ئەحمەد فاتح محەمەد
دادگای باڵای فیدراڵی لە کاتی لێکدانەوە و ڕاڤەکردنی بڕیاری ژمارە (268)ی سەرۆکی وەزیرانی عێراق، دەڵێت سەرۆک وەزیران لە ڕوانگەی ئەرکە بنەڕەتییەکانی خۆیەوە، ڕۆڵی چاودێریی خۆی پیادە کردووە. لێ کێشەی سەرەکی لێرهدا لە خودی بڕیارەکەدایە هەم لەوەی کە بڕیاری لەبارەوە داوە و هەم لەوەشدا کە فەرامۆشی کردووە و لێی نەکۆڵیوەتەوە. بڕیارەکە جەخت لە دەسەڵاتی تایبەت و ڕەهای فیدراڵی لە پاراستن و بەڕێوەبردنی سنوورەکاندا دەکاتەوە، ئەمەش هەمان ئەو بنەمایەیە ماددەکانی109 و 110ی دەستوور چەسپاندوویانە. پاشان ڕایدەگەیەنێت هەماهەنگی لە پرسە هاوبەشەکاندا ئامرازێکە بۆ تەواوکاریی دەسەڵات نەک بۆ پەکخستنی، بەڵام جێبەجێکردنی ئەم بنەمایە بەسەر تەواوی ئەو پرسانەدا کە لە داواکارییەکەدا هاتبوون، هاوسەنگ و هاوتا نەبووە.
لە دۆسیەی نەوتدا بڕگەی یەکەمی ماددەی (112)ی دەستوور بە ڕوونی دەڵێت: کێڵگە نەوتییەکان دەبێت بە هاوبەشی لەگەڵ حکوومەتە بەرهەمهێنەرەکاندا (هەرێم و پارێزگاکان) بەڕێوە ببرێن و ئەم هاوبەشییەش بە یاسایەک ڕێک بخرێت. خودی داواکارییەکەش دان بەوەدا دەنێت کە یاسای ڕێکخەر (یاسای نەوت و گاز) تا ئێستا دەرنەچووە. بڕیارەکەی دادگا هەرچەندە ئاماژە بە دەقی ماددەکە دەکات، بەڵام میکانیزمی بەڕێوەبردن تەنها بە پشتبەستن بە بڕیارە دادوەرییەکانی پێشوو دیاری دەکات—لەوانەش بڕیاری ساڵی 2022 کە یاسای نەوت و گازی هەرێم (ژمارە 22ی ساڵی 2007)ی هەڵوەشاندەوە—بێ ئەوەی ئاماژە بە هیچ یاسایەکی فیدراڵیی جێگرەوە بکات. بەم جۆرە بەڕێوەبردن و کارپێکردنی کێڵگەکان دەخرێتە سەر شانی بڕیارێکی دادوەری، نەک لە ڕێگەی ئەو یاسادانانەی کە دەستوور وەک مەرجی بنەڕەتی دایناوە.
تەنها خستنەڕووی ئەوەش بەس نییە کە نەوت بەپێی ماددەی (111) موڵکی گشتیی هەموو گەلی عێراقە، چونکە چەمکی خاوەندارێتی و چەمکی بەڕێوەبردن لە دەستووردا دوو بابەتی جیاوازن، و بەڕێوەبردنی هاوبەشیش پێویستی بە چوارچێوەیەکی یاساییە تا سنوورەکانی ئەو هاوبەشییە دیاری بکات. سەبارەت بە پرسی گومرگ، بڕیارەکە پێی وایە نەبوونی یاسایەکی تایبەت بە بەڕێوەبردن، دەسەڵاتی تایبەتی فیدراڵی پەک ناخات و یاسا بەرکارەکانیش سڕ ناکات. هەرچەندە ئەم بنەمایە ڕوویەکی بەجێی هەیە، بەڵام پرسیارێکی بنەڕەتی دەورووژێنێت کە بڕیارەکە بێ وەڵام جێی هێشتووە: بۆچی لە دۆسیەی گومرگدا تەنها هەماهەنگی بە بەس دەزانرێت بێ ئەوەی میکانیزمەکەی دیاری بکرێت، بهڵام لە دۆسیەی نەوتدا دەرکردنی یاسا دەکرێتە مەرج؟ ئەم دووفاقییە پێویستی بە پاساو و هۆکارهێنانەوەیەکی دەستووریی ڕوون هەیە.
لە پرسی داهاتە نانەوتییەکاندا بڕیارەکە بە پاساوی پاراستنی یەکپارچەیی سیستەمی دارایی و گومرگی، سەپاندن و کۆکردنەوەی باج و ڕسوومات لە بازنەی هەماهەنگی دەردەهێنێت و جەخت دەکاتەوە لەوەی دەبێت بەپێی یاسا بێت. بەڵام ماددەی (28)ی دەستوور بە هیچ جۆرێک یاساکەی تەنها لە چوارچێوەی یاسای فیدراڵی دا قەتیس نەکردووە، لە کاتێکدا ماددەی (121) مافی یاسادانانی بۆ هەرێم لەو بوارانەدا دەستەبەر کردووە کە تایبەت نین بە دەسەڵاتی فیدراڵییەوە. سەرەڕای ئەمەش بڕیارەکە بە تەواوی پرەنسیپی لەپێشینەیی (ئەولەویەت)ی ماددەی (115) و پەیوەندییەکەی بە ماددەی (121)ەوە فەرامۆش کردووە، لە کاتێکدا ئەوە تاقە ئامرازی دەستوورییە بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکی لەو پرسانەی لە سنووری دەسەڵاتی ڕەهای فیدراڵیدا نین.
لە ڕووی سنووری جوگرافی و مەودای شوێنیشەوە، بڕیارەکە پێگەی دەستووریی هەرێم بەپێی ماددەی (117) دووپات دەکاتەوە و چارەنووسی ناوچە جێناکۆکەکانیش لە چوارچێوەی ماددەی (140)دا دەهێڵێتەوە. پاشان ڕایدەگەیەنێت کە کارکردن و هەبوونی کردەیی لە دەرەوەی سنوورە کارگێڕییەکان هیچ شەرعییەت و دەسەڵاتێک دروست ناکات. ماددەی (140) بۆ تەواوکردنی قۆناغەکانی ئاساییکردنەوە، سەرژمێری و ڕاپرسی، دوا وادەی 31ی کانوونی یەکەمی 2007ی دیاری کردبوو، بەڵام ئەم وادەیە بێ جێبەجێکردن تێپەڕی. لە فیقهی یاساییدا ناکۆکی لەسەر کاریگەریی تێپەڕینی ئەم وادەیە هەیە. بەشێکیان پێیان وایە وادەکە مەرجی پابەندبوونە بە پەلەکردن نەک پووچەڵبوونەوە و لەدەستدانی مافەکە. لە ژێر تەمومژی ئەم ناکۆکییەشدا سنوورە کارگێڕییە کاتییەکان لە واقیعدا دەبنە مەرجەعێکی هەمیشەیی، بێ ئەوەی بڕیارەکە ڕوونی بکاتەوە کە چۆن دەکرێت ئەو نەخشەڕێگەیەی دەستوور دیاری کردووە سەرلەنوێ بخرێتەوە گەڕ.
لە ڕووی ڕێکاریشەوە، داواکارییەکە تەنها لەلایەن سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدراڵەوە پێشکەش کراوە و هەرێمی کوردستان تێیدا لایەنێکی بەشدار نەبووە، بهڵام سەرەڕای ئەمەش ڕاڤەکردنەکە بۆ هەموو لایەک بە پابەندکەر دانراوە. هەروەها بڕیارەکە بە زۆرینەی دەنگ و لەگەڵ بوونی بۆچوونی جیاوازی دوو ئەندامی دادگاکە دەرچووە، بێ ئەوەی هۆکار و پاساوەکانی ڕای جیاوازی (مخالف)ی ئەو دوو دادوەرە لەگەڵ دەقی بڕیارەکەدا بڵاو بکرێنەوە. بێگومان ناتوانرێت نکۆڵی لەوە بکرێت کە لایەنگرانی بڕیارەکە لەسەر هەندێک خاڵ پاساوی بەجێیان پێیە: یەکپارچەیی سیاسەتی دارایی و گومرگی پێویستییەکی حاشاهەڵنەگرە بۆ قەوارەی دەوڵەت، لەسەر دەسەڵاتی تایبەتی فیدراڵیش بۆ پاراستنی سنوورەکان هیچ ناکۆکییەک لە ئارادا نییە. بەڵام نابێت لەبیر بکرێت کە دەستوور یەکەیەکی دانەبڕاو و تەواوکەری یەکترە. ئەگەر ماددەی (110) بە دابڕاوی لە ماددەکانی (112، 115، 117، 121 و 140) بخوێنرێتەوە، ئەوا لێکدانەوەی دەستووری لە ڕێکخستنی هاوبەشی-یەوە بەرتەسک دەبێتەوە بۆ کەمکردنەوە و سڕینەوەی دەسەڵاتی هەرێم. ئەم مشتومڕەش بە بنبەست دەمێنێتەوە، مەگەر لە ڕێگەی دەرکردنی یاسایەکی هاوچەرخ کە بەڕێوەبردنی کەرتی نەوت و گاز بەپێی ماددەی (112) ڕێک بخات، هاوکات لەگەڵ خستنەڕووی بنەمایەکی دەستووریی ڕوون بۆ شێوازی هەماهەنگی لە دۆسیەی گومرگ و داهاتەکاندا و بڵاوکردنەوەی تەواوی پاساوەکانی بۆچوونی جیاوازی دادوەرەکان.


