سەرەتاکانی نیشتەجێبوونی خێڵە تورکمانەکان لە عێراق کۆنە، هەندێک بۆ سەرەتاکانی هاتنی ئیسلام و هەندێک بۆ کۆتاییەکانی دەسەڵاتی عەباسی و هەندێک بۆ سەردەمی دەوڵەتی عوسمانی دەیگەڕێننەوە. هەرچۆنێک بێت، کورد و تورکمان لەم ناوچەیەدا مێژوویەکی دوورودرێژی پێکەوە ژیانیان هەیە، لە هەموو ئەو ناوچانەی کورد بەرەنگاری توانەوەی کردبێت، تورکمانیش دەستی بە کلتور و خەسڵەتە نەتەوەییەکانی خۆیەوە گرتوەو ماوەتەوە. لە هەموو ئەو ناوچانەش کە کورد بەرەنگاری بۆ نەکرا بێت، لە ئەنجامدا تورکمانیش نەماوە.
بەپێی هەندێک لە سەرچاوەکان، بەلایەنى كەمەوە پێنج سەدە تێپەڕیوە بەسەر سەرەتاكانى نیشتەجێبوونى توركمان لە كەركوك دا. بەدرێژایی ئەو مێژووە هەمیشە لەسەر شانۆى ڕووداوەكان و لەژێر كاریگەرى دەسەڵاتى عوسمانی‌دا ڕۆڵى بەرچاویان هەبووە لە بزووتنەوە ڕ‌ۆشنبیرى و كلتورییەكانى شارەكەدا. تا لە سەرەتاى سەدەى بیستەمدا پێکهاتەی کلتوری لە پارێزگاکەدا گەیشتە ئاستێك ،کە كۆمەڵگاى شارنشینى لە كەركوك و كۆمەڵگاى لادێى كەنارەكانى شار ،بریتیى بوون لە دوو جیهانى لەیەك جیاواز لەڕووى كلتورى و كۆمەلآیەتى و ئابووریشەوە ، بەڵام شەڕى جیهانى یەكەم بەڕاستى كارەساتێكى جەرگبڕ بوو بۆ سوڵتانەكانى عوسمانى و كرانەوەى دەروازەیەكیش بوو بۆ گەلانى ناوچەكە ئاڵوگۆڕێكى ئابوورى و كۆمەڵایەتى و دیموگرافیش لەو گۆڕانە سیاسیەوە كەوتەوە، كە لە ویلایەتەكانى عوسمانی‌دا ڕوویاندا، بەتایبەتی لە ویلایەتى موسڵ، شێوازى ژیان و بیركردنەوە و ڕیزبەندى دەسەڵاتى نەتەوەیى بە زیانى تورك و بە قازانجی عەرەب گۆڕى.
بە دروستكردنى عێراق لە زۆرینەى عەرەب و لكاندنى ویلایەتى موسڵیش بەو دەوڵەتە تازەوە ماناى پاشەكشەكردنى كلتور و زمان و ڕێوڕەسمە باوەكانى تورك بوو، كە ماوەى چوارسەد ساڵێك بوو لە ناوچەكە كاریان پێدەكرا، لەبەردەم كلتور و زمانى عەرەبیدا هەرچەندە ئەمیش بەهۆى ئاینەوە پێشینەیەكى لەم هەرێمەدا هەبوو بەڵام لە فۆرمى فەرمى و بەكارهێنانى ئیجباریدا بۆ خەڵكى ناوچەكە ڕووداوێكى نوێ بوو. پایەى هەڵگرانى كلتورى توركى لە ڕیزبەندیەكەدا ژێروژوور كرد، بۆیە لەو ڕۆژگارەوە سەرتاى شێوازێكى نوێ لە پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكانى نێوان كورد و توركمان دەستى پێكرد و ڕۆژبەڕۆژ پتەوتر و بەهێزتر بووە. دوژمنانی هەردوو نەتەوەکەش هەمیشە هەوڵیان داوە كەلێنێك بدۆزنەوە و لە گرنگى ئەو پەیوەندیانە كەم بكەنەوە.
كورد و توركمان دوو نەتەوەى دێرینى شارى كەركوكن، مێژوویەكى دوور و درێژى پێكەوە ژیانیان لەم شارەدا هەیە، لە خۆشى و ناخۆشیەكاندا هاوبەش و هاوكارى یەكدی بوونە و كارەساتەكانى سەر كەركوكیش هەردوو لایانى گرتووتەوە، ئەگەر بەڕێژەى جیاوازیش بووبێت.
دواى پڕۆسەكانى ئازادى لە عێراق دا، لە نیسانى ٢٠٠٣ دا، عێراق بە گشتى و كەركووك بەتایبەتی لە دەروازەى گۆڕانێكى ڕیشەیى و بنەڕەتیدان. خەڵكى كەركوك بە هەموو كەمینە نەتەوەیى و ئاینیى و مەزهەبییەكانەوە لەسەر ئەو نەزم و ڕیتمە نوێیە ڕانەهاتوون. لەلایەكى دیکەش هەندێك دەستى دەرەكى یارمەتى ئاسایى كردنەوە و سەقامگیرى ناوچەكە نادەن، بۆیە لەم ساتە وەختەدا گەڕان بە شوێن خاڵە بەهێزەكانى پەیوەندى نێوان گەلانى كەركوك پێویستییەكى قۆناغەكەیە. ئەوەش بەمەبەستی بەرنامەڕێژیى ئایندەی شارەکە لەسەر بنەماى مێژووی پێكەوەژیان دامەزرێتو بونیادنانی ئایندەی شارەکە لەبەر ڕۆشنایی ئەو پەیوەندیە مێژووییە تەندروست و پڕ لە تەباییە بێت.
کورد و تورکمان لە مێژوویەکی زۆر کۆنەوە پێکەوە ژیاون ،خاکی هاوبەش و بەرژەوەندی ئابووری هاوبەش و ئاینی هاوبەش و کۆمەڵێک ڕەگەزی کلتوری و دابونەریتی هاوبەش پێکەوە گرێییداون. بەر لە سیاسەتى تەعریب و تێكدانى پەیوەندییەكانی نێوان کورد و تورکمان و ڕاگواستنى هەردوو نەتەوە لەسەر زەمینەى ژیانى كۆمەڵایەتى و كارگێرى و بەڕێوەبردندا هیچ گرفتێك نەبووە. بە پێچەوانەوە زۆر شارستانییانە مامەڵەیان کردووە، بۆ نموونە لە دوای دروستبوونی عێراق و لە چوار خولی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا لە نێوان ١٩٢١ تا ١٩٣٦ بە هاوبەشی کورد و تورکمان نوێنەرایەتی خەڵکی کەرکووکیان کردووە.
نەک هەر ئەو ماوە مێژووییە، بەڵکو دەتوانین بڵیین بە درێژایی مێژووی دەسەڵاتی عوسمانی و سەردەمی پادشایەتیش لە عێراق دا، تەنیا گرفتێک لە نێوان کورد و تورکمان دا نەبووە، بەپێچەوانەوە لەسەر بنەماى خۆشەویستى و هاوسێیەتى و هاوڕێیەتى و كار و شەراکەتی بازرگانی و هاوكارى و ژنوژنخوازى پەیوەندیەكانیان دامەزراندووە، بە سەدان خێزانی دوو ڕەگ لە کورد و تورکمان پێکهاتووە.
لە سەردەمی عوسمانی دا ئەگەرچی تەواوی کاربەدەستان تورکیزان و هەڵگری کلتوری عوسمانی بوون بەڵام نەخشەی کارگیڕیی و دابەشبوونی دانیشتوان مۆرک و نیشانەی کوردبوون و کوردستانیبوونی ویلایەتی موسڵ بەشێکی زۆری ویلایەتی بەغداشەوە دیاربوون. بۆ نموونە، ویلایه‌تی موسڵ له سێ سه‌نجه‌ق پێكهاتبوو (سه‌نجه‌قی كه‌ركووك و سه‌نجه‌قی سلێمانی و سه‌نجه‌قی ناوه‌ند)، ئه‌مانیش هه‌ر یه‌كه‌و چه‌ندین قه‌زای هه‌بوو هەموویان کورد بوون، کە بریتی بوون لەمانە:
سه‌نجه‌قی ناوه‌ند شه‌ش قه‌زای هه‌بوو بریتی بوون له قه‌زای ناوه‌ند، دهۆك، ئامێدی، زاخۆ، شه‌نگال، ئاكرێ، کە تا ڕووخانی ده‌وڵه‌تی عوسمانی و پێكهاتنی ده‌وڵه‌تی عێراقی له بیسته‌كانی سه‌ده‌ی ڕابردوودا یه‌ك قه‌زای عه‌ره‌بی له لیوای موسڵدا نه‌بووە، لە زۆربەیاندا کلتوری تورکمانی لە پاڵ کلتوری کوردی دا بەرجەستەو دیار بوو.
سه‌نجه‌قی كه‌ركووكیش شه‌ش قه‌زای هه‌بوو (قه‌زای ناوه‌ند ،قه‌زای هه‌ولێر، قه‌زای ڕانیه، قه‌زای ڕه‌واندو‌ز، قه‌زای كۆیه، قه‌زای كفری). به‌هه‌مان شێوه، جگە لە کلتوری کوردی و تورکمانی یه‌ك ئاوه‌دانی عه‌ره‌بی لێ نه‌بوو كاریگه‌ریان هه‌بێت له‌سه‌ر كلتوری سه‌نجه‌قه‌كه. بۆیە لە کەرکووک و موسڵیش کورد و تورکمان پێکەوە دەژیان و هیچ سەرچاوەیەکی مێژوویی نییە ئاماژە بە ناکۆکی و گرژی پەیوەندی نێوان ئەم دوو نەتەوەیە بکات. ئەوەی هەیان بووە لە ناکۆکی لەگەڵ دەسەڵات بووە.
سه‌نجه‌قی سلێمانی پێنج قه‌زای هه‌بوو (قه‌زای ناوه‌ند، قه‌زای بازیان، قه‌زای هه‌ڵه‌بجه، قه‌زای شاره‌زور، قه‌زای مه‌رگه). له هیچ سه‌نجه‌قێك له سه‌نجه‌قه‌كانی ویلایه‌تی موسڵ دا كلتور و ڕۆشنبیری و پێكهاته‌ی عه‌ره‌بی ڕۆڵ و كاریگه‌ری نه‌بووە تا دوای دروستكردنی ده‌وڵه‌تی عێراقی.
لە ویلایه‌تی به‌غداش کورد و تورکمان لە بەشێکی زۆری سەنجەق و قەزاکانی ویلایەتەکەدا ڕۆڵ و کاریگەریان هەبوو. کلتوری کوردی و تورکمانی لە پاڵ کلتوری عەرەبیدا یەکێک بوون لە سیما کلتورییەکانی ناوچەکە.ئەوکات هێشتا تەعریب هەردوو کلتورەکەی لە بۆتەی خۆیدا نەتواندبووەوە، بۆ نموونە ویلایەتی بەغدا له سێ سه‌نجه‌ق پێكهاتبوو، کە بریتی بوون له سەنجەقەکانی دیوانیه و كه‌ربه‌لا و سه‌نجه‌قی ناوه‌ند. هه‌ر یه‌كه‌یان چه‌ندین قه‌زایان هه‌بوو، بۆ نموونه سه‌نجه‌قی ناوه‌ند یان مه‌ركه‌زی به‌غدا نزیكه‌ی دە قه‌زای هه‌بوو (قه‌زای مه‌ركه‌ز، عه‌زیزیه، عانه، ڕومادی، سامه‌ڕا، كازمییه، كوت، خانه‌قین، باقوبه، مه‌نده‌لی). ئه‌وكاته لە زۆربەی ئەم قەزایانەدا کلتوری کوردی و تورکمانی زاڵ بوو، ئەمە تا ئێستاش بە هەندێکیانەوە دیارە. جگه له خانه‌قین و مه‌نده‌لی كه كورد بوون له قه‌زاكانی مه‌ركه‌ز و كوت و باقوبه و سامه‌ڕاش تێكه‌ڵه‌ی كلتوری كوردی و تورکمانی هەبوون، كلتوری عەرەبی لە هیچ کامیان زاڵ نه‌بوو.
کاتێک ده‌وڵه‌تی عێراقی دروست كرا. سه‌ره‌تا به هێمنی و شێنه‌یی و به به‌رنامه‌یه‌كی عێراقیانه‌ی ناسیونالیستی عه‌ره‌بیه‌وه ده‌ستیدایه سڕینه‌وه‌ی سیما کلتوریەکانی کورد و تورکمان لە هەموو ئەو قەزایانەدا. شارستانیه‌ت و كلتوری مادی و مه‌عنه‌وی ناوچه تێكه‌ڵه‌كان کەوتنە بەر هەڵمەتی سڕینەوە و سه‌پاندنی زمان و بوژاندنه‌وه‌ی هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی عه‌ره‌بی له‌و ناوچانه‌دا. بۆیه له قۆناغه‌كانی دواتر زۆربه‌ی كه‌سایه‌تیه ڕه‌گه‌زپه‌رسته توندڕه‌وه‌كانی عه‌ره‌ب له‌م ناوچانه‌دا دروستبوون، وه‌كو موسڵ و تكریت و ده‌ڵتا (خاڵص) و دیاله، كه تا چله‌كانیش خاڵی ته‌ماس و به‌یه‌ك گه‌یشتن وناوچه‌ی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه و ڕووبه‌ری پێكه‌وه ژیانی كورد و تورکمان بوون لەگەڵ کەمینەیەکی عه‌ره‌ب دا.
ده‌وڵه‌تی عێراقی به به‌رنامه و له ڕێگای هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌ندێك یه‌كه‌ی كارگێڕی و دروستكردنی یه‌كه‌ی كارگێڕی دیکە ، ورده ورده ڕۆژهەڵاتی بەغدا و لیواكانی دیاله و موسڵی ته‌عریب كرد.بۆ نموونە لە ١٩٦٩دا بڕیاری بە پارێزگاکردنی دهۆکی دەرکرد. بە لکاندنی قەزا کوردیەکان بەو پارێزگایەوە هەژموونی کلتوری کوردی لەسەر موسڵ کەم کردەوە. لە لایەکی دیکەوە بە هێنانی عەرەب و نیشتەجێکردنیان لە ناو شاری موسڵ و دەوروبەری و گەورەکردنی گوند و ناحیە عەرەبنشینەکان تا ڕادەیەکی زۆر کلتوری کوردی و تورکمانی لە پارێزگاکە سڕیەوە.
لە کەرکووکیش بەهەمان شێوە، بەرنامەی گۆڕانکاریی نەخشەی کارگیڕی و دوورخستنەوەی کورد و تورکمان و هێنانی عەرەب و نیشتەجێکردنیان پیادەکرد. بەڵام شۆڕش و خەباتی کورد و بەرەنگاری ئەو سیاسەتە لە شەستەکان و کاریگەری بەیانی یازدەی ئازاری ١٩٧٠ و دواتر بەهێزبوونی خەباتی چەکداری هەشتاکان و ئازادکردنی کەرکووک لە ١٩٩١ و گۆڕانکاریەکانی دوای ٢٠٠٣ هەموو ئەمانە وایان کرد، کورد و تورکمان لە کەرکووک دا هەمان چارەنووسی موسڵ یان نەبێت.
بە شێوەیەکی گشتی دەتوانین بڵیین، بە درێژایی مێژووی پێکەوەژیانی کورد و تورکمان لە عێراق بە گشتی و لە کوردستان بە تایبەتی، تا ڕادەیەکی زۆر ژیانیان لەیەک چووە و خۆشی و ناخۆشیەکانیان زۆر نزیک بووە لە یەکدیەوە.