ئەم دروشمەتان لە بیر نەچێت، دواتر باسی دەکەم، “مادام ناتوانیت بەرهەمی بێنیت، ناتوانیت بیخۆیت”.
ئێمە سیستەمی ئابووریمان نییە. سیستەمێکی سەقەتی داراییمان هەیە. یەک نین، جیاین. سیستەمی دارایی بۆ ڕێکخستنی سەرفکردنی دەستمایەیە. سیستەمی ئابووری بۆ بەدەستهێنان و وەبەرهێنان و بەگەڕخستنی دەستمایەیە. سیستەمی ئابووری پێت دەڵێت دەوڵەت لە ماوەی پێنج ساڵ یان دە ساڵی تردا چەند پارە بەدەست دەهێنێت لە ڕێی وەبەرهێنانەوە. بوونی سیستەمێکی سەلاری ئابووری واتە بوونی دەوڵەت.
سیستەمێکی سەلاری ئابووری دەتوانێت زلهێزەکان قایل بکات ڕێ خۆش بکەن بۆ کۆمپانیا زەبەلاحەکانیان بێن لە کوردستان کار و وەبەرهێن بکەن. هەر زلهێزێک بەرژەوەندیی چەند ملیارێکی لێرە بێت، قەت ناهێڵێت کوردستان بکەوێت. ڕەنگە بڵێن ئەدی ئەوە نییە ئەو هەموو کۆمپانیا زەبەلاحەی نەفت لە کوردستانن. بەڵێ ڕاستە، بەڵام گرێبەستەکان بە سەقەتی کراون، ئەمەیش ڕەنگدانەوەی نەبوونی سیستەمی ئابوورییە. ئەدی ئەو سیستەمە سەلارە ئابوورییە چۆن دروست بکەین؟
بناخەی سیستەمێکی سەلار سیستەمێکی تۆکمە و پێشکەوتووی بانکییە. دینگەکانی سیستەمێکی سەلار ئەمانەن: پلان، وەبەرهێنان، شەفافییەت، ڕێگاوبان، هێزی کار، بازاڕ و ئاو. ئەدی سیاسەتی ئابووری؟ سیستەمەکە واتە سیاسەت. سیاسەتی ئابووری واتە ڕێکخستنی کاروباری ئابووری. ئێ ئەوە سیستەمە سەلارەکە دەیکات. سیستەمی سەلاری ئابووری دوور دەڕوانێت و حسێبی هەموو شتێک دەکات. کە دەڵێن سیاسەتی دەرەوەی فڵان وڵات، مەبەست لێی چییە؟ پاراستنی بەرژەوەندیی ئابووری و ڕێکخستنی ئابوورییە لە دەرەوە، وێڕای پاراستنی ڕەوشی تەناهی. سیاسەت بۆ مانەوە نییە، بۆ کورسی نییە، بۆ خۆدەوڵەمەندکردن نییە، سیاسەت بۆ خزمەتکردنی وڵات و هاونیشتیمانییانە. سیاسەت لە هەر وڵاتێک ئەوانەی نەکرد، لە بازنەی سیاسەت دێتە دەرێ دەبێتە مافیاگەرایی و خێڵەکی.
پلان واتە ئەقڵ. زلهێزێکی وەک ئەڵمانیا چەند هەزار ئەقڵێکی هەس، ئەوی دی خەریکی کار و ژیانی خۆیەتی. لە کوردستان، تاکی ئاقڵمان هەس، بەڵام لە نەبوونی سیستەمی ئابووریدا، بزر بووینە. فەزایەکی هێندە بۆگەنمان هەس، ئاقڵ قبووڵ ناکات. هەر ئاقڵێک بچێتە ناو فەزاکە، فڕێی دەداتە دەرێ. لێرەدا ئەرکی حیزبی نیشتیمانی و خەمخۆر دێتە گۆڕێ. کێ ئۆبامای دروست کرد؟ ئۆباما هەشت ساڵ خەریکی چاککردنەوەی داکەوتنی سیستەمی ئابووری ئەمەریکا بوو. ئەو لە ٢٠٠٨ دا هاتە سەر حوکم، ئابووریی ئەمەریکا داتەپیبوو. حیزب دروستی کرد. حیزب دەبێت ئاقڵ پێ بگەیەنێت، ڕێی بۆ خۆش بکات، خزمەتی بکات تا ئاقڵەکە ئیشی خۆی بەباشی بکات. حیزب دەبێت قوتابخانەیەک بێت بۆ پێگەیاندنی ئاقڵ و بیخاتە شوێنی شیاوی خۆی. هەر ئیشێکی حیزب بە دەر لەوە، قێزەوەن و بێمانا و هیچە. ئەدی ئەو حیزبە لە کوێ بێنین؟ لە بابەتێکی دیکە، باسی ئەوەشیان دەکەم.
ئاقڵ پلانێکی تۆکمە و شەفاف دادەنێت بۆ وەبەرهێنان و چێکردنی ڕێگا. هێزی کار ئەو پلانە جێبەجێ دەکات. پلانی شەفاف و سیستەمێکی پێشکەوتووی بانکی تۆوی گەندەڵی بنبڕ دەکەن. لەم سەردەمەدا، هەتا کاش لە گۆڕێ بێت، هەتا ئیش بە قەڵەم و کاغەز بەڕێوە بچێت، گەندەڵی هەر دەمێنێت.
لە هاوینی ٢٠٠٤ دا، لە بەرپرسێکی کۆریم پرسی، “ئێوە لە شەستەکاندا زۆر لە ئێمە وێرانتر بوون، چۆن توانیتان بە ماوەیەکی کورت، لە ١٩٨٩، ببنە دەیەمین هێزی ئابووری دونیا؟” کابرای کۆری گوتی، “کاتێ لە کۆتاییی شەستەکان دەستمان پێ کرد، سێ شتمان کرد: یەکەم، ڕێگامان دروست کرد، هەموو کۆریامان بە ڕێی باش پێک بەستاوە. دووەم، کەسی شیاومان لە شوێنی شیاو دانا. سێیەم، شەڕی گەندەڵیمان کرد.” چاو بچوقێنە و پرسیار بکە: لە سێ دەیەی بووریدا، داخۆ ڕێگامان دروست کرد؟ کەسی شیاومان لە شوێنی شیاو دانا؟ شەڕی گەندەڵیمان کرد؟
ڕێ بڕبڕەی سیستەمی ئابوورییە. دەبوایە ئێستا ڕێگاکانی کوردستان باشترین ڕێگا بان. با ڕاست بڵێین، ئیش کراوە، ڕێگایش دروست کراون، بەڵام بەپێی پێویست نین و زۆر لە پاشین. بۆ نموونە، ڕێگای نێوان هەولێر و کۆیە بووەتە مۆتەکەی هەموو خەڵکی. بتەنێ من، چەندان خەڵک دەناسم بوونەتە قوربانی ئەو ڕێگایەی کە بە “ڕێگای مەرگ” ناسراوە. لە سی ساڵی بووریدا، ئەو پارەیەی لە چاککردنەوەی ڕێیەکە سەرف کراوە، جۆتسایدێکی زۆر باشی پێ دروست دەکرا لە نێوان هەردوو شاردا. دەبوایە ئێستا ڕێگای هەولێر و کۆیە سی خولەک با. ڕێگای دوکان و هیزۆپیش مۆتەکەیەکی ترە. ڕێگای سلێمانی و دەربەندیخانیش، بەهەمان شێوە. من وەک تاکێک زۆر خەم لەو ڕێگایانە دەخۆم، لە شەرم و حەژمەتان ئارەقەی دەکەم و دەپرسم: ئەرێ چۆن ناتوانین بە سی ساڵ ئەو ڕێگایانە تەواو بکەین؟
گریمان ئەوانەی سەرەوە هەمووی هاتنە دی. ئەدی بازاڕ؟ یەک لە ئیشە سەرەکییەکانی حکوومەت چاودێریکردنی بازاڕە. حکوومەت دەبێت ئاگای لە نرخ بێت، نەهێڵێت هیچ کەس کاڵا و بازاڕ قۆرخ بکەن، کۆنتڕۆڵی کوالیتیی کاڵا بکات. بێ لەوانەش، دەبێت بازاڕ پەیدا بکات بۆ ئەو شتانەی بەرهەمیان دێنێت، ئەگەر لە پێویستیی ناوخۆ زێتر بوون. یەک نموونە بە خێرایی باس دەکەم، ئەگەر بێ و بەرهەمی شیریمان زیادی کرد، دەتوانین بیانێرینە بەغدا و بەسرە. ئێمە دەتوانین ماست و پەنیر و شیر و دۆ بۆ هەموو عێراق دابین بکەین و بنێرینە وڵاتانی کەنداویش. ماوەیەک پێش ئێستا، کارگەی “زۆم” بۆ بەرهەمی شیرەمەنی لە قەزای مێرگەسۆر کرایەوە. پێنگاوێکی ستراتیجی و گرنگە. دەکرێت لە کفری و کەندێناوە و عەربەت و بەردەڕەشیش کارگەی لەو جۆرە دروست بکرێن. هەوڵی ستراتیجی هەیە، بۆ نموونە، ئەمساڵ هەنار و سێو و هەنگوین و ترێمان ناردە دوبەی. پێنگاوێکی یەکجار گرنگ بوو.
باشە ئەدی ئاو چ پێوەندی بەو هەموو خاڵانەی سەرەوە هەیە، بۆ باسی نەفت ناکەیت کە هەوێنی داهاتی کوردستانە؟ باسی نەفت ناکەم چونکە بووە نیقمەت و نەمانزانی چۆن سوودی لێ وەرگرین. دەکرێت ئیش لەسەر ئاو بکەین. ئاوی کوردستان هێندەی هەموو نەفتی عێراق و کوردستان بە نرخە. ئاگادارم نۆ بەنداوی گەورە و دەیانی مامناوەند و بچووکیش دیزاین کراون و لەسەر کاغەز ئامادەن. دەبێت حکوومەت لە ماوەی پێنج ساڵی دابێت، هەموو ئەو بەنداوانە لە کوردستان تەواو بکات. بنۆڕێ، سیستەمی سەلار ئەوهایە، دەبێت بڵێی لە ماوەی چەند ساڵی داهاتوودا ئەوە دەکەم، دەبێ بشیکەی. هەینێکە، گرفتی ئاو و کارەبای ناوخۆمان نامێنێت و دەتوانین ئاو وەک کارتی فشار لە بەرانبەر عێراق بەکار ببەین و ملکەچیان بکەین بۆ ماف و پێویستییەکانی خۆمان. پاشان، دەتوانین ئاو بفرۆشینە قەتەر و سعودیە و کوێت. هەر سێ وڵات دەستمان ماچ دەکەن و مەمنوونن بە پارەکی باش ئاومان لێ بکڕن. لە بیرتان نەچێت ئەمن باسی دەوڵەتی کوردستان دەکەم. چۆن ئەم قسانەی سەرەوە بکەینە کردار. لە خوارەوە چەند نموونەیەک باس دەکەم وەک پێشنیاز.
دەبێت ئێمە واز لە سیاسەتی دەرۆزەکردن بێنین، داوای فەند و پارە و هاوکاری لە هیچ وڵاتێک نەکەین. کەس نایەت لەو گۆڕەی سەد ملیۆن دۆلارت بداتێ تا بەنداوێک دروست بکەی. ئەدی پارەی لە کوێ بێنین؟ دەگەڕێمەوە سەر سیستەمە سەلارە ئابوورییەکە. وەرن با بزانین چۆن پارەی پەیدا بکەین بۆ دەوڵەت.
یەکەم: ئەرێ بودجەی ساڵانەمان چەندە؟ پلانی سەرفکردنمان هەیە (سیستەمی دارایی سەقەت)؟ دەبێت هەڵمەتێک دەست پێ بکەین لە دژی بە هەدەردانی پارە. نموونەیەک بۆ وەستاندنی بە هەدەردانی پارە: ئەرێ چەند ئەندام پەرلەمان و وەزیری و لیوا و دادوەر و ڕاوێژکار و بەڕێوەبەری گشتی خانەنشینمان هەیە؟ بە سەدان. ئەگەر لێیان ببڕین، دەمرن لە برسان؟ نەخێر. ئەگەر هەموویشی نەبڕین، با نیوەی ببڕین. نموونەیەکی دیکە، گرەوتان لەگەڵ دەکەم، نیوەی فەرمانبەران حکوومی زیادن. ئەو زیادانە دەهێنم، مووچەی ساڵێکیان دەدەمێ و فەسڵیان دەکەم. قایل بێت یان نا، کەیفی خۆیتی. ڕەنگە بڵێن لێمان تووڕە دەبن و دەنگمان نادەنێ لە هەڵبژاردن. با تووڕە بن و با دەنگیش نەدەن. هەر حیزبێک ترسا لە دەنگدەر، پڕۆفێشناڵ نییە، حیزب نییە، خێڵە. نابێت هیچ شتێک لەمپەر بێت لەبەر دەمی دروستکردنی دەوڵەت. بنۆڕێ، بەس لە فەرمانبەری زیادە و خانەنشینەکان، پارەیەکی یەکجار زۆر دەگەڕێتەوە. نموونەیەکی دیکە لەسەر بەهەدەردانی پارە. حکوومەت بڕیاری دا، بۆڕی حەریق دابین بکات بۆ هەموو ماڵێک، پڕۆژەکەیان دەست پێ کرد، پارەیەکی زۆریان خەسار کرد و پڕۆژەکەش سەری نەگرت. ئیش ئەوها ناکرێ. دەیان نموونەی دیکە هەیە، دەسەڵاتداران زۆر لە من باشتر دەزانن، بەڵام ئیرادەیەکی بەهێزی دەوێت، بیانوەستێنیت.
دووەم: دەبێت دەست بکەین بە وەبەرهێنان. بۆ ئەوەی ببینە خاوەن بەرهەمی خۆماڵی، دەبێت بڕیارێکی بوێر و گرنگ بدەین. ىڕیارەکە ئەوەیە: لە نەورۆزی ٢٠٢٦ دا، هیچ شتێک لە دەرەوە ناهێنین. دەبێت خۆمان گەمارۆی ئابووری باوێینە سەر خۆمان. دەبێت دروشممان ئەوە بێت: “مادام ناتوانیت بەرهەمی بێنیت، نابێت بیخۆیت”. لێرەوە تا ٢٠٢٦، کار دەکەین بۆ وەبەرهێنانی کاڵا و خواردنی خۆماڵی. با کەرتی کشتوکاڵ بە نموونە وەرگرین. هەموومان دەزانین، بۆ یەکەمجار لەسەر زەوی، کشتوکاڵ لە کوردستان دەستی پێ کرد. دەبوایە ئێستا، هەموو دنیا چاوی لە ئەزموونی کشتوکاڵیی کوردستان بکردبا. بەڵام ئێستاش دەتوانین کەرتی کشتوکاڵ بکەین بە نموونەیەکی ناوازە لە هەموو دونیادا.
دەبێت لە جووتیارە نموونەییەکەوە دەست پێ بکەین، کاک ئازاد هەڵەبجەیی. ئەرێ چەند ئازاد هەڵەبجەییمان هەس؟ یەک! دێم دەیکەم بە دوو سەد ئازاد هەڵەبجەیی. چۆن؟ بایەخ بە ئازاد دەدەم تاوەکو بێت ئەزموونی خۆی فێری جووتیارانی دیکە بکات لە هەموو کوردستان. ئەگەر بێ و پشتی “ئازاد”ەکان بگرین، تا نەورۆزی ٢٠٢٦، دەتوانین هەموو شتێک بۆ ناوخۆ دابین بکەین، ئەوەی زیادیش بێت، بە شارەکانی عێراق دەفرۆشینەوە. هەر یەکێکیش بە قاچاغ شت بێنێتە کوردستان، سزایەکی وا تووند بدرێت کە نەک هەر خۆی کەسانی دیکەش جورئەت نەکەن جارێکی دیکە شتی لەم شێوەیە بکەن، بەڵێ دەبێت زۆر تووند بین لەگەڵ سەرپێچیکاران. ئەو ئەوروپایەی دەبینن؟ بە سزای تووند و غەرامەی زۆر دروست بووە. کەواتە دەبێ یاسا سەروەر بێت و سیستەمی دادوەری سەربەخۆ بێت. بەڵێ، دیسان، لە بیرتان نەچێت، ئەمن باسی دەوڵەتی کوردستان دەکەم کە تێیدا یاسا سەروەرە.
سێیەم: کلتوری ئیشکردن لە کوردستان. دەبێت لە منداڵییەوە خەڵک فێری ئیشکردن و کاری هەرەوەزی بکرێت. تاکی کوردستانی لمووزی بڵندە، تەمبەڵە، ناهۆشیارە. دەیەوێت لە پڕێک ببێتە کوڕێک، واتە بە شەو و ڕۆژێک خانوو و ئۆتۆمبیلی ئاخیر مۆدێلی هەبێت و پۆزی پێ لێ بدات. دەبێت تۆوی پۆزلێدان لە ناخی تاکی کوردستانی بنبڕ بکەین. هێندە لموزی بڵندە بە هیچ ئیشێک قایل نییە. کە دەڵێ، “بابە کێ تاقەتی ئەوەی هەیە”، وا دەزانێت مارک زوکەبێرگە. باوەڕتان هەبێت، ئەو ملیارنێرە (مەبەستم “مارک”ـە) قەت وا ناڵێت، ئێستاش ڕۆژانە دوازدە سەعات ئیش دەکات. دەبێت لە ماڵەوە، دواتریش لە قوتابخانەکان تاکی کوردستانی فێری ئیشکردن و خۆماندووکردن بێت. ئەمەیش دەمانباتەوە سەر سیستەمی پەروەردە. ئەمەیشیان با لۆ وتارێکی دیکە بێت.
چوارەم: لە هەر شارێک زۆنێکی پیشەسازی دروست بکرێت و پڕی بکرێت لە کارگەی گەورە. ئەم هەنگاوە دەستی پێ کردییە، بەڵام ئیشکردنی زۆری ماوە. پێش هەموو شتێک، کارگەی نەسیج لە هەموو شارەکان دروست بکرێت. لە پێنگاوی یەکەم، با تەنیا بەشی پێداویستی ناوخۆ دابین بکەن.
پێنجەم: لە بەغدا، با واز لە پۆستی سەرۆکی عێراق و وەزیری دەرەوە بێنین. داوای پۆستی وەزارەتی کشتوکاڵ و بازرگانی بکەین.
شەشەم: شۆڕشێکی دارتاشی و میکانیکی بەرپا بکرێت. هەرچی گەنجی بێکار هەیە با بنێرینە بەر دارتاشی و میکانیکی. ئەو هەموو زانکۆ بێ سوودەمان بۆ چییە. نیوەی زانکۆکان با دابخرێن و قوتابی هان بدرێن بچنە بەشە پیشەییەکان. ئەمەشیان با بۆ وتارێکی دیکە بێت.
حەفتەم: برەودان بە کەرتی گەشتیاری. بەس تەماشای چێشتخانەکانی سەر دەریاچەی سماقوولی بکەن. پیس، بێ سەروبەر، دیزاینی ناشیرین، گران. باشە پارەکەی هەر سەرف دەکەی، بۆ نایەی دیزاینێکی جوان بکەی بۆ چێشتخانەکەت؟ بۆ پاکی ڕاناگری؟ بۆ وا بێ سەروبەری؟ خەتای خاوەن کار نییە. خەتای وەزارەتی شارەوانییە. بۆ هەر ناوچەیەکی گەشتیاری، وەزارەتی شارەوانی دەبێت دیزاینێکی تایبەت و ناوازەی هەبێت. ئەم دیزاینە لەسەر خاوەن کار بسەپێنێت. وەزارەت دەتوانێت لە هەندێ ڕسومات خۆش بێت لە خاوەن کار لە بەرانبەر پابەندبوونی بە دیزاین و ڕێسای وەزارەت.
لە مانگی دەی ئەمساڵ، گروپێک بیانیم بردە سلێمانی و سۆران و دهۆک و ئامێدی. گۆتیان ئەرێ ئەو شوێنە گەشتیارییانە بۆ هێندە پیسن ؟ زۆر خەفەتبار بوون بۆ سولاڤ کاتێ دیتیان پڕە لە زبڵ. گۆتیان بۆ؟ قاتێک ئارەقەم کرد، شەرمەزار بووم. گۆتم، خەتای خەڵکە، ناهۆشیارە، شوێنەکە پیس دەکەن. پاشانیش گۆتم دەبێت وەزارەت غەرامە دابنێت لەسەر دوکانەکان کە ئەگەر بەردەم و چواردەوری دوکانی خۆیان خاوێن نەکردەوە، دەبێ غەرامە بکرێن. گۆتیان لە ئەوروپا و لە هەموو شوێنێک وایە. با لە ٢٠٢٤، وەزارەتی شارەوانی یەک ئیش بکات: هەڵمەتێکی سەرتاسەری خاوێنکردنەوەی کوردستان. یەک ساڵی تەواو، میدیا و زانکۆ و قوتابخانە و هەموو لایەک هەڵمەتی خاوێنکردنەوە ڕاگەیەنن. لەگەڵ ئەوەشدا، هەر کەسێک بەر دەمی ماڵ و دوکانی پیس بێت، دەبێت غەرامە بدات. خەڵک تووڕە دەبێت و دەنگ نادات. با تووڕە بێت و دەنگ نەدات. خۆ ئێستاش هەر تووڕەیە و سەد جوێن دەدات و بە هیچ قایل نییە. خەڵک بەس بە غەرامە ڕێگەی ڕاست دەگرێت، وەکی ئەوروپای.
هەشتەم: ڕای گشتی ئامادە بکە بۆ گەمارۆکە. پێش ئەوەی گەمارۆی ئابووری لەسەر خۆمان ڕاگەیەنین، دەبێت ڕای گشتی ئامادە بکەین. لە ڕێی میدیا، وتاردان، مەلاش دەتوانێت لەسەر مینبەر باسی بکات. ئەگەر خەڵکت لەگەڵ بێت، هەموو کاتێک پارەت دەبێت، هەموو شتێکت پێ دەکرێت، ئەگەر خەڵکت لەگەڵ نەبوو، با پارە و هێز و چەکدار و چەکت هەبێت، هیچت پێ ناکرێت. (تێبینی: ئێوەیش دەتوانن خاڵی نۆیەم و دەیەم، هتد بنووسن و بابەتەکە دەوڵەمەند بکەن).
هەرکە جل و خۆراکت پێ دابین کرا بە نرخێکی هەرزان بۆ ناوخۆ، هەرکە سیستەمێکی سەلاری ئابووریت هەبوو، هەرکە ئاسایشی خۆراکت هەبوو، هەرکە بەرژەوەندیی ئابووریی زلهێزەکانت بەستاوە بە سیستەمی سەلاری ئابووریی کوردستان، وەرە سەربەخۆیی ڕابگەیەنە. با هەموو سنوورەکان دابخەن، هیچیان پێ ناکرێت. با بێن هێرش بکەن، ڕەنگە چەند هەزارێکمان لێ بکوژن، بەس قەت خلاس نابین. ئەدی ئەگەر تورکیا و ئێران و عێراق هێرشی ئاسمانی و زەوینیان کردە سەرمان، وەک ئەوەی عێراق کردی لە کەرکووک دوای ڕیفراندۆم؟ چی بکەین. ئەگەر خەڵکت لەگەڵ بێت، هیچ فڕۆکە و بۆمبێک دەرەقەتت نایەت. ئەو پارەیەی لە بەهەدەردانەکان بۆمان دەگەڕێتەوە، دەیدەین بە چەک بۆ بەرگری. سیستەمی دژە فڕۆکە دەکڕین، سیستەمی تەقاندنەوەی دەبابە دەکڕین. ئەگەر توانیمان چل دەبابە و فڕۆکەیەکی عێراقی بتەقێنینەوە، جارێکی دیکە بە هیچ شێوەیەک بیر لە هێرشکردن ناکەنەوە.