سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

کتێبخانەی گشتیی و بنیاتنانی دەوڵەت

ئەم ناونیشانە پڕۆژەی کتێبێکە لەسەر چۆنێتیی بنیاتنانی دەوڵەت و گێڕانەوەی شکۆ بۆ تاکی کوردستانی. مەرج نییە لەم سەردەمەدا کار لەسەر بۆچوونەکانم بکرێت، ئاساییە. با سەد ساڵی تر کاری پێ بکرێت، گرنگ ئەوەیە من وەک تاکێک بە ئەرک و خەمی خۆم هەڵدەستم.

هەڵبەت خەرمانێک توێژینەوە و کتێب هەن دەربارەی بنیاتنانی دەوڵەت و تاکگەرایی. پشت بە هیچیان نابەستم، چونکە دەمەوێت باسی دروستکردنی دەوڵەتی کوردستانی بکەم لە ڕوانگەی تاکی کوردستانییەوە. کوردستانییانە و کوردەوارییانە و خۆمانە. بەمەیش مەبەستمە شکۆ بۆ ڕا و تێڕوانین و وردبوونەوە و ئاستی مەعریفیی تاکی کوردستانی بگەڕێنمەوە.

هەر تاکێک، بۆچوونی جیاوازی هەبوو، باشتر. با ئەویش بێت کتێبێک بنووسێت لەسەر دروستکردنی دەوڵەت بەپێی دید و بۆچوونی خۆی. هەر کاتێک تاکی کوردستانی هۆشیار بوو، کوردستانییبوونی لە پێش هەموو شتێک دانا، بوو بە خاوەن دیدگە و بۆچوونی خۆی و بە دوای (فڵان وای گوت و فیسار وا دەڵێت) نەکەوت، سەدان پێنگاو نێزیکتر دەبینەوە لە دەوڵەتی کوردستانی. تاکی هۆشیار دەوڵەت دروست دەکات.  

هەنووکە، لە سەدەی بیست و یەکدا، دەوڵەت بە پاڵپشتی زلهێزان دروست ناکرێت. پاڵپشتی وان یەکێکە لە سەدان کارتێکەری تر، ڕۆڵی هەیە بەس دروستکەر نییە. زلهێز بۆ بەرژەوەندیی خۆی دێ پشتت دەگرێت، کەواتە پشتگرتنەکە کاتییە، لەگەڵ نەمانی بەرژەوەندییەکەی، پاڵپشتییەکەیش نامێنێت. تەماشای یەک سەدەی بووری بکە، ١٩٠٠-٢٠٠٠، چەند جار زلهێزەیل پشتی کوردیان بەرداوە؟ زۆر.

دەبێت واز لە ڕێیە کۆنەکە بێنین: دەوڵەت ڕاگەیەنی و زلهێز بێن ددانت پێدا بنێن. ئەوە بەسەر چوو. دەوڵەت لە دەرەوەڕا دروست ناکرێت، بەڵکوو لە ناوەوەڕا دروست دەکرێت. واتەی چییە؟ دەبێت کار لە ناوەوەی کوردستان بکەین، دەبێت ژێرخانی ئابووری پتەو بکەین، هەر پشت بە بەغدا و نەفت نەبەستین، دەبێت کار لەسەر کەرتەیلی کشتوکاڵ، گەشتیاری و بەنداوەکان بکەین. هەردەم ترسی ئێمە ئەوەیە: ئەگەر دەوڵەت ڕاگەیەنین، تورکیا و ئێران و عێراق سنوور دادەخەن، هیچ کاڵایەکمان بۆ نایەت. دەبێت کار لەسەر ئەوە بکەین، خۆمان خۆمان بژیێنین. واتە خۆمان بتوانین هەموو شتێک بۆ ناوەوەی کوردستان دابین بکەین لە ماست و ئاروو و تەماتەوە بگرە تا دەگاتە ئاو و کارەبا و بەنزین و نەفت. لە ١٩٩٢ەوە، بە ڕێکوپێکی و بە بەرنامە کار لەسەر ئەمانە کرابا، کاریگەریی ڕیفراندۆمی ٢٠١٧ بەهێزتر دەبوو. 

دەوڵەت بە هێزەیلی سەربازیش دروست ناکرێت. نەتەوە و نیشتیمانێک وەک کوردستان، هەرچەند چەکی بەهێزی هەبێت، هەرچەند ڕۆحی شەڕکردن و بەرگری بەهێز بێت، لە ڕووی سەربازییەوە، دەرەقەتی ئەو هەموو نەیار و دوژمنە نایەت. شەڕ تەنێ وێرانکاری و جەرگسووتانی پێوەیە.  نموونەیش زۆرە بۆ سەلماندنی ئەمە. ئەوە هەر چار پارچەی کوردستان. هێزی سەربازی، چەشنی پاڵپشتی زلهێز، یەکێکە لە کارتێکەرەکان، بەڵام ناتوانێت بەتەنێ دەوڵەت دروست بکات.

کە دەوڵەتت هەبوو، لەسەر ئەو بنەمایانەی لەم زنجیرە بابەتە باسی دەکەم، زلهێزەیل خۆی پشتت دەگرێت و لێت نێزیک دەبێتەوە بۆ بەرژەوەندیی خۆی، و هێزی سەربازیشت تۆکمە و شاخئاسا دەبێت.

دوو شت پێویستن بۆ بنیاتنانی دەوڵەت: پارە (سیستمێکی سەلاری ئابووری) و بەڕێوەبردن. کوردستانی باشوور پارەی هەس، لێ سیستمێکی سەلاری ئابووری نییە. ناڵێم سیستمێکی بەهێزی ئابووری، دەڵێم سەلار. هیچ کاتێک دەوڵەت بە هێز دروست نابێت، بە ئەقڵ دروست دەبێت. دەوڵەت واتە بەڕێوەبردن. هەموو شتێک بەڕێوەبردنی دەوێت: پارە، کات، وزە، تەنانەت چشتەیلی بچووکیش.

لەم کتێبەدا، باسی بنیاتنانی سیستمێکی سەلاری ئابووری و بەڕێوەبردنی شتە بچووکەکان دەکەم، گرنگن بۆ بنیاتنانی دەوڵەتی کوردستانی.

نەبوونی سیستمێکی سەلار و بەلاوەنان و لەبیرکردنی شتە بچووکەکان و بەڕێوەبردنی شەل، دەبنە هۆی دواخستنی بنیاتنانی دەوڵەت. دەبنە هۆی لێکترازانی کۆمەڵگە، بڵاوبوونەوەی گەندەڵی و ناهۆشیاری، سەرلێشێواوی تاک، ناسەقامگیری، ئاژاوە، لەبارچوونی ئینتیما و پسانی دڕکەپەتکی تاک بە ناخ و خاک، دەبنە هۆی بەفیڕۆچوونی سامان، بەهەدەردانی وزەی تاک و سەرگەردانکردنی گەنجان. لەم کتێبەدا لە پاڵ باسکردنی سیستمی ئابووری، بە وردی دەڕوانمە شتە بچووکەکانیش. لە هەر بەشێکدا نموونەیەک باس دەکەم. بۆ ئەم بەشە باسی کتێبخانەی گشتی دەکەم.

چوویمە زۆر کتێبخانەی نیشتیمانیی و گشتی لە دنیا. هەر یەکەیان بە جۆرێک سەرنجمیان ڕاکێشاوە. پێوەری من بۆ دەوڵەتداری، بۆ سیمای شار و مەدەنییەت، کتێبخانەیە. هەر شارێک کتێبخانەیەکی چاکی لێ نەبوو، شارێکی کۆلەوارە. هەر دەوڵەتێکی بێ کتێبخانە، دەوڵەتێکی کۆلەوارە. باسی ئەوان ناکەم لێرە. باسی کتێبخانەی گشتیی هەولێر دەکەم، کتێبخانەی زەیتون لە پارکی هەولێر.  

کتێبخانەی گشتی، بێ لەوەی یەکێکە لە سیمایەکانی شار، پایەکیشە لە پایەکانی دەوڵەتداری.

دەبوایە ئێستا هەولێر باشترین و ناوازەترین کتێبخانەی لێ با. ئاخر شارێک، هەشت هەزار ساڵ ژیان تێیدا بەردەوام بێت، ماقووڵە کتێبخانەیەکی دەوڵەمەندی لێ نەبێت. دەبوایە کتێبخانەیەکی لێ با لە ڕیزی کتێبخانە پەلکێشەکانی دنیا. گەشتیارانی جیهان بۆ لای خۆی پەلکێش کردبا. لانی کەم، پێنج سەد گەنجی کورد ئیشیان تێدا کردبا. جۆرە کتێبخانەیەکی وا، خۆی دەبێتە قەڵغان بۆ شارەکە، وا لە زلهێزەیل دەکات بیپارێزن و بە شایەنی پایتەختی دەوڵەتی بزانن.

تازە لە ئەمریکا هاتبووینەوە، ڕۆژێکیان، خۆم و هاوسەرەکەم و منداڵەکان، چووین بۆ کتێبخانەی گشتیی هەولێر. دەمێک بوو پێمدا هەڵدەگوت و خۆشەویستم کردبوو لای منداڵان. ئەوانیش بە پەرۆش بوون، بچن کتێب بهێنن و لە ماڵ بیخوێننەوە، حەزیان دەکرد هەندێ لەوێ بمێننەوە، سەرە دیلقانێ لەگەڵ کتێبان بکەن.

شاگەشکە بوون بە شوێنی کتێبخانەکە لەنێو پارکی هەولێر. تامەزرۆ بووین بچینە ژوورێ. هەرکە دەرگە جامەکە کرایەوە، کورسی و مێزێکی کرێتمان بینی. پۆلیسێک دانیشتبوو. سڵاومان کرد، بە سەری لمووزی گوتی، “لێرە ناوی خۆتان بنووسن و ئیمزای بکەن”.

منداڵەکان تەماشای منیان کرد، ڕوویان تەنی بوو بە پرسیار: “ئەوە چییە؟ ئەدی ئەوە کتێبخانە نییە؟”

ئارەقەم کرد. باشە چۆن مەسەلەی پۆلیس و ئیمزا و ناونووسینەکە لە منداڵان بگەیەنم؟ من ئێستاش نازانم بۆچی پۆلیسێک لەوێیە و ئیمزا بە خەڵکی دەکات. جا ئەو سجلەیش، هەر لێی گەڕێ.

چووینە قاتی دووەم، بەشی گەوران. دوو ڕۆمانم هێنا. منداڵەکان تەماشای هەندێ کتێبیان کرد. دیسان نیشانەی پرسیار لەسەر ڕوویان بوو. “بابە، ئەو هەموو تۆزە چییە؟”

تەماشای کارمەندەکانم کرد. سێ بوون. دانیشتبوون، بە دەنگی بەرز باسی دۆڵمەیان دەکرد. یەکێکیان دەیگوت، “وەڵا بابە، دەستاوی (…) خان خۆشە . . .”

دیسان ئارەقەم کرد. چ پاساوێک بهێنمەوە بۆ تۆزەکە و قاقا و هەرای کارمەندەکان. گوتم با بچینە خوارێ، بەشی ڕوواڵان (هەرزەکاران).

هەر دوو ڕۆمانەکەم لەسەر مێزەکە دانا. یەکێک لە فەرمانبەرەکان ناوی کتێبەکە، ژمارە و نووسەرەکەی لەسەر کاغەزێک نووسی، دەسخەتێکی ناخۆش و پڕ لە هەڵە. بۆ تۆمارکردنی کتێبی دووەم، تاقەتی نەما، گوتی ها بەخۆت بینووسە و لەسەر هەردوو کاغەز ئیمزا بکە. کردم.

“هەویەت.”

کارتی نیشتیمانیم دایە. منداڵەکان چرپاندیان، “هەویەی لۆ چییە؟”

ئارەقەم لێ سارد بۆوە و هیچم نەگوت.

“تەواو، بڕۆن، بەس کتێبەکان بینییەوە ها.”

“ئەدی هەویەکەم؟”

“کە کتێبەکانت هیناوە، وەریدەگرییەوە.”

” لەوانەیە مانگێکم پێ بچێت، کوو هەویەی ئەسڵیم مانگێک لێرە بێت؟”

“وەڵا ئەوهایە.”

“بەس ئەوها نییە، هەر هیچ نەبی کۆپییەکی بکە، ژمارەی مۆبایلتان لەکنە، ناو و ناونیشانم نووسییە.”

“نابی کاکە.”

ویستم قسەی بکەم، گوتی، “تاقەتی موناقەشەم نییە، لۆ خۆت بڕۆ کن مودیری.”

ئەو جارە منداڵەکانم ئارەقەیان کرد.

کە لە قاندرمەکان هاتینە خوارێ، ژووری بەڕێوەبەری بەرانبەرمان بوو. دەسکی دەرگەم با دا، قەپات بوو. “مەعقولە بەو سەعات یازدەیەی مودیر لەوێ نەبی، ئەوەش جۆرێکە لە گەندەڵێ.”

یەکێک لە هۆڵەکە لەبەر دەمم قیت بۆوە و گوتی، “قسەی جوان بکە، جوون مەدە.”

دیسان منداڵەکانم ئارەقەیان کرد.

“ئەمن جوونم دا؟”

“ئەدی ئەوە جوون نییە بە مودیری من دەڵێی گەندەڵ؟”

بووە هەرامان. کارمەندەیلی تر هاتنە دەرێ و منیان بردە ژوورێکی تر و بە شەش کەسان تۆمەتباریان دەکردم گۆیە من بێڕێزیم کردووە. هەرچیم لە دڵدا بوو، پێم گوتن. ڕێیە ڕاستەکەم پێشان دان کە کتێبخانە دەبێت چۆن بێت. پاشانیش داوای لێبوردنم کرد لێیان. پێش ئەوەی بڕۆم، گوتم، “دەوڵەت ئەوها دروست نابی، بەس دەی.”

هاتمە دەرێ و هەر بابا بوو قسەیەکی دەکرد. گوێم پێ نەدان. لەگەڵ هاوسەرەکەم و منداڵان ڕۆیشتین و یەک کتێبیشمان نەهێنا. شەرمەزاری منداڵان بووم. هەتا چووینەوە ماڵێ باسی کتێبخانەی لۆرێنسیان کرد لە ئەمریکا. یەک مانگ نەیانبڕییەوە.

بەڕێوەبردنی کتێبخانە

لە ماوەی سی ساڵی ڕابردوودا، دەبا لە هەر شار، شارۆکە، ناحیە و قەزایەک کتێبخانەیەک هەبا. بۆ نموونە ئەگەر ٤٠ کتێبخانەی گشتی و یەکێکی نیشتیمانیی هەبا (بەڵام کتێبخانەی چاک و دەوڵەمەند. بەوەی ناگوترێت کتێبخانە، خانووێک بە کرێ بگریت سەد یان دوو سەد کتێبی کۆنی لێ دابنێیت و بڵێی ئەو قەزایە کتێبخانەی گشتی هەیە. وەرن سەیری کتێبخانەی گشتیی عەنکاوە بکەن، بۆ نموونە. ئەوا دەکرا لە زانکۆ بەشی بەڕێوەبردنی کتێبخانە بکراباوە و کارمەندی شارەزایان پێگەیاندبا. دەوڵەتداری ئەوهایە.

تا ئێستە وشەیەکمان نییە بۆ لایبرێریەن (librarian)، ئەوەی لە کتێبخانە ئیش دەکات. من ئەم وشەیەی بۆ دادەتاشم: کتێبەوان. دەرچووی بەشی کتێبخانە لە زانکۆ یان پەیمانگە دەبوونە کتێبەوان و ئەو ٤٠ کتێبخانەیان بە باشی بەڕێوە دەبرد. بە هەنگاوێکی وەها، بزانە چەند کار دەکەین: دابینکردنی کار بۆ گەنجان وەک کتێبەوان و کارمەندی کتێبخانە. چەند قوتابخانەمان هەیە؟ بێ و هەر قوتابخانەیەک کتێبخانەیەکی چاکی هەبا، ئەوەندە کتێبەوانە کاریان دەبوو. کاریگەریی ئەو کتێبەوانانە لەسەر خێزان و دەوروپشتی خۆیان (بۆ نموونە، من شانازیم بەوە دەکرد، باوکم کتێبەوان با، یان خۆم کتێبەوان بام). کاریگەریی ئەو کتێبخانانە لەسەر خەڵکی و قوتابیان، بەڕێوەبردنی کتێبخانەکان پیشەییانە، خۆشەویستکردنی کتێب لای خەڵکی، بەخشینی سیمای شار و مەدەنییەت بە شار و شارۆکەیلی کوردستان، گێڕانەوەی گەنجان لە نێرگەلە. لە نەبوونی کتێبخانەیە، گەنج بە کافتریا و نێرگەلەی وەرگرتییە. بۆ نموونە، کتێبخانەیەکی چاک هەبێت لە کەسنەزان، زۆربەی گەنجان پەلکێشی خۆی دەکات، ئەوڕۆ نا سبەی. بەڵام بینایەکی جوان و سەرنجڕاکیش و پاک و خۆش. بۆ نموونە، کتێبخانەیەکی جوان کراوە لە کۆیە، بەس ئایا بەڕێوەبردنەکەی چۆنە؟ کتێبی نوێی لێیە؟

ئەگەر ٤٠ کتێبخانەی گشتی و دوو هەزار کتێبخانەی قوتابخانە و زانکۆ و پەیمانگەکان هەبان، نووسەرەکانیشمان دەبووژانەوە. چۆن؟ بنۆڕێ، لەگەڵ دەرچوونی هەر ڕۆمانێک، هەر کتێبخانەیەک دوو دانە بکڕێت، ئەوە دەکاتە سەروو چار هەزار دانە. ئێ کتێب ئەوها فرۆشی زۆر دەبێت لە دنیا. بۆ نموونە، لە ئەمریکا، ١٧٤٥٤ کتێبخانە هەیە، هەر ڕۆمانێک دەردەچێت، هەر کتێبخانەی پێنج دانە دەکڕێت.

چۆن بودجە بۆ کتێبخانە دادەنرێت بۆ چاکردنەوە و تەمەن درێژیی، بۆ ئەوەی بمێنێتەوە و ساڵ دوای ساڵ باشتر بێت. ئەگەر حکومەت بودجەی نەبوو، ڕێی تر زۆرە، بەڵام سیستمێکی سەلاری دەوێت. یەک لەو ڕێیانە هاندان یان ناچارکردنی دەوڵەمەندانە ساڵانە بڕێکی کەم پارە ببەخشن بە کتێبخانە لە بەرانبەری لێخۆشبوون لە ڕێژەیەکی باج. کتێبخانەی لۆرێنس (لە دە باشترین کتێبخانەکانە لە ئەمریکا)، بەم شێوەیە بەڕێوە دەچێت و حکومیشە.

وەرە با حسێب بکەین، لە ١٩٩٢ەوە تا ئێستا، پارەی چەند کتێبخانە بەهەدەر دراوە لە کوردستان؟ لانی کەم سەد کتێبخانە. بێ و سیستمێکی ئابووری سەلار هەبێت، پارە بەشی هەموو شتێک دەکات.

پێشنیار

کتێبخانەی زەیتون لە هەولێر (هەولێر بە نموونە باس دەکەم، کۆی بابەتەکە بۆ سلێمانی و دهۆک و هەڵەبجە و شارۆکەیلی تریش ڕاستە) پێویستی بە نۆژەن کردنەوە هەیە. کتێبی نوێی بۆ دابین بکرێت. ستافێکی شارەزای بۆ دابین بکرێت.

ئەگەر حکومەت پارەی نییە، با بیکاتە فەرمان لەسەر دەوڵەمەندەکان لەجیاتی مزگەوت کتێبخانە دروست بکەن و لە باج بیانبەخشێت. من دژی مزگەفت نیم، خۆم نوێژکەرم و ئەهلی مزگەفتم، بەڵام بەڕاستی هەولێر مزگەفتی گەلێک زۆرە. خۆزگە نیوەی ئەو مزگەفتانە، کتێبخانە دەبوون. هەر خێرخوازێک یان دەوڵەمەندێک دەیەوێت مزگەفت دروست بکات، حکومەت دەتوانێت پێی بڵێت، لەباتی ئەوە، وەرە کتێبخانەیەک دروست بکە.

بیستم وا کتێبخانەیەک دروست دەکەن لە پشت وەزارەتی پێشمەرگە. هیوادارم ڕاست بێت، دیزاینێکی جوانی بۆ بکرێت و پڕی بکەن لە کتێب و گۆڤاری نوێ و چاک. دەکرێت لە ئایندە، کتێبخانەیەک دروست بکەن لە تەنیشت مۆنەمێنتی شەهیدان لە کەسنەزان.

شتێک هەیە لە ئەزموونی دەوڵەتداری هەرێمی کوردستاندا، چاکردنەوە و ئاگالێبوون لاوازە. کتێبخانە دروست دەکات، پاش ساڵێک دەبێتە زبڵخانە، بۆنی ئاودەستەکانی گێژت دەکەن، هیچی بەسەر هیچەوە نامێنێت. نموونە زۆرە، ئەوە شانۆی ڕۆمانی لە سلێمانی. کە دەچیتە لای ئیدارە، یەک بۆن گوو و میز دێ، شانۆ و هەموو شتێکت لەبەر چاو دەکەوێت. هێندەی زبڵ لێیە، هەر لێی گەڕێ.

با وەزارەتی پەروەردە کتێبخانەیەکی خنجیلانە و پڕ لە کتێبی باش بۆ هەر قوتابخانەیەک بکاتەوە. بودجە نییە؟ باشە، با کاری هەرەوەزی بکەینە کلتور. بەڕێوەبەر دەتوانێت بەو کارە هەڵبستێت. ڕەنگە ئێستا بڵێن “مووچەکە و جوانە”. هەقیانە، وا بڵێن. هەر بەڕاستی دەوڵەتداری بە یاریکردن بە مووچە ناکرێت، لە بەشەکانی تر باسی ئەوە دەکەم.

کاتێک دەڵێم کوردستانییبوون لە سەرووی هەموو شتێکەوە دابنێین، مەبەستم ئەوەیە لەبەر مووچە و پارتی و یەکێتی و حکومەت و فڵان و فیسار بایکۆتی خوێندن نەکەین، بە قسەی مەلا و سیاسیی درۆزن و بازرگانی چڵێس نەکەین. نموونەیەکی جوانم بینیوە. بەڕێوەبەر و مامۆستاکانی قوتابخانەیەک، خۆیان هەستاون بە دانانی کتێبخانەیەکی جوان لە قوتابخانەکەیان. ئەگەر بە دایبابی قوتابییەکان بگوترێت، دڵنیام ئەوانیش هاوکار دەبن بۆ کردنەوەی کتێبخانە. وەک گوتم، تاک دەوڵەت دروست دەکات.

لە نێو ئەو هەموو ئاریشە گەورەیەی ئەوڕۆ کوردستان هەیەتی، ڕەنگە یەکێ بڵێ ئەوە باسی چی دەکات. ڕەنگە بوونی کتێبخانە لە شار و شارۆکەیل بە شتێکی بچووک بزانێت. با لە بیرمان نەچێت، شتەیلی بچووک، بەڕێوەبردنێکی باش و سیستـمێکی سەلار دەوڵەت دروست دەکەن. لە بیرمان نەچێت، کتێبخانە شکۆی تاک دەگێڕێتەوە.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • Uncategorized
  • Uncategorized
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO