عێراق لە ١٩٢١ دا لەلایەن بەریتانییەکانەوە دروست کرا. لە ١٩٢٦، بە هاوکاری بەریتانییەکان، عێراق بەفەرمی ویلایەتی موسڵی عوسمانی، کە زۆرینە کورد بوو، خستە سەرخۆی. گەلی کورد ئەم لکاندنەی بە دەوڵەتی عێراقی تازە-دامەزراو بەخیانەتی زلهێزەکان لەقەڵەمدا چونکە پەیماننامەی سیڤەر لە ١٩٢٠، کە شەش ساڵ پێشووتر واژۆ کرابوو، داوای دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی کردبوو. هەستی خیانەت و سیاسەتی پەراوێزخستن لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بووە هۆی ڕاپەڕینی بەردەوام لەلایەن کوردەکانی عێراقەوە.
چیرۆکی پشت لکاندنی باشووری کوردستان بە عێراق چیرۆکێکە کە هەندێک پێیان وایە پەیوەندی بە هاوسەنگکردنی قورسایی سوننە و شیعەکانە لەو دەوڵەتە نوێیەدا. هەندێکیش دەیگێڕنەوە بۆ ترس لە هاتنەخوارەوەی سۆڤیەت و دروستکردنی هەڕەشە لەسەر عێراق، بەواتایەکی دیکە، کوردستان وەک بەربەستێک لە پێش سۆڤیەت دانراوە بۆ پاراستنی عێراق. زۆریشن ئەوانەی لکاندنەکە دەبەستنەوە بە کێشە داراییەکانی بەریتانیا لەو ئانوساتدا، کە شەڕی یەکەمی جیهانی شەکەت و ماندو و قەرداری کردبوو. هەشن نەوت وەک فاکتەری لکاندنی ویلایەتی موسڵ بە عێراقەوە دەبینن.
هەر چۆنێک بێت، سەرکردایەتی کورد لە عێراق لەژێر کاریگەریی بیرۆکەکانی سەرۆکی ئەمریکا، ودرۆ ویلسن، لەمەڕ مافی چارەنووس لەلایەک و لەلایەکی دیکە وەک چاولێکەری لە عەرەبەکانی ناوچەکە کە کرابوون بە خاوەن چەند دەوڵەتێک، هەروەها کاریگەریی بانگەوازی ڕۆشنبیرانی کورد لە ئەستەنبوڵ و ئەوروپا، هیوای سەربەخۆیی و دەوڵەتێکی تایبەت بە خۆیان هەبوو و دەخواست.
یەکەم هەوڵی سەربەخۆیی کوردستانییانی باشووری کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ پێش دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق. ڕاپەڕین بە ڕێبەرایەتی شێخ مەحمود لە ١٩١٩ دا دەستی پێکرد کە چەند مانگێکی خایاند. لاوازیی لە ڕووی دیپلۆماسی و دەوڵەتسازی لەلایەک و شکستهێنانی شێخ لە کۆکردنەوەی خەڵکانێکی پێویست لە هۆزەکانی دیکەی کورد لەلایەکی دیکەوە تاوەکو هێرشێکی یەکلاکەرەوە بۆ سەر بەریتانییەکان ئەنجام بدەن، هەموویان بوونە هۆکاری شکستی ئەو هەوڵەی کوردەکان. سەرەڕای شکستەکەی، یاخیبوونی شێخ مەحمود و حکومەتە کورتخایەنەکەی بوون بە “ئەفسانەگەلی چەکەرەکردنی ناسیۆنالیزمی کوردی”.
پاش دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ١٩٤٦ دا پێکهاتەیەکی ڕێکخراوەیی نەتەوەیی بۆ کورد هاتەئاراوە. کاتێک لە ١٩٦١ شەڕ لەنێوان کورد و حکومەتی ناوەندی عێراق هەڵگیرسا، بزووتنەوەیەکی تاڕادەیەک بەهێزی نەتەوەیی کورد سەری هەڵدا. لە ١٩٧٠ دا، حکومەتی عێراق و سەرکردایەتی کورد بەیەننامەی ١١ ی ئازاریان واژۆ کرد، کە لانیکەم لەسەر کاغەز گەرەنتی ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستانی عێراق دەکرد. لەگەڵ ئەوەشدا، دیاریکردنی سنوورەکانی هەرێمی کوردستان دواخرا تا ئەو کاتەی سەرژمێرییەک ئەنجامدەدرێت، کە هەرگیز ئەنجام نەدرا. جگە لەوەش، دەسەڵاتدارانی عێراق سیاسەتی تەعریبیان دەست پێکرد کە بۆ گۆڕینی ناسنامەی نەتەوەیی ناوچە کوردستانییەکان داڕێژرا بوو. سەرەڕای ئەوە، بەغدا تاکلایەنە پڕۆگرامێکی ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان دەرکرد و جێبەجێی کرد، بەڵام شوێنە ستراتیجییەکانی وەک کەرکووک و خانەقین و ئاکرێ و شەنگالی لە دەسەڵاتە ئۆتۆنۆمییەکە دوورخستەوە. لە مانگی ئازاری ١٩٧٤ شەڕ دەستی پێکردەوە کە ساڵێکی خایاند، حکومەتی ناوەندی سەرکەوت. بەڵام هەر زوو ڕاپەڕینێکی دیکە لە کوردستان سەری هەڵدا و لەوێدا یاریزانێکی سیاسی نوێ دەرکەوت، ئەویش یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان بوو.
پڕۆسەی پاکتاوی نەژادی و تەعریب بەردەوام بوو و لە ئۆپەراسیۆنە بەدناوەکانی ئەنفالی ١٩٨٨دا گەیشتە لوتکە، کاتێک حکومەتی عێراق زیاتر لە ١٨٠ هەزار هاووڵاتی کوردی کۆمەڵکوژ کرد و نزیکەی یەک ملیۆن و نیو کوردی بە زۆرەملێ ڕاگواست بۆ ئۆردوگاکان.
لەشکرکیشی عێراق بۆ سەر کوێت و فراوانخوازییەکانی بووە هۆی ڕاپەڕینەکانی بەهاری ١٩٩١. چەند ڕۆژێک دوای سەرهەڵدانی ڕاپەڕینی شیعەکان لە باشوور، لە ٥ ی ئازاری ١٩٩١ ڕاپەڕینێکی جەماوەری لە کوردستانیش ڕوویدا. شکستی کورد لە وەستانەوە لە دژی سوپای عێراق بووە هۆی کۆچکردنی نزیکەی دوو ملیۆن کورد. بەمجۆرە، سەپاندنی ناوچەی دژە فڕین و دامەزراندنی ناوچەی ئارام لە ناوچە کوردییەکان لەلایەن ئەمەریکا وهاوپەیمانەکانییەوە حکومەتی عێراقی ناچار کرد کە دامودەزگا مەدەنی و ئەمنییەکانی لە بەشێکی کوردستان بکشێنێتەوە. هەر زوو کوردستانییەکان ئەو بۆشاییەیان پڕکردەوە، ئەویش بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی گشتی لە ئایاری ١٩٩٢ کە ئەنجامەکەی دروستبوونی حکومەتی هەرێم و پەرلەمانی کوردستانی لێکەوتەوە. ئەم پێشهاتە بووە هۆی ئەوەی لە تشرینی دووەمی ١٩٩٢ دا کۆبوونەوەی سێ قۆڵی تورکیا-سوریا-ئێران ئەنجامبدرێت، کە ئامانج لێی سنوورداردکردنی خواستەکان و جوڵەکانی کوردستانیان بوو لە خۆبەڕێوەبەریدا.
ئەو ناوچەیەی کە سوودی لەو خۆبەڕێوەبەرییە وەرگرتبوو لە ١٩٩٤ دا بەهۆی شەڕی ناوخۆوە غەرقی کاولکاری بوو و بەسەر دوو ناوچەی نفوزی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانی کوردستاندا دابەشبوو. لە کۆتایی ١٩٩٨ دا، بە هەوڵی ئەمەریکییەکان، شەڕی ناوخۆی کوردی-کوردی کۆتاییهات.
کۆتاییهاتنی شەڕی ناوخۆ کەشێکی هێنایە ئاراوە کە کورد هێواش هێواش دەستی کرد بە پڕۆسەی نیشتیمانسازی و دەوڵەتسازی لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا. ڕاستە کە پڕۆژەی نیشتیمانسازی لە هەرێمی کوردستان لە دوای ڕاپەڕینی ١٩٩١ خەمڵی، بەڵام لەڕاستیدا سەرکەوتنەکەی بەرهەمی کەڵەکەبووی نزیک سەدەیەک خەباتی نەپساوە بوو و پڕۆسەی نەتەوەسازی لە دامێنەوە زۆر پێشتر دەستی پێ کردبوو.
لە ١٩٩٢ تا ٢٠٠٣، حکومەتی هەرێمی کوردستان سیماکانی نیمچە-دەوڵەتی لەخۆیدا گەشەپێدابوو، بەڵام لە دوای ڕووخانی دەوڵەتی عێراقی لە ٢٠٠٣ دا توانا و پێگەی زۆر بەهێزتر بوو و سیماکانی نیمچە-دەوڵەتی تۆکمەتر بوون کە خۆیان لەمانەدا دەبینیەوە: دروستبوونی پەرلەمان و حکومەت و هێزەکانی ئاسایش و بەرگری، کە هەموویان بەشێوەیەک لە شێوەکان ببوون بە سیمبوڵی دەوڵەتێکی نیمچە سەربەخۆ لە دەرەوەی دەسەڵاتی بەغدا. بەفەرمیکردنی سروودی نیشتیمانی کوردستان و چاپکردنی پول و بنیاتنانی مۆنۆمێنت و پەیکەری یادگاری و مۆزەخانە وەک نیشانەکانی نیشتیمانسازی و دەوڵەتسازی لە دەرەوەی عێراق دەبینران. بەگەیشتن بە ٢٠٠٥، دوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دروستکران کە بیانییەکان بەگەیشتنیان دەیانتوانی ڤیزا لە ئەفسەرە کوردەکان وەربگرن. تاوەکو ٢٠١٦، هەرێم ١٠ زانکۆی حکومی و دە زانکۆی ئەهلیشی هەبوو، لەنێویاندا دوو زانکۆی ئەمەریکی. بەگشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆر لە حکومەتی ناوەند سەرکەوتووتر بوو، چونکە هەرێم تا ٢٠١٧ جێگیرترین و ئەمینترین و لاشەڕترین ناوچەی عێراق بوو.
لە حوزەیرانی ٢٠١٧ دا، سەرکردایەتی حیزبە سیاسییەکانی کوردستان ڕۆژی ٢٥ ی ئەیلولی ٢٠١٧ یان وەک ڕۆژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان دیاری کرد. زۆرینەی ڕەهای خەڵکی کوردستان، ٩٢%، دەنگیان بە سەربەخۆیی دا. هۆکارەکانی پشت ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و شکستهێنانی لە دەرەوەی بازنەی ئەم بابەتەن بەڵام هەر چۆنێک بێت ئەنجامەکان دەریانخست کە زۆرینەی ڕەهای خەڵکی کوردستان لە عێراق پشتیوانی لە سەربەخۆیی کوردستان دەکەن و ئامانجی کۆتایی کوردستانییەکان گەیشتن بە سەروەرییە. ئەم پەیوەندییە ئاڵۆزەی کوردستانییان لەگەڵ سەربەخۆیی، پەیوەندییەکی ئاڵۆزی لە نێوان کوردستانییان و عێراقییەکان، هەروەها کوردستانیان و هێزە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکان، بەتایبەتی تورکەکان و ئێرانییەکان، دروست کردووە.
پەیوەندی کوردستانییان بە سەربەخۆییەوە هەر شتێک بێت ڕاستەوخۆ نییە. کوردستانییان هەست دەکەن لە جیهاندان بەڵام لەبەرچاو نین، بە واتایەکی دیکە دیارێکی ونن، لە دەرەوەی مێژوودان. کوردەکان نە نوێنەرایەتی دەکرێن و نە بەرگرییان لێ دەکرێت، تەنانەت ئەوکاتانەش کە مەترسی پاکتاوی ڕەگەزیی و جینۆسایدیشیان لەسەرە، کەس بەهانایانەوە نایەت. لەوەش زیاتر، نەبوونی دەوڵەت بووەتە هۆی هەستی خۆبەکەمزانی و خودنەفرەتی لەلای کوردستانییەکانەوە، بەتایبەتی کاتێک وەک گەورەترین نەتەوەی بێدەوڵەت وەسفدەکرێن. ئەم دیدە کوردستانییە وجودیی و سیاسیی و ئەخلاقییەی نەبوونی دەوڵەت بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر لەگەڵ هەستی ئێرانییەکان لە نەبوون بە زلهێزێک لە ناوچەکەدا بەریەکدەکەون.
لە بابەتێکی دیکەی هاوبەشی کاک سەردار عەزیز و من، کە لێرە لە ماڵپەڕی سەکۆ بڵاوکرایەوە، باسمان لە خۆبەزلزانیی و خواستی هەژموونگەرایی ئێران کرد (تەماشای ئەم لینکە بکە: https://sekokurd.org/?p=3364). ئەم بابەتە درێژەی ئەو بابەتەی پێشووترە. لە بەشی داهاتووی ئەم بابەتەدا باس لە بەریەککەوتنی هەوڵەکانی باشووری کوردستان بۆ سەربەخۆیی و خواستی هەژموونگەرایی ئێران دەکەین.
سەرچاوەکان
Kirmanj, Sherko. 2013. Identity and Nation in Iraq. Boulder, USA: Lynne Rienner Publishers.
Bengio, Ofra. 2012. The Kurds of Iraq: building a state within a state. Boulder, US: Lynne Rienner Publishers.
Rafaat, Aram. 2018. Kurdistan in Iraq: The Evolution of a Quasi-State. London: Rutledge.



