سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

فراژووکردنی دیموکراسی

لەم بابەتەی بەر دەستمان باس لە سەرهەڵدانی چەمکی دیموکراسی ناکەین وەک مێژوو، بەڵکوو دەمانەوێت وەک تێزێک باس لە فراژووکردنی (بونیاتنانی) سیستەمێک بۆ بەڕێوە بردنی کارگوزاری دەوڵەت بکەین. سیستەمێک گوزارشت لە تاکەکانی کۆمەڵ بکات و سیمای هزر و فکری بێگانەی پێوە دیار نەبێت. هاوکات، بۆ ئەوەی دەلاقەی گلەیی و گازندە بەڕووی دەست و قەڵەمەکانی کۆنخوازەکانا نەکرێتەوە و دیموکراسییەک بێت زادەی بیری کۆمەڵ و پێکهاتە هەمە جۆرەکانی نەتەوە بێت.

وەک دەزانین دیموکراسی سیستەمێکی فەرمانڕەوایییە لەسەر ئاستی دەوڵەت یان نیشتیمان جێبەجێ دەکرێت، هیچ دیموکراسییەکیش بە گشتگیری لەسەر ئاستی وڵاتانی جیهان بوونی نییە. هەر لەو سۆنگەیەوە دەبینین سیستەمی وڵاتێک بۆ وڵاتێکی تر جیاوازییەکی بەرچاوی هەیە. جگە لە چەند بنەمایەک هەن کە لەسەر ئاستی جیهان پەیڕەو دەکرێت و نکۆڵییان لێ ناکرێت وەک مافی مرۆڤ و بەشداری کردنی نەتەوە لە بڕیارە سیاسییەکان، سەروەری یاسا هتد. ئەمانەش دەکرێت وەک بنەماگەلێکی هاوبەش لەسەر ئاستی وڵاتانی جیهان پەیڕەو بکرێن.

بۆ ئەوەی پتر لە کڕۆکی بابەتەکە بگەین و باس لە چۆنیەتی دامەزراندنی دیموکراسییەک بکەین کە هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵ دۆخ و ویستەکانی نەتەوە و وڵاتدا بگونجێت. دەکرێت بۆ ئەم مەبەستە چەند پرسیارێک بوروژێنین. ئایا دیموکراسی گشتگیرە یان لۆکاڵییە؟ ئایا دیموکراسی سەروکاری لەگەڵ سیۆکراسی (theocracy)دا دێتەوە؟ ئایا دەکرێت ئەزموونی دیموکراسی لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر بگوازرێتەوە؟ ئایا دیموکراسی دژ بە ئایینە؟

هەروەک ئاشکرایە فراژووبوونی دیموکراسی لە سەروبەندی سەدەکانی پێش زایین گەڵاڵە بوو و لە سەرەتاوە فەیلەسووفی یۆنانی پلاتۆن – ئەفلاتون- داکۆکیکاری سەرەکیی بوو. ئەگەرچی پشووی ئەو دیموکراسییە کورت بوو و بۆ ماوەی دوو هەزار ساڵ کەوتە کەنارەوە وهیچ سۆراخێکی نەما، بەڵام لە سەدەی حەڤدە و بە هەوڵ و تەقەلای بیرمەند و فەیلەسووفی بەریتانی جۆن لۆک بۆ جارێکی تر تێزی دیموکراسی بووژایەوە و خێرا وەک بڵێسەی ئاگر دڕی بە تاریکی و تارمایی سەدەکانی ناوەڕاستی ئەوروپادا و هەموو وڵاتانی ئەوروپای گرتەوە.

کۆمەڵگەی کوردستان لەو هەرێمەی باشوری کوردستاندا لە چەندین ئایین و ئایینزا و نەتەوە پێک هاتووە. هەروەها پاشماوەی نەریتی خێڵەکایەتی و هۆز و عەشیرەتگەریش لەولاوە وەستاوە. ئەمانە سەرباری دابەشبوونی هەرێمەکە بەسەر دوو دەسەڵاتی ناوخۆیی ناکۆک. هەر یەکێکیش لەم دوو دەسەڵاتە کۆمەڵێ حیزب و ڕەوت و مەزهەبی خستووەتە بن باڵی خۆیەوە کە هەر یەکێکیان کۆمەڵێ لە ڕەوت و فیکری جیاجیان لێ کەوتۆتەوە.

تاکە چارەسەری ئەو ڕەوشە نالەبارەی هەرێم سیستەمێکی دیموکراسییە. بەڵام پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە، چ جۆرە دیموکراسییەک بێت. دیموکراسی نەتەوەکانی تر یان دیموکراسییەکی سەر مۆر، یانیش خەمخۆر و دەسەڵاتی خۆجێیی هەنگاو بە هەنگاو کار لە سەر فراژووکردنی دیموکراسییەک بکەن کە پڕ بە باڵای نەتەوە و کۆمەڵگاکە بێت.

لێرەدا بە شێوەیەکی گشتی باس لەو توخەمانە دەکەین کە دەبنە مایەی فراژووبوونی دیموکراسی:

سێکۆلاریزم(عەلمانییەت)؛ یەکەم هەنگاوی فراژووکردنی دیموکراسی لە چەمکی سێکۆلاریزمەوە دەست پێ دەکات. ئەوەش بە پلەی یەکەم داماڵینی دەوڵەتە لە ئایین. بەوەش، پێویستە حوکمەت و دامودەستگاکانی خۆی لە کارتێکردنی ئایین بە دوور بگرێت و بە هیچ جۆرێک بوار بە ئایینییەکان نەدات دەست بۆ بڕیارە سیاسییەکان ببەن. بۆ پارێزگاریکردن لە مافی کەمایەتییەکانی ناو وڵات، تەنیا دەستوور و یاساکانی دەوڵەت دەبێتە پاڵپشت و زامنی ئەو مافانە، نەک حیزب و گرووپی چەکداری، دەوڵەت پارێزگاریکردن لە مافە کەسایەتییەکانیشی دەکەوێتە سەر شان.  دیاریکردنی ئەرکەکانی دەوڵەت و ئایین دەبێتە مایەی سەقامگیری و ئەمن و ئاسایشی وڵات. لە میانی ئەم چەمکەوە ئاسۆیەک دەردەکەوێت بۆ ئەوەی هێڵی جیاکەروەی نێوان تاریک و ڕوونی و ئاراستەکردنی نەتەوە لە فرە جەمسەری و فرە دەسەڵاتییەوە بۆ یەک سیستەم و یەک جەمسەری کارگێڕیی بۆ وڵات.

یاسا و دەستوور؛ یاسا دەبێتە پاڵپشت و زامنی جێگیربوونی چەمکی سیکۆلاریزم لە زەینی خەڵکەکە. ئەو پاڵپشتی کردنەش متمانە دەبەخشیتە کۆمەڵ بۆ قبووڵ کردنی ئەو سیستەمەی کە دەبێتە زەمینەی کەشێکی ئارام و متمانەبەخش.

هۆشیاری؛ بۆ ئەوەی تاکەکانی کۆمەڵ یاسای دەوڵەتیان پێ قبووڵ بێت و ڕێزی لێ بگرن و سەروەری بپارێزن دەبێت ئاستی هۆشیاری تاکەکان بەرز بکرێتەوە. و بەوەش دەوڵەت دەکەوێتە ژێر چاودێریی کۆمەڵگەوە . لێرەدا هۆشیاری دەبێتە زەمینەیەکی لەبار بۆ تێگەیشتنی تاک لە گرنگی یاسا بۆ پاڵپشتی کردن لە هەنگاوی یەکەم، کە سێکۆلارایزمە.

لیبرالیزم؛ ئەگەر لە گرنگی ڕۆڵی ئەم چەمکە بگەین دەبینین کەشێکی ئازاد و یەکسانی  لەبار بۆ بیرکردنەوە و ڕادەربڕین فەراهەم دەکات. هەروەها، یەکسانیش دەبێتە مایەی کەمکردنەوەی توندوتیژی ناو پێکهاتەکانی کۆمەڵ. لە لایەکی تریشەوە برەودان بە بواری ئابووری و داهێنان پتر زەمینەی گەشە پێدانی باری زەینی تاکەکان خۆشتر دەکات.

پاش ئەوەی هەر چوار توخمەکەمان خستە ڕوو کە دەبنە ئەوزار و ئامێرەکانی فراژوو بوونی دیموکراسییەت. با بێین هەر چوار توخمەکە پێکەوە گرێ بدەین تاوەکو ڕۆڵ و پێگەی چەمکەکانمان بۆ دەربکەوێت.

ئەگەر بڕیار بێت سێکولاریزم وەک چەمکێکی یەکلاکەرەوە ، بڕیار لەسەر جیاکردنەوەی هەر دوو دەسەڵاتی ئایینی و دەسەڵاتی سیاسی بدات، ئەوا دەبێتە مایەی فەراهەم بوونی کەشێکی لەبار و ئارام لە بەردەم چەمکە سیاسییەکە بۆ ئەوەی بتوانێت بەیاسا سنوور بۆ دەسەڵاتەکان دابڕێژێت

هەڵبەت ئەم هەنگاوە پێویستی بە چەمکێکی هاوتا هەیە بۆ ئەوەی دڵنیایی بە کۆمەڵ ببەخشێت و بوێرانە و دوور لە هەژموونی ئایین بەرەو دەروازەی زانست و هونەر و فەلسەفە و ئازادی ڕادەربڕین بکەونە ڕێ، کە ئەوەش یاسایە. لێرەدا یاسا و سەروەرییەکەی دەبنە پشت و پەنا بۆ دیموکراسی.

ئایا تەنیا یاسا زامنی ئەمن و سەقام گیری یە؟ هەڵبەت هەموو دەوڵەتێک یاسای خۆی هەیە، بەڵام ئایا ئەمن و ئاسایش لە گشت دەوڵەتەکاندا یەکسانە؟ بێ گومان نەخێر. ئەو هەڵاوێردییە لە سەقامگیری لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێک دەگەڕێتەوە بۆ ئاستی هۆشیاری کۆمەڵگا. کەواتە پێویستە لەسەر حوکمەت هەنگاوی جددی و ڕاستگۆیانە بنێت بۆ هۆشیارکردنەوەی تاکەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی خوێندن و پەروەردە. واتا هەر چەندە ئاستی هۆشیاری لای خەڵکی باڵاتر بێت، ئاسۆ و گرنگی یاساکانیان لا ڕوونتر دەبێتەوە.

ئەگەر سێکۆلاریزم  بە یەکەم کۆڵەگەی دیموکراسی دابنێین ئەوا لیبرالیزم زەمینەی ئەو کۆڵەگەیەیە، واتە هەردووکیان تەواوکەری یەکترن. نە سێکۆلاریزم  بەبێ لیبرالیزم گەشە دەکات و نە لیبرالیزم بێ سێکۆلاریزم واتایەکی دەبێت. هەڵبەت هیچ یەکێک لەم دوو توخمەی باسمان  کرد بە بێ سەروەری یاسا و نەتەوەیەکی هۆشیار سەرکەوتوو نابن.

با بێین بەراوردێک لە نێوان دوو دەوڵەتدا بکەین، بۆ ئەوەی ڕۆڵ و گرنگی ئەو چوار چەمکە لە فراژووبوونی دیموکراسییەتدا بخەینە ڕوو. لێرەدا شانشینی سوێد و کۆماری عێراق بە نموونە وەر دەگرین.

سێکۆلاریزم لە سوێددا لە ئاستێکی بەرزدایە و بە هیچ کلۆجێک بوار بە کەنیسە و دەزگا ئایینییەکان نادرێت خۆیان تێکەڵ بە کاروباری دەوڵەت بکەن.

بە پێچەوانەی دەوڵەتی سوێدەوە، لە وڵاتێکی وەک عێراق کە لە ڕووی ئایین و ئایینزا و نەتەوەوە هەمەجۆرە ، دەبینین ئایینی ئیسلامی بە گشتی و هەردوو مەزهەبی شیعە و سوننە بە تایبەتی دەسەڵاتێکی ڕەهایان بەسەر کۆی ئایینەکانی تری ناو عێراقەوە هەیە

یاسا لە سوێد سەروەری خۆی پاراستووە و گەورەترین پاڵپشتی سیستەمە سێکۆلارییەتەکەیەتی. هەروەها پاڵپشتی ئازادییەکانی تاکە کەسە، وەک ئازادی ڕا دەربڕین و خوێندن و بیروباوەڕ، هتد. بەڵام لە عێراقدا سەروەری یاسا کەوتووەتە ژێر پرسیارەوە و هەر هێز و لایەنێک نیمچە دەسەڵاتێکی لەتەک دەسەڵاتی دەوڵەتدا قوت کردووەتەوە.

هۆشیاری لە سوێد بە گشتی لە ئاستێکی بەرزدایە و دەوڵەت سەرپەرشتی ڕەوشی خوێندن و خوێندنگەکان دەکات. ڕەوشی خوێندن لە عێراقدا بەرەو دواوە هەنگاو دەنێت، هەژموونی مزگەوت و حوسەینییەکان بەڕوونی لە ئاکاری خەڵکەکەدا بەدی دەکرێت.

ئەگەر لیبرالیزم پانتایییەکی فراوانی لە سوێد داگیر کردبێت، ئەوا لە عێراق لیبرالیزم بۆ چینی دەسەڵات و چەند گرووپ و تاخمێکە.

ئەگەر پانتایی هەر چوار چەمکەکە (سێکۆلاریزم، یاسا، هۆشیاری، لیبرالیزم) بە ڕوونی لە سەر وڵاتی سوێد و عێراق بخەینە ڕوو، سوێد بە وڵاتێکی دیموکراسی دەردەکەوێت، کە ماف و ئەرکەکانی تاک بە ڕوونی دیارن و لە عێراقیش ئەرک لەسەر شانی خەڵکە و مافیش بۆ چینی دەسەڵاتدار.

هەڵبەت جێبەجێ کردنی هەر چەمکێک لەم چەمکانە بەندە بە دەسەڵاتێکی دڵسۆز و ویستی نەتەوەیەک کە تامەزرۆی ئازادییەکان و چاو لە ئاسۆ بێت. ئەوی لای هەموومان ڕوونە ئەوەیە کە هەموو دەوڵەتانی جیهان لافی دیموکراتییەت لێ دەدەن بەڵام نە دیموکراتییەکانیان بە یەک دەچن و نە وەک سیستەمێکی گشتگیری سەرتاسەری جیهان پەیڕەو دەکرێت. 

تێبینی: بیرۆکەی ئەو چوار چەمکەم لە کتێبی “چوارینەی دیموکراسی” (الرباعیة الدیمقراطیة) هەڵهێنجاوە کە لە نووسینی “موراد وەهبە”یە.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • بوخچە
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2023 SEKO