سه‌ره‌تا
به‌شێوه‌يه‌كى گشتى ده‌وڵه‌ته لاوازه‌كان تووشى كێشه‌ى قوڵ ده‌بن له پڕۆسه‌ى بنياتنانى ده‌وڵه‌ت. پاش ئه‌و گۆڕانكارييه گه‌ورانه‌ى كه له ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست ڕوويانداوه ده‌بينين چه‌ندين ده‌وڵه‌ت گرنگيان له‌ده‌ستدا و ئه‌كته‌رى نوێى ناده‌وڵه‌تى ده‌ركه‌وتن. ئه‌م ئه‌كته‌رانه ملكه‌چى هيچ ياسا و ڕێسايه‌كى ناوخۆى و ده‌ره‌كى نين، بۆ نموونه، ئه‌وه‌ى له عێراق پێيان ده‌گوترێت هێزه له ياسا ده‌رچووه‌كان. ئه‌م قۆناغه‌ى ئێستاى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌راست قۆناغێكى جياوازه، ڕۆڵى هێزه نێوده‌وڵه‌تييه‌كانيش جياوازن، سياسه‌تى ئێستاى هێزه نێوده‌وڵه‌تييه‌كان پاراستنى به‌رژه‌وه‌ندى خۆيان و دوورخستنه‌وه‌ى هه‌ڕه‌شه‌يه له خۆيان، به‌پێچه‌وانه‌ى ڕابردوو هێزه نێوده‌وڵه‌تييه‌كان هه‌وڵى ڕێكخستنه‌وه‌ى سيسته‌مه ئيقليمييه‌كه‌ى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست دەدەن،
ئه‌م بارودۆخه‌ى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست بارودۆخێكه كه زۆر به‌ره‌و نادڵنيايى و ناسه‌قامگيرى ده‌ڕوات، بۆيه ڤۆلكه‌ر پێترس، به‌ڕێوبه‌رى په‌يمانگاى ئه‌ڵمانى بۆ سياسه‌تى نێوده‌وڵه‌تى و ئاسايش، له كتێبى “کۆتایی ئەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەی کە ئێمە ناسیومانە” ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات كه سيسته‌مى ئيقليمى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست له به‌ريه‌ك هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه، ئه‌م له‌به‌ريه‌كهه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ش له‌سه‌ر ئاستى ده‌وڵه‌ت ده‌بێت كه له دڵى ئه‌فريقاوه تا دەگاتە ده‌وڵه‌تانى كه‌نداو ده‌گرێته‌وه. بێگومان عێراقيش له سەری سه‌ره‌وه‌ى ئه‌م گريمانه‌يه‌دايه. عێراق كێشه‌ى قوڵى له بنياتنانى ده‌وڵه‌ت (state-building) دا هه‌يه، كه دواتر باسى ده‌كه‌ين.
ئه‌رستۆ له كتێبى “سیاسەت”باس له‌وه ده‌كات كه ئه‌ركى سه‌ره‌كى ده‌وڵه‌ت پاراستنى هاووڵاتيانه چ له هەڕەشەکانی ده‌ره‌وه چ لەوانەی ناوه‌وه. بەهەمان شێوە، ماكس ڤێیبە پێى وايه پاراستنى هاووڵاتيان ئەرکێکی گرنگى ده‌وڵه‌ته، کە له ڕێگه‌ى قۆرخكردنى هێزى شه‌رعييه‌وه دابینی دەکات. واته ده‌وڵه‌ت ده‌بێت كێشه و ناكۆكييه‌كان به شێوەیە‌كى عه‌قڵانى و به ئاشتيانه چاره‌سه‌ر بكات، نه‌ك به‌شێوه‌ى توندوتيژ. ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ت له‌م ئه‌ركه‌ى شكستى هێنا، بێگومان خودى بونيادى ده‌وڵه‌ته‌كه ده‌كه‌وێته مه‌ترسييه‌وه و ده‌وڵه‌ت ده‌بێته ئامرازێكى سه‌ركوتكردنى هاوڵاتيان. بيرمان نه‌چێت ئه‌گه‌ر بگەڕێینه‌وه بۆ تۆماس هۆبز ده‌بينين خودى دروستبوونى ده‌وڵه‌ت بۆ به‌رقه‌راركردنى ئاشتي و پاراستنى هاووڵاتيانه له شه‌ڕى هه‌مووان دژى هه‌مووان. به‌مانا مۆديرنه‌كه‌ى كه نه‌توانێت ئه‌مه بكات ئه‌مه شكستێكى گه‌وره‌يه له پڕۆسه‌ى بنياتنانى ده‌وڵه‌ت. پرسیارەکە ئەوەیە، ئەی پڕۆسه‌ى بنياتنانى ده‌وڵه‌ت چييه؟
بنياتنانى ده‌وڵه‌ت
لە پاش جه‌نگى جيهانى دووه‌م تا كۆتایی جه‌نگى سارد، پێناسه‌ى چه‌مكى بنياتنانى ده‌وڵه‌ت بريتى بوو له سه‌ربه‌خۆیی له پاشكۆيه‌تى هێزه كۆلۆنياليسته‌كان و دامه‌زراندنى قه‌واره‌يه‌ك به ناوى ده‌وڵه‌ت. به‌ڵام له دواى كۆتاىى جه‌نگى سارد پڕۆسه‌ى بنياتنانى ده‌وڵه‌ت گۆڕا بۆ گه‌شه‌كردنى ئابوورى و به‌رجه‌سته‌كردنى ديموكراسى و پاراستنى مافى مرۆڤ و شكۆى ئينسانه‌كان و ئازادى، كه بێگومان به‌شێكى زۆرى ده‌وڵه‌تانى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست له‌م خاڵه‌دا شكستيان هێنا. بۆيه، ده‌وڵه‌تگه‌لێكى له‌رزۆك و ناجێگيريان لێ به‌رهه‌م هات كه ئێستا هه‌موومان د‌رك به بارودۆخيان ده‌كه‌ين و له پڕۆسه‌ى بەدیموکراسیکردنیشدا شكستيان هێناوە.
ناكرێت باس له پڕۆسه‌ى بنياتنانى ده‌وڵه‌ت بكرێت و ئاماژه به ” فرانسيس فۆكۆياما” نه‌كرێت، لە ڕوانگه‌ى فۆكۆياما بۆ پڕۆسه‌ى بنياتنانى ده‌وڵه‌ت پێويسته دامه‌زراوه‌كان به‌هێز بكرێن، يان دامه‌زراوه‌ى نوێ دروست بكرێن و تواناى خۆبه‌ڕێوه‌بردنيان هه‌بێت. به‌ماناى ئه‌وه‌ى بنياتنانى ده‌وڵه‌ت پێچه‌وانه‌ى كه‌مكردنه‌وه‌ى تواناى ده‌وڵه‌ته. له لايه‌كى تره‌وه زاناى سياسى ئه‌مريكى “چارلز تيلى” گرنگى به دروستكردنى ڕێكخراوى سه‌ربه‌خۆ و به‌هێز ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ى پانتایى نێوان كۆمه‌ڵگا و ده‌وڵه‌ت پربكه‌نه‌وه وه‌ك ئامرازێكى سه‌ره‌كى بۆ پڕۆسه‌ى بنياتنانى ده‌وڵه‌ت.
دەيڤيد ئيستن له شيكردنه‌وه‌ى سيسته‌مى سياسيدا باس له وه‌ڵامدانه‌وه‌ى داخوازييه‌كان و چالاکبوونى سيسته‌مى سياسى له جێبه‌جێكردنى داخوازييه ناوخۆى و ده‌ره‌كييه‌كان ده‌دات، كه دواجار ده‌بێته هۆی پشتگيریى له سيسته‌مى سياسى له ناوه‌خۆ و ده‌ره‌وه‌دا. هاوکات، كارل دويتش، لە کتێبی “شادەماری دەوڵەت”دا باس له پڕۆسه‌ى بنياتنانى ده‌وڵه‌ت ده‌كات كه بریتییە له په‌يوه‌ندييه‌كان، سه‌نته‌رى ئه‌م په‌يوه‌ندييانه‌ش بريتييه له “متمانه” له نێوان خه‌ڵك و دامه‌زراوه‌كان و ده‌وڵه‌ت. لەم پەیوەندەدا، والت روستۆ پێى وايه بنياتنانى ده‌وڵه‌ت بريتيیه له گه‌شه‌سه‌ندنى رۆحى نه‌ته‌وه‌ى و هێز و تواناى بەرجەستەکردن و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان لەلایەن دامه‌زراوه‌كانى ده‌وڵه‌ت. له لايه‌كى تره‌وه سامۆئیل هانتیگتن گرنگى به سێ فاكته‌ر ده‌دات كه كاريگه‌رى پۆزه‌تيڤيان له‌سه‌ر پڕۆسه‌ى بنياتنانى ده‌وڵه‌ت هه‌يه، ئه‌وانيش: عه‌قلانييه‌تى ده‌سه‌ڵات، جياكردنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌كان لەگەڵ به‌شداریى سياسى.
پێويسته بزانين گرنگترين كێشه‌كان چين كه تووشى ده‌وڵه‌ت ده‌بن. گرنگترین ئه‌و كێشانه‌ى كه ڕووبەڕووی ده‌وڵه‌ت ده‌بن و پێويستيان به پڕۆسه‌ى بنياتنان هه‌يه بۆ چاره‌سه‌ركردنى دەکرێت لەمانەی خوارەوەدا کۆبکرێنەوە:
هاڵاوسانى ڕۆڵى ده‌وڵه‌ت، واتە ده‌وڵەت ده‌ست وه‌ربداته نێو هه‌موو كاروباره‌كان، بوار بۆ ڕێكخراوه‌كان و دامه‌زراوه‌كانى تر نه‌هێڵێته‌وه. ئەمەش وا ده‌كات ده‌وڵه‌ت تواناى به‌ڕێوه‌بردنى كاره‌كانى خۆى نه‌بێت. فۆكۆياما ده‌ڵێت بۆ چاره‌سه‌ركردنى ئه‌م بابه‌ته پێويسته به مۆدێلى ليبرالى هەوڵی كه‌مكردنه‌وه‌ى هەژموونی ده‌وڵه‌ت بدەین. به‌م شێوازه ده‌وڵه‌ت ده‌توانێت سه‌قامگيریى دابين بكات و نەخشەی سيسته‌مى گشتيش دابڕێژێت.
كێشه‌ى شه‌رعييه‌ت، کەكێشەیە‌كى قوڵه له بەردەم ده‌وڵه‌ت و پێويسته چاره‌سه‌ر بكرێت. لۆشيان پايى و جۆزێف لابالومبارا له كتێبى “قه‌يرانه‌كان و كاريگه‌رييان له‌سه‌ر گه‌شه‌سه‌ندنى سياسى” به‌وردى تيشكيان خستۆته سه‌ر ئه‌م بابه‌ته. ئەوان پێيان وايه ئه‌م قه‌يرانه كاتێك دروست ده‌بێت كه هاووڵاتى خۆى به به‌شێك له سياسه‌ت و بڕياره‌كانى حكومه‌ت نازانێت و پێى وايه بڕياره‌كانى حكومه‌ت خزمه‌ت به به‌رژه‌وه‌ندى گشتى ناكه‌ن. فۆكۆياما پێى وايه سه‌رچاوه‌ى شه‌رعييه‌ت بريتيیه له ديموكراسى، چونكه له سيسته‌مى ديموكراسيدا هاووڵاتيان خۆيان به به‌شێك له سيسته‌مه‌كه دادەنێن.
كێشه‌ى بنياتنانى دامه‌زراوه‌كان، پڕۆسه‌ى بنياتنانى ده‌وڵه‌ت پێويستى به دامه‌زراوه‌ى به‌هێز هه‌يه، بۆ ئه‌وه‌ى دامه‌زاوه‌كانيش به‌هێز بن پێويسته كه‌سانى پسپۆڕ و شارەزا و پڕتوانا ڕ ڕۆڵ له دامه‌زراوه‌كانى ده‌وڵه‌ت بگێرن، چاكسازى درێژخايەن له دامه‌زراوه‌كان بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ى ڕۆڵى خۆيان به جوانى ببینن.
سه‌باره‌ت به پڕۆسه‌ى بنياتنانى ده‌وڵه‌ت، فۆكۆياما تيشك ده‌خاته سه‌ر دووبابه‌تى سه‌ره‌كى، ئه‌وانيش هێزى ده‌وڵه‌ت، كه خۆى له تواناى قۆرخكردنى ده‌سه‌ڵات و هێزى شه‌رعى ده‌بينێته‌وه، لەگەڵ سه‌روه‌رى ياسا و جێبه‌جێكردنى بڕيار و ڕێنمایی و سياساته‌كانى خۆى. لەگەڵ قه‌باره و ئاست و چوارچێوه‌ى چالاكييه‌كانى ده‌وڵه‌ت. له ڕوانگه‌ى فۆكۆيامه‌وه ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌ت بتوانێت هاوسه‌نگى نێوان هێزى ده‌وڵه‌ت و قه‌باره‌ى چالاكييه‌كانى دروست بكات پڕۆسه‌ى بنياتنانى ده‌وڵه‌ت سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت. هاوکات پێويسته ده‌وڵه‌ت به‌هێز بێت و تاڕاده‌يه‌كى باش بتوانێت چوارچێوه‌ى ياخود ڕووبه‌رى چالاكييه‌كانى كه‌م بكاته‌وه. به‌ڵام له ده‌وڵه‌تانى شكستخواردوو هاوكێشه‌كه به پێچه‌وانه‌وه‌يه، ده‌وڵه‌ت لاوازه و ئه‌داى ده‌وڵه‌تيش لاوازه به‌ڵام ڕووبه‌رى چالاكييه‌كان و ده‌ستێوه‌ردانه‌كان زۆر و فره‌ڕه‌هه‌ندن. ئه‌مه ئاستێكى زۆر خراپه له ده‌وڵه‌تدارى و شكستى پڕۆسه‌ى بنياتنانى ده‌وڵه‌ته.
بنياتنانى ده‌وڵه‌ت له عێراق
پێش ئه‌وه‌ى به‌رمه‌بناى ئه‌و ڕوانگه تيورييه شيكردنه‌وه بۆ بارودۆخى عێراق بكه‌م، پێم باشه ئاماژه به شتێك بكه‌م له‌پاش ٢٠٢٣ وه له نێو به‌شێكيى زۆر له سكۆلاره‌كان چه‌مكێك ده‌رباره‌ى عێراق به‌كاردێت، ئه‌ويش “عێراق ده‌وڵه‌تێكى نه‌زۆك”ـە، “عێراق ده‌وڵه‌تێكى دزراو “ـە، يان وەک رافايل فايت وەسفی دەکات “عێراق ده‌وڵه‌تێکى شكستخواردووە”. به ڕوانين له‌م چه‌مكانه ئاستى پڕۆسه‌ى بنياتنانى ده‌وڵه‌ت له عێراق ده‌رده‌كه‌وێـت. كه‌واته پرسياره‌كه ئه‌وه‌يه بۆ به عێراق ده‌گوترێت دەوڵەتێکی شکستخواردوو. چه‌ند پێوه‌ريك بۆ ده‌وڵه‌تى شكستخواردوو هه‌يه له ڕووى سياسى و عه‌سكه‌رى و ئابوورييه‌وه. له‌و دامه‌زراوه گرنگانه‌ى كه گرنگى به لێكۆڵينه‌وه‌ى زانستى ده‌ده‌ن تايبه‌ت به چه‌مكى ده‌وڵه‌تى شكستخواردوو دامه‌زراوه‌ى سندوقى ئاشتييه له ئه‌مريكا كه له ١٩٥٧ دامه‌زراوه، ئه‌م دامه‌زراوه‌يه چه‌ند پێوه‌رێك بۆ ده‌وڵه‌تى شكستخواردوو داده‌نێت، لەوانە: له‌ده‌ستدانى ده‌سه‌ڵاتى ده‌وڵه‌ت له به‌شێكى زۆر له خاكه‌كه‌ى، يان له‌ده‌ستدانى تواناى قۆرخكردنى ده‌سه‌ڵاتى شه‌رعى و به‌كارهێنانى هێزى شه‌رعى له‌سه‌ر خاكى ده‌وڵه‌ت يان به‌شێك له خاكه‌كه‌ى. نه‌بوونى تواناى بڕياردانى يه‌كلاكه‌ره‌وه. شكستهێنانى ده‌وڵه‌ت له پێشكه‌شكردنى خزمه‌تگوزارييه گشتيه‌كان. لەگەڵ، نه‌بوونى توانا له كارلێكى گونجاو له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانى تر له كۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تى.
جگه له‌وه‌ى کە ئه‌م خاڵانه سەرەوە کەم تا زۆر لەسەر عێراق جێبه‌جێ ده‌بن، گرنگه باس له پێنج قه‌يرانى قوڵ بكه‌ين كه لۆشيان پايى و لابالومبارا له كتێبى قه‌يرانه‌كان و كاريگه‌رييان له‌سه‌ر گه‌شه‌سه‌ندنى سياسى ئاماژه‌يان پێداوه.
یەکەم، قه‌يرانى ناسنامه، بێگومان له عێراق قه‌يرانى قوڵى ناسنامه هه‌يه، جياكارى زۆر له‌سه‌ر بنه‌ماى ناسنامه له نێوان گرووپ و ئایین و نه‌ته‌وه و مه‌زهه‌به‌كان به ديده‌كرێت، زۆر جار به‌شێوەیە‌ك سه‌يرى سياسه‌تى عێراق ده‌كرێت وه‌ك سياسه‌تێكى تەواو مەزهەبی یان ئیتنی.
دووەم، قه‌يرانى شه‌رعييه‌ت، ئه‌م قه‌يرانه به قوڵى له عێراق ده‌بينرێت، بۆ نموونه، ئه‌گه‌ر ته‌ماشاى ڕاده‌ى به‌شدارى خه‌ڵك له هه‌ڵبژاردنه‌كان بكه‌ين یان ته‌ماشاى وه‌زعى سياسى و خۆپيشاندانه‌كان بكه‌ين له ٢٠١٥ تا ٢٠١٩ ده‌بينين كه قه‌يرانى شه‌رعيه‌ت له‌م وڵاته هه‌يه.
سێیەم، قه‌يرانى به‌شداريكردن، رۆژبه‌رۆژ به‌شدارى سياسى هاووڵاتيان كه‌م ده‌بێته‌وه ئه‌مه‌ش ڕاده‌ى شه‌رعيەتى سيسته‌مى سياسى لاواز ده‌كات.
چوارەم، قه‌يرانى هه‌ژموونى ده‌سه‌ڵات، هه‌روه‌ك پێشتر باسكرا حكومه‌تى عێراق تواناى قۆرغكردنى شه‌رعييانه‌ى هێزى نييه، له عێراق هێزى لهياساده‌رچوو هه‌يه، كه هيچ بڕيارێك له حكومه‌ته‌وه وه‌رناگرن، بگره ئه‌م ميليشيايانه ئه‌جێنداى ده‌وڵه‌تى تر جێبه‌جێ ده‌كه‌ن.
پێنجەم، قه‌يرانى دابه‌شكردن، دابه‌شكردنى سه‌روه‌ت و سامان به‌شێوه‌يه‌كى دادپه‌روه‌رانه يه‌كانگيرى نیشتيمانى دروست ده‌كات، به‌ڵام ئه‌وه‌ى له عێراق ده‌گوزه‌رێت شکستە له دابه‌شكردنى سه‌روه‌ت و سامانى وڵات به شێوه‌ى دادپه‌روه‌رانه. كۆتا ده‌رخه‌رى ئه‌م سياسه‌ته بڕينى بووجەی هه‌رێمى كوردستانە. جگه له‌وه‌ى ئێستا باس و خواسى سپيكردنه‌وه‌ى پاره بۆ ده‌ره‌وه‌ى وڵات و ناردنى دۆلار بۆ ئێران بارگرانييه‌كى زۆرى له‌سه‌ر شانى هاوڵاتيان دروستكردووه به‌هۆى گرانبوونى نرخى دۆلار و سزاكانى ئه‌مريكا له‌سه‌ر بانكى ناوه‌ندى.
پرسياره‌كه ئه‌وه‌يه بۆ چى هه‌موو ئه‌م قه‌يرانانه له عێراق ئاماده‌گييان هه‌يه؟ وه‌ڵامى ئه‌م پرسياره ده‌مانگه‌ڕێنێته‌وه بۆ باسكردن له سێ تەنگژەی (dilemma) سه‌ره‌كى كه پاش ٢٠٠٣ له عێراق سه‌ريان هه‌ڵدا، کە ئەمانەن:
یەکەم، تەنگژەی بنياتنانى ده‌سه‌ڵات: له‌پاش ڕووخانى ڕ‌ژێمى به‌عس سيسته‌مى ديموكراسى ته‌وافقى، ياخود سيسته‌مى پشکپشکێنە (محاصصة) له عێراق پياده‌كرا، بەمەبەستی ئەوەی کە عێراقى نوێ له‌سه‌ر بنه‌ماى به‌شدارى هه‌موو پێكاته‌كان له ده‌سه‌ڵات بنيادبنرێت. بۆ نموونه، به‌پێى ئه‌م سيسته‌مه كورد پشكى ده‌سه‌ڵاتى سه‌رۆك كۆمار و سوننه سه‌رۆكى په‌رله‌مان و شيعه سه‌رۆكى حكومه‌تيان به‌رکەوت. ئه‌م سيسته‌مه له ڕوانگه‌ى خه‌ڵكى عێراقه‌وه سيسته‌مێكه كه هيچ خزمه‌تێكى به عێراق و حكومه‌ت نه‌كردووه و بۆته هۆى ئه‌وه‌ى كه ئەدای حكومه‌ت لاواز بێت. له خۆپيشاندانه‌كانى 2015 و 2019 داواى لابردنى سيسته‌مى پشکپشکێنە كراوه. به‌ڵام پرسياره‌كه ئه‌وه‌يه بۆچى ئه‌م سيستەمه له به‌شێك له وڵاته ديموكراسييه‌كان سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت؟ ئه‌مه په‌يوه‌ندى به پاشخانی كلتورى ديموكراسييه‌وه هه‌يه له‌و وڵاتانه له لايه‌ك و هاوده‌نگى له‌سه‌ر پرسه نیشتيمانييه‌كان له لايه‌كى تره‌وه. به‌ڵام له عێراق ئه‌مه وه‌ك ده‌ستكه‌وت دەد‌رێت به‌لايه‌نه عێراقييه‌كان. ئه‌م سيستمه بۆ ئه‌وه دانرا كه نه‌توانرێت به‌ناوى زۆرينه‌وه هێز لاى لايه‌نێك قۆرخ بكرێت. بێگومان كورد ده‌بێت پارێزگارى له‌م سيسته‌مه بكات، ئه‌گه‌ر چى به‌هۆى نه‌بوونى كلتورى ديموكراسي و كۆده‌نگى نێوان لايه‌نه‌كان ڕه‌نگه ئه‌م سيسته‌مه خاڵێكى نێگه‌تيڤى پڕۆسه‌ى بنياتنانى ده‌وڵه‌ت بێت له عێراق. حكومه‌ت ناتوانێت له‌م جۆره سيسته‌مانه قه‌رارى خێرا‌و دروست بدات. ئه‌م سيسته‌مه وايكردووه كه ئۆپۆزسيۆنێكى په‌رله‌مانى به‌هێز و ته‌ن‌دروست دروست نه‌بێت. جيمس برايس ده‌رباره‌ى سيسته‌مى فيدرالى ده‌ڵێت ئه‌م سيسته‌مه بۆ ئه‌وه‌يه كه‌وا هاوسه‌نگييه‌ك هه‌بێت له سه‌ربه‌خۆبوونى هەرێمەکان و توانه‌وه له نێو ده‌وڵه‌تى فيدرالى. ڕه‌نگه ئه‌م بۆچوونه بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ش ڕ ڕاست بێت. كه‌واته ، ئه‌م تەنگژەییە له شه‌قامى عێراقى وه‌كو هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسى بۆ حكومه‌ت و تواناى بەرجەستەکردنی سيسته‌مى سياسى له عێراق بيری لێده‌كرێته‌وه. بۆ هه‌رێمى كوردستان، يان ڕوونتر بۆ كورد خاڵێكى جه‌وهه‌رييه. جێگەی سەرسوڕمانە، كورد خه‌ریك بوو خۆى ببـێت به به‌شێك له تێكدانى ئه‌م سيسته‌مه كه به قازانجى كورده، ئه‌ويش بوون به به‌شێك له ململانێ نێو هێزه شيعييه‌كانى عێراق. پارتى دیموکراتی کوردستان له به‌ره‌ى سه‌در و يه‌كێتيی نیشتمانیی کوردستانیش له‌به‌ره‌ى ده‌وڵه‌تى ياسا. بێگومان نه‌مانى ئه‌م سيسته‌مه گه‌وره‌ترين خزمه‌ت به مه‌ركه‌زييه‌تى ده‌سه‌ڵات ده‌كات له عێراق، كه كورد زه‌ره‌رمه‌ندى يه‌كه‌م ده‌بێت.
دووەم، تەنگژەی ديموكراسى: ديموكراسى كلتور و هه‌ڵسوكه‌وت و قه‌ناعه‌ته پێش هه‌ڵبژاردن و ده‌نگدان و گۆرانكارى له ده‌سه‌ڵات. ئه‌م كلتوره له عێراق بوونى نييه، ئه‌وه‌ى هه‌يه هه‌ڵبژاردنێكى خراپه كه چار ساڵ جارێك ئه‌نجام ده‌درێت به‌بێ ئه‌وه‌ى هيچ شتێك بگۆڕێت ياخود گۆرانكارى گه‌وره له هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه به‌رهه‌م هاتبێت. بۆ نموونه، ئه‌م حكومه‌ته‌ى كه ئێستا دروست كراوه له لايه‌ن به‌شێك له هێزه دۆڕاوه‌كانه‌وه پێكهينرا و سه‌ركه‌وتووه‌كان نه‌يانتوانى ببنه خاوه‌ن ده‌سه‌ڵات ڕێک وەک ئەوەی لە ٢٠١٠ ڕوویدا کاتێک لیستەکەی ئەیاد عەلاوی سەرەڕای ئەوەی کە براوەی یەکەم بوو کەچی نەیانهێشت حکومەت پێک‌بێنێت. پرۆفيسۆر “مانفيت شميت”ى ئه‌ڵمانى له لێكۆڵينه‌وەیە‌كى گرنگى به‌ناونيشانى دەستکەوتی سياسى و پۆلينكردنى ديموكراسى له ٢٠٠٢ دا، باس له‌وه ده‌كات كه سيسته‌مى سياسى ديموكراسى هه‌شت ڕه‌هه‌ندى هه‌يه، كه بريتين له: پارێزگارى له سيسته‌م، يه‌كگرتوويى و خۆگونجاندن، به‌شدارى سياسى، پشتگيرى، دادپه‌روه‌رى، خۆشگوزەرانی، ئاسايش، ئازادى. به‌پێى ئه‌م ڕه‌هه‌ندانه ته‌ماشاى دۆخی عێراق بكه‌ين، ده‌بينين كه كێشه‌ى گه‌وره له‌م ڕه‌هه‌ندانه هه‌يه و هيچيان فەراهەم نه‌كراون. كه‌واته سيسته‌مه سياسييه‌كه لاوازه و سەرکەوتوو نەبووە له جێبه‌جێكردنى ئه‌ركه‌كانى. بۆ نموونه، نەتوانراوه ده‌ستوورى عێراقى بێلایەنانە جێبه‌جێ بكرێت، خه‌ڵكانێكى زۆر كۆچ ده‌كه‌ن بۆ دەرەوەی عێراق، سه‌رهه‌ڵدانى داعش، ده‌ستێوه‌ردانى دەو‌ڵه‌تانى دراوسێ و لەدەستدانی سه‌روه‌ریى، گه‌نده‌ڵى سياسى و ئيدارى و ئابوورى، نه‌بوونى خزمه‌تگوزارييه‌كان. به‌پێى ڕ‌اپۆرتێكى فۆرن پۆله‌سى عێراق ده‌وڵه‌تێكى شكستخواردووه له ڕووى ديموكراسييه‌ته‌وه.
سێیەم، تەنگژەی سيسته‌مى فيدرالى، له عێراق سيسته‌مى فيدرالى كێشه‌یە‌كى قووڵى هه‌يه، سيسته‌مى فيدرالى سيسته‌مێكى سياسييه كه بۆ به‌ڕێوه‌بردنى ژيانى خه‌ڵك دروستكراوه. سيسته‌مى فيدرالى جۆرێك له ئازادى تێدايه و سيسته‌مێكه وەک بەشێک لە پڕۆسه‌ى ديموكراسی دەبینرێت. داخۆ سيسته‌مى فيدرالى له عێراق چاره‌سه‌رى كێشه‌كانى كردووه يان قوڵترى كردۆته‌وه؟ مۆريس دوفرجيه ده‌ڵێت هه‌موو سيسته‌مێكى سياسى بریتییە له كۆمه‌ڵێك چاره‌سه‌ر بۆ ڕووبه‌روو بوونه‌وه‌ى كێشه‌كان و ململانێكان. سيسته‌مى فيدرالى به‌رمه‌بناى چه‌ند شتێك داده‌نرێت. لەوانە، به‌رمه‌بناى جیاوازى جوگرافى، يان جياوازى ڕەگەزی و نه‌ته‌وه‌یی و مه‌زهه‌بى، يان به‌رمه‌بناى وه‌زيفه و كار و ناوچه پيشه‌سازييه‌كان و ناوچه كشتوكاڵييه‌كان. ئه‌و فيدرالييه‌ى هه‌رێمى كوردستان هه‌يه‌تى تێكه‌ڵه‌يه‌كه له نێوان فيدرالى له‌سه‌ر بنه‌ماى نەتەوەیی و جوگرافى كه زۆرينه‌ى دانیشتوانەکەی كوردن،. سيته‌مى فيدرالى له عێراق کارکردە نييه، كێشه‌ى زۆرى هەیە. ده‌وڵه‌تىعێراقى ترسى زۆرى له‌سه‌ره بۆ ئه‌وه‌ى ناوچه‌كانى تر‌ى عێراق هاوشێوه‌ى هه‌رێمى كوردستان هه‌رێمى فيدراڵى پێكبهێنن. بۆيه ده‌بينين نوخبەی سیاسی عێراقى ده‌ستوور پێشێل ده‌كات، سيسته‌مى فيدراڵى به سيسته‌مێكى خراپ وه‌سف ده‌کات، زياتر چه‌مكى حكومه‌تى مه‌ركه‌ز به‌كارده‌هێنرێت له كۆڕ و ڕاگه‌ياندن و ناوه‌نده‌كانيان له جياتى حكومه‌تى فيدراڵ. بۆ نموونه، له ناوه‌نده‌كانى خوێندن و پڕۆگرامه‌كانى خوێندن له جياتى هه‌رێمى كوردستان وشه‌ى باكورى عێراق به‌كارده‌هێنرێت. به‌داخه‌وه به‌شێكى زۆرى خه‌ڵكى كورديش به‌بێ ئه‌وه‌ى ڕه‌هه‌ند و گوتارى دژە-کوردستانی پشته‌وه‌ى ئەم کردارە ببینن لاسایی گوتاری زاڵ دەکەن و زاراوەیحكومه‌تى ناوه‌ند به‌كارده‌هێنن. پێويسته كوردستان جه‌خت له‌سه‌ر به‌هێزبوونى سيستمه‌مى فيدرالى بكات.
فۆكۆياما بنياتنانى ده‌وڵه‌ت ده‌به‌ستێته‌وه به به‌هێزى دامه‌زراوه‌كان و سه‌روه‌رى ياسا. خوێندنه‌وه‌يه‌كى قووڵى ناوێت تا بزانيت ئه‌م دوو کۆڵەگەیەی دەوڵەت له عێراق له چ ئاستێكدايه، ئه‌وه‌نده به‌سه كه له عێراق ژيابيت ئه‌و راستييه ده‌زانيت كه دامه‌زراوه‌كان له عێراق زۆر لاوازن ته‌نانه‌ت تواناى ڕووبه‌رووبوونه‌وه‌ى هه‌ندێ هێزى له ياسا ده‌رچوويان نييه. بيرمان نه‌چێت هه‌ژموونى ئێران له عێراق يه‌كێكه له‌و فاكته‌رانه‌ى كه به‌هاى بۆ دامه‌زراوه ناوخۆييه‌كانى عيراق نه‌هێشتۆته‌وه. سه‌روه‌رى ياساش په‌يوه‌سته به‌و خاڵه‌ى پێشۆوه كه له ئاستێكى زۆر خراپدايه. جگه له‌وه‌ش عه‌قلانييه‌ت له پڕۆسه‌ى سياسى و بڕياردان غائيبه له عێراق، له كاتێكدا ماكس ڤەیبە عه‌قلانيه‌ت به بنەمای سه‌ره‌كى به‌ڕێوه‌بردنى باش داده‌نێت.
به‌شێوه‌يه‌كى گشتى، پڕۆسه‌ى بنياتنانى ده‌وڵه‌ت له عێراق زۆر پڕۆسه‌یە‌كى لاوازه، سيسته‌مى سياسى كێشه‌ى له پشتگيرى و شه‌رعييه‌ت هه‌يه، چونكه تواناى دەستەبەرکردنی لاوازه.كه‌واته، پرسياره‌كه ئه‌وه‌يه ئه‌م لاوازييه له پڕۆسه‌ى بنياتنانى ده‌وڵه‌ت له عێراق چ كاريگه‌رى و ڕه‌نگدانه‌وه‌ى له‌سه‌ر په‌يوه‌ندييه‌كانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، هه‌يه؟
بگه‌ڕێمه‌وه بۆ گوته‌كه‌ى جيمس برايس ده‌رباره‌ى سيسته‌مى فيدراڵى كه پێشتر ئاماژەم پێكرد، ئه‌و سيسته‌مى فیدرالييه‌ى كه له عێراق دامه‌زرا، به‌ديلى ده‌وڵه‌ت بوو بۆ كورد له عێراق، بينيشمان هه‌رێمى كوردستان پێگەیەکی وا به‌هيز بوو بووه ديفاكتۆيه‌ك كه له هيچ شوێنێك و سيسته‌مێك له دونيا هه‌رێمێكى فيدرالى ئاوا به‌هێزت نه‌ده‌بينيه‌وه، نه له سويسرا نه له ئه‌مريكا، نه له كه‌نه‌دا و نه له ئوستراليا و نه‌له ڕ ڕوسيا و نە لە به‌لجيكا. هه‌رێمى كوردستان هه‌رێمێكى جياواز بوو ئه‌گه‌ر چى هه‌رێمێكى فيدراڵى بوو له عێراق. نوخبه‌ى سياسى كورد به شێوه‌يه‌كى عه‌قلانى مامه‌ڵه‌يان له‌گه‌ڵ به‌غدا و هێزه نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێميیه‌كان و داخوازييه‌كانى خه‌ڵكى ناوخۆ ده‌كرد، له ٢٠٠٣ تا ٢٠١٣ هه‌رێمى كوردستان به “عێراقێکی دیکە” ناوده‌برا.
به‌هۆى شكستهێنانى عێراق له پڕۆسه‌ى بنياتنانى ده‌وڵه‌ت، داعش وه‌ك رێكخراوێكى تيرۆرستى ده‌ركه‌وت، موسڵ كه دووه‌مين گه‌وره‌ترين شاره له عێراق كه‌وته ژێر ده‌سه‌ڵاتىیان. بێگومان ئه‌م ڕووداوه كاريگه‌رى كرده سه‌رهه‌رێمى كوردستان، بەڵام هه‌رێم تا ڕادەیەک سه‌قامگير مايه‌وه، ئەوە له كاتێكدا کە ترس له كه‌وتنى به‌غداش هه‌بوو. لە هەرێم، پيشمه‌رگه توانى ڕێگرى له شەڕانگێزییەکانی داعش بكه‌ن. ئه‌م ئازايه‌تييه‌ى پێشمه‌رگه له دونيا ده‌نگى دايه‌وه، پێگه‌ى سياسى و سه‌ربازى هه‌رێمى كوردستان به‌ڕاده‌يه‌ك به‌رزبۆوە کە به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ به‌غدا له ٢٠١٥ دا ناردنى هێزى پێشمه‌رگه‌ىدا بۆ كۆبانێ و له ٢٠١٧ ەش ڕيفراندۆمى بۆ سه‌ربه‌خۆيى ئه‌نجامدا. ئه‌وكات زۆرینەی کورد چاوی له‌سه‌ر هه‌ولێر بوو، کە ببوو بە سه‌نته‌ر و به‌غداش بە پاشكۆ، ئه‌گه‌ر ئه‌م ده‌ربڕينه دروست بێت.
به‌ڵام پاش دەرپەڕاندنی داعش و ڕووداوه‌كانى ١٦ ى ئۆكتۆبه‌ر و داگیرکردنەوەی کەرکووک و ناوچە دابڕاوەکان لەلایەن دەوڵەتی عێراقی بەهاوکاری ئێران، هه‌رێمى كوردستان له ژێر گوشارێكى زۆرى به‌غدادايه. له‌وكاته‌وه ڕۆژبه‌رۆژ، له هه‌موو بواره‌كانه‌وه به‌تايبه‌تى له ڕێگه‌ى دادگاى فيدرالييه‌وه خه‌ريكى سنوورداركردن و له قالبدانى هه‌رێمى كوردستانه. له هه‌مووى كاريگه‌رتر وشككردنى سه‌رچاوه دارييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان بوو كه به‌هۆى سكاڵايه‌كى عێراقه‌وه له ئازارى ٢٠٢٣ ه‌وه ئه‌و نه‌وته‌ى له هه‌رێمى كوردستانه‌وه هه‌نارده ده‌كرا ڕاوه‌ستێنرا. ئێستاش كێشه‌ى گه‌وره‌ى بۆ بوودجه و مووچه‌ى خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستان دروست كردووه و ده‌يه‌وێت مه‌ترسييه‌كان له‌سه‌ر قه‌واره‌ى سياسى هه‌رێمى كوردستان زياتر بكات. قسه له‌سه‌ر ئه‌وەش دەكرێت كه ئه‌و قەوارەی ناوى هه‌رێمى كوردستانه پەکبخرێت. له كاتێكدا هه‌رێمى كوردستان باش‌ترين ده‌ستكه‌وتى كورد بووه له مێژووى هاوچه‌رخدا، سه‌ره‌ڕاى هه‌موو كه‌موكورييه‌كان. به‌ڵام پرسياره‌كه ئه‌وه‌يه بۆچى پاش ئه‌و باكگراونده تێۆرييه‌ى كه باسكرا ده‌ركه‌وت كه عێراق كێشه‌ى قووڵى له پڕۆسه‌ى بنياتنانى ده‌وڵه‌ت هه‌يه، بەڵام ئێستا هه‌رێمى كوردستان لاوازتر ده‌بينرێت، ئايا به‌هێزى به‌غدايه يان لاوازى هه‌ولێر؟
ئێمە پێمان وایە، هه‌رێمى كوردستان بۆ ئه‌وه‌ى به‌رده‌وام بێت و قەوارەكه‌ى پارێزراو بێت پێويستى به دوو ڕیفۆرمی سه‌ره‌كييه. یەکەم، شه‌رعييه‌تى ناوخۆیی، كه خۆى له پێشكه‌شكردنى خزمه‌تگوزارييه‌كان و باشتركردنى ئاو و كاره‌با و ڕێگاوبان و چاره‌سه‌ركردنى پرسی مووچه و بژێوى خه‌ڵك ده‌بينێته‌وه. هه‌رێمى كوردستان له‌م ڕووه‌وه كێشه‌ى گه‌وره‌ى هه‌يه، کە هۆکاری هەرە سەرەکیی لاوازى هه‌ولێرن به‌رامبه‌ر به‌غدا نه‌ك به‌هێزى به‌غدا. دووەم، پشتگيریى نێوده‌وڵه‌تى، به‌هۆه هه‌ڵكه‌وته‌ى جيۆسياسى، هه‌رێمى كوردستان زۆر پێويستى به پشتگيریى نێوده‌وڵه‌تى هه‌يه. بۆ پشتگيریى نێوده‌وڵه‌تيش هه‌رێمى كوردستان پێويستى به چاكسازى سياسى و ئيدارى و سه‌ربازى و زيادكردنى جورعه‌ى ديموكراسى هه‌يه.
ئه‌و هۆکارانەی كه وا ده‌كه‌ن پڕۆسه‌ى بنياتنانى ده‌وڵه‌ت له عێراق لاواز بێت و بۆته هۆى لاوازى ئه‌داى حكومه‌تى عێراق به‌شێكيان له هه‌رێمى كوردستان بوونیان هه‌يه. ئه‌مه سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان ده‌وڵه‌ت نييه و هه‌رێمێكى فيدرالييه، كه نه‌بوونى ده‌وڵه‌ت خۆى له خۆي‌دا خاڵێكى لاوازه. بۆ نموونه، ديموكراسى و هه‌ڵبژاردن له هه‌رێمى كوردستان له بارودۆخێكى زۆر خراپدايه، يه‌ك هه‌ڵبژاردن نه‌بووه له كاتى خۆي‌دا ئه‌نجامدرابێت، نه‌بوونى كلتورى ديموكراسى، كێشه‌يه‌كى تره. لاوازى دامه‌زراوه‌كان و ده‌ستێوه‌ردانى حزب له دامه‌زراوه‌كانى هەرێم، نه‌بوونى هێزى نیشتيمانى، نه‌بوونى سه‌روه‌رى ياسا، جگه له نه‌بوونى يه‌كگوتارى نێوماڵى كوردى. ئێستا هه‌رێمى كوردستان گه‌يشتۆته ئه‌و قۆناغه‌ى كه په‌رله‌مان ئەنجومەنی پارێزگاکانی بە بڕیاری دادگای فیدرالی لە ٢٠٢٣ دا هه‌ڵوه‌شێندرانەوە، فه‌رمانبه‌رانى حكومه‌ت چه‌ند مانگێكه مووچه‌يان وه‌رنه‌گرتووه. بێگومان بارودۆخێكى زۆر خراپه. تاکە خاڵي باش بۆ هەرێم ئه‌وه‌يه كه بابه‌ته‌كه په‌يوه‌ندى به به‌هێزى به‌غداوه نييه، ئه‌وه‌نده‌ى كێشه‌كان په‌يوه‌ندیان به ناوخۆى كوردستانه‌وه هه‌يه. كه‌واته، پێويسته چى بكرێت:
بۆ ئه‌وه‌ى قەوارەی سياسى هه‌رێمى كوردستان پارێزراو بێت ده‌بێت هه‌رێمى كوردستان وه‌كو كورد و بلۆكى كوردى پشتگيرى له سيسته‌مى ديموكراسى ته‌وافقى بكه‌ن، چونكه به زۆرينه و كه‌مينه كورد هه‌ميشه دۆڕاو ده‌بێت. هاوکات، گرنگه کورد پشتگيریى پڕۆسه‌ى به‌ديموكراسيكردنى عێراق بكه‌ن، بۆ ئه‌مه‌ش پێويسته گفتوگۆ دروست بكه‌ن و هاوگوتاربن به تايبه‌ت له‌گه‌ڵ هێزه نێوده‌وڵه‌تييه‌كان له‌لايه‌كى تره‌وه پێويسته هه‌ميشه كورد پشتگيرى له ده‌ستوورى هه‌ميشه‌یی عێراق بكات و به‌پێی ده‌ستوور هه‌وڵى بەدەستهێنانی مافەکانی بدات وه پشتگيریى له سيسته‌مى فيدراڵى بكات. بۆیە دەبێت به‌پێی توانا هه‌وڵبدات هه‌رێمى تر‌ى فيدرالى دیکە لە عێراقدا‌دروست بكرێت، به‌مه‌ش ڕۆڵى حکومەتی مه‌ركه‌زی كه‌متر ده‌بێته‌وه. خاڵێكى تر كه هه‌موو ڕۆژ دووباره‌ى دەکرێتەوە يه‌كڕيزیى هێزه سياسییە كوردييه‌كانه، بۆ نموونه، له‌م سه‌ردانه‌ى دوايي سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێم بۆ به‌غدا، جۆرێك له يه‌كڕيزیى و يه‌كگوتارى بينرا. جگه له‌مانە پێويسته به زووترين كات هه‌ڵبژاردنێكى پاك و بێگه‌رد له كوردستان ئه‌نجام بدرێت، چاكسازى ڕيشه‌یی له هه‌موو بوا‌ره‌كان بكرێت و بۆشایی ياسايى پربكرێته‌وه.
به‌كورتى، هه‌رێمى كوردستان نابێت ئه‌و كێشانه‌ى تێدا بێت كه له عيراق بۆته هۆى لاوازى بنياتنانى ده‌وڵه‌ت. نابيت هه‌رێمى كوردستان خۆى له‌ڕووى سياسى و ئابوورييه‌وه به عێراق به‌راورد بكات. چونکە بۆ مانه‌وه و پاراستنى قه‌واره سياسییەکە وه بۆ ئه‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان ببێته جێى سه‌ره‌نجى هێزه نێوده‌وڵه‌تييه‌كان، پێويسته هه‌ميشه له عێراق باشتر، دیموکراسیتر، گەشەکردووتر بێت.
به شێوەیە‌كى گشتى، پەیوەندییەکانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له‌سه‌ر بنه‌ماى ياسا و ده‌ستوور نه‌بووه ، به‌ڵكو ئه‌وه‌ى هه‌بووه په‌يوه‌ندییی هێز بووه. كه‌واته، جگه له چاكسازييه نێوخۆييه‌كان پێويسته هه‌رێمى كوردستان بزانێت كه هه‌رێمێكى فيدرالييه نه‌ك زياتر، به‌پێی ده‌ستوور مافه فيدرالييه‌كانى خۆى له حكومه‌تى فيدرال داوا بكات، وه خۆى ئاماده بكات بۆ گۆڕانكارى، چونكه په‌يوه‌ندييه‌كانى هێز هه‌ميشه له گۆرانكارى هه‌ڵكشان و داكشاندان. سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى ئێستا حكومه‌تى به‌غدا زياتر داواكارييه‌كانى خۆى ده‌سه‌پێنێ، به‌ڵام هه‌رێمى كوردستان نه‌گه‌يشتۆته كۆتایی رێگاكه و ده‌رفه‌تى له پێش ماوه.



