بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، بڕیارێکی رەگەزپەرستانەی نەتەوەیی سەردەستە، ئامانج لەو بڕیارەش بە ئاشکرا داگیرکردنەوەی کوردستانە، واتە نائومێدکردنی ئەزموونی هەرێمی کوردستانە و بەغدا دەیەوێت کۆتایی بە سەردەمی سازش و ڕێککەوتنی سیاسی بهێنێت و فەرمانەکانی عەلی زەیدی بکات بە بڕیارێکی ڕەها. دادگای فیدرالی دەسەڵاتی دەروازەی سنوورەکان و گومرگەکانی لە هەرێم سەندەوە و بەتەواوی خستییە دەستی ناوەند، هاوکات سنووری هەرێمیشی بۆ ساڵی ٢٠٠٣ گەڕاندەوە و هەموو ڕاستییەکی مەیدانیی دوای ئەو مێژووەی هەڵوەشاندەوە، ئەمە تەنیا بڕیارێکی دادوەری نییە، بەڵکوو تەواوکردنی بازنەی گەمارۆیەکی کوشندەی دارایی و یاساییە دژی قەوارەی هەرێمی کوردستان.
من دەمەوێت پرسیارێک لە بەشێک لە عێراقییەکان بکەم، کە وا دیارە لە ڕواڵەتدا سادە بێت، بەڵام دژایەتییەکی گەورە ئاشکرا دەکات: بۆچی پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن، کە کوردستان بگەڕێتەوە و ببیتە بەشێک لە عێراق، بۆچی ناڕەحەت دەبن کاتێک ناوی بە هەرێمی کوردستان دەبەن، بەڵام خاکی ئێمەیان لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا دەوێت، ئەی کەواتە بۆچی هەستیارن بە ناسنامەی نەتەوەیی کورد و ناوە مێژووییەکەی؟
پرسیارەکەم لەوەدایە، ئایا ئێوە کوردستانتان وەکوو کۆمپانیایەک دەوێت، یان خاکێکتان دەوێت بە ناوی “باکوری عێراق” و کەسانێک نیشتەجێی بکەن، کە بە مەرجێک داوای دانپێدانان بە تایبەتمەندی نەتەوەیی خۆیان نەکەن، با جیاوازییەکە ڕوونتر بکەمەوە: کاتێک کەسێک بۆ وەسفکردنی شوێنێکی جوگرافی دەڵێت “باکوری عێراق”، ئێمە هیچ کێشەیەکمان نییە. بەڵام کاتێک پێداگری لەسەر بەکارهێنانی ئەم دەربڕینە دەکات، چونکە ڕەتی دەکاتەوە دان بە ناوی کوردستاندا بنێت، ئیدیکە مەسەلەکە جوگرافی نییە. مەسەلەکە بۆتە هەڵوێستێک لەسەر ناسنامەی نەتەوەێک.
سەیرتر ئەوەیە، دەستووری عێراق خۆی پرسی دانپێدانانی هەرێمی کوردستان و ناوەکەی یەکلایی کردووەتەوە. ماددەی (٣) دان بەوەدا دەنێت، کە عێراق وڵاتێکی فرەنەتەوەییە، ماددەی (٤) زمانی کوردی و عەرەبی دەکاتە زمانی فەرمی عێراق، مادوەی (١١٧)ش بە ڕاشکاوی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتە هەبووەکانی وەکوو هەرێمێکی فیدراڵی دەناسێت.
ئینجا ئەگەر بە وردی سەرنج بدەین ئەو دەستوورەی کە ئەوان پشتی پێ دەبەستن بۆ بەرگریکردن لە یەکگرتوویی عێراق، هەمان ئەو دەستوورەیە، کە دان بە هەرێمی کوردستاندا دەنێت. ئیدیکە چۆن داوا دەکەن ڕێز لە دەستوور بگرین، کاتێک باس لە یەکڕیزی عێراق دەکات، ئینجا چاوپۆشی لەوە بکەین، کە لەبارەی بوونی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان لە دەروازە سنوورییەکان و گومرگەکانەوە دەیڵێت؟
ئایا دەستوور پابەندە بە مافەکانی هەرێمی کوردستانەوە، کاتێک باس لە یەکڕیزی دەوڵەت دەکرێت، بۆ هەندێکیش ئیختیارییە کاتێک باس لە مافەکانی کورد دەکرێت. لێرەدا، دەمەوێت پرسیارێکی شەرمەزارتر بکەم: بۆچی هەندێکیان ئەوەندە لە ناسنامەی کوردستان دەترسن؟
ئایا داننان بە ناوی کوردستان لە مافی عەرەبی عێراقی کەم دەکاتەوە؟ ئایا کورد بە زمانەکەی قسە دەکات هەڕەشەیە لە زمانی عەرەبی و ئاساییشی نەتەوەیی عەرەب؟
ئایا بوونی دامودەزگە کوردییەکان مەرجە بە مانای هەڵوەشاندنەوەی دامودەزگاکانی دەوڵەتی فیدراڵی بێت؟ یان کێشەی ڕاستەقینە ئەوەیە، کە هەندێک کەس دەتوانن کورد وەکوو تاک قبوڵ بکەن، بەڵام بە ئەستەم وەکوو نەتەوەێکی خاوەن ناسنامەی نەتەوەیی و دامەزراوەی دانپێدانراو قبوڵیان بکەن؟ جیاوازییەکی زۆر هەیە لەنێوان ئەوەی بە کورد بڵێیت: ئێوە هاووڵاتی یەکسانن لەگەڵ ئێمە لە دەوڵەتدا، و پێیان بڵێن: ئێوە هاووڵاتی یەکسانن بەو مەرجەی کە واز لە هەموو ئەو مافانە بهێنن، کە کوردستان جیاواز دەکات لە باقی عێراق. یەکەمیان هاوبەشییە، دووەمیان داواکاری هەڵوەشاندنەوەیە لەژێر ناوی یەکێتیی عیراق.
بۆ ئەوەی قسەکانم بە هەڵە تێنەگەن، داننان بە کوردستان و ناسنامە نەتەوەییەکەی بە مانای نکۆڵیکردن لە مافی عەرەب و تورکمان و ئاشووری و کلدان و دانیشتووانی دیکەی ناوچەکە نییە. ئەمە بەو مانایە نییە، کە هەموو کوردێک لە سەرووی ڕەخنەکانەوەیە، یان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حیزبەکانی بێ هەڵەن. هاووڵاتیان مافی خۆیانە ڕەخنە لە گەندەڵی و و نادادپەروەری و خزمایەتی و حوکمڕانی حیزبی لە کوردستان بگرن، هەروەکوو چۆن ئێمە ڕەخنەیان لێ دەگرین. هەموو هاووڵاتیەکی عێراقی مافی ئەوەی هەیە بەهۆی نەتەوەیی خۆیەوە بەبێ جیاوازی لە مافە دەستوورییەکانی خۆی بەهرەمەند بێت.
بەڵام پرسیارێک هەیە: گەندەڵی حیزبێکی سیاسی چ پەیوەندییەکی بە ناوی تەواوی نەتەوەێکەوە هەیە؟ ئەگەر حکوومەتێک لە بەغدا گەندەڵ بێت، ئایا مافی ئەوەمان دەبێت نکۆڵی لە عێراق و ناسنامەکەی بکەین؟ ئەگەر وەڵامەکە نەخێر بێت، بۆچی ئینکاری مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بەهۆی ناکۆکییان لەگەڵ سەرکردەکانی دەبێتە جێگەی قبوڵکراو بۆ هەندێک، تێکەڵکردنی کوردستان لەگەڵ حکوومەت و حیزبەکانی یەکێکە لە هەڵە گەورەکانی دیبەیت لەسەر عێراق، حکوومەتەکان دەگۆڕدرێن و حیزبەکان دێن و دەڕۆن، بەڵام ژیانی نەتەوەکان لەو ڕۆژەوە دەست پێ ناکات، کە حیزبێک دەسەڵات دەگرێتە دەست، هەروەها ناسنامەکەیان لەو ڕۆژە کۆتایی نایەت، کە حیزبێک دەکەوێت.
من دەمەوێت یەک پارادۆکسی کۆتایی لەبەرچاو بگرین. کەسانێک هەن بە کورد دەڵێن: بیر لە جیابوونەوە مەکەنەوە، چونکە عێراق زێدی ئێوەیە. کاتێک کورد دەڵێت: باشە ئێمە بەشێکین لە عێراقی فیدراڵ، بەڵام دەمانەوێت ڕێز لە کوردستانیبوونی خۆمان و ناسنامەکەی و دەسەڵاتەکانمان بگرین، وەڵامیان دەدەنەوە: کوردستان نییە، ئێوە تەنیا باکووری عێراقن. چی لە مانای هاوبەشی دەمێنێتەوە؟ بەڕای ئێوە کورد مافی جیابوونەوەی نییە، هەروەها مافی ئەوەی نییە شانازی بە تایبەتمەندی نەتەوەیی خۆیەوە بکات لەناو دەوڵەتدا، ئەوا ئێوە چ فۆڕمێکتان دەوێت بۆ بوونی؟
ئایا دەتانەوێت ئێمە هاوبەش بین لە نیشتمانێکدا، یان تەنیا دانیشتووی خاکێک بین و پڕۆسەیەک بین بۆ ئاسمیلاسیۆن و توانەوە؟ ئیدی پێویست ناکات ئینکاری هەرێمی کوردستان بکەن بۆ ئەوەی عێراقیان خۆش بوێت. پێویست ناکات ناسنامەی کوردستانی لاواز بکەن بۆ ئەوەی ناسنامەی عێراقی بەهێزتر بکەن. عێراقی فیدراڵ، وەکوو دەستوورەکەی باسی دەکات، دەوڵەتێک نییە، کە یەکگرتوویییەکەی لەسەر بنەمای سڕینەوەی ناکۆکی نێوان نەتەوەی کورد و مافە دەستوورییەکانی بێت، بەڵکوو دەوڵەتێکە، کە بڕیارە ئەو ناکۆکییانە لەخۆ بگرێت و مافی هەمووان بپارێزێت. ڕێزگرتن لە ناو و ناسنامە و مافە دەستوورییەکان، ئەگەر دەتانەوێت کوردستان بەشێک بێت لە عێراق، بۆچی ئەو بەشە ئێوە بێزار دەکات، کە مافەکانی هاووڵاتیانی کوردستان دەگرێتەوە؟
ڕەنگە کێشەکە ترسی بەغدا نەبێت لە جیابوونەوەی کوردستان، بەڵکوو سەختی قبوڵکردنی ئەوەیە، کە هاوبەشی ژیانت نابێت کۆپی تۆ بێت، ناتوانیت داوای ئەوە بکەیت، کە نەتەوەێک لەگەڵت بمێنێتەوە و دواتر خۆبەگەورە زانینی خۆی بە هەڕەشەیەک بۆ سەرت بزانێت، هەرکەسێک یەکڕیزی ڕاستەقینەی دەوێت، سەرەتا دەبێت فێرببێت چۆن ڕێز لە جیاوازییەکان بگرێت. وڵاتێک، کە بەشێک لە خەڵکەکەی لە ناوی یەکێک لە پێکهاتەکانی دەترسن، پێویستی بە پێداچوونەوە بە چەمکی هاوبەشی هەیە، نەوەکوو گۆڕینی ناوی ئەو پێکهاتەیە. کە بەر لە دروستبوونی قەوارەی عیراق ناوی کوردستان بووە.


