشەسەندن بوو، ئەوکاتیش بۆچوونی کەسانێک وابوو، ئەگەر سنووری حوکمی زاتی یانەخۆ دواتر و بەشێوەی بەرفراوانتر کە ڕاپەڕینی ١٩٩١ سەری هەڵدا بیر لەوە دەکرایەوە ئەگەر تاوەکو پێش ڕاپەڕین چاودێری و فشار لەسەر زمانی کوردی هەبووبێت، ئەوە لە دوای ڕاپەڕین ئیدی حکومەت و دەسەڵاتی خۆماڵی دەبن و هیچ بەربەست نامێنێت کە زمانی کوردی نەگاتە لوتکە. بەڵام نەک وادەرنەچوو، بەڵکو کوردی بیانیپەرست و حکومەتە ساواکەی هەرێم هەرچی پڕۆژە و دەستەواژەی کوردی هەیە ناوەکانیان لە کوردیەوە کردە بیانی. ڕاگەیاندن و کەسانی سەر شاشەکانیش قۆڵیان لە ناشیرین و ناشیرینتر کردنی زمانی کوردی هەڵماڵی. تا وای لێهات ئەوەی دەستەواژەیەکی بیانی لە شوێنی دەستەواژەیەکی کوردی دابنایە بە ڕۆشنبیر و بلیمەت دەیانناساند. تەلەفزیۆنەکانیش ڕۆڵێکی گەورەیان لەم ڕووەوە هەبوو و تا ئێستاش هەر بەردەوامن.
دەستەواژە جوانەکانی کوردی بوونە عەیبە. حکومەتی هەرێم و خاوەن پڕۆژەکان بەوەندەش نەوەستان پرۆژەیە ناوی بیانیان لەسەر دانا، تەنیا بۆ پۆزلێدان. ئیدی دەیان ستی و متی و مۆڵ و چوزانم دار و بەرد بەناوی بیانی ناونران.
ئەوەی لە هەمووی زیاتر جێگەی نیگەرانی بێت، ئەوەیە کە نە زانکۆکان نە ئەکادیمیای کوردی، هیچ کامیان ستۆپەکیان بە حکومەت و خاوەن پرۆژەکان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن نەکرد، بەڵکو تاڕادەیەک ئەوانیش تەبایی عامێ چوونە شامێ.
بەندە وەکوو ڕۆژنامەنووسێک هەستم بە ناشیرین بوونی زمانی کوردی دەکرد. پێموایە کە زمانەکەمان پێویستە پاک بکرێتەوە. بەم هۆیەوە نووسراوێکم بۆ ئەکادیمیای کوردی نووسی بەو هیوایەی لەگەڵ حکومەت کار لەسەر ئەوە بکەن و فشار بکەنە سەر تەواوی خاوەن پڕۆژە و دوکان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن و چێشتخانەکان کە هەڵمەتێکی پاک کردنەوەی زمان ڕابگەیەنن. ماوەیەکی دیاری کراویان بۆ دیاری بکەن و تەواوی وشە و دەستەواژە و ناو و ناونیشانە ناکوردییەکان بسڕنەوە و کوردییەکان لە شوێنی دابنێنەوە. بەڵام بەداخەوە، بەیەک وشەش وڵامی منیان نەدایەوە. من وام مەزەندە دەکرد کە ئەوان بیکەنە دەستکەوتێک بۆخۆیان و مێژوویەک بۆخۆیان تۆمار بکەن، هیچیان بەقسەی منیان نەکرد.
دوای نامەکەی من بۆ ئەکادیمیای کوردی، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیارێکی دەرکرد و بنمیچێکی کاتیی دانا، کە هەر دوکان و چێشتخانە و پڕۆژەیەک ناوی بیانییە دەبێت لەو ماوەیە وەکوو دوا دەرفەت بۆیان دانرابوو، ناوەکە بگۆڕن و بیکەنە کوردی.
ئەو بڕیارەی حکومەت ئاهێکی خۆشی بە دڵ و دەروونم هێنایەوە، بەخۆمم دەگوت، داخۆ حکومەت ئەو کارە پیرۆزە دەبێ جێبەجێ بکات و کوردستان و زمانەکەی لەو گەڕەلاوژە و هەرایەی هەیە ڕزگار بکات و ئیدی ڕۆژ بە ڕۆژ زمان و ناوە بیانییەکان بسڕێنەوە و لە جێیاندا ناوە کوردییەکان بنووسرێن. لە هەمان کاتیش بەخۆمم دەگوت، ئەگەر سەرۆکی حکومەت ئەو بڕیارەی بباتە سەر مێژوویەک بۆ خۆی تۆمار دەکات و زمانی کوردیش ڕزگار دەکات. کەچی ئەو ڕۆژەی سەرۆکی حکومەت بڕیارەکەی دەرکرد، جەنابی سەرۆکی حکومەت قردێلەی دوو پرۆژەی نوێی لە هەولێر بڕی، مۆڵێک و ئۆتێلێک بوو کە هەردووکی ناوی بیانی و بە زمانی بیانیش ناوەکان نووسرابوون، هەر ئەوە خۆی لەخۆیدا جێی پرسیار بوو!
گەلۆ بەندە لەو ڕۆژەوە گوتم بەتەحەدداوە دەڵێم سەرۆکی حکومەت ناتوانێت بڕیارەکەی خۆی بەجێ بگەیەنێت. دەیان ڕاپۆرتی ڕۆژنامەنووسی لەسەر بڕیارە جوانەکە کرا و تا لە دواکاتەکانی نزیک دەبوویەوە ڕاپۆرتەکانیش زیاتر دەبوون. ئێستا فەرموون دوا وادەی بڕیارەکە تەواو بووە و کەسیش فزەی لێوە نایێت، بڵێت کوا بڕیارەکەی حکومەت چیی لێ هات و بۆ جێبەجێ نەکرا.
بەڵام وەکوو مەڕ هەر هەموومان لە ڕۆژی زمانی دایک قسە و پۆستی ئەلیکترۆنیمان لەسەر زمانی کوردی هەیە. ئەرێ گەلۆ ئەگەر ئەوە دووفاقی نەبێت چیی ناو دەنێن.



