کارل شۆتس ڤیبیا (Carl Schiot Wibye)، دیبلۆماتکاری نەرویجی و نووسەری کتێبی “ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەنێوماندایە” یە، کە بە زمانی نەرویجی لە چاپ دراوە، لە ژێر ناوی “Midtøsten midt iblnt oss”، لەم ڕۆژانەی پێشوو لە هەژماری تایبەتی خۆی لە فەیسبووک، لیستێکی سەبارەت بە ژمارەی جوولەکە بڵاوکردبووەوە.
لە خشتەکەدا ناوی ١٠ وڵاتی عەرەبی ڕیزکردبوو کە لە ١٩٤٨ بەدواوە، بە تێکڕا ٨٥٠ هەزار هاوڵاتی خۆیان، لە وڵاتەکانیان بە زۆرەملێ بەرەو وڵاتی ئیسرائیلی تازە ڕاگەیێنراو، دەرکردووە (تەماشای خشتەی خوارەوە بکە).
ئەو لیستە تایبەت بوو بە ژمارەی ئەو جوولەکانەی کە لە ١٩٤٨ بەدواوە لە وڵاتانی عەرەبی وەدەرنراون و ڕوویان لە ئیسرائیل کردووە. ئەو جوولەکانە کاتی خۆی وەکوو هەر هاووڵاتییەکی دیکەی ئەو وڵاتانە، خۆیان بە خاوەن ماڵ دەزانی و تاڵی و تفتیان لەگەڵ نەتەوە و پەیڕەوانی ئاینەکانی دیکە چەشت بوو. دواتر بەبێ ویست و ئارەزووی خۆیان و بە زۆرەملێ لە زێدی خۆیان بەرەو ئیسرائیلی تازە دروستکراو وەدەرنرابوون.
ئەگەرچی من لە ڕاستیی و دروستی پۆستەکانی ئەو نووسەرە لە هەژماری خۆی دڵنیابووم، بەڵام بۆشاییەکم بۆ گومانیش بەجێهێشتبوو. بۆیە بە گەڕانێکی خێرا بە نێو دونیای ئینتەرنێتدا، چاوم کەوت بە ژمارە ١٨ ی بەرگی ٦ ی ساڵی ٢٠١٤ ی گۆڤاری “مجلة الدراسات التاریخیة و الحضاریة” (گۆڤاری توێژینەوەی مێژوویی و شارستانی). لەو ژمارەیەدا بابەتێک، کە لە ئامادەکردنی سەعد سەلمان مەشهەدانی و جەودەت جەلال عەبدولەتیفە، بڵاوبووەتەوە. بابەتەکە لەژێر ناوی “الیهود في شمال العراق، دراسة تاریخیة” (جووەکان لە باکووری عێراق، توێژینەوەیەکی مێژوویی) یە. لە توێژینەوەکەدا، کۆی جووەکانی کوردستانی باشووریان بە عێراقیشەوە لە ١٩٤٨ دا، بە ١١٨ هەزار جوو خەمڵاندووە. ئەم ژمارەیە دابەزیوە بۆ کەمتر لە پێنج هەزار جوو لە ١٩٥٤. ئەمەش هیچمان بۆ نەسەلمێنێت، ڕاستیی خشتەکەی نووسەری نەرویجی “ڤیبیا”مان بۆ ئەسەلمێنێت چونکە لە خشتەکەی “ڤیبیا”دا ژمارەی جووەکانی عێراق بە باشووری کوردستانیشەوە لە ١٩٤٨ دا بە ١٣٥ هەزار خەمڵێنراوە. بەڵام لە کۆی ئەو ژمارەیە تا ساڵی ١٩٥٨، ئەم ژمارەیە دابەزیوە بۆ ٦هەزار کەس. کەواتە لە نێوان ژمارەی جووەکانی عێراق لە ١٩٥٨ دا لە خشتەکەی”ڤیبیا”دا و ژمارەی جووەکان لە ١٩٥٤ی نێو خشتەکەی توێژینەوە عێراقییەکەدا، جیاوازییەکی ئەوتۆ نییە. هەڵبەتە “ڤیبیا”ش ئەو خشتەیەی لە گیرفانی خۆیەوە نەهێناوە، هەر بۆیە لە کۆتاییدا ئەو خشتەیەش بۆ بەرچاوڕوونی دادەنێم.
لەژێر ڕۆشنایی ئەم قسانە، کەمێک بە بیرەوەرییەکانی خۆمدا چوومەوە. دڵنیام لەوەی کە هەر یەکێک لە ئێوە کە لە نەوەی حەفتاکان یان پێشترن، هەمان گێڕانەوەی باپیران و باپیرە گەوەرەکانتان وەبیردێتەوە و دەگەنە گەلێ گێڕانەوەی سەیروسەمەرە و ئەرێنی و ئاشتەوایی جووەکانی کوردستان و عێراق. خۆم گەلێ یادەوەریم لە باپیرەم و ئەو مرۆڤانەی کە لەدایکبووی ساڵانی کۆتایی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیست بوون بەرگوێ کەوتووە لە پەیوەند بە دراوسێ و خزم و هاوڕێ جووەکانیانەوە. هیچ کام لەو گێڕانەوانەش، جگە لە ستایشی ئارامی و زیرەکی و گیانی ئاشتیخوازانەی جووەکانی کوردستان، شتێکی دیکەیان پێ نەوتووین. بۆیە دەکرێت بڵێین، جووەکان خۆیان بە بەشێک لەم خاک و نیشتیمانە زانیوە و دەربەدەرکردنیشیان بەبێ ویست و ئارەزووی خۆیان بووە. کەوابێ بە هەموو پێوەرێک ستەمێکی گەورە لە جووە نیشتەجێکانی وڵاتانی عەرەبی و موسوڵمان کراوە.
گەر بگەڕێمەوە سەر خشتەکەی ڤیبیا، ئەوە بۆمان دەردەکەوێت، کە لە کۆی ٨٥٦ هەزار جوو کە لە ١٠ وڵاتی عەرەبییەوە لە ١٩٤٨ تا ٢٠١٤ دەرکراون بۆ ئیسرائیل، ئێستا کەمتر لە پێنج هەزار جوو ماون. بە واتایەکی دیکە، زیاتر لە ٨٥٠ هەزار مرۆڤ بە ڕووت و ڕەجاڵی شاروەدەر کران و دەستیش گیرا بەسەر ماڵ و حاڵیاندا، ئەوە دەبێت چاوەڕێی چ هەڵوێستێک لەم جووانە ئەمڕۆ بکەیت؟
ئەگەر گریمان بکەین و بڵێین کە ئەم ٨٥٠ هەزار جووە دوو یان سێ جار بارتەقای خۆیان لە ئیسرائیل زیادیان کردووە، ئەوا ئێستا بوون بە چەند ملیۆنێک. من دڵنیام ئەوە ئەو نەوە نوێیانە، دەماودەم یان بە نووسین، ئەو ستەمە گەورەیەی وڵاتانی موسڵمانیان بۆ گێڕدراوەتەوە و پێیان گەیشتووە.
دەبێ نەوەکانی ئەمڕۆی دەرپەڕێنراوەکان هەڵگری چ تووخمێکی ڕق و قینە بن لە موسڵمانان بەگشتی و عەرەبی بەتایبەتی؟ دەبێ ئەوانە چەند بە دڵسۆزی و خۆشەویستییەوە بەرگری لەو خاکە بکەن کە باپیرانیان بە زۆر ڕەوانەی ئەوێ کراون؟
دەبێ ئەوان بە ژێر کەوتنی خۆیان چ چارەنووسێک بهێننە بەر دیدی خۆیان، لە کاتێکدا باپیرانیان بەشێک بوون لە کۆمەڵگا عەرەبی و موسوڵمانەکان و بەو دەردە بردراون؟
ئەمانەو دەیان پرسیار ئێخەی هەر یەکێکمان دەگرێت و وەڵامدانەوەیان دەمانگەیێنێتە سەر هۆکاری ئەو کاردانەوە توند و نامرۆڤانەی سوپای ئیسرائیل دژ بە مناڵ و ژن و مرۆڤی بێچەک و مەدەنی غەزە. ئەو خەڵکەی کەوتۆتە نێوان بەرداشی سوپای ئیسرائیل و تاوان و هەڵەکانی حەماس.
بۆیە تازە کار لە کار ترازاوە و جگە لە ئاشتی بۆ هەردوو لا هیچ جەنگێک کۆتایی بەو ڕق و قینە لە مێژینەیە ناهێنێت.



