ئێران ناتوانێت بە چاوی دراوسێیەتیی و پێکەوەژیان لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەری خۆیدا هەڵکات، ئەو تێڕوانینەی کاریگەری زۆر لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە و هەموو ئەو ناسەقامگیریی و پێکهەڵپڕژانانەی ناوچەکە بەشێکی بۆ ڕۆڵی ئێران لە ناوچەکەدا دەگێڕدرێتەوە.
ڕەنگە ئەو بۆچوونەی سیاسەتمەدارانی ئێران دوای جەنگە هەشت ساڵیەکەیان لەگەڵ عێراق چڕتر بووبێتەوە، چونکە ئەوکاتە هەموو وڵاتانی کەنداو یارمەتی دارایی زۆریان بە عێراق دەبەخشی و شۆڕشی نوێی ئێرانیان بە هەڕەشە بۆسەر خۆیان دەبینی. بۆیە ئێران هەموو چواردەوری خۆی ئەگەر بە دوژمن نەزانێت ئەوا بە نەیاریان دەزانێت، هەر لەسەر ئەو بنچینەیەش ڕێچکەی سیاسەتەکانی دەرەوەی دادەڕێژێت. لە وڵاتانی دەوروبەریش، لە هەموویان گرنگتر سعودیە، چونکە سوننەیە و وڵاتێکی دەوڵەمەندی ناوچەکەیە و لەگەڵ ئێرانیش چاویان پێک هەڵنایە. لەوەش زیاتر سعودیە هاوپەیمانێکی لەمێژینەی وڵاتانی ڕۆژئاوایە کە بەگشتی پەیوەندیان لەگەڵ ئێران ساردە.
ئێران جگە لەو هاوڵاتییە بە ڕەگەز عەرەبانەی لە ناو سنوورەکەی خۆیدا دەژین، سۆزی مەزهەبەکەی بۆ ئەوانەش دەڕوا کە لە وڵاتە عەرەبییەکاندا دەژین. ئەو وڵاتانە هاوڵاتی شیعە مەزهەبیان تێدایە، بەڵام لە دەسەڵات نین و وەک پێویست ئازادییان بۆ فەراهەم نەکراوە. بۆیە ئەوەی ئێران دوای جەنگی عێراق تێیگەیشت ئەوەبوو دەبێت بۆ ئەوەی خۆی بپاریزێت، شیعەکانی ئەو وڵاتانە کۆبکاتەوە و هەر جارە و نەقیزەیەک بوەژێنێت.
بەو جۆرە ئەو شیعانەی لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران دەژین، لە لایەکەوە وەکوو قەڵغان دەبن بۆی و لە لایەکی دیکەوە هاووڵاتی خۆی نین ئەگەر تووشی گرفتیش بوون. ئەگەر بۆیان بکرێت با شیعەی وڵاتانی عەرەبی بگەنە لووتکەی دەسەڵات و ببنە هاوپەیمانی ئێران و لە ژێر چەتری ئێراندا بژین. ئەوە ئەو سیاسەتەیە لە جیهانی عەرەبی ناویانناوە هەناردەکردنی شۆڕشی ئیسلامی ئێران بۆ دەرەوە.
یەکەم هەنگاوی ئێران بۆ ئەو هەناردەکردنە لە لوبنان دەستیپێکرد. دوای شۆڕشی ساڵی ١٩٧٩ ئێران پەیوەندییەکی ئەوەندە بەهێزی لەگەڵ شیعەکانی لوبنان نەبوو، خومەینی زۆرتر بایەخی بە فەلەستینییەکانی ناو لوبنان دەدا، وەک، یاسر عەرەفات و بزووتنەوەی فەتح، ئەوانەی بە بەرەنگاریی ئیسرائیل دادەنا.
بە هەڵگیرسانی جەنگی عێراق-ئێران کەمێک لە شیعەکانی لوبنان نزیک بووەوە. لە هاوینی ١٩٨٢ ئیسرائیل لوبنانی داگیرکرد و لەوێوە ئیدی پاسداری ئێران گەیشتنە بیقاع، لەوە بەدواوە حیزبوڵایان قوت کردەوە. ئەندامانی حیزبوڵا لوبنانی بوون، بەڵام سیاسەت، پاڵپشتی دارایی و سەربازیی و ئاراستەیان تەواو ئێران بوو. هەموو کار و چالاکیی حیزبوڵا لە باڵیۆزخانەی ئێران لە دیمەشق بەڕێوەدەبرا و سەرپەرشتی دەکرا. لەوێ لەگەڵ سوریا لە کێشمەکێشدا بوون و چەند ڕووداوێکیش لە نێوان سوریا و ئێران ڕوویدا. پاسدارانی ئێران تا سەرەتای نەوەدەکان مانەوە، دوای ئەوە لە لوبنان نەمان و سوریا بە تەواوی جێی ئەوانی گرتەوە. ئێران هەژموونی سیاسی خۆی لە ناو لوبناندا لە ڕێگەی حیزبوڵا و باڵیۆزی ئێران لە سوریا، دەسەپاند.
لە بەحرێن، لە ١٩٨١ کودەتایەکی سەربازیی بە دەستی ئێران شکستی هێنا، هەرزوو سعودیە پەیمانێکی لەگەڵ بەحرێن بەست و هەموو هێز و توانای سەربازیی خۆی خستە بەردەستی بەحرێن. سعودیە لە یاریەکەی ئێران تێگەیشتبوو و لەگەڵ عێراقیشدا زۆر لەیەک نزیکبوون. لە ١٩٩٥ دا، ئەمەریکا بەحرێنی کردە بنکەی کۆی کەشتییە سەربازییەکانی فرقەی پێنج، گوایە ئێران هانی شیعەکان دەدات ئاژاوە بگێڕن. ئەوەبوو لە ١٩٩٦ دا، حیزبێکی نهێنی بە ناوی حزبوڵا کە لە بەرنامەیدا بوو دەسەڵات بگرێتە دەست، ئاشکرابوو و هەندێک لە ئەندامانی گیران.
ئەو بارودۆخە شلۆقە بەردەوام بوو تا لە ٢٠١١ و ٢٠١٣ دووبارە گرووپێکی سەر بە ئێران گیران و شوێنی دروستکردنی ماددەی تەقینەوە و کۆگەی هەندێ چەک و تەقەمەنی دەستیان بەسەرداگیرا. ئەوەی دیارە تا ئێستا، لەو وڵاتە بچووکە، لە ماوەی زیاتر لە ٣٠ ساڵدا ئێران نەیتوانیوە بگاتە دەسەڵات یان گرووپێکی چەکداری هەمیشەیی بهێڵێتەوە و پشێوی و پارسەنگییەک دروست بکات.
لە یەمەن بارودۆخی شیعەکان وەک هەموو وڵاتێکی دیکەی سوننە باڵادەست، باش نەبوو. هەر بە ویستی ئێران و دەست لە پشت دانیان، حوسییەکان دەستیان بە خەباتی چەکداریی کرد لە دژی حکومەتی ئەوکاتەی یەمەن شۆڕشیان بەرپا کرد. ئێرانیش بە چەپ و ڕاست هاوکاری سەربازیی بۆ دەناردن و چەندجارێکیش لە کەنارەکانی یەمەن کەشتی پڕ چەکی ئێران دەگیران، تا وایلێهات حوسییەکان بەشێکی زۆری وڵاتیان کۆنترۆڵ کرد و حکومەتی شەرعی یەمەنیان دەرپەڕاند. بەمەش هەڕەشەیەکی گەورەیان خستە سەر سعودیە، ئیدی ئەویش بەشداری شەڕەکەی کرد.
لە ئاکامی شەڕدا، ڕاوێژکارانی سەربازیی پاسدارانی ئێران بە هەموو یەمەندا بڵاوبوونەوە، سەرەڕای بەشداریی وڵاتانی دیکەی کەنداویش پشتیوانی لە حکومەتی یەمەن، کەچی تا ئێستا نەیانتوانی پاشەکشەیەکی بەرچاو بە حوسییەکان بکەن، بێجگە لە سنووردارکردنی دەسەڵاتیان. حوسییەکان ئێستاش وەکوو هێزی کاریگەر و بە توانا لە یەمەندا مانەوە و هەن.
لە ئەنجامدا، حوسییەکان چەکدارن و هێزێکی گەورەیان هەیە و بەرانبەر دەسەڵاتی سوننەکان لە یەمەن لە شەڕدان و لەژێر فەرمانی ئێران دان. شەڕەکەی وڵاتانی کەنداویش بەرهەمێکی وای نەبووە کە سوننە-مەزهەبەکان دڵیان ئاوی پێ بخواتەوە.
سوریا بەبێ هەبوونی هێزی زۆری ئێران و ڕاوێژکارانی پاسداران ئەوەندە بە ئاسانی نەیدەتوانی لە شەڕی ناوخۆدا (٢٠١١ تا ئێستا) بەرگەی هێرشەکانی گرووپە ئیسلامییە توندڕەوەکانی سەر بە تورکیا بگرێت. لەوێ ململانێی دەسەڵات و هەژموون لەگەڵ تورکیا لەوپەڕیدایە. سووریا خۆی بە قەرزاری ئێرانییەکان دەزانێت و باڵادەستیی ئێران لە سووریا نکۆڵی لێناکرێت.
ڕۆڵی ئێران لە عێراق دا پێویستی بە باسکردنی دوورودرێژ نییە، چونکە خۆمان ڕۆژانە ئەزموونی دەکەین. تەراتێنێی ئێران لە عێراق هەر بەوەندە کۆتایی نەهاتووە لە هەموو شوێنێکدا هەبن، ئێرانییەکان بەڵکوو بڕیاری سیاسیی عێراقیان بەدەستە.
لە سەردەمی مالیکیدا، خۆی لە کۆبوونەوەیەکی حیزبەکەیدا دەڵێت ئێمە ناتوانین ئەو کارانەی ئەمریکا داوامان لێدەکات لە عێراق بیانکەین، چونکە ئاسایشی ئێران دەخاتە مەترسییەوە! پێدەچێت مالیکی ئاسایشی ئێرانی لا گرنگتر بێت وەک لەوەی وڵاتەکەی خۆی.
ئێستا، ئێران لە کۆکردنەوەی کۆدەنگییە بۆ دەرکردن و داخستنی یەکجارەکی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا، ئەوان دەیانەوێت بوونی ئەمەریکا لە عێراق بە یاسایەکی پەرلەمانیی ڕابگرن. لەوەشدا عێراقییەکان لە بن پەردەی مەزهەبیدا، نازانن کام کێشەی گەورە و مەترسیی گەورە دەهێننە سەر خۆیان. دەرکردنی ئەمریکا هەرئەوندە ئاسان نابێت و دەکرێت وڵاتانی دیکەی ڕۆژئاوا کاردانەوەی توندیان هەبێت. توانای ئابووری عێراق ئەوەندەی دیکە بتەپێت.
لە ئێستای عێراق دا، حەشدی شەعبی ئەوەندەی سوپای عێراق دەسەڵاتی هەیە و هەر کۆمەڵ و پێکهاتەیەکیان سەر بە لایەنێکی جیان، لە ناو خۆیاندا دەبنە دەیان و سەدان بەش و جۆر، لە نێوان خۆیاندا بە جۆرێکی تایبەت لە پێوەندیی و لێکتێگەیشتن بەرژەوەندیی ئابووریی و سیاسیی عێراقیان بەسەر خۆیاندا دابەش کردووە.
ساڵانێکە عێراق وەکوو دەوڵەت شەکەت و لەڕولاوازە، دەسەڵاتی شیعە نەک هەر هیچی بۆ بوژاندنەوە و ئاوەدانی نەکردووە، بەڵکو چەندی بۆی کراوە لە خەزێنەی خۆیانەوە بۆ ئەودیویان ناردووە. هێڵی بەرەی بەرەنگاریی لە تارانەوە بۆ دیمەشق و حیزبوڵا بە بەغدا دا تێپەڕ دەبێت. هەموو قاچاخی ماددە هۆشبەرەکان، کە بەشێکی سەرچاوەی دارایی پاسدارانە، بە عێراقدا دەڕوات بۆ سووریا و لوبنان و ئەوروپا.
لەو وڵاتانەی ئێران دەست تێوەردان دەکات، نە پەرلەمان و نە حکومەت دەسەڵاتیان بەسەر وڵاتەکەی خۆیاندا نەماوە. ئەوانەی لە شانۆی سیاسییدان، تەنیا بووکەڵەیەکی دەستی ئێرانن. بە چاوسوورکردنەوەی ئەمەریکا نەبێت، هیچ بۆچوون و بڕیارێکی سیاسیی بەرژەوەندی ئێران لەبەرچاو نەگرێت لە عێراقدا بوونی نییە. ئێران لە هەموو کونج و کەلەبەرێکی عێراق بوونی هەیە و دەستی لە بینەقاقای ئابووریەکەشی قایم کردووە. تاکە پێکهاتەی سوپا لەدەست ئێران نەبێت هێزی دژە تیرۆر و وەڵامی خێرایە. ئەوانیش لە چاو سوپا و حەشد، ڕەنگە ١٪ هێزە ئەمنییەکانی عێراق پێک ناهێنن.
ئەوەی لەو کارانەی ئێران هەڵیدەهێنجین ئەوەیە، ئێران ئەگەر دەسەڵاتی تەواوی بەسەر ئەو وڵاتانەدا نەبێت، ئەوا لە ڕێگای دارودەستەکانی لەو وڵاتانەدا، هێزێکی بەرانبەر سوپا دروست کردووە. لە لوبنان ئیرادەی سیاسیی وڵات بەدەست حکومەتەوە نییە. هیچ بڕیار و سیاسەتێکی دەرەوەی وڵات بەبێ حیزبوڵا بەڕێوەناچێت. حیزبوڵا لە ناو پەرلەمان و سوپاشدا هەن، ئەندامانی ئەو حیزبە، لە حکومەت یان لە سوپا، ئەوەندەی بە شیعەبوونیانەوە گرێدراون، نیو ئەوەندە بە لوبنانیبوونیان گرێ نەدراون. سوپا هیچ هەنگاوێکی کۆنترۆڵکردنی بارودۆخی لەدەست نەماوە، حیزبوڵا ئەوەندەی سوپا چەک و تەقەمەنی هەیە و دەسەڵاتی بەسەر زۆر ناوچەی لوبنان دا گرتووە. سوپا لە چاو حیزبوڵا ئەوەندە لاواز بوو، لە سەردەمی سەعد حەریریدا، سعودیە چەکی بۆ دابین دەکردن. حکومەت و وڵات لەناو بەرژەوەندی باڵای ئیران دا، ئیفلیج بوون. لەم دواییانەشدا، ئەو ناوچانەی مووشەک لێیەوە ئاراستەی ئیسرائیل دەکرێت تەنیا بە ناو لوبنانە، حیزبوڵا لەوێدا دەسەڵاتی ڕەهای هەیە.
وێنەکە لە یەمەن لەوەی لوبنان دەچێت، سوپای یەمەن ئەگەرچی خۆی بێهێز و پەرتەوازەیە، لە بەرانبەر ئەو دەسەڵات و چەکەی حوسییەکان هەیانە، هێندەی دیکە بێتوانایە، تەنانەت سعودیە و ئیمارات دوای هەوڵێکی زۆر هیچی وایان لە دژی حوسییەکان پێ نەکرا. سوپای یەمەن وەکوو نەبوو وایە، دەسەڵاتی حوسییەکان لە ناوچەیەکی گەورەی یەمەن دا باڵادەستە. لەوێ وەکوو لوبنان، وڵات ئیفلیج بووە. نە بڕیاری سیاسیی، نە ئابووریی و نە سەربازیی پێنادرێت، ئەگەر هەیشیبێت، لە پایتەختە مەنفاکەی دوورتر ناڕوات.
هەر چوار وڵات، سووریا و عێراق و لوبنان و یەمەن، خاوەنی خۆیان نین. وڵات بە دەست هێزە مەزهەبییە شیعەگەراکانەوە تەواو ئیفلیجە. ئەوە سیاسەتی ئێرانە، کە حکومەت سوپای لەبن دەست نەبێت. بەڵکو هێزێکی چەکداری مەزهەبیی پڕچەککراو هەبێت کە لە پشت پەردەوە وڵات بەڕێوە بەرێت و بتوانێت بەرانبەر سوپا ڕاوەستێت، تەنانەت ئەگەر پێویستی کرد هەڕەشەشیان لێ بکات.
ئێران بەو کارانەی ٥٠ ساڵە سیاسەتی “ئاگرە سوورە لە من دوورە”ی پیادە کردووە. جەنگەکانی دەبوایە لە ناو ئێران بکرێن، هەموویانی ناردووەتەوە دەرەوە و هەرنەبێ چوار وڵاتی عەرەبی لە پەلوپۆ خستووە.



