عەبدولرەحمان باوەگوڕگوڕی
بەشداری کردنی خەڵکی پارێزگای کەرکووک لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دوو جار ئەرکە، جارێک وەک هەر تاکێکی کۆمەڵگا و جارێکی دیکە بۆ ئەو دۆخە تایبەتەی کە کەرکووکی تێدایە.
بەشداری کردن لە دەنگدان لە کەرکووک ئەوە ناگەیەنێت کە لە حیزبی دەنگ پێدراو ڕازین یان کەموکووڕییان نییە. ناکرێت چاوەڕێی ئەوەشمان هەبێت کە بەم هەڵبژاردنە کێشەکانمان لە کەرکووک سفر بکەن، چارەسەر بکەن، بەڵام لانیکەم بەشداریکردن و دەنگدان بە لیستێکی کوردستانی ئەوەمان بۆ دەکات کە دۆخەکە خراپتر نەبێت و گرفتەکانمان قووڵتر و زیاتر نەبن. بە واتایەکی دیکە، بژاردەکان لە نێوان خراپ و خراپترە، بۆیە بەناچاری دەبێت خراپەکە هەڵبژێرین.
جگە لەوە، بەشداری کردن لە هەڵبژاردن بە گوڕوتینەوە گرنگی خۆی هەیە. بۆ نموونە، ئەگەر کوردستانیان توانیان نیوەی کورسییەکان، واتە ٨ کورسی لەو پازدە کورسییەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک، یان زیاتر بێنین، ئەوا مێژووە و ڕەحم بە کەس ناکات، واتە جارێکی دیکە دەیسەلمێنین کە کورد لە کەرکووک زۆرینەیە، یان دەنگدەرێکی خەمخۆرە. ئەمەش کارتێکی پڕبایەخە بۆ هەموو گفتوگۆ و باسێک لە پەیوەند بە پرسی کەرکووک و ناوچە دابڕێنراوەکان. خۆ ئەگەر بە هۆی پەرتەوازەیی کورد نیوەی کورسییەکانیش، لەبەر فرەلیستییەوە، کەمتر بێنین، بەڵام بە بەشداری لە دەنگدان بە گوڕوتینەوە دیسانەوە بایەخی خۆی هەیە، چونکە ئەم خولەی هەڵبژاردنی پارێزگاکان کۆتایی دنیا نییە، پاش چوار ساڵی دیکە یان زیاتر هەڵبژاردنێکی دیکە دەکرێت. ئەوکات، دەشێت بەرنامەی ڕێکەوتن دابنرێت و ئەگەری هەیە کوردستانیان بە یەک لیست بەشداری بکەن، ئەوجا کە دەنگیان نەفەوتێ ئەوا کورسی پێویست دەهێنن. هەڵبەتە زۆر باشتر بوو کوردستانیان بە یەک لیست بوونایە، بەڵام حەز شتێک و واقعی ئێستا شتێکی دیکەی هێناوەتە گۆڕێ.
دەبێت ئێستا دەنگدەر چی بکات بۆ ئەوەی دەنگ بدات و دەنگیشی نەفەوتێت، ئەوەی ڕاستیی بێت تاوەکو دەنگەکەت نەفەوتێت، حەزبکەیت یان نا، واچاکە کە ئەم خاڵانە بە هەند وەرگریت ئەگەرنا دەنگەکەت دەفەوتێت:
یەکەم، ڕێژەی دەنگی لایەنەکان لە هەڵبژاردنەکانی ڕابردوودا بێنتە بەرچاوت لەسەر ئەو بنەمایە دەنگ بدە.
دووەم، دەبێت ئاگاداری ئەوە بیت کە کاریگەریی سیستەمی سانت لیگۆ (١.٧) بۆ ئەژمارکردنی یەکەم کورسی هەر لیستێک دەنگی زۆری پێویستە و لە بەرژەوەندی لیستە گەورەکانە نەک بچووکەکان.
سێیەم، پارێزگای کەرکووک هەمووی بەسەر یەکەوە تەنها یەک بازنەی هەڵبژاردنە، ئەمەش دیسان واتە شانسی بردنەوە بۆ لیستە گەورەکانە، لیستە بچووکەکان ئەگەری دەرچوونیان لاوازە و دەنگەکانیان دەفەوتێ.
بەپێی داتاکان ژمارەی ئەو کەسانەی کە لە پارێزگای کەرکووک مافی دەنگدانیان هەیە نزیکەی ٨٧٠٩٢٠ دەنگدەرە. خۆ ئەگەر ڕێژەی بەشداربووان وەک ٢٠٢١ نزیک بە ٤٠% بێت، واتە ٨٧٠٩٢٠ * ٤٠% = ٣٤٨٣٦٨ کەس دەنگی داوە. ئەگەر ژمارەی دەنگدەرەکان دابەشی ١٥ کورسی بکرێت واتە هەر کورسیەک پێویستی بە ٢٣٢٢٤ دەنگ هەیە. بەپێی سیستەمی سانت لیگۆ یەکەم کورسی بۆ هەر لیستێک دەبێت کە ٢٣٢٢٤ * ١.٧ = ٣٩٤٨٠ دەنگی هێنابێت. ڕوونتر بڵێم هەر هەر لیستێک لە ٣٩٤٨٠ دەنگ کەمتر بێنێت ئەوە دەنگەکەی دەفەوتێ و بۆ لیستە گەورەکان دەچێت.
کەواتە، هاوڵاتی وریا، خەمخۆر، نیشتیمانپەروەر بۆ ئەوەی دەنگەکەی نەفەوتێت واچاکە دەنگ بە باشترین کاندید بدات لە لیستە گەورەکان، ئەگەرنا ئەگەری زۆری هەیە دەنگەکەی بفەوتێت یان بۆ لیستێکی دیکەی گەورە بڕوات.



