سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

سیاسەتی رۆمانسیی لەگەڵ بەغدا، بەسە

ئیبراهیم سادق مەلازادە , کارۆخ خۆشناو

مەبەست لە مۆدێلی سیاسەتی ڕۆمانسییانە، ئەو مۆدێلەیە کە هێزێکی سیاسی بیەوێت لە ڕوانگەیەکی نیشتمانییەوە، بەبێ بەرامبەر خزمەت پێشکەش بە دەوڵەت بکات و بەرژەوەندییە باڵاکانی بپارێزێت. لەوانەیە لە قاموسی زانستە سیاسییەکاندا چەمکێکی وەها نەدۆزینەوە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوەی بەدوای وەها سیاسەتێکدا بگەڕێت، دەتوانێت لە هەرێمی کوردستان ئەو جۆرە سیاسەتە ببینێت.

دەسەڵاتی سیاسیی هەرێمی کوردستان و حزبەکانی، لەبەرامبەر حکومەتی عێراق و دەسەڵاتی قووڵی ئەو وڵاتە، سیاسەتێکی ڕۆمانسییانەی یەکلایەنە و خۆبەخشانە پێڕەو دەکەن. ئەمەش لەکاتێکدا دەکەن کە عێراق بە هیچ جۆرێک ئامادە نییە مامەڵەیەکی واقیعییانە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بکات، کە لەسەر بنەمای هاوبەشی و هاونیشتیمانی لە چوارچێوەی بنەماکانی دەوڵەتی مۆدێرن و دەستوور و قانونە بەرکارەکان بێت.

هەمووان دەزانین کە ئەو حکومەتەی ئێستای عێراق لە ئەنجامی هاوپەیمانێتییەک دروست بووە کە شەرعیەت لە کورد و هێزە سوننییەکانەوە وەردەگرێت، کەچی ئەوە بۆ چەندین ساڵ دەچێت سیاسەتی چاوشارکێ لەگەڵ هەرێمی کوردستان دا دەکات و هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانیش لە دۆخێکی زۆر خراپدا دەژین، بەبێ ئەوەی دەسەڵاتی سیاسیی هەرێمی کوردستان بە هەر هۆکارێک بێت، نەتوانێت ئەو دۆخە نالەبارە کۆتایی پێ بهێنێت.

حکومەتی هەرێمی کوردستان خۆبەخشانە بە دروستکردنی ئومێدێکی ڕاگوزەر و بێئەنجام، سیاسەتێکی ڕۆمانسییانە لەگەڵ بەغدا مامەڵە دەکات. کەچی هێزێکی گەورەی وەکو بزووتنەوەی سەدر نەیویست بەو جۆرە سیاسەت بکات و شەرعییەت بەو هێزانە بدات، کە لەژێر هەژموونی وڵاتێکی دیکەدان، بۆیە بەتەواوەتی لە پرۆسەی سیاسی کشایەوە، بەو کشانەوەیەش کۆتاییان بە پڕۆسەی سیاسی لە عێراقدا هێنا، بەڵێ ئێستا پڕۆسەیەکی سیاسیی ئەوتۆ لە عێراقدا نەماوە. پرسیارەکە ئەوەیە، داخۆ کاتی ئەوە نەهاتووە دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێمی کوردستان و حزبە سیاسییەکان لەو دۆخەی بەغدا تێبگەن و دوا بزمار لە تابووتی ئەو ڕژێمە بدەن؟

هەموومان دەزانین کە دۆخی ئێستای عێراق، ئاڵۆز و ناسەقامگیرە. ئەو هاوپەیمانێتییەی کە پێی دەڵێن چوارچێوەی هاوئاهەنگی، لەبەردەم کۆمەڵێک ئاڵنگاریی گەورەدایە و بە لاوازترین قۆناغە سیاسییەکانی خۆیدا گوزەر دەکات. چۆن بتوانین لەو دۆخەی ئێستای حکومەتی عێراق و ئەو دۆخەی کە (هاوپەیمانێتیی چوارچێوە، ئیتار) پێیدا تێپەڕ دەبێت تێ بگەین؟ کورد لەو نێوەندەدا چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخەدا بکات، لەکاتێکدا ئەوە دەبینین کە عێراق سیاسەتێکی دووفاقی و چاوشارکێ لەگەڵ هەرێمی کوردستان دا بەڕێوە دەبات. لەوەش زیاتر دەتوانین بڵێین فشارێکی ئابووری خراپ لەسەر هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی بەگشتی و مووچەخۆران بەتایبەتی دەسەپێنێت.

نەخشەی سیاسیی عێراق، لە چەند ئاستێکەوە ئاڵۆزە. لەلایەك جڵەوی واقیعی سیاسی و مەزهەبی لەژێر دەستی ئێراندایە و لە ڕێی هێز و گرووپە میلیشیاکانییەوە چۆن بیەوێت دەیجوڵێنێت و لە بەرژەوەندیی ستراتیژیی ئێران و شیعەگەراییەوە یەکلایی دەکاتەوە. ئەوەش لەکاتێکدایە کە ئێران لەلایەن سیستمی سیاسی و قانونی نێودەوڵەتی قبووڵکراو نییە و بە کۆمەڵێک ئاڵنگاریدا تێپەڕ دەبێت. لەژێر گەمارۆیەکی ئابووری و سیاسیی توونددایە و لە ڕووی دیپلۆماسییەوە گەمارۆ دراوە و زۆربەی کەسایەتییەکانی لەژێر ئابڵووقەی سیاسی و ئابووریدان. بێجگە لەمانە، ئێران بەشێکە لە هاوپەیمانێتییەکی ڕانەگەیێندراو لەگەڵ ڕووسیا و کۆریای باکوور، هاوکات، هۆکارێکی سەرەکی و ڕاستەوخۆیە بۆ ئەو نائارامییەی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بەڕێوە دەچێت. لە ڕێگای میلیشیا مەزهەبییەکانیشەوە دۆخی لوبنان، سووریا، یەمەن و عێراقی بەتەواوەتی کۆنترۆڵ کردووە و هەمیشە لە ململانێیەکی دژواردایە لەگەڵ گرووپە نەتەوەیی و مەزهەبییەکانی ناو ئەو وڵاتانە. هەروەها جڵەوی حەماسی فەڵەستینیشی کردووە و بەو ئاراستەیەدا دەیسوڕێنێت کە لە بەرژەوەندی ئەو بەرەیەدا بشکێتەوە کە دەتوانین ناوی بنێین بەرەی (ئۆتۆریتی ڕۆژهەڵات)، ئەو بەرەیەی کە کاتیخۆی جۆرج بووش ناوی نا “بەرەی شەڕ”. یەکێک لە چەکوشە هەرە گرنگ و بەهێزەکانی ئەو بەرەیەش لە عێراق، لەپاڵ هێزە میلیشیاکانەوە، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراقە کە بەتەواوەتی بە سیاسی کراوە، وەک پەیمانگەی واشنتن لە دوایین ڕاپۆرتیدا، جەختی لەسەر کردۆتەوە.

ئێستا دەسەڵات و حکومەتی عێراق بە دادگای باڵاشیەوە، لەژێر هەژموونی ئەو ئێرانەدان کە لەسەرەوە وێنامان کرد. بۆیە دەسەڵات و حکومەت لەیەک جیا دەکەینەوە، چونکە ئەو حکومەتە تەنیا ماکیاجێکی ناشیرنی ئەو دەسەڵاتە قووڵەیە کە کۆماری ئیسلامی زۆر بەشێوەیەکی کارا ئیدارەی دەدات و وەک چەکوشێک دژ بە هەموو ئەو لایەنانە بەکاری دەهێنێت کە مەترسییان لەسەر ستراتیجییەتی کۆماری ئیسلامی ئێران هەیە، ئەگەر مەترسییەکی بچووکیش بێت. دواهەمین زەبری ئەو دەسەڵاتەش لە ڕێی دادگای باڵای فیدراڵی بوو، دژ بە سوننەکان، لادانی محەممەد حەلبووسی لە سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق.

سوننەی عەرەب، لە دوای ٢٠٠٣ بە دۆخێکی دژواردا تێپەڕ دەبن، دوای ئەوەی بەتەواوەتی لە دەسەڵات دوورخرانەوە و بەتایبەتتریش دوای شەڕی مەزهەبی نێوان شیعە و سوننە. لە شەڕەکەشدا تواندرا سوننە عەرەبەکان لە کۆمەڵێک ناوچە و شار و شارۆچکەدا ڕابماڵرێن، بۆ نموونە لە جەرف ئەلسەخر (جرف الصخر) پاکتاو کران، سامەڕاش لەژێر گەمارۆی میلیشیاکان دایە. لە خودی بەغدای پایتەختیش بەتەواوەتی لاواز کران و ئێستای بەغدا بەتەواوەتی جیاوازە لەگەڵ بەغدای هەشتاکان و نەوەدەکان. تەواوی شارە سوننەنشینەکان لەژێر گەمارۆ و هەژموونی تەواوی میلیشیا شیعەکان دان. بۆیە هەر خواستێکی سیاسی، یان هەر کۆبوونەوە و ڕێکخراوێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی لەو دۆخە ڕیزپەڕەدا ناکرێت ناوبنرێت ئازادی سیاسی، تەنانەت ئازادیی مەزهەبیش. ئەوە بێجگە لە نەبوونی سیستمێکی سیاسی و دیموکراسی و مۆدێرن لەو وڵاتە، باسی فیدڕاڵییەتێکی ڕاستەقینە هەر مەکە، چون ئەوە تێپەڕی.

لەو چوارچێوەیەدا، هێزە عەرەبییە سوننەکان، چونکە تا ئێستا ئاراستەیەکی عروبی بەسەریاندا زاڵە، هێشتا لەو دۆخە ڕیزپەڕە دژە سوننییە تێناگەن، بەمانایەکی دیکە هێشتا لە خەوی غەفڵەتی لەدەستدانی دەسەڵات و یەکلابوونەوەی دۆخەکە بۆ میلیشیاکان و دەوڵەتی قووڵ تێنەگەیشوون، چونکە ئەوان و کوردیش نەک هەر یاریزان نین لە نێو پڕۆسەی سیاسی عێراقی نوێدا، بەڵکو پاشکۆیەکی تەواوی ئەو هاوکێشانەن. لە ڕاستیدا، بە ئاگادارییەوە بێت یان بێئاگایی هەردوو لایەن لەپێناو پاراستنی هەژموونی دەوڵەتی قووڵ بەکار دەهێندرێن. سوننە و کورد لە عێراق تا ئەو چرکەساتەش هاوبەش نین لە دەسەڵات، بەڵکو تەنها پارسەنگێکن بۆ شەرعیەتدان بەو دەوڵەتە قووڵە و بە هەژموونی ئێران. تا ئەو دۆخەش بەردەوام بێت، هیچ داواکارییەکی ڕاستەقینەی کورد جێبەجێ ناکرێن، بەتایبەتیش لەحاڵەتی درێژەدان بە سیاسەتێکی ڕۆمانسییانە و پێشکەشکردنی شەرعییەتێکی بەخشیشئاسا بەو دەستەڵاتەی ئێستای بەغدا.

ماوەیەکیشە، دوای شەڕی ئیسرائیل-حەماس، هێزە میلیشیاکان بە تەواوەتی کەوتوونەتە پەلاماردانی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، ئەو هێزەی کە بە ئاشکرا پارێزگاری لە قەوارەی هەرێمی کوردستان دەکات. ئەگەر تا ئێستا نەشیان توانی بێت زەبری کوشندە لە هێزە ئەمریکییەکان بدەن، بەڵام شکۆی ئەمریکا لەو وڵاتە خراوەتە ژێر پێ و لە بەغدا و ناوچەکانی دیکە بەهۆی هێرشە بەردەوامەکانی میلیشیاکان، ئەمریکا کراوە بە گاڵتەجاڕ، بەو مانایەی لە بەغدا وەکو دوژمن مامەڵە لەگەڵ هێزە ئەمریکییەکان دەکرێت. ئەمریکا باش دەزانێت کە حکومەتی عێراق بێجگە لە ڕووپۆشێک بۆ حکومەتی قووڵ شتێکی دیکە نییە، بۆیە لەو چرکەساتەدا گرنگە جموجۆڵێکی سیاسی لەلایەن کورد و سوننەوە ئەنجام بدرێت، بۆ ئەوەی شەرعییەتی ئەو حکومەتە بخەنە ژێر پرسیاری جیدی و دۆخەکە بە ئاراستەی بەرژەوەندی کورد و سوننە و کەمینەکان یەکلایی بکرێتەوە. ئەوەش بە وازهێنان لەو سیاسەتە ڕۆمانسییە دەبێت و بە کێشانەوەی شەرعییەت لەو حکومەتەی کە ئامادە نییە هیچ داواکارییەکی کوردستانیان جێبەجێ بکات و هەمیشە یاری بە کات دەکات. لەم دۆخە، دەکرێت سوود لە نیگەرانییەکانی ئەمریکا لە عێراق وەربگیرێت دژ بە خۆگێلکردنی بەغدا لە مافەکانی کوردستانیان.

کورد چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو واقیعەدا بکات کە ئێستا تێیکەوتووە؟ ئایا هیچ ئومێد و هیوایەک لە بەردەوامبوونی ئەو دۆخەدا هەیە بۆ ڕۆشتن بەرەو چارەسەر؟ لەڕاستیدا، تا هۆکارەکانی پەراوێزخستنی کوردستانیان لە ئارادا بن، هیچ ئومێدێک لە ئاسۆی نزیکی ئەو دۆخەدا نابێت، بەتایبەتیش لە ئەگەری ئەو هۆکارانەی کە لەپشت ئەو دۆخەوەن، لەوانەش:

یەکەم: نەبوونی ستراتیجییەتێکی نیشتمانیی ڕوون لە مامەڵەکردن لەگەڵ بەغدا و پێڕەوکردنی سیاسەتێکی ڕۆمانسییانە لەگەڵ بەغدا لەلایەک و لەلایەکی دیکەشەوە نەبوونی تەباییەکی پێویست لە نێوان هێزە سیاسیەکانی پێکهێنەری دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان. لەدۆخێکدا کە ئەم هێزە سیاسییانە هەیبەتێکی ئەوتۆیان لە بەغدا بۆ خۆیان و نەتەوەکەیان نەهێشتووەتەوە، بەهۆی ناکۆکییەکانیان و نەبوونی ڕوانگەیەکی نیشتمانییانەی کوردستانییانە بۆ پرس و خواستەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان. ئەوەش لە کاتێکدایە کە پڕۆسەی سیاسیش لە هەرێمی کوردستان لەژێر پرسیاری گەورەدان و جڵەوی نوێبوونەوەی هەر جۆرە شەرعییەتێکیش لەدەستی دەوڵەتی قووڵی عێراقدایە و دادگای باڵاش چەکوشێکە هەمیشە لەسەر پێیە دژ بە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان و حزب و کەسایەتییە سیاسییەکانی. ئەی ئەوە نییە خودی سیاسییە کوردەکان شەرعییەت نەک هەر بەو حکومەتە میلیشیاییە دەدەن، بەڵکو بە خودی دامەزراوەکان و خودی ئەو دادگایەش کە شمشێرێکی تیژە بۆ گەردەنی هەر دەستکەوتێک بۆ هەرێمی کوردستان.

دووەم: بوونی کوردستانیان لە بەغدا دەبووایە لە ڕێی دامەزراوە سیادییەکانی هەرێمی کوردستان بێت وەک قەوارەیەکی دەستووری نەك لە رێگای حزب و سەرۆک حزبەکان و کەسایەتییە سیاسییەکانی، ئەوانەی لە بەغدا وەک حزبی عێراقی مامەڵە لەگەڵ دامەزراوەکانی عێراقدا دەکەن و شەرعییەتێکی بەخۆڕایی بەو دامەزراوانە دەدەن لەوانەش پەرلەمانی عێراق و حکومەتی عێراق. ئەگەر وانەبوایە، مامەڵەی حکومەتی فیدراڵی بەغدا، لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبوو وەک باڵێکی فیدراڵ و جێبەجێکردنی سیاسەتی “پەرتکە و زاڵبە” مەحاڵ دەبوو.

سێیەم: ئەوەش ڕوونە کە لە کۆی ١٤٤ ماددەی دەستوری عێراق ٥٦ ماددە جێبەجێ نەکراون، یان بەشێوەیەکی بەردەوام پێشێل دەکرێن لە بەرژەوەندیی دەوڵەتی قووڵ، یان ماددەکان هەڵپەسێردراون تا ڕۆژی قیامەت. هیچ دەسەڵاتێکیش ئامادە نییە لەخۆیەوە لە بەشێک لە دەسەڵات و کورسییەکانیەوە دابەزێت ئەگەر گوشاری لەسەر نەبێت. پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە دەسەڵاتی سیاسیی هەرێمی کوردستان تا کەی بەو جۆرە ڕۆمانسییە سیاسەت دەکات و شەرعییەت بە دەسەڵاتێک دەدات کە سیاسەتێکی دوژمنکارانە دژ بە خەڵك و قەوارەی هەرێمی کوردستان پێڕەو دەکات؟

داخۆ کاتی ئەوە نەهاتووە چیتر شەرعیەتێکی خۆبەخشانە بەو دامەزراوانەی عێراق نەدرێت و کوردستانیان واز لە سیاسەتی ڕۆمانسییانەی خۆیان بێنن؟ لەو چوارچێوەیەشدا کوردستانیان دەتوانێت چەند هەنگاوێک بە ئاراستەی دروست کردنی گوشار لەسەر عێراق بنێن، لەوانەش:

یەکەم: دەکرێت تیمێکی بەهێز لە پارێزەرە بە تواناکانی کوردستان پێک بهێندرێت و سکاڵا لە بەردەم دادگای باڵادا بەرز بکەنەوە دژ بە هەموو پێشێلکارییە دەستوورییەکان و مافەکانی هەرێمی کوردستان. لەلایەکی دیکەوە لە دژی ئەوەی کە هەموو حکومەتە یەک لە دوایەکەکانی دوای ٢٠٠٣ هیچ هەنگاوێکی ئەوتۆیان نەناوە بۆ جێبەجێکردنی ماددە دەستوورییەکان و پاراستنی هاوسەنگی و هاوبەشی و سازان (تەوازن، شەڕاکەت و تەوافوق).

دووەم: لەشکرێک کورد لە بەغدان و پارسەنگی شەرعییەتی ئەو دەسەڵاتەن، کە ئێستا سیاسەتی پەرتکە و زاڵبە، لەپاڵ برسیکردن و گوشار دروستکردن بەڕێوە دەبات، لەکاتێکدا حکومەت و حزبە سیاسییەکانی کوردستان دەزانن خەڵكی هەرێمی کوردستان چەند نیگەران و شپڕزەن بەو دۆخە ئابوورییەی تێی کەوتوون. ئەگەر بەو ئاراستەیە بجوڵێن، ئەوە دەسەلمێنن کە ئیدی کاتی ئەوە هاتووە خەمێک لەو بێمووچەیی و دۆخە ئابووریە خراپە بخۆن و شەڕی سیاسی لەگەڵ بەغدا ڕابگەیەنن وەکو ئاڵەنگارییەک دژ بە هەژموونی بەغدا و کۆتاییهێنان بەو سیاسەتە ڕۆمانسیانە. لەو پێناوەشدا دەکرێت مۆڵەتێکی دوو هەفتەیی بدرێتە بەغدا و هەڕەشەی کشانەوەیەکی سەرتاسەری لە بەغدا بکرێت.

سێیەم: بەکارهێنانی کارتی دیپلۆماسی و تێگەیاندنی کۆنسوڵخانە و هێزە نێودەوڵەتییە کاریگەرەکان کە چیدیکە سیاسەتی “پەرتکە و زاڵبە” و برسیکردنی خەڵکی هەرێمی کوردستان قبوڵکراو نییە، کۆتاییەک بۆ درێژەدان بەو سیاسەتە ڕۆمانسییە دابنێن.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • بوخچە
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2023 SEKO