بۆ گێڕانەوەی شکۆ و متمانە و ئینتیمای تاکی کوردستانی بۆ خاک، دەبێت ئیش لەسەر شانازییەکانمان بکەین. دەبێت هەرچی شانازیمان هەیە لەم نەوە تازەیەی بگەیەنین و پێیان ئاشنا بکەین، ئەگەر نا، زۆر لەوە خراپترمان بەسەر دێت. دەبێت زۆر بە خێرایی ئەو کارە بکەین چونکە خەریکە ئەم نەوەیە لە هەموو شتێکی خۆی هەڵدەگەڕێتەوە، متمانەی بە هیچ نەماوە. ئێ چۆن دەوڵەت ئەوها دروست دەکرێت؟ دروستکردنی دەوڵەت، تاکی بەئەمەک و شکۆمەند و دڵسۆزی دەوێت. نەتبوو، چۆنی دروست دەکەیت؟ دەوڵەت بە ماستاوچی و زوڕناژەن و پارەخۆر و کلاوچییان دروست ناکرێت. هەر دەم دەڵێم، پێش ئەوەی هەر شتێک بین، دەبێت کوردێکی دڵسۆز و بەئەمەک بین، دەوڵەت بە دڵسۆز و خەمخۆران دروست دەکرێت.
ئەرێ تاکی کوردستانی شانازیی بە چیی کوردستانەوە بکات؟ شانازییەکانی ئێمە چین؟ زۆر شتی بچووک و گەورەمان هەیە کە دەبێت شانازییان پێوە بکەین و بیانکەین بە بەردی بناخەی دەوڵەتی کوردستان. ئەم شانازییانەی لە خوارەوە باسیان دەکەم بناخە و هەناوی شارستانیی مەیە، ڕەگ و قەدی کلتوری کوردستانین. تۆ چاو دێ و ورد بەوە، کلتور و شارستانییەتێکی چەند دەوڵەمەند و جوانمان هەس. ئێستەیش نەچووە و کات ماوە. دەتوانین ئیشیان لەسەر بکەین.
نانی تیری
کێ هەیە حەزی لە نانی تیری نەبێت؟ من لێرە باسی حەز و خواردنی نانی تیری ناکەم. ڕاستە، تامی زۆر خۆشە و لە هەموو جۆرەکانی دیکەی نانیش تەندروستترە. ئەوەیش هەر شانازییە. من وەک دینگەیەکی دەوڵەتی کوردستانی باسی نانی تیری دەکەم. ڕەنگە فشەتان پێ بێت. بەڵام وەرن با بزانین چەندە گرنگ و پڕ بەهایە نانی تیری.
لەبەر ئەوەی کورد نانی تیری هەبووە، گەلێکی برسی نەبووە. هیچی نەبووبێت نانی تیری هەبووە. لەبەرئەوەش قەت برسی نەبووە، گەلێکی داگیرکەر و توندوتیژ و بکوژ نەبووە. داگیرکاری و کوشتن و بڕین لە چییەوە هاتووە؟ لە برسییەتی و چاوچنۆکی. هیچ وڵاتێک وەک ئەمریکا برسی نییە، بۆیە داگیرکەرە. هەرچی داگیرکەر هەیە لە مێژوو، لە برسان و لە تاوی داتەپینی سیستەمی ئابووری، پڕی داوەتە خاک و وڵاتی ئەوی دیکە. ئەگەر ورد بینەوە لە ڤایکینگەکان، لە ئەنگلۆ-ساکسۆنەکان، گەلانی سکاندەناڤی، مەغۆلەکان، عارەب، فارس، تورک و هتد، ئەمانە لە برسان دەستیان کردووە بە کوشتن و بڕینی هەرچی هاتووەتە پێشیان. کەس ناتوانێت نکووڵی لە مێژووی خوێناوی ئەمانە بکات. ئەوانە برسی بوون و بە هیچیش تێر نەبووینە، بۆیە تا لەناوچوونیان دانەکاساون. گەلی چاوبرسی هەر دەم نەدیتکەشە. نەوەی ئەو گەلانە ئێستاش چاوبرسی و نەدیتکەنە. وەرە یەکێ لەوانە داوەت بکە، وەرە ئەمریکییەک داوەت بکە، یان ئەوڕوپییەک، لەبەرئەوەی بەلاشە، هەنکی یەک کۆنەبرسی دەخوات، تا تەنگەی دێشێت، دەست هەڵناگرێت، بەڵام ئەگەر بە پارەی خۆی بێت، یەک لەفە یان یەک زەڵاتەی دەخوات. چاوبرسی هەر دەم ڕەزیل و پیسکەیە. بە پێچەوانەوە، هیچ گەلێکم نەدیتییە هێندەی کورد چاوتێر و بە دڵ و دەست بێت. ئەوە ئەسڵی کوردە. بەداخەوە، بەهۆی ئەزموونی سی ساڵەی حیزبەیلی کوردییەوە، ئەو چاوتێری و شکۆمەندییەی تاکی کورد پووکایەوە.
بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان، کۆچ لێرەوە، لەم کوردستانەی خۆمان، کراوە بۆ ناوچەیلی ئەنادۆڵ و لەوێشەوە بۆ یۆنان و لەوێشەوە بۆ هەموو ڕۆژئاوا. بۆچی کۆچی کوردان سەری گرتووە؟ بۆچی کۆچی گەلانی دی سەری نەگرتووە؟ لەبەرئەوەی کورد نانی تیری هەبووە، بەرگەی گرتووە. دایمە نانی تیری و هەندێ گوێز و مێوژی پێ بووە. ئەو سێیەت لا بێت، حەز دەکەی بڕۆ ئەو سەری دنیا، باکت نابێت. نانی تیری سیفەتێکی هەیە، زۆر دەمێنێتەوە و تێک ناچێت. لە هەر شوێنێک بیت، بە هەندێ پڕووشکی ئاو، نەرم دەبێتتەوە و دەستی خۆتی لەگەڵ دەخۆی. گەلانی دی لە ڕێگە لە برسان ڕەق بووینەوە.
نانی تیری گەورەترین سەرمایەی کوردستانە، دەبێت هەموومان شانازی پێوە بکەین. شاگەشکە دەبم کاتێ هەندێ کۆمپانیا دەبینم نانی تیری دەفرۆشن. هەندێ ماڵ و خانم هەن نانی تیری دەکەن و دەفرۆشن. دەبێت حکومەت هاوکاری ئەوانە بکات و بیانکات بە کۆمپانیای پڕۆفێشناڵ. دەبێت نانی تیری بنێرینە وڵاتانی کەنداو و ئەوروپا. ئەو وڵاتانە سوپاسگوزار دەبن و دەستمان بۆ درێژ دەکەن بۆ ئەو نانە تەندروست و بەتامە. لە ئەڵمانیا، ئەمریکا، فەڕەنسا، هۆڵەندا و چەندان وڵاتی دیکە، یەک سەموونم کڕیوە بە نرخێکی زۆر گران، هەندێ جار چار یان پێنج دۆلارم پێ داوە و تامی هیچیشی لێ نایەت و دنیایەک مەواد حافیزەشی تێدایە کە بۆ تەندروستی باش نییە.
نانی تیری ئیی بەریتانیا یان هەر وڵاتێکی تر بایە، ئێستە لە هەموو دنیا وەک مارکە و براندێکی پڕ بەها دەیان فرۆشت. دەبوایە ئێستا، نانی تیری، لە هەموو وڵاتان هەبێت و لەسەری نووسرا با (made in Kurdistan). وێڕای نانی تیری، چەندان جۆری تری نانمان هەیە: هەورامی، ئەستووک، کولێرە، ناسکەنان، هتد. لە ئەمریکا، سیمینارێکم کرد لەسەر جۆرەکانی نانی کوردی، خەڵکەکە حەپەسا بوون بەو هەموو جۆرە نانە. بەس گرفتی مە ئەوەیە، شتەکانی خۆمان بە کەم سەیر دەکەین، بایەخیان نازانین، دەیان شکێنین، بچووکیان دەکەینەوە.
ئاشتی
لەبەرئەوەی کورد برسی نەبووە، هەر دەم چاوتێر بووە، دایمە میواندۆست بووە، دایمە ئاشتیخواز بووە. ئەو ڕێز و میواندۆستییەی مە دەگەڕێتەوە بۆ چاوتێرییەکەمان. قەت بیانییەک نابینیت بێ داوەتت بکات، بیکاتیش یەک دوو ئارو و پەتاتەت لەبەردەمی دادەنێت، یان پیتزایەکت بۆ دەکڕێت. بەڵام ئێمە کاتێ بیانییەک داوەت دەکەین، هەرچی پێمان بکرێت، بۆی ئامادە دەکەین و بە جوانترین شێوە پێشکێشی دەکەین. لانی کەم، دوو جۆر شلەی بۆ دەکەین، دوو جۆر گۆشت، بێجگە لە زەڵاتە و ماستاو و سەوزە و شیرینیش.
ئەو چاوتێرییە وای لە ئێمە کردووە پێویستمان بە هیچ نەبێت. کورد ئاشتیخواز بووە چونکە پێویستی بە هیچ نەبووە. نان و ئاو و کشتوکاڵ و هەموو شتێکی خۆی هەبووە. هیچ گەل و کۆمەڵێکی ئەزیەت نەداوە و داگیریشی نەکردوون. دەبێت ئەوە گەورەترین شانازیی ئێمە بێت. نابێت لێی بسڵەمینەوە و نەنگی بێت لامان. گەلانی داگیرکەر ڕوویان قایمە و شانازی بە مێژووی کوشتن و بڕینی خۆیانەوە دەکەن، ئێمەی کوردیش وا خەریکە هەرچی شانازیمان هەیە لە بیریان دەکەین. گرفتی نەتەوەی ئێمە برسیبوون نییە. بۆ نموونە، مامۆستا مووچەی پێ نەدەیت، خۆ هەر دەژی. بۆچی مامۆستا وا دەکەن؟ گرفتەکە نەبوونی دادوەریی کۆمەڵایەتییە. مخابن، ئەو هەموو نەتەوە برسییەی چوار دەورمان و دنیا بوون بە خاوەنی دەوڵەتی خۆیان، کوردی چاوتێر وا بە کزی و کڵۆلی ماوەتەوە.
یەکەم ڕێککەوتنی ئاشتی لەسەر ئەم زەوییە بە شێوەیەکی فەرمی لە نێوان میتانییەکان و فیرعەونەکان کرایە. تیدۆخیبا، کچی پاشای میتانییەکان (کوردستانی ڕۆژئاوا)، مێردی بە ئەخناتوون کرد وەک بەشێک لە ڕێککەوتنی ئاشتی. لەوێ لە میسر، پێیان دەگوت نەفەرتیتی، واتە کچە سپییە جوانەکە. وەک شاژنی میسر کاریگەریی بەرچاوی هەبوو و خودای ئاموونی قەدەخە کرد و ئایینی خۆی چەسپاند لە میسر. تۆ بنۆڕێ ئێستا، گەلێکی چاوتێر و ئاشتیخواز چی بەسەر هاتووە؟
کشتوکاڵ
دەبێت هەموو تاکێکی کوردستانی ئەوە بزانێت کە کشتوکاڵ لێرە لە کوردستان دەستی پێ کردییە، دەبێت شانازی بەوە بکات. خاکمان بە پیتە و ئاویشمان هەس. دەبێت زۆر بایەخ بە کشتوکاڵ بدەین. ڕۆژێک دادێت تەنیا کشتوکاڵ دەمێنێتەوە، وەک چۆن سەرەتا تەنیا کشتوکاڵ هەبوو. هەر دەوڵەتێک کەرتی کشتوکاڵی بەهێز بێت، قەت ناکەوێت. جێی دڵخۆشییە کاتێ دەبینم یەکێ لە ئەولەویەتەکانی حکومەت برەودانە بە کەرتی کشتوکاڵ. دەبێت هەموو لایەک هاوکار بین. بێ و تەماشای بەرنامەی حکومەت بکەی، بەتایبەتی ئەو پڕۆژانەی لە بواری کشتوکاڵدا هەن، پڕۆژەی ستراتیجی و پڕبایەخن. بەڵام گرفتەکە ئەوەیە حکومەت پارەی نییە ئەو پڕۆژانە بکات. بە هەر شێوەیەک بێت، دەبێت حکومەت پارە پەیدا بکات و ئەو پڕۆژە کشتوکاڵییانە جێبەجێ بکات. لەو زنجیرە بابەتەی کە ماوەیەکە دەینووسم و لێرە لە ماڵپەڕی سەکۆ بڵاویان دەکەمەوە، باسی ئەوەم کردووە چۆن حکومەت دەتوانێت پارە خەسار نەکات و گلی بداتەوە بۆ ئەم پڕۆژە ستراتیجیانە. ناردنی هەنار، هەنگوین، سێو، پەتاتە و سرکەی خۆماڵی بۆ وڵاتانی دەرەوە سەرکەوتنێکی گەورەیە، بەڵام ئەمە سەرەتای کاروانەکەیە و دەبێت زۆر لەوە زێتر بکەین. هیوادارم بە چاوی خۆمان لە ئایندەیەکی نێزیکدا، بەرهەمی خۆماڵی لە بازاڕەکانی دۆحە و دوبەی و کوێت و مەنامە و لەندەن و پاریس و ئەمستردام و پڕاگ و بەرلین و شارەیلی تریش ببینین.
کەرتی کشتوکاڵ گەنجینەیەکە هێندەی زێڕ و نەفت و ئەڵماس گرانبەهایە. دەبێت حکومەت بایەخی زێتر بە جووتیار و لادێکان بدات. دەبێت جووتیاری ئێمە وەک پاشا ژیان بەڕێ بکات. بنۆڕە ژیانی جووتیارانی ئەوروپا و ئەمریکا. زۆر باش دەژین. خەڵک و حکومەت نرخ و بەها دەدەن بە کاڵا و بەرهەمیان و زۆریش ڕێزیان لێ دەگرن. لە وڵاتەیلی پێشکەوتوو، سێ چین زۆر خۆش دەژین: وەرزشکار (تۆپانێ و باسکە، هتد)، نمایشکار (ئەکتەر و گۆرانیبێژ و نمایشی دیزاینەران) و جووتیار.
گریانم دێ کاتێ جووتیارێک دەبینم ئارو و تەماتە و بەرهەمەیلی لەسەر شەقام بەگۆڕێ وەردەکات و نەفرەت لە خۆی و ژیانی دەکات. لە بەشەیلی تر باسم کرد، دەبێت خۆمان گەمارۆ باوێینە سەر خۆمان، دەبێت خۆمان خۆمان بەخێو بکەین، دەبێت پشت ببەستین بە جووتیارانی خۆمان. ئەوها دەوڵەت دروست دەکرێت. دەبێت هەموومان شانازی بە جووتیارانی خۆمان بکەین.
شایی
لەبەرئەوەی کورد چاوتێر و ئاشتیخوازە، قەت کۆیلەی نەبووە. تاکە نەتەوەین لەسەر زەوی، قەت سیستەمی کۆیلایەتیمان نەبووە. ڕاستە سیستەمی خێڵەکی و هۆز و ئاغایەتیمان هەبووە، غەدریشیان کردووە، بەڵام قەت کۆیلەیان نەبووە. بۆچی گەلانی دنیا (تورک، عارەب، فارس، ئەوانی تریش) سەماکەریان هەیە؟ ڕیشەی سەماکەر دەگەڕێتەوە بۆ سیستەمی کۆیلایەتی. دایمە کۆیلە سەمای کردووە بۆ گەورەکەی. کورد سەماکەری نییە چونکە کۆیلەی نەبووە.
لەباتی سەما، کورد شایی هەیە. لە شایی ورد بینەوە، سەربەستی و ئازادی و یەکسانیی جێندەری لێ بەدی دەکەین. دەستگرتنی ژن و پیاو لە یەک ڕیز، بێ ئەوەی کەس لە پێش ئەوی دی بێت، جۆرێکە لە ئازادی، یەکسانی، جۆرێکە لە خۆبوون. هەڵپەڕکێی کوردی پڕاکتیزەیەکی کلتوری شازە بە نەتەوەی کوردستان. دەبێت تا سەر ئێسک شانازی پێوە بکەین. دەبێت ئیشی لەسەر بکەین.
شایی ئیی وڵاتێکی وەک ئەمریکا یان فەڕەنسا با، ئێستا دەیانکرد بە هەرا لە دنیا، دەیانخستە نێو هزر و گیرفان و ماڵ و بیری هەموو کەسێک. دەبێت حکومەت زێتر بایەخ بە تیمی هەڵپەڕکێی کوردی بدات. جێی شانازی و دەستخۆشییە کە تیمی هەڵپەڕکێی هەولێر، ساڵانە بەشدارە لە فیستیڤاڵە کلتورییەکان لە جیهان. دەبێت بایەخی زێتر بەوان و بە هەموو تیمەیلی هەڵپەڕکیی کوردی بدرێت.
ناندین
هەموو نەتەوەیەک بە ناندینی خۆی دەنازێت، بە چێشتی جۆرەوجۆری خۆی. ناندینت چەند دەوڵەمەند بێت، دەبێت هێندە شانازی بە نەتەوە و کلتوری خۆتەوە بکەیت. هەموو نەتەوەیەک ڕیکلام بۆ خواردنی خۆی دەکات و مێشکی سەری جیهان دەبات. نازانم بۆ ئێمە هێندە نامۆین بە کلتور و ناندینی خۆمان؟ لەبەرئەوەی ئێمە ئیش لەسەر جۆرەکانی خواردنی خۆمان ناکەین، تورک و فارس و عارەب، خواردنی مەیان کردووەتە ئیی خۆیان. جێی دڵخۆشییە، لە هەندێ بۆنەدا دەبینم، حکومەت بیانییەکان بە خواردنی کوردەواری داوەت دەکات. کەیفم بەو چێشتخانەیلە دێت خواردنی کوردەواری دەفرۆشن. لە فیستیڤاڵی سەری ساڵ، شاگەشکەبووم، کاتێ عارەبی گەشتیار لای پیرە قەڵای هەولێر کەتبوونە سەر دۆڵمە: دوو سڵق و پیازێک و باینجانێک بە هەزار دینار بوو. بەبەر نەدەکەوت. بەڵام هێشتا بەپێی پێویست نییە. پێویستە حکومەت لە شارە گەورەکانی دنیا، باشترین چێشتخانەی کوردی بکاتەوە. دەزانی دەکرێ ناندین ببێتە ئامرازێکی لۆبیکردن؟
چەند پێشنیارێک دەکەم بۆ برەودان بە ناندینی کوردەواری، لێرە و لە دەرێ. لە قوتابخانە و زانکۆکاندا، ساڵانە فیستیڤاڵی ناندین بکرێت، باشترین خواردنی کوردەواری بێتە خەڵاتکردن. کارێکی باشە لە هەندێ تیڤیدا، بەرنامەی ناندین و ئامادەکردنی خۆراک هەیە، بەس زێتر بۆ لایەنی تەندروستی و تام و چێژە، دەبێت بۆ ناساندنی خۆراکی کوردەواری بێت، نەک بیانی. دەکرێت وەزارەتی ڕۆشنبیری یان یەک لە تیڤییەکان پیشبڕکێی بەتامترین خواردنی کوردەواری بکەن ساڵانە. لە دەرەوەیش، پێویستە حکومەت لە ڕێی پێوەندییەکانی خۆیەوە، کار لەسەر ناساندنی خواردنی کوردەواری بکات.
تەلارسازی
یەکێ لە هەرە کۆنترین نەتەوەکانی جیهانین، ئێمە. کەواتە کۆنترین دیزاین و شێوازی بنیاتنانی خانوو لای ئێمەیە. بیزا بەدران، کچە کوردێکی دانیشتووی بەریتانیایە، ماستەرنامەکەی لەسەر تەلارسازیی کوردی بوو. ئێمە لەو بوارەیش دەوڵەمەندین، بەڵام کەمترین بایەخمان پێی داوە. تەلارسازیی ناوچەی هەورامان، بادینان، خۆشناوەتی و باڵەکایەتی و دەڤەرەیلی تریش بەشی سەدان لێکۆڵینەوەیان پێوەیە. بەڵام بە کێ دەڵێی؟ ئەوە ئیشی زانکۆکانە. نەخشە و دیزاینی ئێمە بناخەی نەخشە و دیزاینی هەموو جیهانە، بەڵام ئەو بوارەمان بە تەواوی پشگوێ خستووە.
سەگی پشدەر و کۆتری سابوونی و نەخشەی جیهان
دەبا ئێستا مۆزەخانە و پێشانگەی جیهانیمان هەبا بۆ سەگی پشدەری و جۆرەیلی کۆتری خۆماڵی. یان لانیکەم، ئەوانە بەشداریان پێ کرابا لە پێشانگە جیهانییەکاندا. ئەوەیش جۆرێکە لە لۆبیکردن و ناساندنی کلتور و ناسنامەی کورد. کەچی تورک سەگی پشدەری کردووەتە ئیی خۆی و لە ئینسایکلۆپیدیای تورکیدا سەگی پشدەری بە ناوی کانداڵ ناساندووە و کردوویەتی بە تورک. دەریاوان و نەخشەسازی جیهانی، ڕەیس پیری، کوردی باکوورە و تورک ئەویشی کردووەتە موڵکی خۆی. توێژەر محمد عەلی لە زانکۆی سۆران توێژینەوەی لەسەر ڕەیس پیری و نەخشەکانیدا کردووە. دەبوایە ئێستا زانکۆ بە هاوکاریی حکومەت ئەو توێژینەوەی لە هەموو دنیا ناساندبا. دەبوایە ئێستا میدیاکانی ئێمە بە هەموو زمانەکان، بیان کردبا هەرایەکی گەورە لەسەر ئەو توێژینەوەیە.
یارییە کوردییەکان
وازییە کوردەوارییەکانی وەک سەرمەقولات، ئەی گیان ئەی گیان، کەڵەمستانێ، دامە، سینیانێ، پێنجووکانێ، هەڵماتێن، ڕێویانێ، تەڵە، هەلیک و پەلیک، پەت ڕاکێشان و دەیانی تریش دەبێت نوێ بکرێنەوە و ئیشیان لەسەر بکرێت. کەناڵی ڕووداو لە بەرنامەی وەرزیندا هەوڵێکی باشی دا بۆ زیندووکردنەوەی هەندێ لەو یارییانە لە لادێکانی کوردستاندا. قوتابخانە و زانکۆکانیش دەتوانن ئەم وازییانە نوێ بکەنەوە لە ڕێی چالاکیی جۆرەوجۆرەوە. پار، زانکۆی هەڵەبجە فیستیڤاڵێکی کرد و چەندان وازی زیندوو کردەوە.
ئاو
دەبێت ئاو ببێتە سیمبول و هێمای کوردستان، وەک چۆن گەڵای داری مەیپڵ سیمبولی کەنەدایە. هەموو ئاماژەکان ئەو ڕاستییە تاڵە دەردەخەن کە کێشمەکێشەیلی ئایندە لەسەر ئاو دەبێت. هاوکیشەی ئایندە ئەوەیە: دڵۆپێک ئاو بەرانبەر دڵۆپێک نەفت. دەبێت تاکی کوردستانی لە باخچەی ساوایانەوە پەروەردە بکرێت لەسەر شانازیکردن بە ئاوی کوردستان، دەبێت ڕابهێنرێت لەسەر پاراستنی ئاوی کوردستان. یاسایەک دەردەکەم، هەر ژنێک قیڕی بەر دەرکەی بشوات، غەرامەی دەکەم. چاوم دەچێتە پشتی سەرم کاتێ ژنێک دەبینم سۆندەی بە دەستە و لە هیچوخۆڕایی قیڕی پێش ماڵی خۆی دەشوات. ئەوە کفرییە، کارەساتە. لە هیچ شوێنێک، بەم جۆرە ئاو بەهەدەر نادرێت. ڕەنگە گاڵتەتان پێ بێت، بەڵام بۆ من، کەسەرێکی گەورەیە، بە لای من، دەوڵەتی کوردستانی لەم شتانەوە دەست پێ دەکات. جێی دەستخۆشییە، حکومەت پلانی هەیە بۆ دروستکردنی بەنداو و پاراستن و گلدانەوەی ئاوی کوردستان، بەڵام جێی داخە هەر دەڵێن پارەمان نییە. دەبێت بەزووترین کات، ئەو بەنداوانە تەواو بکرێن و ئاو بکرێتە سیمبولی کوردستان. دەبێت میدیاکان و قوتابخانەکان بێنە سەر خەت و وشیاری ئاو بڵاو بکەنەوە. من بم لەباتی حکومەت، هەموو هێز و توانام دەخەمە گەڕ بۆ تەواوکردنی ئەو بەنداوانە تا کۆتایی ٢٠٢٦، بزانە دەوڵەتی کوردی دروست دەبێت یان نا.
پوختە
ئەم شانازییانەی سەرەوە و دەیان شانازی دیکەیش شووناس و پێناسەی ئێمە دروست دەکەن. شووناس واتەی چییە؟ شتێک پێی بناسرێینەوە، پێی جیا بکرێینەوە لە نەتەوەکانی دیکە. شووناس و پێناسە و کلتوری مە گەلێ دەوڵەمەندە. بێ لەوانەی سەرەوە، چی ترمان هەیە شانازی پێوە بکەین؟ زۆر شتمان هەیە. لەم وتارەدا، تەنیا باسی ئەو شتانەم کردووە کە تا ئێستە باس نەکراون، یان لەبیر کراون. باسی شتە بچووکەکانم کردووە. پێشمەرگە، زمان و ئەدەبی کوردی، گۆرانی و موزیکی کوردی، جلی کوردی، کڵاش، و دەیان شانازیی دیکەی کلتوریمان هەیە. شووناسی هەر گەلێک، کلتورەکەیەتی. دەبێت ژیرانە دەست بە کلتوری خۆمانەوە بگرین. هەر پاراستنیان بەس نییە، دەبێت برەویان پێ بدەین و بە جیهانیان بناسێنین. لەپاڵ هەوڵە دیپلۆماسی و سیاسییەکان بۆ لۆبیکردن و بەدەستهێنانی پشتگیری بۆ پرسی بەدەوڵەتبوونی کوردستان، دەکرێت ئەم شانازییانە وەک ئامرازەیلی لۆبیکردن بێنە بەکاربردن. دەبێت بەردەوام ئیشیان لەسەر بکەین، لای ئەم نەوە تازەیە خۆشەویستیان بکەین.