دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان چەندەها پەیمانی دووقۆڵی و چەندقۆڵی ئاشکرا و نهێنییان بۆ لەناوبردنی کورد ئیمزا کردووە، لە نموونەی پەیمانی سەعد ئاباد لە ٨/٧/١٩٣٧ لە نێوان ئەفغانستان و عێراق و ئێران و تورکیا بۆ دوورخستنەوەی جموجۆڵی بزووتنەوەی کوردی لە هەر چوار پارچەی کوردستان، کە دواتر بوو بە پەیمانی بەغدا. “لە ٤/٧/١٩٣٧عێراق و ئێران ڕێککەوتنێکیان دەربارەی سنووری هاوبەشیان واژۆ کردوە،” مەبەستی سەرەکییان چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوخۆیان نەبووە، بەڵکو ویستویانە ڕێگە لە گەشەکردنی بزووتنەوەی کوردی بگرن و قەڵاچۆی بکەن بۆ ئەوەی کورد لە هیچ پارچەیەکی کوردستان گەشە نەکات.
بۆردومانکردنی باشووری کوردستان لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکیاوە لە دوای دروستبوونی قەوارەی هەرێمی کوردستانەوە بە بەرنامە دەستی پێکردووە، لەم ساڵانەی دوایشدا لەگەڵ پێشکەوتنی زیاتری تەکنۆلۆجیای سەربازی و سیخوڕیی، تورکیا بە درۆن هێرشی دڕندانە بۆ سەر باشووری کوردستان درێژە پێدەدات. ڕۆژانە بە بیانوی بوونی پە*کە*کەوە خاک و کوردی باشووری کوردستان دەکوژێت و جینۆسایدی دەکات. هیچ لایەنێکی ناوخۆیی و دەرەکیش نییە سنووری بۆ دابنێن و وەڵامی بدەنەوە. بەپێچەوانەوە هەموویان چاوساغی بۆ پیلان و تاوانەکانی تورک بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان دەکەن، بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بخەنەوە ژێر چەپۆکی داگیرکارانەی عێراقی عەرەبییەوە. بۆیە لەگەڵ درۆنبارانکردنی تورکدا، بەعەرەبکردنی کوردیش لە باشووری کوردستان زۆر بە بەرنامە سەریهەڵداوەتەوە، یاخود دەتوانین بڵێین لە دوای ڕووخاندنی ڕژێمی بەعسی عێراقەوە ڕانەوەستاوە و چڕتر و ڕێکخراوتر درێژەی هەیە.
لە ١٩٨٣ دا لە نێوان دەوڵەتانی عێراق و تورکیادا ڕێککەوتننامەیەک واژۆ کراوە. بەپێی ئەو ڕێککەوتننامەیە هەردوو وڵات بۆیان هەیە بیست کیلۆمەتر لە ئاسمانەوە و پێنج کیلۆمەتر لە زەوییەوە بێنە ناو خاکی یەکترییەوە مەبەستیشیان تەنیا خاکی کوردستانە. تورکیا سوودی لەو ڕێککەوتنە وەرگرتووە و عێراق بۆی نییە، واتە تورکیا ڕێگە بە عێراق نادات هێرش و دەستدرێژی بۆ ناو تورکیا بکات و ئەو هێز و دەستەڵات و بەرژەوەندیشی لەوێ نییە. عێراق بۆیە تا هەنوکە لەسەر ڕێککەوتننامەکە بەردەوامە و نیگەرانی نییە چونکە لەشکرکێشی و سنووربەزاندن و بۆردومان و درۆنبارانەکەی تورک تەنیا بۆ سەر کورد و خاکی کوردستانە. عێراق بەو سیاسەتە سەربازییەی تورک دژی کورد هاوکار و خۆشحاڵە چونکە لە دیدی بەغداوە تورکیا لەجیاتی عێراقیش کوردی باشووری کوردستان سەرکوت و کۆمەڵکوژ دەکات، بەغداش بەرنامەی بەعەرەبکردنی ڕژێمەکانی پێش خۆی لەدژی کوردی باشووری کوردستان فاشیانەتر دەستداوەتێ.
هێرشەکانی تورک لە سەرەتای ساڵی٢٠٢٠ دا بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان، بەتایبەتی ئەو هێرشانەی بۆ سەر ناوچەی کانی ماسی و شارباژێڕ و شەنگاڵ، کە شەهید و بریندار بوونی ژمارەیەک کوردی بێ چەک و مەدەنی لێکەوتۆتەوە و کاردانەوەی زۆر گەورەی هەبوو و وێنە و ڤیدیۆکانی هێرشەکان بە کاربەدەستانی ئەمریکا گەیشتووە. لەو ئانوساتدا پەیامنێری کەناڵی (NRT) ڕاپۆرتێکی لەبارەی بێدەنگی بەرپرسانی ئەمریکاوە ئامادە کردبوو. لەبەرئەوەی کەسانێکی زۆر لە دەستەبژێری ئەمریکی لەسەر ئاستی ڕاگەیاندن و کۆنگرێس پرسیاری بێدەنگی کاربەدەستانی ئەمریکایان لەبەرامبەر هێرشە بەردەوامەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان، یان وەک ئەوەی ئەوان دەڵێن بۆ سەر سەروەری عێراق، لەسەر ئاستی وەزارەتی دەرەوە و ئیدارەی دۆناڵد ترامپ و کۆنگرێس و ئاستە باڵاکانی ئەمریکا ئەم بابەتە وروژێنرا و داوای شکاندنی بێدەنگی ئەمریکا کرا. بەمجۆرە وەڵامی پەیامنێرەکەی (NRT) یان دایەوە، “بێدەنگی ئەمریکا لەسەر دوو ئاستی جیاواز شکاوە و هەڵوێست هەیە و تاڕادەیەک لەسەر ئاستی وەزارەتی دەرەوە بێدەنگی لە بەرژەوەندی تورکیا هەیە و دەبوایە ئەمریکا پشتیوانی تورکیای بکردایە بەحوکمی ئەوەی هاوپەیمانێتی، بەڵام ئەمریکا هاوکاری ناکات و کەواتە بێدەنگ نییە، کۆمەڵێک کۆنگرێس وتبویان هێرشەکانی تورکیا شکاندنی سەروەری ئەو هەرێمەیە و پێویستە لەسەر ئاستی ئەنجومەنی پەیوەندیەکانی دەرەوەی کۆنگرێس دانیشتن بکرێت و ئەمریکا نابێت ئەمە لە تورکیا وەک ئەندامی ناتۆ پەسند بکات.”
دەرەنجام ئەوەی لێی هەڵهێنجێنرا بوو ئەوە بوو، بەگوێرەی ڕای دەرەوەی ئەمریکا، بێدەنگی ئەو وڵاتە بۆ چەند هۆکارێک بەتایبەتی بۆ ئەو هۆکارە سیاسی و یاساییانەی نێوان عێراق و تورکیا دەگەڕێننەوە، کە ئەمانەن:
یەکەم: بابەتی گرێبەستە پەنجا ساڵییەکەی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان (پارتی) و پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە)یە لە تورکیا، کە وەک سیاسەتمەدار و شارەزایانی ئەمریکا ڕایانگەیاندوە، وەک زانیومانە گرێبەستی وزەیە، بەڵام وردەکاری نازانین و لەوانەیە بەشێکی تایبەت بێت بەدۆسیەی ئەمنی.
دووهەم: بێدەنگی ئەمریکا لەسەر ئەو هێرشانە بۆ ئەو ڕێککەوتنە سیاسیەی نێوان عێراق و تورکیا دەگەڕێتەوە، کە لە ١٩٨٣ دا واژۆیان کردووە. ئەگەر ئەمریکا بێدەنگ بێت حکومەتی هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی عێراق لە ئەمریکا بێدەنگترن چونکە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان پشتی بەو ڕێککەوتنە بەستوە، کە تا ئێستا هەڵنەوەشێنراوەتەوە و عێراقیش هاوکاری تورکیایە و لە پەلامارەکانی بێدەنگە. هەرێمی کوردستانیش بێدەنگە و هەوڵی هەڵوەشاندنەوی پەیمانەکەی نێوان هەردوو وڵاتی نەداوە و کاری بۆ نەکردوە، گوتوشیانە تورکیا لە عێراق پرسی تیرۆری هەیە، مەبەستیان پە*کە*کەیە بۆیە ناتوانین ڕێگەی لێبگرین.
کەواتە پە*کە*کەیش هێندەی هەردوو پارتی و یەکێتیی و دەوڵەتی عێراق بەرپرسیارە لە جینۆسایدکردنی باشووری کوردستان لەلایەن تورکیاوە، چونکە ئەگەر خاسی کوردی باشووری بوێت، مادام ناتوانێت یان نایەوێت بەرگری لە کوردی باشوور لەبەرامبەر هێرشەکانی تورک بکات، خۆ دەتوانێت کەمێک لەو بیانوانەی تورک لە باشوور کەمبکاتەوە. بۆ ئەوەی ڕای گشتی باشووری کوردستانیش بتوانێت بە ڕای گشتی دەرەوە و ناوەندە جیهانییەکان ڕابگەیەنێت کە تورکیا هیچ بیانوییەکی بۆ لێدان لە خاکی باشووری کوردستان نییە و دەبێت ڕێگە لە هێرش و پەلامارە بەردەوامەکانی بگیرێت و داوای هەڵوێستیان لێ بکرێت. ڕاستە پیلانی درێژخایەنی بۆ داگیرکردنی باشووری کوردستان و زیندوکردنەوەی تەماعکارییەکانی سەردەمی عوسمانی لە کوردستان هەیە، بەڵام ئەو کاتە ناوەندە جیهانییەکان ناتوانن لە وەڵامدا پێمانبڵێن ناتوانین بەر بە لەشکرکێشی و داگیرکارییەکانی تورکیا بگرین، چونکە کێشەی تیرۆری هەیە.
لەبەرئەوەی عێراق دەوڵەتە و ئەندامە لە نەتەوە یەکگرتوەکان، کاربەدەستانی هەرێمی کوردستان دەیانتوانی لەڕێگەی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە کاریان لەسەر ڕاگرتنی تاوانەکانی تورکیا بکردایە و داوای هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتننامەکەی نێوان ئەو دوو وڵاتەیان بکردایە و فشاری توندیان لە عێراق بکردایە، بۆ ئەوەی پەیمانەکەی ١٩٨٣ ی نێوانیان لەگەڵ تورکیا هەڵبوەشێننەوە و سنوور بۆ دەستدرێژیەکانی تورک بۆ سەر خاک و خەڵکی باشووری کوردستان دابنێن، چونکە هێشتا کوردستان بەداخێکی گرانەوە بەشێکە لەو عێراقە و ئەرکی دەوڵەتی عێراقە سەروەری کوردستانیش بپارێزێت.
حکومەتی داهاتوی هەرێمی کوردستان و نوێنەرانی کورد لە حکومەت و پەرلەمانی بەغدا و سەرۆکایەتی کۆماری عێراق پێکەوە دەتوانن ئەو ئەرکە ڕاپەڕێنن، بەڵام نەگبەتی کوردانی باشوور لەوەدایە بەرپرسانی بەتایبەتی هەردوو پارتی و یەکێتیی خۆیان چاوساغی تورکیا و عێراق و ئێرانن بۆ کاولکردنی کوردستان و جینۆسایدکردنەوەی کورد و خاکەکەی. کاتێک کورد خۆی هاوکاریان بێت عێراق هەرگیز داوای هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتنەکە ناکات. بەپێچەوانەوە هەر بەپێی ئەو ڕێککەوتنە دەرگای بۆ دەستدرێژیی و لەشکرکێشی تورک بۆ کوردستان کردۆتەوە، لەبەر ئەو ڕێککەوتنەیە هیچ دەنگ و فشارێکی لەسەر هێرشەکانی تورکیا بۆ باشووری کوردستان نییە، کە ئێستا تورکیا بنکەی سەربازی لەناو قوڵایی خاکی باشووری کوردستاندا هەیە.
لەدوای واژۆکردنی ڕێککەوتننامەکەی ١٩٨٣ ی نێوان تورکیا و عێراق دژی جوڵانەوەی کوردی لە هەردوو پارچەی باکوور و باشووری کوردستان، “تورکیا پشت بەست بەو ڕێککەوتنە، یەکەم ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە ٢٥/٥/١٩٨٣ دا ئەنجامدا و زیاتر لە پێنج کیلۆمەتر سنووری کوردستانی بەزاند. لە ١٩٨٤ و ١٩٨٦ و ١٩٨٧ و ١٩٩١ هێرشی ئاسمانی و زەمینی بۆ سەر باشوور کردووە” ئیتر لەدوای ڕاپەڕینی باشووری کوردستان و لە ١٩٩٢ وە پە*کە*کە بووە بە باشترین بیانو و پاساو بۆ هێرشەکانی تورکیا بۆ ناو قوڵایی خاکی باشووری کوردستان. یەکەم ئۆپەراسیۆنی لە ١٩٩٢ بە ناوی قەڵاچۆکردنی پە*کە*کەوە بۆ کوردستان ئەنجامدا. لەو کاتەوە تا ئەمڕۆ ڕانەوەستاوە و بگرە وەحشیانەتر لە ڕابردوو خەڵک و خاکی باشووری کوردستان جینۆساید دەکات.
بەپێی زانیارییە ڕۆژنامەوانییەکان تا مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٠ زیاتر لە ٣٨ بنکە و بارەگای سەربازی و هەواڵگری تورک لە هەرێمی کوردستان بوونیان هەیە. لە ٧/٧/٢٠٢٠ دا سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا لە تویتەر نەخشەیەکی هەرێمی کوردستانی بڵاوکردەوە، کە تێیدا ٣٨ بنکەی سەربازی لەسەر خاکی باشووری کوردستان ئاشکرا کرد،” کە گەورەترینیان دەکەوێتە دەڤەری بامەڕنێی لە پارێزگای دهۆک. سەربازگەیەکی دیکە بە تەواوی چەکەوە لە بەعشیقەی موسڵ هەیە. هاوکات، هەزاران سەربازی تورک لە هەرێمی کوردستاندان و بەسەر چەندین سەربازگەی دیکەدا دابەش بوون. بەشێک لەو سەربازگانە بۆ پێواژۆی شەڕی ناوخۆی نێوان یەکێتیی و پارتی دەگەڕێنەوە، کە ئێستا خەریکی خۆفراوانکردن و داگیرکاری زیاترن.بەکورتی، تورکیا بەدرێژایی ٤٠ کیلۆمەتر لەناو خاکی باشووری کوردستاندایە، ئەمەش زۆر زیاترە لەوەی لە ڕێککەوتنەکەییاندا هاتووە.
هەرچەندە چەندینجار لە پەرلەمانی کوردستان و عێراق فشار لە هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق کراوە و داوای کردنە دەرەوەی ئەو هێزە داگیرکەرەی تورک لە کوردستان کراوە، کەچی هەردوو حیزب هیچ پێداگریەکییان بۆ کردنە دەرەوەی سەربازگە و سوپای تورک نەکردوە و بێئیرادە بوون لە ئاستییاندا. عێراقیش بەهۆی ئەو ڕێککەوتنەوە هەرگیز فشاری لێنەکردون و کورد لەلای ئەوان گرنگ نەبووە و نییە. پە*کە*کەش بۆتە هۆی دوورخستنەوەی فشار و ستەمکارییەکانی تورک لە تورکیا و پەلکێشکردنی بۆ باشووری کوردستان. ئەمە لەکاتێکدایە کە بەهۆی بوونی هێزێکی وەها لە ئۆپۆزسیۆن دەبوایە تورکیا هەرگیز نەیتوانییایە دەستدرێژی بکاتە سەر باشووری کوردستان و کاردانەوەی توندییش نیشان بدرایە.
کاتێک کورد خاوەنی ئەم جۆرە بەرپرس و حیزب و نوێنەرانە بێت لە کوردستان و عێراق، ئیدی ئەرکی دەستەبژێر و چالاکوان و ئازادیخوازانی کوردستانە دوای ئەم مژارە گرنگە بکەون و هەوڵ و کار و فشار بۆ هەڵوەشاندنەوەی ڕێککەوتننامەکەی ١٩٨٣ ی نێوان عێراق و تورکیا بکەن و بە شوێنی سەرەکی و گرنگی خۆی بگەیەنین. بۆ ئەوەی لەوە زیاتر خاک و میللەتەکەمان نەبنە قوربانی لەشکرکێشی و بنکە سەربازییەکانی تورکیا و تەعریبی عێراق، ئەم تاوانانە بۆ داهاتوی سەرجەم باشووری کوردستان و کەرکوک و موسڵ بەتایبەتی مەترسیدارە و مایەی مشتومڕ و هەڵوەستە لەسەر کردنە.
سەرچاوەکان
جاسم تۆفیق خۆشناو، مەسەلەی کورد و یاسای نێودەوڵەتان، بڵاوکراوەکانی سەنتەری ستراتیجی کوردستان.
کەناڵی ئێن ئاڕتی (NRT) ی مانگی ٤ ی ٢٠٢٠.
ڕۆژنامەی سەباحی جەدید لە عێراق
ماڵپەڕی سبەی، تورکیا بنکەی سەربازی زیاتر لە هەرێمی کوردستان دروست دەکات، ٩/١٠/٢٠٢٠. https://www.sbeiy.com/Details.aspx?jimare=27062
فرانس 24، ٢٠/٧/٢٠٢٢.