فەیلییەکان پێکهاتەیەکی ڕەسەنی نەتەوەی کوردن لە دێرزەمانەوە لەسەر خاکی کوردستاندا ژیاون. یەکەم گرووپی ئیتنیکی کوردیشن لە سەدەی بیستەمدا لەلایەن دەسەڵاتدارانی نەتەوەپەرستی عێراقەوە دووچاری تەعریب و کۆمەڵکوژی و ڕاگواستن هاتوون. وێڕای ئەوەی کە زمانەکەیان زارێکی کوردی (زاری کەڵهور) ڕەسەنە، هاوکات فەیلییەکان خاوەنی دابونەریتی ڕەسەن و فەرهەنگ و ئەدەبی زارەکی خۆیانن. لە ڕووی زمانەوەش بنزاری فەیلی سەر بە زاری کوردی باشوورە و وەک زارەکانی لەک و لوڕ، کەڵهووڕ، کرمانج، گۆران کە زمانی کوردی پێکدێنن.
بە پشتبەستن بە پۆلێنکردنەکانی کتێبی مێژوویی “شەرەفنامە”ی شەرەفخانی بەدلیسی، زمانناسان پێیان وایە کە زاری فەیلی لە بنەڕەتدا بە کۆمەڵێک هۆزی لوڕی نیشتەجێی کێوەکانی (پێشکۆ، پشتکۆ) ی زنجیرە چیای زاگرۆس دەگوترێت، بەڵام ئەم بۆچوونە زانستی نییە، تەنێ لەبەر ئەوەیە کە فەیلییەکان لە ڕابردوودا لە ڕووی کارگێڕییەوە سەر بە هەرێمی لوڕستان بوون، واتە بۆ خۆیان لوڕ نین، بەڵکو دیالەکتێکی کوردی خوارینن کە لە ناوەڕاست و باشووری عێراق لە ناوچەکانی مەندەلی، زڕباتییە، بەدرە، جاسان، خانەقی، کەرکووک، بەغدا، کوت، عەمارە و ناسریە و بەسرە ژیاون. لە لایەن چەند کەسانێکی ڕۆژهەڵاتناسی وەکو “فلایدمێر مینۆرسکی”ی ڕووسی و “جۆن ماڵکۆن”، هەروەها زانا و توێژەری کوردی فەیلی “ئیسماعیل قەماندار” پشتگیری ئەو بۆچوونە دەکەن. ئەوان بڕوایان وایە سەرەتای دەرکەوتنی زاری فەیلی لە سەدەی شازدەهەم بووە، ئێستاش ئەم زارە بۆ ئەو کوردانە بەکاردێت کە نیشتەجێی ئەو ناوچانەن کە بەر دەوڵەتی عێراق کەوتون. لە ڕووی جوگرافییەوە ناوچەکانیان بەشێکیان لە باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستانن لە دەڤەرەکانی لوڕستان و کرماشان و ئیلامی سەر بە ئێران دەژین و بەشێکی دیکەش لە باشووری کوردستان لە ڕۆژهەڵاتی دیجلە دەژین.
کوردی فەیلی بە ئایین موسڵمانی شیعەن، بەشداری کارایان هەبووە لە بوارەکانی ئەدەب و زانست و ڕۆشنبیریدا، بە دەیان شاعیر، نووسەر و زمانزان، لە بوارەیلی هونەر وەک گۆرانیبێژ، مۆسیقاژەنی و نواندن و شانۆ و وەرزش و تێکڕای بوارەکانی ژیانی مەدەنییانە لە کوردستان و عێراقدا هەبووە و بەشدارییان کردووە. ناوە هەرە دیارەکانی ڕووناکبیرانی کوردی فەیلی وەکو: کامل حەسەن ئەلبەسیر، ئیسماعیل قەمەندار، عەدنان عودە عەباس، غائب توعمە فەرمان، داری ساری، عەباس بەدری، حسین مردان، خەلیل ڕفاعی، محەمەد بەدری …هتد.
سەرچاوەی مێژووییەکان باس لەوە دەکەن کە کوردانی فەیلی بەشدارییان لە دروستکردنی شاری بەغدا دا کردووە لە ٧٦٢ ی زایینی و لە سەردەمی خەلیفەی عەباسی ئەبو جەعفەر ئەلمەنسور دا. فەیلییەکان بە سەرۆکایەتی زولفەقار موسلی لە نێوان ١٦٢٣ تا ١٦٢٩ی زایینیدا حوکمی عێراقیان لە کەرکووکەوە تا بەسرە کردووە، بەڵام لە ئەنجامی ڕێکەوتنێکی نێوان هەردوو ئیمپراتۆری عوسمانی و سەفەویدا حوکمیان لە کوردە فەیلییەکان سەندۆتەوە و زاڵ بوون بە سەریاندا.
ناسنامەی نەتەوەیی
بە بۆچوونی ئیسماعیل قومەندار لە کتێبی “توێژینەوەی زاراوە کوردییەکانی باشوور، کوردانی فەیلی هەزاران ساڵە لەو ناوچانەی کە تا ئێستا نێشتەجێن و دەژین جێگیرن، نیشتیمانەکەیان دەکەوێتە هەردوو دیوی باشووری کوردستان و باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە سنووری نێوان دەوڵەتی عێراق و ئێران، لە خانەقین لە باکوورەوە تا عەلی غەربی لە باشووری عێراق، لە ئیلام، کرمانشان و لوڕستان و شوێنی دیکە لە وڵاتی ئێران نیشتەجێن. کوردانی فەیلی بە ژمارەیەکی بەرچاوی زۆرەوە لە هەردوو شارە گەورەکانی وەک بەغدا و تاران دەژین و نیشتەجێن، بەڵام هێشتا بە فەرمی هیچ ئامارێکی متمانە پێکراو بۆ ژمارەی فەیلییەکان نەکراوە. بە گشتی بە زیاتر لە سێ (٣) ملیۆن کەس مەزەندە دەکرێن. ڕووبهرێكی بهرفراوانی خاكی كوردستان دهكهوێته پشت خانهقینهوه و لهنێوان خانهقین تا دواسنووری خاكی باشووری كوردستان سهدان گوند و چهندان ناحیه و دوو قهزای تری كوردستان ههن، كه ئهوانهش قهزای مهندهلی، لهگهڵ دوو ناحیهی بهلهدروز و قهزانییه و ٢٣٤ گوندن، كه ڕووبهرهكهی ٦٥٨٦ کیلۆمەتر دووجایە. قهزای بهدره و ناحیهی جهسان و زوڕباتییه، لهگهڵ ٥٣ گوند كه ڕووبهرهكهی ٣٦٥٠ كیلۆمەتر دووجایە. جگه لهو ناوچانهش شارۆچكهی عهزیزییه و ناوچهكانی عهلی غهربی و عهلی شهرقی و قهزای حهی یش ناوچهی كوردە فەیلییەکانن.
ههموویان دهكهونه سنووری پارێزگای واست له خوارووی عێراقدا، ئهمه جگه له شاری كووت، كه ناوهندی پارێزگاكهیه و كوردانی فهیلی بهشێكی زۆری دانیشتووانهكهی پێكدههێنن. قهزای بهدره (بەێرە) و ناحیهكانی جاسان و زوڕباتییه له پارێزگای واست، لهسهر سنووره دهستكردهكانی نێوان باشوور و ڕۆژههڵاتی كوردستان ههڵكهوتوون، دهروازهی سنوورییان ههیه لهنێوان ئێران و عێراقدا. بهدره دهكهوێته ڕۆژههڵاتی شاری كووت. ناحیهی جهسانیش دهكهوێته باشووری ڕۆژئاوای شاری بهدره و ١٥ كیلۆمەتر لهو شارهوه دووره. ناحیهی زوڕباتییهش دهكهوێته باكووری ڕۆژههڵاتی شاری بهدره و ١٨ كیلۆمەتر لهو شارهوه دووره.
له ١٩٤٧ دا ژمارهی دانیشتووانی قهزای بهدره نزیكهی ٢٢ ههزار كهس بووه. سهبارهت به ژمارهی دانیشتووانی ئێستای قهزاكه، ئامارێكی ورد و فهرمی له بهردهستدا نییه، بهڵام بهپێی ئاماره نافهرمییهكان، ژمارهی دانیشتووانی بهدره لهگهڵ ههردوو ناحیهی جهسان و زوڕباتییه له نێوان ٣٠-٤٠ ههزار كهس مهزهنده دهكرێت. كوردانی بهدره و جهسان و زوڕباتییه به شێوهزاری كوردیی کەلهوڕی-فهیلی قسه دهكهن.
هاوشێوهی كوردانی فهیلیی ناوچهكانی خانهقین و مهندهلی، كوردانی خهڵكی شارهكانی بهدره و جهسان و زوڕباتییهش لهسهردهمی ڕژێمی بهعس كۆچی زۆرهملێیان پێ كرا بۆ بهغدا و ناوچهكانی تری ناوهڕاست و خوارووی عێراق و ناوچەکانیان تهعریب كرا. سهبارهت به ناوی بهدره، كه كوردانی خهڵكی شارهكه به كوردی پێی دهڵێن بهێره)، بیروبۆچوونی جیاواز ههیه، بهڵام زۆربهی بۆچوونهكان لهسهر ئهوه كۆكن كه بهدره له “بهد+راهـ”هوه هاتووه، كه مانای ڕێگای سهخت و دژواره. بهدره خاكێكی پڕ پیت و بهرهكهتی ههیه و ژمارهیهكی زۆر باخی خورما و میوهی لێیه. ڕووباری “گهڵاڵ” كه له ڕۆژههڵاتی كوردستانهوه سهرچاوه دهگرێت و به شاری بهدره دا دهگوزهرێت، سهرچاوهی سهرهكیی ئاوی شارهكه و باخهكانیهتی.
لەپاڵ بهرههمه كشتوكاڵییهكان، بهدره ناوچهیهكی دهوڵهمهند به نهوت و غاز، كه یهدهگی نهوتهكهی به ١٠٩ ملیۆن بهرمیل مهزهنده دهكرێت و نهوتهكهی نهوتی خاوی API=35Oه. ڕووبهری كێڵگهی نهوتی بهدره ٩٦ كیلۆمەتر دووجایە. لهپاش پڕۆسهی ئازادیی عێراق، پڕۆسهی بهرههمهێنانی نهوتی كێڵگهی بهدره بهشێوهی فهرمی له ٢٦-٨-٢٠١٤ لهلایهن كۆمپانیای گازپروومی ڕووسییهوه دهستی پێكرد، به بهرههمهێنانی ١٥-١٧ هەزار بهرمیل له ڕۆژێكدا.
فەیلییەکان لەمێژووی نوێدا
سەرەتای کێشەی فەیلییەکان بە دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق دوای جەنگی یەکەمی جیهانییەوە دەست پێدەکات، کە بە پێی ڕێکەوتنی سایکس پیکۆ دەستی پێکرد، لە یەکەمین بڕیاری یاساییدا بۆ هاووڵاتیانی عێراقی یاسای ژمارە ٤٢ ی ساڵی ١٩٢٤ بەوەی کە عێراقییەکانی سەر بە تەبەعیەی عوسمانی هاووڵاتی پلە یەک و تەبەعیەی ئێرانی بە هاوڵاتیانی پلە دوو و سێ سەپاند و دەسڵاتدارانی ئەوکاتی عێراق کوردی فەیلییان خستە خانەی تەبەعیەی ئێرانییەوە.
سەرەڕای ئەوەی کە کوردی فەیلی بە پلە دووی هاووڵاتیانی عێراقی دەژمێردران، بەڵام لە دامەزراندنی ئابووری دەوڵەتی عێراقەوە لە ڕووی خاوەندارێتی تایبەتدا بەشدارییان کرد، بۆیە دەڵێین لە ڕێگای خاوەندارێتی تایبەت، چونکە دەرگای دامەزراندن لە کەرتی گشتیدا بە سەریاندا داخراوو ڕەوا نەبوو، لە ڕووی سیاسیشەوە بەشدارییەکی چالاکانەی جموجۆڵی بزووتنەوەی دیموکراسی عێراقی و کوردستانی بوون.
فەیلییەکان لە ساڵانی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا توانیان دەست بەسەر کەرتی تایبەتی بازرگانی لە بەغدای پایتەخت بگرن و لەو ڕووەوە لە جموجۆڵ و کاری بازرگانیدا سەرکەوتوو بوون، بەشداری فەیلییەکان لە ژیانی سیاسی عێراق و لە نێو ڕیزەکانی هێزە دیموکراسی و پێشکەوتوخوازەکانی عێراقدا بەرچاو و چالاکانە بووە، تا ئەو ئاستەی گەیشتنیان بە پۆستی بەرپرسایەتی باڵا لە ڕیزەکانی ئەو بزووتنەوانە. لە هەمان کاتدا بەشداریکردنی کوردانی فەیلی لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی گەلی کوردستاندا لە سەرەتای دامەزراندنیەوە کاریگەر بووە، فەیلییەکان بەشێک بوون لە دامەزرێنەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ١٩٤٦ لە بەغدا. بۆ نموونە، تا پێش ئاداری ١٩٧٥ سەرۆکەکانی یەکێتیی ئافرەتان، یەکێتیی قوتابیان، یەکێتیی لاوان و سکرتێری خودی پارتی دیموکراتی کوردستان خۆیشی لە کوردانی فەیلی بوون. لە ڕیزەکانی حزبی شیوعی عێراقی و دامەزراندنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستانیشدا ڕۆڵی کارایان گێڕاوە.
فەیلییەکان بە گشتی بە دەستواڵایی پشتگیریی ئابووری، سیاسی، لۆجستیکی و بەشداری چەکداری لە ڕیزەکانی پێشمەرگەدا، هەروەها بەشداری دەزگاکانی ڕاگەیاندن و خزمەتی ئەکادیمی، پزیشکیی و تەندروستی و ئەندازیاری بیناسازی لە کوردستان و عێراق دا کردووە. بە هۆی ڕۆڵی دیار و بەرچاوی کوردی فەیلی لە ژیانی ئابووریدا ( بازرگانی کەرتی تایبەت) و کایەی سیاسی لە نێو ڕیزەکانی بەرهەڵستکاریی عێراقی و کوردستانیدا لە بەرامبەر سەرنەکەوتنی بەعس لە بەدەستهێنانی پشتگیری فەیلییەکان بۆ بەرژەوەندی دەسەڵاتی بەعسییەکان، بۆیە فەیلییەکان بوونە ئامانجی زەبروەشاندن و لێدانی سەرەکی لەلایەن سیستەمی دەسەڵاتی بەعس لە عێراقدا، هەر بۆیە دەوڵەتی عێراق دەستی کرد بە زۆرەملێ ڕاگواستنی پەنجا هەزار ڕۆڵەی کوردی فەیلی لە نێوان ١٩٦٩ـ١٩٧٢ بۆ ئێران.
لە ١٩٢٤ یاسای ڕەگەزنامەی عێراقی جەختی لە سەر دابەشکردنی گەلی عێراق کرد، بۆ سێ بەش لە سەربنەمای ئایین و نەتەوە، کوردی فەیلی لەبەرئەوەی لە پەیڕەوکەرانی ڕێبازی مەزهەبی شیعەی جەعفەری بوون، بۆیە بە ڕەچەڵەکی ئێرانی ناونووس کران، بە بەردەوامی کەوتنە بەردەم هێرش و پەلامار و شاڵاوەکانی فەرمانڕەوایانی عێراق، چ بە کوشتن و زیندانی کردن، یان بەتاڵانبردنی سەروەت و سامانەکانیان و وەدەرنانیان لە عێراقدا.
ئەم کوردانە لەلایەن دەوڵەتی عێراقی لە ١٩٦٣ وە بە هەموو شێوەیەک ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی و پاکتاوی ڕەگەزی بوونەتەوە، بەڵام بە دروستی لە سەرەتای هەفتاکانەوە شاڵاوی کۆمەڵکوژی فەیلییەکان دەستی پێکرد، کە ٤٠ هەزار خێزانی کوردی فەیلی بۆ ئێران ڕاگوێزران. لە ١٩٨٠ بە پێی بڕیاری ژمارە ٦٦٦ وەزیری ناوخۆی عێراق وڵاتبەدەرکردنی کوردە فەیلییەکان لەلایەن وەزیری ناوخۆی عێراق بەفەرمی کرا. بەمەش ئەو ئێرانیانەی لە عێراق بوون و ڕەگەزنامەی عێراقییان نەبوو، هەروەها ئەوانەش کە مامەڵەیان کردووە و بڕیارییان لە بارەیەوە دەرنەچووە، دەردەکرێن. لەهەمانکاتدا بڕیارەکەی حکومەتی عێراقی ئەوەشی تێدا بوو کە لاوانی کوردی فەیلی لە تەمەنی ١٨ تا ٢٨ ساڵ، بگیرێن و لە بەندیخانەی پارێزگاکاندا تا ماوەیەکی نادیار دەسبەسەر بکرێن. هەروەک بڕیارەکەی وەزیری ناوخۆی حکومەتی عێراق ئەوەشی دووپات کردوەتەوە، کە هەر کەسێک لەو کوردانەی ئاودیوی ئێران دەکرێن، ئەگەر هەوڵیاندا بگەڕێنەوە تەقەیان لێ بکرێت، واتا بکوژرێن.
لە ٢٦-٢-١٩٨١ لە ڕۆژنامەی ئەلسەورەی زمانحاڵی حکومەتی بەعسی عێراق سەدام حوسێن لەبارەی کوردە فەیلییەکانەوە دەڵێت، ئەم توێژە لە عێراق ڕیشەکێش بکەن، تاکو خاک و خوێن و هەوای عێراق پیس نەکەن.
بەپێی زانیارییە بەردەستکەوتوەکان تاوەکو ٢٠٠٣ زیاتر لە ٢٠٠ هەزار دانیشتوانی عێراق ئاوارە یان ڕاوەدووی ئێران نراون، کە ٦٥٪ ئەو ژمارەیە لە کوردی فەیلی بوون و تا ئێستاش زۆرێکیان لەو وڵاتە ماونەتەوە. ئەمە جگە لەوەی لە ماوەی دەسەڵاتی بەعسییەکاندا بە هەزاران کوردی فەیلی زیندانی کراون و لە سێدارە و کۆمەڵکوژی کراون.
فەیلییەکان لە بزووتنەوەی ئازادیخوازیی کوردستاند:
لە ١٩٣٠ دا، کوردە فەیلییەکان وەکو دەسپێکی هۆشیار بوونەوەی نەتەوەیی لە نێو یەکەم وەچەی کوردە سکولار و شارنشینەکاندا، هێندێکیان بەگەڵ حزبی شیوعی عێڕاق کەوتن، خەڵکی دیکەش چوونە ناو ڕیزەکانی گرووپێکی لیبڕاڵی عێڕاقی ڕیفۆرمیست. وروژاندنی پانعەڕەبایەتیی بە نۆرە خۆی بووە هۆی گەشانەوەی هەستی نەتەوەیی کوردی، بەتایبەتی کاتێک کە بڵاوکراوە عەرەبییەکان کوردەکانیان تاوانبار دەکرد بە پشتیوانیکردن لە تورکەکان بۆ وەدەست خستنی ئەسکەندرون لە سوورییە لە ١٩٣٧ دا.
هێندێک لە ڕووناکبیرانی کورد بانگەشەیان دەکرد هۆی کێشەی نێوان کورد و عەرەب لەبەر بوونی گرژیی لە نێوان کۆمەڵگەکاندا نییە، بەڵکو لە بەر زۆرداریی حکومەتە دژی کۆمەڵگەکان جا هەر کامێکیان بن.
شەڕ بە دژی شۆڤینستەکان کە هیچ ڕێزێکی لە ئەوانی دی نەدەگرت کە ئازادانە چارەنووسی خۆیان بەدەستەوە بگرن بۆ بەڕێوەبردنی کاروبارەکان بووە مایەی دەرکەوتنی توێژێکی نوێ لە کوردە گەنجە پڕۆفیشناڵەکان کە هیوایان ئەوە بوو ئاستێک لە سەربەخۆیییان هەبێت.
زۆر ڕێكخراوی سیاسی و گرووپ دروست بوون، بۆ نموونە کۆمەڵە، برایەتی، ئازادی، هیوا …هتد. کوردە فەیلییەکان بەگەڵ ئەو گرووپانە کەوتن و زۆر لەوان لە هاودامەزرێنەرانی ئەو گرووپانە بوون و ڕەگ و ڕیشەی ناسیۆنالیزمی کورد خەریک بوو خۆی دادەکوتا، لە ١٦ ئابی ١٩٤٦ پارتی دیموکراتی کوردستان (پارتی) دامەزرێندرا، لێرەشدا فەیلییەکان لە هاودامەزرێنەرانی بوون.
کوردە فەیلییەکان پشتیوانی خۆیان لە هێزی پێشمەرگە و شۆڕش لە کوردستان بەردەوام بوو، چ لە ڕووی ماددی و چ مەعنەوی. بۆ نموونە، یەکەم ئامراز و کەرەستەی ڕادیۆ بۆ شۆرش لە کوردستان لەلایەن ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی عەبدولحوسێن فەیلی کڕدرا و بە نهێنی بە ڕێگای شەریکەی تڕانسپۆرتەوە گەیەنرا.
لە حەفتاکان و هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو، دەرکردنی بە کۆمەڵی زیاتر لە میلیۆنێک کوردی فەیلی بۆ ئێران ئەنجامدرا، موڵک و ماڵ، حیسابی بانکییان زەوت کرا، بە هەزاران گەنجی خوێندەواری فەیلی شوێنبزر کران یان کوژران. لە مارسی ١٩٧٤، هەزاران پیر و لاوی فەیلی کچ و ژن و پیاو چوونە ڕێزەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان، چ وەک پێشمەرگە یان پشتیوانی، زۆر لەوان میداڵیای شانازیان وەرگرتووە لەبەر ئازایەتی خۆیان و ئەوانی دی لەبەر دڵپاکی، لێوەشاوەیی بەڕێوەبردن و فیداکارییەکانیان. لەو ساڵەدا ڕژێمی فاشیزمی بەعس هێرشی کردە سەر هێزی پێشمەرگە و بەتایبەتی هێرشی خەست بۆ سەر ناوچە مەدەنییەکان، تەنانەت نەخۆشخانەکانیشیان نەبوارد.
مەینەتی کوردە فەیلییەکان
کێشەی کوردە فەیلییەکان وەک کێشەی عەرەبە شیعەکان پەیوەستە بەو ململانێیە سیاسیانەی نێوان دەوڵەتی عوسمانی و ئێرانی، کە ڕێخۆشکەر بوون بۆ دابەشکردنی دانیشتوانی ناوچەکە لە نێوان دوو دەوڵەتی سەفەوی ئێرانی و تورکی عوسمانیدا. زۆر لە شیعە عێراقییەکان بە دووکەوتەی ئێرانی ناونووس کران، کە لە ناویاندا کوردە فەیلییەکان بوون.
لە سەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقی ڕووبەڕووی جیاکاریی بوونەتەوە. لە ١٩٢٤ یاسای ڕەگەزنامەی عێراقی جەختی لە دابەشکردنی گەلی عێراقی کردەوە بۆ سێ بەش لەسەر بنەمای ئایین و نەتەوە. لەبەر ئەوەی کوردە فەیلییەکان سەر بە ڕێبازی شیعە بوون بە ڕەچەڵەک ئێرانی ناونووس کران، بۆیە هەمیشە کەوتونەتە بەر هێرشی دەسەڵاتدارانی عێراق، لە دوای هاتنی ڕژێمی بەعس بۆ سەر دەستەڵات و دەست بەسەرداگرتنی لە ١٩٦٨، کوردە فەیلییەکان ڕووبەڕووی شاڵاوی توندی ڕاگواستن و لەناو بردن بوونەوە . لە سەرەتای ١٩٧٠ ڕژێمی بەعسی نزیکەی ٤۰۰ چل هەزار کوردی فەیلی بۆ ئێران دەرکرد، بەو بیانووەی کە ڕەچەڵەکیان ئێرانییە. لە درێژەی ئەم سیاستە بەرامبەر بە کوردە فەیلییەکان، لە ١٩٨٠بەپێی بڕیاری ٦٦٦ مافی هاووڵاتیبوونیان لێسەندرایەوە، ئینجا دەست گیرا بەسەر ماڵ و موڵک و سامانەکانیان. هێرشی زۆر توند و دڕندانە دەکرانە سەر کوردە فەیلییەکان ئەویش بە بە زەوتکردنی ژن و کوشتنی پیاو و منداڵەکانیان، کە لە مێژوودا کەم وێنەبووە.
لە سەردەمی سەدام حوسێن، دەوڵەتی عێراقی بڕیارێکی نوێی دەرکرد. بەپێی بڕیارەکە، ئەو پیاوەی عێراقییە و ژنەکەی فەیلییە دەبێ لێی جیا ببێتەوە بەرامبەر بە چوار هەزار دینار ئەگەر سەرباز بێت، دوو هەزار و پێنج سەد دینار ئەگەر مەدەنی بێت. بەپێی ئامارەکانی خاچی سوور و مانگی سووری نێودەوڵەتی چوارسەد هەزار هاووڵاتی فەیلی بوونەتە قوربانی ڕژێمی پێشووی عێراق، بە کوژران و ڕاگواستنەوە.
هێرشی بە زۆرەملێ گواستنەوەی کوردانی فەیلی لە ٤ ی نیسانی ١٩٨٠ دا، سەرەتا لە بازرگانە گەورەکانەوە دەستی پێکرد و تا ١٩٩٠ بەردەوامی کرد. دوای ئەوەی کە ڕەگەزنامەی عێراقییان بەپێی بڕیاری ٦٦٦٦ لێسەندرایەوە دەستیان بە سەر هەرچی ماڵ و موڵکی ڕاگوێزراو ڕانەگوێزراو داگرت و گشت سەنەد و دۆکومێنت و بەڵگەنامە فەرمی و نافەرمیەکانیشیان لێ زەوت کردن. بە پێی سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراقی فیدڕاڵ نوری ئەلمالکی، عێراق هەزاران کوردی فەیلی لە تەمەنی نێوان ١١ تا ٣٠ ساڵیەوە دەستبەسەرکرد و بێسەروشوێنی کردن، کە ژمارەیان لە ٢٠ هەزار کەس زیاتر بووە.
بە پێی داواکاری گشتی لە کەیسی بە زۆر ڕاگواستن و کۆمەڵکوژی کوردە فەیلییەکان، عەبدولقادر ئەلحەمدانی کە لە ڕۆژنامەی شەفەق نیوز لە ٤-٨-٢٠٢١ شەش سەد هەزار لە کوردی فەیلی لە هەموو لایەکی عێراقەوە ڕاکێشرانە سەنتەرەکانی کۆکردنەوە و یەکسەر ڕەوانەی ڕاگوێزرانە سەر سنوورەکانی ئێران. بە گوێرەی بنەماکانی بنکەی سەرژمێرییش بێت، کۆی ژمارەی کوردی فەیلی کە بەزۆر ڕاگوێزراون نزیکەی ملیۆنێک و شەش سەد هەزار کەس دەبێت.
لە دوای ڕووخانی ڕژێمی سەدام، لە ٢٠٠٦ دا یاسای ڕەگەزنامەی عێراقی بڕیاری ٦٦٦ ی ساڵی ١٩٨٠ی پوچەڵکردەوە. بەم پێیە کۆمەڵێک لە کوردە فەیلییەکان توانییان مافەکانیان بەدەست بهێننەوە. بەڵام ژمارەیەکی کەم نەبێت نەیانتوانی بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵ و موڵک و ناوچەکانیان، تا ئێستاش حکومەتی عێراق هیچ زانیاری و ڕوونکردنەوەیەکی لە بارەی چارەنووسی ونبوو و دەستبەسەرەکانی پێشکەش نەکردووە کە بە چ شێوەیەک ڕژێمی بەعس لە ناوی بردوون و ئێسک و پروسکیان کەوتۆتە کوێ؟
دوای ٢٠١٣، کوردە فەیلییەکان دیسان ڕووبەڕووی کارەساتی نامرۆڤانەی تازە بوونەوە، ئەمجارەیان لەسەر دەستی چەتەکانی بەعس و سەلەفی و بەکرێگیراوانی تر و دواتر بەدەستی چەتەکانی داعشەوە بەتایبەت لە خانەقین، مەندەلی، شارەبان، سەعدیە و جەلەولا و بەغدا و مەدائن (سەلمان پاک) و چەند شوێنێکی تر.
کوردی فەیلی لە عێراقدا داوای چارەسەرییەکی ڕیشەیی کێشەکانیان دەکەن و داوا و گەیشتن بە مافە ڕەواکانیان پێویستی بە جێبەجێکردنە، لە دوای ڕووخانی بەعس تا ئێستا چاوەڕوانیی درێژەی کێشا و ئەو ڕەوشەی ئێستای گشتی لە عێراقدا هەیە تروسکەی ڕووناکی بۆ وەرگرتنی مافەکانی کوردی فەیلی بەدی ناکرێت و بێ هیوان لێی، مەگەر بزووتنەوەیەکی جیدی و دڵسۆزانە بۆ کەیسەکە کار بکات.
داخوازییە سەرەکییەکانی کوردە فەیلییەکان
ئەنجامنامەی یەکەم کۆنفڕانسی نێونەتەوەیی کوردی فەیلی کە لە بڕۆکسلی پایتەختی بەلجیکا لە ٢ ی ئایاری ٢٠١٦ دا بەسترا، ڕاگەیێندرا. لەوێدا چەندێک لەو داواکارییانە پەیوەستن بەو بەسەرهاتانەی کە لە ڕابردوودا بەسەر کوردی فەیلیدا هاتوون و لە بەندەکانی ١ـ ٨ لە داواکارییەکان پێویستی بە وەڵامدانەوەی حکومەتی عێراقی و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکانەوە هەیە، بە تایبەت کە دادگای باڵای تاوانەکانی عێراق لە ڕێکەوتی ٢٩ ـ ١١ ـ ٢٠١١ ەدا بڕیارێکی دەرکرد کە بەسەرهاتی کوردانی فەیلی و بە کۆمەڵکوژی ـ جینۆساید ئەژمار کرد. پەرلەمانی عێراقیش بڕیارێکی لە ٨ـ١ـ٢٠١١ دا دەرکرد ئەو تاوانانەی کە بەسەر کوردە فەیلییەکان هێنرا بە تاوانی کۆمەڵکوژی ئەژمار دەکات.
لێرەدا داواکاریش هەیە کە بەستراوە بە داهاتووی کوردی فەیلیەوە لە عێراقدا، خاڵی ٩و ١١ و ١٣ و ١٤ بە تایبەت خاڵی ٩ کە گرنگە و لەوانەیە ببێتە مەسەلەیەکی چارەنووسساز بۆ داهاتوویێکی دوور.
زۆرینەی کوردانی فەیلی خۆشحاڵ بوون بە گرتنی کۆنفڕانسی یەکەمی نێونەتەوەیی لەسەر دۆزەکەیان لە برۆکسل. دەمانەوێ پشتڕاستی بکەینەوە کە هەر پێشکەوتنێک لە سەر ئاستی نێونەتەوەیی بەسەر کەیسی فەیلییەکاندا بێت کاریگەری ڕاستەوخۆ و ئەرێنی دەبێت لەسەر باری دەروونی و ژیانی کوردی فەیلی لە عێراق و پەنابەر و ڕاگوێزەکان لە ئێران و هەموو ئەوانەیش کە لە وڵاتانی جیهاندا ژیان بەسەردەبەن.
لە خاڵی دوازدەی ئەنجامنامەی کۆنفرانسدا هاتووە کە بەردەوامی لە کارو هاوکاری لەسەر ئاستێکی بەرفراوانتر لەگەڵ کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان ـ ک ن ک دا، سیمینار و کۆنفڕانس لە وڵاتانی ئەوڕوپا لە سەر کۆمەڵکوژی کوردانی فەیلی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ببێتە بەشێک لە بەرنامەی ساڵانەی کارو خەباتی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان.
کوردانی فەیلی لە عێراقی نوێدا
دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس، كوردانی فهیلی ههموو ههوڵهكانی خۆیان خستهگهڕ بۆ ئهوهی چەند کورسییەکی کۆتا ئهنجومهنی نوێنهرانی عێراق مسۆگەر بکەن. بهڵام پاش ههوڵێكی زۆری فهیلییەکان بۆ ئهو مهبهسته، له ڕێگهی نهتهوه یهكگرتووهكان و لایهنه سیاسییه عێراقییهكان و فراكسیۆنه كوردستانییهكان، سهرهنجام ئهنجومهنی نوێنهرانی عێراق له دانیشتنی ڕۆژی ٢٢ ی کانوونی دووەمی ٢٠١٨ دا بڕیاریدا تەنیا یەک كورسی كۆتا بۆ كوردانی فهیلی له پارێزگای واست دیاری بكرێت.
لایهنه سیاسییهكانی عێراق، به تایبهتی هێزه شیعهكانی نێو پهرلهمانی عێراق، ڕازی نهبوون بهوهی له بهغدا و دیاله كورسیی كۆتا بۆ كوردانی فهیلی دیار بكرێت تەنها كوت نەبێت. ئەمە لهكاتێكدا كه ژمارهی كوردانی فهیلی له بهغدا و دیاله، زیاتره له پارێزگای واست، هۆكارهكهشی بۆ ئهوه دهگهڕێتهوه، كه ئهوان دهزانن بهپێی واقیعی سیاسی و جیۆگرافی و دیمۆگرافی، له پارێزگای كوت كه پارت و لایهنه سیاسییه شیعهكان تێیدا باڵادهستن، چانسیان زۆرتره بۆ ئهوهی ببنه خاوهنی ئهو كورسییه كۆتایهی كوردی فهیلی، بهڵام له بهغدا و دیاله، ئهگهری زۆر بوو كه پارت و لایهنه كوردستانییهكان ئهو كورسییه كۆتایانهی كوردی فهیلی بهدهست بهێنن، بۆیه بهوه ڕازی نهبوون كه له بهغدا و دیاله كۆتا بۆ كوردانی فهیلی دیار بكرێت.
ئهگهر واقعبینانه تهماشای ئهو پرسه بكهین، نهك كورسییهك و دوو كورسی، تهنانهت ئهگهر پێنج كورسیش بۆ كوردانی فهیلی دیار بكرێت، نه هیچ له واقیعی ئهم پێكهاته ستهملێكراوه دهگۆڕێت و نه دهبێته كارتێكی بههێزیش بۆ پارت و لایهنه كوردستانییهكان، چونكه كێشهی كوردانی فهیلی زۆر لهوه قووڵتر و گهورهتره كه به چهند پهرلهمانتارێك له پهرلهمانی عێراق چارهسهر بكرێت. سەبارەت بە پارت و لایهنه كوردستانییهكانیشهوه، هیچ له هاوكێشهكان ناگۆڕێت، ئهگهر ٦٠ كورسیان ههبێت یان ٦٣، خۆ ههر عهرهب زۆرینهیه.
لهگهڵ ئهوهشدا ئهو تاقه كورسییهی كه له كوت بۆ كوردانی فهیلی دیاركراوه، بایەخێكی یهكجار زۆری بۆ كورد و ههرێمی كوردستان ههیه. ئهگهر بپرسن بۆ؟ دهڵێم به لایهنی كهمهوه، دیاركردنی كورسییهك بۆ كورد له واست، خۆی له خۆیدا دانپێدانانێكه به بوونی كورد لهو ناوچهیه و شهرعیهتدانه بهوهی كه بهدره و جهسان و زوڕباتییه ناوچهی كوردستانین و دواخاڵی سنووری باشووری كوردستانن.
لهگهڵ سهرهتای هاتنی تیرۆریستانی داعش بۆ عێراق و پێكهاتنی میلیشیاكانی حهشدی شهعبی له ٢٠١٤ دا، چهند ههواڵێكى بێبنهما له میدیاكانی عێراقدا بڵاو كرانهوه، كه گوایه چهندان ههزار كوردی فهیلی له بهغدا و ناوچهكانی تری ناوهڕاست و باشووری عێراق و لهو ناوچه كوردستانییانهی كه كوردانی فهیلی تیایاندا نیشتهجێن، پهیوهندییان به ڕیزهكانی حهشدی شهعبییهوه كردووه. زۆری پێ نهچوو كه ههمان ههواڵ، بوو به مانشێتی سهرهكیی زۆربهی ئاژانس و ماڵپهڕه ههواڵدهره كوردییهكان و میدیاكانی تریش دوو ئهوهندهی تر ئهو بابهتهیان ورووژاند، بهبێ ئهوهی شرۆڤهی ناوهڕۆكی ههواڵهكان بكرێت و له ڕاستی و دروستیی زانیارییهكانیان بكۆڵدرێتهوه.
پرۆسهی ڕیفراندۆمی سهربهخۆیی
لە ٢٥ی ئەیلولی ٢٠١٧ کە ڕیفراندۆم بهڕێوه چوو، دهوڵهتی عێراق و میلیشیاكانی حهشدی شهعبی به هاندانی وڵاتانی دراوسێ بوونه ههڕهشه بۆ سهر كوردستانی باشوور، مخابن دواتر ئەو هێزە داگیرکارە دەڤەرەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستانیان داگیرکردەوە کە بەشێکی زۆری ناوچە فەیلینشینەکانیشی گرتەوە، دیسان پرسی كوردانی فهیلی وهكو ماددهیهكی میدیایی به مهبهستی شهڕی سایكۆلۆژی له دژی شهقامی كوردستانی و بانگهشهی پێشوهختی ههڵبژاردن بۆ شهقامی عێراقی بهكار هات، وا پیشاندرا كه گوایه بهشێكی زۆری گهنجانی كوردی فهیلی پهیوهندییان به ڕیزهكانی حهشدی شهعبیهوه كردووه و ئهو گهنجه كوردانه ئامادهی بهشداریكردن له ههر شهڕ و پهلامارێكن كه لهلایهن حهشدی شهعبییهوه ئهنجام بدرێت.
ئهو لایهنانهی كه ئهو جۆره لێداونانەیان دەدا لە ماكینه میدیاییه زهبهلاحهكانیان خزمەتیان بە پارت و لایهنه سیاسییه شیعهكانی عێراق دهکرد و بانگەشەی ئهوهیان دهكرد كه گوایه چهندین ههزار چهكداری فهیلییان ناردووهته ڕیزهكانی حهشدی شهعبییهوه، پڕوپاگهندهكانیان هیچ بنەمایەکی نەبوو. ئهوانهی كه به ناوی كوردی فهیلییهوه بانگهشه بۆ میلیشیاكانی حهشدی شهعبی دهكهن، چهند گرووپێكی بچووكى سهر به پارته ئیسلامییه شیعهكانن و لهلایهن ئهوانهوه دامهزراون و پاڵپشتی دهكرێن، ئامانجى سهرهكیشیان سڕینهوهی ناسنامهی نهتهوهیی كوردانی فهیلییه و دهیانهوێت به بیانووی تایفهگهری و مهزههبییهوه ئینتیمای نهتهوهییان كاڵ بكهنهوه.
بەجیهانیکردنی دۆسییەی جینۆسایدی کوردانی فەیلی
سازکردنی کۆنفرانسێکی ئەکادیمی لەگەڵ پەرلەمانی ئەوروپادا بۆ بەجینۆساید ناساندنی کۆمەڵکوژی و پاکتاوکردنی کوردە فەیلییەکان دەسکەوتێکی زۆر گرنگ بوو بۆ کوردە فەیلییەکان کە بتوانن ئەو کەیسە تەکانێکی پێبدرێت، چونکە ئەو کەیسە کە بە دەیان ساڵە خۆڵی لەسەر نیشتووە، توانرا جارێکی تر لاپەڕەیەکی تر لەم کەیسە لاببرێت، ئێستا کار بۆ ئەوە دەکرێت کە زیاتر ئەم کەیسە بناسرێت. داواکە ئەوەبوو بە پشتبەستن بە بڕیاری دادگای تاوانەکان لە عێراق ئەوەی بەسەر کوردە فەیلییەکاندا هاتووە جینۆسایدە، داواکرا لە پەرلەمانی ئەوروپا لە هەموو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ئەوانیش دانیپیادا بنێن کە کوردە فەیلییەکان لەلایەن دەوڵەتی عێراقەوە ڕووبەڕووی کارەساتی جینۆساید بوونەتەوە.
جینۆسایدی فەیلییەکان لە باشووری کوردستان لە لایەن دەسەڵاتدارانی عێراقەوە چەندین وێستگەی جۆراو جۆری بەخۆوە بینیوە. حزبی بەعس وەک پارتی فەرمانڕەوای عێراق لە ١٩٦٣ تا ٢٠٠٣ گەورەترین بەرپرسیارێتی تاوانەکانی جینۆساید دژ بە گەلی کوردی لە ئەستۆیە. ئێستاش لەگەڵ پشتگیری فەیلییەکان لە گشتپرسی باشووری کوردستان، جارێکی دیکە کەوتوونەتەوە بەر هەڕەشی میلیشیا شیعەکان و ڕووبەڕووی مەترسی جددی بوونەتەوە.
لە ٧ ی نیسانی هەمووساڵێک گەلی کورد بە تایبەتی بۆ کوردانی فەیلی یادی جینۆساید و ئەنفالكردنی ڕۆڵەکانیان دەکەنەوە، كوشتن و بڕین، ئەنفال، کۆمەڵکوژی و لەناوبردنی كورد و کوردستانیان لە ناو دەوڵەتی عێراقدا و بەدەستی ڕژێمە داپلۆسێنەرەکانی داگیرکەری عێراق، ھەر لەدەستپێكی دامەزراندنی ئەو دەوڵەتەوە دەستی پێكردووە و لە مافەكانیان بێبەشكراون. لەبەرامبەریشیدا کورد بە ھەموو چین و توێژو دین و مەزھەبەكانیەوە خەبات و تێكۆشانی لە پێناو بەدەستھێنانی ئەو مافانەدا کردووە و قوربانیی داوە.
كوردە فەیلیەكان پێكھاتەیەكی دانەبڕاو و كارای ئەو تێكۆشان و خەباتە مێژوویی و نەتەوەییەن، بۆیە بوونە یەكەمین قوربانیدەری لێكترازان و پارچەبوونی نەتەوەی كورد و خاكی كوردستان. كوردە فەیلیەكان بەھۆی شوێنی جوگرافیای نیشتەجێبوونیان كە دەكەوێتە ناوەڕاستی عێراق و بەدرێژایی سنووری دروستکراوی عێراق و ئێران وەك خانەقین، مەندەلی، بەدرەو جەسان و زورباتیە …ھتد و خودی شاری بەغداش بڵاوبوونەتەوە، لە هەمان کاتیشدا بەشی هەرە زۆریان موسوڵمانی شیعە مەزهەبن. مێژووی دەستپێكردنی ئەو كارەساتانەی كە دژ بە كوردە فەیلیەكان دەكرێت، دەگەڕێتەوە بۆ ململانێی سیاسی دوورودرێژی نێوان ھەردوو دەوڵەتی عوسمانی و سەفەوی لە دەورانی سەدەکانی پازدە و شازدەدا. وەكو توێژ لەنێوانی ئەو دوو دەوڵەتەدا لەبەرەكانی پێشەوەی شەڕە خوێناویەکانی ئەم ململانێیە بوون و بوونە قوربانی كێشمەكێشمەكانیان.
بە سەقامگیربوونی دەوڵەتی عێراق و ھاتنە سەر دەسەڵاتی بەعسی شۆڤینیستی عەرەبی لە كۆتایی شەستەكانی سەدەی ڕابردوودا. بۆ پاڵاوتنی حساباتی لەمێژینە و ئاڵۆزكاوی ئاینی و نەتەوەیی خۆیان، بەتایبەتی عەرەب و فارس و تەعریبکردنی ناوچە كوردستانیەكانی ژێر دەسەڵاتی عێراق، ئەو ڕژێمە داگیركەرە ھەڵمەتی لەناوبردنی كوردی دا بەتایبەتی لە سنووری شاری بەغدا و باشووری شاری كەركووك و ناوچە سنووریەكانی نێوان عێراق و ئێران. ئامانجیان كوردە فەیلیەكان بوون. ھەم لەبەرئەوەی بە ھۆكاری سەرەكی كوردبوونیان و ھەم شیعە بوونیان وەکو مەزهەب.
لە سەرەتای حەفتاكانی سەدەی ڕابردوودا لەلایەن ڕژێمی فاشیستی عێراقی داگیركەرەوە گەورەترین پیلان و پیلانگێڕی بۆ سەركوتكردنی كوردە فەیلیەكان ئەنجام درا. لە ١٩٨٠ بە بڕیارێكی دەوڵەتی عێراقی بە بیانووی ئەوەی كە كوردە فەیلیەكان ھاوڵاتی ئێرانین، پرۆسەی ئەنفال، كوشتن و بڕین و ڕاگواستنیان بەسەردا سەپێنرا و كۆمەڵكوژ و زیندەبەچاڵكران. بە ھەزاران ژن و پیاو و پیر و منداڵیان بە دڕندانەترین شێوە قەتلوعام و بێسەروشوێن كرد. بە ھەزارانی دیكەشیان بۆ سەرسنوورەكانی دەوڵەتی ئێران گواستەوەو دەربەدەرکران و زۆریشیان بێ سەروشوێنكران. تاوەكو ئێستایش چارەنووسیان دیار نیە. جگە لەو زیانە مرۆییەی كە كوردە فەیلییەكان دووچاری ھاتن، موڵك وماڵیشیان بە تاڵان برا و دران بە خەڵكی عەرەبی ناوچەكە. ئەوانەی كە مابوونەوەش لە ھەموو مافەكانیان بێ بەشكران و لە كارەكانیان دەركران و لە ژیاندا سەرگەردان كران و بەكولەمەرگی ژیانیان بردەسەر.
سەرەڕای ئەوەی كە ئەوا ٢٠ ساڵە ڕژێمی گۆڕبەگۆڕی بەعس و شۆڤینی عەرەبی لە عێراقدا ڕووخاوە و لە جیاتی ئەو دەوڵەتێكی فیدڕالی فرە پێكھاتەیی دامەزراوە. باشووری كوردستانیش ٣٢ ساڵە لە قەوارەیەكی سەربەخۆ و ئازاددایە كەچی ھێشتاش ئەو كۆمەڵكوژیەی كوردە فەیلیەكان بە كەیسێكی ھەڵواسراوی چارەسەرنەكراو ماوەتەوە. سەرگەردانی بە دوای مافە مرۆیی و مادیەكانی خەڵكانی کوردی فەیلی زوڵملێكراو ھەر بەردەوامە و بە ڕەسمی پێناسەیەكی نەتەوەیی، نیشتیمانی و مرۆیی لەهەردوو دەستوری عێراق و كوردستاندا بۆ دانەنراوە، بۆ ئەوەی ببێ بە پشتیوان و پاڵپشت و بە مافەكانیان شاد بن و قەرەبووی ماددی و مەعنەوی بكرێنەوە.
راسپاردەکان
داوا لە ھەردوو حكومەت و پەرلەمانی کوردستان و فیدرالی دەكەین بەتایبەت نوێنەرانیان خەبات بۆ ئەوە بكەن كە بەزووترین كات كۆمەڵكوژی كوردە فەیلیەكان لە ناوەوەی عێراق و کوردستان و سەكۆ نێودەوڵەتییەکاندا بە جینۆسایدی دژ بە مرۆڤایەتی و سیاسیانەی دژ بە خەڵكی كورد بناسێنرێت.
وەك كەیسەكانی ھەڵەبجە و ئەنفال، كەیسی كۆمەڵكوژی كوردەفەیلیەكانیش بایەخی پێبدرێت و لە ھەوڵ و تێكۆشانی جدیدا بن بۆ بەدەستھێنانی مافەكانی زیانپێکەوتوان و قەرەبووكردنەوەیان.
بۆ دڵینابوونی کەسوکاری کوردە فەیلییەکان، کاری جدی و پراکتیکی بۆ ئاشکرا کردنی چارەنووسی بێسەروشوێنکراونیان بکرێت.
داوا لە حكومەت و پەڕلەمانی ھەرێمی كوردستان بکرێت كە ھۆبەیەكی تایبەت بە كەیسی كۆمەڵكوژی و شەھیدانی فەیلی لە لیژنەی شەهید و ئەنفالی پەڕلەمان و لە وەزارەتی شەھید و ئەنفالكراوەكان دابمەزرێت و كارا بكرێت.
بە لەبەرچاو گرتنی هەموو ئەو نەهامەتیانەی کە بەسەر کورد و بەتایبەت کوردە فەیلییەکاندا هاتووە، پێویست دەکات، وەک خۆیان ئاماژەیان پێداوە کار بۆ پاراستنیان بکرێت، لە بەرانبەر عەرەبە فاشیستەکان بەتایبەت میلیشیا شیعەکان، تا بتوانن بەشداربن لە یەکلایی کردنەوەی چارەنووسی گەلی کورد لە عێراق.
هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوە باڵاکان لەگەڵ بەغدا ئاوڕی جددی لە پاراستنی ئەو کوردانەی بەغدا و ناوچەکانی تری عێراق بدەنەوە تا چیدی تووشی ماڵوێرانی و کوشتار نەبنەوە.
ئەگەر بە كۆتا وەرگرتنیش بێت، ھەوڵ بدرێت لە ھەردوو پەڕلەمانی بەغدا و ھەرێمدا کورسی نوێنەری كوردە فەیلیەكان وەك پەرلەمانتار مسۆگەربكرێت.
ئەنجام
دۆزی کوردی فەیلی وەک پرسی بەشێک لە نەتەوەى کورد و مەزهەبى شیعە، پەیوەستە بەو ململانێ سیاسییە دوور و درێژەی نێوان دەوڵەتی عوسمانی تورک و دەوڵەتی سەفەوی فارس، کە هۆکار و ڕێخۆشکەر بوو بۆ پەرتکردن و دابەشبوونی ناوچەکەیان لە نێوان هەردوو دەوڵەتی عوسمانی و سەفەویدا. وەک زۆرێک لە شیعەکانی عێراق بە دواکەوتەی ئێران ناونووس کران، کە لە ناویاندا کوردی فەیلییەکان پشکی شێریان بەرکەوت و لە سەرەتای دروستبوون و دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقەوە لەگەڵ چین و توێژەکانی تری کۆمەڵگای عێراقی جیاکرانەوە. بۆیە گەرەکە لە عێراقێکی دیموکرات و فیدرالدا چارەسەری بنەڕەتی کوردانی فەیلی بکرێت و بە گشت مافەکانی هاووڵاتی بوونیان شاد بن، ئەویش گەڕاندنەوەی موڵک و ماڵە زەوتکراوەکانیان و ناسنامەی هاووڵاتیبوون و نیشتمانی بوونیانە لە عێراق و کوردستاندا.
سەرچاوە عەرەبیەکان
د.احمد راسم النفیس، من هم الکرد الفیلیون.
کاظم حبیب، محنة الأكراد الفيلية في العراق.
عبدالكريم ابراهيم، الأكراد الفيليون الانتماء المذهبي والهوية القومية.
– عزيز الحاج، دراما الأقليات العراقية والديمقراطية المزيفة.
سەرچاوە کوردییەکان
ئاورەحمانی حاجی مارف، چی لەبارەی زمانی کوردییەوە نووسراوە، بەغدا، ١٩٧٤.
کۆڕی زانیاری کورد، وشەی زمانی کوردی، ١٩٧٥ و ١٩٧٩.
نووسینی کوردی بە ئەلفوبێی عەرەبی، ھەولێر ١٩٨٦.
سەلام ناوخۆش، نەریمان عەبدوڵا و ئیدریس عەبدوڵا، کتێبی کوردۆلۆجی.
ڕه فیق سابیر، به ستاندار کردنی زمان و ئه لفوبیی کوردی.
یونیسکۆ، ڕۆژی نێونهتهوهییی زمانی دایک.
سمکۆ ئەبرام، کورتە باسێک سەبارەت بە زبان ناسی کوردی و ڕێزمان.
چاوپێکەوتنێک لە یوتوب لەگەڵ ئەمیر حەسەنپوور.