سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

هەڵبژاردن وەک تەواوکاریی لامەرکەزی و فیدرالیزم لە عێراق

هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان و دەستبەکاربوونیان، جۆرێکە لە سیستەمی لامەرکەزی و دابەشکردنی دەسەڵاتەکان و چڕنەکردنەوەی لە ناوەند، شێوازێکە لە حوکمی زۆرینە و بنەمایەکی بنچینەیی سیستەمی دیموکراسییە. هاوکات، بریتییە لە گواستنەوەی دەسەڵات بە هەموو جۆرەکانیەوە، یاسادانان و جێبەجیکردن و دادوەری و پلانی ئابوری و مامەڵە بە داهاتەکانیەوە بۆ پارێزگاکان، بێ گەڕانەوە بۆ ناوەند جگە لە دەسەڵاتە فیدرالییەکان.

لە شۆڕشی ئەیلولدا کورد بۆ چەندین ساڵ داوای سیستەمی لامەرکەزی دەکرد و بە هەزاران قوربانیدا لەو پێناوەدا، کەچی ئەمڕۆ بەپێی دەستور و بەبێ زەبروزەنگ و خوێنڕشتن  بۆ کەرکووک و ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان فەراهەم کراوە، لە سەرووی لامەرکەزیشەوە، فیدرالیزم. پەرلەمانی کوردستان لە ١٩٩٢ ـەوە بڕیاری لەسەر سیستەمی فیدرالی لە عێراق دا، لە دەستوری نوێی عێراقیشدا لە ٢٠٠٥ فیدرالی جێگیر کراوە، ئەگەرچی هێشتا مەیلێکی بەهێز هەیە بۆ مەرکەزیەت و گێڕانەوەی جۆرێک لە دکتاتۆرییەتی زۆرینە (شیعە)، کە جاران دکتاتۆرییەتی کەمینە (سوننە) بوو.

لامەرکەزیەت جێگای خۆی نەگرتووە، چێوە و پەیکەری فیدرالیزم لە عێراق تەواو نەبووە، دامەزراوەکانی فیدرالیزم بەپێی دەستور بونیاد نەنراون،  بۆشایی و کەموکورتیەکی زۆر لە بونیادی کارگێڕیی و دامودەزگاکانی بەڕێوەبردن و چاودێریی و سیستەمی فیدرالیی لە عێراقدا هەیە. دەسەڵاتە فیدرالییەکان لە دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری پێکدێن. بەپێی مادەی ٤٨ ی دەستور دەسەڵاتی یاسادانان لە ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی فیدرالی پێکدێت، کەچی تا ئێستا ئەنجوومەنی فیدراڵی دروست نەکراوە، کە دەبوو بە پێی مادەی ٦٥ ی دەستور پێکبهاتایە. هاوکات، هەڵنەبژاردنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە ٢٠١٣ لە تەواوی عێراق و لە ٢٠٠٥ـەوە لە کەرکووک و سەپاندنی هەژموونی ناوەند وەکو جۆرێک لە مەرکەزیەت و بونیادنەنانی سوپایەکی عێراقی فیدرالی کە گوزارشت لە هەموو پێکهاتەکان بکات. هەموو ئەمانە و چەندینی دیکە دژی پرەنسیپە بنچینەییەکانی سیستەمی لامەرکەزی و فیدرالین. دواکەوتنی دروستبوونیان پڕۆسەی دیموکراسی لە عێراقدا دوا دەخات و ئەگەری گەڕانەوەی مەرکەزیەت زیاتر دەکات. بۆیە، ئەنجامدانی هەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاکان  سەرەتایەکی باشە بە ئاراستەی جێگیربوونی لامەرکەزیەت لە بەڕێوەبردندا لە عێراق.

ئەگەر بڕیار بێت عێراق وەک دەوڵەتێکی لامەرکەزی و فیدرالی بونیاد بنرێت، پێویستە تەواوی دامودەزگا و دامەزراوە و میکانیزمە کارگێڕییەکانی فیدرالیزمی تێدا دروست بکرێت. وردە وردە ناسنامەی پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگای عێراقی لەو سیستەمەدا ڕەنگ بداتەوە و عێراق وەک دەوڵەتێکی دەستوری بناسرێت.

هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان هەنگاوێکە بۆ پڕکردنەوەی یەکێک لەو بۆشایی و کەموکورتیانە و تەواو کردنی دامەزراوەیەکی دیکەیە لە حوکمی زۆرینە، کە بریتیە لە جێگیرکردنی لامەرکەزی و بەهێزکردنی دەسەڵاتی هەرێمەکان و گێڕانەوەی مافی بڕیاردان بۆ ئەو پارێزگایانەی لە هەرێمێکدا خۆیان ڕێکنەخستووە. ئەمەش نیشانە و سیمایەکی ئەرێنیە بۆ تەواوکاری سیستەمی لامەرکەزی و فیدرالیزم و پێشکەوتنی شێوازی حوکمڕانی و نەگەڕانەوە بۆ مەرکەزیەت کە ئەگەرێکی کراوەیە لە عێراقدا.

لەم قۆناغەدا، دەبێت دەنگدەرانی کورد بە گشتی ئەو ڕاستیە بزانن، بژاردەی لامەرکەزی و سیستەمی فیدرالی لە عێراقدا زاڵبوونی گرووپێکە لە گرووپە پێکهێنەرەکانی گەلی عێراق، دروستبوونەوەی ناوەندێکی بەهێز و سەپاندنی دەسەڵاتی ئەو گرووپەیە بەسەر پێکهاتەکانی عێراقدا.

مەترسیەکەش لێرەیە، مەرکەزیەت و بەهێزبوونی ناوەندێک کە بە دەستی گرووپێکی مەزهەبی گشتگیرەوە بێت، یان بە دەستی حیزبێکی نەتەوەیی شۆڤینیەوە بێت و بیانەوێت زمان و بیروباوەڕو ئاین و مەزهەب و ئایدیۆلۆجیای خۆیان بەسەر تەواوی عێراقدا بسەپێنن، وەک ئەوەی لە هەشتا ساڵی ڕابردوودا دیمان،  بێگومان لە زیانی کورد و سەرجەم پێکهاتە جیاوازەکانی دیکە دەبێت. کورد بە خولێکی دیکەی هەڵمەتی قڕکردن و لەناوبردندا تێدەپەڕێت، کارەساتەکانی ڕابردووی دووبارە دەبنەوە.          

ئەنجامدانی هەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە عێراقدا چەند ڕۆژێکی کەمی ماوە، ئەنجوومەنەکان وەک حکومەتی خۆجێیی لە پارێزگاکاندا دەست بەکار دەبن. ئەم پڕۆسەیە لە کەرکووک بۆ دووەم جار و لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق بۆ چوارەم جارە ئەنجام دەدرێت. وەک ئاماژەمان پێکرد،  لە کەرکووک بە بیانووی ململانێ و ناکۆکی نێوان پێکهاتەکان لە ٢٠٠٥ ـەوە هەڵبژاردن نەکراوە. لە عێراقیش بە گشتی لە ٢٠١٣ ـەوە ڕاگیرابوو. ئەمەش مەترسیەکی گەورە بوو بۆ سەر لامەرکەزیی دەسەڵات و سیستەمی فیدرالی بە گشتی.

ئەگەر نەکردنی هەڵبژاردن بۆ هەر کۆمەڵگایەکی فرەکلتور و خاوەن وردە کلتوری جیاواز ترسناک بێت، ئەوا بۆ عێراق دووجار ترسناکە چونکە لێرە لامەرکەزی کارگێڕیی و دابەشکردنی دەسەڵاتەکان مێژوویەکی دوورودرێژو کەڵەکەبووی ئەزموونی بەڕێوەبردنی نییە،. یەکدی قەبوڵکردن بە جیاوازییەکانەوە دروست نەبووە. بەپێچەوانەوە، سەپاندنی یەک ڕەنگی لە جیهانبینی تاکی عێراقیدا ڕەگێکی قوڵی هەیە، بووە بە بەشێک لە کەسایەتیی، ئەمەش پڕۆسەیەکی پەروەردەکردن و مەشق و ڕاهێنانی بەردەوامی دەوێت. تا ئەم پڕۆسەیە تەواو دەبێت، زۆر پێویستە پێکهاتەی کوردستانی لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان ئامادەیی هەبێت، بەشداری چالاکانە بکات لە هەر پڕۆسەیەکی دیموکراسی وەک هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان. ئەمە بۆ کەرکووک و ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان ڕووداو و وەرچەرخانێکی گەورەیە و کاریگەریی قووڵ و ڕیشەیی دەبێت لەسەر شێوازی بەڕێوەبردن و پەیوەندی نێوان پێکهاتە نەتەوەییەکانی پارێزگاکە و ناوچەکە بەگشتی. دەنگدانەوەی دەبێت بۆ چەندین ساڵی ئایندە، ئەگەر تەواوی پۆستەکانی هەر پارێزگایەکیش دیاری نەکات، بە لایەنی کەمەوە پارێزگار لەم ئەنجوومەنەدا هەڵدەبژێردرێت.

جگە لەوە، ژمارەی کورسییەکانی هەر پێکهاتەیەک توانای کۆنتڕۆڵکردنی وردی بوارەکانی خزمەتگوزاری و پێداویستیەکانی خەڵک و بەدەنگەوەهاتنی داواکارییەکانیان زیاتر دەبێت، بەرنامە و پڕۆژەی زیاتر پێشکەش دەکەن و لە ڕێگای زۆرینەوە بواری جێبەجێکردنیان فراوانتر دەبێت. 

بەکورتی، گرنگی و بایەخی ئەم هەڵبژاردنە زۆرە، بە تایبەت لە کەرکووک، هەر دەستپێکردنەوەی خودی پڕۆسەکە، ڕازی بوونی لایەنە عێراقییەکان لەسەر کاراکردنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە عێراق و  ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کەرکووک جێگای لەسەر ڕاوەستان و هەڵوەستەکردنە. پێویستە کورد قووڵتر بیر بکاتەوە و گەرموگوڕتر بەشداری بکات و بەرنامەی وردتری هەبێت. هاوکات، ئەم هەڵبژاردنە وەک پایە و کۆڵەگەیەکی لامەرکەزی و سیستەمی فیدرالی و دابەشکردنی دەسەڵاتەکانە لە عێراقدا، ئامرازێکە بۆ پتەوکردنی پرەنسیپەکانی دەوڵەتی مەدەنی و هاوڵاتیبوون و بەشداری لە بڕیار و بەڕێوەبردندا. هەموو ئەمانەش ئەگەر بۆ هەموو پێکهاتەکانی عێراق گرنگ بن، ئەوە بۆ نەتەوەی کوردستان دەستکەوتێکی زۆر گەورەیە و سەرەتای قۆناغێکی نوێی خەباتی نەتەوەییە بە شێوازێکی مەدەنیانەی شارستانیانە. بۆیە، دەبێت کورد ناکۆکی و جیاوازیی ئایدیۆلۆجی تەسکی حیزبایەتی بە لاوە بنێت و لەسەر بنەمای بەرژەوەندی نەتەوەیی و نیشتیمانی بیر بکاتەوە و بڕوانێتە ئایندە و دەنگ بدات بە لیستە کوردستانیەکان و کاندیدە بە تواناو شایستەکان.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO