بەگشتی مرۆڤ زیندەوەرێکی خۆپەرست وهەلپەرستە، تەنانەت لە سیستمێکی دادپەروەرانەشدا هێشتا هەر بەدوای بەرژەوەندی تایبەتی خۆیدا وێڵە و لە دەرفەتی ڕەخساودا خۆپەرستییەکەی دەردەکەوێت. بێگومان سیستمێکی دادپەروەر کە تیایدا کەلتورسازی بکات و مرۆڤی تێدا پەروەردە بێت، ئەم گیانی خۆپەرستی و چاوچنۆکییە پەک دەخات و ناهێڵێت خۆبەکەمزانی ببێتە کەلتور. بەڵام بنەبڕی ناکات، چونکە مرۆڤ لەجەوهەریدا بەڕێژەیەک خۆپەرست و بەرژەوەندیخوازە. کەلتوری کۆمەڵایەتی کە تیایدا موڵکدارێتی تایبەتی باڵادەست بێت، تۆوی خۆپەرستی ئاودەدات. لەوەها حاڵ و دۆخێکدا کە سیستمی چاودێری بۆ دادپەروەری نەبوو، گرنگترین ئەرکی هەر مرۆڤێکی هۆشیارە تێبفکرێ و تێبکۆشێ بۆ بەهای دادپەروەریی کە لە ڕۆحی تاکی کۆمەڵگەدا دروست ببێت، بۆئەوەی تاک و کۆمەڵگە لە پێناوی بەرژەوەندی تایبەتدا مل بۆ واقع کەچ نەکاو لەسەر خراپەکاری و ستەمکاری دەسەڵاتداران ڕانەیەت و بە هەندێک دیاردەی زیانبەخش ئاڵودە نەبێت و دەردەکە نەبێتە شوناسی کەلتوری باوی کۆمەڵگە.
دوور لە ستەمکارییە زەقەکانی دەسەڵاتداران، با لە پەنجەرەیەکی دیکەوە بڕوانین و هەندێک خراپەکاری و ستەمکاری بخەینە بەرباس کە زۆر و بەربڵاون و نابیندرێن. بۆ نموونە جنێودان یەکێکە لە خراپترین ڕەفتارەکانی مرۆڤ، بەداخەوە ئەوە ئێستا بووەتە کەلتوری باو، کە تاک دەتوانێت خۆی لێ بەدووربگرێت. لە هەندێک دۆخدا مرۆڤ جنێودان وەک هۆیەک بۆ خۆخاڵیکردنەوە لە نیگەرانی و دڵتەنگی بەکاردەهێنێت. ئەمە دۆخێکی سایکۆلۆژییە، بەڵام هاوکات کەلتوری و پەروەردەییشە چونکە شوێنی ژیان و کار زەمینەی بۆ دەڕەخسێنن. جنێودان هێندەی لەناو شوێنکەوتوانی ئایین و مەلاکان و پیشەوەران و جوتیاران دیاردەیە هێندە لەناو زانکۆکان و خوێندنگاکان نابیسترێت. هێندەی لە سۆشیال میدیا بەربڵاوە، هێندە لەسەرشاشەی تیڤییەکان و ستۆدیۆکان نابینرێن و نابیسترێن. ئێمە قسە لە جۆر و ئاستی نزمی جنێوەکان ناکەین چونکە هەندێک جنێو هەن پەنهانن و ڕووی ئاوەدانیان نییە.
جنێودانیش وەک گریان حاڵەتێکی سایکۆلۆژییە و لەکاتی هەڵچووندا مرۆڤەکان لە ڕق و نیگەرانی خاڵی دەکاتەوە. ڕەنگە جیاوازییەکە لەنێوان گریان جنێودان ئەوە بێت مرۆڤ ناتوانێت بەردەوام بگری بەڵام دەتوانێت بەردەوام جنێو بدات. جیاوازییەکی دیکە ئەوەیە مرۆڤ بەگریان پاک دەبێتەوە بەڵام بە جنێودان زیاتر ژاراوی دەبێت و ئاڵودەی ڕەفتاری خراپ دەبێت. جێگەی مەترسییە جنێودان ببێتە شوناس و کەسێک یان کۆمەڵگەیەکی پێ بناسرێتەوە.
مرۆڤی هۆشیار دەتوانێت ڕۆڵی گرنگ لە دروستکردنی کەلتوردا بگێڕێت و زمانێکی دیکە بۆ نیگەرانی و بەرەنگاری بدۆزێتەوە، بێگومان زمانی ڕەخنە ئەڵتەرناتیڤێکی باشە، بەتایبەتیش کاتێک ڕەخنە وەک هۆیەک بۆ پەروەردە و کەلتورسازی بەکاردەهێنرێت. مرۆڤ ئەگەر خاوەن مەعریفەیەکی زۆریش نەبێت هەر کەمێک تێڕامانی بەسە بۆئەوەی جنێودان نەخاتە بری ڕەخنەگرتن و یەک ئەرکیان پێ نەسپێرێت، چونکە هیچیان ناتوانن کاری ئەوی دیکەیان بکەن. ئەوەش هێندە تێفکرینی ناوێ کە بزانین ڕەخنەگرتن نەک عەیب و نەنگی نییە، بگرە پڕۆسەیەکی تەواوکاری پێشخستن و باشترکردن و سەرخستنی هەر پرۆژەیەکە، ئایدیایەکە یان هەر کارێک کە مرۆڤ بە نیازیەتی یان تەواوی کردووە! بۆیە گرنگە “ڕەخنە” لە جنێو دابماڵدرێت چونکە زمان و بەرگی یەکدیان بۆ نابێ.
بۆئەوەی ڕەخنە لە بێزرانەوە ببێتە داواکراو، دەبێت بە زمان و دەنگ و ڕەنگی خۆیەوە ئامادەبێت و وەک بەهایەکی ڕۆشنبیریی و کۆمەڵایەتیی ڕەخنەگرتن ببێتە کەلتور و بابەتی ڕەخنەلێگیراو وەک گرنگی پێدراو و ڕێزلێگیراو ببینرێت نەک بەپێچەوانەوە. هەڵبەت بەتەنیشت ئەم دیدەوە هونەری گفتوگۆکردن بەهای ڕەخنە لە جنێودان و شکاندن و ڕیسواکردن جیادەکاتەوە.
بەڵگەنەویستە، کە ستەمکاریی بەجنێودان ناڕووخێت، بەڵکو بەهێزتری دەکات، چونکە لە بنەڕەتدا کەلتوری ڕیسواکردن و زمانپیسی کەلتوری دەسەڵاتدارانن شۆڕیان کردۆتەوە بۆ ناو خەڵک. جەنگ و شەڕ و ململانێی سیاسییەکان هەر کوشتار و ماڵوێرانی و ڕووخاندنی دامەزراوەکانی لێناکەوێتەوە، بەڵکو هەڵسوکەوتی تاک و کەلتوری کۆمەڵگەش دەگۆڕێت و دابونەریتی دزێو دادەهێنێت. مرۆڤە بریندارەکان هەر ئەوانە نین کە لە بەرەکانی جەنگدا بە گوللـە برینداربوون، بەڵکو برینداری دیکەش زۆرن کە لە ڕێگەی تیڤییەکان و یوتوب و بڵندگۆکانەوە برینداردەکرێن و کەرامەت و شکۆیان دەشکێندرێت. کۆمەڵگە چ لەناو گەرمەی جەنگ و چ لە دوای جەنگ ئاڵودەی دەردی جۆراوجۆرە.
بەداوەوەکردن
ڕژێمە فاشیستەکان و دەسەڵاتدارە ناوخۆییەکان لە بەرانبەر کۆمەڵگە دەستەوسان نین، بەڵکو دەیان داو و پلانیان هەیە بۆ دەستەمۆکردن و سەرکوێرکردن و ملکەچکردنی خەڵک. داوەکانیان گشتگیرن و بە کۆمەڵ خەڵک تووشی بەدڕەفتاری دەکەن، هەتا ئەو ئاستەی کە تاکەکان و کۆمەڵگەکان هوشیارن بەرانبەر ئەو بەدڕەفتارییەی تێوەی گلاون کەچی هەر درێژەی پێدەدەن و لەگەڵیدا دەژین، بۆ نموونە دیاردەی جاشایەتی. ئەمە وەنەبێت نموونەی تاقانەی ئەو تێوەگلانە بێت نەخێر هەندێک ئاڵوودەبوون هەن مرۆڤ و کۆمەڵگەکان تووشی دەبن لەگەڵ ئەوەی کە دەشزانن پەسەند نین، بەڵام هەر لەگەڵیدا دەژین و هەڵدەکەن. ئەوەش ئەو دەردە کوشندەیەیە کە کۆمەڵگە دادەڕزێنێت و لە پەلوپۆی دەخات چونکە لەگەڵیدا رڕاهاتووە! بۆ نموونە گەندەڵیی لە دەسەڵاتدارانەوە شۆڕکراوەتەوە بۆ ناو کۆمەڵگە، هەمووان دژن و کەسیش خۆی لێنابوێرێت!ڕەنگە هەمووان بە شێوەیەک لە شێوەکان لە گەندەڵییەوە گلابن لەکاتێکدا هەمووان خۆیان بەدژی دەزانن! خۆ ئەگەر تێڕابمێنین بەشی زۆری ناڕەزایەتییەکان لە دژی گەندەڵی نین بەڵکو لە دژی ئەوەن کەمیان لە گەندەڵی بەرکەوتووە و داوای زیاتر دەکەن! ئەمە یەکێکە لەو داوانەی دەسەڵاتداران کە خەڵک بە گشتی پێوەی بووە.
دەسەڵاتداران لە دوای ڕاپەڕینەوە خاوەنی خەرمانێک بەڵێنی جێبەجێنەکراون، بۆیە هیچ متمانەیەکیان لەکن خەڵک نەماوە، بەڵام ئەوان لەبری ئەوەی بەخۆیاندا بچنەوە و متمانەی خەڵک بەدەست بهێننەوە هاتوون درۆشیان وەک دیاردەیەکی مەترسیدار شۆڕکردۆتەوە بۆ ناو خەڵک. بۆیە درۆکردنیش نموونەیەکی دیکەی ئەم باسەمانە. گوایە هەمووان دژی درۆن کەچی کەسیش خۆی لێنابوێرێت! ئێستا دۆخەکە هێندە مەترسیدارە کەسانێک کە ڕاستگۆ و دەستپاکن کەوتونەتە پەراوێزەوە و خەریکە دەبنە خەڵکی نامۆی ناو کۆمەڵگە! تۆ تێڕامێنە، بۆئەوەیڕەوایەتی بە درۆ بدات وڕووسووری بۆ بمێنێتەوە، دەستەواژەی “درۆی سپی” بۆ داتاشیوە و بەهانەی بۆ دۆزیوەتەوە!
تۆ ببینە چۆن ئەوانەی لە کوردستان یان لە هەر کوێیەکی ئەم دونیایە کاتێک زانییان یان بیستیان کەسێک قورئانی سووتاندووە بەخێرایی توڕەبوون (ئەمە ئەگەر پڕۆسەی سوتاندنەکە لە سیاسەت دەرکەین و بپرسین ئایا سوتاندنی قورئان لەبەرچی؟ یان واتای چی؟) باشە ئەگەر سوتاندنی قورئان سوکایەتی پێکردنێتی و بێ بەهاکردنێتی؟ ئەی سوێندخواردنی درۆ بە قورئان چییە؟ باشەڕۆژانە لەناو موسوڵماناندا چەند هەزار جار سوێندی درۆ بە قورئان دەخورێت؟ ئەی ئەوەیان چییە سوتاندن و بێبەها کردن و بێهێزنیشاندانی قورئان نییە؟ ئەو پرسیارە لە هەموویانڕەواترە، ئەی ئەو قورئانانەی لە مزگەوتەکانی کوردستاندا لەکاتی ئەنفالدا سوتێندران؟ یان ئەوەی درۆنی تورکی لە پێنجوێن و عەفرین بە مرۆڤەکانیشەوە سوتاندی؟
یەکێک لە بەها کۆمەڵایەتییەکانی مرۆڤڕاستگۆییە و بێبەهاترین و ناشرینترین کەسایەتی ئەو کەسەیە کە درۆ دەکات، یاخود کەسی درۆزنە. دەیلەوەی ڕۆژانە ئەوەی دەیبیستین لە مزگەوت یاخود لە دانیشتنەکانی پەڕلەمان و کۆشکی دەسەڵاتدارەکان و سەرجادە و شەقامەکان و لەناو خانەوادەکانیش درۆ ئامادەیی زیاترە لەڕاستی! هەموو سیاسیەکان و پەرلەمانتاران و بەرپرسان جا ئیسلامی بن یان عەلمانی، سوێند بە قورئان دەخۆن کە لەگەڵ میللەت و کارەکەیان ڕاستگۆ بن! بەڵامڕاست ناکەن. مەلاکان هەمیشە باسی خێر و چاکە و دەستپاکی دەکەن بەتایبەتیش لە وتاردانیان لە ڕۆژی هەینی، بەڵام هاوکات زۆربەیان، ئەگەر جووتێک پێڵاوی باشیان لەپێ کردبێت بۆ جەماعەت، چەندە گوێیان لە قسەی مەلایە هێندەش دڵیان لای پێڵاوەکانیانە لەبەر ئەوەی دڵنیانین لەوەی لێیان نادزن!
من نە پزیشکی دەروونیم و نە دەروونشیکارم بەڵام کاتێک تێدەفکرم هەست بەمڕەفتار و نەخۆشییە مەترسیدارەی کۆمەڵگە دەکەم و ناتوانم دەستەوسان دانیشم بەتایبەتیش کاتێک دەبینم بووەتە کەلتور! بەشبەحاڵی خۆم ئەمە بە بەرنامە بۆ داڕێژراو دەزانم، چونکە وای بۆ دەچم نەیارانی کورد لەوە تێگەیشتوون کە کورد بە کۆمەڵکوژی لەناوناچێت و دەزانن ئەوەی کە هەتا ئێستا وەک نەتەوە هێشتوویەتیەوە شوناسە کەلتورییەکەیەتی، بۆیە تێدەکۆشن شوناسی لێ وەربگرنەوە، یان قێزەونی بکەن و لەپێشچاوی خەڵکی کوردی بخەن. نەیارانی کورد باش دەزاننڕۆحی نەتەوە شوناسە کەلتورییەکەیەتی بۆیە دەیانەوێ بەشێواندن و سڕینەوەی شوناس ڕۆحی بکێشن. تۆ بڕوانە بەبێ هیچ یاسایەکی نووسراو و بەبێ هیچ بانگەوازێک خەڵک کۆدەبنەوە و لەسەر هەندێک شتی خراپ ڕێک دەکەون، نەک هەرئەوەندە بگرە بەرگری لێدەکەن و بە مافی خۆشیانی دەزانن. من لێرە بەدواوە زیاد لە ئارگۆمێنتێک دەخەمەڕوو.
داواکردنی پشووی زۆر و خۆدزینەوە لە کار بە تایبەتیش لە دامودەزگاکانی حکومەتدا بووەتە سیمای زەقی کۆمەڵگە. ئەوە لەخۆڕا نیە بەڵکو حکومەت ئاوەکەی ڕشتووە و خەڵکیش پێیان لێخشاندووە. هەمووان چاوەڕوانی بەهانەن بۆ پشووی زیاتر، بەتایبەتی لەکاتی بەفری زۆر و جەژن و بۆنە ئایینی و نیشتیمانییەکاندا! ئەمە ئەگەرچی هەمووان دەزانن کەوا زیانی زۆرە، بەڵام چونکە سوودی تایبەتی تێدایە چاوپۆشی لێ دەکەن! ئەمە نەک لە کوردستاندا کە مووچەی تێدا نادرێت، کوردی باشور لە هەموو دونیادا هەوڵدەدات خۆی لە کار بدزێتەوە، بەڵام ئەوەیڕێگەی لێگرتووە قانونە. ئێ باشە وڵاتی وێرانبووی دوای جەنگ پێویستی بە پشووی زۆرە یان کاری زیاتر؟ هیچ گومانی تێدا نییە لە کوردستاندا ئەمە جەهلی سیاسیەکانە بەڵام پاساو نییە بۆ ئەوەی تاک دڵسۆزانە کار نەکات. کۆمەڵگەی سەرکەوتوو ئەوەیە تاکەکانی نەپرسن چیان لە نیشتیمان دەستکەوتووە بەڵکو لە خۆیان بپرسن چیمان بۆ نیشتیمان کردووە ؟ ئەگەر مرۆڤ بەرپرسیارانە ژیا هەرگیز حکومەت و بەرپرسی نابەرپرسیار دروست نابن.
واهەست دەکەم بەبەرنامە باشور بەئامانج گیراوە هەتاڕۆحی بکوژن،ڕۆحی نەتەوەش شوناسە کەلتورەکەیەتی کە ئێستا بە چنگ و نینۆک هەوڵدەدەن لەنێوی بەرن. واچاکە تۆهیچت لەدەست نەێت هێندەت لەدەست دێت نەبیت بە بغویەک بە ماشێنی سڕینەوەی شوناسی کەلتوریتەوە.



