سەکۆ

بۆ نیشتیمانسازی​

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

سیاسەتی کۆمەڵایەتی و پرسە هەنوکەییەکانی کۆمەڵگەی کوردی

یەکێک لە مانا و پێناسەکانی سیاسەتی کۆمەڵایەتی بریتییە لە بیرکردنەوە و پلاندانانی سیستماتیکانە بۆ ئایندەی کۆمەڵگە و پێشبینی کردنی هەڕەشە و مەترسیەکانی دواڕۆژ.

لە سی ساڵی ڕابردوودا، لە باشووری کوردستان بە هۆی گرفت و کێشە سیاسیەکانەوە، زۆربەی توێژەران و نووسەران و ئەکادیمستەکان ئاگایان لە پرسە کۆمەڵایەتییەکان و بابەتەکانی سیاسەتی کۆمەڵایەتی نەماوە. ئەگەر بە مێژووی ئەم سی ساڵەدا بچینەوە کەمترین توێژینەوە و نووسین لەسەر خێزان و لەڕێ لادانی مێرمنداڵان و ژینگەی کۆمەڵایەتی و ئاستەنگەکانی هاوسەرگیریی و وەچەخستنەوە و ڕێکخستنی کۆمەڵایەتی و ئەو بابەتانە کراوە، لە ڕاستیدا ئەمانە پرسی زۆر گرنگن و پەیوەندیان بە ئایندەی کۆمەڵگە و هەڵوەشانەوەی سیستەمی کۆمەڵایەتیەوە هەیە.

یەکێک لەو مەترسیە گەورانەی ئەمڕۆ هەڕەشەیەکی جددیە لەسەر مانەوەی کۆمەڵگەی کوردی  بەرزبوونەوەی ڕێژەی قەیرەیی و شونەکردنی کچان و کەمبوونەوەی ڕێژەی هاوسەرگیریی و بەرزبوونەوەی ڕێژەی جیابوونەوە و سەختکردن و ئاڵۆزکردنی پڕۆسەی هاوسەرگیریی لاوەکانە لە کۆمەڵگەی کوردیدا، کە هەر گەنجێکی کورد بەلایەنی کەمەوە بیست هەزار دۆلاری دەوێت بۆ هاوسەرگیریی. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەو گەنجە ئامادەیە ڕۆژانە بە پازدە  دۆلار کار بکات کەچی کاری دەست ناکەوێت.

لە یەک دوو نەوەی ڕابردوودا لە کوردستان بە هۆی شەڕە  یەک لە دوای یەکەکانی دەوڵەتی عێراق و ئابڵۆقەی ئابوری و شەڕی ناوخۆی کوردی-کوردی و کرانەوەی ڕێگاکانی دەرچوون و کۆچکردنی لاوان بۆ هەندەران، ناهاوسەنگیی ڕەگەزیی  هێناوەتە ئاراوە و  ژمارەی کچان زۆر لە کوڕان زیاتر بووە. بۆیە،  ئەمڕۆ ژمارەیەکی زۆر لە کچان هەلی هاوسەرگییریان بۆ ناڕەخسێت.

بۆ توێژینەوەیەک، من سەردانی یەکێک لە فەرمانگەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیەکی گشتی یەکێک لە وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانم کرد، لەوێ لیستێکیان پێدام، کە تەنیا لەو فەرمانگەیە پەنجا و نۆ کچی تێدایە کە تەمەنیان لە نێوان ٣٢ بۆ ٦٠ ساڵە و تا ئێستا مێردیان نەکردووە! ئەمە لەکاتێدایە کە لە کەلتور و ئایین و دابونەریتی کوردیدا، هاوڕێیەتی کوڕ و کچ، دەرچوون و شەو پێکەوەمانەوە، پێش مارەکردن و دانپیانانی کۆمەڵایەتی، بە هیچ شێوەیەک ڕێگەپێدراو نیە. کەواتە کچ لە کۆمەڵگای کوردیدا پێش هاوسەرگیریی سێکس ناکات و هێلکەی ناپیندرێ و دووگیان نابێت. ئەگەر کارێکی وا بکات مایەی نەنگی و سەرشۆڕیی بنەماڵەو خێڵ و عەشیرەتە و کوشتن و ئاژاوەی گەورەی لەوانەیە لێ بکەوێتەوە.

ئەم دیاردەیە ڕەنگدانەوەی لەسەر ژمارەی دانیشتوان و هێزی کار و بەرهەمهێنان و پاراستن و ئاسایشی نیشتیمانیی دەبێت، لە ئەمڕۆ و لە ئایندەشدا. بۆیە دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان سیاسەتێکی کۆمەڵایەتیی زانستیی هەبێت، کە لەسەر بنەمای پێداویستییەکانی قۆناغەکە و توانای حکومەت و ڕەچاوکردنی دابونەریت و بیروباوەڕی ئایینیی کۆمەڵگە داڕێژرابێت. بەشێوەیەکی زانستییش وەڵامی ئەو پرسیارە بداتەوە، چۆن چارەسەری گرفتی نا هاوسەنگیی ڕەگەزیی لە کۆمەڵگەی کوردستانیدا ئێمەدا بکرێت؟ لە سیاسەتێکی وەهادا دەکرێت ئەم خاڵانە ڕەچاوبکرێن:

یەکەم، حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوکاری ماددی و مەعنەوی گەنجان بۆ هاوسەرگیریی بکات، ئەویش لە ڕێگەی فەراهەمکردنی هەلی کار و دەرماڵە، یان بەخشینی، هاوسەرگیریی و دابینکردن یان پێدانی شوێنی نیشتەجێبوون بە نرخی گونجاو و قەرزی درێژخایەن.

دووەم، حکومەتی هەرێمی کوردستان زەمینەسازی بۆ دابینکردنی ژیانێکی شایستە بۆ گەنجانی کوردستان بکات، تاوەکو ناچار بە ئاوارەیی و بەجێهێشتنی وڵات نەبن. بە ڕادەیەک کە ببێتە مایەی کۆچی پێچەوانە، لە دەرەوە بۆ ناوەوەی کوردستان.

سێیەم، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی نووسینگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و کونسوڵخانە و سەفارەتی وڵاتانەوە ئاسانکاری و هاوکاری هەموو ئەو گەنجە کوردستانیانەی هەندەران بکات بۆ گەڕانەوە بە مەبەستی هاوسەرگیریی و بردنی هاوسەرەکانیان، هەروەکو چۆن هەندێک لە وڵاتانی ئەوروپا  ئاسانکاری بۆ هەر گەنجیک دەکەن. وەک ئەوانەی سەردانی وڵاتی مەغریب دەکەن و کچێکی مەغریبی دەخوازن و لەگەڵ خۆیدا دەیهێننەوە وڵاتەکەیان.

چوارەم، سەر لە نوێ بونیادنانەوەی کۆمەڵگەی لادێی لە کوردستان، کە سەرچاوەی دابینکردنی دەستی کار و خۆراک و پاراستنی کەلتوری نەتەوەیی و پاکوخاوێنی زمان و دابونەریتە ڕەسەنەکانی کوردەوارین. لە هەشتاکانەوە کۆمەڵگەی لادێیی کورد لە ئەنجامی هێرش و هەڵمەتەکانی حکومەتی عێراقی بۆ قڕکردن و لە نابردنی کورد، دانیشتوانی گوندەکانی لە چەندین ئۆردوگای نزیک هەولێر و سلێمانی نیشتەجێکرد، دوای نەمانی دەسەڵاتی حکومەتی عێراق لە ١٩٩١ لە بەشێک لە کوردستان و ڕوخانی ڕژێمی سەدام لە ٢٠٠٣،ئەو خەڵکە نەگەڕاونەتەوە بۆ گوندەکانیان و بەشێکی  زۆری لادێکان ئێستاش بە چۆڵی ماونەتەوە.

لە سیاسەتی کۆمەڵایەتیدا، تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگەی لادێی زۆر گرنگن، وەکو وەچەخستنەوە و خێزانی قەبارە گەورەو هاوسەرگیریی لەکاتی خۆیدا و پشتبەستن بە بەرهەمی ناوخۆ و خودبژێوی و کەمکردنەوەی فشاری خزمەتگوزاری لە شار  و …هتد.

ئەگەرچی بەشێکی زۆری میکانیزمەکانی دروستکردنی ئەو تایبەتمەندییانە لەگەڵ ژیانی مەدەنی و شارستانی سەردەمدا ناگونجێن، بەڵام بۆ ئەم قۆناغەی کۆمەڵگەی کوردی زۆر پێویستن و میکانیزمێکی باشن بۆ چارەسەرکردنی چەند گرفتێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوری. بەتایبەت لە کاتێکدا وا بڕیارە لە باشوری کوردستان پرسی نەتەوەیی و ناوچە کوردستانییە دابڕێنراوەکان لە ڕێگەی ڕاپرسی و سەندوقەکانی  دەنگدانەوە چارەسەر بکرێن. بۆ ئەمەش کورد پێویستی بە چەندایەتی دانیشتوانە لە پاڵ چۆنایەتیەکی نیشتیمانیی باشدا، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت لە ڕێگەی سیاسەتێکی کۆمەڵایەتیی گونجاوەوە کاری بۆ کات.

ئەم بابەتە دەربڕی بۆچوونی نووسەرە.

ڕێکخراوی

سەکۆ بۆ نیشتیمانسازی

Features

نوێترین بابەت

  • All Post
  • ئەدەب و فەرهەنگی منداڵان
  • بوخچە
  • بۆ منداڵان
  • بیرورا-
  • بیروڕا
  • توێژینەوە و لێکۆلێنەوە
  • دیرۆک
  • شڕۆڤە
  • هەمەڕەنگ
  • هەوار
  • وتار
  • پرسیاری سەکۆ
  • ڕانانی کتێب
  • کلتورو مێژوو
  • کلتۆر
  • کەسکایی

eBook App for FREE

Lorem Ipsum is simply dumy text of the printing typesetting industry lorem.

نووسەران

Generic selectors
Exact matches only
Search in title
Search in content
Post Type Selectors

Copyright © 2025 SEKO