یەکێک لەو چەمکانەی کە کەمترین پانتایی لە هزر و فیکری ئێمەدا داگیر کردبێت، شکۆی تاک و سەروەریی نەتەوەیی/نیشتیمانییە. یەکێک لەو چەمکانەی کە نەتەوە و وڵاتە جیاوازەکان لە سەرتاسەری دنیادا شەڕی بۆ دەکەن و بە موو لێی دانابەزن، ئەو چەمکەیە، کە پێی دەڵێن سەروەریی. چەمکی سەروەریی نەتەوەیی/نیشتیمانیی کەی و لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە؟ جیاوازی نێوان سەوەری و شکۆی تاک لەگەڵ سەروەری کۆ لە چی و لە کوێ دایە؟ لێرەدا سەرەتا باس لە سەروەریی و سەروەریی نەتەوەیی دەکەم، دواییش دێمە سەر شکۆی تاك.
سەروەریی نەتەوەیی
لەسەر ئاستی کۆدا، ئەو چەمکە پەرەسەندنێکی مێژوویی ئاڵۆزی هەیە و سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغ و سەردەم و ناوچە جیاوازەکان. بەڵام بیرۆکەکە لە سەرەتای دەستپێکی مۆدێرنەوە لە ئەوروپا بە شێوەیەکی کۆنکرێتیتر دەست پێ دەکات. دیارە کە دەستپێکردنەکە پەیوەندی بە هەڵکشانی وشیاریی نەتەوەییەوە هەبووە و هەیە. چەند وشیارییەکە بەهێز بووبێت، خواستی سەروەرییش بەهێزتر بووە.
یەکێک لە بەربەستە سەرەکییەکانی پەرەپێدانی چەمکی سەروەریی نەتەوەیی پەیوەستە بە پەیماننامەی ئاشتی وێستڤالیا، کە زنجیرەیەک پەیماننامە بوون، لە ١٦٤٨ واژۆ کران، واتە 375 ساڵ بەر لە ئێستا نەتەوە مەزنەکان کاریان بۆ سەروەری نیشتیمانی خۆیان کردووە. زۆرجار ئاشتی وێستفالیا بە خاڵی وەرچەرخان لە سیستەمی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکاندا دادەنرێت. پەیماننامەکان کۆتاییان بە جەنگی سی ساڵە لە ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی پیرۆز و شەڕی هەشتا ساڵەی نێوان ئیسپانیا و کۆماری هۆڵەندا هێنا.
ئاشتی وێستڤالیا بە پرەنسیپی “نیشتیمانەکەت کوێیە، ئەوە ئایینەکەتە”، بووە بە بەشێکی گرنگ لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، دەسەڵاتی بە فەرمانڕەواکان دا بۆ خۆیان ئایینی خاک و وڵاتانی خۆیان دیاری بکەن، واتە ئەوان سەروەریی ڕەهایان لەناوخۆی وڵاتی خۆیاندا هەیە بۆ دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان لە ئازادی بڕیاردان. ئەمەش گۆڕانێک بوو لە بیرۆکەی سەدەکانی ناوەڕاست کە دەسەڵاتێکی مەسیحی گشتگیر بوو، ڕێگەی خۆش کرد بۆ دانپێدانانی تاک بە تاکی دەوڵەتەکان وەک قەوارەی سەروەر، بەمانای ئەوەی ئایین چیتر دەسەڵاتێکی ڕەهای نییە بەسەر ڕۆحی نەتەوەکان لە دەرەوەی سنوورەکانی وڵاتانی خۆیاندا. چیتر دەسەڵاتێکی دەرەکی، با ئایینیش بێت، ناتوانێت بڕیار لە چارەنووسی نەتەوەکان بدات. لەدوای جەنگی یەکەمی جیهانی، کورد هێشتا لەو چەمک و دونیابینییە تێنەگەیشتبوون، دوای سەد ساڵیش لە داگیرکاریی و خەبات و بەخشینی خوێنێکی زۆر لەپێناو ئازادیدا، هێشتاش ئەو چەمکە لە زیهن و ڕوانگەی مرۆڤی کورد دا کامڵ نەبووە.
چەمکی سەروەریی نەتەوەیی لە سەردەمی ڕۆشنگەریدا زیاتر جێی خۆی گرت، ژمارەیەک فەیلەسوف، لەوانە: جان جاک ڕۆسۆ و ئیمر دی ڤاتل ڕۆڵی کاریگەریان هەبوو. لە کتێبی “گرێبەستی کۆمەڵایەتی”، ڕۆسۆ جەختی لەسەر بیرۆکەی ئیرادەی گشتی و سەروەریی نەتەوە کردۆتەوە.
“گرێبەستی کۆمەڵایەتی”ی ڕۆسۆ، بەردی بناغەی فەلەسەفەی سیاسییە. ڕۆسۆ لە نامە کاریگەرەکەیدا، لە بیرۆکەی گرێبەستی کۆمەڵایەتی دەکۆڵێتەوە، بەوەی کە تاکەکان کۆدەبنەوە و جەستەیەکی بە کۆمەڵ پێکدەهێنن، هەندێک ئازادی تاکەکەسی لەپێناو چاکە و بەرژەوەندی گشتیدا واز لێ دێنن و ڕادەستی دەسەڵاتی سیاسی دەکەن، لە بەرامبەریشدا دەسەڵاتی سیاسی لەسەریەتی شکۆی تاکەکان بپارێزێت.
ڕۆسۆ جەخت لەسەر چەمکی ئیرادەی گشتی دەکاتەوە، پێشنیازی ئەوە دەکات کە ئەو بڕیارانەی بە کۆمەڵ لەلایەن کۆمەڵگاوە دەدرێن، ڕەنگدانەوەی ئیرادەی ڕاستەقینەی هەر تاکێکن لە کۆمەڵگادا. ئەمەش فۆرمێک لە چارەنووسی ورد لە چوارچێوەی جەستەیەکی بە کۆمەڵدا بەرەو پێش دەبات. ئەو دەڵێت کۆمەڵگایەکی دادپەروەرانە ئەو کۆمەڵگایەیە کە تاکەکان ڕاستەوخۆ بەشداری لە داڕشتنی ئەو قانونانە دەکەن کە بەڕێوەیان دەبەن، هەست کردن بە خاوەندارێتی هاوبەش و خۆبەڕێوەبردن، پەروەردە دەکەن. لەوێشدا تاکەکان هەستی شکۆمەندییان بۆ دروست دەبێت و پردی متمانە لەنێوان دەسەڵات و هاووڵاتییاندا دروست و بەهێز دەبێت.
بەکورتی، لە “گرێبەستی کۆمەڵایەتی”، ڕۆسۆ جەخت لەسەر گرنگی بڕیاردانی بە کۆمەڵ و بەدواداچوون بۆ چاکەی گشتی دەکاتەوە. بیرۆکەکانی لەگەڵ بنەما فراوانەکانی تاکەکاندا هاوتەریبن، کە بەشدارن لە پێکهێنانی ئەو ڕێسا و پێکهاتانەی کە لە چوارچێوەی گرێبەستی کۆمەڵایەتیدا ژیانی خۆیان بەڕێوە دەبەن.
ئیمێر دی ڤاتل، کە زانا و دیپلۆماتکارێکی سویسری سەدەی هەژدەمە، کتێبێکی بڵاوکردەوە بە ناوی “قانونی نەتەوەکان”، هەر بەو کتێبەش ناسراوە. کتێبەکەی بە زمانی فەڕەنسی نووسیوە و لە ١٧٥٨ دا بڵاوی کردۆتەوە. لەوێدا ڤاتل باس لە لایەنە هەمەجۆرەکانی قانونی نێودەوڵەتی دەکات، لەوانەش چەمکی سەروەریی. بۆچوونەکانی ڤاتل سەبارەت بە چەمکی سەروەریی هاوتەریب بوون لەگەڵ بیری قانونی و سیاسی باوی سەردەمی خۆیدا. ئەو جەختی لەسەر بیرۆکەی سەروەریی وەک سیفەتێکی جەوهەریی دەوڵەتداریی و سەربەخۆیی کردۆتەوە. ڤاتل جەخت لە هەندێک خاڵی سەرەکی دەکاتەوە لە پەیوەندی بە پرسی سەروەریی، لەوانە:
سەربەخۆیی و ئۆتۆنۆمی: ڤاتل سەروەریی بە تایبەتمەندییەکی ژیانی نەتەوە سەربەخۆکان دەزانێت. ئەو ئاماژە بەوە دەکات کە نەتەوەیەکی خاوەن سەروەریی دەبێت دوور بێت لە کۆنتڕۆڵ و دەستوەردانی دەرەکی و توانای بەڕێوەبردنی کاروباری ناوخۆیی خۆی هەبێت و قانون و سیاسەتەکانی خۆی دیاری بکات. هەر لەسەر ئەو بنەمایەش مادام هەموو نەتەوەیەک هەمان مافی بەڕێوەبردنی کاروباری ناوخۆیی خۆیان هەبێت، کەواتە بەبێ گوێدانە قەبارەی گەورەیی و بچووکی نەتەوەکان، دەبێت پارێزگاری لە یەکسانیان بکرێت لە بەرامبەر قانونی نێودەوڵەتیدا.
ئەوەی کە زۆر گرنگە لە هزری ڤاتل ئاماژەی پێ بکەین ئەوەیە کە هەرچەندە دانی بە بنەمای دەستوەردانی دەرەکی لە کاروباری ناوخۆیی دەوڵەتاندا نەناوە لە پەیوەندی بە پرسی سەروەریی، بەڵام هەندێك هەڵاوێردنی بۆ داناوە، لەوانە، ئەگەر دەوڵەتێک دەسەڵاتی خۆی خراپ بەکار هێنا دژ بە هاووڵاتییانی خۆی، یان هەندێک جار قەیرانی مرۆیی ڕێگە بە ئەگەری دەستوەردانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەدات.
بیرۆکەکانی ڤاتل کاریگەرییان هەبووە لەسەر پەرەپێدانی قانونی نێودەوڵەتیی مۆدێرن، کارەکانیشی بەشداریان کردووە لە داڕشتنی سەروەریی لە چوارچێوەی دەسەڵاتداری و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و تێڕوانینەکانی سەبارەت بە سەروەریی ڕەنگدانەوەی فەلسەفەی سیاسی و قانونەکانی سەردەمی ڕۆشنگەری کردۆتەوە.
لەو ڕوانگەیەشەوە لەوە تێدەگەین، کە دەکرێت چەمکی سەروەری لەلایەن هێزە سیاسییەکانی کوردەوە نەکەوتبێتە بەر ڕووناکی. بە مانایەکی دیکە، پانتاییەکی گرنگی لە هزر و تێگەیشتنی سیاسییە کوردەکان داگیر نەکردبێت چونکە سەروەریی لە سیاسەتەکانی هێزە سیاسییە کوردستانییەکاندا ڕەنگ ناداتەوە. دەکرێت یەکێک لە هۆکارەکان، ئەوەبێت کە لە کاروانی بزووتنەوەی سیاسی خۆیاندا نەک هەر ئەزموونی دەوڵەتداریان نەبووە، بەڵکو نەشیان توانیوە بگەنە ئاستی حیزبێکی مۆدێرن، ئەگەر سیمای مۆدێرنەشیان تێدا بووبێت. باشترین بەڵگەش ئەوەیە کە تا ئەمڕۆش ئامادە نین واز لە ڕەهەندە میلیشیاییەکەی خۆیان بێنن و سوپایەکی نیشتیمانی بۆ هەرێم دروست بکەن لە دەرەوەی دەسەڵاتی حیزب. ئەوە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە کاتێک حیزب خاوەنی چەکداری خۆیەتی، ئەوا بەپێی قانونە بەرکار و باوەکان، میلیشیایە جا هەر ناوێکی لێنرابێت.
بەهەرحاڵ بەتێپەڕبوونی کات چەمکی سەروەری نەتەوەیی بوو بە پرەنسیپێکی بنەڕەتی لە قانون و سیاسەتی نێــــــــــــودەوڵەتیدا، کاریگەری لەسەر گەشەسەندنی دەوڵەتە نەتەوەییەکان هەبوو. ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبوو لە داڕشتنی پێکهاتە سیاسییە مۆدێرنەکان و ئەو بیرۆکەیەی کە هەر دەوڵەتێک لە سنوورەکانی خۆیدا دەسەڵاتی باڵای هەیە.
شکۆی تاك
خاڵێکی دیکە کە لێرەدا زۆر گرنگە بۆ سەروەری دەوڵەت یا هەر هەرێمێک، یا بۆ هەر دەسەڵاتێک، شکۆی تاكە. شکۆی تاك کاکڵی دەوڵەتی مۆدێرنە. مۆدێرنبوونی دەوڵەت، یان مۆدێرنبوونی هەر دەسەڵاتێک بە بانگەشە نابێت، بەڵکو بەو بنەما و پرنسیپانەوە دەبێت کە ئەو دەوڵەتە یا ئەو دەسەڵاتە لەسەری دادەمەزرێت و بەڕێوە دەچێت. بۆیە لە ژێر هەژموونی دەسەڵاتی مۆدێرندا چارەسەرێکی هەمیشەیی بۆ گرووپ و پێکهاتەکانی ناو کۆمەڵگا کراوە. ئەو چارەسەرەش لەڕێی چەمکی هاووڵاتیبوون و شکۆی تاکە. لە دەسەڵاتی مۆدێرندا، شکۆ بۆ کەمینە و زۆرینە نییە بەڵکو شکۆ لە خوارەوە بەرز دەبێتەوە بۆ سەرەوە، واتە لە تاکەوە بەرز دەبێتەوە بۆ سەرەوە. تاك هەڵگری شکۆ و سەروەریی خۆیەتی، نەك لەبەر ئەوەی سەر بە زۆرینەیەک یا کەمینەیەکە، بەڵکو لەبەر ئەوەی لە خودی خۆیدا هەڵگری بەها و بایەخی خۆیەتی. لە وەها دەسەڵاتێکدا، هیچ تاکێک سەر بە هەر گرووپێکی مرۆیی بێت لەناوخۆی هەرێمدا، لە سایەی سیستەمێکی مۆدێرندا، پێویست ناکات نیگەران بێت و بترسێت لەوەی پەراوێز بخرێت، یان مافەکانی پێشێل بکرێن، یان ئازادییەکانی سنووردار بکرێن، بە هۆکارێکی زۆر سادە، ئەویش شکۆی تاکەکانە لەناوخۆی هەرێمێکی سەروەردا. هیچ سیستەمێک نابێت بە ناوی سیستەمی کۆتا و پاراستنی تایبەتمەندی هیچ گرووپێکی مرۆیی گەورە بن یان بچووک، بەڵکو دەسەڵات شکۆی هەموو تاکەکان وەکوو یەک دەپارێزێت و بەرگریان لێ دەکات.
لەو کۆمەڵگانەی کە فیکری ئایینی یا خێڵەکی تیایاندا زاڵە، تەنانەت لەو کۆمەڵگایانەش کە ئایدیۆلۆجیاکان بەسەریاندا زاڵن، شکۆی تاك هەمیشە لە بەردەم هەڕەشەی سنووردارکردن دایە. ئازادییەکان موڵکی ئایدیۆلۆجیست و پیاوانی ئایینین، ئەوان ئازادی تاکەکان دەبەخشنەوە. بە مانایەکی دیکە، تاکەکان موڵکی کۆمەڵن، موڵکی خێزانن، لە دەرەوەی خێزان و کۆمەڵگا، تاکەکان هیچ شکۆ و سەروەرییەکیان نییە. لەو جۆرە کۆمەڵگایانەدا، کە لەهیچ پانتاییەکدا نە شکۆی تاک و نە سەروەری نەتەوە لەئارادا نابێت، کۆمەڵگا بە گشتی لە قۆناغێکی تاریکیدا دەگوزەرێت و هەموو پانتاییەکان تاریک و وێرانن.
کێشەی کورد و هێزە سیاسییەکانی، لەناو وێرانەیی تێنەگەیشتن لە شکۆ و سەروەرییدا ونبوون. ونبوون بە مانای نازانن بەرەو کوێ بڕۆن، هەنگاو بەرەو کوێ بنێن. هەر نەتەوەیەک لە مانای سەروەریی نەتەوەیی تێببگات، خاوەنی دونیابینی و ستراتیجەییەتی تایبەت بە خۆی دەبێت و دەزانێت چی دەوێت و بەرەو کوێ دەڕوات. هەر شارەزایەک تەماشای هێزە کوردییەکان بکات بەشێوەیەکی گشتی و لە هەموو پارچەکانی کوردستانیش، لەوە تێدەگات کە ئەو هێزانە لەناو ونبوونێکی مەترسیداردا گوزەر دەکەن و بێدونیابینی و بێستراتیجن. نەبوونی ستراتیجێکی نیشتیمانی وای لێکردوون هەمیشە پەرتوبڵاو بن، لەنەبوونی پانتاییەک بۆ سەروەریی، ناتوانن و ناشزانن لەدەوری چی کۆ ببنەوە. هەر بۆیەشە ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان دەسەڵاتی سیاسی هەرێم لەبەردەم ڕەشەبای ئەوانی دیکەدا لاربۆتەوە.
پڕۆسەی سیاسیی ساڵانێکە کۆتایی پێ هاتووە، ئەویش لە سایەی نەبوونی ڕوانگە و ستراتیج و حەڵاڵ و حەرامێکی نیشتیمانییدا. لەسایەی تێنەگەیشتن لە فەلسەفەی سیاسی و فیکری سەروەریی نیشتیمانیی، لە غیابی نەبوونی فیکر و هزری شکۆی تاک، ئەمڕۆ هەرێمی کوردستان کە موڵکی هەموو خەڵکی باشووری کوردستانە، بێ پەرلەمان و بێ حکومەتێکی خاوەن شەرعییەت و بێ هیچ جۆرە سەروەرییەکی نیشتیمانییە. ئایا سیاسییەکانی کوردستان لەو قەیرانە فیکرییە، نەبوونی سەروەریی، تێگەیشتوون؟ بەدڵنیایی نەخێر. بۆیە دەڵێم نەخێر، چونکە هەموومان لە ڕەوشێکی نالەباری بێ سەروەرییدا دەژین.
نەبوونی سەروەریی تاك و دروستکردنی کەڕامەت بۆ تاکی کورد، لەڕێی قەیرانە یەک لە دوا یەکەکانەوە، لەڕێی نەبوونی دادوەریی کۆمەڵایەتیی و داڕزان لەناو گەندەڵییەکی ناقۆڵا، لەڕێی جرتوفرتکردنی ڕێژەیەکی زۆر لە تۆمەتبارانی جینۆساید لەناوخۆی هەرێم و دادگایی نەکردنیان، لەڕێی نەبوونی گرێبەستێکی کۆمەڵایەتی لەنێوان هێزە سیاسییەکان، هەروەها لەڕێی پشتگوێخستنی خەڵک و ڕادەستکردنی بە گرووپە ئایدیۆلۆجیستەکان و نەبوونی هیچ سیاسەتێکی نیشتیمانی لەسەر ئاستی زمان و بەهێزکردنی سایکۆلۆجیای تاکی کوردستانی و دروستنەکردنی باوەڕبەخۆبوون و نەبوونی شانازیکردن بە کوردستانییبوونی خۆیان و زۆر هۆکاری دیکەش، وایان کردوە دۆخی هەرێمی کوردستان لەڕووی کۆمەڵایەتی و ئابوورییەوە ناسەقامگیر بێت. کێشەکەش ئەوەیە لەسەر ئاستی کۆی نەتەوە نەتواندراوە لە چەمکی سەروەریی تێبەگەین. ئەو تێنگەیشتنەش وای کردووە ئەو دەسەڵاتە بەرەو هەرەسی بێ شکۆیی بڕوات و ئەو سەروەرییە ڕێژەییەش کە هەبوو، کزببێت و کۆتایی پێ بێت و بکەوێتە بەر تەوژمەکانی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق.
ئەمڕۆ، بەجۆرێک، لەناو قەیرانی بێشکۆییدا دەناڵێنین، کە وایکردووە خەڵکانێک لەناوخۆی هەرێم پەیدا ببن داوای خۆبەدەستەوەدانی ئەو جەستە نەخۆشەش بکەن کە پێی دەڵێن هەرێمی کوردستان. خەڵکێك کە لە بنەڕەتدا نە لە شکۆی تاک و نە لە سەروەری نەتەوە تێگەیشتوون، بەجۆرێک لە سایەی بێشکۆیی خۆیان، داوای لەدەستدانی هەموو جۆرە سەروەرییەکی هەرێمی کوردستانیش دەکەن. پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە، کێشەی ئەوانە لە چی دایە؟ کێشەی سەرەتا و بنەڕەتی ئەوانەش هەستنەکردنە، یان نەبوونی هۆشیارییە لە پەیوەند بە چەمکی سەروەریی. لەجیاتی ئەوەی لەڕێی خۆڕێکخستن و بەهێزکردنی ئۆپۆزسیۆنێکی نیشتیمانییدا هەوڵ بدەن شکۆی تاکی کورد و سەروەری نەتەوەی کورد لەدەست مەترسییە ناوخۆییەکان و دەرەکییەکان ڕزگار بکەن، هاتوون داوای گەڕاندنەوەی هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ قۆناغە پێشینەکان و سەردەمی جینۆساید. بە خۆڕادەستکردنەوەی بەغدا، بەغدایەک کە لە خودی خۆیدا خاوەنی دەسەڵاتێکی مۆدێرن نییە و لە ماف و خواستە نەتەوەییەکانی گەلی کوردستان تێناگەن.
هەڵبەت یەکێک لە هۆکارە بنەڕەتییەکانی ئەو خۆزگە خواستنە بە گەڕانەوە بۆ بەغدا، هەژاریی تاکی کوردە لەمەڕ شکۆی نەتەوەیی. لەسەر ئاستی ناوخۆی هەرێمی کوردستاندا، هێزە دەسەڵاتدارەکانی، لەڕێی ئەو خاڵە نێگەتیڤانەی کە لەسەرەوە ئامەژەیان پێکرا، تا بۆیان کرا شکۆی تاکی کوردیان شکاند، تا وای لێهات ڕێژەیەکی زۆر هەوڵ بدەن بەرەو باوەشی دەسەڵاتێکی میلیشیایی و ناسەقامگیر بڕۆن کە هێشتا بەرگی داگیرکەری دانەکەندووە. هێزەکانی دەسەڵات بەهۆی ناهەشی و نەبوونی وشیارییەکی نەتەوەیی و تێنگەیەشتن لە شکۆی تاک و سەروەریی نیشتیمانیی، بە ژمارەیەک لە سیاسی و پەرلەمانتار و بەرپرسی باڵا، شەرعییەتیان بە پێتەختی عێراق داوە و بۆخۆشیان لە نەبوونی شەرعییەتدا بوون بە گاڵتەجاڕی هەمان ئەو سیاسی و هێزە عێراقیانەی کە بە هاوپەیمان هەژماریان دەکەن.
شکۆ لە کوێیت؟ لە بێ سەروەری نەتەوییدا داهاتوومان لەناو لەپی عیفریت دایە!



